مەسەدە لەسەر ڕوداوەکانى سوریا هاتە دەنگ و ڕایدەگەیەنێت بە دوودڵییەوە لە هەڵکشانە سەربازییە مەترسیدارەکانی دەورەبەری دیمەشق دەڕوانین ، داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات شەڕ بووەستێنن، بەرپرسیارێتیی تەواوی تێکچوونی دۆخەکەش دەخەنە ئەستۆی دیمەشق. ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) لەڕاگەیەندراوێکیدا دەڵێت بە نیگەرانی و وریایی قووڵەوە بەدواداچوون بۆ ئەو پەرەسەندنە سەربازییە مەترسیدارە دەکات کە لە ناوچەکانی ئەشرەفییە سەحنایە و جەرەمانە لە لادێکانی دیمەشق ڕوودەدات، کە هەڕەشەی فراوانکردنی بازنەی توندوتیژی دەکاتە بۆ تەواوى سوریا. هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا مەسەدە بە توندترین شێوە ئیدانەی کوشتن، تۆقاندن، قسەی ڕقاوی و هاندانی تائیفەگەری دەکات. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات شەڕو توندوتیژى ڕابگرن و ئارامبگرن، هەروەها دەسەڵاتدارانی دیمەشق بە تەواوی بەرپرسیار دەکات لە خراپتربوونی دۆخەکە. ئەنجومەنەکە پێی وایە کە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی هێز سوریا بەرەو لێواری داڕمان دەڕوات، ئەو بۆشاییە فراوانتر دەکات کە ڕژێمی پێشوو لەناو گەلی سوریادا دروستی کردووە. مەسەدە دەشڵێت: دەرگا بەڕووی دەستێوەردانی دەرەکیدا دەکاتەوە، بەتایبەتی لەلایەن ئەو لایەنانەی کە ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکە دەکەنە ئامانج و هەوڵی زاڵبوون بەسەر سوریادا دەدەن و یەکگرتوویی و سەروەری وڵاتەکەی لێ زەوت دەکەنەوە. بەم پێیە ئەنجومەن داوا لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەکات ئاسایش بپارێزن و چالاکیی و کردەوە دوژمنکارانەی بەردەوام ڕابگرن و سەرچاوەکانی هاندانی تائیفی و قسەی ڕق و کینە وشک بکەنەوە. ئەنجومەنەکە پێی وایە زۆر گرنگە کە بانگهێشتکردنی کۆنفرانسێکی نەتەوەیی گشتگیر بە بەشداریی ڕاستەقینە و کاریگەر لە سەرجەم پێکهاتەکان و توێژەکانی گەلی سوریا، بۆ ڕاستکردنەوەی ڕەوتی تەواوی پڕۆسەی ئینتقالی و داڕشتنی دەستوورێکی نیشتمانی مۆدێرن و دیموکراسی کە شایستەی ئەو قوربانییە گەورەیانەی گەلی سوریا بێت و خواستەکانیان دەرببڕێت و مافەکانیان بپارێزێت و دەوڵەتی هاوڵاتیبوون و دادپەروەری دابمەزرێنێت. بەردەوامیی ئەو گرژییانەی ئێستا لەو ناوچەیە هەیە، پاش ئەوەهات، رۆژی 29ـی نیسانی 2025، تۆمارێکی دەنگی بڵاوکرایەوە ودروزەکان بە سوکایەتیکردن بە پێغەمبەری ئیسلام تۆمەتبارکران و بووەهۆى گرژی و رووبەڕووبونەوەی توند لەنێوان ئەندامانی ئاسایش و چەکدارانی دروزدا.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بۆ تاوتوێکردنی دوو تەوەر کۆ بووەوە. چوارشەممە 30ـی نیسانی 2025، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە "لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، دوا پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە گفتوگۆ و دانوستانەکانی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی عێراقی فیدراڵ و ئەنجامی کۆبوونەوەی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ و کۆبوونەوەی هاوبەشی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان خستەڕوو." وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، لە ڕاپۆرتێکدا، ڕوونی کردەوە کە وەزارەتیان ئەوەندەی پەیوەندیی بە حکومەتی هەرێم هەبێت، پابەندییەکانی خۆی بەتەواوی جێبەجێ کردووە بە ئاراستەی هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و دانانی داهاتەکەی لە گەنجینەی گشتيی فیدراڵ. لەم ڕووەوە هیچ ئاستەنگ و بەربەستێک لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە نییە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم. دواتر هەریەک لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، وردەکاريی تەوەرەکانی گفتوگۆی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانيان لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتیيەکان خستەڕوو و ئاماژە بەو بڕگانەی گفتوگۆکان درا، کە بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆوە بینیوە و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو تەوەرانەی ماون و پەیوەندیدارن بە کۆمپانیا نەوتییەکان. ئەنجومەنی وەزیران، هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی بۆ پشتیوانيی دانوستان و گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان دووپات دەکاتەوە بۆ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت. لەم پێناوەشدا، ئەنجومەنی وەزیران داوا لە وەزارەتی سامانەسروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتيیەکان و کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، لە هاوئاهەنگی و دانوستان بەردەوام بن بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا، بابەتەکان یەکلایی بکەنەوە و بگەنە ڕێککەوتن و دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکەن بۆ ئەوەی چیتر زیانی دارایی بە گەنجینەی گشتیی نەگات کە دەیان ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لەسەر ڕێکخستنەوەی دامەزراوەی بەڕێوەبردنی خانەنشینی گشتی لە هەرێمی کوردستان کرا لە بەر ڕۆشنایی یاسای خانەنشینی گشتیی یەکگرتووی ژمارە 9 ی ساڵی 2014 و بڕیاری دادگای فیدراڵی، لەم بڕگەیەدا لەلایەن عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ڕاپۆرتێک خرایەڕوو. لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە بایەخدانی تایبەت بە خانەنشینان و ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییان کە تەمەنی خۆیان لە خزمەتی گشتی بەسەربردووە و شایانی خزمەتکردنن، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی (دارایی و ئابووری، كاروباری پێشمەرگە و ناوخۆ )ی ڕاسپارد ، بەزووترین کات لیژنەی تایبەتمەندی هاوبەش پێک بهێنن بۆ دانانی ڕێکار و میکانیزمیی گونجاو بۆ ئاسانکاریی لە زوو بەجێگەیاندنی ڕێکارەکانی خانەنشینی و خەرجکردنی مووچە و شایستەکانی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە کەرتەکانی مەدەنی و سەربازیی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بەجۆرێک کە ڕاییکردنی مامەڵەکانی خانەنشینی و خەرجکردنی
ماوەى سێ رۆژە بەبەردەوامى، دەزگای ئاسایشی هەرێم/ سلێمانی پەیام دەداتە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەوکەسانەى لەزڕگوێز ماوون تاوەکوو سبەینێ پێنج شەممە چۆڵی بکەن، حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش داواکارییەکە ڕەتدەکەنەوە. سەرچاوەیەکی ئاگادار، تایبەت بەهاوڵاتى وت: سێ رۆژە چەند جارێک پەیام دەداتە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا هاوڵاتیانەى لە ناوچەی زڕگوێزی سلێمانی ماون بەزوویی چۆڵى بکەن. سەرچاوەکە وتى: ئەوان داوایانکردوە بچینە سورداش، ئێمەش پێمان ڕاگەیاندوون لەم کاتەدا ناچینە ئەو شوێنەـ چونکە هیچ ئامادەکارییەک نەکراوە، وەک چادرو ئامێرى فێنککەرەوەو ثێداویستى ترى سەرەتایی ژیان، ناکرێت لەم کاتەدا بچین چونکە کۆتایی ساڵى خوێندنە ناتوانین خوێندکارەکانمان بگوازینەوە لەوشوێنەش وەزع خراپە تەنانەت بنکەیەکى تەندروستى تێدانیە. کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بارەگای سەرەکیان لە زڕێگوزی سنوری پارێزگای سلێمانییە. ناوەڕاستی ساڵی 2023، ئێران ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان واژۆکرد، کە ڕێكکەوتنەکە تایبەت بوو بە چەککردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کۆتاییەکانی ئەو ساڵەدا بەشێکی ڕێککەوتنەکە جێبەجێکرا. حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پابەندی خۆیان بە چۆڵکردنی سنورەکانەوە ڕاگەیاند بەڵام بۆ چۆڵکردنی تەواوی بارەگاکانیان ملیان نەدا. ئێران زیاتر لە جارێک نیگەرانی لەسەر چۆڵنەکردنی بارەگاکان نیشاداوە و ڕاگەیاندووە،" پێویستە حزبە دژبەرەکانی ئێران بۆ قوڵایی خاکی عێراق بگوازرێنەوە کە مەبەست لێی سنوری موسڵە".
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، بەغدا نایەوێت شەڕ لە ناوچەکەدا پەرەبسەنێت و شەڕ لە خۆی دوور دەخاتەوە، دەشڵێت: مەترسیی داعش لە عێراق دووبارە سەریهەڵداوەتەوە. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا بە سکای نیوزی عەرەبی، ڕاگەیاند "پەیوەندیی نێوان ئەمەریکا و عێراق لەسەر چەند بنەمایەک دامەزراوە، لەوانەش ڕێککەوتنی ستراتیجی، هەروەها هەڵوێستی هاوبەشمان هەیە، بەتایبەت سەبارەت بە شەڕی تیرۆری داعش." وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، گفتوگۆی ستراتیجی لە نێوان عێراق و ئەمەریکادا هەیە، دەشڵێت: بەم زووانە گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان دەکرێت. ڕوونیشیکردەوە، ڕێکخراوی داعش کار بۆ گەڕانەوە و بەدەستهێنانی چەک دەکات، هەوڵیش دەدات پلانی هێرش کردنی بۆ سەر زیندانەکانی سووریا کە چەکدارانی داعشی تیدا زیندانی کراوە هەیە. وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەش کرد، گفتوگۆ هەیەکە گرووپە چەکدارەکان بەسەردامەزراوەکانی دەوڵەت لە عێراق دابەش بکرێن، بۆ ئەوەی عێراق لە شەڕ دوور بخرێتەوە، هۆشداریشیدا "لە شەڕێکی هەرێمی لە ناوچەکەدا، کە کاردانەوەی مەترسیداری دەبێت". سەبارەت بە پەیوەندییە هەرێمییەکان، فوئاد حوسێن، گوتی: گفتوگۆ لەگەڵ سووریا و وڵاتانی دراوسێی بەردەوامە لەسەر دۆخی ئەمنیی، دەشڵێت: سەقامگیری سووریا بۆ عێراق گرنگە. فوئاد حوسێن، گوتیشی: لەگەڵ سووریا جەختمان لەسەر دامەزراندنی ناوەندێکی هاوبەش کردووتەوە، بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری دەربارەی داعش. سەبارەت بە ئێرانیش جەختی لەوە کردەوە، بەغدا لێکۆڵینەوە لەسەر دۆخی ناوچەکە و پەیوەندی نێوان واشنتن و تاران دەکات و پاڵپشتی دانوستانەکانی نێوان هەردوولا دەکات، چونکە ڕێکنەکەوتن بۆ ناوچەکە مەترسیدارە، بەتایبەتی ئەگەر بابەتەکە بگاتە ئاستی شەڕ.
هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) ڕایدەگەیەنن لە کاتی ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە تاوەکو ئێستا هێرشەکانی سوپای دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هیچ کاتێک نەوەستاوە، ئاماژە بەوەشدەدەن هێزەکانی سەر بە پارتىیش لە هەوڵەکانی گەمارۆ، ڕێگە داخستن و هەواڵگری بۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک درێژەیی هەیە. رۆژانى 28 و 29 ى نیسان، بەهۆى هێرشى درۆنى بۆ سەر بنکەکانی پێشمەرگە لە سنووری پارێزگای دهۆک پێنج پێشمەرگە برینداربوون، ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستانیش هێرشەکانى بە هەوڵێک بۆ تێکدانى پرۆسەی ئاشتی ناوبرد و هۆشدارییدایە ئەو گروپ و لایەنانەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج. هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، بەهۆى پەیامە ئەرێنییەکانى سەرکردەکانی پارتى بۆ پشتیوانی لە پرۆسەی نوێ، چاوەڕوانی ئەوەیان دەکرد کە هەڵوێستێکی ئەرێنی لە پراکتیکدا نیشان بدەن، بەڵام هەڵوێستیان لەبڕینی ڕێگای نێوان زاپ و گارە و هەوڵدان بۆ داخستنی تەواوەتی و پشتیوانیکردن لە پیلانی قڕکردن، نیگەرانی جددی بەدوای خۆیدا هێنا. دەقى ڕاگەیەندراوەکە هێرشی کرێخۆرانی شەڕ بەردەوامە ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگە بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "لە هێڵی جوودی-دەهلەشنۆی زاپ تا بگاتە گوندی بازیان لە ڕۆژئاوای مەتینا، لە نێوان هێزەکانی گەریلاماندا و هیزەکانی دەوڵەتی تورکدا لە چەندین خاڵدا ڕۆژانە شەڕ ڕوودەدات. لەوکاتانەشدا بەهۆی هێرشکانەوە چەندین هەڤاڵمان شەهید بوون. کۆتاجار لە ١١ی نیسانی ٢٠٢٥دا لە گردی جوودی لە زاپ بەهۆی هێرشی چەکی کیمیایی سوپای تورکەوە هەڤاڵانمان بەسێ تێکۆشین (زەهرا زەلال ئاراز) و میترا کاتۆ (سارا عەسکەری) شەهید بوون. ئاشکرایە لە ناو سوپا و دەوڵەتی تورکدا لایەنێکی کرێخۆری شەڕ بوونی هەیە کە نایەوێت پرسی کورد بە ڕێگەی سیاسی چارەسەر ببێت، ویستی بەردەوامبوون شەڕە، بۆیە هێرشەکان بەردەوامی هەیە. لە ناو پەدەکەشەوە لایەنێک پشتگیری دەدات لەم پرۆسە گرنگ و مێژوویەدا کە لە لایەن ڕێبەر ئاپۆوە دەستپێکراوە، لەناو هێزە سیاسییەکانی کوردستاندا پێگەیەکی پشتیوانی و ئەرێنی هاتەئاراوە، لەسەرووی هەمووییەوە سەرکردە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، وە چەندین کەسایەتی سیاسی پشتیوانی خۆیان دەبڕی. وێڕای ئەم ژینگە ئەرێنییەیش هێزەکانی سەر بە پەدەکە هیچکاتێک گەمارۆدان، بەربەست و بڕینی ڕێگە و پێدانی زانیاری هەواڵگری بۆ دەوڵەتی تورک کەم نەکردووەتەوە و درێژە بەو کارانەی داوە. بە تایبەت لە نێو دوومانگی ڕابردوودا لایەنێکی ناو پەدەکە پشتگیری داوەتە کرێخۆری شەڕ، کۆمەڵکووژ و دووژمنانی کورد کە خواستییان درێژکردنەوەی شەڕە. ئاشکرا بوو بە بەرفراوانییەوە ئەم هەوڵە لە ئاردایە. لەو گۆڕەپانەی کە مانگی شوبات بۆسە بۆ هاوڕێیانمان دانرا و تێیدا هاوڕێیانی فیداییمان خەبات، عەگید و گۆران شەهید بوون، لە نێوان گوندەکانی گوهەرزی و بەلاڤدا هێزەکانی پەدەکە لە ٢٨ی نیساندا دەستییان بە درووستکردنی بارەگایەکی نوێی سەربازی کردووە. لەبەر پەیامە بەهێزەکانی سەرکردەکانیان بۆ پشتیوانی پرۆسەی نوێ، لە چاوەڕوانی ئەوەدابووین لە پراکتییدا هەڵوێستی ئەرێنی نیشان بدەن، بەڵام بەو هەڵوێستەیان کە ڕێگەی نێوان زاپ و گارەی بڕی و هەوڵدەدەن بە تەواوەتی دایخەن و پشتگیری دەدەنە پلانی لەناوبردن، خستینییە نیگەرانییەکەی جددییەوە. داخستنی ئەو خاڵە ستراتیژییە بەشێکە لە پلانی لەناوبردن و گەمارۆدان کە لە دژی هێزەکانمان ئەنجام دەدرێت کە ماوەی چوارساڵە لە زاپ بە قارەمانێتییەوە لە بەرخۆداندان. فەرماندەییمان لەو گۆڕەپانەدا لە ٢٨ و ٢٩ی نیساندا، بە هەستیاریی ئەوەی زیانی لێ نەکەوێتەوە، لە ئاستێکی سوکدا بۆ هۆشیارکردنەوە دەستوەردانی کرد. بەهەمان شێوە لە گوندی بێشیلیی مەتینایش لە لایەن هێزەکانی سەر بە پەدەکەوە لە خاڵێکدا کە بۆ بەرخۆدانی هێزەکانمان خاڵێکی ستراتییژییە، لەو جێگەیە دەستییان بە درووستکردنی بنکە و قەرەقۆلی سەربازی کردووە. بە ڕوونی دەردەکەوێت لەوێ پەدەکە پێگەی ئاگربەستی گەریلانی قواستووەتەوە، هەوڵدەدەن هەنگاو بە هەنگاو گەمارۆ بدەن، لە چوارچێوەی پلانی فەرماندەیی گشتی تورکدایە بۆ لەنابردن دەجوڵێنەوە و دەیانەوێت گەریلا پەلکێشی ناو شەڕێکی بەرفراوان و وێرانەکەر بکەن. لەم قۆناغە مێژوویەدا کە بۆ گەل و تەڤگەرمان قوناغی بریاردانی ستراتیژییە، نامانەوێت لەگەڵ هیچ لایەنێکدا بکەوینە ناو ئاڵۆزی و شەڕەوە. بە پێچەوانەی ئەوەوە لە چوارچێوەی پرۆژەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆدا خواستمانە کێشەکەنمان بە دیالۆگ چارەسەر بکەین. هێزەکانی پەدەکە کە هێزێکی کوردییە نابێت بەشداری پلانی نەخێر ببێت، کە هیچ خزمەتێک بە بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد ناکات و هەوڵدەدات جوڵە و پێگەی هێزەکانمان بگۆڕێ و لەناوی بەرێت. گەر ئەم کارە لە دەرەوەی ئاگاداری ئیدارەی پەدەکەوە ئەنجام دەدرێت، پێویستە ئیدارەی پەدەکە دەستوەردان بکات، کە لە سوودی هێڵی نەژادپەرستی و کۆمەڵکووژی دەوڵەتی تورکەدایە. گەر ئەم کارە بە ئاگاداری ئیدارەی باڵای پەدەکە ئەنجام دەدرێت، بانگەوازییان لێ دەکەین دەستبەرداری ئەم هەڵوێستە ببێت کە خزمەت بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی گەلی کورد ناکات و بانگەوازی لە هێزە کوردییە وڵاتپارێزەکان و گەلەکەمان دەکەین لەم بابەتەدا هۆشیاربن."
بەهۆی بەردەوامی شەڕ و پێکدادانی نێوان چەکدارانی دروز و هێزەکانی حکومەتی سووریا، لە دەوروبەری دیمەشق، ژمارەی کوژراوان بۆ 30 کەس بەرزبووەتەوە. روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ 30ـی نیسانی 2025، ژمارەی کوژراوانی شەڕی نێوان چەکدارانی دروز و هێزەکانی سەربە دەسەڵاتی سووریا لە شارۆچکەی ئەشرەفییەی سەحنایا لە دەوروبەری دیمەشق بۆ 13 کەس بەرزبووەتەوە و ژمارەى بریندارانیش گەیشتووەتە 15 کەس. بە گوێرەى زانیارییەکانى روانگەى سوورى، ئامارەکان ئەگەری بەرزبوونەوەیان هەیە، هاوکات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە هێزەکانی ئاسایش قەدەغەی هاتوچۆیان لە ناوچەکە راگەیاندووە. ئاماژەى بەوەشکردووە، دانیشتووانی شارۆچکەی ئەشرەفییەی سەحنایا و دەوروبەری، داوا لە دەسەڵاتداران دەکەن سنوورێک دابنێن بۆ گرژییەکان و هۆشدارییانداوە، لە مەترسیی گرژییەکان بۆ سەر دانیشتووان و ئاسایشی ناوچەکە . بەردەوامیی ئەو گرژییانەی ئێستا ئێستا لەو ناوچەیە لەپاش ئەوەدێت، رۆژی 29ـی نیسانی 2025، تۆمارێکی دەنگی بڵاوکرایەوە و بووە هۆى گرژی و رووبەڕووبونەوەی توند لەنێوان ئەندامانی ئاسایش و چەکدارانی دروزدا و بەهۆیەوە تەنیا لەو رۆژەدا 17 کەس کوژران و مەرجەعی ئایینی دروزەکانیش سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد.
هەرچەندە بڕیاربوو سبەینێ، مووچەی مانگی پێنجی خانەنشینانی عێراق دابەشبکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی پشووی فەرمییە دەکەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو. هاوکات سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستانیش ڕاگەیاند، ئەمڕۆ، وەزارەتى دارایی عێراق، مووچەى مانگى چوار نانێرێ و دەکەوێتە هەفتەى داهاتوو. حسام عەبدولستار بریکاری سەرۆکی دەستەی خانەنشینانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، هەموو رێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی پێنجی خانەنشینان تەواوبوون و زانیارییەکان نێردراون بۆ بانکەکان بەمەبەستی خەرجکردنی و سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەکەیان دەکرێت. دوێنێ، محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بڕیاریدا وەزارەتى مووچەى مانگى چوارى هەرێمى کوردستان خەرج بکات، دواى بڕیارەکە تیمى تەکنیکى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان گەڕایەوە هەولێر، بەڵام بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى دارایی بە راگەیاند، پێیان نەگوتوین کەى پارەکەمان بۆ دەنێرن. هاوکات سەرچاوەیەکى باڵا لە ئەنجومەنى وەزیران، کە خۆى لەنێو گفتوگۆ و رێککەوتنى بابەتى مووچەدایە، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، هەفتەى داهاتوو بەغداد پارەکە دەنێرێ، بۆ ئەمساڵ ترسمان نییە، کێشە بۆ مووچە دروست ببێت. ئەو دەڵێت، رێککەوتنەکەمان لەگەڵ بەغداد بەشێوەیەکە کێشەی نەناردنى مووچەى چارسەرکردووە.
پێکدادانی نێوان گرووپە چەکدارەکان لە ناوەوە و دەرەوەی ناوچەی جەرەمانا لە گوندەواری دیمەشق کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە، بەپێى زانیاریەکان نزیکەی 20 کەس کوژراون لەنێویاندا ئەندامانی ئاسایشی گشتی هەن. هاوکات هەر ئەمڕۆ پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازییە جیاوازەکانی پارێزگای سویدە کۆبوونەوەیەکی فراوانکراویان ئەنجامدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکانی ئەم دواییەی شاری جەرەمانا. میدیاکانی سوریا بڵاویانکردەوە، ئامادەبووان ڕێککەوتوون لەسەر ئاگربەستێکی هەمەلایەنە، لەنێویاندا جەرەمانا و ناوچەکانی دیکە، هاوکات جەختیان لەسەر گرنگی خۆگرتن و دانانی ئەولەویەتدان بە دیالۆگ بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی دۆخەکە. لە دوێنێوە پێکدادانەکان لە گەڕەکی جەرەمانا لە گوندەواری دیمەشق بەردەوامن، سەرچاوە خۆجێییەکانیش باس لە کوژرانی نزیکەی 20 کەس لە هێزەکانی ئاسایشی گشتی و ئەو گرووپانە دەکەن، کە هێرشیان کردووەتە سەر جەرەمانا و گرووپە درووزەکانی ئەو ناوچەیە. وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاندووە، "ناوچەی جەرەمانا پێکدادانی پچڕپچڕی بەخۆیەوە بینیوە لەنێوان گرووپە چەکدارەکان، لە ناوەوە و دەرەوەی ناوچەکە، کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی چەندین کەس، لەنێویاندا ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش هەن." بەپێی وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکە، یەکەکانی هێزەکانی ئاسایشی گشتی بە پشتیوانی هێزەکانی وەزارەتی بەرگری چوونەتە ناوچەکە بۆ کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکان، گەمارۆیەکی ئەمنی بە دەوری ناوچەکەدا سەپێندراوە بۆ رێگریکردن لە رووداوی هاوشێوە. وەزارەتەکە جەختی لەسەر پەرۆشیی خۆی کردەوە، بۆ بەدواداچوونی ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە پێکدادانەکان و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بەپێی یاسا، دووپاتیشیکردەوە کە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی خاوەنی ئەو تۆمارە دەنگییەی سووکایەتی بە پێغەمبەر محەمەد (د.خ) دەکات، کە دراوەتە پاڵ کەسێکی درووز، ئەمەش بووەتە هۆی گرژی ئەمنی لە دیمەشق و دەوروبەری و هێرشکردنە سەر ئەو ناوچەیەی زۆرینەی دانیشتووانەکەی درووزن."
ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی ڕوونیکردەوە، سەرۆکایەتی سوریا تا ئێستا ئامادەبوونی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سوریای لە لوتکەی عەرەبی کە بڕیارە لە عێراق بەڕێوەبچێت، پشتڕاست نەکردۆتەوە. ئەحمەد ئەبو غەیت، ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی ڕۆژی سێشەممە بە کەناڵى ئەلعەرەبییەی ڕاگەیاندووە: کۆمکاری عەرەبی دەستوەردان ناکات لە بڕیارەکانی وڵاتان سەبارەت بەو جۆرە پرسانە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکە لەسەر ئەو وڵاتانەیە کە میوانداری لوتکەکان دەکەن نەک ئەمینداریەت و تەنها لە ناوی بانگهێشتکراوەکان ئاگادار دەکرێتەوە. بڕیارە 17ـی مانگی داهاتوو لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا بکرێت. لە کاتی بەشداریکردنی لە دیداری سلێمانی، رۆژی چوارشەممە 2025-04-16 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بانگهێشت دەکرێت بۆ لووتکەکە؟" گوتی، "بەڵێ، بە فەرمی بانگهێشتنامەمان بۆ ناردووە، بەخێربێت بۆ ئامادەبوون و بەشداریی لە کۆبوونەوەی لووتکەی عەرەبیدا." ئەو قسەیەی سوودانی ناڕەزایی بەشێک لە شیعەکانی لێکەوتەوە و داوا دەکەن، بڕیاری دادگە لەبارەی دەستگیرکردنی ئەحمەد شەرع جێبەجێبکرێت. ئەحمەد ئەبو غەیت ئاماژەی بەوەدا کە تا ئێستا کۆمەڵەکە پشتڕاستکردنەوەی سەبارەت بە بەشداریکردنی ئەحمەد شارع لە کۆبوونەوەی لوتکەی بەغدا بەدەست نەگەیشتووە. دواى نزیکەى 12 ساڵ، کۆمکارى عەرەبی بڕیاری دا لووتکەی داهاتووی لە بەغدا بکات، ئەو بڕیارە لەسەر داواى حکومەتى عێراق بووە. ئەمەش دوای ئەوەی سووریا دەستبەرداری سەرۆکایەتیکردنی لووتکەکە بوو. کۆمکاری عەرەبی لە ساڵی 1945 دامەزراوە، عێراق یەکێكە لە دامەزرێنەرانی کۆمکارەکە. ژمارەی ئەندامانی کۆمکار 22 ئەندامە، هەر یەک لە هیندستان و ئەریتریا و ڤەنزوێڵاش ئەندامی چاودێرن.
ماڵپەڕی ماکۆر ڕیشۆنی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، ئێران سەرەڕای دانووستانەکانی لەگەڵ ئەمریکادا بۆگەیشین بە ڕێککەوتن، بەڵام هێشتا سەرقاڵی کات کوشتنە، چونکە ئێران زۆر نزیکە لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی. ماڵپەڕی ماکۆر ڕیشۆنی ئیسرائیلی، سەبارەت بە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە، ئێران وێڕای دانووستانەکانی لەگەڵ ئەمریکادا، بەڵام تاکوو ئێستا سەرقاڵی کات کوشتنە، چونکە ئێران بۆ درووستنکردنی ئەتۆم پێویستی بە چەند مانگێکە نەک چەند ساڵێک. هەروەها، ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمییش ڕایگەیاندووە، ئێران لە ئێستادا خاوەنی ئەو ماددەیە، کە پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی چەند کڵاوەیەکی ئەتۆمی. ئەمە لەکاتێکدایە، دوای گەڕی سێیەمی دانووستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەکرد، کە باسکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە دانووستانەکاندا هێڵی سوورە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ڕایدەگەیەنێت لە بەرامبەر پلانە تیرۆریستییەکانى داعش، هێزەکانمان زیادکردووەو ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و دەورییە لە ناوچەکە فراوانتر کردووە، بەهۆی پەرەسەندنی چالاکیی تیرۆریستی دێرەزوور بەتایبەتی. وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات دوێنێ، ڕایگەیاند، لە ڕۆژئاوای سووریا داعش هێرشی کردووهتە سەر هێزەکانیان و لە ئەنجامدا پێنج شەڕڤان شەهید بوون. لەڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانیدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات دەڵێن: لە میانەی زنجیرە ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە دێرەزوور لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، ، پێنج لە چەکدارەکانمان شەهید بوون و دوانى دوانى دیکەش برینداربوون. هەروەها هەسەدە ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، لە بەرامبەر ئەو پلانە تیرۆریستییانەدا، لە ڕێگەی ئەنجوومەنە سەربازییە جۆراوجۆرەکان و ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و دەورییە لە ناوچەکەدا، بەهۆی پەرەسەندنی چالاکیی تیرۆریستی و جموجۆڵی شانە لە سوریا بە گشتی و دێرەزوور بەتایبەتی فراوانتر کردووە، دەشڵین: ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش هەوڵدەدات بگاتە ئاستێکی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکان کە هێزی سەربازی و ئیداری و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان دەکاتە ئامانج. هەسەدە لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکە جەختلەسەر ئەوەدەکەنەوە کە هێزەکانیان، ئامادەیی بۆ بەدواداچوونی شانە تیرۆریستییەکان کە هەوڵی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری دەدەن. هەروەها جەخت لەسەر پابەندبوونی پتەو بە پاراستنی خەڵک لە هەموو بارودۆخێکدا.
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند، وردبینی بۆ لیستی مووچە کراوە و هیچ کێشەیەکی نییە. سێشەممە، 29ـی نیسانی 2025، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، ڕاگەیاند "وردبینیی لیستی مووچە تەواو بووە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەگەشت بگەڕێتەوە و ئیمزای بکات و بودجەکە بنێردرێ." سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتیی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕاشیگەیاند "لیستی مووچە هیچ کێشەیەکی نییە، دەبوو لەم دوو ڕۆژەدا بودجەکە بنێرن، بەڵام ناگاتە هەفتەی داهاتوو." هاوکات سەرچاوەیەکی دیکە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، سەرجەم گەنجینەکانمان ئاگادارکردووەتەوە ئامادەکاری بکەن بۆ دابەشکردنی مووچە، چونکە لە نزیکترین کاتدا بەغداد مووچە دەنێرێت.
وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری دا لەوەی ئەگەر دانوستانە دیپلۆماتییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران شکست بهێنن، ئەوە کارەسات لە ناوچەکە ڕوو دەدات. فوئاد حوسێن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی 'شەرق' ڕایگەیاند، عێراق بەتەواوی پشتگیریی لە پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران دەکات، هیوای خۆی بۆ گەیشتن بە لێکگەیشتن و دەرئەنجامە ئەرێییەکان دەربڕی کە خزمەت بە سەقامگیری بکات. وەزیری دەرەوەی عێراق، هۆشداریشی دا لەوەی کە شکستی ئەو بژاردە دیپلۆماتییە لێکەوتەی کارەساتبار بۆ ناوچەکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هەروەها گوتیشی، "ئەگەر ڕێککەوتنی ئەمەریکا و ئێران بکرێت، ئەوە لەسەر حیسابی هیچ لایەنێکی دیکەی ناوچەکە نابێت." فوئاد حوسێن ڕاشیگەیاند، بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، وای لە بەغدا کردووە بەدوای سەرچاوەی جێگرەوەدا بگەڕێت بۆ هاوردەکردنی غاز، کە نزیکەی 33%ی کارەبای عێراق لە غازی ئێران دابین دەکرێت. ڕوونیشی کردەوە، دانوستانەکان لەگەڵ چەند وڵاتێک لە ئارادایە، لەوانە تورکیا، ئوردن و وڵاتانی کەنداو، بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی کارەبا. وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەش کرد، لە گفتوگۆکانی واشنتن باسیان لە دۆخی سووریا کردووە، کە ئیدارەی ئەمریکا هەشت مەرجی بۆ ئیدارەی نوێی دیمەشق داناوە. هەروەها جەختیشی لە گرنگیی دەستەبەرکردنی سەقامگیری سووریا سەبارەت بە عێراق کردەوە و گوتی، ئێمە زۆر گرنگی بە دۆخی سووریا دەدەین، چونکە ئەوەی لەوێ ڕوو دەدات هەم کاریگەری نەرێنی و هەم ئەرێنی لەسەر ئێمە هەیە. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕۆژی پێنجشەممە 24ـی نیسان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە واشنتن دی سی و لەو ماوەیەدا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئیدارەی ئەمەریکا کرد.
روانگەی سووری بۆ مافەکانى مرۆڤ ئاشکرایکرد، لە ماوەی چوار مانگدا رێکخراوى داعش 68 هێرش و پەلامارى لەناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى بەرێوەبەرایەتیى خۆسەر هەبووە و بەهۆیەوە 28 کەس لە هاوڵاتیی سڤیل و ئەندامی هەسەدە گیانیان لەدەستداوە. روانگەی سووری رایگەیاندووە، لەمدواییەدا پەلامارەکانى داعش زیاتر بووە و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتى هەسەدەشی کردووەتە ئامانج. روانگەکە دەڵێت، چەکدارانی داعش رۆژی 28ـی ئەم مانگە بنکەیەکی سەربازیی هەسەدەیان لە دێرەزوور کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە دەستبەجێ پێنج ئەندامى هەسەدە گیانیان لەدەستداوە و کەسێکی دیکە بریندار بووە. بەگوێرەی ئاماری روانگەکە، تەنیا لە مانگی کانوونی یەکەمدا داعش 16 پەلامارى داوە و 10 ـان لە دێرەزۆر بووە و بەو هۆیەوە نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە. لە مانگی شوباتیشدا داعش 11 پەلامارى داوە و نۆیان لە دێرەزۆر بووە پاشان لە مانگی ئازاردا 20 پەلامارى دیکەی هەبووە و زۆرینەشیان لە دێرەزۆر بوون. هاوکات لەسەرەتاى مانگى نیسانەوە تاوەکو ئێستا، لە 21 پەلامارى داعشدا کە 19ـیان لە دێرەزۆر بووە و 12 کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەرپرسێکى باڵاى ئەمریکا، ڕایگەیاند وڵاتەکەى له مانگی ئازارەوه کەهەڵمەتێکى چڕوپڕى ئاسمانی له دژی حوسییەکان دەستپێکردوە، ٧ فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانی جۆرى MQ-9 Reaper لەیەمەن لەدەستداوە، هەر فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیش نزیکەی ٣٠ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت. ئەو بەرپرسە بەبێ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە کە ئایا ئەو فڕۆکانە بە تەقەی حوسییەکان خراونەتە خوارەوە یان بە هۆکاری دیکە لەدەستچوون، وتی: لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە حەوت فڕۆکەی جۆری MQ-9مان لەدەستداوە. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی MQ-9 دەتوانرێت بۆ سیخوڕی بەکاربهێنرێت، کە پێکهاتەیەکی سەرەکی هەوڵەکانی ئەمریکایە بۆ دەستنیشانکردن و بە ئامانجگرتنی ئەو شوێنانەی کە حوسییەکان بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکان بەکاریدەهێنن، هەروەها بۆ ئەنجامدانی هێرشەکان کە هەریەکەیان نزیکەی 30 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت. بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، هێزەکانی ئەمریکا لە 22ی نیساندا حەوتەمین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لەدەستداوە. ناوچەکانی حوسییەکان لە یەمەن نزیکەی ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرشی ئاسمانی دەبنەوە، لەو کاتەوەی واشنتۆن لە ١٥ی ئازاردا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لە دژی ئەوان ڕاگەیاند بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانیان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن. ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەمریکا لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە زیاتر لە ٨٠٠ ئامانجی لە یەمەن داوە و سەدان چەکداری حوسی لە نێویاندا ئەندامانی سەرکردایەتی گرووپەکەیان کوژراون.