ئێران خەریکە خۆی بەدەستەوە دەدات
2 كاتژمێر لەمەوپێش
وادەکەی مەسعود پزیشکیان بەسەرچوو
خەڵکی وڵاتەکە هاواریان لێهەستاوە و تاران ناچارە پەنا بۆ وڵاتانی دیکە ببات
ئامادەکردنی هاوڵاتی
ئەوەی بەسەر خەڵکی ئێراندا دێت لەماوەی 58 ساڵی رابردوو وێنەی نەبووە، بەجۆرێک هێندە بێئاوی رووی تێکردوون کە لە بۆشایی ئاسمانەوە رووبار و بەنداوەکانیان بە وشکی دەبینرێت.
ئەمساڵ تائێستا 20 پارێزگای وڵاتەکە تەنانەت یەک دڵۆپە بارانیان بەخۆیانەوە نەبینیووە، لەکاتێکدا ئێستا وەرزی بارانە لە ئێران و دەبوو لە مانگی نۆی ئەمساڵەوە باران دەستیپێکردبا.
ئەوەی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە تارانی پایتەختە کە 15 ملیۆن دانیشتوانی هەیە و بووەتە شارێکی وشک و برینگ. پێشتر مەسعود پزشکیان، سەرۆکی وڵاتەکە رایگەیاند، ئەگەر تاوەکو مانگی 12 باران نەبارێت ئەوان بەناچاری پێویستە خەڵکی تاران شارەکە چۆڵ بکەن.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆیتەرز، نزیکەی 10%ـی بەنداوەکانی وڵاتەکە وشک بوون و هیچ ئاوێکیان تێدا نەماوە. میدیاکانی ئێران باس لە دۆخی خراپی خەڵکی وڵاتەکە دەکەن و دەڵێن، ئیتر وەک جاران نەماوە، بەرپرسانی وڵاتەکە بۆ پارێزگاریکردن لە ئاو، رۆژانە 6 بۆ 12 سەعات ئاو لە ماڵان دەگرنەوە. لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش دۆخەکە خراپترە. میدیای ئێران دەڵێت، ئیستا خەڵکی بانە تەنها دوو کاتژمێر ئاویان بۆ دەکرێتەوە.
لە تاران دۆخەکە بەجۆرێکە هەندێک کات 15 کاتژمێر بۆ رۆژێک ئاو لە خەڵک دەگیرێتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی ئاسایی دانیشتووانی تاران 12 سەعات لە رۆژێکدا هیچ ئاوێک بە بەلوعەکانیاندا نایەت.
دانیشتوانێکی تاران بۆ پێگەی ئێران وایەر دەڵێت، ئێمە لە قوتابخانە باسی بەرزەخ و دۆزەخمان بۆ کراوە، بەڵام ئێستا رێک وەک ئەوە وایە لەنێو هەردووکیاندا بژین.
بەهۆی بێبارانییەوە، هەوای پیسیش بەرۆکی دانیشتووانی شارەکەی گرتووە و ئێستا بووەتە یەکێک لە پیسترین شارەکانی جیهان.
ئاژانسی هەواڵی میهر دەڵێت، بەنداو وعەمبارە سەرەکییەکانی تاران ئێستا ئیتر تەنها 11% ئاویان تێدایە. بەرپرسانی وڵاتەکە کەوتوونەتە خۆو داوای یارمەتی لە وڵاتانی دیکە دەکەن. عەباس عەلیئابادی، وەزیری وزەی ئێران دەڵێت، هەر وڵاتێک ئاومان پێ بفرۆشێت ئێمە ئامادەین لێی بکڕین.
پێشتر عەلی خامنەیی، رابەڕی باڵای ئێران، داوای لە دانیشتووانی وڵاتەکەی کرد دەست بە ئاوەوە بگرن، بەڵام خەڵکی وڵاتەکە دەڵێن، ئەمە داوایەکی نامەعقوڵە چونکە خۆ بەرپرسان هەر ئاو ناکەنەوە بۆمان تا دەستی پێوە بگرین.
