ڕابەری دروزەکان: پاشگەزنابینەوە لە مافی چارەی خۆنوسین
3 كاتژمێر لەمەوپێش
حیکمەت هیجری، رابەری رۆحی تائیفەی دروزەکانی سوریا دەڵێت: مافی چارەی خۆنوسین بۆ خەڵکی سوەیدا مافێکی رەهایەو پاشگەزبونەوەی نییە.
هیجری لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی "سکای نیوز عەرەبی" جەختیكردەوە: تێڕوانینيان لەسەر بنەمای سەربەخۆیی تەواوە بۆ پارێزگای سوەیدا.
ئاشكراشیكرد: ژمارەی رفێندراوەکانيان (600) کەسی تێپەڕاندووە کە لەنێویاندا ژن هەیەو حکومەت لە دیمەشق بەربەست بۆ هەر دانوستانێک دروست دەکات پەیوەست بێت بەوان.
ئاماژەی بەوەشکرد: حکومەت لە دیمەشق هێشتا پابەند نەبووە بە چۆڵکردنی گوندە زیانلێکەوتووەکان و پێداگری لەسەر شێواندنی راستییەکان دەکات.
دواین لێدوانی رابەری دروزەكان لە كاتێكدایە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتیکردەوە، هێزەکانی وڵاتەكەی لە باشوری سوریا و دەوروبەری "جبل الشیخ" كە کۆنترۆڵیان کردووە دەمێننەوە.
ئاماژەی بەوەشدا: ئامانج لێی گەیشتنە بە رێككەوتن لەگەڵ رژێمی سوریا سەبارەت بە داماڵینی چەك لە باشوری رۆژئاوای سوریا و پاراستنی دروزەکان.
