سودانى: بەتوندى هێرشەکە ئیدانە دەکەم
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێگەیشت. لە پەیوەندییەکەدا، سوودانی بە تووندی ئیدانەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆری کرد.
کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی ڕابردوو بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەهۆیەوە بەشێکی کێڵگەکە گڕی گرت و هەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا ڕاگیرا، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا کەم کرایەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق هێرشەکەی بە "هێرشکردنە سەر هەموو عێراق" ناوبرد و هەروەها بڕیاردرا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش پێکبهێنرێت، کە بە زووترین کات دەست بە کارەکانی دەکات بۆ ئاشکراکردنی ئەنجامدەدران و دەستگیرکردنیان و ڕادەستکردنیان بە دادگا.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و کارەبا، نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی ڕابردوو (چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەم)، بە "درۆن" هێرش کراوەتە سەر كێڵگەی غازی کۆرمۆر و بەهۆیەوە، تەواوی هەناردەی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا ڕاگیراوە.
جەخت لەوەش کراوەتەوە "تیمەکانی هەردوو تیمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كارەبا لەگەڵ كۆمپانیای دانە غاز لەسەر هێڵن بۆ بەدواداچوونی لێكەوتەكانی ڕووداوەكە و ئاسایكردنەوەی بارودۆخەكە."
بەهۆی هێرشەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و ڕاگیرانی پرۆسەی هەناردەکردنی غازی شل بۆ وێستگەکان، بەرهەمهێنانی کارەبا لە چوار هەزار مێگاواتەوە بۆ 1500 مێگاوات کەمبووەتەوە.
هاوکات کۆمپانیای 'دانە غاز' لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێرشەکەی سەر کێڵگەی "کۆرمۆر" بە "مووشەک" بووە. ئاماژە بەوەش دراوە، لە ئەنجامی هێرشەکە هیچ کارمەندێکیان بریندار نەبووە.
کۆمپانیاکە باسی لەوەش کردووە "بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە و هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بەرهەمهێنان ڕاگیراوە، بەردەوامیشین لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ دەسەڵاتە ناوخۆییەکان و بۆ ئەوەی لەکاتی خۆیدا بەرهەم بە بازاڕ بکەین."
