سەرۆکی ڕووسیا، ڕایدەگەیەنێت ئەو دەستدرێژییە ئیستفزازییە دژی ئێران بێ پاساو و بیانووەو ڕووسیا هەوڵی یارمەتیدانی گەلی ئێران دەدات. سەرۆکی رووسیا لە مۆسکۆ پێشوازیی لە وەزیری دەرەوەی ئێران کرد و کۆبوونەوە. پووتین بە عێراقچی گوت، "هێرشێکی بێ پاساو کراوەتە سەر ئێران."   عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران شەوی رابردوو گەیشتە مۆسکۆ و ئەمڕۆ دووشەممە 23ی حوزەیران لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆبووەوە. عێراقچی گوتی، "سەروەریی ئێران پێشێلکراوە و مافی خۆمانە هەموو کاردانەوەیەکمان هەبێت."   سەرۆکی رووسیاش جگە لەوەی ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ ئێران هەیە، گوتیشی، "هێرشێکی بێ پاساو کراوەتە سەر ئێران." پووتین زیادی کرد: سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ڕووسیا ڕێگە دەدات بۆ گفتوگۆ و تێڕامان لە چۆنیەتی چارەسەرکردنی دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لای خۆیه عەباس عێراقچی وتی: تاران هێرش و کردەوەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل، له دژی ئێران بەناشەرعى دەزانێت و لایەنى ئیرانیش مافی خۆیەتی بەرگرى  لەخۆى بکات، بەهۆى هێرشەکانى ئەوانیشەوە بۆ سەر ئێران گرژییەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر پەرەدەسەنێت. پێشتر ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هیوای تارانی دەربڕی کە ڕووسیا ڕۆڵی خۆی لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگێڕێت، ئەمەش دوای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران. ئیسماعیل بەقایی هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "دەستدرێژیی زایۆنیستەکان بۆ سەر ئێران بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام دراوە و ئەمریکاش هاوبەشی هەموو ئەو تاوانانەیە".

  ئاژانسی هەواڵی میزپۆتامیا بڵاوی کردەوە؛ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەرى زیندانیکراوى پەکەکە ڕایگەیاندوە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کارنامەی سەرەکییە و داوای لە هەموو لایەک کرد بەرپرسیارێتی بەستنی کۆنگرە لە ئەستۆ بگرن. هەر بەپێى هەواڵەکەى ئەو ئاژانسەى باکورى کوردستان، ئۆجەلان لە دیدارەکانی پێشوویدا لەگەڵ شاندی ئیمراڵی پەیامی بۆ حزب و بازنە کۆمەڵایەتییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان ناردوە، لەیەکێک لەو پەیامانەدا داواى لە بارزانی کردوە کە سەرۆکایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بکات. بەپێى زانیاریەکانى میزپۆتامیا، ئۆجالان لە چوارچێوەی "بانگەواز بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" لە دانوستانەکاندا هەوڵی گرنگی بۆ یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد داوە. وەک بەشێک لە بانگەوازەکەی بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی دیدار و نامەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردە و بەپێیوستی زانیوە لەقۆناغی ئێستادا و لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد و داننان بە پێگەی گەلی کورد، بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بە پێویستییەکی بەپەلە دەزانێت و نابێت دوابخرێت. عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە چاوپێکەوتن و نامەکانیدا باس لەوە دەکات کە لە ماوەی ٢٠١٣-٢٠١٥دا هەوڵی زۆری داوە بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، بەڵام هاوکات و هۆکارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئەم پرۆسەیە هەبووە. عەبدوڵڵا ئۆجەلان باس لەوە دەکات کە هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی نیشتمانی کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەکانی دیکەش هەبووە. ئۆجەلان داوای لە پارتە کوردییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، رێکخستنە کۆمەڵایەتییەکان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان کردووە بەرپرسیارێتی خۆیان بۆ بەستنی کۆنگرە وەک ئەرکێکی مێژوویی هەڵبگرن.  ئاژانسی هەواڵی میزپۆتامیا بڵاوی کردەوە؛ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە لە دیدارەکانی پێشووی لەگەڵ شاندی ئیمراڵی پەیامی بۆ حزب و بازنە کۆمەڵایەتییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان ناردبوو، لە پەیامە نوێیەکەیدا بۆ بازنەکانی سیاسی کورد لە باکور، باشور، ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات و رەوەند، جارێکی دیکە داوای کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کردووە. بەپێی ئاژانسەکەی باکوری کوردستان، ئۆجەلان لە ڕێگەی شاندی ئیمراڵییەوە پەیامێکی تایبەتی بۆ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ناردووە و داوای کردووە سەرۆکایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بکات.  عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا دڵنیایی داوەتە بارزانی کە پاڵپشتی لە هەموو هەوڵەکان دەکات بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد و ئەرکەکانی و پێیوایە رەنگە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کۆتایی بە دابەشبوونی کورد بهێنێت.  لەژێر چاودێری کۆنگرەی نەتەوەییدا، پێویستە کۆمیتەی نەتەوەیی هاوبەش و کۆمیتەی زمان و رۆشنبیری و مێژوو دابمەزرێنرێت و بەپێی پێویست لیژنەی نوێ دابمەزرێندرێت.  بەپێویستیزانییوە کۆنگرەی نەتەوەیی هەڵوێستێکی هاوبەش دیاری بکات و لە بەرامبەر هێرشە چاوەڕوانکراوەکان دژ بە بوونی کورد و ناسنامە و زمان و کولتور و جوگرافیادا هەنگاو بنێت. میزپۆتامیا بڵاوی کردوەتەوە، کە ئۆجەلان رۆڵی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورددا لەبەرچاو دەگرێت و دەبێت بەرپرسیارێتی ئەو پرسە لە ئەستۆ بگرێت. 

  یسڕائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هەڕەشەى وەڵامدانەوەى هێرشە مووشەکییەکانى ئێران دەکات و ڕایگەیاند، ئێستا هێزەکانی ئیسڕائیل بە هێزێکی بێ وێنەوە هێرش دەکەنە سەر ئامانجە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئێران و دامەزراوەکانى حکومەت لە دڵی تاراندا. وەزیرى بەرگرى وتیشى: بۆ هەر موشەک و هێرشێک ئاراستەی ناوخۆى ئیسرائیل بکرێت، دیکتاتۆری ئێران سزا دەدرێت و هێرشەکان بە هێزێکی توندو تەواوەوە وەڵام دەدرێتەوەو بەردەوام دەبین لە هەنگاونان بۆ پاراستنی بەرەی ناوخۆ و شکستپێهێنانی دوژمن تا هەموو ئامانجەکانی جەنگ بەدی دێت. کەمێک لەمەوبەریش سوپاى ئیسرائیل هێرشی کردە سەر باڵەخانەیەکی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران و لەئێستادا بەشێک لەو دامەزراوانە پەخشیان ڕاوەستاوە. ئاژانسی میهرى ئێرانیش بڵاویکردەوە، ئیسرائیل دەرگای سەرەکیی زیندانی ئەوینی لە تاران بۆردومانکردوەو تەزووی کارەبای زیندانەکە بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە پچڕاوە. پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ئێران هێرشێکى نوێى بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد 15 مووشەکى ئاڕاستەى ئیسرائیل کردوە، بەپێى میدیاکانى ئیسرائیل پێنج مووشەکی ئێران بە سیستمى بەرگریی ئیسرائیلدا تێپەڕبوون، لە سەرەتای شەڕەوە ئەمە درێژترین ماوەیە ئیسرائیلییەکان لە پەناگەدا بمێننەوە. کەناڵی 12ـی ئیسرائیل بڵاویکردەوە مووشەکێکی ئێران وێستگەیەکی کارەبای لە باشووری ئیسرائیل کردووەتە ئامانج و بەوهۆیەوە زیاتر لە هەشت هەزار ماڵ و شوێن ئێستا بێ کارەبان.

  وتەبێژ وەزارەتى دەرەوەى ئێران جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە لەچوارچێوەى پرەنسیپە نێودەوڵەتنیەکان بەرگرى لەخۆیان دەکەن و دەشڵێت وەڵامى هێرش و دەستدرێژییەکانى ئەمریکا دەدەینەوە. لەکۆنگرەیەى هەفتانەى خۆیدا ئیسماعیل بەقایی وتەبێژە وەزارەتى دەرەوەى ئێران، وەڵامى پرسیارى ڕۆژنامەنوسانیدایەوە، ئەو وتى: هەموو هەوڵ و تەرکیزەکانمان لەسەر بەرگریکردنی یەکلاکەرەوەیە لە نەتەوەی ئێران. ئێمە ناهێڵین هیچ پرسێکی پەراوێزی لەم ئامانجە دوورمان بخاتەوە، ئەو دەنگۆیانە ڕاست نین کەئێران خەڵکى مەدەنى کردبێتە ئامانج. جەختى لەسەر ئەوەکردەوە کە وڵاتەکەى هەمیشە پابەند بووە بە پرەنسیپە دیپلۆماسی و ئەخلاقییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان و لە سەردەمی بەرگریی پیرۆزدا سەلماندوویەتی کە چەک و ئامانجی قەدەغەکراو بەکارناهێنێت. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە هێماى بۆ ئەوەشکرد، ئەوەی ئێستا لە پێشینەی کاردایە، بەرگرییەکی توند لە وڵات و بەرپەرچدانەوەی خراپەی دوژمنە، کە بە پشتبەستن بە پشتیوانیی ئەمریکا و هەندێک وڵاتی ئەوروپی، شەڕێکی ناڕەوای لە دژی نەتەوەی ئێران دەستپێکردووە. وتیشى: گومانی تێدا نییە کە لەم ئەزموونانە فێر دەبین. ئەگینا نەک هەر خۆمان، بەڵکو گەلەکەمان و مێژوو و نەوەکانی داهاتووش حوکممان لەسەر دەدەن. ئیسماعیل بەقایی باسى لەوەکرد، ئەم دەستدرێژییە سەربازییە وردە وردە لە کاتێکدا ڕوویدا کە ئێران خۆی ئامادە دەکرد بۆ بەشداریکردن لە گەڕی شەشەمی وتووێژی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتێک کە خۆی ئێستا بە بەشێک لەم شەڕە دادەنرێت. وتیشى: تەنها دوو ڕۆژ پێش ئەم وتووێژە، هەنگاوی سەربازی دژ بە ئێران گیرا؛ کردەوەیەک کە بە خیانەتێکی ڕوون لە دیپلۆماسی و دیالۆگ و ئەخلاق و شارستانیەتی مرۆڤایەتی و هەموو دەستکەوتەکانی یاسای نێودەوڵەتی دوای جەنگی جیهانی دووەم دادەنرێت. وتەبێژەکەى وەزارەتى دەرەوەى ئێران جەختى کردەوە، ئێران بەشێوەیەکی کارا ڕاوێژ لەگەڵ وڵاتانی دیکە دەکات- تەنانەت ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندی فەرمیمان لەگەڵیاندا نییە. چونکە ئێمە پێمان وایە هێرشی سەربازی بۆ سەر خاکی ئێران تەنیا دەستدرێژی نییە بۆ سەر وڵاتێک، بەڵکو پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەڕەشەیە بۆ سەر نەزمی جیهانی.

  رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی زانیاریی لەبارەی شوێنی مانەوەی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە پەناگەیەکی نهێنی دەمێنێتەوە. رۆژنامەی نیویۆرک تایمز زانیاری لە بەرپرسانی ئێران وەرگرتووە و دەڵێت، خامنەیی لە پەناگەیەکی نهێنییە، بەسەختیی دەتوانرێت پەیوەندیی پێوەبکرێت و هەموو پەیامێکی بەشێوەی نووسراو لەڕێی یاریدەدەرێکی متمانەپێکراوەوە پێیدەگات و وازی لە بەکارهێنانی ئامێری پەیوەندیی ئەلیکترۆنی هێناوە. بەگوێرەی زانیاریی ئەو بەرپرسانە، خامنەیی پێشبینی ئەوەیکردووە ئیسرائیل و ئەمریکا هەوڵی کوشتنی دەدەن، بۆیە لە پەناگەیەکدا خۆی حەشارداوە. هاوکات خامنەیی فەرمانی بە ئەنجومەنی زانایانی ئێران و دەستەی ئاینیی وڵاتەکەی کە بەرپرسە لە دیاریکردنی رێبەری باڵا کردووە، ئەگەر ئیسرائیل و ئەمریکا لە پلانی کوشتنیدا سەرکەوتوو بوون، بەوردی کەسێک لەو کەسانەی پێشتر دیاریکراون لە شوێنی دابنرێت. چەند رۆژێک لەمەوبەر بەگوێرەی راپۆرتێکی مسری ئەلیەوم، ئەو هێزەی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران دەپارزێت، فەیلەقی پاسەوانییە کە یەکەیەکی سەربازی تایبەتی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە و ژمارەیان 12 هەزار سەربازە. ئاماژەی بەوەشداوە، هێزەکە مەرجی یەکەمیان خۆبەختکردنە بۆ خامنەیی و لە حاڵەتی پێویستدا نەبێت ناتوانن دەست لە جەستەی خامنەیی بدەن و قورسترین راهێنانیان پێکراوە و لە هەموو شارەکانی ئێران بنکەیان هەیە. راپۆرتەکە باسی لەوەشکردووە، قەڵغانی گولەنەبڕ بۆ پاراستنی خامنەیی بەکاردەهێنرێت و هەر لەناوخۆی ئێرانیشدا دروستدەکرێت. پێش ئەوەی خامنەیی سەردانی هەر شوێنێک بکات، هێزەکە سەردانی دەکات و دۆسیەی ئەمنی ناوچەکە وەردەگرن.

  بەرگریی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت هێزی ئاسمانیمان توانای فڕینی فڕۆكەی لە 6 فڕۆكەخانەی ئێرانمان لە ناوەڕاست و رۆژهەڵات و رۆژئاوا پەكخستووەو توانای كاركردنی هێزی ئاسمانی ئێرانیش لەو فڕۆكەخانانە ئیفلیج كراون.  هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو چەند پێگەیەكی ئاڕاستەكردن و ئەمباركردنی موشەكمان لەناوچەی كرماشان وێران كردووە. باس لەوەش کراوە کە ئەو فڕۆکانەی تێکشکێنراون بۆ بەکارهێنان لە دژی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل و پەکخستنی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە چوارچێوەی خاکی ئێراندا بووە. لەلایەکى دیکەوە وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، تاوەکو کۆتاییهێنان بە هەڕەشەکانی ئێران لە هێرشەکانمان بەردەوام دەبین. ئیفی دێفرین گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، هێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر ئێران بە هەماهەنگیی بووە لەگەڵ ئیسرائیل. گوتوشیەتی، هێشتا لێکۆڵینەوەی لە قەبارەی زیانەکانی وێستگەی فۆردۆ دەکەین. ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە شەڕو ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران پێدەنێتە  یازدەهەمین ڕۆژی خۆیەوە، تاران هەڕەشەی لە واشنتۆن کرد بە "دەرئەنجامە توندەکان" لە کاردانەوە بە هێرشە بێ وێنەکانی ئەمریکا بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکان لە ئێران. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ ئاماژەی بە ئەگەری گۆڕینی ڕژێمی ئێران لە ئێران کرد. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا لەگەڵ ئێرانییەکان وتی: ئێران جارێکی دیکە گەورەو بەهێز بکەنەوە. هاوکات، بەرپرسانی باڵای پێنتاگۆن لەوانە پیت هێگسەس، وەزیری بەرگری و دان کەین، سوپاسالاری هێزە هاوبەشەکان لە لێدوانەکانیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان "زیان و وێرانکاریی قورس" لە بنکەکاندا نیشان دەدەن.   لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، لەنێویاندا جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک رایانگەیاندووە کە نازانن شوێنی کۆگەکراوی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لە کوێیە، کە بەشی دروستکردنی چەندین چەکی ئەتۆمی دەکات.   رافاێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش، رایگەیاندووە کە پێدەچێت ئێران ئەو ماددەیەی گواستبێتەوە پێش ئەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل دەستپێبکات.

نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق باسی دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوە. بە گوێرەی نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، حکومەتی فیدراڵی ئەو رێکارانەی خستەڕوو کە بۆ گرەنتیکردنی خەرجکردنی مووچە بە شێوەیەکی رێکخراو و گونجاو لەگەڵ بڕگەکانی دەستوور گیراونەتەبەر. لەبارەی پرسی مووچە، چوار سەرۆکایەتییەکە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی جێبەجێ بکات؛ بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات و کێشەکانی دیکەش بەپێی دەستوور و یاسا چارەسەر بکرێن. بەگوێرەى راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆمار، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوە و داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا، پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بێت، تاوەکو حکومەتی عێراق بتوانێت بەردەوام بێت لە ناردنی مووچە و چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی دیکە بەگوێرەى دەستوور و یاسا. سەرۆکایەتییەکانی عێراق سەرەکۆنەی هێرشەکانی سەر ئێرانیان کرد و بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی ناویانبردووە و داوای دەستبەجێ راگرتنی جەنگ دەکەن و نیگەرانن لە بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. چوار سەرۆکایەتییەکە گفتوگۆیان سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردووە، کە خواستەکانی گەلی عێراق بەدیبهێنێت بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکان و جەختیان لە پێویستی پاڵپشتیکردنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کردووەتەوە، لەگەڵ گرەنتیکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا.  

  ڕۆژنامەی یەدیوت ئەهرۆنۆتى ئیسرائیل، بە پشت بەستن بە بەرپرسانی ئیسرائیل؛ ڕایدەگەیەنێت ئاگربەست قبوڵ دەکەین ئەگەر خامنەیی خۆى ڕایبگەیەنێت کە ئاگربەستی دەوێت. هەروەها بەرپرسانى ئەو وڵاتە جەختیان لەسەر ئەوەکردوەتەوە کە ئەوان دەیانەوێت لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا شەڕەکە تەواو بکەن، دەشلێن: ئێمە نامانەوێت لەگەڵ ئێران بچینە شەڕی پەرتبوونەوە، لە بەرژەوەندی ئێمەدایە شەڕ لەگەڵ ئێران درێژ نەکەینەوە. ڕۆژنامەکە ئیسرائیلیەکە باس لەوەدەکات ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە وەڵامدانەوەو هێرشى موشەکى، ناچار دەبن وەڵام بدەنەوە، هەروەها دەڵێن ئێمە زیاتر لە دە ساڵە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانمان پاشەکشە پێکردووەو کەوتونەتە دواوە. ئێمە هاوڵاتیانی خۆمان بۆ چارەسەری درێژخایەن ئامادە کردووە و ئەوەش بەندە بە ئێمەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە ئێرانییەکانەوە. بەپێى ڕاپۆرتى ڕۆژنامەکە دەسەڵاتدارانی ئەمنی ئیسرائیل پێشبینى ئەوەدەکەن کە ئێران ناتوانێت ئەو ماددە پیتێنراوەى لایەتى لەناوى ببات. هەروەها ئەوەشیان خستوەتەڕوو هێشتا دوورین لە لەناوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکە، بەڵام زیانێکی زۆرمان پێگەیاندووە. ئیسرائیل هەوڵدەدات لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا دوای هێرشەکەی ئەمریکا کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بهێنێت. ئەگەر خامنەیی بڕیاری هێرشکردنە سەر ئامانجە ئەمریکییەکان بدات، ئەوا مەترسی هێرشێکی کوشندە و کوشندە و کوشندەی ئەمریکای لەسەرە. هەروەها ئەگەر بڕیاریدا وەڵامى هێرشەکان و سەرنجەکە لەسەر هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بێت، ئەوە دەتوانێت شەڕەکە بۆ ماوەیەکى دیکە درێژ بکاتەوە. ئەمەش لەکاتێدایە ئەمریکا خۆی یەکلایی کردەوە و لەگەڵ ئێران چووە جەنگەوە. دەوروبەری کاژێر 02:50 خولەکی بەرەبەیانى ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەکەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی ئێران.  لاى خۆشیەوە ئێرانیش هەڕەشەی تووند لە ئەمریکا دەکات، لە بەرامبەر دا ترەمپ هۆشداری دەداتە ئێران لەوەی بیر لە تۆڵەسەندنەوە نەکاتەوە. مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، رۆژی یەکشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "وەڵامی بدرێتەوە" بەرامبەر هێرشەکانی بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.   بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئیرنا، پزیشکیان بە سەرۆکی فەرەنسای گوتووە: "پێویستە ئەمریکییەکان وەڵامی دەستدرێژییەکەیان بدرێتەوە." سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل بۆسەر بارەگایەکی سوپاکە لە پارێزگای زەنجان، سێ ئەندامی کوژراون.   سوپای پاسداران باس لەوە دەکات، ئەو کەسانەی کوژراون بە ناوەکانی مەجید قاسمی، محەممەد رەزا فروغی و عەلی توری بوون. لە لایەکی دیکەوە جێگری پارێزگاری بوشێهر گوتی، ئیسرائیل هێرشی کردوەتە سەر دوو بنکەی سەربازی لە پارێزگاکە.   ئیحسان جەهانیان، جێگری پارێزگاری بوشێهر رایگەیاند، کاژێر 02:00ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئیسرائیل دوو پێگەی سەربازی لە بوشێهر بۆردوومان کرد.  ئێحسان جەهانیان گوتی: "زیانەکانی هێرشەکە نەزانراون و بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن دەکرێ."

  دواى ئەوەى دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئەمریکا شوێنە سەرەکییە ئەتۆمییەکانی ئیرانى وێرانکردوە، جیهان چاوەڕوانی وەڵامی ئێرانە کە چ کاردانەوەیەکى هەیە بەرانبەر ئەو هێرشانە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئەمریکا فڕۆکەی B-2ی بۆمبهاوێژی بۆ بۆردوومانکردنی سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران بەکارهێنا و بە گوتەی دۆناڵد ترەمپ، هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان لەنێوبراون. ئاژانسى ڕۆیتەرز لەڕاپۆرتێکدا ئەوەى خستوەتەڕوو ئێستا چاوەکان لەسەر وەڵامى ئێرانە کە چ کاردانەوەیەکى هەیە، ئایا دەست بەتۆڵەسەندنەوە دەکات لە خودی ئەمریکا - یان بە ئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمریکا یان هەوڵدەدات بۆ داخستنى گەروى هورمز. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی بڕیاری دا دیپلۆماسی "بتەقێنێتەوە" بەهۆی دەستوەردانەکەی لە جەنگەکەدا شانبەشانی ئیسرائیل.   لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس عێراقچی رایگەیاند، ئیسرائیل بە هێرشەکانی رۆژی 13ی حوزەیران، دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتنی نەهێشت، لە کاتێکدا ئەمریکاش بە هێرشەکانی رۆژی یەکشەممە هەمان کاری بەرامبەر گفتوگۆکان لەگەڵ زلهێزە ئەورووپییەکان کرد.  مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، ئەو هێرشە بە واتای ئەوە نایەت ئەمریکا لەگەڵ ئێران لە جەنگدایە، بەڵام هۆشداریشی دا "ئەگەر ئێران وەڵام بداتەوە، دەبێتە گەورەترین هەڵە کە کردبێتی."   وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، واشنتن ئامانجی لەنێوبردنی دەسەڵاتی ئێران نییە، "هێشتا ئامادەی گفتوگۆین لەگەڵ ئێران." سوپای پاسدارانی ئێران یەکەم گرتەی ڤیدیۆیی سەردار محەممەد پاکپوور، فەرماندەی گشتیی نوێی سوپاکەی لەنێو ژووری ئۆپەراسیۆنی جەنگەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان راناگیرێن.   لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا فەرماندەی گشتیی نوێی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنی هێزی ئاسمان - بۆشایی سوپا راناوەستێت و ئارامی لە زایۆنییەکان هەڵگرتووە."   هەروەها ئەو فەرماندەیە جەختی لەسەر "یەکڕیزیی گەل" کردەوە و گوتی، "هەرچەندە کات تێبپەڕێت، یەکڕیزیی گەل زیاتر دەبێت و ئەمە بەخششێکی خوداییە."   پاکپوور ئاماژەی بەوەش کردووە، "هێزە خۆبەخشە جەماوەرییەکانی بەسیج ئامادە دەکرێن."   ئەم لێدوانە دوای زنجیرەیەک رووداوی گەرمی چەند رۆژی رابردوو دێت، کە بە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان دەستیپێکرد، بەرەبەیانیی ئەمڕۆیش ئەمریکا هاتە ناو جەنگەکەوە و بۆردوومانی ئەو سێ بنکە ئەتۆمییەی کرد.

  پیت هێگسیس، وەزیری بەرگریی و جەنەراڵ دان کەین، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان لەبارەی هێرشکردنە سەر هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران (فۆردۆ، ئەسفەهان و نەتەنز) ساز کرد.  وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ڕایگەیاند "هێرشەکانمان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران زۆر سەرکەوتوو بوون و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانمان بە تەواوەتی لەناو برد." گوتیشی: لە هێرشەکانماندا گەلی ئێران و هێزەکانی ئەو وڵاتەمان بۆمباران نەکردووە، تەنها سێ بنکەی ئەتۆمی کە ئەوانیش، نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان بوون، بۆمباران کرد." وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، بڕیاری هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بوێرانە و ناوازە بوو و چەند مانگێک ئامادەکارییان بۆ  کردووە، هەروەها نیشانەی بەهێزیی سوپای ئەمەریکایە. لەبارەی وەڵامدانەوەی ئێرانیش، دووپاتی کردەەوە "هەر وەڵامدانەوەیەک لە لایەن ئێرانەوە، زۆر بە توندی لێیان دەدەینەوە." وەکوو ئەوەی هێگسیس باسی کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، پیاوی ئاشتییە و دەیویست کێشەکە لە ڕێگەی گفتوگۆیەوە چارە بکرێت، بەڵام ئێران بوو کە پێشنیازەکەی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکە قبووڵ نەکرد.  لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا جەختی کردەوە "هێرشەکانی ئیسرائیل زۆر نایاب بوون و ئێمەش بە هاوبەشی لەگەڵیان دەیانپارێزین." وەزیری بەرگریی ئەمەریکا جەختیشی کردەوە، دەرگای گفتوگۆ بە ڕووی ئێرانییەکاندا داناخەن و بەو هیوایەن لەسەر کۆی کێشەکان بە ئاشتییانە بگەنە ڕێککەوتن.  هاوکات جەنەراڵ دان کەین، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا باسی لەوە کرد "هێرشەکانی سەر ئێران لە لایەن فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکاوە کراون. هەڵمەتێکی زۆر نهێنی، ئاڵۆز و پڕ مەترسیدار بوو. فڕۆکەکانمان لە جۆری (B - 2) توانییان بە سەرکەوتووانە بگەنە ئاسمانیی ئێران و هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئەسفەهان، نەتەنز و فۆردۆ بۆمباران بکەن و پێمان وایە زیانێکی زۆریان پێ گەیشتووە." سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا ئەوەشی خستە ڕوو، لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران، هەندێک مووشەک بەکارهێنراون کە کێشیان زیاتر لە سێ هەزار پاوەند بووە.  جەنەراڵ دان کەین ئاماژەی بەوەش دا "ئامانج لە هێرشەکانمان گۆڕینی ڕژێمی ئێران نەبووە، هێزەکانمانیشمان لە ئامادەباشیدان بۆ ئەگەری هەر وەڵامدانەوەیەکی ئێران یان گرووپە چەکدارەکانی نزیک لێی."

  پیت هێگسیس، وەزیری بەرگریی و جەنەراڵ دان کەین، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان لەبارەی هێرشکردنە سەر هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران (فۆردۆ، ئەسفەهان و نەتەنز) ساز کرد.  وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ڕایگەیاند "هێرشەکانمان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران زۆر سەرکەوتوو بوون و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانمان بە تەواوەتی لەناو برد." گوتیشی: لە هێرشەکانماندا گەلی ئێران و هێزەکانی ئەو وڵاتەمان بۆمباران نەکردووە، تەنها سێ بنکەی ئەتۆمی کە ئەوانیش، نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان بوون، بۆمباران کرد." وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، بڕیاری هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بوێرانە و ناوازە بوو و چەند مانگێک ئامادەکارییان بۆ  کردووە، هەروەها نیشانەی بەهێزیی سوپای ئەمەریکایە. لەبارەی وەڵامدانەوەی ئێرانیش، دووپاتی کردەەوە "هەر وەڵامدانەوەیەک لە لایەن ئێرانەوە، زۆر بە توندی لێیان دەدەینەوە." وەکوو ئەوەی هێگسیس باسی کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، پیاوی ئاشتییە و دەیویست کێشەکە لە ڕێگەی گفتوگۆیەوە چارە بکرێت، بەڵام ئێران بوو کە پێشنیازەکەی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکە قبووڵ نەکرد.  لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا جەختی کردەوە "هێرشەکانی ئیسرائیل زۆر نایاب بوون و ئێمەش بە هاوبەشی لەگەڵیان دەیانپارێزین." وەزیری بەرگریی ئەمەریکا جەختیشی کردەوە، دەرگای گفتوگۆ بە ڕووی ئێرانییەکاندا داناخەن و بەو هیوایەن لەسەر کۆی کێشەکان بە ئاشتییانە بگەنە ڕێککەوتن.  هاوکات جەنەراڵ دان کەین، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا باسی لەوە کرد "هێرشەکانی سەر ئێران لە لایەن فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکاوە کراون. هەڵمەتێکی زۆر نهێنی، ئاڵۆز و پڕ مەترسیدار بوو. فڕۆکەکانمان لە جۆری (B - 2) توانییان بە سەرکەوتووانە بگەنە ئاسمانیی ئێران و هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئەسفەهان، نەتەنز و فۆردۆ بۆمباران بکەن و پێمان وایە زیانێکی زۆریان پێ گەیشتووە." سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا ئەوەشی خستە ڕوو، لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران، هەندێک مووشەک بەکارهێنراون کە کێشیان زیاتر لە سێ هەزار پاوەند بووە.  جەنەراڵ دان کەین ئاماژەی بەوەش دا "ئامانج لە هێرشەکانمان گۆڕینی ڕژێمی ئێران نەبووە، هێزەکانمانیشمان لە ئامادەباشیدان بۆ ئەگەری هەر وەڵامدانەوەیەکی ئێران یان گرووپە چەکدارەکانی نزیک لێی."

  هێرشە ئاسمانییە بەرفراوانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، كاردانەوەی سیاسیی لە کۆنگرێسی وڵاتەكەی لێکەوتەوەو، تۆمەتباری دەكەن بەوەی دەستوری پێشێلکردووەو دەسەڵاتی خۆی تێپەڕاندووە، بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی بەبێ مۆڵەتی یاسایی. چاک شومەر، سەرۆکی زۆرینەی دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی پیران، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: نابێت هیچ سەرۆکێک وڵات بکێشێتە ناو شەڕەوە بەبێ رەزامەندی کۆنگرێس، ئەوەی روویدا هەڵەشەيی و بێ ستراتیژەو پێگەی ئەمریکا لاواز دەکات لەبری ئەوەی بەهێزی بکات. لای خۆیەوە، ئاژانسی "ئەسۆشێتد پرێس" بڵاویکردەوە: تەنها ژمارەیەکی سنوردار لە سەرکردەکانی کۆنگرێس پێشتر ئاگادارکراونەتەوە، لەوانە مایک جۆنسۆن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کۆمارییەکان و جۆن سون، سەرۆکی زۆرینەی كۆمارییەكان لە ئەنجومەنی پیران، بەڵام بەبێ ئەوەی بە پرۆسەی راوێژکاری فەرمیدا تێپەڕن یان بانگهێشت بکەن بۆ دانیشتنێکی بەپەلە. وتەبێژی شومەر دەڵێت:  ئاگادارکردنەوەکە زۆر رووکەش بووە، هیچ وردەکاریی پێویستی لەبارەی سروشتی یان ئامانجە ستراتیژییەکانی هێرشەكەی تیادا نەبووە. دوای ‌هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشی ورد و گشتگیریان کردووەتە سەر سێ ناوەندی سەرەکی ئەتۆمیی ئێران کە ئەوانیش فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان و سەرجەمیان خاپوور بوون. سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، ئێران بە ئاشتی رازی نەبێت یان بیر لە وەڵامدانەوە بکاتەوە، کارەساتێکی گەورەی بەسەردا دێت، بۆیە ئامانجی هێرشەکان راگرتنی هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران بوو. فۆکس نیوز لەزاری ترەمپەوە رایگەیاند، ئەو چەکانەی بەکارهاتوون لە هێرشەکەدا شەش بۆمبی GBU-57 و 30 مووشەکی تۆماهۆک بوون. بۆمبی GBU-57 بۆمبێکی زەبەلاحە کە کێشەکەی 13 تۆنە و تەنها لەنێو زەویدا دەتەقێتەوە، دەتوانێت 200 مەتر خاک یان 60 مەتر کۆنکرێت ببڕێت. ئەم بۆمبە تەنها فڕۆکەی B-2ـی ئەمریکی لەتوانایدا هەیە هەڵیبگرێت و هەر فڕۆکەیەک تەنها یەک بۆمبی پێ هەڵدەگیرێت.

یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیا پاش هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، داوا لە تاران دەکەن بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان. کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، ناکرێت ئێران پەرە بە چەکی ئەتۆمی بدات، چونکە دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی. کاڵاس داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد هێورببنەوە و بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان تاوەکو رێگە بگرن لە هەڵکشانی زیاتری گرژییەکان. کاڵاس ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بەرەوپێشچوونەکانی ناوچەکە و هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران تاوتوێ دەکەن. لەلایەکی دیکەشەوە، کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی، لەبارەی هێرشەکەی ئەمریکاش بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی ئێران ئەو کارەیکردووە. سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، داوای لە ئێران کرد بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان، تاوەکو بەشێوەیەکی دیپلۆماسی کۆتایی بەم قەیرانە بهێندرێت.

  سوپاى پاسدارانى ئێران هەڕەشەى توند لەئەمریکا دەکات و دەڵێت تۆڵەى ئەو هێرشانە دەکەینەوەو شوێنی فڕینی فڕۆکە بەشداربووەکانی ئەم دەستدرێژییە دەستنیشان کراون و چاودێری کراون. لەبەیاننامەیەکدا سوپای پاسداران، دەڵێن: ئەمڕۆ، ڕژیمی تاوانکاری ئەمریکا، بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ ڕژێمی زایۆنی، بە هێرشێکی سەربازیی نایاسایی بۆ سەر دامەزراوە ناوەکییە ئاشتیخوازەکانی ئێران، کە بە ڕوونی پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان، یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێزگرتن لە سەروەریی نەتەوەیی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتان پێشێل دەکات، تاوانێکی ئاشکرا و بێ وێنەی ئەنجامدا. هەروەها جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە هەر لە یەکەم ساتەکانی ئۆپراسیۆنی زایۆنیستییەوە بۆ سەر ئێران ڕوون بوو کە پشتیوانی و یاوەری هەمەلایەنەی ئەمریکییەکان لە پلاندانان و بەجێگەیاندنی ئەم دەستدرێژییە کاریگەر بووە. وە ئەم کردارە سەلماندیان نە هێزی دەستپێشخەرییان هەیە و نە توانای دەربازبوونیان لە وەڵامە قورسەکان هەیە. سوپاى پاسداران ئاماژە بۆ ئەوەشدەکەن دوبارەبوونەوەی گەمژەییە شکستخواردووەکانی ڕابردوو لەلایەن ئەمریکاوە، ناکارامەیی ستراتیژی و پشتگوێخستنی واقیعەکانی سەر زەمینەی ناوچەکە نیشان دەدات.واشنتۆن لەبری ئەوەی لە شکستە دووبارەبووەکان فێربێت، بە شێوەیەکی کاریگەر خۆی خستە بەرەکانی پێشەوەی دەستدرێژیکردن بە هێرشی ڕاستەوخۆی دامەزراوە ئاشتیخوازەکان.  دەشڵێن: بە فەزڵی خودا و بە ئیتلاعاتی هەمەلایەنەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، شوێنی فڕینی فڕۆکە بەشداربووەکانی ئەم دەستدرێژییە دەستنیشان کراون و چاودێری کراون. هەر لەوبەیاننامەیاندا باس لەوەدەکەن وەک چەندین جار ئاماژەمان پێدا، ژمارە و پەرشوبڵاوی و قەبارەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هێز نییە، بەڵکو لاوازییان دوو هێندە کردووە. بە توندی وەبیرتان دەخەینەوە کە تەکنۆلۆژیای ئەتۆمی ڕەسەن و ئاشتیانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هیچ هێرشێک لەناو ناچێت؛بەڵکو ئەم هێرشە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئیرادەی زانایانی لاو و پابەندی ئێران بۆ پێشکەوتن و گەشەسەندن. نەتەوەی مەزنی ئێران و جیهان بە ڕوونی ئاگادارن کە سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی گۆڕەپانی ئەم شەڕە سەپێنراوی پێکەوەیی و تەواو بە باشی دەزانێت و هەرگیز بە جەنجاڵی ترامپ و ئەو باندە تاوانکارییەی کە حوکمڕانی کۆشکی سپی و تەلئەبیب دەکەن، ناترسێنرێت. لە بەرامبەر ئەم دەستدرێژی و تاوانانەدا، ئۆپەراسیۆنی ئۆدە سادق ٣ کە تا ئێستا زایۆنیستەکان ٢٠ شەپۆلیان بەخۆوە بینیوە، بە وردی و بە ئامانج و دڕندانە دژ بە ژێرخان و ناوەندە ستراتیژییەکان و بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی زایۆنی بەردەوام دەبێت. هەروەها دەستدرێژیی ئەمڕۆی ڕێژیمی تیرۆریستی ئەمریکا وایکردووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە چوارچێوەی مافی ڕەوای خۆیدا بۆ بەرگریکردن لە خۆی، بژاردەکانی دەرەوەی تێگەیشتن و حیساباتی وەهمیی بەرەی دەستدرێژکار کەڵک وەربگرێت و دەستدرێژکارانی ئەم خاکە دەبێ چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی پەشیمانانە بن.

  باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عێراق: حكومەتی عێراق نیگەرانی  قوڵی خۆی نیشان دەدات و ئیدانەی بەئامامجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەكان دەكات لەناو خاكی كۆماری ئیسلامی ئێران.  جەختدەكەینەوە كە ئەم هەڵكشانە سەربازییە هەڕەشەیەكی مەترسیدارە بۆ ئاسایش و ئاشتیی لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و سەقامگیری ناوچەكە دەخاتە بەر مەترسییەكی گەورەوە.  عێراق جەخت لەسەر پرەنسیپی خۆی دەكاتەوە بۆ رەتكردنەوەی بەكارهێنانی هێز لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا و داوا دەكات رێز لە سەروەریی وڵاتان بگیرێت و دامەزراوە گرنگەكان بەئامانج نەگیرێن، بەتایبەتیش ئەوانەی لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدان و بۆ مەبەستی ئاشتیانە بەكاردەهێنرێن.  عێراق جەختدەكاتەوە كە چارەسەری سەربازیی ناكرێت ببێت بە ئەڵتەرناتیڤ بۆ دیالۆگ و دیپلۆماسی و؛ بەردەوامی ئەم هێرشانە دەكرێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی مەترسیدار كە ئاكامەكانی لە سنوری هەر دەوڵەتێك بچێتە دەرەوەو كاریگەریی لەسەر سەقامگیریی ناوچەكەو جیهان دروست بكات.  عێراق ئەوەمان بیردەخاتەوە كە جەنگ جگە لە وێرانەیی هیچ شتێك لەدوای خۆی بەجێناهێڵێت، بەرپرسیارێتی زلهێزەكان و دەستە نێودەوڵەتییەكان دەبێت ئەوە بێت جیهان لە قەیرانی زیاتر بەدوور بگرن، نەك دروستكردنی.  عێراق لە روانگەی بەرپرسیارێتییەوە بەرامبەر بە ئاشتی و سەقامیگریی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی داوای ئارامكردنەوەی خێراو كردنەوەی كەناڵی دیپلۆماسی بەپەلە دەكات بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی بارودۆخەكە، بەو جۆرەی گەرەنتی ئاسایشی هاوبەش بكات و رێز لە یاسای نێودەوڵەتیی و پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بگرێت.