هەسەدە: وەزارەتی بەرگری هەوڵی شێواندنی راستیەكان دەدات

2 كاتژمێر لەمەوپێش
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە بەیاننامەیەكدا، ئەو بانگەشانە رەتدەکاتەوە کە لەلایەن كارگێڕی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگری حکومەتی سوریا بڵاوكراوەتەوە، سەبارەت بەوەی گوایە پێگەکانی لەلایەن هێزەکانمانەوە روبەڕوی هێرش بووەتەوە، بەپێچەوانەوە گروپە نا ڕێخراوەكان (بێ دیسپلینەکان) کە لە چوارچێوەی ریزەکانی هێزەکانی حکومەتی سوریادا کاردەکەن، ئەوانەن بەردەوامن لە دوژمنكارییە دووبارەکانیان لەشوێنەكانی بەرکەوتن لە ناوچەی دێرحافر، هەروەك ئەوەی ئێوارەی دوێنێ شەممە روویدا، کاتێک ئەم گروپانە بەبێ پاساو زیاتر لە دە گولە تۆپیان ئاڕاستەی شوێنی نیشتەجێبونی هاوڵاتیانیان كرد، لە بەرامبەردا هێزەکانمان مافی تەواوی خۆیان لە بەرگریکردن و وەڵامدانەوەی سەرچاوەی هێرشەكان بەکارهێناوە.
لە بەشێكی تری بەیاننامەكەی هەسەدەدا هاتووە: هەوڵەکانی وەزارەتی بەرگری بۆ شێواندنی راستییەکان و چەواشەکردنی رای گشتی خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیری ناکات، لەكاتێكدا هێزەکانمان لە بەرامبەر هێرش و ئیستفزازە دووبارەبووەکانی ئەو گروپان ئەوپەڕی دانبەخۆگرتنی نیشانداوە، بەتایبەت كە ئەم گروپانە لە ماوەی رابردوودا بەردەوام بوون لە هەڵکەندنی خەندەق و گواستنەوەی چەکدارەکان، بەمەش نیازی خۆیان بۆ هەڵكشاندنی دۆخەكە سەلەماندووە.
هەسەدە دەشڵێت: لە کاتێکدا ئێمە جەخت لەسەر پێویستی رێزگرتن لە هێوربونەوەی دۆخەكە دەکەینەوە، داوا لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی سوریا دەکەین بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و، کۆنترۆڵی ئەو گروپە بێ دیسپلینانە بكەن کە لە ژێر کۆنترۆڵیاندا کاردەکەن.
بەیاننامەكەی هەسەدە دوای ئەوەدێت، وەزارەتی بەرگری سوریا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: هێزەکانی سوریای دیموكرات بە شێوەیەکی نابەرپرسیارانە و بە هۆکارێکی نادیار، هێرشی موشەکیان ئەنجامداوە، كە ماڵی هاوڵاتیانی لە گوندی "ئەلکەیاریە" و دەوروبەری گوندەواری منبج کردووەتە ئامانج، کە بووەتە هۆی برینداربوونی 4 ئەندامی سوپا و 3 هاوڵاتی مەدەنی و هێزەکانی سوپا وەڵامی سەرچاوەی ئەو هێرشانەیان داوەتەوە.
