شەرع: من و هەموو ئەوانەی سوریایان خۆشەوێت بڕیارمانداوە ئاوەدانى بکەینەوە
7 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکى کاتى سوریا ڕایدەگەیەنێت، ئامادەم تا ئەو ماوەیەى ژیانم ماوە تەرخانى بکەم بۆ ئەوەى سوریا بەهێز بێت و من و هەموو ئەوانەی سوریایان خۆشەوێت بڕیارمانداوە ئاوەدانى بکەینەوە.
لە کۆنفرانسی دەستپێشخەری وەبەرهێنانی داهاتوو لە ڕیازی پایتەختی سعودیە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە ماوەی 10 مانگی ڕابردوودا توانیویەتی 28 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی بیانی بۆ خۆی ڕابکێشێت.
شەرع جەختی لەوە کردەوە کە یاساکانی وەبەرهێنان لە سووریا هەموار کراونەتەوە بۆ ئەوەی ژینگەیەکی لەبارتر بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی بڕەخسێنن. یەکێک لە گرنگترین هەموارەکان، پێدانی مافی گواستنەوەی پارەیە بە وەبەرهێنەران بۆ دەرەوەی وڵات.
سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا ئاماژەی بەوەشکرد، "دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە سووریا زۆرن و لەلایەن ئابووریناسە پێشەنگەکانی جیهانەوە دانیپێدانراوە."
ئاشکراشی کرد کە پڕۆژەی وەبەرهێنانی هاوبەشیان لەگەڵ بەحرەین و ئوردن هەیە، جگە لەو وەبەرهێنانانەی کە لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە ئەنجامدراون.
