دواى پێنج مانگ دوو بارهەڵگر سووتەمەنی دەچنە ناو غەززە

6 كاتژمێر لەمەوپێش
بەیانی ئەمڕۆ دوو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری سووتەمەنی چوونە ناو کەرتی غەززە بۆ یەکەمجار لە ماوەی پێنج مانگداـ ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ چونە ناوەوەى بارهەڵگرەکانی فریاگوزاری بۆ ناو کەرتی غەززە لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفەحەوە.
دەیان بارهەڵگر کە هاوکارییە مرۆییەکانی مانگی سوری میسر و نەتەوە یەکگرتووەکانیان هەڵگرتبوو، بۆ ئامادەکاری بۆ چوونە ژوورەوە، ڕیزیان گرتووە.
لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، سەرچاوە پزیشکییەکان باسیان لەوە کردووە کە لە ئەنجامی تۆپبارانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٦٢ فەلەستینی کوژراون.
لە ئۆردوگاکانی ئاوارەیی باکووری غەززە، خەڵکی غەززە بۆ وەرگرتنی یارمەتی و زیندوو ڕاگرتنی منداڵەکانیان چەندین کاتژمێر چاوەڕوانى دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مشتومڕی لەسەر هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ غەززە دروستکردووە، چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەمریکا 60 ملیۆن دۆلاری بۆ پاڵپشتیکردنی خۆراک لە کەرتی غەززە دابینکردووە، لەکاتێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە تەنها 30 ملیۆن دۆلار تەرخانکراوە.
بەپێی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، بەشێکی کەم لەو بڕە پارەیە، بە تایبەتی 3 ملیۆن دۆلار (10%) بۆ دامەزراوەی مرۆیی غەززە (GHF) خەرجکراوە، کە سیستەمێکی دابەشکردنی خۆراکە و لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پشتگیری دەکرێت.
لەلایەکى دیکەوە سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، دوێنێ ئیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل سەردانی سەربازانی سوپای وڵاتەکەی کرد لە کەرتی غەززە.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لەو سەردانەدا ئیال بە سەربازانی وڵاتەکەی راگەیاند، "پێشبینی دەکەم کە لە چەند رۆژی داهاتوودا بزانین کە ئایا دەگەینە رێککەوتن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان یاخود نا." دەشڵێت، ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، "جەنگ بێوچان بەردەوام دەبێت."
رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئەویش ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەوینی بۆ سەر کەرتی غەززە راگەیاند. بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، لەو هێرشەیدا حەماس 251 کەسی بە بارمتە گرت و هێشتا 49یان لەلای گرووپەکە ماون کە 27یان گیانیانلەدەستداوە یان کوژراون.
هەڕەشەکەی سوپاسالاری ئیسرائیل لەکاتێکدایە گفتوگۆکانی ئاگربەست نزیکن لە شکستهێنان، ئەمە دوای ئەوەی رۆژی 24ـی تەممووزی 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "بڕیاری کشانەوەی تیمەکەمان لە دەوحە بۆ راوێژکردن دا، دوای وەرگرتنەوەی دوایین وەڵامی حەماس کە بە روونی پشانی دەدات گرووپەکە ویستی ئاگربەستی لە غەززە نییە".
