مەزڵوم عەبدی: چیتر سوریا ناگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتێكی ناوەندی

3 كاتژمێر لەمەوپێش



مەزڵووم عەبدی جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە سووریا ببێتە وڵاتێکی لامەرکەرزی. دەشڵێت "کۆتایی هەموو شەڕێک دیالۆگە، بۆیە پێویست ناکات چیدیکە شەڕ بکەین."

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2025، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دەیان سەرکردە و بەرپرسی حکوومی و حزبیی عێراق و کوردستان؛ سێیەمین ڕۆژی شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس25) دەستیپیکرد. 

مەزڵووم عەبدی لە سێیەمی ڕۆژی ئەم کۆڕبەندە، گوتارێکی پێشکەش کرد؛ تێیدا سوپاسی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ڕێکخەرانی مێپسی کرد بۆ بانگهێشتکردنەکە. ئەو، خۆشحاڵی خۆی بە بەشداریکردن لە کۆڕبەندەکە دەربڕی و گوتی "زۆر بە گەرمی پێشوازیمان لێ کراوە."

فەرماندەی گشتیی هەسەدە هیواشی خواست، ئەنجام و ڕاسپاردەکانی شەشەمین کۆڕبەندی مێپس لە شاری دهۆک، یارمەتیدەربن لە چارەسەرکردنی کێشەکان و بەقەڕارکردنی ئاشتی لە ناوچەکە. 

 

ڕێککەوتنی 10ـی ئادار و لێکەوتەکانی

مەزڵووم عەبدی لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە ڕێککەوتنی 10ـی ئاداری ئەمساڵ لە نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریادا کرد و گوتی "ئەو ڕێککەوتنەی لە 10ـی ئادار، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا واژۆمان کرد، ڕێگری لە ڕوودانی زۆر شت کرد. ئێمە لە نێو شەڕێکی سەختدا بووین، بەڵام بەهۆی ئەو ڕێککەوتنە، شەڕەکە وەستا. هەروەها ڕێگری لە دابەشبوونی سووریا و تۆڵەسەندنەوە لە نێوان پێکهاتەکانی هەموو پارێزگاکانی وڵاتەکەدا گرت، چونکە بەشێکیان پلانیان هەبوو دوای ڕووخانی ڕژێم، تۆڵە لە یەکدی بکەنەوە."

بە گوتە عەبدی، بە درێژایی 100 ساڵی ڕابردوو لە سووریا، دان بە مافەکانی گەلی کورددا نەنراوە، تەنانەت باس لە پرسی کوردیش نەکرابوو، بەڵام لە ڕێککەوتنی 10ـی ئاداردا، بە ڕوونی باسی پرسەکە کراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە، پێویستە مافەکانی گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکانی سووریا، لە چوارچێوەی دەستووری نوێدا دەستەبەر و دابین بکرێن.

مەزڵووم عەبدی گوتیشی "پێمانوایە ناکرێت سووریا بگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتێکی مەرکەزیی هاوشێوەی سەردەمی ڕژێمی بەعس، دوای 15 ساڵ شەڕ، پێویستە سووریایەکی لامەرکەزی هەبێت و هەموو هەرێمێک خۆی بەڕێوەببات. ڕاستییەک دروست بووە و ناتوانین نکۆڵی لێ بکەین، پێویستە هەموو کەسێک ئەم ڕاستییە قبووڵ بکات و لەم چوارچێوەیەدا هەنگاو بنێت."

 

"کۆتایی هەر شەڕێک دیالۆگە"

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕایگەیاند "ماوەیەکی زۆر درێژە لە نێو شەڕداین، زۆر باش دەزانین و بینیمان، کۆتایی هەر شەڕێک دیالۆگە،  کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر دەکرێن. لە شەڕدا ئەگەر سەرکەوتنیش بەدەستبهێنیت، هەر دەبێت دیالۆگ بکەیت. ئەمەمان بە شێوەیەکی زۆر چالاک لە سووریا بینی."

مەزڵووم عەبدی هۆکاری ڕووخانی ڕژێمی پێشووی بەشار ئەسەدی ئاشکرا کرد و باسی لەوە کرد "هۆکاریی سەرەکیی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ڕەتکردنەوەی دیالۆگ و سووربوون بوو لەسەر سیستەمی مەرکەزی، بینیمان دواتر کە چۆن شۆڕشێک لە دژی هەڵگیرسا و لەنێوچوو. "

بە گوتەی عەبدی  ئێمە لە سەرەتای ڕاپەڕینەکانی سوریا، لە سەرەتای شۆڕشەوە، دژی شەڕ بووین. تا ناچارکراین شەڕ بکەین، شەڕمان نەکرد. تا مەترسیمان لەسەر نەبوو، شەڕمان نەکرد. ئێمە تەنیا پارێزگاریمان لە خۆمان کردووە. ئێستا ڕێگەی دیالۆگمان هەڵبژاردووە و پێویست ناکات چیدیکە شەڕ بکەین. ئەمە بۆچوونی ئێمە و هەموو گەلی سووریایە، چونکە بە شەڕ کێشەکان چارەسەر نەکرێن."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار