رۆژنامەی شەرقلئەوسەت دەڵێت، سودانی دەستی گەیشتووە بە کۆمەڵێک ئەرشیفی سەردەمی بەشار سەد، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەترسن کاتی هەڵبژاردن لە دژیان بەکاربێت. بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەکە، عیزەت شابەندەر بە نوێنەرایەتى محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق بەمەبەستى دەستخستن و رادەستکردنى بەشێک لە ئەرشیفى دەزگاى هەواڵگرییەکەى بەشار ئەسەد بە نهێنى چەند جارێک سەردانى دیمەشقى کردووە. ئەوەى پەیوەندیی بە عێراقەوە هەبێت ئەحمەد شەرع رادەستى نوێنەرەکەى سودانى کردووە، ئەوەش بووەتە مایەى نیگەرانى بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان و ترسى ئەوەیان لێنیشتووە لە کاتى هەڵبژاردنى ئەمجارەدا لە دژیان بەکاربهێنێرت، بە تایبەتیش رکابەرەکانی لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی. بەشێکى زۆر لە کەسایەتی سیاسی و لایەنە عێراقییەکان ترسیان لێنیشتووە رۆژێک لە رۆژان ئەو ئەرشیفە دزە بکاتە دەرەوە یان ئاشکرا ببێت. زۆربەی كات سەردانی فەرمیی بەرپرسە عێراقییەكان بۆ دیمەشق، بەتایبەت لەم چەند مانگەی دواییدا، بووەتە جێگەی مشتومڕ، بە چاوخشاندنەوە بەوەی سەردانەكان نهێنی بوون و دواتریش كۆنگرەی رۆژنامەوانی بۆ روونكردنەوەی ناوەڕۆكی سەردانەكان ئەنجام نەدراون. لە چوارچێوەی وەڵامەكان بۆ سەردانی نێردەی تایبەتی سودانی بۆ دیمەشق، هاوپەیمانی "بنیاتنانەوە و گەشەپێدان" كە سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات، رەتیدەكاتەوە "ئەرشیفی هەواڵگری سوریایان پێگەیشتبێت سەبارەت بە عێراق و بەكاریبهێنن وەك كارتێكی فشار دژ بە نەیارەكانیان لە كاتی هەڵبژاردندا". لەوبارەیەوە، عەبدولهادی سەعداوی، یەكێك لە سەركردەكانی هاوپەیمانێتیەكەی سودانی، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی "سودانی پێویستی بەو ئامرازانە نییە، لەكاتێكدا ئاستی جەماوەری بەرزبووەتەوە و لەلایەن پێكهاتە جیاوازەكانەوە پەسەندكراوە". لە 20 ی ئایاری رابردوو، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی بەناوی "بنیاتنانەوە و گەشەپێدان" راگەیاند، ئەویش بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە لە تشرینی دووەمی داهاتوو بەڕێوەبچێت. هاوپەیمانێتییەكە هەریەك لە رەوتی رافیدەین بە سەرۆكایەتی سودانی، هاوپەیمانی عێراقییە بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی، پەیماننامەی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لەخۆدەگرێت، لەگەڵ چەند هێزێكی دیكە.
ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتایب 'سەیدولشوهەدا' هەڕەشەی ناردنی سەدان 'خۆکوژ' بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەکات، ئەگەر شەڕ لە دژی ئێران هەڵبگیرسێنێت. ئەبو ئالا وەلائی، پۆستێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاو کردەوە و نووسیویەتی: ئەگەر شەڕ هەڵگیرسێت، سەدان خۆکوژ ئامادەن، ئەمەریکای خۆبەزلزانیش جارێکی دیکە زەلیل دەبێتەوە، هەروەک چۆن یەکەمجار لە عێراق ڕوو یدا، بەزەلیلی و بێهیوایی گەڕایەوە. ئەمینداری گشتیی ئەو گرووپە چەکدارییەی لایەنگری ئێران، ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم جارە نە ئەمەریکا و نە بریکارەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نامێننەوە، هەروەها ئەوانەش دەڕوخێن کە پارێزگاری لە داگیرکاریی دەکەن." ئەم قسانەی وەلائی لە کاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە پەرەی سەندووە، دوای لێدوانەکانی عەزیز ناسرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران، کە تێیدا هەڕەشەی ئەوەی کردبوو وڵاتەکەی "لە ئەگەری سەرهەڵدانی ململانێ لەگەڵ واشنتن لەسەر دانوستانە ئەتۆمییەکان، هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا." ڕۆژی چوارشەممە، 11ـی حوزەیران، سەرچاوەیەک لەنێو باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ڕاگەیاند: باڵیۆزخانەکە لە ترسی هێرشە سەربازییەکان ئامادەکاری بۆ چۆڵکردن دەکات، هەروەها کارمەندانیشی بە دوو قۆناغ کەم دەکاتەوە.
سەرچاوەیەکی حکومی ڕەتیکردەوە کە عێراق هەر ڕووداوێکی ئەمنی دەستنیشان کردبێت کە پێویستی بە چۆڵکردنی کارمەندانی ئەمریکا هەبێت لە باڵیۆزخانەی بەغدا. ئەمەش دوای ئەوە هات کە سەرچاوە ئەمریکی و عێراقییەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە واشنتۆن خۆی بۆ چۆڵکردنى باڵیۆزخانەکەى ئامادە دەکات. سەرچاوەکەی حکومەتی عێراق بڵاویکردەوە، دەسەڵاتداران هیچ مەترسییەکیان بەدی نەکردووە. بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق. ئەمە لەکاتێکدایە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاگەیاند، لەسەر بنچینەی دوایین هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆخی ناوچەکە، بڕیاریان داوە قەبارەی نێردەکەیان لە عێراق کەم بکەنەوە، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا چاودێریی "گرژییە زیادبووەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات" بەرپرسێکی باڵاى ئەمریکا بەکەناڵى ئەلعەرەبییە ڕاگەیاندووە کە واشنتۆن هێزی سەربازیی زیاتری بۆ ناوچەکە نەناردووە، ئەو بەرپرسە وتوشیەتى: ڕۆیشتنی ئەندامانی خێزانە ئەمریکییەکان بەهۆی هەڕەشەی هێزەکانی ئیسرائیلەوە بووە، جەختیشی لەوە کردەوە کە چۆڵکردنی ئەندامانی خێزانە ئەمریکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێکارێکی خۆپارێزییە. چوار سەرچاوە ئەمریکییەکە و دوو سەرچاوە عێراقییەکە مەترسییە ئەمنییەکانی پشت بڕیاری چۆڵکردنەکەیان دیارینەکردووە. بەڵام ئانا کێلی وتەبێژی کۆشکی سپی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێداچوونەوەی وەرزی بە کارمەندانی ئەمریکا لە دەرەوەی وڵات ئەنجام دەدات و ئەم بڕیارەش دەرئەنجامی پێداچوونەوەی ئەم دواییە بووە. بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەزری راگەیاند: "وەزارەتی دەرەوە کشانەوەیەکی رێکخراو بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رێکدەخات. مەبەستەکە ئەوەیە ئەو کارە لە رێگەی گەشتی بازرگانییەوە بکات، بەڵام سوپای ئەمریکا لەسەر هێڵە، ئەگەر هاوکاری پێویست بوو". لەلایەکى دیکەوە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، دەکرێت رۆژهەڵاتی نێوەڕاست "مەترسیدار" بێت و دەڵێت، لەبەر ئەو هۆکارە کارمەندان و سەربازەکانیان ئاگەدار کردوونەتەوە بکشێنەوە. رۆژی چوارشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتن لەبارەی کشاندنەوەی کارمەندانی باڵیۆزخانەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست قسەی کرد. ترەمپ لەوبارەیەوە گوتی، "ئەوان [کارمەند و سەربازەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست] دەکشێندرێنەوە، چونکە دەکرێت ئەوێ شوێنێکی مەترسیدار بێت و دەبینین چی روودەدات، بەڵام ئاگادارمان کردوونەتەوە بکشێنەوە."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاگادارکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات لەئێستادا بەهیچ شێوەیەک گەشت بۆ عێراق نەکەن. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وێبسایتی فەرمی خۆی رایگەیاندووە، رۆژی 11-06-2025 بڕیارنماندا کارمەندانی “ناپێویست” لە باڵیۆزخانەی بەغداد دەستبەجێ بکشێنەوە بەهۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکە. وەزارەتەکە ئامۆژگاری هاووڵاتییانی ئەمریکی دەکات بەهیچ شێوەیەک سەردانی عێراق نەکەن بەهۆکاری “تیرۆریزم، رفاندن، ململانێی چەکداری، پشێوی ناوخۆیی و توانای سنوورداری حکومەتی ئەمریکا بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری بەپەلە بۆ هاووڵاتییانی ئەمریکی لەنێو عێراق.” بەشیوەیەکی ئاسایی ئەمریکا چوار پلەبەندی ئامۆژگاری هەیە تا هاووڵاتییانی ئەمریکا بەرچاوروون بن لە گەشتکردنیان بۆ هەر وڵاتێک و لەئێستادا عێراق لە پلەبەندی چوارەمدایە بە رەنگی سوور. پلەبەندییەکان بەمجۆرەیە: 1- خۆپارێزی ئاسایی ئەنجابدە. 2- خۆپارێزی چڕ ئەنجامبدە. 3- پێداچوونەوە بە بڕیاری گەشتکردندا بکە. 4- گەشت مەکە. ئەم ئاگادارکردنەوەیەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت شەوی رابردوو واشنتن بریاری کشانەوەی بەشێک لە دیپلۆماتکارەکانی لە عێراق دەرکرد و وەزیری بەرگریی ئەمریکاش فەرمانیدا کەسوکاری سەربازانی ئەمریکا وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێبهێڵن. لەئێستادا چەند میدیایەکی ئەمریکی باس لەوە دەکەن، ئیسرائیل لە تەواوی ئامادەباشیدایە بۆ هێرشکردنەسەر ئێران و ئەمریکاش وەک رێکارێکی خۆپارێزی و بەهۆی ئەگەری بەئامانجگرتنی بنکەکانی لە عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە لەلایەن تارانەوە، بڕیاری کشانەوەی کارمەندان و دیپلۆماتکارانی داوە.
تۆڕی هەواڵی "سی بی ئێس نیوز" ئەمریكی، لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردووەتەوە: بەرپرسانی ئەمریکا زانیارییان پێگەیشتووە کە ئاماژە بەوە دەکەن، ئیسرائیل لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئێران. تۆڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرپرسانی ئیسرائیل و وتەبێژی کۆشکی سپی ئامادەنەبوون هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو زانیارییانە بدەن. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆ ک وەزیرانی ئیسرائیل بەشێوەیەكی بەردەوام گومانی خۆی لەبارەی هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەردەبڕێت و نوسینگەکەشی دەڵێت: ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی بێشوماری ئاشکرا و شاراوەی ئەنجامداوە، بۆ سنوردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران. راپۆرتەکانی پێشووتر ئاماژەیان بە خواستی ئیسرائیل کردووە بۆ هێرشكردنە سەر ئێران، تەنانەت لە کاتێکدا بەرپرسانی ئەمریکاش داوایان لێکردووە ئەو کارە نەکات، بەهۆی بەردەوامی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران. مانگی ئایار دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا ئاشكرایكرد، داوای لە ناتانیاهۆ کردووە هێرش نەکاتە سەر ئێران، لەکاتێکدا ئیدارەکەی بەردەوامە لە دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران.
سهرۆك كۆماری ئێران ڕایدهگهیهنێت، وڵاتهكهی ههوڵی دروستكردن و بهدهستهێنانی چهكی ئهتۆمی نادات. چوارشهممه، 11ـی حوزهیرانی 2025، مهسعود پزیشكیان، سهرۆك كۆماری ئێران ڕایگهیاند "دوژمنهكانی ئێران ئامانجیانه له ناوخۆی وڵاتهكهماندا، فیتنه ئاشووب و دووبهرهكی بنێنهوه." مهسعود پزیشكیان، ئاماژهی بهوهش كرد، دوژمنانمان دهیانهوێت دهستبهرداری تواناكانمان بین، بۆ ئهوهی ڕێگه بۆ ئیسرائیل خۆش بكهن بۆمبارانمان بكات. سهرۆك كۆماری ئێران جهختیشی كردهوه، وڵاتهكهی ههوڵی دروستكردن و بهدهستهێنانی چهكی ئهتۆمی نادات. گوتیشی: شكست به ههوڵهكانی دوژمنانی تاران دههێنن. ئەمەش لەکاتێکدایە عەبدولعەزیز نەسیر زادە، وەزیرى بەرگریی و هێزە چەکدارەکانى ئێران لەدواى کۆبونەوەى حکومەت بە رۆژنامەنوسانى وتوە: "بەداخەوە بەشێک لە بەرپرسانى ئەمەریکا هەڕەشە دەکەن کە ئەگەر گفتوگۆکان لەبارەى پرسى ئەتۆمەوە نەگاتە ئەنجام ئەوا دۆخەکە ئاڵۆز دەبێت و گرژییەکانى نێوان ئەو دوو وڵاتە زیاتر پەرەدەسێنێت". وتویەتى: ئەوان بەهیوان دانوستانەکان بگەنە ئەنجام، بەڵام ئەگەر گفتوگۆکانیش ئەنجامیان نەبێت و ئاڵۆزییەکان دەستپێبکات ئەوا زیانەکانى ئەمەریکا زۆر زیاتر دەبێت لەو زیانەى ئێران دەیکات، چونکە ئەوان ناچاردەکرێن ناوچەکە جێبهێڵن. راشیگەیاندوە، ناوچەکە لەژێردەستی ئێراندایە دەتوانن لە تەواوى وڵاتەکانى ناوچەکەوە ئەمەریکا بەئامانج بگرن. لەبارەی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێراندا، نەسیرزادە جەختیکردوەتەوە رێگە بە هیچ سزایەکی سەربازی نادەن، هیچ دانوستانێکیش لەوبارەیەوە ناکەن.
ڕۆژنامەى الشرق الأوسط لەزارى چەند سەرچاوەیەکى حەماسەوە بڵاویکردەوە کە بەرپرسانى ئێران هیچ ڕۆڵێکیان نییە لەدانوستانەکانى ئاگربەستى غەززە، چەند سەرچاوەیەکی ناو بزووتنەوەکە ڕەتیانکردەوە کە تاران ئاگادارى وردەکارى ئەو دانوستانانە بێت کە ئامانج لێی وەستاندنی شەڕەکە بوو کە نزیکەی 20 مانگە بەردەوامە. ئەمەش لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا زۆر کەسی تووشی سەرسوڕمان کرد بەوەى ڕایگەیاندن ئێران بەشداریکردوە لە دانوستانە وەستاوەکانی ئاگربەستی غەززە لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا. ترامپ ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە وتی: ئێستا غەززە لە ناوەڕاستی دانوستانێکی گەورەی نێوان ئێمە و حەماس و ئیسرائیلدایە و ئێرانیش لە ئێستاوە تێوەگلاوە و دەبینین چی بەسەر غەززەدا دێت، دەمانەوێت بارمتەکان بگەڕێنینەوە. سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ڕاگەیاندنەکەیەوە نەچووە ناو وردەکارییەکان. بەگوێرەی ڕۆژنامەی عیبری یەدیوت ئەهرۆنۆت، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان بەپەلە ڕەتیانکردەوە هیچ ڕۆڵێکی ئێرانی لە دانوستانەکاندا هەبێت. سەرچاوەیەکی باڵاو ئاگاداری بزووتنەوەی حەماسیش بە ئەشەرق ئەلئەوسەت-ی ڕاگەیاند، "ئێران ڕاستەوخۆ دەستی لە دانوستانەکان نەداوە، هەروەها داوای هیچ ئیمتیازێکیان لە بزووتنەوەکە نەکردووە و گوشاری بۆ دروست نەکردووە". ئەو سەرچاوەیە ڕوونی کردەوە کە پێوەندی ئێران لەگەڵ دانوستانەکان "بە پلەی یەکەم پەیوەستە بە چاودێریکردنی دانوستانەکانەوە، بە لێکۆڵینەوە لەوەی کە ئایا ڕێککەوتنێک نزیکە یان نا بەبێ ئەوەی تێوەگلێنرێت لە وردەکاری زیاتر". ئەو سەرچاوەیە ڕوونیشی کردەوە کە "ئەم (زانیارییە) لە چوارچێوەی پەیوەندییە بەهێزەکەی (ئێران) لەگەڵ بزووتنەوەکە و سەرکردایەتیەکەیدا دێت، نەک بە ئامانجی بەشداریکردن لە دانوستان". سەرچاوەکە هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەوەی ئێران لێی ئاگادار دەکرێتەوە لەگەڵ "هەندێک وڵات و گروپەکانى فەلەستین، لەوانە فەتحیش لە هەندێ کاتدا، سەبارەت بە وردەکارییەکانی دانوستانەکان، بەتایبەت کاتێک چالاکی جیددی هەیە کە دەتوانێت بەم زووانە ببێتە هۆی ڕێککەوتن". لەلایەکى دیکەوە سەرۆک وەزیری ئیسرائیل ڕایگەیاند، پرۆسەی ئازادکردنی بارمتەکان بەرەوپێشچوونێکی باشی بەخۆوە بینیوە، بەڵام گەشبین نیم، هاوکات سەرچاوەیەکی نزیک لە دانوستانەکانیش ئاماژەی داوە، ئەمەریکا فشارێکی زۆر دەکات حەماس و ئیسرائیل ڕێک بکەون. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیری ئیسرائیل، لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا کە لەلایەن نووسینگەکەی بڵاو کراوەتەوە، لەبارەی دانوستانەکەیان لەگەڵ حەماس ڕایگەیاند، بەرەوپێشچوونێکی زۆر باش لە پرۆسەی ئازاد کردنی بارمتەکان هەیە، بەڵام هێشتا هیچ هیوایەک بۆ ڕێککەوتن نییە. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەسەر زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە دانوستانەکانی حەماس و ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، واشنتن دڵنییایەکی زۆری بۆ کۆتاییهێنانی شەڕ بە حەماس داوە، بەڵام ئەوە تەنیا لایەنی ئەمەریکایە کە گەشبینە، ئیسرائیل هیچ گەشبین نییە. گوتیشی: فشارێکی زۆر لە واشنتن هەیە، بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئیسرائیل و حەماس ڕێک بکەون.
گوتەبێژی دەم پارتی ڕایدەگەیەنێت، عەبدوڵلا ئۆجەلان داوای کردووە لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لەگەڵ سەرکردە سیاسیەکانى کورد وەک مەزڵوم عەبدى و بارزانی کۆببێتەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە، 11-06-2025، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان و دیداریان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، کرد. گوتەبێژی دەم پارتی رایدەگەیێنێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوای بینینی هەر یەکە لە مەزڵووم عەبدی و مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی کردووە. وتەبێژی دەم پارتی گوتی: "ئامادەکاری دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا سەردانی ئیمرالی بکەین و لەگەڵ بەرێز ئۆجەلان باس لە قۆناغی داهاتووی پرۆسەی ئاشتی بکەین." ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی دەم پارتی رایگەیاند: پێویستە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەگەڵ نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان کۆببێتەوە. ئایشەگوڵ دۆغان رایگەیاند، داوای کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو سەرکردانەی کورد، "داواکاریی خودی ئۆجەلانە." گوتەبێژی دەم پارتی دەڵێت، دەبێت ئەم دیدارانە دەستبەجێ ئەنجام بدرێن و سوودی لێ وەربگیرێت. لە یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت. شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی پێنج جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاندووە. ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ، داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت. رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی ناوەند و وێستگەکانی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی عێراق راگەیاند و زیاتر لە 230 هەزار کەسیش داواکارییان بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان پێشکێش کردووە. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتیی گەیشتووەتە زیاتر لە هەشت هەزار بنکە. چوارشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەپێی ڕەزامەندی دادوەر عامر حوسێنی، بەرپرسی فەرمانگەی هەڵبژاردن، ژمارەی وێستگەکانی دەنگدان گەیشتووەتە 42819 وێستگە، کە بەسەر هەشت هەزار 788 بنکەی دەنگداندا دابەش کراون. ئاماژە بەوەش کراوە، کۆمیسیۆن پێویستی بە نزیکەی 250 هەزار کارمەندی سەر سندوقەکانی دەنگدان هەیە، کە تا ئێستا ژمارەی ئەو کارمەندانەی فۆڕمیان پێشکەش کردووە، 231 هەزار و 16 کەسە، ڕوونیشی کردەوە، تاوەکوو 9-7-2025، دەرگای پێشکەش کردن کراوە دەبێت کە پێویستیان بە نزیکەی 20 هەزار کارمەندی دیکە دەبێت. بڕیارە 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت. گوتەبێژی کۆمیسیۆن دەڵێت، بۆ رۆژی هەڵبژاردن کۆمیسیۆن پێویستی بە 250 هەزار کارمەندە، تاوەکو ئێستا 231 هەزار و 16 کەس داواکارییان پێشکێش کردووە، پێشکێشکردنی داواکاری تاوەکو 9ی مانگی تەممووز بەردەوام دەبێت. بوونە کارمەندی سەر سندووقەکانی دەنگدان سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەت (جگە لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکان) دەگرێتەوە، بە مەرجێک لانیکەم بڕوانامەی ئامادەییان هەبێت مەرجەکانی دیکە: - هەبوونی کارتی دەنگدانی درێژمەودا. - پێشکێشکار دانیشتووی هەمان ئەو پارێزگایە بێت کە داواکاری تێدا پێشکێش دەکات و پێشکێشکردنەکە لەسەر بنەمای دابەشبوونی جوگرافی دەبێت. - نابێت لە رابردوودا لەلایەن کۆمیسیۆنەوە هیچ سزایەک درابێت. - نابێت خزمی نزیکی هیچ کام لە بەربژێرانی هەمان پارێزگا بێت. - پێویستە بەڵێننامەیەکی دەستنووس پڕبکاتەوە کە تێیدا دووپاتی دەکاتەوە رێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەری نایگرێتەوە، تاوانبار نەکراوە، ئەندامی هێزە ئەمنییەکان نییە، سەربەخۆیە و پابەندی بنەما ئەخلاقییەکان دەبێت. 9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، بڵاوی کردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد.
وەزیرى بەرگرى ئێران دەڵێت: بەهیوان دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا بگەنە ئەنجام، بەڵام ئەگەر واشنتۆن هەوڵبدات زیان بە تاران بگەیەنێت، لە ناوچەکە دەریان دەکەن. عەبدولعەزیز نەسیر زادە، وەزیرى بەرگریی و هێزە چەکدارەکانى ئێران لەدواى کۆبونەوەى حکومەت بە رۆژنامەنوسانى وتوە: "بەداخەوە بەشێک لە بەرپرسانى ئەمەریکا هەڕەشە دەکەن کە ئەگەر گفتوگۆکان لەبارەى پرسى ئەتۆمەوە نەگاتە ئەنجام ئەوا دۆخەکە ئاڵۆز دەبێت و گرژییەکانى نێوان ئەو دوو وڵاتە زیاتر پەرەدەسێنێت". وتویەتى: ئەوان بەهیوان دانوستانەکان بگەنە ئەنجام، بەڵام ئەگەر گفتوگۆکانیش ئەنجامیان نەبێت و ئاڵۆزییەکان دەستپێبکات ئەوا زیانەکانى ئەمەریکا زۆر زیاتر دەبێت لەو زیانەى ئێران دەیکات، چونکە ئەوان ناچاردەکرێن ناوچەکە جێبهێڵن. راشیگەیاندوە، ناوچەکە لەژێردەستی ئێراندایە دەتوانن لە تەواوى وڵاتەکانى ناوچەکەوە ئەمەریکا بەئامانج بگرن. لەبارەی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێراندا، نەسیرزادە جەختیکردوەتەوە رێگە بە هیچ سزایەکی سەربازی نادەن، هیچ دانوستانێکیش لەوبارەیەوە ناکەن. لەلایەکى دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا، لەگەل بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاگادارى کردوەتەوە کە پێی وایە چانسێک هەیە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و هەربۆیە لەم کاتەدا دژی هەنگاوی سەربازییە. هەروەها بەرپرسێکی ئیسرائیلی و بەرپرسێکی ئەمریکی پشتڕاستیان کردەوە کە پەیوەندییەکەی نێوان ترەمپ و نەتانیاهۆ چەند ڕۆژێک پێش ئەو وادەی دوو مانگەی ترەمپ بۆ گەیشتن بە ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن ئەنجامدراوە، ئەمەش بەپێی ئاکسیۆس. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاشکرای کردووە کە ناتانیاهۆ لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە 40 خولەکییەدا بە ترەمپی ڕاگەیاندووە، ئێرانییەکان شارەزان لە وەستان، هەر بۆیە دەبێت هەڕەشەیەکی سەربازی باوەڕپێکراویان بۆ بخرێتە بەردەمیان، بەپێی ئەو سەرچاوانە. سەرۆکی ئەمریکا بە نەتانیاهۆی ڕاگەیاندووە ئەویش لە هەڵسوکەوتى بەرپرسانى ئێران بێزارە، بەڵام پێی وایە دەتوانن ڕازی بکرێن بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێک بکەن و دەیەوێت بزانێت لە خولی داهاتووی دانوستانەکاندا بە گوێرەی ئەو بەرپرسانە بزانێت چی ڕوودەدات. لاى خۆیەوە، ئیسماعیل بەقائى، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران رایگەیاندوە، کە بڕیارە یەکشەممەى داهاتو دانوستانەکانیان لەگەڵ واشنتۆن دەستپێبکەنەوە و تارانیش لادانێکى لە پرسى ئەتۆم نەکردوە.
عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق دەڵێت: کۆی داهاتی پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ، یەک ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە. وائیلی، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە: دەروازە سنورییەكان و گومرگ و بەڕێوەبەرایەتییەکانیان، زیادبونێكی بەرچاویان لە رێژەی داهاتی گومرگی بەخۆوە بینیوە، رونیشكردووەتەوە: مانگی ئایار ئەمساڵ داهات گەیشتووەتە (274) ملیار دینار. ئاماژەی بەوەشکردووە: کۆی داهاتەکانی پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ یەک ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، كە بەراورد بە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو، زیادبونێکی بەرچاو دەبینین، بەجۆرێك داهاتەکانی پێنج مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو (700) ملیار دینار بووە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2023دا نزیکەی (300) ملیار دیناربووە. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتویەتی: گەیشتن بە یەک ترلیۆن دیناری عێراقی لە پێنج مانگی یەکەمدا، لە چوارچێوەی ستراتیژی زیادكردنی داهاتدا دێت، لەسەر بنەمای رێنماییەکانی حکومەت و رێکارەکانی چاودێری ئەلەكترۆنی لە دەروازەكان.
میدیا ئیسرائیلییەکان بڵاویانکردەوە، سوپای ئیسرائیل ئەنجامی لێکۆڵینەوەی خۆی لە بارەی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023 لە ڕاپۆرتێکدا بڵاودەکاتەوە. حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، خافڵگیرانە هێرشێکی فراوانی بۆ سەر بنکەی سەربازییەکان و کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکانی ئیسرائیل ئەنجامدا و بووە دەستپێکی جەنگێکی درێژخایەن لە کەرتی غەزەی فەلەستین و دواتر پەڕییەوە بۆ لوبنان و پریشکەکەی یەمەن و عێراق ئێرانیشی گرتەوە. بە گوێرەی ڕاگەیێنراوی سوپای ئیسرائیل، دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکان بەم شێوەیەیە: چەکدارە فەلەستینییەکان زانیارییان لەسەر شوێنی ماڵی ئەو بەرپرسە ئەمنییانەى ئیسرائیل هەبووە کە لە ياخين نیشتەجێبوون. زۆربەی ئەندامانی ژووری ئاگادارکردنەوەی یاخین، لە پێکدادانەکان لەگەڵ چەکدارانى بزووتنەوەی حەماس شەڕیان نەکردووە و ئەرکی خۆیان جێبەجێنەکردووە. دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستپێکردنی هێرشەکەى حەماس، هێزەکانی ئیسرائیل گەیشتوونەتە ياخين، بەڵام ژمارەیان کەم بووە. دوای هێرشەکەی حەماس، لەو کاتەوە ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە و تاوەکو ئێستا سەدان هەزار کەس لەو کەرتە کوژران و برینداربوون. ڕۆژی 2023-10-07، بزوتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنێکی دژی ئیسرائیل بە ناوی "تۆفانی ئەقسا" ڕاگەیاند و تێیدا پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی وڵاتەکە کرد، دواتر چەکدارانی حەماس دیوارە ئاسنینە زیرەکەکەی ئیسرائیلیان تێپەڕاند و هێرشیان کردە سەر ڤیستیڤاڵێکی میوزیک و هەزار و 200 کەس کوژران و سەدان کەسیشی بە بارمتە گرت، دوای نزیکەی دوو ساڵ سوپای ئیسرائیل لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکە ئاشکرا کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا، لەگەل بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاگادارى کردوەتەوە کە پێی وایە چانسێک هەیە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و هەربۆیە لەم کاتەدا دژی هەنگاوی سەربازییە. هەروەها بەرپرسێکی ئیسرائیلی و بەرپرسێکی ئەمریکی پشتڕاستیان کردەوە کە پەیوەندییەکەی نێوان ترەمپ و نەتانیاهۆ چەند ڕۆژێک پێش ئەو وادەی دوو مانگەی ترەمپ بۆ گەیشتن بە ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن ئەنجامدراوە، ئەمەش بەپێی ئاکسیۆس. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاشکرای کردووە کە ناتانیاهۆ لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە 40 خولەکییەدا بە ترەمپی ڕاگەیاندووە، ئێرانییەکان شارەزان لە وەستان، هەر بۆیە دەبێت هەڕەشەیەکی سەربازی باوەڕپێکراویان بۆ بخرێتە بەردەمیان، بەپێی ئەو سەرچاوانە. سەرۆکی ئەمریکا بە نەتانیاهۆی ڕاگەیاندووە ئەویش لە هەڵسوکەوتى بەرپرسانى ئێران بێزارە، بەڵام پێی وایە دەتوانن ڕازی بکرێن بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێک بکەن و دەیەوێت بزانێت لە خولی داهاتووی دانوستانەکاندا بە گوێرەی ئەو بەرپرسانە بزانێت چی ڕوودەدات. لەلایەکى دیکەوە وادەی شەشەمین خولی دانوستانەکان کە چاوەڕوان دەکرێت لە نێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوە و شاندی ئەمەریکایی بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمەریکا، سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ڕاگەیەنرا. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پێنجشەممەی داهاتوو گفتوگۆی نوێی ئەمەریکا و ئێران دەکرێت، بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لەو بابەتە ئاماژەی بەوە دا، پێدەچێت کۆبوونەوەکە ڕۆژی هەینی یان شەممە بکرێت. لەلایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو خولی شەشەم لە شاری مەسقەت بەڕێوە دەچێت." بەقایی گوتی: تاران بەم زووانە پێشنیازێک دەخاتە بەردەم لایەنی ئەمەریکی، لە ڕێگەی سەڵتەنەتی عوممانەوە.
لەگوندی بریجى سەربە پارێزگاى کەرکوک، لەکانێکدا چەند منداڵێک سەرقاڵى یاریکردن و ئاهەنگگێڕان بوون بەبۆنەى جەژنەوە، چەکدارێکی حەشدی شەعبی تەقەیان لێدەکات و بەوهۆیەوە منداڵێکی تەمەن 11 ساڵان بەناوی حەیدەر موهەنەد دەکوژرێت، ڕوداوەکە لە ڕۆژى سێشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2025 بووە. لە ماوەی دوو رۆژى ڕابردوودا بەهۆى ئەو ڕوداوەوە خەم و پەژارەیەکى زۆر باڵى بەسەر دانیشتوانى ئەو گوندەدا کێشاوە، ئەو گوندە کە دەکەوێتە قەزای حەویجە، دوێنێ سێشەممە، حەیدەرى تەمەن 11 ساڵانیان بەخاک سپارد. هاوکات بنەماڵەی قوربانییەکە و گوندەکانی دراوسێی داوایان لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و دەسەڵاتی دادوەری کردووە دەستوەردان بکەن و ڕێکاری یاسایی بگرنەبەر بە لەسێدارەدانی تاوانباران بە ئاشکرا بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو جۆرە ڕووداوانە دووبارە نەبنەوە. سەرچاوەیەکی ئەمنی پشتڕاستی کردەوە منداڵەکان ئاهەنگێکیان ڕێکخستبوو بۆ بەبۆنەی جەژنی قوربان و چێژوەرگرتن لە ژەمی ئێوارە لە شوێنێکی نزیک گوندەکە. باوکی منداڵەکە بەناوى موهەنەد، بە میدیای ناوخۆیی عێراقی وت: کوڕەکەم تەمەنی 11 ساڵە، لەلایەن چەکدارێکی حەشدی شەعبی لە گوندی 'بریج' لە نزیک بازگەی 'فەتحە' لە باشووری ڕۆژئاوای کەرکووک بریندار کرا و دواتر گیانی سپارد. گوتیشی: کوڕەکەم لەگەڵ چوار هاوڕێی خۆی لە نزیک بازگەکە یارییان دەکرد، کاتیك لەلایەن چەکدارێکی حەشدی شەعبی تەقەیان لێ کرا و بریندار کرا، دواتر دەگوازرێتەوە نەخۆشخانە، بەڵام لەوێ گیانی سپارد. بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئەمنی، هێزە ئەمنیەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕووداوەکە و دیاریکردنی هۆیەکەی کردووەتەوە. هەروەها چەکدارەکەی حەشدی شەعبیش دەستگیر کراوە کە خەڵکی ناوچەی شوعلەی بەغدایە. هاوکات وێنەی ئەو کوڕە گەنجە لە سۆشیال میدیادا ترێند بووە و زۆرێک لە عێراقییەکان پرسیاریان کردووە کە بۆچی حەیدەر کوژراوە. هەروەها زۆرێک لە تویتەرەکان وێنەی دوایین ژەمی ئێوارەیان بڵاوکردەوە کە منداڵەکان پێش ئەوەی فیشەکیان لێبدرێت ئامادەیان کردبوو.
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: پەرلەمان ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و نائاسایی دەکات بە مەبەستی تێپەڕاندنی خشتەی بودجەی عێراق، دەشڵێت: لە ماوەیەکی کەمدا حکومەت کارەکانی ئامادەکردنی خشتەی بودجە تەواو دەکات و پێشبینی دەکرێت لەم نزیکانەدا ڕەوانەی پەرلەمانی بکات. جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی كۆبونەوەی نائاسایی پەرلەمان و هۆكارەكەی بەمجۆرە بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت. ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: پەرلەمان ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و نائاسایی دەکات بە مەبەستی تێپەڕاندنی خشتەی بودجەی عێراق. دەشڵێت: لە ماوەیەکی کەمدا حکومەت کارەکانی ئامادەکردنی خشتەی بودجە تەواو دەکات و پێشبینی دەکرێت لەم نزیکانەدا ڕەوانەی پەرلەمانی بکات. وتیشی: تێپەڕاندنی خشتەی بودجە کاتێکی زۆر و گفتوگۆیەکی زۆری ناوێت، چونکە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ خشتەی ساڵی رابردوودا نییە. باسی لەوەشكرد: هەر دواکەوتنێکیش لە تێپەڕاندنی خشتەی بودجەدا کاریگەری لەسەر کاری حکومەت و پرۆژەکانی دەبێت.