پیت هێگسیس، وەزیری بەرگریی و جەنەراڵ دان کەین، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان لەبارەی هێرشکردنە سەر هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران (فۆردۆ، ئەسفەهان و نەتەنز) ساز کرد.  وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ڕایگەیاند "هێرشەکانمان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران زۆر سەرکەوتوو بوون و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانمان بە تەواوەتی لەناو برد." گوتیشی: لە هێرشەکانماندا گەلی ئێران و هێزەکانی ئەو وڵاتەمان بۆمباران نەکردووە، تەنها سێ بنکەی ئەتۆمی کە ئەوانیش، نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان بوون، بۆمباران کرد." وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، بڕیاری هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بوێرانە و ناوازە بوو و چەند مانگێک ئامادەکارییان بۆ  کردووە، هەروەها نیشانەی بەهێزیی سوپای ئەمەریکایە. لەبارەی وەڵامدانەوەی ئێرانیش، دووپاتی کردەەوە "هەر وەڵامدانەوەیەک لە لایەن ئێرانەوە، زۆر بە توندی لێیان دەدەینەوە." وەکوو ئەوەی هێگسیس باسی کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، پیاوی ئاشتییە و دەیویست کێشەکە لە ڕێگەی گفتوگۆیەوە چارە بکرێت، بەڵام ئێران بوو کە پێشنیازەکەی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکە قبووڵ نەکرد.  لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا جەختی کردەوە "هێرشەکانی ئیسرائیل زۆر نایاب بوون و ئێمەش بە هاوبەشی لەگەڵیان دەیانپارێزین." وەزیری بەرگریی ئەمەریکا جەختیشی کردەوە، دەرگای گفتوگۆ بە ڕووی ئێرانییەکاندا داناخەن و بەو هیوایەن لەسەر کۆی کێشەکان بە ئاشتییانە بگەنە ڕێککەوتن.  هاوکات جەنەراڵ دان کەین، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا باسی لەوە کرد "هێرشەکانی سەر ئێران لە لایەن فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکاوە کراون. هەڵمەتێکی زۆر نهێنی، ئاڵۆز و پڕ مەترسیدار بوو. فڕۆکەکانمان لە جۆری (B - 2) توانییان بە سەرکەوتووانە بگەنە ئاسمانیی ئێران و هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئەسفەهان، نەتەنز و فۆردۆ بۆمباران بکەن و پێمان وایە زیانێکی زۆریان پێ گەیشتووە." سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا ئەوەشی خستە ڕوو، لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران، هەندێک مووشەک بەکارهێنراون کە کێشیان زیاتر لە سێ هەزار پاوەند بووە.  جەنەراڵ دان کەین ئاماژەی بەوەش دا "ئامانج لە هێرشەکانمان گۆڕینی ڕژێمی ئێران نەبووە، هێزەکانمانیشمان لە ئامادەباشیدان بۆ ئەگەری هەر وەڵامدانەوەیەکی ئێران یان گرووپە چەکدارەکانی نزیک لێی."

  هێرشە ئاسمانییە بەرفراوانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، كاردانەوەی سیاسیی لە کۆنگرێسی وڵاتەكەی لێکەوتەوەو، تۆمەتباری دەكەن بەوەی دەستوری پێشێلکردووەو دەسەڵاتی خۆی تێپەڕاندووە، بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی بەبێ مۆڵەتی یاسایی. چاک شومەر، سەرۆکی زۆرینەی دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی پیران، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: نابێت هیچ سەرۆکێک وڵات بکێشێتە ناو شەڕەوە بەبێ رەزامەندی کۆنگرێس، ئەوەی روویدا هەڵەشەيی و بێ ستراتیژەو پێگەی ئەمریکا لاواز دەکات لەبری ئەوەی بەهێزی بکات. لای خۆیەوە، ئاژانسی "ئەسۆشێتد پرێس" بڵاویکردەوە: تەنها ژمارەیەکی سنوردار لە سەرکردەکانی کۆنگرێس پێشتر ئاگادارکراونەتەوە، لەوانە مایک جۆنسۆن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کۆمارییەکان و جۆن سون، سەرۆکی زۆرینەی كۆمارییەكان لە ئەنجومەنی پیران، بەڵام بەبێ ئەوەی بە پرۆسەی راوێژکاری فەرمیدا تێپەڕن یان بانگهێشت بکەن بۆ دانیشتنێکی بەپەلە. وتەبێژی شومەر دەڵێت:  ئاگادارکردنەوەکە زۆر رووکەش بووە، هیچ وردەکاریی پێویستی لەبارەی سروشتی یان ئامانجە ستراتیژییەکانی هێرشەكەی تیادا نەبووە. دوای ‌هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشی ورد و گشتگیریان کردووەتە سەر سێ ناوەندی سەرەکی ئەتۆمیی ئێران کە ئەوانیش فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان و سەرجەمیان خاپوور بوون. سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، ئێران بە ئاشتی رازی نەبێت یان بیر لە وەڵامدانەوە بکاتەوە، کارەساتێکی گەورەی بەسەردا دێت، بۆیە ئامانجی هێرشەکان راگرتنی هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران بوو. فۆکس نیوز لەزاری ترەمپەوە رایگەیاند، ئەو چەکانەی بەکارهاتوون لە هێرشەکەدا شەش بۆمبی GBU-57 و 30 مووشەکی تۆماهۆک بوون. بۆمبی GBU-57 بۆمبێکی زەبەلاحە کە کێشەکەی 13 تۆنە و تەنها لەنێو زەویدا دەتەقێتەوە، دەتوانێت 200 مەتر خاک یان 60 مەتر کۆنکرێت ببڕێت. ئەم بۆمبە تەنها فڕۆکەی B-2ـی ئەمریکی لەتوانایدا هەیە هەڵیبگرێت و هەر فڕۆکەیەک تەنها یەک بۆمبی پێ هەڵدەگیرێت.

یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیا پاش هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، داوا لە تاران دەکەن بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان. کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، ناکرێت ئێران پەرە بە چەکی ئەتۆمی بدات، چونکە دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی. کاڵاس داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد هێورببنەوە و بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان تاوەکو رێگە بگرن لە هەڵکشانی زیاتری گرژییەکان. کاڵاس ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بەرەوپێشچوونەکانی ناوچەکە و هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران تاوتوێ دەکەن. لەلایەکی دیکەشەوە، کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی، لەبارەی هێرشەکەی ئەمریکاش بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی ئێران ئەو کارەیکردووە. سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، داوای لە ئێران کرد بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان، تاوەکو بەشێوەیەکی دیپلۆماسی کۆتایی بەم قەیرانە بهێندرێت.

  سوپاى پاسدارانى ئێران هەڕەشەى توند لەئەمریکا دەکات و دەڵێت تۆڵەى ئەو هێرشانە دەکەینەوەو شوێنی فڕینی فڕۆکە بەشداربووەکانی ئەم دەستدرێژییە دەستنیشان کراون و چاودێری کراون. لەبەیاننامەیەکدا سوپای پاسداران، دەڵێن: ئەمڕۆ، ڕژیمی تاوانکاری ئەمریکا، بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ ڕژێمی زایۆنی، بە هێرشێکی سەربازیی نایاسایی بۆ سەر دامەزراوە ناوەکییە ئاشتیخوازەکانی ئێران، کە بە ڕوونی پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان، یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێزگرتن لە سەروەریی نەتەوەیی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتان پێشێل دەکات، تاوانێکی ئاشکرا و بێ وێنەی ئەنجامدا. هەروەها جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە هەر لە یەکەم ساتەکانی ئۆپراسیۆنی زایۆنیستییەوە بۆ سەر ئێران ڕوون بوو کە پشتیوانی و یاوەری هەمەلایەنەی ئەمریکییەکان لە پلاندانان و بەجێگەیاندنی ئەم دەستدرێژییە کاریگەر بووە. وە ئەم کردارە سەلماندیان نە هێزی دەستپێشخەرییان هەیە و نە توانای دەربازبوونیان لە وەڵامە قورسەکان هەیە. سوپاى پاسداران ئاماژە بۆ ئەوەشدەکەن دوبارەبوونەوەی گەمژەییە شکستخواردووەکانی ڕابردوو لەلایەن ئەمریکاوە، ناکارامەیی ستراتیژی و پشتگوێخستنی واقیعەکانی سەر زەمینەی ناوچەکە نیشان دەدات.واشنتۆن لەبری ئەوەی لە شکستە دووبارەبووەکان فێربێت، بە شێوەیەکی کاریگەر خۆی خستە بەرەکانی پێشەوەی دەستدرێژیکردن بە هێرشی ڕاستەوخۆی دامەزراوە ئاشتیخوازەکان.  دەشڵێن: بە فەزڵی خودا و بە ئیتلاعاتی هەمەلایەنەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، شوێنی فڕینی فڕۆکە بەشداربووەکانی ئەم دەستدرێژییە دەستنیشان کراون و چاودێری کراون. هەر لەوبەیاننامەیاندا باس لەوەدەکەن وەک چەندین جار ئاماژەمان پێدا، ژمارە و پەرشوبڵاوی و قەبارەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هێز نییە، بەڵکو لاوازییان دوو هێندە کردووە. بە توندی وەبیرتان دەخەینەوە کە تەکنۆلۆژیای ئەتۆمی ڕەسەن و ئاشتیانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هیچ هێرشێک لەناو ناچێت؛بەڵکو ئەم هێرشە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئیرادەی زانایانی لاو و پابەندی ئێران بۆ پێشکەوتن و گەشەسەندن. نەتەوەی مەزنی ئێران و جیهان بە ڕوونی ئاگادارن کە سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی گۆڕەپانی ئەم شەڕە سەپێنراوی پێکەوەیی و تەواو بە باشی دەزانێت و هەرگیز بە جەنجاڵی ترامپ و ئەو باندە تاوانکارییەی کە حوکمڕانی کۆشکی سپی و تەلئەبیب دەکەن، ناترسێنرێت. لە بەرامبەر ئەم دەستدرێژی و تاوانانەدا، ئۆپەراسیۆنی ئۆدە سادق ٣ کە تا ئێستا زایۆنیستەکان ٢٠ شەپۆلیان بەخۆوە بینیوە، بە وردی و بە ئامانج و دڕندانە دژ بە ژێرخان و ناوەندە ستراتیژییەکان و بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی زایۆنی بەردەوام دەبێت. هەروەها دەستدرێژیی ئەمڕۆی ڕێژیمی تیرۆریستی ئەمریکا وایکردووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە چوارچێوەی مافی ڕەوای خۆیدا بۆ بەرگریکردن لە خۆی، بژاردەکانی دەرەوەی تێگەیشتن و حیساباتی وەهمیی بەرەی دەستدرێژکار کەڵک وەربگرێت و دەستدرێژکارانی ئەم خاکە دەبێ چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی پەشیمانانە بن.

  باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عێراق: حكومەتی عێراق نیگەرانی  قوڵی خۆی نیشان دەدات و ئیدانەی بەئامامجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەكان دەكات لەناو خاكی كۆماری ئیسلامی ئێران.  جەختدەكەینەوە كە ئەم هەڵكشانە سەربازییە هەڕەشەیەكی مەترسیدارە بۆ ئاسایش و ئاشتیی لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و سەقامگیری ناوچەكە دەخاتە بەر مەترسییەكی گەورەوە.  عێراق جەخت لەسەر پرەنسیپی خۆی دەكاتەوە بۆ رەتكردنەوەی بەكارهێنانی هێز لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا و داوا دەكات رێز لە سەروەریی وڵاتان بگیرێت و دامەزراوە گرنگەكان بەئامانج نەگیرێن، بەتایبەتیش ئەوانەی لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدان و بۆ مەبەستی ئاشتیانە بەكاردەهێنرێن.  عێراق جەختدەكاتەوە كە چارەسەری سەربازیی ناكرێت ببێت بە ئەڵتەرناتیڤ بۆ دیالۆگ و دیپلۆماسی و؛ بەردەوامی ئەم هێرشانە دەكرێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی مەترسیدار كە ئاكامەكانی لە سنوری هەر دەوڵەتێك بچێتە دەرەوەو كاریگەریی لەسەر سەقامگیریی ناوچەكەو جیهان دروست بكات.  عێراق ئەوەمان بیردەخاتەوە كە جەنگ جگە لە وێرانەیی هیچ شتێك لەدوای خۆی بەجێناهێڵێت، بەرپرسیارێتی زلهێزەكان و دەستە نێودەوڵەتییەكان دەبێت ئەوە بێت جیهان لە قەیرانی زیاتر بەدوور بگرن، نەك دروستكردنی.  عێراق لە روانگەی بەرپرسیارێتییەوە بەرامبەر بە ئاشتی و سەقامیگریی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی داوای ئارامكردنەوەی خێراو كردنەوەی كەناڵی دیپلۆماسی بەپەلە دەكات بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی بارودۆخەكە، بەو جۆرەی گەرەنتی ئاسایشی هاوبەش بكات و رێز لە یاسای نێودەوڵەتیی و پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بگرێت.

  سوپای ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە دەستپێکردنی شەپۆلی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ڕۆژئاوای ئێران ڕاگەیاند. وتەبێژی سەربازی ئیسرائیل وتی: هێزی ئاسمانی ئیسرائیل شەپۆلی هێرشی ئاسمانی بۆسەر ئامانجە سەربازییەکانی ڕۆژئاوای ئێران دەستپێکردووە. ناوبراو زیادی کرد: بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزی ئاسمانی هێرشی کردە سەر شوێنەکانی هەڵدانی مووشەک لە ئێران کە ئامادە بوون بەرەو خاکی ئیسرائیل هەڵبدرێن، هەروەها کارمەندانی سەربازی ئێرانیش هێرشیان کرایە سەر، هێرشەکە ئەو شوێنانەی هەڵدانی مووشەکیان لەناوبرد کە ماوەیەکی کورت پێشتر بەرەو خاکی ئیسرائیل هەڵدرابوون. سوپای ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە فەرماندەیی بەرەی ناوخۆ ئاستی هەڕەشەکانی لە سەرانسەری وڵاتدا بەرزکردووەتەوە و فەرمانی داوە یەکشەممە تەنها چالاکییە سەرەکییەکان ئەنجام بدرێن. ئەمەش دوای هەڵسەنگاندنی بارودۆخێک هات کە لەلایەن ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیلەوە پەسەندکرا، دوای ئەوەی ئەمریکا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر سێ پێگەی ئەتۆمی ئێران-فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان ئەنجامدا- یەدیوت ئەهرۆنۆت ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، سوپای ئەمریکا سێ شوێنی لە ئێرانی داوە و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هەوڵەکانی ئیسرائیلەوە کردووە بۆ لەناوبردنى بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکە. بڕیاری دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا دوای زیاتر لە هەفتەیەک دێت لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بە ئامانجی نەهێشتنی سیستماتیکی بەرگری ئاسمانی و توانای مووشەکی هێرشبەری ئەو وڵاتە، هاوکات زیانگەیاندن بە دامەزراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم.

  بەیانی ئەمڕۆ، سوپای پاسداران، دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر سێ پێگەی ئەتۆمی لە ئێران، دەیان موشەکیان ئاڕاستەی ئیسرائیل كرد. خزمەتگوزاری فریاکەوتنی پزیشکی ئیسرائیل رایگەیاند: تیمەکانیان گەیشتوونەتە (١٠) ناوچە،  كە بەهۆی هێرشی ئێرانەوە زیانیان پێگەیشتووەو (١٨) کەس بریندار بوون.  بەگوێرەی میدیا عەرەبییەکان، موشەکەکان ناوچەكانی تەلئەبیب و حەیفایان کردووەتە ئامانج . هاوكات ئاژانسی "فارس" بڵاویكردەوە:  شەپۆلی بیستەمی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆ 3" بە تاکتیکی نوێ ئەنجامدراوە، بە بەکارهێنانی تێکەڵەیەک لە موشەکی بالیستی دوور مەودا، کە بە سوتەمەنی شل و ڕەق کاردەکەن، لەگەڵ كڵاوەی جەنگی وێرانکەر كە  توانای پێشکەوتوو هەیە  لە تێپەڕاندنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی دوژمن. وتەبێژی ئۆپەراسیۆنەکە رایگەیاندووە، ئەو شوێنانەی بەیانی ئەمڕۆ كراونەتە  ئامانج ئەمانە بوون: ⦁ فڕۆکەخانەی بن گوریۆن ⦁ ناوەندی توێژینەوەی بایۆلۆجی قەوارەی زایۆنی ⦁ بنکەكانی پاڵپشتی و ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی دوژمن لە ئاستە جیاجیاکان. لەلایەکى دیکەوە، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند: ئەمریکا بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی ئێران، پێشێلکارییەکی جیددیی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی ئەنجامداوە.  ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە کە ئێران هەموو بژاردەکانی بۆ بەرگریکردن لە سەروەری و بەرژەوەندییەکان و گەلەکەی بە پشتبەستن بە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان تەرخان دەکات. لە کاتێکدا ئێران داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا، عەراقچی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند: ڕووداوەکانی ئەم بەیانییە ترسناکن و کاردانەوەی بەردەوامی دەبێت.

  ئیدارەی خۆسەر لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، دامەزراندنی ئیدارەیەکی گشتی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی قامیشلۆ راگەیاند، دەسەڵاتی گشتی فڕۆکەوانی سوریاش بڕیارەكە رەتدەكاتەوە. كردنەوەی فرۆكەخانەی قامیلشۆی راگەیاند پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە (١٣٦) کە لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی جێبەجێکردنەوە دەرچووە. لە بڕیارەکەدا هاتووە، ئیدارەی گشتی نوێ، لە ڕووی کارگێڕی و داراییەوە سەربە  ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆسەر دەبێت وهەموو بابەتە کارگێڕی و داراییەکان و کارمەندان بەپێی رێساکان یەکلایی دەکرێنەوە. بڕیارەکەش لە بەرواری دەرچوونی لە (٩)ی حوزەیرانەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکرێنەوە بۆ ئەوەی کار لەسەر جێبەجێکردنی بکەن. لە بەرامبەردا، دەسەڵاتی گشتی فڕۆکەوانی شارستانی سوریا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: لە ئێستادا  فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی قامیشلۆ داخراوه، ئەم داخستنەش بەركارو پابەندکەرە بۆ هەموو هێڵە ئاسمانییەکان و لایەنە پەیوەندارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان. ئاماژەی بەوەشكردووە: دەستەكەیان تاکە دەزگایە کە لەڕووی  یاسایی رێگەپێدراوە بە بەڕێوەبردن و كارپێكردنی فڕۆکەخانەکانی کۆماری عەرەبی سوریاو، رێکخستنی هاتوچۆی ئاسمانی لەناو ئاسمانی سوریادا هەیە. جەختیشدەكات لەوەی، فرۆكەخانەی قامیشلۆ داخراوەو بڕیاری کارکردن یان به کارهێنانی تەنیا لەلایەن دەستەكەوە دەردەچێت،  هەر هەوڵێکيش بۆ بەکارهێنانی بەبێ هەماهەنگی و رەزامەندی فەرمی، پێشێلکردنی روونی یاساو رێسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە رێكخستنی بەڕێوەبردنی کەشتیوانی ئاسمانییە.

  گروپى چەکدارى حوسییەکان دەڵێن ئەگەر ئەمریکا بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ بەشدارى هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بکات، ئەوا هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە ئەمریکییەکان دەستپێدەکەنەوە، ئەمە لەکاتێکدایە ئەو گروپە پێشتر ئاگربەستیان ڕاگەیاندووە. لە بەیاننامەکەدا یاخیبووانی حوسی هەڵوێستی خۆیان دووپاتکردەوە و هێرشى ئیسرائیلیان ڕەتکردەوە، دەڵێن: دەستدرێژی ئیسرائیل بۆ سەر برایانمان لە غەززە، لوبنان، سوریا و هەر وڵاتێکی عەرەبی یان ئیسلامی باجى خۆى دەبێت. حوسییەکان زیادیان کرد: ناتوانین لەبەرامبەر هیچ هێرش و دەستدرێژییەکی ئەمریکی بێدەنگ بین، هەر هێرشێک یان دەستدرێژییەکی ئەمریکی بۆ سەر ئێران، بۆ پشتیوانی لە دوژمنی ئیسرائیل، بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی ناوچەکە تەحەمول ناکرێت. "شەڕەکە لەگەڵ ئیسرائیلە، دەستدرێژکارەکەی دژی ئێران، لەگەڵ تاوانەکانی پێشووی دژی گەلی فەلەستین، هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر گەلانی لوبنان و سوریا، هەروەها دەستدرێژیەکانی بۆ سەر یەمەن، پاشان گۆڕاوە بۆ دەستدرێژییەکی هەمەلایەنە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەژێر ئاڵای گۆڕینی ڕوخساری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست". ئەمە بەپێى بەیاننامەکەى ئەوان. وسییەکانی یەمەن گرووپێکی چەکداری پەیڕەوانی مەزهەبی زەیدین کە یەکێکە لە مەزهەبەکانی ئایینی شیعە لە ئیسلامدا. ئەم گرووپە لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دروستبوو کە بە گوتەی خۆیان بەرەنگاری گەندەڵییە بەرفەراوانەکانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆک کۆماری یەمەن ببنەوە. ناوی ئەو گرووپە لە حوسێن ئەلحوسی دامەزرێنەری ئەم بزووتنەوەیە هاتووە. هەروەها بەخۆیان دەڵێن ئەنساروڵا یان یارانی خودا. دوای لەشکرکێشی بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003 بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا، حوسییەکان ئەم دروشمەیان هەڵبژارد، "اڵڵە و ئەکبەر - مردن بۆ ئەمەریکا - مردن بۆ ئیسرائیل - نەفرەت لە جووەکان- سەرکەوتن بۆ ئیسلام". ئەم گرووپە، وەک حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان، خۆیان وەک بەشێک لە "میحوەری بەرخۆدان" دەزانن کە ئێران لە لە دژی ئیسرائیل و ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتیوانیان دەکات. لە کۆتایی ساڵی 2014 دا جەنگی نێوخۆیی لە یەمەن دەستیپێکرد، حوسییەکان سەنعای پایتەختی یەمەنییان کۆنتڕۆڵ کرد. بەهۆی ترس و نیگەرانییەکانییەوە سەبارەت بە زیادبوونی دەسەڵاتی شیعە لەسەر سنوورەکەی، سعودیە لە مانگی سێی ساڵی 2015 دا هاوپەیمانێتییەکی سەربازیی دامەزراند و دەستیوەردایە جەنگەکەی ناو یەمەنەوە، ئەوەش لە پێناو گەڕاندنەوەی حکومەتە دانپێدانراوەکەی یەمەن بۆ سەر دەسەڵات. حوسییەکان کۆنتڕۆڵی زۆربەی باکوور و ناوچە گەورەکانی ناوەڕاستی یەمەنییان کرد، هاوکات حکومەتە دانپێدانراوەکەی یەمەنیش چووە عەدەن.

ئەبو عەلی خەلیل، پاسەوانى تایبەت و هاورێى نزیکى حەسەن ن.ەس.روڵڵا لەعێراقەوە چووەتە ئێران ئەمڕۆ لەهێرشێکى ئیسرائیل لەگەڵ کوڕەکەی کوژراوە.   بەرپرسێکی باڵاى ئەمنی حزبوڵڵای لوبنان دەڵێت، پاسەوانەکەى حەسەن نەسروڵڵا، لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا لەکاتێکدا لە ئێران بووە، کوژراوە. ئەو بەرپرسە دەڵێت، ئەبو عەلی خەلیل ناسراو بە ئەبو عەلی جەواد دوای ئەوەی لە عێراقی دراوسێوە چووەتە ئێران کوژراوە. ساڵانێکی زۆر ئەبو عەلی لە زۆربەی دەرکەوتنە گشتیەکانیدا لە پشتی نەسروڵڵا دەبینرا. دوای ئەوەی نەسروڵڵا لە مانگی ئەیلولی ڕابردوودا لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا لە یەکێک لە گەڕەکەکانی بەیروت کوژرا، پاسەوانەکەی کرایە بەرپرسی گۆڕەکەی لە بەیروت. ئەو بەرپرسەی حزبوڵا بە مەرجی ئەوەی ناوی ئاشکرا نەکات، چونکە دەسەڵاتی ئەوەی نییە قسە لەگەڵ میدیاکان بکات، دەڵێت، ئەو هێرشە ئاسمانییەی کە ئەبو عەلی کوژرا،  ئەمڕۆ ئەنجامدراوە. (ئێمە زۆرمان خۆشدەوێت، ان شاءاللە پێکەوە دەبین)، ئەمە دواقسەو پەیامی ئەبو عەلی، پاسەوانی تایبەتى نەسروڵڵابووە. لە ١٣ی حوزەیرانەوە ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و موشەکى و فرۆکەى بێ فرۆکەوانى کردوەتە سەر شوێنە سەربازییەکان و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. هەروەها هێرشەکانی ئیسرائیل بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لە سەرکردەی باڵای سەربازی ئێران لەوان سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکان و فەرماندەی سپای پاسداران. هەروەها بووە هۆی تیرۆرکردنی نزیکەی ١٧ زانای ئەتۆمی ئێرانی، بەپێی دوایین خەمڵاندنەکانی ئیسرائیل.

  ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران بەشێوەیەکى بەردەوام و 24 کاتژمێری کراوەن و هیچ کێشەیەک دروست نەبووەـ ئەمەش بەپێى وتى کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی. پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە، محەممەد مەحموودیان، کونسوڵی ئێران لە سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا، لەبارەی جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل و کاردانەوەکان لەسەر جەنگەکە قسەی کرد.  کونسوڵی ئێران لە سلێمانی وتى: دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنی بوەستن، ئێمەش هێرشەکانمان رادەگرین." لەبارەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانیش جەختى کردەوە خۆشبەختانە هەر لە دەستپێکی شەڕەکەدا سیاسییەکان و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاند.   محەممەد مەحموودیان باسی لە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەبارەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل کرد و وتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرکۆنەکردنی ئەم جەنگە هەڵوێستی خۆیان راگەیاند.   کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی باسی لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتەکەی کرد و گوتی، "کراوەن و هیچ کێشەیەک بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی دروست نەبووە."   رۆژی 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی بەناوی "شێری راپەڕیو" راگەیاند و هێرشی کردە سەر بنکەی ئەتۆمی و ناوەندە سەربازییەکانی ئێران.    لە بەرامبەردا، ئێران ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 3"ـی راگەیاند و بە درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. 

  لە ماوەی نۆ ڕۆژی شەڕی بێ وێنەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، هەواڵگری ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانی لەسەر بە ئامانجگرتنی سەرکردە سەربازییە سەرەکییەکان، بەتایبەتی لەناو سوپای پاسداران و هەروەها "زانایانی ئەتۆمی " چڕکردەوە . لە 13ی حوزەیرانەوە، ئیسرائیل نزیکەی 17 زانای ناسراوی ئەتۆمی ئێرانی لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانی و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوەوە کوشتووە، بەپێی ئەوەی کەناڵی 12ی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە بڵاویکردەوە. لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئێرانییەکان کوژرانی زانای ناوەکی ئیتار تەباتەبایی و هاوسەرەکەییان لە ماڵەکەی خۆیان ڕاگەیاندووە، دوای هێرشەکانی ئیسرائیل کە هەفتەى ڕابردوو شوقەکەیان کردە ئامانج، بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهری ئێرانی. پێشتریش دەسەڵاتدارانی ئێران تیرۆرکردنی فێریدوون عەباسی، زانای ناوداری ناوکی و پێشتر وەک سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران و هەروەها ئەحمەد ڕەزا زۆڵفەغاری، مامۆستای ئەندازیاری ئەتۆمی ڕاگەیاندبوو. بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل رۆژی شەممە رایگەیاند، ئیسرائیل شەوی رابردوو "دوو بنکەی بەرهەمهێنانی سەنتەرفیوج"ی لە دامەزراوەی ئەتۆمیی ئیسفەهانی ئێران کردووەتە ئامانج.   ئەو بەرپرسە سەربازییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات، رایگەیاند: "ئێمە لە یەکەم 24 کاژێری ئۆپەراسیۆنەکەماندا ئەسفەهانمان کردە ئامانج، بەڵام شەوی رابردوو زنجیرەی دووەمی هێرشەکانمان بۆ سەر ئەوێ ئەنجامدا، بەمەش دەستکەوتەکانمان گەورەتر کرد و زیانەکانمان لەسەر دامەزراوەکە زیاتر کرد."   ئەو بەرپرسە سەربازییە گوتیشی، بەئامانجکردنی دوو بنکەی بەرهەمهێنانی سەنتەرفیوج لە ئیسفەهان، "جگە لە چەند بنکەیەکی دیکەی بەرهەمهێنانی سەنتەرفیوج بووە کە لە رۆژانی رابردوودا توانیمان بە سەرکەوتوویی بیانکەینە ئامانج."

  لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، شەپۆلێکی زانیاری ناڕاست بە شێوەی ئۆنلاین بڵاوبووەتەوە، دەیان پۆست و وێنەى ڤیدیۆیان دروستکردوە دژى یەکترى و بەدەیان ملیۆن بینەریشیان هەبووە. کەناڵى بى بى سى، راپۆرتێکى بڵاوکردوەتەوەو ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە شیکارییان بۆ کۆمەڵێک ڤیدیۆکردوە دەرکەوتووە کە بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد دروستکراون، ئەوانە شانازی بە توانا سەربازییەکانی ئێرانەوە دەکەن. سێ ڤیدیۆی ساختە کە زۆرترین بینەری هەبووە کە بی بی سی ڤێریفای دۆزیویەتیەوە، بە کۆی گشتی زیاتر لە 100 ملیۆن بینەری لە چەندین پلاتفۆرمدا کۆکردۆتەوە. هەروەها ئەکاونتەکانی لایەنگری ئیسرائیل زانیاری ناڕاستیان بە شێوەی ئۆنلاین بڵاوکردۆتەوە، بە شێوەیەکی سەرەکی بە دووبارە بڵاوکردنەوەی کلیپە کۆنەکانی ناڕەزایەتی و گردبوونەوەکان لە ئێران، بە درۆ بانگەشەى ئەوەیان کردووە کە ئەوان ناڕەزایەتی زیادبوون لە دژی حکومەت و پشتیوانی لە نێو ئێرانییەکان بۆ هەڵمەتی سەربازی ئیسرائیل نیشان دەدەن. ئیسرائیل لە ١٣ی حوزەیران هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و بەو هۆیەوە چەندین هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدرا. ڕێکخراوێک کە شیکاری وێنەی سەرچاوە کراوە دەکات، قەبارەی زانیارییە ناڕاستەکانی ئۆنلاین بە "سەرسوڕهێنەر" وەسف دەکات و هەندێک لە "بەکارهێنەران و بەشداران"ی تۆمەتبار کردووە بەوەی کە هەوڵدەدەن قازانج لە ململانێکان بکەن بە هاوبەشکردنی ناوەڕۆکی چەواشەکارانە کە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ئۆنلاین داڕێژراوە. هەندێک ئەکاونت بوونەتە "سوپەر-بڵاوکەرەوە"ی زانیاری هەڵە، پاداشت دەکرێن بە گەشەیەکی بەرچاو لە ژمارەی فۆڵۆوەرەکانیان. یەکێک لە ئەکاونتەکانی لایەنگری ئێران کە هیچ پەیوەندییەکی ئاشکرای لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تاران نییە -  فۆڵۆوەرەکانی لە X  ٧٠٠ هەزاربووە لە ١٣ی حوزەیرانەوە بۆ ١.٤ ملیۆن تا ١٩ی حوزەیران گەشەیان کردووە، کە لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا ١٠٠% زیادیکردووە. گرتەیەکی دیکە کە گوایە لە درەنگانی شەودا بە مووشەک هێرش کراوەتە سەر باڵەخانەیەکی شاری ئیسرائیل. خاتوو سەلیبا وتی زۆرجار کلیپەکان هێرشەکانی شەوانە نیشان دەدەن، ئەمەش وایکردووە پشتڕاستکردنەوەیان بە تایبەتی قورس بێت. هەروەها ساختەکارییەکانی ئای ئای تیشکیان خستۆتە سەر بانگەشەى لەناوبردنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ئێف ٣٥، کە فڕۆکەیەکی پێشکەوتووی دروستکراوی ئەمریکایە و توانای لێدانی ئامانجە زەمینی و ئاسمانییەکانی هەیە.  لیزا کاپلان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپی شیکارانی ئەلیتیا بە بی بی سی ڤێریفای ڕاگەیاندووە، ئەگەر ئەو هێرشە کلیپانە ڕاستەقینە بووایە ئێران 15%ی فرۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل لەناو دەبرد. تا ئێستا هیچ گرتەیەکی فڕۆکەی ئێف-٣٥مان نەسەلماندووە کە خراوەتە خوارەوە.

  ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بەزمانێکى زۆر توند هێرش دەکاتە سەر نەتەنیاهۆو وەک هیتلەر ناویبرد، ڕاشیدەگەیەنێت بە توندترین شێوە هێرشەکانی ئیسرائیل دژی ئێران ئیدانە دەکەم، گومانم نییە گەلی ئێرانیش ئەم ڕۆژانەدا تێدەپەڕێت.  لەکۆبوونەوەى ڕێکخراوی لوتکەی هاوکاری ئیسلامی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا وتارێکى پێشکەشکردو باسى لەشەڕى ئێران و ئیسرائیل و بارودۆخى غەززەو سوریاى کرد. لەبەشێکى قسەکانیدا ئەردۆغان وتى: بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وادەکات سیاسیەتی وێرانکاریی بەردەوام بێت،  ئیسرائیل لەکاتی دانوستانەکاندا هێرشی کردە سەر ئێران و کۆمەڵکوژى دەکات  نەتەنیاهۆ وەک هیتلەرەو کۆپییەکى ئەوە. ناوبراو ئەوەشى خستەڕوو، هێرشەکان لە کاتێکدا ڕوویانداوە کە دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران چڕتر دەبوونەوە. حکومەتی نەتانیاهۆ ئامانجی تێکدانی پرۆسەی دانوستان بوو بە هێرشەکانی لە ١٣ی حوزەیران. وتیشى: ئیسرائیل لەبری ئەوەی بە شێوەیەکی ئاشتیانە شانبەشانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین بژی کە قودسی ڕۆژهەڵات پایتەختەکەی بێت، هەوڵدەدات شەڕ لە سەرانسەری ناوچەکەدا بڵاوبکاتەوە. وەک چۆن ئەو پریشکە کە ٩٠ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن هیتلەرەوە داگیرسابوو، جیهانی ئاگری تێبەردا، تەماحەکانی زایۆنیستی نەتانیاهۆ جگە لە ڕاکێشانی جیهان بۆ کارەسات، هیچ ئامانجێکی دیکەی نییە. سەرۆک کۆمارى تورکیا لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئەوەشى خستەڕوو، بانگەواز بۆ ئەو وڵاتانە دەکەم کە کاریگەرییان لەسەر ئیسرائیل هەیە؛ نابێت کەس گرنگی بە قسە ژەهراویەکانی نەتانیاهۆ بدات کە بە ستایشەوە پێچراوەتەوە.  وتى: پێویستە لەم کۆبوونەوەی ڕێکخراوەکەماندا کە نوێنەرایەتی دەنگ و ویژدانی ئومەت دەکات، بە ڕوونی هەڵوێستی خۆمان لە دژی سیاسەتی ئیسرائیل بە بیروڕای گشتی جیهان ڕابگەیەنین.

  سەرۆکى ڕووسیا، ڕایدەگەیەنێت مۆسکۆ چەندین جار ئیسرائیلی ئاگادار کردووەتەوە کە ئێران بەدوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدا نییە. لەچاوپێکەوتنێکى تایبەتدا لەگەڵ کەناڵى سکاى نیوزى عەرەبى، ڤلادمێر پوتین سەرۆکى ڕووسیا، سەبارەت بە پرسى ئێران دووپاتی کردەوە مۆسکۆ پشتیوانی لە مافی ئێران دەکات بۆ بەکارهێنانی ووزەى ئەتۆمی بۆ مەبەستى ئاشتیانه، ئاماژەى بەوەشدا ڕوسیا  ئامادەى پێشکەشکردنی پاڵپشتی پێویستە لەم بوارەدا. پوتین لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە مۆسکۆ چەندین جار بەرپرسانى باڵاى ئیسرائیلی ئاگادار کردووەتەوە کە ئێران بەدوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدا نییە، جەختی لەسەر گرنگی وتووێژ بۆ هێورکردنەوەی نیگەرانییەکانی ناوچەکە و دەستەبەرکردنی ئاسایشی هاوبەش کردەوە. ناوبراو بە ئاماژەدان بە ڕێڕەوی دانوستان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران وتی: ئێمە پێمان وایە ئێران مافی خۆیەتی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتیانە بەکاربهێنێت،  ئاماژەی بەوەشکرد کە هەندێک وردەکاری هەیە کە دەتوانرێت یان پێویستە ڕێککەوتن لەسەر بکرێت. سەبارەت بە گرژییە بەردەوامەکانی نێوان تاران و تەلئەبیب، پوتین داوا دەکات نەرمی لە هەردوولاوە بنوێنرێت، وتى: ڕێگاکانی چارەسەرکردنی کێشەکان هەن. ناوبراو دەختى کردەوە ئێران و ئیسرائیل دەبێ لە دانوستانەکاندا نەرمی نیشان بدەن، ڕێگا و ئامراز هەیە بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارە بۆ ئەم پرسە. سەرۆکى ڕوسیا جەختی لەوە کردەوە کە ئێران چەندین جار ڕایگەیاندووە کە هەوڵی هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی نادات و ئاماژەی بەوەدا کە "دەزگای نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بەڵگەی نەدۆزیوەتەوە کە ئاماژە بەوە بکات کە ئێران خاوەنی ئەو جۆرە چەکە بێت یان هەوڵی هەڵگرتنی ئەو جۆرە چەکی ئەتۆمییە". سەرۆک کۆماری ڕووسیا هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپات کردەوە لە ڕەتکردنەوەی بڵاوبوونەوەی چەکی کۆکوژی لە هەر شوێنێکی جیهان و ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران بڕیارنامەیەکی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی دەرکردووە، ئەمەش بابەتێکی ئەوپەڕی گرنگییە و دەبێت بە جددی وەربگیرێت.