سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم، موسەننا سەمەڕائی سکاڵایەکی فەرمی ئاراستەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی کردووە و داوای دوورخستنەوەی محەممەد ڕێکان حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوم، لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان دەکات، دەڵێت: "ئەو کەسە دەستپاک نیەو هەڵسوکەوتی باشی نییە". بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی میدیا عێراقیەکان بڵاویانکردوەتەوە سکاڵاکە ڕۆژی 12ـی ئاب بە فەرمی پێشکەش بە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کراوە. سامەڕائی لە سکاڵاکەیدا پشتی بە بڕیاری پێشووتری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (9/فیدراڵی/2023) بەستووە، بەهۆیەوە ئەندامێتیی حەلبووسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵوەشێنرایەوە. لە سکاڵاکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەلماندوویەتی، حەلبووسی مەرجە سەرەکییەکانی کاندیدبوونی لەدەستداوە، بەتایبەتی مەرجی "ڕەوشت و ناوبانگی باش" و "ئەمین و دەستپاک بوون" کە لە ماددەی (7/سێیەم)ی یاسای هەڵبژاردنەکاندا هاتووە.  بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک کە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دەرچووە، ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان وەرگرتنی (سکاڵایەک) پشتڕاست دەکەنەوە کە پێشکەش بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کراوە لەلایەن موسەننا عەبدولسەمەد سامەڕائی، دژی سکاڵالێکراو (محەممەد ڕیکان حەدید).

ئەمڕۆ چوارشەممە شاندێکی باڵای سوریا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بە ئامانجی ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی عەرەبی سوریا (سانا)، شاندەکە پێکهاتووە لە ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوە و تاراوگەنشینان، مەحەف ئەبو قەسرە، مەیجر جەنەڕاڵ، وەزیری بەرگری و حسێن سەلام، بەرپرسی دەزگاى هەواڵگر حکومەتى سوریا. پێشتر وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکی کورتدا ڕایگەیاندبوو کە ئەسعەد حەسەن ئەلشەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا لە ١٣ی ئابی ٢٠٢٥ سەردانی تورکیا دەکات، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو. بەگوێرەی ئاکسیۆس، بڕیاربوو شەیبانی ڕۆژی چوارشەممە بە ئامادەبوونی تۆم باراک، نوێنەری ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیلی سەردانی پاریس بکات، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخراوە. هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا کۆبووەوە. ئەمە سێیەم سەردانی بوو لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆکی لەکارلادراو. دوابەدوای سەردانەکە، فیدان لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە دانوستانەکان بە تایبەتی باس لە پرسە ئەمنییەکان کراوە، لەوانە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بۆ سەر سەروەری سوریا و یەکێتی سیاسی. ناوبراو پشتیوانی بەردەوامی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانی دیمەشق بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دووپات کردەوە. ئاماژه ی به ئاماده یی ئه نقه ڕه کرد بۆ پێشکه شکردنی هاوکاری به حکومه تی سوریا له به ڕێوه بردن و ئاسایشی ئه و که مپانه ی که ده که وێته باکووری ڕۆژهه ڵاتی وڵاته که ، به م شێوه یه به شداری ده کات له به ڕزکردنه وه ی سه قامگیری له و ناوچانه .

مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا کار لەسەر ئەوە دەکات کە ئیخوان موسلیمین وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشان بکات. روبیۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، وڵاتەکەی سەرقاڵی پڕۆسەیەکە بۆ دەستنیشانکردنی ئیخوان موسلیمین وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی و بەچڕی کار لەسەر ئەوە دەکەن، وتیشی پرۆسەکە "درێژ و ئاڵۆزە، بەڵام کارەکان بەردەوامن". ئاماژەی بەوەشکرد، "روونە کە لقی جیاوازی ئیخوان موسلیمین هەیە، بۆیە دەبێت هەر لقێک دەستنیشان بکرێت"دەشڵێت، "بەردەوام پێداچوونەوە بە گروپەکاندا دەکەین بۆ ئەوەی دەستنیشانیان بکەین بەو جۆرەی کە هەن، لەڕووی، "لایەنگرانی تیرۆریستان، رەنگە خۆیان تیرۆریست بن". بەپێی وتەی روبیۆ، پڕۆسەکە "پێداچوونەوەیەکی وردی هەر لقێکی گروپەکە بە تاک لەخۆدەگرێت، لەگەڵ بەڵگەی روون بۆ دڵنیابوون لەوەی بڕیارەکە بەرگەی تەحەددای یاسایی دەگرێت یان نا". مانگی رابردوو تێد کروز سیناتۆری کۆمارییەکان پڕۆژە یاسایەکی پێشکەش بە کۆنگرێس کرد بۆ ئەوەی ئیخوان موسلیمین وەک گرووپێکی تیرۆریستی دەستنیشان بکات. کروز ئیخوان موسلیمینی بە "رێکخراوی تیرۆریستی" زانی و رایگەیاند، " ئیخوان پشتیوانی لە لایەنە تیرۆریستییەکانی وەک حەماس دەکات". بە وتەی کروز، ئیخوانەکان "مەترسییەکی جددی لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دروست دەکات".

ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان پشتیوانی خۆی بۆ بەیاننامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دووپاتکردەوە، ئامادەیی خۆیشی بۆ بەشداریکردن لە پێکهێنانی دەستەیەکی کاتی بۆ حکومڕانی سووریا، نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربڕی. ئیدارەی خۆسەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا جەخت لەسەر پێویستی بەشداریکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەكاتەوە وەک لایەنێكی سەرەکی لە هەر پرۆسەیەکی سیاسیدا. ئیدارەی خۆسەری لە بەیاننامەیەکدا، ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ بەشداریکردن لە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایش و پێکهێنانی دەستەیەکی حوکمڕانی راگوزەری گشتگیر. ئاماژەی بەوەشکرووە: پەراوێزخستنی ئەو هێزە چالاکانەی نوێنەرایەتی ملیۆنان هاوڵاتی سوری دەکەن، دەبێتە هۆی شکستی پرۆسەی سیاسی. لە بەیاننامەكەدا هاتووە: ئێمە بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایش بە تاکە چوارچێوە بۆ گەیشتن بە قۆناغی گواستنەوەی سیاسی راستەقینە لە سوریا دەزانین، داوای راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و هەڕەشەکان دەكەین لە هەر لایەنێکەوە بێت، ئامادەشین لە هەر هەوڵێکی نێودەوڵەتی بەشداری بکەین، بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی تاوانەکان.

کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ نەوتی هەرێمی کوردستانیان رادەست نەکراوە، ئەگەر رادەستیان بکرێت، ئامادەن بۆ فرۆشتنی. وەزارەتی نەوتیش باس لە نزیکبوونەوە لە رێککەوتنی کۆتایی لەنێوان هەولێر و بەغدا دەکات.   عەلی نزار فایەق، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) راگەیاند، "ئێمە تەنیا لایەنی فرۆشیارین. سەرجەم ئەو رێکار و ئامادەکارییانەی پێویستن بۆ وەرگرتن و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان تەواوکراون، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕە نەوتێکمان رادەستنەکراوە بۆ فرۆشتن."   لەبارەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆری تورکیاوە عەلی نزار گوتی، "خەریکی چاوخشاندنەوەین بەو پێشنیازانەی حکومەتی تورکیا بۆ رێککەوتنی نوێ ناردوونی. بابەتەکە تەنیا پەیوەندی بە نەوتەوە نییە و چەندین وەزارەتی دیکەش پەیوەستن بەو رێککەوتنەوە کە پێویستە ئەوانیش سەرنجی خۆیانی لەسەر بڵێن، بەڵام بەدڵنیاییەوە پێش تەواوبوونی وادەکەی دەگەینە رێککەوتن."   سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی کەرکووک، بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ ئاماژەی بەوە کرد، "مانگانە بەشێکی نەوتی کەرکووک هەناردەی ئوردن دەکرێ و نەوتی کێڵگەی گەیارەش لە نەینەوا لە رێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە هاوشێوەی نەوتی بەسرە هەناردە دەکرێت." عەلی نزار لەسەر داهاتی نەوت باسی لەوە کرد کە "داهاتی نەوت راستەوخۆ لەو کۆمپانیا و لایەنانە وەردەگرین کە لێمان دەکڕن و هیچ دواکەوتنێک لە وەرگرتنی داهاتەکەدا نییە."   هاوکات سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی نەوتی عێراق وتى، "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بڕیارێکی یەکلاییکەرەوە لەسەر پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان نەدراوە، بەڵام بەم نزیکانە رێککەوتنی کۆتایی دەکرێ و هەناردەکردنەوە دەستپێدەکاتەوە."   ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، "لەدۆخی هەناردەکردنەوەیدا، نەوتی هەرێمی کوردستان تەنیا لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت."   بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، پێویستە 230 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەناردەکردن رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بکرێت، 50 هەزار بەرمیلی دیکەش بۆ نێوخۆی هەرێمی کوردستان تەرخان بکرێت.

ئاژانسى فرانس پرێس لەڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، حکومەتى ئیسرائیل لە دانوستاندایە بۆ ئەوەی فەلەستینییەکان لە غەززە بگوازێتەوە بۆ باشووری سودان و لەوێ نیشتەجێیان بکات و بۆ ئەو مەبەستەش شاندێک سەردانى ئەو وڵاتە دەکات. شەش کەسی ئاگادار لەو بابەتە گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەسۆشێتد پرێس کردوەو زانیاریەکانیان پشتڕاستکردەوە، بەڵام ئەوە ڕووننەکراوەتەوە تا ئێستا گفتوگۆکان چەند پێشکەوتوون، بەڵام ئەگەر جێبەجێ بکرێن، پلانەکان دەچنە سەر گواستنەوەی خەڵک لە خاکێکی وێرانکراوی شەڕەوە کە مەترسی برسێتییان لەسەرە بۆ خاکێکی دیکە، هەروەها نیگەرانییەکانی مافەکانی مرۆڤ دەوروژێنن. ئیسرائیلیەکان لە گفتوگۆدان سەبارەت بە ئەگەری نیشتەجێکردنی فەلەستینییەکانى کەرتى غەززە لە باشوری سودان ڕۆژهەڵاتی ئەفریقای جەنگاوی، ئەمەش بەشێکە لە هەوڵە بەرفراوانەکانی ئیسرائیل بۆ ئاسانکاری بۆ کۆچی بەکۆمەڵ لەو خاکەی کە بەهۆی هێرشە ٢٢ مانگەکەیەوە بۆ سەر حەماس وێران بووە. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، دەیەوێت دیدگای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ گواستنەوەی بەشێکی زۆری دانیشتوانی غەززە لە ڕێگەی ئەو شتەوە بەدیبهێنێت کە ناتانیاهۆ بە "کۆچی خۆبەخشانە" ناوی دەبات. ئیسرائیل پێشنیاری هاوشێوەی نیشتەجێکردنی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەفریقادا خستۆتە ڕوو. نەتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ i24، و کەناڵی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل وتی: پێموایە کارێکی دروست، تەنانەت بەپێی یاساکانی جەنگیش وەک من دەیانناسم، ئەوەیە ڕێگە بە دانیشتووان بدەیت بچنە دەرەوە، دواتر بە هەموو هێزەوە دەچیتە ژوورەوە دژی ئەو دوژمنەی کە لەوێ دەمێنێتەوە. ئاماژەی بە باشووری سودان نەکردووە. فەلەستینییەکان و گرووپە چەکدارەکانى وەک حەماس و بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو پێشنیارانەیان وەک نەخشەیەک بۆ دەرکردنی زۆرەملێ بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕەتکردووەتەوە. بۆ باشووری سودان، ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە دەتوانێت یارمەتی بدات بۆ دروستکردنی پەیوەندی نزیکتر لەگەڵ ئیسرائیل، کە ئێستا دەسەڵاتی سەربازی هەیە لەتەواوى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.  دۆناڵد ترەمپ لە مانگی شوباتدا بیرۆکەی نیشتەجێکردنی دانیشتوانی غەززەی خستەڕوو بەڵام پێدەچێت لەم چەند مانگەی ڕابردوودا پاشەکشەی لەو بیرۆکەیە کردبێت. وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک بدات و وەزیری دەرەوەی سودانی باشووریش وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بە دانوستانەکان نەدایەوە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هیچ لێدوانێک لەسەر گفتوگۆ دیپلۆماسییە تایبەتەکان نادات. میسر دژایەتی پێشنیارەکانی نیشتەجێکردنی فەلەستینییەکان لە دەرەوەی غەززە دەکات. جۆ سزلاڤیک، دامەزرێنەری کۆمپانیایەکی لۆبیکردنی ئەمریکی کە لەگەڵ باشووری سوودان کاردەکات، ڕایگەیاندووە، لەلایەن بەرپرسانی باشووری سودانەوە کورتەیەک لەبارەی گفتوگۆکانەوە ئاگادارکراونەتەوە.  ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، شاندێکی ئیسرائیل بەنیازە سەردانی ئەو وڵاتە بکات بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەگەری دانانی کەمپ بۆ فەلەستینییەکان لەوێ بکات. تا ئێستا هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ سەردانەکە دیاری نەکراوە. ئیسرائیل دەستبەجێ وەڵامی داواکارییەکی بۆ پشتڕاستکردنەوەی سەردانەکەی نەدایەوە. سزلاڤیک وتی پێدەچێت ئیسرائیل پارەی کەمپە کاتییەکان بدات.

ئاژانسی هەواڵی میهر، لە زاری عەمید مونتەزیر ئەلمەهدی، گوتەبێژی پۆلیسی ئێران، سەبارەت بە کارەکانی پۆلیسی پسپۆڕ لە ماوەی جەنگی 12 ڕۆژەدا، بڵاوی کردەوە "لەم ڕۆژانەدا جیھانی سایبەری بووەتە بەرەیەکی گرنگی شەڕ و پۆلیسی سایبەریی ئێران، بە لێکۆڵینەوە لە زیاتر لە پێنج هەزار و 700 دۆسیەی تاوانی ئەلیکترۆنی، لەوانە ساختەکاری ئۆنلاین و بردنی نایاسایی، ڕۆڵێکی کاریگەری گێڕاوە." گوتەبێژی پۆلیسی ئێران، سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی ئاژاوەگێڕان گوتی: پۆلیسی ئاسایشی گشتی بە دامەزراندنی گرووپی وەڵامدانەوەی خێرا، ڕۆژانە، 105 یەکەی بۆ ناوچە ئاڵۆزەکان ناردووە و لەم ماوەیەدا 30 کەس لە ئاژاوەگێڕان دەستگیر کراون. هەروەها 147 پەیجی پەیوەندیدار بە ئاژاوەگێڕان لە جیھانی سایبەریدا ناسێنراونەتەوە. گوتیشی: یەکێک لە سەرکەوتنە هەرە دیارەکانمان پووچەڵکردنەوەی پیلانی کۆبوونەوەیەک بوو لە گۆڕەپانی فەلەستینی تاران، کە بە هەماهەنگی ‌هێزەکانمان لە کاتی خۆیدا، نەخشەی دوژمن شکستی هێنا." گوتەبێژی پۆلیس، سەبارەت بە ڕووداوی زیندانی ئێڤین جەختی کردەوە "یەکەی ئاسایشی باکوور لە کەمتر لە 5 خولەکدا لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادە بوو و توانی 127 زیندانیی هەڵاتوو دەستگیر بکاتەوە. سەرەڕای ئەوەش، بۆمبە نەتەقیوەکان دەستنیشان کران و زیاتر لە 15 بریندار بۆ نەخۆشخانە گوێزرانەوە." مونتەزیر ئەلمەهدی، سەبارەت بە ئاسایشی نیشتمانی گوتی: هێزەکانی پۆلیس دوو هەزار 776 هاووڵاتی نایاساییان کۆکردەوە و دوای پشکنینی مۆبایلەکانیان، 30 حاڵەتی تایبەتی ئەمنی دۆزرایەوە. هەروەها 261 گومانلێکراوی سیخوڕی و 172 تۆمەتباری وێنەگرتنی نایاسایی دەستگیرکران. گوتەبێژی پۆلیس، لە کۆتاییدا ڕایگەیاند "زیادبوونی %41ی پەیوەندییەکانی خەڵک و دەستگیرکردنی 21 هەزار گومانلێکراو لە جەنگی 12 ڕۆژەدا نیشانەی وریایی و بەشداریی بەرزی خەڵکە لە دابینکردنی ئاسایشی نیشتمانیدا."

ئاژانسی فرانس پرێس، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەری کورد و حکومەتی سوریا لە دیمەشق بۆ درێژەدان بە دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان هەردوولا کۆبوونەتەوە. ئەمەش دوای ڕاگەیاندنی حکومەت دێت کە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوولا دەکات کە بڕیارە لە پاریس بەڕێوەبچێت . ئەمڕۆ سێ شەممە فرانس پرێس لەزارى سەرچاوەیەکى کوردەوە بڵاویکردەوە  کۆبوونەوەکە لەنێوان ئیلهام ئەحمەد و ئەسعەد شەیبانی وەزیرى دەرەوەى سوریا ئێوارەی دووشەممە بەڕێوەچووەو کۆبوونەوەکەش لەسەر داوای دیمەشق بووە. بەپێى ڕاپۆرتى ئاژانسەکە کە لەسەرچاوەیەکى کوردەوە وەریگرتوە، دەڵێت: ئیلهام ئەحمەد و شەیبانی گفتوگۆیان لەبارەی داڕشتەیەکی گونجاوی لامەرکەزی کردووەو هەردوولا رێککەوتوون لەسەر دوورخستنەوەی بژاردەی سەربازی. هەروەها رۆژاڤا و دیمەشق بەردەوامیی دانوستانیان بە سەرپەرشتیی نێودەوڵەتی دووپاتکردووەتەوە. کۆبوونەوەکە دوای ئەوە هات کە ئیدارەی خۆسەری کورد ڕۆژی هەینی  ڕابردوو کۆبوونەوەیەکی فراوانکراوی بێ وێنەی لە شاری حەسەکە ئەنجامدا، کە بۆ یەکەمجار نوێنەری کەمینەکانی دروز و عەلەوی لەخۆگرتبوو. لە بەیاننامەی کۆتاییدا، ئامادەبووان داوای دەستوورێکیان کرد کە "دەوڵەتێکی لامەرکەزی دامەزرێنێت". دیمەشق ڕەخنەی لە کۆبوونەوەکە گرت و بە "تێکدانی پڕۆسەی دیالۆگ"ی زانی و بایکۆتکردنی "هەر کۆبوونەوەیەک کە بڕیارە لە پاریس ئەنجام بدرێت" ڕاگەیاند، کە پێشەنگی هەوڵەکانی نێوەندگیری نێوان هەردوولا لەگەڵ واشنتۆنە. سەرچاوەیەکی حکومەتی سوریا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس پشتڕاستی کردەوە کە دیدارەکەی نێوان ئیلهام ئەحمەد و شەیبانی ئەنجامدراوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو. بڕیاربوو ناوەڕاستی ئەم مانگە هەردوولا لە پاریس کۆببنەوە، ئەمەش بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنی وەزیرانی دەرەوەی سوریا و فەرەنسا و نوێنەری ئەمریکا لە دیمەشق. ئەم ڕێککەوتنە دوای کۆبوونەوەی کۆتایی مانگی ڕابردوو لە پاریس هات بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنی دوو قۆڵی کە لەلایەن ئەحمەد ئەلشەرا سەرۆک کۆماری سوریا و مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە 10ی ئازار بە سەرپەرشتی ئەمریکا واژۆ کرابوو.

لەوەزارەتی دەرەوەی ئوردن لە عەممان، ئەیمەن سەفادی، وەزیری دەرەوەی ئوردن و ئەسعەد شیبانی هاوتا سورییەکەی و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا کۆبونەوەو تاوتوێی پرسە سیاسییەکانی پەیوەست بە سوریا دەکەن. بەپێی سەرچاوە تایبەتەکان بۆ تەلەفزیۆنی سوریا، کۆبوونەوەکە ماوەى کاتژمێرێکە بەردەوامەو پرسى لامەرکەزیش لەسوریا لە لوتکەی بەرنامەی کاردایە. سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن بەهۆى کەمبوونەوەی پشتیوانیەکانى واشنتۆن،  ئوردن میوانداری کۆبونەوە هاوبەشەکەى سەبارەت بە رەوشی سوریا کردوەوتێیدا وەفدی سوریا و ئەمریکا بەشدارن. ڕوونیشیدەکەنەوە کە ئامانجی بەشداریی نوێنەری ئەمەریکا پاڵپشتیکردنی ڕێبازێکی باشتر و فراوانترە لەلایەن حکومەتی سوریاوە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەی عەممان لەسەر ئاستی نوێنەرانی نێودەوڵەتی دەبێت، هەروەها کۆبوونەوەی حکومەتی سوریا لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکانی سویدە لەسەر مێزی دانوستان لەسەر مێز بووە، بەڵام پێویستی بە کات و ئامادەکاری دەبێت.  

پارێزگاری بانکی ناوەندی ئاشکرای دەکات نزیکەی 80%ـی پارەی کاشی عێراق لەناو ماڵەکاندا هەڵگیراون، پلانیان هەیە متمانە بۆ هاوڵاتیان بگەڕێننەوە بۆ ئەوەی پارەکانیان لە بانک دابنێن. لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی ئەلسەباحى عێراقى، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق ئاشکرای کرد؛ بەڵگەنامەی چاکسازیی بانکی 2025، پلانێکی ستراتیژی لە خۆی دەگرێت بۆ گەڕانەوەی متمانە بۆ بانکەکان و چارەسەرکردنی کێشەی هاوڵاتیان. بەوتەى ئەو بەرپرسەى حکومەتى عێراق، ئەمەش گوزارشتە لە نەبوونی متمانەی هاووڵاتیان بە سیستەمی بانکی ئێستا. پارێزگاری بانکى ناوەندى پێی وایە ئەم دیاردەیە ئاستەنگێکی گەورە بۆ سەقامگیری سیستەمی دارایی دروست دەکات، ئەمە جگە لەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر نەختینەیی بانکەکان و توانای داراییان بۆ پڕۆژە ئابوورییەکان هەیە. عەلى عەلاق وتیشى: بەڵگەنامەی چاکسازی بانکی ئامانجی نوێکردنەوە سیستمی بانکییە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و راکێشانی کۆمپانیا جیهانییەکان، تەنها 10%ـی بانکەکان سەرنجیان لەسەر پڕۆژەکە هەیە، 10 بانکیش لە هەڵوەشاندنەوەدا بەهۆی ئەوەی توانایان نییە ئەو پارەیە بگەڕێننەوە کە هاوبەشەکانیان لایان داناون.

تەرمی نورەدین سۆفی، گەیشتەوە رۆژئاوای کوردستان و لە شارۆچکەی دێرکەوە بەرەو قامیشلۆ بەڕێدەکرێت و دواتر لە رێوڕەسمێکی جەماوەریدا بە خاکدەسپێردرێت. نورەدین سۆفی یەکێک لە فەرماندەکانی هەپەگە بوو، کە لە 6ـی نیسانی 2021 و لە کاتی گەڕانەوەی لە رۆژئاوای کوردستان بۆ ناوچە شاخاوییەکانی باشووری کوردستان، لەلایەن فڕۆکەی تورکیاوە کراوەتەئامانج و گیانی لەدەستداوە. هەر لە سەعاتەکانی سەرەتای بەیانییەوە هەزاران کەس لە ناوچە جیاجیاکانی کانتۆنی سیزیرەوە ڕوویان لە نەخۆشخانەی دێریک وێتانی کرد بۆ وەرگرتنی تەرمەکە. بڕیارە کاروانەکە لە گیرکێ لێگێ، چیلەکسە و تیربەسپیێ بەدرێژایی ڕێگاکە لەلایەن خەڵکەوە پێشوازی لێبکرێت.  کاتێک تەرمەکە دەگاتە قامیشلۆ، کاتژمێر ١٧:٠٠ لە یاریگای شەهیدانی ١٢ی مارس مەراسیمێک بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوە شەهید لە گۆڕستانی شەهیدانی دەلیل سەروکسان بەخاک دەسپێردرێت. دوێنێ ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) هەواڵی گیانلەدەستدانی نورەدین سۆفی و کۆچەرۆ ئورفا بڵاوکردەوە. بەگوێرەی زانیاریەکان، "فەرماندەکانی هەسەدە لە قامیشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان، چوونەتە لای بنەماڵەی نورەدین سۆفی و هەواڵی گیانلەدەستدانیان پێڕاگەیاندوون". هەر بەگوێرەی ئەو زانیارییانە، ئۆجەلان داوایکردووە رێوڕەسمێکی تایبەت بۆ بەخاکسپاردنى نورەدین سۆفی رێکبخرێت. نورەدین سۆفى ناوى راستەقینەى خەڵەف محەمەدە، خەڵکى رۆژئاواى کوردستانە و لە ساڵى 1990 پەیوەندى بە ریزەکانى پارتى کرێکارانى کوردستانەوە کردووە، لە ساڵى 2009 بووەتە فەرماندەى ناوەندیى پاراستنى گەل، لەپاش ساڵى 2015 گەڕاوەتە رۆژئاواى کوردستان. کۆچەرۆ ئۆرفا، ناوى راستەقینەى مەتین ئەرسلانە و خزمى عەبدوڵا ئۆجەلان و ئەندامى کۆمیتەى ناوەندیی پارتى کرێکارانى کوردستان بووە، لە چوارى تشرینى دووەمى 2019 گیانی لەدەستداوە و لەبارەی گیانلەدەستدانی کۆچەرۆ،  عومەر ئۆجەلان، برازاى ئۆجەلان و پەرلەمانتارى پارتى دەم لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، دڵتەنگى خۆى بە هەواڵى گیانلەدەستدانى کۆچەرۆ ئۆرفا پیشانداوە و ئاشکرایکردووە، کۆچەرۆ ئۆرفا خاڵۆزایەتى.  

 سەرچاوەیەکی ئەمنی بە رۆژنامەی شەرقلئەوسەتی راگەیاند، سەردانەکەی دوێنێی عەلی لاریجانی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بۆ بەغداد کتوپڕ نەبووە وەک ئەوەی بڵاوکراوەتەوە، بەڵکو پێشتر پلانی بۆ دانراوە. ئەو سەرچاوە ئەمنییە ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ بەرپرسانی عێراقیش هیچ رێکەوتنی ئەمنی نەکراوە، ئەوەی کراوە یاداشتی لێکتێگەیشتنە و پێشتر عێراق دەیان یاداشتی لێکتێگەیشتنی هاوشێوەی لەگەڵ وڵاتانی جیاوازدا کردووە. دەشڵێت، سەردانەکە ئاسایی بووە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەتایبەت ئێستا زیارەتکارێکی زۆری ئێرانی بۆ چلەی ئیمام حسێن لە عێراقن، جگە لەوەش هەڵسەنگاندن بووە بۆ دۆخی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت کۆبوونەوەکەی لاریجانی و سودانی و ئەعرەجی. سەرچاوەیەکی دیکەش بە رۆژنامەکەی گوتوە، ئێوارەی دوێنێ لاریجانی چوەتە نەجەف و ئەگەری زۆر هەیە چاوی بە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان بکەوێت، هەرچەندە پێشتر سیستانی ئامادەنەبوو چاوی بە مەسعود پزشکیان سەرۆکۆماری ئێران بکەوێت کاتێک ساڵی رابردوو سەردانی عێراقی کرد. هاوکات د.ئیحسان شەمەری سەرۆکی ناوەندی هزری سیاسی لە عێراق، دەڵێت، سەردانەکەی لاریجانی هاوکاتە لەگەڵ فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەغدا و بەیروت سەبارەت بە چەکداماڵینی هێزە چەکدارەکان.

سەرۆک کۆمارى تورکیا جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە ناتانیاهۆ ناوچەکە بەرەو کارەسات دەبات و وتی، "هەموو کارێکی پێویست دەکەین بۆ وەستاندنی دڕندەیی غەززە و بۆ ئەوەی بەبێ پچڕان هاوکاری مرۆیی بگەیەنینە خوشک و برا برسیەکانمان لە غەززە". ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەممە دوای کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیران، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا، لەسەر چەند پرسێکى جیازواز قسەیکرد. لەبارەى لیژنە پەرلەمانیەکەوە کە بۆ چارەسەرى پرسى کورد پێکهێنراوە، وتى: کۆمیسیۆنەکەمان بەگوێرەی چاوەڕوانییەکانی میللەتەکەمان ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ دەکات. پشتگیری تەواو بۆ کارەکانی کۆمسیۆن دەکەین. ڕۆژی هەینی وەزیری بەرگریی نیشتمانی و ناوخۆ و بەڕێوەبەری(میت) پشتیوانى و پشتگیریان پێشکەش بە کۆمسیۆنەکە کرد و ئەندامانی کۆمسیۆنیان ئاگادار کردەوە. با هەموومان واز لە خوێنڕشتن بهێنین و کۆتایی بە ئازار بهێنین. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو ئەو بڕیارانەی کە لە دوو کۆبوونەوەی یەکەمی کۆمسیۆندا بە کۆی دەنگ گەیشتن، دڵخۆشکەر بوون. هەڵوێستی ئێمە هەر لە یەکەم ڕۆژەوە ڕوون بووە: ئەرکی دامەزراوەی سیاسییە بەرامبەر بە میللەت کە هەڵوێستی نیشتمانی لەبارەی پرسە نیشتمانییەکان بگرێتەبەر. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئەردۆغان باسى لەغەززە کرد، وتى: هەرگیز واز لە غەززە ناهێنین. ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ڕاگرتنی دڕندەیی لە غەززە. تورکیا ڕوونترین وەڵام بە ئیسرائیل دەداتەوە. سەرۆک کۆمارى تورکیا ئاماژەى بۆ ئەوەکرد،  دەمەوێت میللەتی ئازیزم ئەمە بزانێت: تورکیا ئەو وڵاتەیە کە ڕوونترین وڵامی بە دڕندەیی و بەربەرییەتی و کۆمەڵکوژی و ئەشکەنجەدان و ستەمکارییەکانی دەوڵەتی تیرۆری ئیسرائیلی لە دژی خوشک و برا فەلەستینییەکانمان داوە. پاشنیوەڕۆى ئەمرۆ حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری وڵاتەکە کۆبویەوەو یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەش پرۆسەی چارەسەرییە.   وەک میدیای فەرمیی ئەو وڵاتە دەڵێت، یەکێک لەبابەتەکانی کۆبوونەوەکەش جەنگی غەززە بووە، لەوانەش گفتوگۆ لەبارەی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەو ناوچەیەی فەلەستین.   مژارێکی دیکەی کۆبوونەوەکە رێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا و دوایین پێشهاتەکان لەبارەی رێککەوتنەکە گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.

یاسین شەریف حجێمی، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە سوریا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، سبەی محەمەد بەشیر، وەزیری وزەی سوریا لەسەر بانگهێشتی فەرمیی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق دەگاتە بەغداد و ئامانجی سەردانەکەش دۆسیەکانی نەوت و ئاو دەبێت. دەشڵێ، سەردانەکە بۆ  لێکتێگەیشتنە لەگەڵ لایەنی عێراقی بۆ گواستنەوەی نەوت بە بۆری لەڕێی سوریاوە بۆ دەریای ناوەڕاست، ئەویش لەڕێی بەندەری بانیاسی سوریاوە. ئاماژەی بەوەشداوە، وەزیرەکەی سوریا لەگەڵ عەون زیاب، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق کۆدەبێتەوە بۆ داڕشتنی پلانێک و گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەبارەی پرسی کەمیی ئاو و کەمبوونەوەی رێژەی بەردانەوەی ئاوی فورات، کە لە 500 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بۆ 300 مەتر سێجا دابەزیوە. دوو رۆژ پێش ئێستا محەمەد بەشیر وەزیری وزەی سوریا بە کەناڵی هەواڵی فەرمیی سوریای راگەیاندبوو، لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی تاوتوێی نۆژەنکردنەوە و بەگەڕخستنەوەی هێڵی بۆریی کەرکوک بۆ بەندەری بانیاسی وڵاتەکەیان دەکات.

سەرچاوەیەک لە بەغدا ئاشکرای کرد، لە بەشێک لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، کارەبای نیشتمانی تووشی کوژاندنەوەی گشتیی هاتووە. پچڕانی کارەبای نیشتمانی لە کاتێکدایە کە ئێستا پلەی گەرمای بەشێک لە شارەکانی نزیکبووەتەوە لە 50 پلەی سیلیزی و لە هەندێک ناوچە کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکانیش نییە.   ماڵپەرى بەغدا ئەلیەوم  ڕایگەیاند: کارەبا لە تەواوی عێراق پچڕاوە، سیستەمی کارەبای ناوەڕاست و باشووری عێراق تێکچووە بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکییە لە سیستەمی گواستنەوە. هاوکات، محەممەد نووری عەبد رەبە، سەرۆکی لیژنەی کارەبا و وزە لە پەرلەمانی عێراق، لە پۆستێکی فەیسبووکدا رایگەیاند، کوژانەوەی تەواوەتیی سیستمی کارەبا بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە بووە لە هێڵەکانی گواستنەوەی وزەدا. لەلای دیکەوە بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای کەرکووک هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوەو وتى: کارەبای هەموو عێراق بەهۆکارێکی نادیار کوژاوەتەوە.  هەرەوەها ئاماژەی بەوە داوە، کوژانەوەی کارەبا لەهەمووعێراقەو بەلایەنی کەمەوە پێنج کاتژمێری پێویستە. تاوەکوو ئێستا وەزارەتی کارەبای عێراق ڕوونکردنەوەی لەم بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.