سەرۆك بارزانی و کونسوڵی ئیمارات دۆخی سیاسیی عێراقیان تاوتوێ کرد
3 كاتژمێر لەمەوپێش
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى بارەگاى بارزانى یەکشەممە، 23ـی تشرینی دووەم 2025، سەرۆك مەسعود بارزانی، لە پیرمام، پێشوازیی لە بەڕێز 'ئەحمد حەسن ئەحمد سلێمان شەحی' کونسوڵی گشتیی نوێی ئیمارات لە هەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا، کونسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر، سڵاو و ڕێزی سەرکردایەتیی ئیماراتی بە سەرۆک بارزانی گەیاند و پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی لە سەرۆک بارزانی کرد و هیوای خواست ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە خزمەت گەلی عێراقدا بیت.
هەروەها کونسوڵی گشتیی ئیمارات، ستایشی پێشکەوتن و بوژانەوەی هەرێمی کوردستانی کرد و ڕاگەیاند "وڵاتەکەی خوازیارە پەیوەندییەکانی لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و تەکنەلۆجیای زانیاری و کشتوکاڵ و بوارەکانی تر، لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێ بدات."
سەرۆک بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی کونسوڵی نوێی ئیماراتی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و دووپاتی کردەوە، گەلی کوردستان هەمیشە ڕوانگەیەکی ئیجابی و دۆستانەیان بەرانبەر بە ئیمارات هەیە و پێشوازیی لە بەردەوامی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرد.
پێشهات و بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە بە گشتی، تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوو.
