رێبەر ئۆجەلان لەبارەی هەسەدە چی گوت؟
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی توركیا ئاشكرایكردووە، رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە كۆبوونەوە لەگەڵ ئەو لیژنە پەرلەمانیەی سەردانی كرد، سەبارەت هەسەدە وتویەتی "هێزێك بەشداری سوپای ناوەندی دەبێت، هێزەكەی دیكەش هەرێمەكە دەپارێزێت".
گوڵستان كلچ كۆچیگیت، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی) لە پەرلەمانی توركیا، هاوكات ئەندامی كۆمسیۆنی پەرلەمان كە لە ئیمراڵی لەگەڵ رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان كۆبووەوە، رایگەیاند:"رێبەر ئاپۆ لە كۆبوونەوەكەدا بە وردی پرسی سوریای هەڵسەنگاندووە، بەڵام لە راپۆرتەكانی پەرلەماندا نەخراوەتەڕوو. هەروەها سەبارەت بە هەسەدە فۆرمەلەیەكی پێشكەشكردووە".
گوڵستان كلچ ئاماژەی بەوەشكردووە،"رێبەر ئۆجەلان هۆشداری دا، ئەگەر لە سوریا دیموكراتیزەبوون بەدی نەیەت، حكومەتی كاتی دیمەشق دەتوانێت بگۆڕدرێت بۆ دیكتاتۆرێك".
"رێبەر ئاپۆ سەبارەت بە هەسەدە فۆرمەلەیەكی پێشكەشكردووە و دەڵێت دەتوانرێت هێزی سەربازی ئەنتێگراسیۆنی سوپا بكرێت، جگە لەوەش هەرێمەكە دەتوانێت هێزی ئاسایشی خۆیشی هەبێت، كاتێك باسی ئەم بابەتەی دەكرد، وتی "من باوەڕم وایە لە توركیا پشكنەر هەیە، مەبەستی ئەوە بوو كە هێزێك بەشداری سوپای ناوەندی دەبێت، هێزەكەی دیكە هەرێمەكە دەپارێزێت، ئاسایش دابین دەكات". گوڵستان كلچ كۆچیگیت وای وت.
سەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی و ئەندامی ئەو لیژنەیەی سەردانی رێبەر ئۆجەلانی كرد دەشڵێت "رێبەر ئاپۆ نەیوتووە یەپەگە بێ مەرج دەستبەرداری چەك بێت و وەك پەكەكە كۆتایی بەوكارانە بهێنێت كە بەناویەوە دەكرێن، ئەو جۆرە بانگەشانە راست نین".
لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی توركیا ئاماژەی بەوەشكرد "رێبەر ئاپۆ هەڵسەنگاندنی لەسەر بنەماڵەی ئەسەد لە سوریا كردووە و وتی "دەبینین سوریا بووە بە ئازارترین و بریندارترین جوگرافیای هەرێمەكە، تەنانەت ئەمڕۆش دەڵێن شەرع گۆڕاوە، ئەگەر بەڕاستی گۆڕاوە، ئەوا دەبێت دیموكراتیزەكردن بەدی بێت، بەڵام ئەگەر دیموكراتیزەكردن نەبێت، شەرعیش دەگۆڕێت بۆ دیكتاتۆرێك، لە دۆخێكی وادا دەزانین چی روودەدات".
"مەبەستی بەڕێز ئۆجەلان سیستەمێكی دیموكراتیكە، كە هەموو گەلانی سوریا بە ناسنامەی خۆیانەوە بەشداری بن، بە شێوەیەكی ئاشكرا وتی " ئەگەر ئەمە نەبێت چی دەبێت، دیكتاتۆری، واتە ئیدارەیەكی دیكەی ئەسەد بە ناوێكی نوێ، بە فۆرمەلەیەكی نوێ". گوڵستان وای وت.
سەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی هەروەها وتیشی:"هەڵسەنگاندنەكانی بەڕێز ئۆجەلان هەم بۆ توركیا هەم بۆ سوریا و گەلی كورد هەمیشە لەسەر بنەمای دیموكراتیزەبوونە، كاتێك دەیوت "كۆماری دیموكراتیك بەمجۆرە بوو، كاتێك باسی یەكێتی كۆمۆنە دیموكراتیكەكانی دەكرد، لەم چوارچێوەیەدا هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرد، واتە دیموكراسی بۆچوونی بنچینەیی ئەوە، نەبێت نابێت، هەربۆیە ئەگەر سیستمی سوریا بگۆڕێت بۆ دیكتاتۆرییەت، بێگومان هێزی كورد نابن بە بەشێك لەم دیكتاتۆرییەتە".
لە وەڵامی پرسیاری "نەخشەڕێی رێبەر ئۆجەلان بۆ سوریا چییە؟ چی تێگەشتن؟ گوڵستان كلچ وتی: "دەتوانم بە ڕوونی بیڵێم سوریایەكی دیموكراتیك. ئەوكات لێرە كێشەی سەربازی درووست نابێت. بە واتایەكی تر پرسی "یەپەگە ئەنتێگراسیۆنی سوپا ببێت، یان دەبێتە ئاسایش دەبێتە رۆژەڤی دووەم، سێیەم، چوارەم، چونكە یەكێتییەكی دیموكراتیك بەدی هاتبێت، لە فكر و مێشكی خۆییدا سیستمێكی دیموكراتیكی بنیات ناوە و ئەمە بۆ هەموو ئەو جوگرافیایانە پێشنیاز دەكات كە كورد تێیدایە، بۆ توركیا، سوریا، عێراقیش دەبێت".
