وەزارەتی کۆچ 19 هەزار کەسی لە کەمپی هۆل گەڕاندەوە عێراق

3 كاتژمێر لەمەوپێش



وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، 19 هەزار هاووڵاتی عێراقی لە کەمپی هۆلی سووریاوە گەڕاندەوە.

وەزارەتەکە ئاشکرای کرد، ئەم گەڕاوانە لە ژن و منداڵ و گەنج و بەساڵاچوو پێکدێن، لە چوارچێوەی پرۆگرامێکی چاکسازیی ورد دا بوون بۆ ئامادەکردنەوەیان بۆ تێکەڵبوونەوە بە کۆمەڵگە، و جەختیشی کردەوە توانیویانە ڕێگری لە دروستبوونی هەر گرژییەک لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەکانیان بکەنەوە.

عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتەکە، ڕایگەیاند لە ساڵی 2021وە و لەسەر بڕیاری حکوومەتی عێراق، پرۆسەی گواستنەوەی خێزانەکان لە 29 گەشتدا ئەنجامدراوە. گوتیشی: ئەم هەنگاوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کراوە. بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، پێشتر نزیکەی 31 هەزار و 500 هاووڵاتی عێراقی لەو کەمپەدا بوون.

گوتەبێژەکە ڕوونیکردەوە گەڕاوەکان دوای پشکنینی ئەمنیی ورد، دەگوازرێنەوە بۆ "سەنتەری ئەمەل". لەو ناوەندەدا، بەپێی فۆرمێکی هەڵسەنگاندنی سەرەتایی کە ئاستی کاریگەریی ئایدیۆلۆژیای توندڕەوی دیاری دەکات، دابەش دەکرێن. دواتر، بەرنامەی چاکسازیی تایبەت بۆ هەر گروپێکی تەمەنی جیاواز (منداڵان، گەنجان، ژنان) جێبەجێ دەکرێت.

گوتەبێژەکە دووپاتیکردەوە، 78 بەرنامەی جۆراوجۆری چاکسازی جێبەجێ کراون. ئەم بەرنامانە لەلایەن دامەزراوە حکوومییەکان، زانکۆکانی عێراق (وەک بەغدا و نەینەوا)، و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن. تیمی پسپۆڕی دەروونی و ئەفسەرانی ئەمنیی ڕاهێنراو، سەرپەرشتی ئامادەکاریی فیکری و دەروونی گەڕاوەکان دەکەن.

گوتیشی: یەکێک لە خاڵە هەرە دیارەکانی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە، ڕێگریکردن بووە لە دروستبوونی هەر جۆرە پێکدادان و گرژییەک لەنێوان گەڕاوەکان و خەڵکی ناوچەکەدا، کە ئەمەش لە ڕێگەی بەرنامەکانی ئاشتەوایی نیشتمانییەوە مسۆگەر کراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار