موچەی مانگی هەشت دابەشدەکرێت و پلەبەرزکردنەوەش دەستپێدەکاتەوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی بۆ مانگی ئابی 2025 دەستیپێکردوەو سەرۆکوەزیرانى عێراقیش، وەزارەتى دارایی فیدراڵى راسپارد، فەرمانى پلەبەرزکردنەوە و سەرەمووچەى ساڵانەى مووچەخۆران دەربکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند سەرجەم رێکارەکانی پارەدارکردنی دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی دەستپێکراوە، بۆ ئەوەی لە رێگەی بانکە تایبەتمەندەکانەوە دابەش بکرێت. 

هەروەها هاتووە: دواکەوتنی مووچەی خانەنشینان بەهۆی پشووی کۆتایی هەفتەی بانکەکانی دەرەوە بووە، کە ناردنی شایستە داراییەکانی فرۆشتنی نەوت دواکەوتووە، هەر ئەوەش بووەتە هۆی دوای کەوتنی حەواڵەکانی پارە کە تەنها لە رۆژانی دەوامی فەرمی ئەنجام دەدرێت.

وەزارەتی دارایی دڵنیایی داوە لەوەی کە مووچەی ئەمساڵ بە تەواوەتی دەستەبەر کراوە و ئەو هەواڵانەی باس لە کەمی پارەی نەختینە دەکەن دوورە لە راستییەوە، داوا لە خانەنشینان دەکات لە ئەمڕۆوە چاودێریی ئاگادارکردنەوەی بانکەکان بکەن، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دابەشکردنی مووچە دەست پێدەکات و مووچەکانیان دەچێتە سەر ئەژمارەکانیان.

لەلایەکى دیکەوە نووسینگەى راگەیاندنى سەرۆکوەزیرانى عێراق بڵاویکردەوە، سودانى، وەزارەتى دارایی راسپارد فەرمانى پلەبەرزکردنەوە و سەرەمووچەى ساڵانە دەربکات و بڕوانامەى بەدەستهاتوو لەکاتى خزمەت هەژمار بکرێت، لەپێناو پاراستنى پلەکانى رێکخستن و مافى بەدەستهاتوو بۆ سەرجەم فەرمانبەرانى دەوڵەت.

هەروەها سەرۆکوەزیران، وەزارەتى دارایی فیدراڵى راسپارد بە هەژمارکردنى گۆڕانکارییەکان و مافى دارایی بەگوێرەى خشتەکانى خەرجى و ناونیشان و پلەى وەزیفى نوێ لە چوارچێوەى رێکارە یاساییەکاندا.

وەزارەتى دارایی عێراق لە 17ـى کانوونى دووەمى ئەمساڵ رایگەیاند، ماف و شایستەى دارایی سەرجەم مووچەخۆران لە پلەبەزرکردنەوە و سەرەمووچە بەگوێرەى پارێزراوە و ئەو گشتاندنەى بە ژمارە 555  بۆ ساڵى 2025 کراوە بۆ راگرتنى خزمەتگوزارییەکانى گواستنەوە، پلە بەرزکردنەوە و هەژمارى خزمەتى گرێبەستەکان، رێکارێکى رێکخراوەییە و ساڵانە پشت دەبەستێت بە تەرخانکراوە داراییەکان.

هەروەها حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ساڵى 2016ەوە پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى شارستانى راگرتووە.

دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب لە عێراق لەکاتێکدایە، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تائێستا مووچەی مانگی حوزەیران (شەش)یان وەرنەگرتووە، دوای زیاتر لە 80 رۆژیش، رۆژی (25ـی تەمموزی 2025) مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەشکرا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار