وەزیرى بەرگری ئیسرائیل بۆیەکەمجار ئاشکرایدەکات، ئێرانیەکان پلانیان دانابوو سەرەتا هێرش بکەنە سەرمان لە هێرشی سەرەتاییدا لەنێوان 400 بۆ 500 مووشەک هەڵبدەن. ئەمڕۆ لیژنەی کاروباری دەرەوە و بەرگری بە سەرۆکایەتی دیدارێکى بۆ یسرائیل کاتزى وەزیرى بەرگرى ڕێکخسبوو تیایدا بەشێوەیەکى بەرفراوان سەبارەت بە دۆخی شەڕی غەززە و شەڕى ئێران گفتوگۆکراوە. وەزیری بەرگری ئاشکرای کردوە ئێران پلانی دانابوو لەناو هێرش بکات، بەڵام ئیسرائیل پێش ئەو هێرشەکەى ئەنجامدا، وتیشى: ئەگەر ئێمە سەرەتا هەنگاومان نەنایە، زۆر قورستر دەبوو، گەورەترین ئاستەنگى ئێمەش کردنەوەی ئاسمانەکان و لەکارخستنى سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێرانیەکان بوو، ئاسمانەکانمان کۆنترۆڵ کرد و توانیمان بەردەوام بین. ناوبراو زیادی کرد: لە کاتی شەڕدا ئێمە جیاوازییەکمان کرد و ئەندامانی سوپای پاسدارانمان کردە ئامانج لە چاو سەربازی ئێران، کاتێک ویستمان خامنەیی لەناو ببەین، خۆی شاردەوە. وەزیرى بەرگرى ئەوەشى وتوە، ئێمە 100%ی ئامانجە ئۆپراسیۆنییەکانمان لە ئێران بەدیهێنا و ئەمریکییەکانیش لە کۆتاییدا زۆر هاوکارییان کرد، ئەگەر ترەمپ یەک چارەکى تر بخەوتایەو درەنگتر هەستایە، هێرشەکەى ئەمرۆ دوو هێندە بەهێزتر دەبوو. لەدرێژەى قسەکانیدا ئاماژەی بە پلانی درێژخایەنی دژ بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران کردوە، دەلێت: ئێران چیتر توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی نییە، من ڕێنماییم کرد بە هاوکاری لەگەڵ ئەمریکییەکان پلانی جێبەجێکردن ئامادە بکات، کە لەسەر بنەمای مۆدێلی لوبنانی بێت، بەڵام زۆر گشتگیرتر، بۆ جێبەجێکردنی هەر هەوڵێک بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستیک". بەوتەى ئەو وەزیرە بڕیارە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران گەشت بکات بۆ ئەمریکا بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر داڕشتنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەبێت، دەچێتە ئەمریکا بۆ ئەوەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکییەکان بکات و کار لەسەر ئێران بکرێت ئەمەى ئێستا تەنها ئاگربەستێکە، دەبێت ئەوەمان لەبیربێت کە ترەمپ سزای ناوەندی لەسەر ئێران فرۆشتنی نەوت بە چینییەکان هەڵوەشاندەوە و لە ئەنجامدا ئێران دەتوانێت جارێکی دیکە بەهێزتر بێتەوە.

میدیاکانى ئیسرائیل، ئاشکرایدەکەن یەکێک لەو پێنج کەسەى ئەمڕۆ لەهێرشى موشەکەکانى ئێراندا کوژراوە سەربازبووەو تەمەنى ١٨ ساڵە. پێش دەستپێکردنى ئاگربەستەکەى نێوانیان ئێران لەرێگەى موشەکەوە هێرشى کردە سە ئیسرائیل و موشەکێک بەر باڵەخانەیەک کەوت جگە لەکوژرانى پێنج کەس 22 کەسی دیکەش برینداربوون. سوپاى ئیسرائیل بڵاویکردەوە یەکێک لەکوژراوەکان ناوى کۆرپۆڕاڵ ئیتان زاکسە، تەمەن 18 ساڵەو، خەڵکی بیئر سەبع، سەربازەو لە یەکەی (888)، لە هێرشێکی مووشەکیدا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ کوژراوە. هاوکات لەگەڵ ئەو ئەو سەربازەدا چوار هاوڵاتی دیکەی ئیسرائیلی بەهۆی بۆردومانی مووشەکەوە بۆ سەر باڵەخانەکە کوژران بەڵام تائێستا ناو پیشەکەیان بڵاو نەکراوەتەوە.   مووشەکەکە ڕاستەوخۆ بەر باڵەخانە حەوت نهۆمیەکەکەوتووە، کۆى ژمارەى کوژراوانی شەڕەکە تا ئەمڕۆ گەیشتوەتە ٢٨ کەس زیاتر لە هەزار کەسیش برینداربوون. لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا کە هێزەکانى فەرماندەیی بەرەی ناوخۆ ئەنجامیانداوە دەرکەوت کە مووشەکەکەی ئێران چووەتە ناو دوو ژووری پارێزراو لە نهۆمی شەشەم. ئەو پێنج کەسە لەپەناگەدابوون. شەوى ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ (Truth Social) رێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا راگەیاند.

  سەرۆک کۆماری ئێران ڕایدەگەیەنێت، قەوارەی زایۆنی نەگەیشتن بە ئامانجەکانی ئەو دەستدرێژیانەى کردیانە سەر ئێران و شکستی هێنا، جەختى لەوەکردەوە ئێران و غەززە و لوبنان و سوریا نییە کە بتوانن بە چەند هێرشێک پەکی بخەن. میدیاکانى ئێران بڵاویانکردەوە مەسعود پزیشیان، سەرۆک کۆماری ئێران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەمیری قەتەر ئەنجامداوەو وتویەتى هێرشەکانى دوینێ دوێنێ تەنیا کاردانەوەیەک بووە، بەرامبەر بە بەشداری ڕاستەوخۆ و ئاشکرای ئەمریکا لە دەسدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران. ناوبراو باسى لەوەکردوە بە هیچ شێوەیەک ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و دۆست و برا و دراوسێی قەتەر ڕوونادا. هەر لەو پەیامەیدا  جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، ئێران ئاگربەست پێشێل ناکات، مەگەر قەوارەی زایۆنیستی پێشێلى بکات وهێرشە ئاسمانیەکانى ڕانەگرێت. سەرۆک کۆماری ئێران جەختى کردەوە قەوارەی زایۆنیستی و لایەنگرانی حسابیان بۆ وروژاندنی ناڕازیبوونی گەلی ئێران دەکرد، وتیشى: تاران ئامادەیە بۆ وتووێژ و داکۆکی لە مافەکانی گەلی ئێران لەسەر مێزی دانوستان. ناوبراو ئەوەى باسکردوە کە ڕژێمی زایۆنی و لایەنگرانی درکیان بەوە کرد کە ئێران و غەززە و لوبنان و سوریا نییە کە بتوانن بە چەند هێرشێک پەکی بخەن و بە ئامانجەکانیان بگەن گەلی ئێران تا کۆتایی دەوەستێت و داکۆکی لە مافە ڕەواکانی خۆی دەکات. ئەم وتانەى پزیشکیان لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند، دوای ئاگربەستەکە ئیسرائیل هێرشێکی گەورەی کردووە و لێی پەستم. دەشڵێت، لە ئێرانیش تووڕەیە، بەڵام زیاتر لە ئیسرائیل.   ترەمپ باسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیشی کرد و گوتی، بە هێرشەکانیان لەنێویان بردووە، ئەوەی بەشێک لە رۆژنامەڤانان و میدیای ئەمریکی لە نێوخۆی وڵاتەکە دەیڵێن، دەیانەوێت هێرشی بکەنەسەر و "سوکایەتی" بە فڕۆکەوانەکانی ئەمریکا دەکەن، ئەگینا بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران "خاپوور بووە." سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، هەردوولا، ئێران و ئیسرائیل، ئەو ئاگربەستەیان پێشێل کردووە کە بۆیانی راگەیاندبوو، گوتی، "دڵنیا نیم ئەوان بە ئەنقەست کردبێتیان.. پێم خۆش نییە کە ئیسرائیل ئەم بەیانییە هیچ ئەو کارەی کردووە. و دەمەوێت بزانم ئایا دەتوانم رایبگرم."

  بڕیارە رۆژی پێنج شەممە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی خۆپیشاندان دژی نەدانی موچە رێكبخەن، لیژنەی ئەمنی سلێمانی دەڵێت لەمكاتەدا خۆپیشاندان گونجاو نیە.  لەڕاگەیەندراوەکەى  لیژنەی ئەمنی سلێمانیدا ئەوەش خراوەتە ڕوو چۆن پێشتر هاوکار و هەماهەنگ بووین لەپرسی پاراستن و هێنانەکایەی ژینگەیەکی گونجاو بۆ خۆپیشاندان، ئەمجارەش داوا دەکەین؛ خۆپیشاندانەکە بۆ کاتێکی سەقامگیرتر دوابخەن.   دەقی راگەیەندراوەکەی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی: ئێمە لە لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، پشتیوانیی و پاڵپشتیی تەواوی خۆمان؛ بۆ ماف و داوا ڕەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆران بەگشتیی؛  دەردەبڕین و، باری دژواری ژیان و گوزەرانی موچەخۆران بەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەوە لەبەرچاودەگرین، لەگەڵ ئەوەشدا؛ بەهەموو لایەکی رایدەگەیەنین؛ کە دەنگی موچەخۆران و ناڕەزایەتییەکانیان گەیشتۆتە هەموو دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ، بەڵام ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتی لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەی پێدا تێپەڕدەبێت؛ گونجاو نابێت.  بۆیە، وەک چۆن پێشتر هاوکار و هەماهەنگ بووین لەپرسی پاراستن و هێنانەکایەی ژینگەیەکی گونجاو بۆ خۆپیشاندان و سەلامەتیی گیانی خۆپیشاندەران، ئەمجارە بەسوپاس و پێزانینەوە، داوا دەکەین؛ خۆپیشاندانەکە بۆ کاتێکی سەقامگیرتر دوابخەن تا هاوکار و هەماهەنگ بین لەگەیاندنی پەیامەکانیان بەشێوەیەکی شارستانیانە و دوور لەهەر ئەگەرێکی توندوتیژی و ڕووداوی نەخوازراو. سوپاس بۆ هاوکاریی و پابەندبوون.. لەگەڵ ڕێزدا لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٥

  ئێران ڕەتیدەکاتەوە هیچ مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کردبێت دوای ئەوەی ئاگربەستەکە کەوتوەتە بواری جێبەجێکردنەوە. تەلەفزیۆنی فەرمى ئێرانی لەزارى بەرپرسانى ئەو وڵاتەوە ڕایگەیاندووە کە ئەو هەواڵانەی باس لە ئاڕاستەی مووشەک لە ئێرانەوە دەکەن لە دوای ئاگربەستەکە درۆیەو ڕەتیدەکەینەوە. ئیسرائیل دوای ئەوەی بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتنی ئاگربەست کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، تارانی تۆمەتبار کرد بەوەی دوو موشەکیان لێداوە و بەرپرسانی ئیسرائیلیش بە وەڵامدانەوەی توند هەڕەشەیان لە تاران کرد. کەناڵی 12ی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوەیەکی سیاسی لە نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئێران ئاگربەستی پێشێل کردووە و باجەکەی دەدات. لاى خۆیەوە یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند فەرمانى کردوە بە هێزی ئاسمانی وڵاتەکەى کە وەڵامێکى توندو بەهێزى پێشێلکردنی ئاگربەستی ئێران بدەنەوە، لە ڕێگەی هێرشی توند بۆ سەر ئامانجەکانی ڕژێم لە دڵی تاراندا. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاردانەوەى هەڵدانی مووشەکێک لەلایەن ئێرانەوە بۆ ئیسرائیل کە ێشێلکردنی ئەو ئاگربەستەیە سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو. ئەم هێرشانەش بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانە و درێژەدانە بەو چالاکیانەی دوێنێ ئەنجامدراوە، فەرمانی درێژەدان بە هێرشەکانی دژ بە ژێرخانی ڕژێمى ئێران لە تاراندا. سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، دواى نزیکەى چوار کاتژمێر لەئاگربەست، خەریکی بەرپەرچدانەوەی مووشەکێکى ئێرانە.  لەلایەکى دیکەوە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ڕایدەگەیەنێت ئێمە دوژمنمان ناچار کرد کە تەوبە بکات و دان بە شکستدا بنێت و دەستدرێژیەکانی تاکلایەنە ڕابگرێت. هەروەها ئەوەش دەڵێن هێزە چەکدارەکانمان ئامادەن وەڵامی یەکلاکەرەوە و بە ئازارانە بدەنەوە بەرامبەر هەر کارێکی دوژمنکارانە لەلایەن دوژمنەوە.

محەمەد شیاع سودانى، فەرماندەی گشتی هێزەچەکدارەکان، پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی سەر شوێن و بنکە سەربازییەکانى عێراق ڕادەگەیەنێت. بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، هێرش کرایە سەر پێنج شوێنی سەربازی لە بەغدا، سەلاحەدین، ئەنبار و ناسڕیە.    بەگوێرەی زانیارییەکان سەربازگەی عەین ئەسەد لە ئەنبار، سەربازگەی تاجی لە بەغدا، سەربازگەی ڤیکتۆریا لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، سەربازگەی ئیمام عەلی لە ناسڕیە و سەربازگەی بەلەد لە سەلاحەدین کراونەتە ئامانج. وتەبێژێکى سەربازی سوپاى عێراق ڕایدەگەیەنێت، ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چەندین شوێن و بنکەی سەربازی عێراقیان کردوەتە ئامانج. ئەو وتەبێژە دەشڵێت بەئامانجکردنەکە زیانێکی بەرچاوی بە سیستەمی ڕادار لە چەند بنکەیەک گەیاندووە، بەبێ ئەوەی هیچ کوژراو و بریندارێک هەبێت. وتیشى: هەموو ئەو شوێنانەی کە دەکرێنە ئامانج سەر بە هێزە ئەمنییەکانی عێراقن، ئەم کردەوە "تاوانکاریانە" بێ سزا ناچن. تاجی، سەربازگەی سوپای عێراقە و بنکەی ئاسمانیشی لێیە.   ئەو شوێنانەی کە بە فەرمی سەربازی ئەمریکای لێیە، بنکەی عەین ئەسەد و بنکەی ڤیکتۆریان.  لەلایەکى دیکەوە دواى ڕاگەیاندنى ئاگربەستى نێوان ئێران و ئیسرائیل، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، ئاسمانی باشووری عێراق کرایەوە. گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی بەسرە دەستپێدەکەنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی دیکە دەکرێت.   بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 24ی حوزەیرانی 2025، گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی بەسرە دەستیان پێکردەوە، دوای ئەوەی شەوی رابردوو بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر بنکەی عەدید لە قەتەر، گەشتەکان لەو فڕۆکەخانەیە راگیرابوون.

  سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى گەرم لەئاگربەستەکەى دۆناڵد ترەمپ دەکات لەنێوان ئیسرائیل و ئێرانداو دەڵێت: دیالۆگ باشترین بژاردەیە بۆ ئاسایش و سەقامگیریی. لەتۆڕى کۆمەلایەتى ئێکس نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پەیامێکى بڵاوکردەوە، تیایدا ئەوەى خستوەتەڕوو دەڵێت، "باوەڕی تەواوم بەوەیە کە تاکە رێگە بۆ سەقامگیری، ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە گفتوگۆی گشتگیر و بنیاتنەر و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی هەموو لایەنەکانە."   هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانین ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و سەرکردەکانی دیکە دەکات بۆ پابەندبوونیان بە "دیپلۆماسی و چارەسەری ئاشتییانەی ناکۆکییەکان لەم کاتە هەستیار و گرنگەدا. دەقى پەیامەکە.. لەباوەڕم وایە کە تاکە ڕێگای بەردەوام بەرەو سەقامگیری و ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە گفتوگۆی گشتگیر و بنیاتنەر و لێکتێگەیشتنی یەکتردایە لە نێوان هەموو لایەنەکاندا. سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی سەرۆک ترامپ و سەرکردەکانی دیکە دەکەم بۆ پابەندبوونیان بە دیپلۆماسی و چارەسەرکردنی ئاشتیانەی ناکۆکییەکان لەم کاتە گرنگەدا.

  وەزارەتی دەرەوەی قەتەر نامەیەکی ئاڕاستەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش کرد سەبارەت بە هێرشی ئێران بۆ سەر بنکەی ئاسمانی ئەلعودەید. ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 23-6-2025، ئێران بە ژمارەیەک مووشەک هێرشی کردە سەر بنکەی عەدید لە قەتەر، سوپای پاسداران هێرشەکەی پشتڕاستکردووەتەوە. هاوکات ناوی ئۆپەراسیۆنەکەی ناوە "موژدەی سەرکەوتن".   قەتەر لەو پەیامەیدا ئیدانەی توندی هێرشە مووشەکییەکەى ئێران دەکات کە بنکەی ئاسمانی ئەلعودەیدی کردە ئامانج، دەشڵێت دەریخست کە ئەوەی ڕوویدا پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەیە و مەترسی لەسەر ئاشتی ناوچەکە دروستکردووە. هەر لەو نامەیەدا وەزارەتى دەرەوەى قەتەر هێرشەکە بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری و ئاسمانی وڵاتەکەی زانی، قەتەر لە نامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە مافی خۆیەتی بەشێوەیەکی هاوتەریب لەگەڵ دەستدرێژی و بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەڵام بداتەوە. فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، هێزەکانیان بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی قەتەر، بە سەرکەوتوویی بەرپەرچی هێرشێکی مووشەکی بالیستیی ئێرانیان داوەتەوە کە کرابووە سەر بنکەی ئاسمانیی عەدید لە قەتەر.   سێنتکۆم رایگەیاند، بەهۆی وەڵامدانەوەی "پیشەگەرانە، خێرا و هاوئاهەنگ"ـی هێزەکانی ئەمریکا و قەتەر، هێرشە مووشەکییەکە لە رێگەی پاترییۆتی ئەمریکی و قەتەرییەوە تێکشکێنرا و هیچ زیانێکی گیانی بەر هێزەکانی ئەمریکا و قەتەر نەکەوتووە.

  بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران بەرەبەیانى ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەرکانی سوپای وڵاتەکەى و سەرۆکی مۆساد لەگەڵ کابینەی حکومەت کۆبووەتەوەو ڕایگەیاند کە ئیسرائیل هەموو ئامانجەکانی ئەم ئۆپراسیۆنە "شێری راپەڕیو"و تەنانەت لەوەش زیاتری بەدەستهێناوە. لە بەیاننامەکەی حکومەتى ئیسرائیلدا سەبارەت بەناوەڕۆکى کۆبوونەوەکە ئاماژە بەوە کراوە کە هەڕەشەیەکی دەستبەجێی لە بنکەو دامەزراوە ئەتۆمییەکان و موشەکی بالیستیکەکانى ئێراندا نەماوە. هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو ئێستا کۆنترۆڵی تەواوی ئاسمانی بەسەر ئاسمانی تاراندا هاتۆتەدی و ئامانجە سەرەکییەکانی حکومەتى ئیسرائیل لە ئێراندا لەناوبراون. نووسینگەکەى سەرۆک وەزیران دەڵێت، "ئەمە سەرکەوتنێکی ئێجگار گەورەیە بۆ گەلی ئیسرائیل و جەنگاوەرەکانی کە دوو هەڕەشە سەرەکییەکەیان لەسەر دەوڵەتەکەمان لەناوبردووە و مانەوەی هەتاهەتایی ئیسرائیلیان مسۆگەر کردووە." هەروەها باس لەوە کرا کە ئیسرائیل ڕازی بووە بە پێشنیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئاگربەستی دوو قۆڵی، لە هەمان کاتدا ئامادەیی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی هەر پێشێلکارییەک پاراستووە. بڕیارە ئیوارەى ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران لێدوانێکى فەرمی بدات.

  عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیكردەوە: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژ بە ئیسرائیل لە کاتژمێر  (7:00) بەیانييەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. شەوى ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ رێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا راگەیاند. ئاگربەستەکە بە پێنج قۆناخ جێبەجێ دەکرێت. عراقچی، لە سەكۆی "ئێكس" نوسویەتی: ئۆپەراسیۆنی سەربازی هێزە چەکدارە بەهێزەکانمان، تا دوا سات بەردەوام بوو لە سزادانی ئیسرائیل، لەسەر دوژمنكارییەكانی، تا کاتژمێر 4:00ی بەیانی ئەمڕۆ. عراقچی رایگەیاندووە: لەگەڵ هەموو ئێرانییەکان، سوپاس و پێزانینی خۆم ئاڕاستەی هێزە چەکدارە ئازاکانمان دەکەم، کە تا دوا دڵۆپی خوێنیان ئامادەیی بەرگریکردن بوون لە نیشتمانە خۆشەویستەکەمان و، تا دوا سات وەڵامی هەر هێرشێکی دوژمنیان دایەوە. زیاتر دوو کاتژمێر بەسەر کاتی ئاگربەستی ئێران و ئیسرائیل تێپەڕیوە. دۆناڵد ترەمپ بۆ هەردوولای نووسیوە: ئاگربەستەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تکایە پێشێلی مەکەن.   بە گوێرەی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بێت، ئێستا یەکەم قۆناخی ئاگربەستی ئیسرائیل و ئێران دەستپێدەکات   نەخشەرێگەی ترەمپ بۆ ئاگربەست بەمجۆرەیە:    شەش کاتژمێری یەکەم: ئێران و ئیسرائیل دوایین 'ئەرک'ـی خۆیان تەواو دەکەن   لەدوای 12  کاتژمێر: جەنگ بە فەرمی دەوەستێت    12  کاتژمێر تێپەڕی: ئێران شەڕ رادەگرێت   12 کاتژمێری دواتر: ئیسرائیل شەڕ رادەگرێت    لە 24 کاتژمێری تەواو دا: جیهان سڵاو لە کۆتاییهاتنی جەنگی 12 رۆژە دەکات

  دەزگەی فریاگوزاریی نیشتمانیی ئیسرائیل رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەربیئرسەب لە باشووری ئیسرائیل بۆ پێنج کەس بەرزبووەتەوە، جگە لە ژمارەیەک بریندار، هاوکات چەند باڵاخانەیەک بەهۆی مووشەکەوە زیانیان بەرکەوت.   ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو ئاگربەستێ لەنێوان ئیسرائیل و ئێراندا لە نزیکەی کاتژمێرحەوتـی بەیانی بە کاتی هەولێر دەستپێدەکات و تاران سەرەتا ئۆپەراسیۆنەکانی رادەگرێت. موشەکەکەى ئێرانەوە بەر باڵەخانەیەک کەوتوەو جگە لەکوژرانى پێنج کەس 22 کەسی دیکەش برینداربوون، هەندێکیان بە سەختی برینداربوون. ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی بەردەوامن لە گەڕان بەدوای کەسانی بێسەروشوێن لە ژێر داروپەردووی بیناکەدا.  بە گوێرەی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بێت، ئێستا یەکەم قۆناخی ئاگربەستی ئیسرائیل و ئێران دەستپێدەکات   نەخشەرێگەی ترەمپ بۆ ئاگربەست بەمجۆرەیە:    6 کاتژمێری یەکەم: ئێران و ئیسرائیل دوایین 'ئەرک'ـی خۆیان تەواو دەکەن   لەدوای 12 کاتژمێر: جەنگ بە فەرمی دەوەستێت    12 کاتژمێر تێپەڕی: ئێران شەڕ رادەگرێت   12 کاتژمێرى دواتر: ئیسرائیل شەڕ رادەگرێت    لە 24 کاتژمێری تەواو دا: جیهان سڵاو لە کۆتاییهاتنی جەنگی 12 رۆژە دەکات

  عەلى خامنەیی ڕێبەری باڵاى کۆمارى ئیسلامیی ئێران ڕایدەگەیەنێت، ئێران تەسلیم نابێت، ئەمەش لۆژیکی گەلەکەمانە، لەگەڵ ئەو نوسینەدا لەپۆستەکەدا وێنەیەکی سووتاوی ئاڵای ئەمریکاش دانراوە کە چەند بینایەک لە پشتیەوە ئاگریان گرتووە. دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەممە هێرشی کردە سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە قەتەر، ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری ئێران لە سۆشیال میدیا پەیامێکى کورتى بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، خۆیان ڕادەست ناکەن. ئەو وتیشى: وڵاتەکەی هێرشی نەکردووەتە سەر هیچ کەسێک، و قبوڵ ناکات هیچ کەسێک هێرش بکاتە سەری، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە ملکەچی هیچ دەستدرێژییەک نابین و ئەمەش لۆژیکی گەلەکەمانە. ئەم پەیامەش یەکەم لێدوانی خامنەیی لە سۆشیال میدیایە لەو کاتەوەی کە ئەمریکا لە کۆتایی هەفتەدا پێگە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بەچەند موشەکێک وێران کرد. لەلایەکى دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند پیرۆزە لە جیهان، کاتی ئاشتییە. ترەمپ وتى: سوپاسی ئەمیری بەڕێزی قەتەر دەکەم بۆ هەموو هەوڵەکانی بەرەو ئاشتی لە ناوچەکەدا، لە هێرشەکەی سەر ئەلعودەید هیچ ئەمریکییەک و قەتەرییەک نەکوژراون و بریندار نەبوون. ئەو ئاماژەى بۆ ئەوەکرد ئێران بە فەرمی وەڵامی لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێمەی بە وەڵامێکی زۆر لاواز دایەوە، کە ئێمە چاوەڕێمان دەکرد و زۆر کاریگەرانە بەرپەرچمان بداتەوە. سەرۆکى ئەمریکا وتیشى: لە کۆی ١٥ مووشەک کە ئێران هەڵیداوە، ١٣ مووشەک خرانە خوارەوە، تاکە مووشەکی ئێرانی کە نەخراوەتە خوارەوە، بەرەو ناوچەیەکی ئارام ڕۆشت.

  بەپێى ڕاپۆرتێکى نیویۆرک تایمز دۆناڵد ترامپ بە نیازنییە هیچ وەڵامدانەوەیەکى هەبێت بۆ هێرشەکەی ئێران کە کردیە سەر چەند بنکەیەکى هێزەکانى ئەمریکا لەوڵاتانى کەنداو. دوای نزیکەی دوو رۆژ لە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران؛ سوپای پاسداران وەڵامی هێرشەکان دەداتەوە و مووشەک ئاراستەی بنکە سەربازییەکانی واشنتن دەکات. ئەمشەو ئێران بە شەش مووشەک هێرشی کردەسەر بنکەی عەدید لە قەتەر، سوپای پاسداران هێرشەکەی پشتڕاستکردووەتەوە، سوپای پاسداران ناوی ئۆپەراسیۆنەکەی ناوە (مژدەی سەرکەوتن).    بەپێى هەواڵێکى ئاژانسى رۆیتەرز وادەردەکەوێت مووشەکەکانی ئێران بنکەی عەدیدیان نەپێکابێت، ئێران چەند کاتژمێرێک پێش هێرشەکە لەڕێی دوو کەسەوە ئەمریکا و قەتەری ئاگادارکردووەتەوە. بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی ئێرانی دەکرد دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی، ترەمپ نایەوێت دەستوەردانی سەربازی زیاتر لە ناوچەکەدا بکرێت. وەزارەتی بەرگری قەتەریش ڕایگەیاند، بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی بە سەرکەوتوویی هێرشێکی مووشەکی ئێرانی کە بنکەی ئاسمانی ئەلعودەیدی کردبووە ئامانج، ڕاگرت، هاوکات تەلەفزیۆنی ئێرانیش ڕایگەیاند کە بە ئامانجگرتنی بنکەی ئاسمانی ئەلعودەیدی ئەمریکا لە قەتەر "لە وەڵامی دەستدرێژیی ئەمریکا" بوو بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. هێڵی ئاسمانی تورکیا ئەمڕۆ هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکانی بۆ بەحرەین، دەمام، دۆحە، دوبەی، ئەبوزەبی، کوەیت، و مەسقەت ڕادەگەیەنێت. حکومەتى تورکیا ڕایدەگەیەنێت هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر هێزەکانی تورکیا لە قەتەر و عێراق نییە.

  ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، گەڕان بەدوای جێنشینی خامنەیی بەهۆى ترسی تیرۆرکردنى خێراتر دەبێت. بەپێى ڕاپۆرتەکە، لیژنەیەک لە سێ پیاوی ئایینی باڵا کە بڕیارە جێنشینی خامنەیی ڕابگەیەنن "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کارەکانیان خێراتر کردووە، لە ترسی هەوڵی تیرۆرکردنی خامنەیی". ئایەتوڵلا عەلی خامنەیی، لەدایکبووی 15ـی تەمموزی ساڵی 1939ـی شاری مەشهەدی ئێرانە، زانایەکی ئاینییە لەماوەی ساڵانی 1981- 1989 بۆ دوو خول سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی “ئێران” بووە، لە ساڵی 1989ـشدا دەبێتە ڕابەری ئێران. خامنەیی زیاتر کەسایەتییەکی ئاینی هەیە. وەك ناوێکی فەخری، بە ئایەتوڵڵا ناودەبرێت. پێنج سەرچاوەی ئێرانیی قسەیان بۆ ئاژانسى ڕۆیتەرز کردوەو باس لەوەدەکەن لیژنەیەکی ئاینى سێ کەسی کە ئەرکی هەڵبژاردنی جێنشینی ئایەتوڵڵا خامنەیییان پێسپێردراوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەوڵەکانیان خێراتر کردووە لە ترسی ئەوەی ئیسرائیل یان ئەمریکا تیرۆری بکەن. ئەو لێژنەیە نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر لەلایەن خودی خامنەییەوە ڕاسپێردرابوو، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەو سێ ئەندامە زۆر بە خێرایی کار بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەک دەکەن پێش ئەوەی ژیانی بە تیرۆرێک کۆتایی پێبهێنرێت.  بەرپرسێکی باڵای ئەمنی لە ئێران بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، خامنەیی و بنەماڵەکەی لە ئێستادا لە پەناگەیەک نیشتەجێن، کە لەلایەن هێزە تایبەتەکانی سپای پاسدارانەوە پارێزراون. یەکێک لەو سەرچاوانە ئەوەشی خستەڕوو، "دامەزراوەی دەسەڵاتدار دەستبەجێ هەوڵی دانانی جێنشینی خامنەیی دەدات ئەگەر بکوژرێت، بەمەبەستی ئاماژەدان بە سەقامگیری و بەردەوامی". سەرچاوەیەکی نزیک لە خامنەیی زیادی کردوە: سەرکردەیەکی نوێ هەر لەسەر بنەمای خۆبەخشی بە ئایدیاڵە شۆڕشگێڕییەکانی ئایەتوڵڵا خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی هەڵدەبژێردرێت. ئەو پێنج سەرچاوەیە، دوو ناویان هێناوەتەوە کە بە کاندیدی سەرەکى و هەرەلەپێشن لە کێبڕکێی جێگرتنەوەی خامنەیی. یەکەمیان موجتەبا کوڕی 56 ساڵانی خامنەیی و دووەمیان حەسەن خومەینی نەوەیەکی تەمەن 53 ساڵانی ئایەتوڵڵا خومەینی پێشووە. ڕۆژی شەممەی ڕابردوو کوڕەکەى خومەینی بە ئاشکرا پشتیوانی خۆی بۆ خامنەیی دەربڕی و ڕایگەیاند، "بەوپەڕى بروابەخۆبوونەوە دووپاتی دەکەمەوە کە وەک خزمەتکارێکی بچووک و بێ بایەخی گەلی ئێران، ئامادەم بە شانازییەوە لە هەر بەرەیەک یان گۆڕەپانێکدا ئامادە بم کە ئێوە بە گونجاوى بزانن". خامنەیی بەردەوام هەڵوێستى توندبووە لە دژی ئیسرائیل و ئەمریکاو ئەوەشى نەشاردوەتەوە کە دژى دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بووە لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیەوە. رۆژنامەی نیویۆرک تایمز زانیاری لە بەرپرسانی ئێران وەرگرتووە و دەڵێت، خامنەیی لە پەناگەیەکی نهێنییە، بەسەختیی دەتوانرێت پەیوەندیی پێوەبکرێت و هەموو پەیامێکی بەشێوەی نووسراو لەڕێی یاریدەدەرێکی متمانەپێکراوەوە پێیدەگات و وازی لە بەکارهێنانی ئامێری پەیوەندیی ئەلیکترۆنی هێناوە. بەگوێرەی زانیاریی ئەو بەرپرسانە، خامنەیی پێشبینی ئەوەیکردووە ئیسرائیل و ئەمریکا هەوڵی کوشتنی دەدەن، بۆیە لە پەناگەیەکدا خۆی حەشارداوە. هاوکات خامنەیی فەرمانی بە ئەنجومەنی زانایانی ئێران و دەستەی ئاینیی وڵاتەکەی کە بەرپرسە لە دیاریکردنی رێبەری باڵا کردووە، ئەگەر ئیسرائیل و ئەمریکا لە پلانی کوشتنیدا سەرکەوتوو بوون، بەوردی کەسێک لەو کەسانەی پێشتر دیاریکراون لە شوێنی دابنرێت. چەند رۆژێک لەمەوبەر بەگوێرەی راپۆرتێکی مسری ئەلیەوم، ئەو هێزەی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران دەپارزێت، فەیلەقی پاسەوانییە کە یەکەیەکی سەربازی تایبەتی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە و ژمارەیان 12 هەزار سەربازە.

  ئاژانسى ڕۆیتەرز بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی ئەمریکی بڵاویکردەوە لەوانەیە وەڵامی ئێران لە ماوەی یەک دوو ڕۆژى داهاتوودا بێت. بە پشت بەستن بە بەرپرسانی ئەمەریکا ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندوە، واشنتۆن پێی وایە مەترسییەکی بەرچاو هەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هێزەکانی ئەمریکا بەم زووانە. هاوکات ئەو بەرپرسانەی ئەمەریکا ئەوەیان نەشاردوەتەوە، واشنتۆن هێشتا بەدوای چارەسەری دیپلۆماسیدا دەگەڕێت. ئێران هەڕەشەکانی پێشووی بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئەمریکا دووبارە کردەوە. بەڵام هێشتا بە شێوەیەکی کردارى هیچ هەنگاوێکى نەناوە، سەرەڕاى ئەوەى زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر بەسەر هێرشەکەدا تیێپەڕیووە. لەلایەکى دیکەوە كۆشكی سپی بڵاویکردەوە، بە وردی چاودێریی دۆخی گەرووی هورمز دەكەین؛ گەمژەییە رژێمی ئێران هەنگاو بۆ داخستنی ئەو گەرووە هەڵگرێت.  ئەوەش دەخەنەڕوو جیهان ئارامترە، بەهۆی كارە بوێرانەكەی سەرۆك ترەمپەوە كە رێگری لە رژێمێكی لاسار كرد لەوەی دەستی بە بۆمی ئەتۆمی بگات. بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى کۆشکى سپى: ترەمپ پشتی بە زانیاریی هەواڵگریی ئەمریكا بەست لەبارەی ئەوەی ئێران تەنیا چەند هەفتەیەك لە بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمییەوە دورە.  دەشڵێت: سەرۆك ترەمپ ئاشتی دەوێت و هەندێكجار دەبێت هێز بەكاربهێنین بۆ بەدیهێنانی، ئەویش لەمەدا ترسی نییە، هەڕەشەی نزیك مەودای ئێرانی نەهێشت و هیچ یەكێك لە سەرۆكەكانی پێشووی ئەمریكا ئەو ئازایەتییەی نەبوو كارێكی سەربازی وا بكات.  کۆشکى سپى باس لەوەدەکات، ترەمپ باوەڕی بە گەلی ئێران هەیەو ئەوان بڕیار لە چارەنوسی خۆیان دەدەن، هێشتا بایەخی هەیە بچێتە ناو دانوستانی دیپلۆماسییەوە لەگەڵ ئێران. دوای ئەوەی فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی ئەمریکا ٣٠ تۆن بۆمب و تەقەمەنیان لە شوێنە ئەتۆمییەکانی ژێر زەویدا خستە خوارەوە، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا بیری لە ڕووخاندنی حکومەتی ئێران دەکاتەوە.