رەنگە مالیکی پێشنیاز بکات پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بدرێت بە پارتی
3 كاتژمێر لەمەوپێش
رۆژنامەی (الشرق الاوسط) لەزاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردووەتەوە: رەنگە دانوستانی ئەمجارەی نێوان هێزە سیاسیەكانی عێراق هەندێك گۆڕانكاری تیادا رووبدات، كە پێشتر لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتەكانی پێشوودا پیادەكراوە.
بەوتەی سەرچاوەکە، پێدەچێت مالیکی پێشنیازی ئەوە بکات، پۆستی سەرۆکایەتی كۆمار بدرێت بە پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەپێچەوانەی نەریتی خولەكانی پێشوو، بەدووريش نازانرێت ئەمە لە بەرامبەر پاڵپشتیی هەولێر بێت بۆ داواکاری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت.
ئەو سەرچاوەیە دووپاتی كردووەتەوە، دیارترین کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی ئێستایە، کە كاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی پۆستی سەرۆکایەتی كۆمار بە شێوەیەکی نەریتی دەدرێت بە كورد، بەڵام قۆرغ نییە بۆ یەکێتی.
رۆژنامەی (الشرق الاوسط) ئاشكرایدەكات، نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لەلایەن هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بە تەواوی سەرپشكراوە بۆ بەڕێوەبردنی دانوستانەکانی ناونانی کاندیدەكانی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەو پشتیوانیکردن لە کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق.
رۆژنامەكە لەزاری سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان بڵاویكردووەتەوە، ئەو کاندیدەی کە مالیکی پشتیوانی دەکات، ئێستا لە پێشەنگی ئەو ناوانەیە كە کێبڕکێی لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق دەكەن و پابەندیش دەبێت بە جێبەجێکردنی ئەو پێشمەرجانەی کە گەورەترین كوتلەی پەرلەمان لەسەری رێککەوتوون.
حزبی دەعوەی ئیسلامی دوێنێ بە کۆی دەنگ بڕیاریدا نوری مالیکی، ئەمینداری گشتی حزبەكە كاندید بكات بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، بەڵام سەرچاوەکان جەختدەكەنەوە ئەم کاندیدکردنە تەنها بۆ بەهێزکردنی پێگەیەتی لە دانوستانەکانداو بەهێزکردنی چانسی کاندیدەکەیەتى، تا دواتر وای نیشان بدات سازش لەسەر کاندیدبونەكەی دەكات لە بەرژەوەندی كەسێكی پەسەندکراوتر كە لەبنەمادا كاندیدی خۆیەتی.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، کاندیدەکەی مالیکی رەنگە لە دەرەوەی حزبەكەی بێت و کۆدەنگییەکی بەرفراوانی بەدەستهێناوە، دوای دانوستانێكی چڕی نێوان لایەنە شیعەکان کە کورسی لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێناوەو رۆڵی هەر لایەنێکی لەناو حکومەتی داهاتوودا دیاریکردووە.
