کەجەکە: داعش دەیویست گەلی ئێزدی لەناوببات بەڵام گەریلا نەیهێشت

4 كاتژمێر لەمەوپێش



هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کورستان -کەجەکە، ڕایدەگەیەنێت درووسترین چارەسەر بۆ دەوڵەتی عێراق ئەوەیە پرسی شنگال لەسەر بنەمای مسۆگەرکردنی خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستنی گەل چارەسەر بکرێت.

کەجەکە قووربانیانی کۆمەڵکووژی ٣ـی ئابـی بە بیرهێنایەوە و ڕایگەیاند، مێژوو نەک بە تەنها کۆمەڵکووژی، هاوکات بەرخۆدانی گەلی شنگالیشی نووسییەوە، ئەم بەرخۆدانە بە پێشەنگایەتی گەنجان و ژنان لە ڕێگەی پڕۆسەی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”ـەوە گەلی ئێزدی بەرەو ئازادی دەبات.

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کورستان -کەجەکە، لە ١١هەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ـی ئابی ٢٠١٤ـی سەر شنگال، کە چەتەكانی داعش بە دڕندانەترین شێوە لەسەر کۆمەڵگەی ئێزدی ئەنجامیاندا، ڕاگەیانداوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی بەیاننامەکەی هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کورستان -کەجەکە بەم شێوەیەیە:

“ماوەی ١١ ساڵ بەسەر کۆمەڵکووژی شنگال تێپەڕدەبێت، کە لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤دا لە لایەن چەتەکانی داعشەوە ئەنجام درا و لە لایەن گەلی ئێزدییەوە وەک فەرمانی ٧٤هەمین ناو دەهێندرێت. وێڕای ئەوەی ١١ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەدا تێپەڕبووە، هێشتایش ژانی ئەم کۆمەڵکوژییە کە گەلی ئێزدی ئەزموونی کردووە زیندووە و برینەکانی ساڕێژ نەبووە.

ڕووداوێک کە گەلی ئێزدی لە ٣ـی ئابدا لە شنگال ئەزموونی کرد، دڵی مرۆڤ ئازار دەدات، بەشێوەیەک دڵتەزێن و شەرمهێنەر و بەرگەنەگیراوە. بە هەزاران ئێزدی کوژران، بە هەزاران ژن ڕفێندران و لە بازارەکاندا وەک کۆیلە مامەڵەیان پێوەکرا، دووچاری دەستدرێژی کرانەوە، ماڵ و موڵکی ئێزدییەکان تاڵان کرا، بە سەدان مرۆڤ، منداڵ و پیرەمێرد لە ترسی کۆمەڵکووژیی هەڵهاتنە چۆڵەوانییەکان و بە هۆی برسێتی و تینوویەتییەوە گیانیان لە دەستدا.

هێشتاش بە هەزاران ژنی ئێزدی بێسەروشوێنن، بەدەیان گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵنەدراونەتەوە. ئەو ڕووداوەی گەلی ئێزدی لە سەدەی بیست و یەک کە مرۆڤایەتی بە پێشکەوتنەکانییەوە شانازی دەکات، بە هەموو شێوەیەک بووە شەرمەزاری مرۆڤایەتی.

جارێکی دیکە کۆمەڵکووژی شنگال شەرمەزار دەکەینەوە، کە یەکێکە لە دڕندەترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژووی مرۆڤایەتی.

 هەروەها داعش و هەموو ئەو هێزانە شەرمەزار دەکەین کە پاڵپشتییان دەکردن.

 بە ڕێز و حورمەتەوە قوربانیانی کۆمەڵکوژی شنگال یاد دەکەینەوە و دیسانەوە دیاری دەکەین لە قوڵای دڵەوە ئازاری گەلی شنگال دەکێشین و هەمووکاتێک لەسەر ڕێگەی تێپەڕاندنی فەرمانەکان و پێکهێنانی ئازادییان هاوشانیان دەبین.

بەداخەوە پێشمەرگەکانی پەدەکە و سوپای عێراق کە بەرپرسیاری ئاسایشی شنگال بوون، گەلی شنگالیان بۆ داعش جێهێشت و ئەمەش بووە هۆکاری لێکەوتنەوەی تراژیدیایەکی گەورە. وێڕای هەموو ئەم ئازارانە، ڕەخنەکردن و لێپرسینەوەیەکی کردەیی ئەنجام نەدراوە، بەڵام پێویستە بزانرێت پەڕەکانی مێژوو ئەم دڕندەی و شەرمەزارییە مەزنەی تۆمار کردووە.

داعش و هێزەکانی پشتەوەیان ئامانجیان بوو بە تەواوەتی گەلی ئێزدی لەناوبەرن، بەڵام ئەم پلانە لە سایەی دەستوەردانی مێژوویی گرووپێکی کەمی گەریلا لە چیاکانی شنگال و بەرخۆدانی گەلی شنگال، بە تایبەت ژنان و گەنجان بەتاڵ کرایەوە.

هێرشە قڕکارییەکە لە ئەنجامی بەرخۆدانی گەریلا و گەلی شنگال بە تەواوەتی پوچەڵ کرایەوە و بە سەدان ڕۆڵەی ئێزدی لە بەرەی بەرخۆدانی دژ بە داعشدا هاوشانی گەریلا جێگەیان گرت و شەهید بوون. بەڕێز و حورمەتەوە یادی گەریلا و کچ و کوڕە ئێزدییەکان شەهیدبووەکان دەکەیەنەوە  و لەئاست بیرهێنانەوەیاندا بەژنمان دادەنەوێنینەوە.

ئەم هەڵوێست و هێڵی تێکۆشانە شکۆمەنددارە نەک بە تەنها ڕێگەی لە کۆمەڵکووژییەکی مەزن گرت، هاوکات بناغەی هەبوونی گەلی شنگالی بە زمان، باوەڕ، چاند و ناسنامەی خۆیەوە هێنایەئاراوە و پەرەی بە خۆپاراستنێک دا کە جارێکی دیکە کۆمەڵکووژییان بەسەردا نەیتەوە.

تێکۆشانی گەلی شنگال، کە دووچاری کۆمەڵکوژی ببوونەوە و ئەزموونی ئازارێکی مەزنی کرد، بۆئەوەی جارێکی دیکە دووچاری کۆمەڵکووژی لەو شێوەیە نەیەتەوە، زۆر مافدار و ڕەوایە. لەگەڵ ئەوەی دۆزی خۆپاراستن و خۆبەڕێوەبردنی گەلی شنگال جێگەی نەگرتووە، بە تایبەت لەدژی ڕاوەستەکردن جێگەی قبوڵ کردن نییە و بەهیچ شێوەیەک وەک نیازپاکی شرۆڤە ناکرێت.

گەلی ئێزدی لە تەواوی مێژوودا بە هۆی ناسنامە و باوەڕەکەیەوە دووچاری کۆمەڵکووژی بووەتەوە، لە ئێستادا بوونە خاوەن خۆبەڕێوەبەرییەک و هێزی خۆپارێزی پێشلکردنی مافی هیچ کەسێک نییە. بەتەواوەتی خواستێکی ڕەوایە، پێداویستییەکی سرووشتی مرۆڤبوون و کۆمەڵگەیبوونە.

دژایەتیکردنی خواستەکانی گەلی شنگال هیچ بنەمایەکی ڕەوا، یاسایی، مافدار و کۆمەڵایەتی نییە. بە پێچەوانەوە خواستەکانی گەلی شنگال لە ڕووی یاسای نێونەتەوەیی، یاسا و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، لە ڕووی بەها گەردوونییەکانی مرۆڤایەتی، ئەخلاق و ویژدانییەوە پێویستە پشتوانیکردنە.

درووسترین چارەسەر بۆ دەوڵەتی عێراق ئەوەیە پرسی شنگال لەسەر بنەمای مسۆگەرکردنی خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستنی گەل چارەسەر بکرێت. ڕێگەی درووست چارەسەرکردنی لەم شێوەیەیە هاوکات پێویستییەکی دەستووری بنەڕەتی عێراقە.

جارێکی دیکە قوربانییەکانی کۆمەڵکوژی ٣ـی ئاب بەبیردەهێنینەوە و لە قوڵای دڵەوە سڵاو لە گەلی گەلی شنگال دەکەین کە لەبەرانبەر ئەم هێرشە دڕندانەیە بەرەنگار بوونەوە و خۆیان پاراست.

مێژوو نەک بە تەنها کۆمەڵکوژی، هاوکات بەرخۆدان و قارەمانێتی گەلی شنگالیشی نووسییەوە. لەوباوەڕەداین ئەم بەرخۆدانە بە پێشەنگایەتی گەنج و ژنان لە ڕێگەی پرۆسەی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”ەوە گەلی ئێزدی بەرەو ئازادی دەبات.”

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار