عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە پەیامێکدا سەرکۆنەی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات. عەلی سیستانی لە پەیامێکدا لە نووسینگەکەی بڵاویکردووەتەوە دەڵێ، هێرشەکانی ئیسرائیل پێشێلکردنێکی روونی بەها ئاینی و ئەخلاقییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، لە ئەگەری پەرەسەندنی هێرشەکانیش، رەنگە دۆخەکە لەدەستدەربچێت و پشێوی و نەهامەتی زیاتر بۆ ناوچەکە بهێنێت، زیانیش بە بەرژەوەندیی هەمووان دەگەیەنێت. نووسینگەى سیستانى رایگەیاندووە، بە ئامانجگرتنی سەرکردە ئایینی و سیاسییەکانی ئێران، هەرچەندە پێشێلکارییەکی ئاشکرای پێوەرە ئایینی و ئەخلاقییەکانە، پێشێلکارییەکی ئاشکرای نەریت و یاسا نێودەوڵەتییەکانیشە، ئەو هەنگاوە ئاماژەیە بۆ لێکەوتەی زۆر خراپ بۆ دۆخێکی ناوچەکە بە گشتی، رەنگە ببێتە هۆکارى دەرچوونی دۆخەکە لە کۆنترۆڵ و روودانی پشێویی گەورە، کە نەهامەتییەکانی گەلانی ناوچەکە زیاتر بکات و زیانی گەروە بە بەرژەوەندییەکانی هەمووان بگەیەنێت. نووسینگەی عەلی سیستانی، داوا لە سەرجەم لایەنە نێودەوڵەتییە کاریگەرەکان و وڵاتانی جیهان دەکات، هەموو هەوڵێکی خۆیان بدەن بۆ راگرتنی جەنگی ئێران و دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانەی دادپەروەر بۆ دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بەگوێرەى یاسای نێودەوڵەتی.
بۆیەکەمجارە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل دان بەوەدا دەنێت کە ئیسرائیل تووشی زیانى زۆبوون و دەڵێت: بەدەست زیانی زۆر و ئازاربەخشەوە دەناڵێنین، هاوکات سوپاسی ترەمپ دەکات کە "لە تەنیشت ئێمەوە وەستاوە". لە بەیاننامەیەکى ڤیدیۆیی تۆمارکراوى ڕۆژانەیدا ئەمشەو، سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل وتى: سوپاسى ترەمپ دەکەم لە تەنیشت ئێمەوە وەستاوە، ئێمە لە پەیوەندییەکی بەردەوامداین، لەنێویاندا شەوی ڕابردوو- گفتوگۆیەکی زۆر گەرممان کرد. ناتانیاهۆ دان بەوەدا دەنێت کە ئیسرائیل تووشی "زۆر زیان، زیانێکی پڕ لە ئازار" بووە، وتیشى: بەڵام دەبینین بەرەی ناوخۆ بەهێزە، گەل چەسپاوە و ئیسرائیل لە جاران بەهێزترە، ئاماژە بەوە دەکات کە “شەڕێکی چڕ لە کەرتی غەززە بەردەوامە.” لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا جەختى لەسەر ئەوەکردەوە کە ئامانجی ئۆپراسیۆنەکەیان لەنێوبردنی هەڕەشەی مووشەکی و ئەتۆمیی ئێرانە، وتى: کۆنترۆڵی ئاسمانی ئێرانمان کردووە. رۆژی شەشەمی ململانێکانە، ئێران و ئیسرائیل هێرش دەکەنە سەر یەکدی و دۆناڵد ترەمپیش لە لێواری بڕیاردانە بۆ بەشداریکردن لە جەنگەکە. ئەمە دوایین پێشهاتەکانن ئیسرائیل و ئێران رۆژی چوارشەممە، لە شەشەمین رۆژی هێرشەکاندا لە چڕترین رووبەڕووبوونەوەی مێژوویاندا، دیسان هێرشیان کردەوە سەر یەکدی، ئەمەش ترسەکانی درێژبوونەوەی جەنگەکە کە رەنگە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگرێتەوە، زیاد دەکات.
ڕابەرى باڵای ئێران، وەڵامی دۆناڵد ترەمپ دەداتەوە و هەڕەشەی توند لە ئەمەریکا دەکات دەڵێت: پێویستە ئەمریکییەکان بزانن کە نەتەوەی ئێران تەسلیم نابێت و هەر دەستێوەردانێکی سەربازی لە لایەن ئەوانەوە زیانێکی گەورەی دەبێت و بە ئاسانی بۆیان قەرەبوو ناکرێتەوە. عەلی خامنەیی ڕابەرى باڵای ئێران لەوتارێکى ڤیدیۆییدا کە میدیا فەرمیەکان پەخشیانکرد لەسەر چەند بابەتێکى جیاواز قسەیکرد. جەختی لەوە کردەوە: نەتەوەی ئێران بە توندی لە دژی شەڕێکی سەپێنراو دەوەستێتەوە، هەروەک چۆن لە بەرامبەر ئاشتییەکی سەپێنراودا بە توندی دەوەستێت و ئەم نەتەوەیە لە بەرامبەر سەپاندندا تەسلیمی کەس نابێت. ناوبراو زیادیکرد، وتى: ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕوویدا کە بەرپرسانی ئێمە خەریکی دانوستانی ناڕاستەوخۆ بوون لەگەڵ ئەمریکا و هیچ نیشانەیەکی کتوپڕ و سەربازی و توند لە لایەن ئێرانەوە نەبووە. خامنەیی هەروەها ئاماژەی بە لێدوانە هەڕەشە ئامێزەکانی سەرۆکی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند: ئەو کەسانەی بە حیکمەتەوە ئێران و نەتەوەی ئێران و مێژووەکەی دەناسن هەرگیز بە زمانی هەڕەشەئامێز لەگەڵ ئەم نەتەوەیە قسە ناکەن، چونکە نەتەوەی ئێران تەسلیم نابێت و پێویستە ئەمریکییەکان بزانن کە هەر دەستێوەردانێکی سەربازیی ئەمریکا بێ گومان زیانێکی قەرەبوو نەکراویان لێدەکەوێتەوە. سەبارەت بەئیسرائیلیش ڕابەرى باڵاى ئێران بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئەوان هەڵە و تاوانێکی گەورەیان ئەنجامداوە، وتى: دوژمنی زایۆنی دەبێت سزا بدرێت و سزاش دەدرێت، هێزە چەکدارەکانمان پلانیان هەیە بۆ داهاتوو سزایەکی توندە.
گیدیۆن ساعر وەزیری دەرەوەی ئێران، لەگەڵ زیاتر لە ٣٠ باڵیۆزو نوێنەرى وڵاتیانی بیانی کۆبویەوە لە شوێنی هێرشی مووشەکی بالیستیکی ئێران لە ناوەندی شاری بات یام، لەوێ ئاگاداریان دەکاتەوە کە ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل دژی ئێران "تا دەگەینە ئامانجەکانمان" بەردەوام دەبێت. باڵیۆزەکانی ئیتاڵیا، پۆڵەندا، هیندستان، کەنەدا، کۆماری چیک، ئیسپانیا، نەمسا، نەرویج، سوید و وڵاتانی دیکە بەشداری ئەو کۆنفڕانسەبوون لە شوێنی هێرشەکە، کە بەرەبەیانی یەکشەممە 9 هاوڵاتی تێدا کوژراون. ساعر بە باڵیۆزەکانى وتووە، ئێران "هەڵە دەکات" بە هەوڵدان بۆ پووچەڵکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بە "بە ئەنقەست ناوەندەکانی دانیشتووان و کوشتنی خەڵکی مەدەنی". “ئەوان تێناگەن کە گەلی ئیسرائیل بەهێزە و بە شێوەیەکی بەرفراوان پشتگیری لە ئۆپەراسیۆنەکەمان دەکەن. وەزیری دەرەوە دەڵێت: “دەمەوێت بزانن: هیچ دانوستانێک ئەنجام نادرێت، ئۆپەراسیۆنەکەش بەردەوام دەبێت تا ئامانجەکانمان دەگەین”. یسرائیل کاتز، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هەڕەشەی توند دەکات و نووسیویەتی؛ "زریانێک بۆ تاران بەڕێوەیە و شوێن و دامەزراوە باڵاکانی دەسەڵات بۆمباران دەکرێن." هەروەها "هەڕەشەی فراوان کردنی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای وڵاتەکەی دەکات و باسی لە گۆڕینی دەسەڵات دەکات." هاوکات بە پێی ڕاپۆرتی "تایمز ئۆف ئیسرائیل"، هێرشەکان بەردەوامن بۆ کردنە ئامانجی دامەزراوە سەرەکییەکانی حکوومەتی ئێران، سەربازی و ئەتۆمی. شەڕی ئاسمانی نێوان ئیسرائیل و ئێران بۆ شەشەمین ڕۆژی لەسەریەک بەردەوامە و هەردوو وڵات هێرشی مووشەکی نوێ دەکەنە سەر یەکتر، سەرەڕای داوای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجی ئێران.
رۆژنامەی شەرقلئەوسەت باسی لەوە کردووە، حکومەتی عێراق لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکاندایە تا لە شەڕی ئیسرائیل و ئێراندا کاردانەوەیان نەبێت. رۆژنامەی شەرقلئەوسەت بڵاویکردەوە، هێزە شیعییە گەورەکانی عێراق نایانەوێت دۆخەکە ئاڵۆز ببێت و لەگەڵ ئەوەدان سنووری شەڕەکە سنووردا بێت، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کە گەورەترین هێزی چوارچێوەی هەماهەنگییە دەیەوێت قەیرانەکان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێت. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشداوە، سودانی هەوڵەکانی لەناوخۆی عێراقدا چڕکردوەتەوە تا کۆنترۆڵی دۆخەکە بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش چەند رۆژی رابردوو لەگەڵ نێردەی وڵاتان کۆبوەتەوە و لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکاندان. سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی عێراقی بە رۆژنامەکەی گوتووە، تەواوی هێزە سەربازییە عێراقییەکان کە نزیکن لە ئێرانەوە لەم دۆخەدا لەگەڵ حکومەتی عێراق هاوکارن تا عێراق لە ململانێ و ئاڵۆزییەکە بەدووربێت.
وەزارەتی بەرگریی و سوپاى ئیسرائیل پشتڕاستی ئەوەدەکەنەوە کە لەکاتی چالاکییە ئۆپەراسیۆنییەکان بۆردومانى ئامانجەکانیان لە ئێران، مووشەکێکی سەرزەوی بۆ ئاسمان ئاراستەی فڕۆکەیەکی هێزی ئاسمانی کەوتوەو کەوتوەتە خوارەوە. سوپاى ئیسرائیل جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، فرۆکەکە لە ئاسمانی ئێران کەوتووەتە خوارەوە، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و هیچ ترسێکیش لەوەنیە کە دزەپێکردنی زانیاری ڕویدابێت. ڕۆژنامەنووسێکى ئیسرائیلیش بەناوى یائیر ئاڵتمان ئاشکرای کرد کە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی کە لەم دواییانەدا لە لایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێرانەوە لە ناوچەی ئیسفەهان خرایە خوارەوە، جۆرێکى زۆر پێشکەوتوو بووە. فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە لەلایەن کۆمپانیای سەربازی ئیسرائیلی ئێلبیتەوە دروستکراوە، کە بۆ ئەرکی هەواڵگری و سیخوڕی و چاودێری دوورمەودا دیزاین کراوە. بەگوێرەی ئەم پەیامنێرە، ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانە جگە لە بەرنامە هەواڵگرییەکانی، توانای هێرشکردنە سەر ئامانجە زەمینییەکانیشی هەیە و بەهاکەی بە زیاتر لە ١٠ ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت. لە شەشەمین ڕۆژی شەڕی ئێران و ئیسرائیلدا، بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاند کە کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی، بڕیارێک سەبارەت بە دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر ئێران نەبووە. هاوکات عەلی خامنەیی، ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وتی: وڵاتەکەی بە زۆر وەڵامی "کیانێکی زایۆنیستی" دەداتەوە و هەرگیز سازش لەگەڵیدا ناکات. هاوکات وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، بەمزووانە هێرش دەکەنە سەر ئامانجی دیکە لە ئێران و "بارەگاکانی حکومەت لە ئێران وێران دەکەین." یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، "بارەگاکانی حکومەت لە ئێران رووبەڕووی بۆردومان و وێرانکاری دەبنەوە، لە دەزگای پەخشی فەرمییەوە دەستمان پێکردووە و بەمزووانە هێرش دەکەینە سەر ئامانجی دیکەش."
بەپێی وتەی بەرپرسێکی ئەمریکی، ئیسرائیل بەرەو ئەوەدەچێت مووشەکى بەرگرییەکانیا کەم ببێتەوە، ئەمەش نیگەرانییەکانی وڵاتەکەی بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکی بالیستیکی دوور مەودا لە ئێرانەوە دروستکردووە ئەگەر بەم زووانە گرفتەکەى چارەسەر نەکرێن. ئەو بەرپرسە بەڕۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئەمریکاى وت: ئەمریکا چەند مانگێکە ئاگاداری کێشەکانە، واشنتۆن توانا بەرگرییەکانى ئیسرائیل بە سیستەمەکانی سەر زەوی و دەریا و ئاسمان زیاد دەکات. لەوەتەی ململانێکان لە مانگی حوزەیرانى ڕابردوەوە پەرەی سەندووە، پنتاگۆن چەک و هێزى جۆراوجۆرى بەرگری مووشەکی زیاتری ناردووە بۆ ناوچەکە و ئێستا نیگەرانی هەیە سەبارەت بە تەواوبوونى ئەو موشەکانەى ئەمریکا. تۆم کاراکۆ، بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەرگری مووشەک لە سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان دەڵێت: نە ئەمریکا و نە ئیسرائیلییەکان ناتوانن بەدرێژایی ڕۆژ بەردەوام بن لە دانیشتن و ڕێگریکردن لە مووشەکەکان". ئەو ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیسرائیلییەکان و هاوپەیمانەکانى پێویستە بە هەموو پەلەبکەن و بجوڵێن بۆ ئەوەی هەرچی پێویست لەوبارەیەوە بێت بیکەن. بەرپرسانى رۆژنامەکە دەڵێن کۆمپانیای ئیسرائیل ئایرۆسپەیس ئیندستریز، ئەو کۆمپانیایە کە ئامێری ڕێگریکردنی مووشەکەکان دروست دەکات، وەڵامی داواکارییەکانی بۆ لێدوان نەداوەتەوە. هەروەها هێزەکانی بەرگری سوپاى ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "سوپاس ئامادەین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر سیناریۆیەک، بەداخەوە ناتوانین لێدوان لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە تەقەمەنی بدەین".
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریكی، لەزاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە بڵاویكردووەتەوە: لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، ترەمپ هیچ بڕیارێکی لەسەر ئێران نەداوە. رۆژنامەكە رایگەیاندووە: دۆناڵد ترەمپ، کۆبونەوەکەی لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی بەبێ گەیشتن بە بڕیارێكی یەكلاكەرەوە، کۆتایی پێهێناوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە پەرەسەندنی بەردەوامدایە. پێشتر کۆشکی سپی رایگەیاندبوو، گفتوگۆکان لە ژووری ئۆپراسیۆنەكان، لە بارەگای حکومەت لە واشنتۆن، كە نزیکەی کاتژمێر و نیوێکی خایاندووە، كۆتایی هاتووە، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک بڵاوبكاتەوە. تاوەکو ئێستا روون نییە ئەمریکا چ رۆڵێک لە ململانێی بەردەوامی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا دەگێڕێت. بەڵام دۆناڵد ترەمپ چەندێک دەسەڵاتی هەیە لە بژاردەی کە ئایا ئەمریکا بەشداریی شەڕەکەدا دەکات یان نا. بەپێی یاسای ئەمریکا، سەرۆک بە تەنیا دەسەڵاتی راگەیاندنی فەرمیی جەنگی دژی وڵاتێکی دیکە نییە. تەنیا کۆنگرێس دەتوانێت ئەو بڕیارە بدات. بەڵام یاساکە ئەوەش دەڵێت کە سەرۆک، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە. ئەمەش واتای ئەوەیە کە دەتوانێت هێزەکانی ئەمریکا بنێرێت و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بکات بەبێ ئەوەی بە فەرمیی رایبگەیێنێت کە وڵاتە لە جەنگدایە. بۆ نموونە، بڕیارەکەی ترەمپ بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی لە سووریا لە ساڵی 2017 دژی حکومەتی بەشار ئەسەد، پێویستی بە رەزامەندیی کۆنگرێس نەبوو. لەبری ئەوە، ترەمپ بە شێوەیەکی تاکلایەنە کاری کرد و ئاماژەی بە هۆکاری ئاسایشی نیشتمانی و مرۆیی کرد. هەندێک لە یاسادانەران لە هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماری هەوڵ دەدەن توانای ترەمپ بۆ فەرمانکردن بە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران سنووردار بکەن.
سوپای ئیسرائیل، ڕایدەگەیەنێت لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا ٥٠ فڕۆکەی جەنگی هەڵیانکوتایە سەر تاران و هێرشکراوەو لەوێش دەنگی تەقینەوە بیستراوە. ئێرانیش بۆیەکەمجارە مووشەکی نەوەی یەکەمی فاتحی بەکارهێناوە و زیان و ئاگرکەوتنەوەی لێکەوتووەتەوە. بە گوێرەی میدیای سوپای پاسداران، ئیسرائیل هێرشی کردووەتەسەر زانکۆی سەربازیی ئیمام حوسێن لە تاران. بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە، 18-06-2025، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بە مەبەستی بەئامانجگرتنی ژێرخانی سەربازیی ئێران، زنجیرە هێرشێکیان کردووەتە سەر رۆژهەڵاتی تاران. هاوکات میدیای سوپای پاسداران بۆردوومانی زانکۆی سەربازیی ئیمام حوسێنی لە تاران پشتڕاستکردەوە کە باڵەخانە سەرەکییەکەی دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شارەکە. لە دوو کاتژمێری یەکەمی دوای نیوەشەودا، ئێران ژمارەیەک مووشەکی بەرەو ئیسرائیل هەڵدا و بەهۆیەوە تەقینەوە لە تەلئەبیب ڕوویدا. سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە بۆ یەکەمین جار لە شەپۆلی یازدەیەمی ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاستەقینەی ٣ نەوەی یەکەمی مووشەکی بالیستیکی هایپەرسۆنیکی فاتح کەڵکیان وەرگرتووە. ئاماژەی بەوەشکرد، مووشەکەکانی فەتاح چوونەتە ناو قەڵغانی بەرگری مووشەکی و پەناگەی ئیسرائیلیان هەژاندووە، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو مووشەکانە پەیامێکیان سەبارەت بە هێزی ئێران بۆ هاوپەیمانی وەهمی و شەڕخوازی تەلئەبیب ناردووە"، ئاماژەی بە ئەمریکا کرد کە ئاماژەی بە ئەگەری پەیوەستبوون بەو هێرشانە کردووە. سوپای ئیسرائیل ڕێگری لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە باکووری ئیسرائیل و دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچەی دەریای مردوو ڕاگەیاند. لە شەشەمین ڕۆژی شەڕی ئێران و ئیسرائیلدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، سەبرەکەی لەگەڵ ئێران تەواو دەبێت و داوای کرد خۆی ڕادەست بکات. کەناڵی 12 بڵاویکردەوە، خەمڵاندنەکان لە ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن کە پێدەچێت ئەمریکا بەشداری شەڕی دژی ئێران بکات. ئێران دەیان مووشەکی بە ئامانجی ناوچەی گەورەتری تەلئەبیب و ناوەڕاستی ئیسرائیل و تەقینەوەیەکی بەرفراوان لە قودس و تەلئەبیب بیستراوە، بەپێی میدیا ئیسرائیلییەکان. لەلایەکى دیکەوە ڕۆژنامەی مەعاریف بڵاویکردەوە، دوای کەوتنی مووشەکەکانی ئێران، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل هەزاران هاووڵاتی ئیسرائیلیان بۆ شوێنی جیاجیا گواستراوەتەوە. مەعاریف لە زاری شارەوانی تەلئەبیبەوە بڵاویکردەوە، سەرقاڵی پشکنین بۆ ئەو باڵەخانانەن کە بەهۆی مووشەکەکانی ئێرانەوە زیانیان بەرکەوتووە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ڕووخاندنیان بدەن یان نا. ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکانی ئێران وایکردووە ئیسرائیل سەدان خێزان بگوازێتەوە بۆ هۆتێلەکان بەهۆی زیانەکانی باڵەخانەکانەوە.
عەبدولرەحیم موسەوی، سەرۆكی دەستەی ئەركانی هێزە چەکدارەکانى ئێران (سوپاسالار)، ڕایدەگەیەنێت با هەموو جیهان دڵنیابن لەوەی کە نەتەوەی گەورەی ئێران بە ڕێبەرایەتیی هێزە چەکدارەکان تۆڵەی خوێنی شەهیدانى دەکاتەوەو بەمنزیکانە ئۆپەراسیۆنی سزادان ئەنجام دەدەین. میدیای فەرمیی ئێران لەگرتەیەکى ڤیدیۆییدا، کە ئەمشەو بڵاویکردەوە عەبدولرەحیم موسەوی دەڵێت: ئەو ئۆپەراسیۆنانەی تا ئێستا ئەنجامدراوە تەنها هۆشدارییەکە بۆ خۆپاراستن و بەم نزیکانە ئۆپەراسیۆنێکی سزای ئەنجام دەدرێت، بۆیە دانیشتوانی ناوچە داگیرکراوەکان بەتایبەتی تەلئەبیب و حەیفا بە توندی ئاگادار دەکرێنەوە کە ئەو ناوچانە بەجێبهێڵن لە پێناو گیانی خۆیاندا و نەبنە قوربانی خواستی نەتانیاهۆ. عەبدولرەحیم موسەوی کە تەنها پێنج ڕۆژە بەفەرمانى عەلى خامنەیی وەك سەرۆكی دەستەی ئەركانی ئێران (سوپاسالار) دەستنیشانكراوە هێرشى توند دەکاتە سەر ئیسرائیل. ناوبراو دەلێت: ئیسرائیل لەژێر پەردەی ئامانجی سەربازیدا، هێرشی کردوەتە سەر ژنان، منداڵان، و بەساڵاچووانی ئێران. بەردەوام هەموو یاسا نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکانى بوو لە پشتگوێخستوە، نزیکەی ٣٠٠ ڕۆژنامەنووسى لە غەززە و لوبنان، بە شێوەیەکی دڕندانە کوشتوە، هێرشی کردە سەر ئەندامانی میدیا و ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەوڵێکدا بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ڕاستییەکان. ئەو بەرپرسە سەربازیەى ئێران، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە کە شەهید بوونی هاونیشتمانەکانى و زانایان و فەرماندەکانیان بەدڵنیاییەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە هێزە چەکدارەکان زیاتر ئیرادەیان هەبێت بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکان و سزادان و پەشیمانکردنەوەى دوژمنان. لەکۆتایی قسەکانیشیدا دەڵێت: تا ئێستا هێزی ئاسمانی و بەرگری ئاسمانی سوپای پاسداران بەهاوکاری هێزە چەکدارەکانی تر، سوپا، سوپای پاسداران، بە پاڵپشتی وەزارەتی ئیتلاعات، لە پێشەنگی ئۆپەراسیۆنەکاندا بوون، لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن، سەرنجیان لەسەر ئامانجە هەستیار و گرینگەکان و لێدانی گورزی وێرانکەر لە دوژمن.
بەرپرسانى باڵاى ئێران بڕیارێکى نوێیان خستوەتە جێبکردنەوە، بۆ هەر پۆستێکى باڵاى سەربازى و هەستیارى هەواڵگرى و حکومى، ١٠ جێگرى بۆ دەستنیشان دەکرێت. لەلایەکى دیکەشەوە بە بڕیاری ناوەندی فەرماندەیی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی ئێران، بەکارهێنانی هەر جۆرە ئامێرێکی ئەلیکترۆنی لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە و پاسەوانەکانیان قەدەخە کراوە. ئاژانسی هەواڵی فارس بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەمڕۆ سێ شەممە بڵاویکردوەتەوە، پلانێکى نوێ ئامادەکراوە بۆ بەڕێوەبردنی ناوەندە هەستیارەکان لە ئەگەری کوشتنى سەرکردەو بەرپرسەکان. پلانەکە بەوجۆریە هەر بەرپرسێک، ١٠ کەس وەک جێگرەوەى دەستنیشان دەکرێت بۆ هەر شوێنێکی گرنگ بۆ دڵنیابوون لەوەى کاروبارو بڕیارە خێراکان هیچ گرفتێکیان نەبێت و پرۆسەکانیان بەردەوامبێت. میدیاکانی ئێران نیوەڕۆی سێشەممە 17-06-2025 بڵاویانکردەوە، ناوەندی فەرماندەیی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی ئێران بڕیاری داوە کەڵکوەرگرتنی بەرپرسانی ئێران لە تەواوی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان کە بۆ پەیوەندیکردن بەکاردەهێندرێن، قەدەخە بکات. ئەو بڕیارە پاسەوانەکانیشیان دەگرێتەوە و ئەوانیش نابێت هیچ ئامێرێک بەکاربێنن کە بۆ پەیوەندیکردن بەکاربهێندرێت. ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات، یەحیەئیل لیتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی مێریتی ئیسرائیلی رایگەیاند، "شەوانی پێنجشەممە و هەینی شتی حەپەسێنەر دەبینن". بە گوتەی باڵیۆزی ئیسرائیل، "سوپرایزەکە بە جۆرێک گەورە دەبێت، کە ئۆپەراسیۆنی [تەقاندنەوەی] پەیجەر و بێتەلەکان لەچاویدا هیچ نابێت". ئۆپەراسیۆنی پەیجەر ئاماژەیە بە تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیی حیزبوڵڵای لوبنان لە ئەیلوولی 2024 کە بووە هۆی کوژرانی 37 کەس و برینداربوونی نزیکەی سێ کەسی دیکە، لە نێویاندا باڵیۆزی ئێران لە لوبنان. بەرەبەیانیی ڕۆژى هەینی ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئیران، لە هێرشەکەدا ژمارەیەک زانای ئەتۆمی و فەرماندەی سەربازیی وڵاتەکە کوژراون و ئێران لە وەڵامدا، بە درۆن و مووشەک هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووە.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕایدەگەیەنێت دەمانزانی لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر ئێراندا زیانمان پێدەگات، ئێستا ئێمە بە ڕۆژانی سەختدا تێدەپەرین. شەڕی ئێران و ئیسرائیل پێی ناوەتە رۆژی پێنجەمەوە و هەردوولا هێرش دەکەنە سەر یەکدی. لە شەوی چوارەمدا هەردوولا بە مووشەک و فڕۆکە هێرشیان کرد، بەڵام زیانەکانی دیار نین. لەپێش کۆبوونەوەى لەگەڵ لیژنەی کاروباری دەرەوەو ئاسایش، گیدیۆن سار وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند گۆڕینی ڕژێم لە ئێران ئامانجی شەڕ نییە، بەڵام ڕەنگە دەرئەنجامێکى بێت، ئامانجەکە وێرانکردنى بەرنامەى یۆرانیۆمى ئێرانە. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو بڕیاری هێرشکردنە سەر ئێران مێژوویی بوو، ئێمەش دەمانزانی لە ئەنجامی هێرشەکەدا زیانمان پێدەگات. گیدیۆن سار وتیشى: ئێمە بە ڕۆژانی سەختدا تێدەپەڕین، بەڵام گەلی ئیسرائیل پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنی دژی ئێران دەکەن. سار زیادی کرد: من سێ دەیە لە ناوەندی بڕیاردانم، هەرگیز هەڵمەتێکی سەربازیم نەبینیوە کە بەو شێوەیە ورد و چڕ و هەماهەنگ پلانی بۆ داڕێژرابێت و بەڕێوەبچێت. ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە جەختى لەسەر ئەوەکردەوە، هێشتا دیار نییە کێ جێگەی سەرۆکی ئەرکانى ئێران دەگرێتەوە، پێویستە دووجار بیربکاتەوە ئامۆژگارى دەکەم وریابێت. رؤژى هەینى ڕابردوو واتە تەنها چوار ڕۆژ لەمەوبەر رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە فەرمانێکی دیکەدا، عەلی شادمانی، جێگری فەرماندەی قەرارگەی خاتمولئەنبیای وەکو فەرماندەی قەرارگەکە لە شوێنی غوڵامعەلی رەشید دەستنیشانکرد. کەناڵى ١٤ى ئیسرائیل ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە، دوابەدوای زانیارییە هەواڵگرییە وردەکانی دەست مۆساد کەوتووەو لە هەلێکی کتوپڕ لە شەودا، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی مرۆیی لە دڵی تاران و عەلی شادمانیمان کوشت. بەرەبەیانیی ڕۆژى هەینی ڕابردوو چەند تەقینەوەیەکی گەورە تارانی پایتەخت و چەندین شاری دیکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیان هەژاند، دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئەو وڵاتە کە بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، ئامانج لێی پەکخستنی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بووە. لە هێرشەکەدا ژمارەیەک زانای ئەتۆمی و فەرماندەی سەربازیی وڵاتەکە کوژراون و ئێران لە وەڵامدا، بە درۆن و مووشەک هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووە.
سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دووپاتیان کرد کە دەستدرێژی زایۆنیستەکان بۆ سەر ئێران مەترسییەکی جددی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دروست دەکات. نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نووری مالیکی، ئەمڕۆ سێ شەممە سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی، پێشوازی لە سەرۆک کۆمارى عێراق، عەبدول لەتیف جەمال ڕەشید کردوە. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی وڵات و خێراتربوونی تەحەددای ناوچەیی کرا، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی تەحەددیاتی ناوچەکەدا هێرشی زایۆنیستەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران". ئەوەش خراوەتەڕوو هەردوولا جەختیان لە گرنگی پاراستنی عێراق و گەلەکەی و سەقامگیرییەکەی و چەسپاندنی بەرەی ناوخۆ و بەهێزکردنی یەکێتی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستا و پاراستنی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە عێراق کردەوە". کۆبوونەوەکە جەختی لەسەر پێویستی گرتنەبەری دیالۆگ و هێمنی و بەکارهێنانی عەقڵ لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکاندا کردەوە، بە شێوەیەک کە مافی گەلان و ئاسایشی دەوڵەتان بپارێزێت، هەروەها ناوچەکە لە گرژی و پەرەسەندنی زیاتر بپارێزێت. بەگوێرەی راگهیندراوهكه ئهوهیش هاتووه هەردوولا ئیدانەی توندی خۆیان بۆ دەستدرێژیی زایۆنیستەکان دژی ئێران دەربڕیوە، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە "ئەم پەرەسەندنە مەترسییەکی جیددی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دروست دەکات و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان پێکدەهێنێت".
وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشەی ڕاستەوخۆی ئاراستەی عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران کرد و هۆشداریشیدا لە "چارەنوسێکی هاوشێوە"ی سەدام حوسێن، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق دەبێت ئەگەر تاران بەردەوام بێت لە بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل. لە میانەی هەڵسەنگاندنێکی ئەمنیدا کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سەربازی ئیسرائیل بەڕێوەچوو، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن نووسینگەکەیەوە بڵاوکرایەوە، وتی: دیکتاتۆری ئێران ئاگادار دەکەمەوە لە بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و هەڵدانی موشەک بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی لە ئیسرائیل. وەزیرى بەرگرى ئیسرائیل زیادی کرد: باشترە بۆی چارەنووسی دیکتاتۆر لە وڵاتی دراوسێی ئێران لەبیر بکات، کە هەمان ڕێگای لە دژی دەوڵەتی ئیسرائیل هەڵبژاردووە، بە ئاماژەدان بە سەدام حسێن کە لە کاتی لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕووخێنرا. ناوبراو ئەوەەشى خستەڕوو ئەمڕۆش بەردەوام دەبین لە لێدانی ئامانجەکانی سەر بە ڕێژیم و دامەزراوەی سەربازی لە تاران، هەروەک چۆن دوێنێ لە دژی دامەزراوەکانى پەخش و تەلەفزیۆنى پڕوپاگەندە و هاندانی ڕێژیممان کرد. شەڕی ئێران و ئیسرائیل پێی ناوەتە رۆژی پێنجەمەوە و هەردوولا هێرش دەکەنە سەر یەکدی. لە شەوی چوارەمدا هەردوولا بە مووشەک و فڕۆکە هێرشیان کرد، بەڵام زیانەکانی دیار نین. لەلایەکى دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە هەوڵی وەستاندنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران نادات، بەڵکو دەیەوێت بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران "بە راستی کۆتایی پێ بێت"، ئەمە وەک میدیای ئەمریکی باسی دەکات. لە کاتی گەڕانەوەی لە کەنەداوە بۆ واشنتن، ترەمپ لە نێو فڕۆکەی سەرۆکایەتییدا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "نەمگوتووە ئاگربەستم دەوێت"؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دەیەوێت "کۆتاییهاتنێکی راستەقینە" بۆ بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بەدەستبێت و تاران "بە تەواوی دەستبەرداری" چەکی ئەتۆمی بێت. ئێران بەردەوام رەتیکردووەتەوە ئامانج لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دروستکردن بۆمب بێت. ترەمپ هەروەها باسی لەوە کرد کە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ئێران کەم ناکاتەوە؛ گوتیشی: "دوو رۆژی دیکە دەزانن چی دەبێت. دەیبینن. تاوەکو ئێستا هیچ کەس [هێرشەکانی] خاونەکردوونەتەوە." بڕیارە ئەمڕۆ ترەمپ لە ژووری ئۆپەراسیۆنە هەستیارەکان لە کۆشکی سپی دۆخەکە تاوتوێ بکات، لە کاتێکدا باس لە ئەگەری بەشداربوونی ئەمریکا لە جەنگەکەدا دەکرێت، چونکە ئیسرائیل توانای سەربازیی پێویستی نییە بۆ لێدان لە بنکەی ئەتۆمیی فوردۆ لە نزیک شاری قوم کە لە ژێر زەویدایە.
لە شەوی کردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، فڕۆکەوانێکی ئیسرائیلی F-15 تەنها فڕۆکەیەکی ئێرانی بینییوە کەویستویەتى گەشت بکات، لەگەڵ هەستکردن و بینینی فرۆکەکانى سوپاى ئیسرائیلدا گەڕاوەتەوەو نیشتوەتەوە، ئەو فرۆکەوانە ئیسرائیلیە بەشێک لە ڕووداوەکانى شەوى هێرشە گەورەکەى ئیسرائیل دەگێرێتەوە. کەناڵى ١٤ى ئیسرائیل، چاوپێکەوتنى لەگەڵ فرۆکەوانێکى ئیسرائیل کردوە بەبێ ئەوەى ناوو زانیارى زۆرى لەسەر ئاشکرابکات، باس لەشەوى هێرشەکە دەکات، ئەو فرۆکەوانە هەر لەسەرەتای کارکردنیدا لە هێزی ئاسمان، بەشداری لە مەشق و ڕاهێنانەکاندا کردووە کە سیناریۆیەکی هاوشێوەى هێرشەکەى ئێرانبووە. ئەو وتى: ساڵانێکە ئێمە ئامادەکاریمان کردووە، بەڵام باوەڕم نەدەکرد کە ئەمە ڕووبدات. تائەو بەرەبەیانەى کەبەرەو ئێران فرێن وتم ئەمشەو بۆ شتە ڕاستەقینەکە دەفڕین تێگەیشتم کە ئەو جل و بەرگەى لەبەرمە هى کاتى ڕاهێنانەکان نییە. فرۆکەوانەکە دەشڵێت هەر کۆمەڵە فڕۆکەیەک کە ئەو شەو هەڵفڕین، ئەرکی تایبەتی خۆمان بۆ دیاریکرابوو، هەندێکیان بۆ هێرشکردنە سەر شوێنەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم ڕەوانە دەکران، هەندێکیشیان بۆ کوشتنى فەرماندەو کەسایەتییە باڵا سەربازییەکان، ئامانجەکەى من لێدان و لەکارخستنى ئەو شوێنى هەڵدانى موشەکەو فرۆکەکان بوو. فرۆکەوانەکە باس لەوەدەکات ڕۆژیک پێشتر بەکارى تەکنیکی خەوتنەوە سەرقاڵ بووە، ئاگاداریانکردین ئەوەی پێویستت پێیەتی لە ماوەی فڕینەکەماندا خەوتنێکى باش و هەڵگرتنى خواردن و خواردنەوەیە، چونکە گەشتێکی لەم شێوەیە پێویستی بە هێزی جەستەیی و دەروونی هەیە، بە سادەیی دەبێت تەرکیزەوە بگەیتە شوێنى دیاریکراو. هەروەها دەشڵێت: گەیشتینە ئاسمان و من چوکە ڕۆژئاواى ئێران کاتێک هێرشم کردە سەر شوێنى مووشەکەکان، سیستەمی کۆنترۆڵم تێکشکاند و هەر بۆمبێک کە فڕێم دەدا بە مانای کەمتربوونی مووشەکێکە کە بەسەر هەموو خێزانەکانماندا هەڵدەدرێت. ئەو فرۆکەوانە ئەوەش دەگێرێتەوە کاتێک نزیک بونەتەوە لەئاسمانى ئێران، تەنها فڕۆکەیەکى جەنگى جۆری ئێف ١٥ بینیوە، کە لە بنکەیەکەوە لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتەوە هەڵدەفڕی، بەڵام زۆر بەخێرایی گەڕایەوەو نیشتەوە. پێشبینی دەکات: پێدەچێت فڕۆکەوانەکە هەستی بەوە کردبێت کە لێی نزیکبووینەتەوە"، پێدەچێت نەیویستبێت هیچ پەیوەندییەکی بەم ڕووداوەوە هەبێت، و ڕایکردبێت بۆ ئەوەی خۆی بشارێتەوە.