مالیکی و حەلبوسی: پێویستە پەلە بکرێت لەپێكهێنانی حكومەت
5 كاتژمێر لەمەوپێش
لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا، محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی حزبی تەقەدوم، سەردانی نووری مالیکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسای کرد و هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی خێراکردنی پرۆسەکە کردەوە.
نووسینگەی هەردوو سەرکردەکە لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە، لە دیدارەکەدا مالیکی و حەلبوسی "جەختیان لە گرنگیی خێراکردنی پێکهێنانی حکومەتێک کردووەتەوە کە توانای جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هاوڵاتیان و بەدیهێنانی خواستەکانیان هەبێت."
هەروەها لە سەرەتای دیدارەکەدا، هەردوولا پیرۆزبایی "سەرکەوتنی" پرۆسەی هەڵبژاردنیان لە یەکتر کردووە.
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە هەردوو لایەن دوو هێزی سەرەکین لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا و ڕۆڵێکی گرنگیان لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوودا دەبێت.
حزبی تەقەدوم (حەلبوسی): 28 کورسیی پەرلەمانیی بەدەستهێناوە.
دەوڵەتی یاسا (مالیکی): 27 کورسیی پەرلەمانیی بەدەستهێناوە.
