كەناڵی ١٢ى ئیسرائیل ئەمشەو بڵاویکردەوە بەرپرسێکی باڵا لە نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە: لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆدا بڕیارەکە دراوەو لەچەند رۆژى داهاتوو کەرتی غەززە بەتەواوى داگیر دەکەین. بەوتەى بەرپرسە باڵاکە حەماس هیچ بارمتەیەک بەبێ تەسلیمبوونی تەواوى ئیسرائیل ئازاد ناکات، ئێمەش تەسلیمى حەماس نابین، ئەمەش بە واتاى ئەوەدێت سوپا دەچنە ئەو ناوچانەش تا ئێستا ئیسرائیل خۆی بەدوور گرتووە لەوەى چالاکیی سەربازی تێدا ئەنجامبدات. کەناڵە لەزارى نوسینگەى ناتانیاهۆوە ئەوەشى گواستوەتەوە کە بڕیارى ئەوەدراوە کە ئەگەر ئێستا هەڵسوکەوت و دەستپێشخەرى نەکەین، بارمتەکان لە برسێتیدا دەمرن و غەززە لە ژێر کۆنترۆڵی حەماسدا دەمێنێتەوە. هاوكات کەناڵی (١٢)ی ئیسرائیل ئاشکرایکردووە: ناتانیاهۆ خواستی لە فراوانکردنی هێرشەكان و دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کەرتی غەززەیە. لای خۆیەوە، رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرانۆت" لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بڵاویكردووەتەوە: ئەگەر داگیرکردنی کەرتی غەززە بۆ سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئيسرائيل (ئیال زامیر) گونجاو نییە، با دەست لەکاربکێشێتەوە، وەك وەڵامێك بۆ زامیر، كە دژی داگیركردنی تەواوەتی كەرتی غەززەیە. ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەشکردووە: ئۆپەراسیۆنەكان ئەو ناوچانەش دەگرێتەوە کە بارمتەکانی لێیە. جەختیشانكردەوە: بڕیارەکە دراوەو بەرەو داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززە دەڕۆن. هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە: بڕیارە سبەی سێشەممە، ناتانیاهۆ کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام بدات و بڕیار لەسەر ئەو بابەتە بدات.

لە کۆبوونەوەی مانگانەی خۆیدا سەرکردەکانی ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزوور، کۆمەڵێک بڕیار و ڕێوشوێن و ڕێکار گیراونەتەبەر بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەلامەتی ناوچەکە و پاراستنی دانیشتووانى پارێزگاکە لەو مەترسیانەى دروستبوون. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزوور  کۆبوونەوەی ئاسایی مانگانەی خۆی ئەنجامدا و سەرجەم سەرکردەکانی ئەنجوومەنی سەربازی لە پارێزگاکە ئامادەبوون. کۆبوونەوەکە بۆ چاودێریکردنی پێشهاتە ئەمنی و مەیدانییەکانی ناوچەکە بووە. کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی فەرماندەی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور، ئەیاد تورکی ئەلخەبیل / ئەبو عەلی فولاد بەڕێوەچووە. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە ئامادەبووان باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی پارێزگای دێرەزوور کرد، دیارترینیان دۆخی ئەمنی و پەرەسەندنی مەترسییەکانی داعش بوو.  هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لەپەرەسەندنی چالاکیی شانە نوستوەکانى داعشیانکردوە کە لە هەندێک ناوچە ئەو گروپانە سودیان لەو بۆشاییە ئەمنییەکان وەرگرتووە کە لەناوچەکەدا هەیە. لە میانی کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک بڕیار و ڕێوشوێن و ڕێکاری پراکتیکی گیراونەتەبەر بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەلامەتی ناوچەکە و پاراستنی دانیشتووان لە مەترسییە پەرەسەندووەکان.  بەشداربووان جەختیان لە گرنگی هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان هەموو دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تەحەددایانە کردەوە. ئامادەبووان جەختیان لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان لە ماوەی داهاتوودا بۆ داخستنی بۆشاییە ئەمنییەکان و کارکردن بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لەناو پارێزگاکەدا کردەوە.

تۆم باراک، نوێنەری ئەمریکا لە دیمەشق، ڕۆژی دووشەممە داوای لە سوورییەکان کرد کە ناکۆکیەکانیان لە ڕێگەی وتووێژەوە چارەسەر بکەن و جەختی لەوە کردەوە کە واشنتۆن پشتیوانی لە یەکگرتوویی سووریا دەکات. ئەمەش لە پۆستێکی باراکدا هات لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس کە لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق دووبارە بڵاوکرایەوە و کۆمێنتێکی لەسەر ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سویدا و مەنبەجی سوریا نووسی. باراک لە پۆستەکەیدا دەڵێت: "دوێنێ (یەکشەممە) توندوتیژی تێکدەر لە سویدا و منبج سەریهەڵدا"، ئاماژەی بەوەشکرد "دیبلۆماسی و گفتوگۆ باشترین ڕێگایە بۆ وەستاندنی توندوتیژی و بنیاتنانی چارەسەرێکی ئاشتیانە و بەردەوام". هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو وڵاتەکەى (ئەمریکا) شانازى بەوەوەدەکات کە ڕۆڵى هەبووە لەئاگربەست و ڕیککەوتن لەسوەیدا لەنێوان حکومەت و گروپە چەکدارەکانى  ناوچەکە. ئەمە لەکاتێکدایە، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی هەسەدە دەڵێن: بەرەبەیانی ئەمڕۆ  هێزەکانی دیمەشق هێرشیان کردووەتە سەر چوار بنکەمان لە گوندی ئیمام، شەڕڤانانى هەسەدە لە 20 خولەکدا رووبەڕووی هێزەکانی حکومەتی سوریا بوونەتەوە. لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردووەتەوە، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات جەختى کردەوە  دووبارەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە هەڵکشانێکی بێپاساوە، هاوکات حکومەتی دیمەشق بەرپرسیارێتیی تەواوەتیی ئەم رەفتارانە دەزانێت. هەر لەو ڕاگەیەندراوەى هێزەکانى هەسەدەدا ئەوەش خراوەتەڕوو هێزەکانمان وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە و بەرگرییان لە پێگەی خۆیان کردووە، شەڕی بۆ ماوە 20 خولەک بەردەوام بووە. دەشلێن: دووپاتی دەکەینەوە، بەردەوانی ئەو هێرشانە جەبێتە هۆی درووست بوونی گرژی زیاتر و مەترسیی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە درووست دەکات. لەلایەکى دیکەوە ئێوارەی ڕۆژی شەممە، وەزارەتی بەرگری سوریا ڕایگەیاند، لە هێرشێکدا کە هێزەکانی سوریای دیموکراتی تۆمەتبار کردبوو ، لە لادێکانی منبج لە پارێزگای حەلەب (باکوور)، چوار سەرباز و سێ هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون. ڕۆژی دواتر، ئەندامێکی ئاسایشی سوریا کوژرا و کەسانی دیکەش برینداربوون لە هێرشەکانی ئەو گروپانەی کە دیمەشق بە "دەرەوەی یاسا" وەسفیان کردبوو لە لادێکانی سویدە (باشوور) , ئەمەش پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ئاگربەست بوو کە لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوودا گەیشتبووە ئەنجام.  

دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی بۆ مانگی ئابی 2025 دەستیپێکردوەو سەرۆکوەزیرانى عێراقیش، وەزارەتى دارایی فیدراڵى راسپارد، فەرمانى پلەبەرزکردنەوە و سەرەمووچەى ساڵانەى مووچەخۆران دەربکات. ئەمڕۆ دووشەممە، لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند سەرجەم رێکارەکانی پارەدارکردنی دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی دەستپێکراوە، بۆ ئەوەی لە رێگەی بانکە تایبەتمەندەکانەوە دابەش بکرێت.  هەروەها هاتووە: دواکەوتنی مووچەی خانەنشینان بەهۆی پشووی کۆتایی هەفتەی بانکەکانی دەرەوە بووە، کە ناردنی شایستە داراییەکانی فرۆشتنی نەوت دواکەوتووە، هەر ئەوەش بووەتە هۆی دوای کەوتنی حەواڵەکانی پارە کە تەنها لە رۆژانی دەوامی فەرمی ئەنجام دەدرێت. وەزارەتی دارایی دڵنیایی داوە لەوەی کە مووچەی ئەمساڵ بە تەواوەتی دەستەبەر کراوە و ئەو هەواڵانەی باس لە کەمی پارەی نەختینە دەکەن دوورە لە راستییەوە، داوا لە خانەنشینان دەکات لە ئەمڕۆوە چاودێریی ئاگادارکردنەوەی بانکەکان بکەن، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دابەشکردنی مووچە دەست پێدەکات و مووچەکانیان دەچێتە سەر ئەژمارەکانیان. لەلایەکى دیکەوە نووسینگەى راگەیاندنى سەرۆکوەزیرانى عێراق بڵاویکردەوە، سودانى، وەزارەتى دارایی راسپارد فەرمانى پلەبەرزکردنەوە و سەرەمووچەى ساڵانە دەربکات و بڕوانامەى بەدەستهاتوو لەکاتى خزمەت هەژمار بکرێت، لەپێناو پاراستنى پلەکانى رێکخستن و مافى بەدەستهاتوو بۆ سەرجەم فەرمانبەرانى دەوڵەت. هەروەها سەرۆکوەزیران، وەزارەتى دارایی فیدراڵى راسپارد بە هەژمارکردنى گۆڕانکارییەکان و مافى دارایی بەگوێرەى خشتەکانى خەرجى و ناونیشان و پلەى وەزیفى نوێ لە چوارچێوەى رێکارە یاساییەکاندا. وەزارەتى دارایی عێراق لە 17ـى کانوونى دووەمى ئەمساڵ رایگەیاند، ماف و شایستەى دارایی سەرجەم مووچەخۆران لە پلەبەزرکردنەوە و سەرەمووچە بەگوێرەى پارێزراوە و ئەو گشتاندنەى بە ژمارە 555  بۆ ساڵى 2025 کراوە بۆ راگرتنى خزمەتگوزارییەکانى گواستنەوە، پلە بەرزکردنەوە و هەژمارى خزمەتى گرێبەستەکان، رێکارێکى رێکخراوەییە و ساڵانە پشت دەبەستێت بە تەرخانکراوە داراییەکان. هەروەها حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ساڵى 2016ەوە پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى شارستانى راگرتووە. دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب لە عێراق لەکاتێکدایە، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تائێستا مووچەی مانگی حوزەیران (شەش)یان وەرنەگرتووە، دوای زیاتر لە 80 رۆژیش، رۆژی (25ـی تەمموزی 2025) مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەشکرا.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی هەسەدە دەڵێن: بەرەبەیانی ئەمڕۆ  هێزەکانی دیمەشق هێرشیان کردووەتە سەر چوار بنکەمان لە گوندی ئیمام، شەڕڤانانى هەسەدە لە 20 خولەکدا رووبەڕووی هێزەکانی حکومەتی سوریا بوونەتەوە. لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردووەتەوە، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات جەختى کردەوە  دووبارەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە هەڵکشانێکی بێپاساوە، هاوکات حکومەتی دیمەشق بەرپرسیارێتیی تەواوەتیی ئەم رەفتارانە دەزانێت. هەر لەو ڕاگەیەندراوەى هێزەکانى هەسەدەدا ئەوەش خراوەتەڕوو هێزەکانمان وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە و بەرگرییان لە پێگەی خۆیان کردووە، شەڕی بۆ ماوە 20 خولەک بەردەوام بووە دەشلێن: دووپاتی دەکەینەوە، بەردەوانی ئەو هێرشانە جەبێتە هۆی درووست بوونی گرژی زیاتر و مەترسیی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە درووست دەکات. هاوکات دووپاتى ئەوەدەکەنەوە کە حکومەتی دیمەشق بەرپرسیاری ئەو هەڵوسکەوتانەیە، لەبەیاننامەکەدا هاتووە: هێزەکانمان ئەمڕۆ لە هەرکاتێک زیاتر ئامادەن بۆ بەکارهێنانی مافی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە بەوپەڕی هێز و ئیرادەوە. هێزەکانمان وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە بەوشێوەیەی پێویست دەكات بۆ بەرگریکردن لە پێگەو شەڕڤانەكانیان، بەوهۆیەوە پێکدادان سەریهەڵدا کە بۆ ماوەی ٢٠ خولەک بەردەوام بوو.

سەرۆکی دەستەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان رایگەیاند، بۆ یەکەمجار و لە عێراق، تووشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە مووچەیان بۆ دەبڕدرێتەوە. رۆژنامەی سەباح رایگەیاند، حکومەتی عێراق لە هەوڵدایە مووچەی مانگانە بۆ تووشبوانی شێرپەنجە دابینبکات و بۆ ئەمە مەبەستەش لیژنەیەک پێکهێنراوە، ئەمەش یەکەمجارە هەوڵی بڕینەوەی مووچە بۆ ئەو چینە لە وڵاتەکە بدرێت. بریکاری وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵاتی عێراق بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، لیژنەیەکی تەندروستى و کارگێڕییان پێکهێناوە بۆ بەدواداچوونى دۆسیەى ئەو هاووڵاتییانەى تووشى نەخۆشى شێرپەنجە بوون تا لەنێو بەرنامەى چاودێریکردنى خاوەن پێداویستى تایبەتدا بە هاوکاریی وەزارەتى تەندروستى مووچەى تایبەتی مانگانەیان بۆ دابینبکرێت. ئەوەش هاتووە بۆ ئەو مەبەستە لە پارێزگاى کەربەلاوە دەستپێدەکەن و بەشێوازیی ریزبەندى و تەواوبوونى کارەکان سەرانسەرى عێراق دەگرێتەوە. ئەو بریکارەی وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵاتی عێراق باس لەوە دەکات، ئەم مووچەیە تەنها دەستبارێکە بۆ هاوکاریکردنی ئەو کەسانەى تووشى نەخۆشییەکە بوون و هیچ پەیوەندییەکی بە مووچەى دیکەوە نییە. هاوکات نە رۆژنامەکە و نە وەزارەتیش ئاماژەیان بە بڕی مووچەکە نەکردووە و ناشزانرێت تووشبوانى شێرپەنجەى هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە یان نا. بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی عێراق، 200 هەزار حاڵەتی شێرپەنجە لە وڵاتەکە بوونی هەیە و تەنها لە 2022 زیاتر لە 39 هەزار کەیسی نوێ تۆمارکراون. لە ساڵی 2023ش نزیکەی 10 هەزار حاڵەتی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.

وەزارەتی ناوخۆی سوریا، ڕایدەگەیەنێت گرووپە تاوانکارییەکان لە سوەیدا ئاگربەستیان شکاندوە، هاوکات  گروپە چەکدارەکانی سوەیداش بەوەتۆمەتبار دەکات خۆراک و هاوکارییەمرۆییەکان دەدزن بۆیە ناردنى ئەو کۆمەکانەیان ڕاگرتووە. ئەمڕۆ جارێکى دیکە دۆخی باشووری سوریا ئاڵۆزبویەو شەڕو پێکدادان دروستبوویەوەو تائیستاش دووکەس کوژراون، حکومەت و گروپە چەکدارەکانیش یەکترى بەوە تۆمەتباردەکەن کە ئاگربەست و رێککەوتنەکەیان پێشێلکردوە، ئەمەش وایکردوە حکومەتى دیمشق ڕێڕەوی مرۆیی بەسەر سوەیدا داخستووەو ڕێگەنادات هاوکاریەکان بگەنە ئەو پارێزگایە. لەبەیاننامەیەکیاندا وەزارەتی ناوخۆی سوریا دەلێن گرووپە تاوانکارییەکان لە سوەیدا هێرشیان کردوەتە سەر هێزە ئەمنییەکان، چەند ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان کوژران و بریندار بوون. وەزارەتى ناوبراو باس لەوەشدەکەن گرووپە چەکدارەکان بە پاڵنەری کەسیی سەرکردەکانیان دەیانەوێت پشێوی بنێنەوە، دەشڵێن: گرووپە چەکدارەکانی سوەیدا کۆمەک و هاوکارییەکان دەدزن. ئەم ئاڵۆزییەش هاوکات بوو لەگەڵ بەردەوامی لەشکرکێشیەکانی ئیسرائیل، کە هەڵکوتانە سەر گوندە سنوورییەکانی سوریا، هاوکات لەگەڵ هێرشی ئاسمانی لە باشووری سوریا. بەپێى ڕاپۆرتێکى ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانى مرۆڤ، ئەمڕۆ لەدوو ناوچەى جیاوازى لادێکانى پارێزگاى سوەیداى سوریا، گڕژى و پێکدادانی توندوتیژى نێوان گروپە چەکدارییەکان و ئەندامانی ئاسایشی ناوخۆى حکومەت دروستبووەو بەپێى ئامارێکى سەرەتایش دوو کەس کوژراوە و نۆ کەسی دیکەش برینداربوون. هەر بەپێى ئەو ڕاپۆرتە، یەکێک لە کوژراوەکانی شەڕەکەی سوەیدا هاووڵاتیی درووزە و ئەوەی دیکە لە هێزە ئەمنییەکانە، چەکدارانی درووز ناوچەی تەل حەدیدیان لە رۆژئاوای سوەیدا کۆنترۆڵکردووە. تەل حەدید شوێنێکی بەرزە لە لادێکانی ڕۆژئاوای سوەیدا، ڕووی لە ناوچە بەرفراوانەکانە، لەوانە شارۆچکەی ثعلە و ناوچەکانی دەوروبەری. هەروەها ڕووی لە ڕێگا گرنگەکانە ئەمەش وایکردووە ببێتە خاڵێکی سەرەکی کۆنترۆڵکردن بۆ ناوچەکانی دەوروبەری.

ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) ڕایگەیاند، بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا بۆ ٤ ملیۆن و ٢٢٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد دەکات، بەدەر لە پلانەکانی قەرەبووکردنەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوەکە کەئەمڕۆ یەکشەمە بڵاویکردەوە ئەوەدەخاتەڕوو پشکی ڕاستەقینەی عێراق لە مانگی ئەیلولدا 4 ملیۆن و 663 هەزار بەرمیل دەبێت لە ڕۆژێکدا، ئەمەش بە بەراورد بە مانگی ئاب 12 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیادیکردووە. ڕاپۆرتەکە ئەوەش باسدەکات ئەم زیادبوونە لە چوارچێوەی پلانی سوککردنی وردە وردە بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی خۆبەخشی زیادە دێت کە لە ساڵی 2023ەوە هەشت وڵات پابەندبوون پێیانەوە. ئەو هەشت ئەندامەی ئۆپێک+ کە بریتین لە وڵاتانی سعودیە، ڕووسیا، عێراق، ئیمارات، کوێت، کازاخستان، جەزائیر و عومان، پێشتر لە مانگەکانی نیسان و تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ دەستکاریی خۆبەخشی زیاتریان ڕاگەیاندبوو، لە ٣ی ئابی ٢٠٢٥ لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، بۆ پێداچوونەوە بە پێشهاتەکانی بازاڕی نەوت و ئاسۆکانی داهاتوو.

بەپێى ڕاپۆرتێکى ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانى مرۆڤ، ئەمڕۆ لەدوو ناوچەى جیاوازى لادێکانى پارێزگاى سوەیداى سوریا، گڕژى و پێکدادانی توندوتیژى نێوان گروپە چەکدارییەکان و ئەندامانی ئاسایشی ناوخۆى حکومەت دروستبووەو بەپێى ئامارێکى سەرەتایش دوو کەس کوژراوە و نۆ کەسی دیکەش برینداربوون. هەر بەپێى ئەو ڕاپۆرتە، یەکێک لە کوژراوەکانی شەڕەکەی سوەیدا هاووڵاتیی درووزە و ئەوەی دیکە لە هێزە ئەمنییەکانە، چەکدارانی درووز ناوچەی تەل حەدیدیان لە رۆژئاوای سوەیدا کۆنترۆڵکردووە. تەل حەدید شوێنێکی بەرزە لە لادێکانی ڕۆژئاوای سوەیدا، ڕووی لە ناوچە بەرفراوانەکانە، لەوانە شارۆچکەی ثعلە و ناوچەکانی دەوروبەری. هەروەها ڕووی لە ڕێگا گرنگەکانە ئەمەش وایکردووە ببێتە خاڵێکی سەرەکی کۆنترۆڵکردن بۆ ناوچەکانی دەوروبەری. لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، پێکدادان لەناوچەى میحوەری شارۆچکەی تەعلە دەستیپێکردەوە، دوای تۆپبارانکردنی ناوچەکە بە تۆپ و هاوەنی قورس کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی حکومەتەوە هەڵدرابوون. دەنگی تەقینەوە و تەقە لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی شاری سویدا بیستراوە. ڕوانگەی سوریا هۆشداری دەدات لە مەترسی بەردەوامی ئەم هێرشانە، کە مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی دروست دەکات و گرژیەکان لە پارێزگاکەدا زیاد دەکات. داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنی سەرچاوەکانی ئاگرەکە و لێپرسینەوە لە بەرپرسان. ئەمەش ژمارەی کوژراوان لە بەیانی یەکشەممە ١٣ی تەمموزەوە لە ئەنجامی پێکدادانەکان و لەسێدارەدانی مەیدانی و تۆپبارانی ئیسرائیل بۆ هەزار و ٤٩٢ کەس بەرز دەکاتەوە، کە بەم شێوەیە دابەشکراون.

محەمەد شیاع سودانى، سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بە هیچ هۆکارێک هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دواناخەن، جەختیشیکردەوە، لەوادەی خۆیدا ئەنجامدەدرێت. نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی لە کاتی سەردانکردنی بۆ پارێزگای سەڵاحەدین و بەسەرکردنەوەی چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاریی باسى پرۆسەى هەڵبژاردنى کردووە و رایگەیاندووە، هەڵبژاردن لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا دەبێت ‌و حكومەت پابەندە بە ئامادەكردنی مەرجەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لە وادەی دیاریكراوی خۆیان ودابینكردنی كەشێكی سەلامەت و سەقامگیر بۆ دەنگدەران و كاندیدەكان. سودانى هەر لە قسەکانى باسى چەند پرسێکى دیکەى کردووە و ئەوەشى راگەیاندووە، ئەمڕۆ واقیعێكی نوێیان بۆ عێراق هەیە، ئامانجیان پێشكەوتنە بۆ دەوڵەتێكی باشتر لەڕێگەی پڕۆژەی ستراتیژییەوە، لە پێشەنگییان پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانە. ئاماژەى بەوەش کردووە، سەرەڕای ماوەی كورتی ئەم حكومەتە، بناغەیەكی تۆكمەیان داناوە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێك بەو سەرچاوە وتوانایانەی، كە ژیانێكی شایستە بۆ گەلەكەیان دابین بكات. پێشتریش لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش رایگەیاند، ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە، کە باس لە دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن و رایگەیاند، وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق جێگیرە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت. بڕیارە 11ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، بۆ ئەم مەبەستەش کۆمسیۆن بەپێی خشتەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن، دەستی بە جێبەجێکردنی رێکار و ئامادەکارییەکان کردووە.

بەیانی ئەمڕۆ دوو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری سووتەمەنی چوونە ناو کەرتی غەززە بۆ یەکەمجار لە ماوەی پێنج مانگداـ ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ چونە ناوەوەى بارهەڵگرەکانی فریاگوزاری بۆ ناو کەرتی غەززە لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفەحەوە. دەیان بارهەڵگر کە هاوکارییە مرۆییەکانی مانگی سوری میسر و نەتەوە یەکگرتووەکانیان هەڵگرتبوو، بۆ ئامادەکاری بۆ چوونە ژوورەوە، ڕیزیان گرتووە. لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، سەرچاوە پزیشکییەکان باسیان لەوە کردووە کە لە ئەنجامی تۆپبارانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٦٢ فەلەستینی کوژراون. لە ئۆردوگاکانی ئاوارەیی باکووری غەززە، خەڵکی غەززە بۆ وەرگرتنی یارمەتی و زیندوو ڕاگرتنی منداڵەکانیان چەندین کاتژمێر چاوەڕوانى دەکەن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مشتومڕی لەسەر هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ غەززە دروستکردووە، چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەمریکا 60 ملیۆن دۆلاری بۆ پاڵپشتیکردنی خۆراک لە کەرتی غەززە دابینکردووە، لەکاتێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە تەنها 30 ملیۆن دۆلار تەرخانکراوە.  بەپێی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، بەشێکی کەم لەو بڕە پارەیە، بە تایبەتی 3 ملیۆن دۆلار (10%) بۆ دامەزراوەی مرۆیی غەززە (GHF) خەرجکراوە، کە سیستەمێکی دابەشکردنی خۆراکە و لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پشتگیری دەکرێت. لەلایەکى دیکەوە سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، دوێنێ ئیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل سەردانی سەربازانی سوپای وڵاتەکەی کرد لە کەرتی غەززە.    سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لەو سەردانەدا ئیال بە سەربازانی وڵاتەکەی راگەیاند، "پێشبینی دەکەم کە لە چەند رۆژی داهاتوودا بزانین کە ئایا دەگەینە رێککەوتن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان یاخود نا." دەشڵێت، ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، "جەنگ بێوچان بەردەوام دەبێت."   رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئەویش ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەوینی بۆ سەر کەرتی غەززە راگەیاند. بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، لەو هێرشەیدا حەماس 251 کەسی بە بارمتە گرت و هێشتا 49یان لەلای گرووپەکە ماون کە 27یان گیانیانلەدەستداوە یان کوژراون.    هەڕەشەکەی سوپاسالاری ئیسرائیل لەکاتێکدایە گفتوگۆکانی ئاگربەست نزیکن لە شکستهێنان، ئەمە دوای ئەوەی رۆژی 24ـی تەممووزی 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "بڕیاری کشانەوەی تیمەکەمان لە دەوحە بۆ راوێژکردن دا، دوای وەرگرتنەوەی دوایین وەڵامی حەماس کە بە روونی پشانی دەدات گرووپەکە ویستی ئاگربەستی لە غەززە نییە". 

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە بەیاننامەیەكدا، ئەو بانگەشانە رەتدەکاتەوە کە لەلایەن كارگێڕی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگری حکومەتی سوریا بڵاوكراوەتەوە، سەبارەت بەوەی گوایە پێگەکانی لەلایەن هێزەکانمانەوە روبەڕوی هێرش بووەتەوە، بەپێچەوانەوە گروپە نا ڕێخراوەكان (بێ دیسپلینەکان) کە لە چوارچێوەی ریزەکانی هێزەکانی حکومەتی سوریادا کاردەکەن، ئەوانەن بەردەوامن لە دوژمنكارییە دووبارەکانیان لەشوێنەكانی بەرکەوتن لە ناوچەی دێرحافر، هەروەك ئەوەی ئێوارەی دوێنێ شەممە روویدا، کاتێک ئەم گروپانە بەبێ پاساو زیاتر لە دە گولە تۆپیان ئاڕاستەی شوێنی نیشتەجێبونی هاوڵاتیانیان كرد، لە بەرامبەردا هێزەکانمان مافی تەواوی خۆیان لە بەرگریکردن و وەڵامدانەوەی سەرچاوەی هێرشەكان بەکارهێناوە. لە بەشێكی تری بەیاننامەكەی هەسەدەدا هاتووە: هەوڵەکانی وەزارەتی بەرگری بۆ شێواندنی راستییەکان و چەواشەکردنی رای گشتی خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیری ناکات، لەكاتێكدا هێزەکانمان لە بەرامبەر هێرش و ئیستفزازە دووبارەبووەکانی ئەو گروپان ئەوپەڕی دانبەخۆگرتنی نیشانداوە، بەتایبەت كە ئەم گروپانە لە ماوەی رابردوودا بەردەوام بوون لە هەڵکەندنی خەندەق و گواستنەوەی چەکدارەکان، بەمەش نیازی خۆیان بۆ هەڵكشاندنی دۆخەكە سەلەماندووە. هەسەدە دەشڵێت: لە کاتێکدا ئێمە جەخت لەسەر پێویستی رێزگرتن لە هێوربونەوەی دۆخەكە دەکەینەوە، داوا لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی سوریا دەکەین بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و، کۆنترۆڵی ئەو گروپە بێ دیسپلینانە بكەن کە لە ژێر کۆنترۆڵیاندا کاردەکەن. بەیاننامەكەی هەسەدە دوای ئەوەدێت،  وەزارەتی بەرگری سوریا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: هێزەکانی سوریای دیموكرات بە شێوەیەکی نابەرپرسیارانە و بە هۆکارێکی نادیار، هێرشی موشەکیان ئەنجامداوە، كە ماڵی هاوڵاتیانی لە گوندی "ئەلکەیاریە" و دەوروبەری  گوندەواری منبج کردووەتە ئامانج، کە بووەتە هۆی برینداربوونی 4 ئەندامی سوپا و 3 هاوڵاتی مەدەنی و هێزەکانی سوپا وەڵامی سەرچاوەی ئەو هێرشانەیان داوەتەوە.

ستیڤ ویتکۆف نێردەى تایبەتى ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست رایگەیاند، بزووتنەوەى حەماس بۆ دانانی چەک نەرمیی نواندووە و نەتانیاهۆش پابەند دەبێت بە کۆتاییهێنان بە جەنگی غەزە. رۆژنامەى “هائارتس”ـی ئیسرائیلی لە زاری ستیڤ ویتکۆف بڵاویکردووەتەوە، لەئێستادا پلانیان هەیە کۆتایی بە جەنگی ئیسرائیل و حەماس بهێنن، دەشڵێت، حەماس لەبارەى پرسى چەکدانانەوە نەرمى نواندووە. نێردەکەى ئەمریکا باسى لەوەشکردووە، ئامانجیانە لە یەک رێککەوتندا تەواوى بارمتەکان ئازاد بکرێن و تا ئەوکارەش نەکرێت سەرکەوتن بوونى نابێت. هەروەها ویتکۆف ئەوەشى ئاشکراکردووە، هەوڵێکى هاوبەشى ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە بۆ ئاسانکاریکردن لە گەیاندنى هاوکاریییە مرۆییەکان بۆ کەرتى غەزە. ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە زیادی کرد: دانوستانەکان وەستاون و لە دوای کشانەوەی شاندەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە دەوحە وەستاون. ڕۆژنامەکە هەروەها لە زاری نێوەندگرانەوە ڕایگەیاندووە کە ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکان هێشتا دەتوانرێت چارەسەر بکرێت، سەرەڕای وەڵامدانەوەی حەماس کە "پێشکەوتنی بەدەست هاتووی خاوکردەوە". لاى خۆشیەوە بزووتنەوەی حەماس ئەو قسانە ڕەتدەکاتەوەو دەڵێن: سەردانەکەی ویتکۆف بۆ ناوەندی دابەشکردنی یارمەتییەکان، شانۆگەرییەکى پێشوەختە بوو. ئامانجی سەردانەکە چەواشەکردنی بیروڕای گشتی و پۆلیشکردنی وێنەی داگیرکاری و دابینکردنی بەرگێکی سیاسی بۆ شاردنەوەى برسێتیەکەی بوو، ئیدارەی ئەمریکا هاوبەشێکی تەواوە لە تاوانی برسێتی و جینۆساید. لەلایەکى دیکەوە بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاندوە، حەماس "هیچ هۆکارێکی نییە بۆ دانوستان" لەسەر شەڕی کەرتی غەززە. ڕۆژنامەکە لە زاری ویتکۆڤەوە لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە تەلئەبیب لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیلییەکان، ڕایگەیاندووە "برسێتی لە غەززەدا نییە"، ئاماژەی بەوەشکردووە "پلانەکە فراوانکردنی شەڕەکە نییە، بەڵکو کۆتاییهێنانە بەو شەڕە". ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا دەبێت گفتوگۆکان لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕ و گەڕاندنەوەی هەموو بارمتەکان چڕبکرێنەوە، نەک گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بەشەکی. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە ویتکۆڤ  لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی بنەماڵەی دیلەکانی ئیسرائیل لە تەلئەبیب وتی: بەبێ گەڕانەوەی هەموو بارمتەکان هیچ سەرکەوتنێک بەدی نایەت. جەختیشی لەوە کردەوە کە هیچ کەسێک نایەوێت شەڕی غەززە فراوانتر بکات، هەروەها هەمووان دەیانەوێت کۆتایی پێبێت.

  سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە زیندانی ئەدیرنەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای ئاشتی و یەکسانیی بۆ تورکیا کرد. دەمیترتاش دەڵێت، جگە لە چەکدانان هیچ رێگەیەکی دیکە نیە بۆ ئاشتی لە تورکیا. عومەر فاروق پەرلەمانتاری دەم پارتی دوای سەردانی بۆ زیندان و چاوپێکەوتنی دەمیرتاش، پەیامەکەی لە هەژماری سۆشیال میدیای خۆی بڵاوکردەوە. دەمیرتاش لە پەیامەکەیدا گوتوویەتی هەمووان بە بێ ماندووبوون بەردەوام دەبین لە خەبات بۆ دادپەروەری راستەقینە، یەکسانی و دیموکراسی و بەردەوام دەبین لە گوتنەوەی ئاشتی. دەمیرتاش هیوای داهاتوویەکی باشتری بۆ تورکیا خواستووە و گوتوویەتی بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکانی بۆ هەمیشەییکردنی ئاشتی. دەمیرتاش لە پەیامەکەیدا هیواخوازە، بە ئاشتی لاپەڕەیەکی نوێ لە تورکیا بکرێتەوە و زەمینەیەکی زۆر بەهێزتر بۆ بونیاتنانی داهاتوویەکی رووناک پێکەوە دروستبێت.  

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کورستان -کەجەکە، ڕایدەگەیەنێت درووسترین چارەسەر بۆ دەوڵەتی عێراق ئەوەیە پرسی شنگال لەسەر بنەمای مسۆگەرکردنی خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستنی گەل چارەسەر بکرێت. کەجەکە قووربانیانی کۆمەڵکووژی ٣ـی ئابـی بە بیرهێنایەوە و ڕایگەیاند، مێژوو نەک بە تەنها کۆمەڵکووژی، هاوکات بەرخۆدانی گەلی شنگالیشی نووسییەوە، ئەم بەرخۆدانە بە پێشەنگایەتی گەنجان و ژنان لە ڕێگەی پڕۆسەی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”ـەوە گەلی ئێزدی بەرەو ئازادی دەبات. هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کورستان -کەجەکە، لە ١١هەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ـی ئابی ٢٠١٤ـی سەر شنگال، کە چەتەكانی داعش بە دڕندانەترین شێوە لەسەر کۆمەڵگەی ئێزدی ئەنجامیاندا، ڕاگەیانداوێکی بڵاوکردەوە. دەقی بەیاننامەکەی هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کورستان -کەجەکە بەم شێوەیەیە: “ماوەی ١١ ساڵ بەسەر کۆمەڵکووژی شنگال تێپەڕدەبێت، کە لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤دا لە لایەن چەتەکانی داعشەوە ئەنجام درا و لە لایەن گەلی ئێزدییەوە وەک فەرمانی ٧٤هەمین ناو دەهێندرێت. وێڕای ئەوەی ١١ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەدا تێپەڕبووە، هێشتایش ژانی ئەم کۆمەڵکوژییە کە گەلی ئێزدی ئەزموونی کردووە زیندووە و برینەکانی ساڕێژ نەبووە. ڕووداوێک کە گەلی ئێزدی لە ٣ـی ئابدا لە شنگال ئەزموونی کرد، دڵی مرۆڤ ئازار دەدات، بەشێوەیەک دڵتەزێن و شەرمهێنەر و بەرگەنەگیراوە. بە هەزاران ئێزدی کوژران، بە هەزاران ژن ڕفێندران و لە بازارەکاندا وەک کۆیلە مامەڵەیان پێوەکرا، دووچاری دەستدرێژی کرانەوە، ماڵ و موڵکی ئێزدییەکان تاڵان کرا، بە سەدان مرۆڤ، منداڵ و پیرەمێرد لە ترسی کۆمەڵکووژیی هەڵهاتنە چۆڵەوانییەکان و بە هۆی برسێتی و تینوویەتییەوە گیانیان لە دەستدا. هێشتاش بە هەزاران ژنی ئێزدی بێسەروشوێنن، بەدەیان گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵنەدراونەتەوە. ئەو ڕووداوەی گەلی ئێزدی لە سەدەی بیست و یەک کە مرۆڤایەتی بە پێشکەوتنەکانییەوە شانازی دەکات، بە هەموو شێوەیەک بووە شەرمەزاری مرۆڤایەتی. جارێکی دیکە کۆمەڵکووژی شنگال شەرمەزار دەکەینەوە، کە یەکێکە لە دڕندەترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژووی مرۆڤایەتی.  هەروەها داعش و هەموو ئەو هێزانە شەرمەزار دەکەین کە پاڵپشتییان دەکردن.  بە ڕێز و حورمەتەوە قوربانیانی کۆمەڵکوژی شنگال یاد دەکەینەوە و دیسانەوە دیاری دەکەین لە قوڵای دڵەوە ئازاری گەلی شنگال دەکێشین و هەمووکاتێک لەسەر ڕێگەی تێپەڕاندنی فەرمانەکان و پێکهێنانی ئازادییان هاوشانیان دەبین. بەداخەوە پێشمەرگەکانی پەدەکە و سوپای عێراق کە بەرپرسیاری ئاسایشی شنگال بوون، گەلی شنگالیان بۆ داعش جێهێشت و ئەمەش بووە هۆکاری لێکەوتنەوەی تراژیدیایەکی گەورە. وێڕای هەموو ئەم ئازارانە، ڕەخنەکردن و لێپرسینەوەیەکی کردەیی ئەنجام نەدراوە، بەڵام پێویستە بزانرێت پەڕەکانی مێژوو ئەم دڕندەی و شەرمەزارییە مەزنەی تۆمار کردووە. داعش و هێزەکانی پشتەوەیان ئامانجیان بوو بە تەواوەتی گەلی ئێزدی لەناوبەرن، بەڵام ئەم پلانە لە سایەی دەستوەردانی مێژوویی گرووپێکی کەمی گەریلا لە چیاکانی شنگال و بەرخۆدانی گەلی شنگال، بە تایبەت ژنان و گەنجان بەتاڵ کرایەوە. هێرشە قڕکارییەکە لە ئەنجامی بەرخۆدانی گەریلا و گەلی شنگال بە تەواوەتی پوچەڵ کرایەوە و بە سەدان ڕۆڵەی ئێزدی لە بەرەی بەرخۆدانی دژ بە داعشدا هاوشانی گەریلا جێگەیان گرت و شەهید بوون. بەڕێز و حورمەتەوە یادی گەریلا و کچ و کوڕە ئێزدییەکان شەهیدبووەکان دەکەیەنەوە  و لەئاست بیرهێنانەوەیاندا بەژنمان دادەنەوێنینەوە. ئەم هەڵوێست و هێڵی تێکۆشانە شکۆمەنددارە نەک بە تەنها ڕێگەی لە کۆمەڵکووژییەکی مەزن گرت، هاوکات بناغەی هەبوونی گەلی شنگالی بە زمان، باوەڕ، چاند و ناسنامەی خۆیەوە هێنایەئاراوە و پەرەی بە خۆپاراستنێک دا کە جارێکی دیکە کۆمەڵکووژییان بەسەردا نەیتەوە. تێکۆشانی گەلی شنگال، کە دووچاری کۆمەڵکوژی ببوونەوە و ئەزموونی ئازارێکی مەزنی کرد، بۆئەوەی جارێکی دیکە دووچاری کۆمەڵکووژی لەو شێوەیە نەیەتەوە، زۆر مافدار و ڕەوایە. لەگەڵ ئەوەی دۆزی خۆپاراستن و خۆبەڕێوەبردنی گەلی شنگال جێگەی نەگرتووە، بە تایبەت لەدژی ڕاوەستەکردن جێگەی قبوڵ کردن نییە و بەهیچ شێوەیەک وەک نیازپاکی شرۆڤە ناکرێت. گەلی ئێزدی لە تەواوی مێژوودا بە هۆی ناسنامە و باوەڕەکەیەوە دووچاری کۆمەڵکووژی بووەتەوە، لە ئێستادا بوونە خاوەن خۆبەڕێوەبەرییەک و هێزی خۆپارێزی پێشلکردنی مافی هیچ کەسێک نییە. بەتەواوەتی خواستێکی ڕەوایە، پێداویستییەکی سرووشتی مرۆڤبوون و کۆمەڵگەیبوونە. دژایەتیکردنی خواستەکانی گەلی شنگال هیچ بنەمایەکی ڕەوا، یاسایی، مافدار و کۆمەڵایەتی نییە. بە پێچەوانەوە خواستەکانی گەلی شنگال لە ڕووی یاسای نێونەتەوەیی، یاسا و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، لە ڕووی بەها گەردوونییەکانی مرۆڤایەتی، ئەخلاق و ویژدانییەوە پێویستە پشتوانیکردنە. درووسترین چارەسەر بۆ دەوڵەتی عێراق ئەوەیە پرسی شنگال لەسەر بنەمای مسۆگەرکردنی خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستنی گەل چارەسەر بکرێت. ڕێگەی درووست چارەسەرکردنی لەم شێوەیەیە هاوکات پێویستییەکی دەستووری بنەڕەتی عێراقە. جارێکی دیکە قوربانییەکانی کۆمەڵکوژی ٣ـی ئاب بەبیردەهێنینەوە و لە قوڵای دڵەوە سڵاو لە گەلی گەلی شنگال دەکەین کە لەبەرانبەر ئەم هێرشە دڕندانەیە بەرەنگار بوونەوە و خۆیان پاراست. مێژوو نەک بە تەنها کۆمەڵکوژی، هاوکات بەرخۆدان و قارەمانێتی گەلی شنگالیشی نووسییەوە. لەوباوەڕەداین ئەم بەرخۆدانە بە پێشەنگایەتی گەنج و ژنان لە ڕێگەی پرۆسەی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”ەوە گەلی ئێزدی بەرەو ئازادی دەبات.”