دادگای باڵای فیدراڵی ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی شوبات وەک وادەی تانەدان دیاریکرد کە دژی دەنگدان لەسەر سێ یاساکە پێشکەشکرابوون. لە بەیاننامەیەکی دادگاکەدا، ئەوە خراوەتەڕوو ڕۆژی 11ی شوباتی وەک وادەی تانەدان داناوە کە لە دژی دەنگدان لەسەر سێ یاسای (لێبوردنی گشتی، باری کەسی و گەڕانەوەی خانووبەرە) پێشکەشکراون. پێشتر دادگای باڵای فیدراڵی فەرمانی دادوەری بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی یاساکانی لێبوردنی گشتی و باری کەسی و گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی دەرکردبوو. پێشتر ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەڵێت یاساکانی لێبوردنی گشتی، باری کەسی و گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان تائێستا لە ڕۆژنامەی وەقائیع بڵاونەکراونەتەوە و نەکەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەهۆیەش ناکرێت فەرمانی سالارییان بۆ ڕاگرتنی کارپێکردنیان دەربچێت، بەڵام دادگای فیدڕاڵی جەخت دەکاتەوە کە بڕیارەکەی دەستوورییە و دەبێت هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەند بن. ڕۆژنامەی شەرقلئەوست لە سەرچاوەیەکی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی شەوی ڕابردوو لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت بەمەبەستی دەرفەتدان بە دادگای فیدڕاڵی دواخراوە تا چارەسەرێک بۆ ئەو فەرمانە سالارییەی بدۆزێتەوە کە بۆ ڕاگرتنی کارکردن بە سێ یاسا دەریکردووە. بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئێستا لایەنەکان کار بۆ چارەسەری ئەو ناکۆکییە کەم وێنەیە دەکەن کە بەهۆی سێ یاساکە لەنێوان ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و دادگای فیدڕاڵی ڕوویداوە، لایەنەکان بەگشتی و چوارچێوەی هەماهەنگیش بەتایبەتی دەیانەوێت چارەسەرێکی خێرا بۆ ئەو ناکۆکییە بدۆزنەوە کە بۆ خوێندنەوەی دەستوور دروستبووە.

کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئێران بڵاویکردەوە ڕۆژی شەممە ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی لە تاران لەگەڵ سەرکردەی کاتی حەماس خەلیل ئەلحەیا و دوو سەرکردەی دیکەی حەماسدا کۆبووەتەوە. خامنەئی لەو کۆبوونەوەیەدا بە بەرپرسانی حەماسی ڕاگەیاند " ئێوە شکستتان بە ڕژێمی زایۆنی هێنا. ڕێگەتان نەدا هیچ کام لە ئامانجەکانییان بە دەستبهێنن." کەناڵەکە وتی سەرکردە فەلەستینییەکان لە تاران بوون بە مەبەستی پیرۆزباییکردن لە خامنەئی بە بۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ئیسلامی 1979 ی ئێرانەوە. سوپاسی پشتیوانییەکانی ئێرانییان کردووە. شاندەکەی حەماس کە سەرۆکی ئەنجومەنی حەماس موحەمەد دەروێش و بەرپرسی باڵای حەماس نزار عەوەزوڵاشیان تێدا بووە، ڕاپۆرتێکییان داوە بە خامنەئی سەبارەت بە دۆخی ئێستای غەززە و کەناری ڕۆژئاوا. تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەلحەیا بە خامنەیی وتووە "ئەمڕۆ بە شانازییەوە هاتووین بۆ بینینیت." هەروەها خامنەیی لەو کۆبوونەوەیەدا وتویەتی هەڕەشەکانی ئەمەریکا لە دژی ئێران هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بیرکردنەوەی خەڵکەکەمان نییە." ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە پرسی فەلەستین بۆ ئێران، پرسێکی سەرەکییە، سەرکەوتنی فەلەستینیش بۆ ئەوان پرسێکی دیاریکراوە، هەروەها لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ ڕێبەرانی بزووتنەوەی حەماس وتی: بە فەزڵی خودا ڕۆژێک دێت کە هەمووتان بە شانازییەوە پرسی قودستان بۆ جیهانی ئیسلامی یەکلایی کردبێتەوە و بە دڵنیاییەوە ئەو ڕۆژە ڕوودەدات.

ناوەندى ڕاگەیاندنى قەسەدە ڕایگەیاند لە ٢٤ کاتژمێری کۆتایی بەرخۆدانی هێزەکانییاندا، ١٤ چەتە کوژراون، ٣ سەربازی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و ١٦ چەتەی دیکەش بریندار بوون، هەروەها تۆتۆمبیلێکی داگیرکەرانیش تێکشکێندرا. لەڕاگەیەندراوێکیاندا هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) ئاماری شەڕ و چالاکییەکانی ٢٤ کاتژمێری کۆتایی لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەی قەسەدەدا ئەم زانیارییانە بڵاوکراوەتەوە: "لە چەندین بەرەوە چالاکییە ڕەواکانی هێزەکانمان لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەردەوامە. دوێنێ لە بەرەی دێر حافیر چەتەکەک کوژرا. یەکنەکانی شەهید هاروونیش گورزی لە ئۆتۆمبیلێکی گوێزەرەی چەتەکان وەشاند و بەتەواوەتی تیكشێندرا. شەڕڤانانمان بەرپەرچی هێرشێکی چەتەکانیان دایەوە بۆسەر خاڵێکی هێزەکانمان لە گوندەواری باکووری بەنداوەی تشرین و شەڕ و پێکدادان درووست بوو. لە ئەنجامی شەڕەکەدا ٣ چەتە کوژران و ٥ی دیکەش بریندا بوو.  جموجۆڵی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە ئاسمانی هەرێمەکەدا بەردەوام بوو. هاوکات لە دەوروبەری بەنداوی تشرین بە قورسی بە تۆپهاوێژ تۆپباران کرا. لە ئەنجامدا زیانی ماددی بەر ماڵ و موڵکی خەڵکی هەرێمەکە کەوت. هێزەکانمان چالاکی کاریگەرییان لە دژی بارەگای داگیرکەران لە گردی قەرەقۆزاقی باشووری کۆبانێ ئەنجامدا. لە ئەنجامدا تەقینەوەیەکی گەورە لە بارەگاکەدا درووستبوو کە نزیکەی ٤ کاتژمێر بەردەوام بوو. هاوکات یەکینەی شەهید هاروون لە هەمان گرددا گورزی لە هێزەکانی سوپای تورکی داگیرکەر وەشاند و ژمارەیەک سەرباز بریندار بوون. هێزەکانمان خێمەیەکی داگیرکەرییان لەنابرد. هەروەها لە چوارچێوەی چالاکییە ڕەواکاندا لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانیدا، یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) چالاکی کاریگەرییان لە دژی بارەگای سوپای تورکی داگیرکەر لە گردی قەرەقۆزاق ئەنجامدا. لە چالاکییەکەدا خاڵێکی سەربازی خاپور کرا، ١٠ چەتەیش کوژران و ١٤ چەتە برینداربوون کە ٣ دانەیان سەربازی تورکی داگیرکەر بوون. فرۆکەی جەنگی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر گوندی تینی بۆمباران کرد. لە ئەنجامدا زیانی ماددی لە ماڵ و موڵکی مەدەنییەکان کەوتەوە. لە هەمانکاتدا گوندەکانی تینی، جادا، بیر حەسۆ، دیکان، خەسەق، مەلحا، پری قەرەقۆزاق و گرێ شێڤیی لە باشووری کۆبانێ بە هاوەن، موشەک، تانک بۆمباران کران. بە هۆکاری تۆپبارانەکە زیانی ماددی کەوتەوە. فرۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دوێنێ کاتژمێر ٨:٠٠ دوو جار شارۆچکەی شیوخی بۆمباران کرد و زیانی ماددی لە ماڵ و موڵکی دانیشتووانی کەوتەوە. دوێنێ  کاتژمێر ١٦:٠٠ هێزەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە بارەگای خۆی لە گوندی هۆشەری، بە موشەک گوندی تۆرمانی تۆپباران کرد. لە ئەنجامدا زیانی ماددی لە ماڵ و موڵکی دانیشتووانی کەوتەوە. فرۆکەی بێفرۆکەوانیش لە هەرێمەکە دەگەڕا. ئاماری دوێنێی زیانەکانی چەتە ە داگیرکەران بەمجۆرەیە: ١٤ چەتە کوژرا، ٣ سەربازی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و ١٦ چەتە بریندار بوون. هەروەها ئۆتۆمبێڵێکی گواستنەوەی سەربازی تێک شکێنرا.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئەنجامی بۆردوومانێکی مانگی رابردووی هێزەکانی بۆ سەر پێگەکانی چەکدارانی داعش راگەیاند، 7 چەکدار کوژراون، سیان بەرپرسن و یەکێکیان والی کەرکوکى داعشە   له‌به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمانده‌یی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، ئەمرۆ شەممە، ڕایدەگەیەنت، لەڕێگەى فڕۆكه‌كانی ئێف 16وە له‌ 31ی 1ی 2025، هێرشێکى ئاسمانیی کرایە سەر مۆڵگەیەکى داعش. به‌ پشتبه‌ستن به‌ زانیاریی هه‌واڵگریی دروستی ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگری سه‌ربازی و له‌ژێر چاودێری و پلاندانان و به‌دواداچوون، حه‌شارگه‌یه‌كی تیرۆریستانی كرده‌ ئامانج له‌ناوچه‌ی زه‌ركه‌ له‌ناو كه‌رتی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی سه‌ڵاحه‌دین و له‌ ناوه‌وه‌یدا مه‌فره‌زێكی تیرۆریستی هه‌بووه‌. بەیاننامەکە ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوە: دوای هه‌وڵی ته‌كنیكی و به‌دواداچوون و به‌كارهێنان و پشكنینی زانیاری، و ئه‌نجامدانی پشكنین له‌سه‌ر ته‌رمی 7 كوژراوه‌كه‌ له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌دا، له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگری سه‌ربازییه‌وه‌، به‌ هه‌ماهه‌نگی ته‌كنیكی و هه‌واڵگری له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌وه‌ پشتڕاستكرایه‌وه‌ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بوو كه‌ سه‌ركرده‌ گرنگه‌ تیرۆریسته‌كان كوژراون. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، ئەوەش دەخاتەڕوو: له‌نێو ئه‌م سه‌ركردانه‌دا بریتین له‌: 1- تیرۆریست ده‌هام محه‌مه‌د علێوی مه‌كه‌نی (ئه‌بو سه‌عید ده‌ندوشی) به‌ناو والی كه‌ركوك، به‌رپرسه‌ له‌ چه‌ندین ئۆپه‌راسیۆنی تیرۆریستی و كوشتنی هاووڵاتیانی بێتاوان و تاوانی تیرۆریستی له‌ دۆڵی شای و چیای حه‌مرین و حه‌ویجه‌ له‌ كه‌رتی كه‌ركوك. 2- تیرۆریست شه‌حازه‌ عه‌لاوی ساڵح مه‌كه‌نی (ئه‌بو عیسا)، به‌ناو به‌رپرسی كه‌رتی حه‌مرینی چه‌ته‌كانی داعش. 3- تیرۆریست به‌ناو ڕه‌بیع به‌توش، یه‌كێك له‌ توخمه‌ تیرۆریستییه‌ گرنگه‌كانی ناو چه‌ته‌كانی داعش.

پارێزگاری ئەنقەرەى وڵاتى تورکیا، واسیپ شاهین بڵاویکردەوە ٣٣ کەس بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختە لە شارەکە گیانیان لەدەستداوە، ٢٠ کەسی دیکە لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری چڕدان. لە وتارێکیدا لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی بنکەیەکی پۆلیس لە ئەنقەرە پێشکەشی کرد، شاهین ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ڕووداوی مردن بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختە لە ئەنقەرە ڕووی لە هەڵکشان کردووە، ئەوەیش نیگەڕانی کردوون، وای لێکردوون لە ئامادەکاری زیاتردابن. شاهین باسی لەوە کرد کە هێزە ئەمنییەکان شەو ڕۆژ بەردەوامن لەسەر هەڵمەتەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو کەسانەی بە بەرهەمهێنانی خواردنەوەی کحولی ساختە ژیانی هاووڵاتیان دەخەنە مەترسییەوە. پارێزگاری ئەنقەرە شاهین ئەوەیشی خستەڕوو کە ٣٣ کەس بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختە لە شارەکە گیانیان لەدەستداوە و، ڕایگەیاند: "لە ئێستادا٢٠ کەس لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری چڕدان. ڕێکاری یاسایی لە بارەی ٣٢ کەس بەهۆی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی خواردنەوەی کحولی ساختە گیراوەتەبەر و، لەوانەیش ١٣ کەسیان دەستبەسەر کراون". هاوکاتداود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبووڵ رایگەیاند، مانگی رابردوو بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە 70 کەس لە پارێزگاکە گیانیان لەدەستداوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، بە مەبەستی رێگریکردن لە بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە کحولی ساختە، تیمەکانیان چەندین هەڵمەتیان ئەنجامداوە. داود گوڵ، 15ی کانوونی دووەمی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، مۆڵەتی فرۆشتنیان لە 63 فرۆشگەی کحول وەرگرتووەتەوە و دایانخستوون. 10ی تشرینی یەکەمی 2024یش پارێزگای ئیستەنبووڵ رایگەیاند، بە مەبەستی رێگری لە بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە کحولی ساختە، بڕیاردرا لە هەموو فرۆشگەکان سیستمی کامێرای چاودێریی 24 کاژێری دابنرێت. بەگوێرەی ئامارێکی پارێزگای ئیستەنبووڵ، پار لەو پارێزگەیە 48 کەس بە هۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە گیانیان لەدەستداوە.

  حەماس ئامادەکاری دەکات بۆ ڕادەستکردنی سێ بارمتەی ئیسرائیلی لە بەرامبەر دیلەکانی فەلەستینی لە دوایین قۆناغی ڕێککەوتنی ئاگربەست کە ئامانج لێی خۆشکردنی ڕێگایە بۆ کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە. بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، لە بیست و یەکهەمین ڕۆژی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی و ئیسرائیل، پێنجەمین پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیل و بارمەتەكان ئەنجامبدەن، بەپێی رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە. بزوتنەوەی  حەماس ڕایگەیاند: ئوهاد بن عامی و ئەلیاهو شەرابی، كە لەڕۆژی (7) تشرینی یەكەمی ساڵی (2023) لە کۆمەڵگەی بیئری بە بارمتەی گرتوون،  لەگەڵ ئور لێڤی کە هەمان ڕۆژ لەکاتی بەشداریکردن لە ڤیستیڤاڵی مۆسیقای نۆڤا بە بارمەتەگیرا، ئەمڕۆ رادەستیان دەكات. نوسینگەی ڕاگەیاندنی حەماس دەڵێت: لەبەرامبەر ئازادكردنی ئەو سێ‌ بارمتەیە، ئیسرائیل (183) زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکات کە (18)کەسیان زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە، (54) کەسیان سزای درێژخایەنیان بەسەردا سەپێنراوە، (111) کەسیشیان لە کەرتی غەززە دەستگیرکراون. دوێنێ‌ هەینی یانەی دیلەكانی فەلەستین ڕایگەیاند، ئیسرائیل ڕۆژی شەممە (183) دەستگیرکراوی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئازاد دەکات، لە بەرامبەر سێ بە بارمەتگیراوی پیاو، کە یەکێکیان هەڵگری رەگەزنامەی ئەڵمانی-ئیسرائیلیەو لەلایەن حەماسەوە ئازاد دەکرێن.

  حەماس ئامادەکاری دەکات بۆ ڕادەستکردنی سێ بارمتەی ئیسرائیلی لە بەرامبەر دیلەکانی فەلەستینی لە دوایین قۆناغی ڕێککەوتنی ئاگربەست کە ئامانج لێی خۆشکردنی ڕێگایە بۆ کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە. بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، لە بیست و یەکهەمین ڕۆژی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی و ئیسرائیل، پێنجەمین پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیل و بارمەتەكان ئەنجامبدەن، بەپێی رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە. بزوتنەوەی  حەماس ڕایگەیاند: ئوهاد بن عامی و ئەلیاهو شەرابی، كە لەڕۆژی (7) تشرینی یەكەمی ساڵی (2023) لە کۆمەڵگەی بیئری بە بارمتەی گرتوون،  لەگەڵ ئور لێڤی کە هەمان ڕۆژ لەکاتی بەشداریکردن لە ڤیستیڤاڵی مۆسیقای نۆڤا بە بارمەتەگیرا، ئەمڕۆ رادەستیان دەكات. نوسینگەی ڕاگەیاندنی حەماس دەڵێت: لەبەرامبەر ئازادكردنی ئەو سێ‌ بارمتەیە، ئیسرائیل (183) زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکات کە (18)کەسیان زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە، (54) کەسیان سزای درێژخایەنیان بەسەردا سەپێنراوە، (111) کەسیشیان لە کەرتی غەززە دەستگیرکراون. دوێنێ‌ هەینی یانەی دیلەكانی فەلەستین ڕایگەیاند، ئیسرائیل ڕۆژی شەممە (183) دەستگیرکراوی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئازاد دەکات، لە بەرامبەر سێ بە بارمەتگیراوی پیاو، کە یەکێکیان هەڵگری رەگەزنامەی ئەڵمانی-ئیسرائیلیەو لەلایەن حەماسەوە ئازاد دەکرێن.

 جێگری نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مۆرگن ئۆرتاگوس ڕایگەیاند: ئەمەریکا هێڵێکی سووری داناوە لەسەر ئەوەی کە گروپی چەکداریی حزبوڵای شیعە نابێت بەشداری لە حکومەتی دواتری لوبناندا بکات، ئەوەش دوای شکستە سەربازییەکەی ساڵی ڕابردووی بەرامبەر ئیسڕائیل. ئۆرتاگوس یەکەم بەرپرسی باڵای ئەمەریکایە سەردانی لوبنان بکات لە دوای دەستبەکاربوونی سەرۆک دانۆڵد ترامپەوە و لە دوای ئەوەشەوە کە جۆزیف عەون وەکو سەرۆکی لوبنان هەڵبژێردرا. سەردانەکەی ئۆرتاگوس لە کاتێکدایە کە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لە لوبنان چەقی بەستووە، لە کاتێکدا کە پۆستەکانی حکومەت لەسەر هێڵی تائیفی دابەش دەکرێن. حزبی ئەمەلی هاوپەیمانی حزبوڵا سوور بووە لەسەر پەسەندکردنی سەرجەم وەزیرە شیعەکان، ئەوەش وایکردووە پڕۆسەکە چەق ببەستێت. دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی لوبناندا، ئۆرتاگوس وتی: لە حزبوڵا ناترسێت چونکە لە ڕووی سەربازییەوە شکستییان هێناوە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک لەسەر شەڕەکەی ساڵی ڕابردووی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵا کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت. وتیشی " هێڵی سووری ڕوون و ئاشکرامان لە ئەمەریکاوە داناوە لەسەر ئەوەی نەتوانن گەلی لوبنان تیرۆر بکەن، بە ئەندامێتیشییانەوە لە حکومەتدا."

مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی دوودا گەشت بۆ چوار وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕایگەیاند کە دەیەوێت ئەمەریکا خاوەندارێتی غەززە بکات و فەلەستینییەکان بگوازێتەوە بۆ وڵاتانی عەرەبی دراوسێ. بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند ڕوبیۆ لە 13-18 ی مانگی دوودا دەچێت بۆ کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ و لەوێیەوە دەچێتە ئیسڕائیل و ئیماڕات و قەتەڕ و سعودیە. ڕوبیۆ ڕۆژی چوارشەممەى پێشوو وتی فەلەستینییەکانی غەززە دەبێت بۆ ماوەیەکی "کاتی" غەززە جێبهێڵن، ئەمەش لە کاتێکدا کە دوای جەنگەکە غەززە دووبارە ئاوەدان دەکرێتەوە. بەرپرسەکەی ئەمەریکا وتی ڕوبیۆ لە ماوەی گەشتەکەیدا باس لە غەززە و لێکەوتەکانی هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی 2023 ی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل دەکات و هەروەها هەوڵی جەختکردنەوە دەدات لە هەوڵەکانی سەرۆک ترامپ بۆ گۆڕینی دۆخی هەنووکەیی لە ناوچەکەدا. بەرپرسەکە وتی: دۆخە هەنووکەییەکە ناکرێت بەردەوام بێت، وەکو شوشتن و پاککردنەوە و دووبارەکردنەوە وایە. ئاشنا دەبیت بە دۆخەکە و هەست دەکەیت کە ئەمە ژیانەکەیە و هەر ئەمەی لێ چاوەڕێ دەکرێت. سەرۆک ترامپ و مارکۆ ڕوبیۆ لەو باوەڕەدان کە ئەمە نابێت بەوشێوەیە بێت، باوەڕییان وایە کە شتەکان دەکرێت بگۆڕدرێن. لە 25 ی مانگی یەکەوە سەرۆک ترامپ چەند جارێک پێشنیاری ئەوەی کردووە کە فەلەستینییەکانی غەززە دەبێت لەلایەن وڵاتە عەرەبییەکانی ناوچەکەوە وەربگیرێن، لەوانە میسڕ و ئوردن، وڵاتانی عەرەبی و فەلەستینییەکانیش ئەو بیرۆکەیەیان ڕەت کردووەتەوە. جەنگەکەی ئیسڕائیل و حەماس لە غەززە لە ئێستادا لە ڕێی ئاگربەستێکی ناجێگیرەوە ڕاگیراوە، بە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل دەستیپێکرد کە تێیدا هەزار و دوسەد کەس کوژران و سەروی دوسەد کەسیش لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران.

شاندێکی پەرلەمانی عێراق سەردانی چادری مانگرتوانیان لە سلێمانی کرد و ڕایانگەیاند، لە یاسای بودجەدا بە تەوتینکردنی مووچەی مووچەخۆران چارەسەری کێشەی مامۆستایان و فەرمانبەران کراوە. ماوەی ١١ ڕۆژە بەشێکی مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازیی بە هۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانیان، نەگەڕانەوەی پلەبەرزکردنەوە و تەوتینکردنی مووچەکانیان لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە، ئەمڕۆش ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی عێراق سەردانی چادری مانگرتووانیان کرد. شاندی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێکهاتبوو لە (یوسف کیلابی، عەلی ساعدی، عەلا حەیدەری، سروە عەبدولواحید، زکرا عەمار، سەلام عادل، حسێن موئەنەس، بڕیار ڕەشید، هەرێم کەمال ئاغا، کەریم شکور، دارا سێکانیان، کاروان یاروەیس، نەرمین مەعرووف، سۆران عومەر) پاش پرسیارکردن لە بارودۆخی تەندرووستی مانگرتووان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، یوسف کیلابی، پەرلەمانتاری عێراق وتی: داواکارییەکانیان دەبەینە بەغدا دەیگەیەنینە پەرلەمان و حکومەتی ناوەند و لە پەرلەماندا دەیخەینە بەرباس، لیژنەیەک درووست دەکەین، بۆ چاودێریی کردنی لیژنە هونەریی حکومەتی هەرێم و بەغدا، دواتر دەرئەنجامەکەی دەخەینەڕوو کە کێ هۆکاری ئەم کێشانەیە و بەهیچ شێوازێک قەبووڵ ناکەین هیچ هاوڵاتییەکی عێراق لە زاخۆ تا فاو برسی بکرێت. دواتر عەلی سەعدی، داواکاریی مانگرتووان داواکارییەکی ڕەوایە و مافی خۆیانە، هەندێک بڕیارەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەت دەرچووە و تەنها جێبەجێکردنی ماوە. هاوکات حسێن موئەنەس، پەرلەمانتار وتی: نابێت مووچەی فەرمانبەران ببێتە کارتی فشار لەنێوان هەردوو حکومەت، لە یاسای بودجەدا چارەسەری ئەم کێشەیەمان کردووە کە تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەرانە. کاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی رایگەیاند، دوای گوێگرتن لە داوای مانگرتوان بەوردی و وەرگرتنی داواکاریەکانیان، شاندەکەی پەرلەمان داواکارییەکان دەگەیەننە سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت و دادگای ئیتحادی و لیژنەیەکی پەرلەمانی دروست دەکرێ بۆ جێبەچئ کردنی داواکارییەکان و لیژنەکە دەبێتە پارێزەری مانگرتوان لە بەغداد. ئاماژەی بەوەکردووە، شاندەکەی پەرلەمان تکای لە مانگرتوان کرد لەبەر تەندروستیان و ژیانیان مانگرتنەکە بشکێنن و داواکای و پەیامی رەوایان گەیشتوە بەهەموو ناوەندەکانی بڕیار لە عێراق. 

ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایدەگەیەنێت دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا چارەسەرى کێشەکانى ئێران ناکات، وەکخۆى دەڵێت ئەزموونیان هەیە لەوبارەیەوەو ئەمریکییەکان پەیماننامەکانیان جێبەجێ ناکەن. ئەمرۆ هەینى، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ دەیەی فەجردا وتارێکى پێشکەشکردو تیایدا دەڵێت دانوستان لەگەڵ ئەمریکا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات نییە. پێویستە بە دروستی لەم بابەتە تێبگەین؛ مەهێڵن وا پیشانمان بدەن کە ئەگەر لەگەڵ ئەو حکومەتە لەسەر مێزی دانوستان دابنیشین ئەم کێشەیە یان ئەو کێشەیە چارەسەر دەبێت. نەخێر؛ هیچ کێشەیەک بە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا چارەسەر نابێت. ئەو وتیشى: ئەزموونمان هەیە لەو بارەیەوە، لە ساڵانی نەوەدەکاندا دانیشتین و دانوستانمان لەگەڵ ئەمریکا کرد و بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ پەیماننامەیەک دروستبوو، لەم پەیمانەدا لایەنی ئێرانی زۆر بەخشندە بوو، ئیمتیازاتی زۆری بە لایەنی بەرامبەردا، بەڵام ئەمریکییەکان هەمان پەیماننامەیان جێبەجێ نەکرد. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، باسى لەوەکرد ئەمریکییەکان، خەریکی گۆڕینی نەخشەی جیهانن لەسەر کاغەز، بێگومان تەنها لەسەر کاغەزە، هیچ واقیعێکی نییەو ناگۆرێت.  عەلى خامنەیی ئەو وتیشى: ئەمریکیەکان، هەڕەشەمان لێدەکەن، ئەگەر هەڕەشەیان لێکردین، ئێمەش هەڕەشەیان لێدەکەین، ئەگەر ئەو هەڕەشەیە ئەنجامبدەن، ئێمەش  هەڕەشەکانمان جێبەێدەکەین، ئەوان ئەگەر هێرش بکەنە سەر ئاسایشی میللەتەکەمان، ئێمە بێ دوودڵی هێرش دەکەینە سەر ئاسایشی ئەوان. رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، نەیشاردەوە کە ناوخۆى ئێران کێشەى تێدایە، وتى: ئێمە لە ناوخۆدا کێشەمان هەیە؛ کەس نکۆڵی لە بوونی کێشە ناکات. لە ڕووی بژێوی ژیانەوە، نزیکەی هەموو چین و توێژەکانی دانیشتووان کێشەیان هەیە، بەڵام ئەوەی چارەسەری ئەم کێشانە دەکات فاکتەری ناوخۆییە. جەخت لەسەر ئەوەکردەوە کە بەرپرسانى ئێران سەرقاڵن، بەچارەسەرى کێشەکانەوە، ئەو وتی: زۆر هیوام بەوەیە ئەم حکومەتە بەڕێزە بتوانێت لانیکەم کێشەی بژێوی خەڵک کەم بکاتەوە.

محەمەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند، مانگەکانى داهاتووش تاکۆتایی ساڵ، مووچەى سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دەنێرن. ئەمڕۆ پێنج شەممە، لە چاوێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵى شەرق محەممەد شیاع سوودانى ئاماژەى بەوەدا، پرسى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بە بودجەوە بەستراوەتەوە لە رێگەى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵەوە، بە گوێرەى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى و میکانیزمێک بۆ بەجێکردنى مووچە و رادەستکردنى داهات دیاری کراوە. "کێشەى تەکنیکى هەبووە و بەم دواییە تێپەڕێنرا و مووچەى مانگى کانوونى دووەم نێردرا." محەممەد شیاع سوودانى رایگەیاند: بە رووحى هاوبەشی و هاریکاری، توانیویانە چەندین خاڵى ناکۆک لەگەڵ هەرێمى کوردستان تێپەڕنن. جەختى کردەوە کە ئەوەى پەیوەندارە بە دۆسیەى مووچەوە کێشەى تەکنیکییە نەک هەڵوێستێکى سیاسىیی بەغدا.   4ى شوباتی2025، وەزارەتى دارایی فیدراڵ بڕیارى خەرجکردنى زیاتر لە یەک تریلیۆن دینارى مووچەى مانگى کانوونى دووەمى ئەمساڵى هەرێمى کوردستانى دەرکرد، دواى ئەوەى شاندى هەردوولا رێککەوتن لەبارەى ئەو کێشانەى لە نێوانیان بە هەڵپەسێردراوى مابوونەوە. سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوەدا، بەردەوام دەبن لە ناردنى پارەى مووچە بۆ مانگەکانى داهاتوو بە "شێوەیەکى رێکوپێک" بەو ئومێدەى لەو ماوەیەدا تێبینییەکانى دیکە لەبەرچاو بگیرێن کە وەزارەتى دارایی فدراڵ دیاری کردووە.

ئەندامێكی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات، بەپێی دەستوور بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی پابەندكەرن و جەختیش دەكاتەوە كە ئەنجوومەنی دادوەری، ناتوانێت رێگری لە بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی بكات.  دارا سێكانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: تێبینییەكانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لەبارەی دادگەی فیدراڵی یاسایی و دروستن، بەتایبەتی كە ئەم یاسایانە نەچوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە تاوەكو رابگیرێن، بەڵام دەستوور مافی بە دادگەی فیدراڵی داوە كە فەرمانسالاری بۆ یاساكان دەربكات. ئەو پەرلەمانتارە وتیشى: لەم دۆخەی ئێستاشدا هەمووان ناچارن پابەند بن بە بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی بە ئەنجوومەنی دادوەریشەوە. هاوکات ئاماژەی بەوەشكردووە، پێشتریش دادگەی فیدراڵی چەند جارێك فەرمانسالاری بۆ بڕیار و یاساكان دەركردووە، سەرجەم فەرمانسالارییەكانیشی پاڵپشتیی دەستوورییان هەبووە و جێبەجێ كراون. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو ئەم فەرمانسالارییەشی بۆ سێ یاساكە، بە هەمان شێوە دەستوورییە و هەمووان پابەند دەكات ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی وتووە،ئەنجوومەنی دادوەری ناتوانێت رێگری لە بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی بكات. 4ـی ئەم مانگە دادگەی فیدڕاڵی عێراق فەرمانێکی سالاری دەرکرد و بەشێوەیەکی کاتی کارکردنی بە هەرسێ یاسای گەڕانەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان و باری کەسێتی و لێبوردنی گشتی ڕاگرت، تا ئەو کاتەی ئەو سکاڵایانەی لەبارەیانەوە تۆمارکراون لەلایەن دادگاکەوە یەکلایی دەکرێنەوە. ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لەسەر فەرمانە وەلائییەکەی دادگەی فیدراڵی هاتە دەنگ و ڕایگەیاند بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی کاتییە و پابەندکەر نییە چونکە مەرجى دەرکردنى ئەو بڕیارەى تێدا نەبووە. دادگەی فیدڕاڵی لەڕاگەیێنراوێکدا وەڵامی ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى دایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، فەرمانە سالارییەکە بەپێی بڕگەکانی ماددەی 94 ـی دەستوور، کۆتایی و پابەندکەرن بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان و نابێت بەهیچ شێوەیەک پێشێل بکرێت.

ڕوانگەی سوریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری پێشهاتەکانی نێو سوریا دەکات، ڕایدەگەیەنێت ئەمەریکا بە شێوەیەکی بێ وێنە تانکی پێشکەوتووی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد لە باکوور و ڕۆژئاوای سوریا کە بە ڕۆژئاوا ناسراوە، گواستووەتەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکى ڕوانگەکە، فڕۆکەکانی گواستنەوەی ئەمەریکا ڕۆیشتوونەتە بنکەی ئاسمانی خەراب ئەلجیر لە حەسەکە و کەرەستەی سەربازی پێشکەوتوو، لە نێویاندا سیستەمی ڕاداریان گواستووەتەوە بۆ ناوچەکە و هاوکات ژمارەیەکی بەرچاو هێزی سەربازیشیان لەو بنکەیە جێگیرکردووە. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات 50 بارهەڵگری دیکەش کەرەستەی سەربازی و لۆجستیش لە هەرێمی کوردستانەوە رۆیشتوونەتە ڕۆژئاوا و دەڵێت هەلیکۆپتەرە سەربازییەکانی ئەمەریکا چاودێری کاروانەکەیان لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو بنکەی خراب ئەلجیر کردووە بۆ ئەوەی بەپارێزراوی بگاتە ئەو بنکەیە. دامەزراوەی ڕوانگەی سوریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەریتانیایە هەروەها نووسیویەتی "15 بارهەڵگری سووتەمەنی و بارهەڵگرەکانی تری مۆرکراو گواستراونەتەوە بۆ بنکەی قەسرۆک لە پارێزگای حەسەکە. ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە تورکیا بە چری لەهەوڵدایە بۆ ئەوەی ئەمەریکا و وڵاتانی ناوچەکە و هەروەها دەسەڵاتی نوێی سوریاش لەگەڵ خۆی بخات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کوردەکان لە ڕۆژئاوا. سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی سێشەممە دوای دیداری لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی کاتیی سوریا، جەختی لە پێویستی هاوکاری ستراتیژیی نێوان تورکیا و سوریا کردەوە بە مەبەستی دروستکردنی پێکهاتەیەکی ئاسایشی ناوچەیی. سەرۆکی تورکیا وتی "ئەنکەرە پاڵپشتی حکوومەتی سوریا بە پێویست دەزانێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکانی داعش و هێزە کوردییەکان. هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوا کە سەرۆکایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن، لەئێستادا هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمەریکان دژی هێزەکانی داعش و کۆنتڕۆڵی ئەو کەمپ و زیندانانە دەکەن کە ئەندامانی داعش و خێزانەکانیان تێیدایە.

سەرۆکایەتی کۆماری سووریا، ڕایگەیاند: ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری کاتى سووریا بانگهێشتنامەیەکی لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنساوە پێگەیشتووە بۆ ئەوەى سەردانی فەرەنسا بکات لە چەند هەفتەی داهاتوودا. لە بەیاننامەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ پێنج شەممە، سەرۆکایەتی کۆماری کاتى سوریا بڵاویکردەوە، ماکرۆن لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع جەختی لەسەر هەوڵەکانی وڵاتەکەی کردووەتەوە بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا و ڕەخساندنی بوار بۆ گەشەکردن و بوژانەوەی. هەر لەو پەیوەندیەدا ئەو دوو سەرۆکە، باسیان لە ئاستەنگە ئەمنییەکان لە سوریا کردووە و پێکەوە گفتوگۆیان کردوە چۆن کاربکرێت بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە. بەپێى بەیاننامەکە، شەرع جەختی لەوە کردووەتەوە کە سوریا "بەشێکی ئەرێنی و کارا دەبێت لە ناوچەکە و جیهان، هەروەها گرنگی دەداتە سەر بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی کە نوێنەرایەتی لە سەقامگیری و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریادا دەکرێت. ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر، لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا دوو سەردانى بۆ دەرەوەى وڵاتەکەى ئەنجامداوە. لەسەردانى یەکەمدا چووە وڵاتى سعودیەو لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە کۆبوویەوە، لە دووەم سەردانی فەرمی بۆ دەرەوەی وڵات گەشتە ئەنقەرە و لە کۆشکی کۆماریی، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا کۆبوونەوە.