حـ.ـەمـ.ـاس بۆ دانانى چەک نەرمیی نواندووە

5 كاتژمێر لەمەوپێش
ستیڤ ویتکۆف نێردەى تایبەتى ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست رایگەیاند، بزووتنەوەى حەماس بۆ دانانی چەک نەرمیی نواندووە و نەتانیاهۆش پابەند دەبێت بە کۆتاییهێنان بە جەنگی غەزە.
رۆژنامەى “هائارتس”ـی ئیسرائیلی لە زاری ستیڤ ویتکۆف بڵاویکردووەتەوە، لەئێستادا پلانیان هەیە کۆتایی بە جەنگی ئیسرائیل و حەماس بهێنن، دەشڵێت، حەماس لەبارەى پرسى چەکدانانەوە نەرمى نواندووە.
نێردەکەى ئەمریکا باسى لەوەشکردووە، ئامانجیانە لە یەک رێککەوتندا تەواوى بارمتەکان ئازاد بکرێن و تا ئەوکارەش نەکرێت سەرکەوتن بوونى نابێت.
هەروەها ویتکۆف ئەوەشى ئاشکراکردووە، هەوڵێکى هاوبەشى ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە بۆ ئاسانکاریکردن لە گەیاندنى هاوکاریییە مرۆییەکان بۆ کەرتى غەزە.
ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە زیادی کرد: دانوستانەکان وەستاون و لە دوای کشانەوەی شاندەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە دەوحە وەستاون. ڕۆژنامەکە هەروەها لە زاری نێوەندگرانەوە ڕایگەیاندووە کە ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکان هێشتا دەتوانرێت چارەسەر بکرێت، سەرەڕای وەڵامدانەوەی حەماس کە "پێشکەوتنی بەدەست هاتووی خاوکردەوە".
لاى خۆشیەوە بزووتنەوەی حەماس ئەو قسانە ڕەتدەکاتەوەو دەڵێن: سەردانەکەی ویتکۆف بۆ ناوەندی دابەشکردنی یارمەتییەکان، شانۆگەرییەکى پێشوەختە بوو.
ئامانجی سەردانەکە چەواشەکردنی بیروڕای گشتی و پۆلیشکردنی وێنەی داگیرکاری و دابینکردنی بەرگێکی سیاسی بۆ شاردنەوەى برسێتیەکەی بوو، ئیدارەی ئەمریکا هاوبەشێکی تەواوە لە تاوانی برسێتی و جینۆساید.
لەلایەکى دیکەوە بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاندوە، حەماس "هیچ هۆکارێکی نییە بۆ دانوستان" لەسەر شەڕی کەرتی غەززە.
ڕۆژنامەکە لە زاری ویتکۆڤەوە لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە تەلئەبیب لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیلییەکان، ڕایگەیاندووە "برسێتی لە غەززەدا نییە"، ئاماژەی بەوەشکردووە "پلانەکە فراوانکردنی شەڕەکە نییە، بەڵکو کۆتاییهێنانە بەو شەڕە".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا دەبێت گفتوگۆکان لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕ و گەڕاندنەوەی هەموو بارمتەکان چڕبکرێنەوە، نەک گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بەشەکی.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە ویتکۆڤ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی بنەماڵەی دیلەکانی ئیسرائیل لە تەلئەبیب وتی: بەبێ گەڕانەوەی هەموو بارمتەکان هیچ سەرکەوتنێک بەدی نایەت.
جەختیشی لەوە کردەوە کە هیچ کەسێک نایەوێت شەڕی غەززە فراوانتر بکات، هەروەها هەمووان دەیانەوێت کۆتایی پێبێت.
