قوباد تاڵەبانى: گروپەچەکدارەکان ئاسایش و ئابورییان خستووەتە مەترسییەوە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ئەحمەد حەسەن ئەلشەحی، کونسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان و پێکەوە گفتوگۆیان کرد لەبارەی روداوی هێرشکردنەسەر کۆرمۆر و پرسی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی نێوان ئیمارات و هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ئیمارات کۆبووەوە، هەردوولا بە توندی ئیدانەی هێرشکردنەسەر سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆریان کرد.

 جێگری سەرۆک وەزیران هێرشەکەی بە هێرشێکی تیرۆریستی ناوبرد کە ژێرخانی وزە و ئابووری کوردستان و عیراقی کردووەتە ئامانج و دەبێت حکومەتی فیدراڵی بەبێ هیچ جۆرە خەمساردییەک و بە زووترین کات بکەران و ئەوانەشی لە پشتی ئەو هێرشەوەن بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات و رووبەڕووی سزای یاساییان بکاتەوە.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا دەبێت یەکەم هەنگاوی حکومەتی داهاتووی عیراق کۆتاییهێنان بێت بەو گروپ و هێزە چەکدارانەی دەرەوەی دەوڵەت کە ئاسایش و سەقامگیریی سیاسی و ئابوورییان خستووەتە مەترسییەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی نێوان ئیمارات و هەرێمی کوردستان کرا و 

قوباد تاڵەبانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە ئیمارات گرنگی بە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەدات.

 راشیگەیاند لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی گەورە هەیە بۆ گەشەسەندن لە کەرتە جیاوازەکاندا و حکومەتی هەرێمیش هەموو جۆرە کارئاسانییەک پێشکەشی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئیمارات دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار