هەسەدە ناوی 70 فەرماندەی ناردووە بۆ دیمەشق بۆ تێكەڵكردنیان لەگەڵ سوپا
2 كاتژمێر لەمەوپێش
هەسەدە لە لیستێكدا ناوی حەفتا فەرماندەی بۆ دیمەشق ناردووە بۆ ئەوەی لە سوپای ئەو وڵاتە پلە و پۆستیان بۆ دیاری بكرێت، سوریاش رەزامەندی دەردەبرێت.
سەرچاوەیەكی باڵای هەسەدە بە كەناڵی عەرەبیەی راگەیاندووە، لیستێكیان ناردووە بۆ دیمەشق كە ناوی 70 فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەخۆ دەگرێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بڕیارە بەپێی رێككەوتنەكانی نێوان حكومەتی سوریا و هەسەدە، ئەنجومەنی سەربازیی دێرەزوور ببێتە بەشێك لە سوپای سوریا، بە مەرجێك ناسنامە و تایبەتمەندییەكانی خۆی بپارێزێت و پلەی سەربازییان پێبدرێت.
سەرچاوە باڵاكەی هەسەدە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەگەر رێكارەكان و جێبەجێكردنی پلانەكان لە دێرەزوور بەباشی بەڕێوەبچن، لە داهاتوودا لە پارێزگای رەققەش هەمان پلان جێبەجێدەكرێت.
هاوكات، حكومەتی سوریاش رەزامەندی لەسەر هەمواركردنەوەی ژمارەیەك بڕگەی دەستوری كاتیی دەربڕیوە، لەپێناو جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی 10 ی ئاداری نێوان هەردولا.
