ئەردۆغان: داکۆکی لە ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق و سوریا دەکەین
4 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆککۆماری تورکیا دوای کۆبوونەوەی کابینەی کۆماری کە ئێوارەی رۆژی دووشەممە 17-11-2025 لە ئەنقەرە بەرێوەچوو، گوتارێکی پێشکێشکرد و لە بەشێکیدا باسی عێراق و سووریای کرد.
ئەردۆغان لەبارەی عێراق و سووریا گوتی: "لە عێراقەوە هەتا سووریا؛ بە درێژایی سنوورەکانی باشوورمان، ئێمە داکۆکی لە ئاشتی، دادپەروەری، سەقامگیری، بەیەکەوە گەشەپێدان و بەیەکەوە سوودمەندبوون دەکەین".
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق، کە رۆژی 11-11-2025 بەڕێوەچوو، ئەردۆغان گوتی: "خۆشحاڵبووین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە عێراقی دراوسێماندا، کە رۆژی 11ی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو، لە کەشێکی بێ کێشە و ئاشتییانە بەرێوەچوو. هیوادارین هەڵبژاردنەکە بۆ خەڵکی عێراق ببێتە مایەی خێر و دەمەوێ جەخت بکەمەوە کە لەمەودواش بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی برا عێراقییەکانمان".
لەکاتێکدا ئەنقەرە بەردەوام پشتگیری لە حکومەتی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع دەکات، ئەردۆغان گوتی: "بە خۆشحاڵییەوە چاودێریی بەرەوپێشچوونی سووریا لە پەیوەندیی دەرەوە دەکەین. لەبارەی جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنی 10ی ئادار، لەو باوەڕەداین دەبێتە هۆی بەهێزکردنی یەکێتی، پێکەوەیی و یەکگرتوویی سووریای دراوسێ، هەمان هەڵوێست و پێداگریمان هەیە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند، دەرگای وڵاتەکەیان بەسەر ئاشتەوایی واڵا دەکەن.
