پەیامێکی نوێ لە عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



لە پەیامێکی نوێدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕایگەیاند: " لە ڕێگەی بونیادنانی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیکەوە، سۆسیالیزم سەرلەنوێ بەدەست دەهێنینەوە." دەشڵێت، "وەک کورد، ئێمە تێکۆشانی پەکەکەم بۆ هەبوون و شکۆمەندی کە 52 ساڵە تەواو کرد و ئێستا چووینەتە قۆناغێکەوە کە کۆماری دیموکراتیک و کۆمەڵگای دیموکراتیک سەرلەنوێ بونیاد دەنرێتەوە".
 
کۆنفرانسی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک کە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئیستەنبوڵ سازی دەکات، دەستی پێکرد. کۆنفرانسەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت. لە کۆنفرانسەکەدا پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، خوێندرایەوە. پەیامەکە لەلایەن وەیسی ئاکتاشەوە خوێندرایەوە کە 10 ساڵ لە زیندانی ئیمراڵیدا ڕاگیرابوو و لە مانگی تەمموزدا ئازاد کرا.

دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان:

ڕوناکبیرانی بەڕێز، هەڤاڵانی هێژا، نوێنەرانی بەڕێز و هەموو ئەو کەسانەی کە باوەڕیان هێشتا بە سۆسیالیزم هەیە؛

"من لە کاتێکدا قسە لەگەڵ ئێوە دەکەم کە لە دوورگەی ئیمراڵی، لەژێر مەرجەکانی گۆشەگیری 26 ساڵەدا، بۆ پرسی کورد لە تورکیا بە گەڕان بەدوای ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک، دانوستاندن لەگەڵ دەوڵەت سەرلەنوێ دەستی پێکردووەتەوە. بۆ من زۆر بەنرخ و واتادارە کە ئەمڕۆ لێرە لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیکدا سەبارەت بە 'بونیادنانەوەی سۆسیالیزم' لەگەڵ ئێوە دەدوێم.

وەک کورد، تێکۆشانی پەکەکەم بۆ هەبوون و شکۆمەندی کە 52 ساڵە تەواو کرد و ئێستا چووینەتە قۆناغێکەوە کە کۆماری دیموکراتیک و کۆمەڵگای دیموکراتیک سەرلەنوێ بونیاد دەنرێتەوە.

 پەکەکە بە مسۆگەرکردنی هەبوونی نەتەوەیی گەلی کورد ئەرکی مێژوویی خۆی بەجێ گەیاند، لە هەمان کاتدا بنبەستبوونی سۆسیالیزمی نەتەوە-دەوڵەتی دەرخست. سۆسیالیزمی سەدەی 20ەم وەک هەنگاوێکی شۆڕشگێڕیی نەرێنی دەرکەوت، بەڵام نەیتوانی شوێنەکەی پڕ بکاتەوە. لە ساڵانی 1990ەکاندا کە زۆرینەی خەڵک لە سۆسیالیزم ڕایاندەکرد، من وتم 'پێداگری لەسەر سۆسیالیزم پێداگرییە لەسەر مرۆڤبوون' و من تەواوی ژیانی خۆم بۆ بونیادنانەوەی ئەم هیوا‌یە تەرخان کرد. ئەم تێکۆشانە کە بە باجی گەورە بەڕێوەچوو، ئەمڕۆ بووەتە میراتێک کە بە ڕەخنەی تیۆری و پراکتیکی دروست کراوە. بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ڕاست خاوەندارێتی لەم میراتە بکەین، دەبێت ئێمە سۆسیالیزم لە یادەوەرییەکەوە بگۆڕین بۆ هێزێکی کۆمەڵایەتیی زیندوو کە لەگەڵ گەلدا دەنگ بداتەوە.

دەبێت نەریتی سۆسیالیستی لە مێژوودا هەم بۆ بونیادنانی ئاشتی و هەمیش بۆ بونیادنانی کۆمەڵگای دیموکراتیک وەک میراتێک سەیر بکرێت و ڕێگای بەدەستهێنانی ئەمەش بە جێبەجێکردنی ئەرکە نێودەوڵەتییەکان لە تیۆری و پراکتیکدا مومکینە.

هەرچەندە سۆسیالیستە یۆتۆپی و مارکسییەکان لە سەدەی 19هەم و بەدواوە بە فراوانی ڕەخنەیان لە سیستەمی هەژموونی کاپیتالیست گرتووە، بەڵام نەیانتوانی هەڵوێستێکی ئەنجامگیر پێش بخەن. کاپیتالیزمی ئەمڕۆیی ئیتر قەیران نییە، گەیشتووەتە ئاستی نەخۆشییەک کە هەڕەشە لە ڕەگەزی مرۆڤ دەکات. قۆرخکاریی توندوتیژی (مۆنۆپۆلی توندوتیژی) بە شێوەی نەتەوە-دەوڵەت لەم هەڵوەشاندنەوەیەدا دیارکەرە.

هەروەک چۆن کاپیتالیزم تەنیا بە بنەما ئابوورییەکان شیکار ناکرێت، ئێمە ناتوانین تێکچوونی بزوتنەوە سۆسیالیستەکان تەنیا بە زۆردار‌ی کاپیتالیست شیکار بکەین. هەڵە مێژووییەکان و هەڵەکانی ئێستاش لەم پاشەکشەیەدا دیارکەرن.

دەبێت ڕەخنەکانی من لەسەر مارکسیزم بە ڕاستی تێبگەیەنرێن. من مارکس تاوانبار ناکەم؛ لە کاتی ئەودا، مێژوو وەک ئەمڕۆ ڕووناک نەکرابووەوە، قەیرانی ئیکۆلۆژی نەبوو و کاپیتالیزم لە سەردەمی هەڵکشانی خۆیدا بوو. وێڕای هەموو ئەوانە، مارکس ئایدۆلۆگێکی زۆر بەخۆباوەڕ بوو کە هەمیشە ڕەخنەی لە خۆی دەگرت. ئەو ڕزگاریی ژنانی دەبینی، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو بە شێوەیەکی سەرەتایی شیکاری دەکرد و قوڵاییەکەی تێنەگەیشتبوو، ئەو باوەڕی وابوو کە ئەگەر چەوساندنەوەی ئابووری تێپەڕێنرێت، ئەویش تێدەپەڕێنرێت. ئەو هەوڵی دەدا مێژووی کۆمەڵایەتی تەنیا لە ڕێگەی چینەوە شیکار بکات و نەیتوانی دەوڵەت و نەتەوە-دەوڵەت بە شێوەیەکی تێرکەر شی بکاتەوە. بۆیە ئەنجامی گران دەرکەوتن. لەگەڵ هەموو ئەم ڕەخنانەدا، من دەمەوێت ئەوەش زیاد بکەم کە من ڕێز لە خەباتی مارکس دەگرم، گومانم لە نییەتی ئەو نییە و من مارکسیزم لە مارکس جیا دەنرخێنم. هەرچەند ئێمە لەسەر هەندێک بابەتی بنەڕەتی ڕەخنە لە مارکسیزم و سۆسیالیزمی ڕیال دەگرین، ئەو شتەی کە ئێمە وەک سۆسیالیست هەستی پێ دەکەین ڕەخنە لەخۆگرتنە.

پێویستە هێزەکانی دژە-سیستەم، ماتریالیزمی مێژوویی سەرلەنوێ بنرخێننەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕاستیی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بگونجێت. گرنگە مرۆڤ تێبگات کە کاپیتالیزم لە سەدەی 16دا "لە ئاسمانەوە نەکەوتە خوارەوە"، ڕەگەکانی دەگەڕێتەوە بۆ پێشکەوتنی شارستانیەتی 10,000-12,000 ساڵە لە باشووری میزۆپۆتامیا. ناوەندەکانی وەک گرێ میرزان (گوبەکلی تەپە) و گرێ کەچەل ئەم دەستپێکە مێژووییە ڕووناک دەکەنەوە. بۆیە، من بە ڕاستتری دەبینم کە سیستەمی شارستانیەتی ئێستا وەک "سیستەمی کوژەری کۆمەڵایەتیی کاست" ناو بنێم. بەڵگە شوێنەوارناسی و ئەنسرۆپۆلۆژییەکان نیشانی دەدەن کە کاستەکانی نێچیرڤانی نێر، بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی کوشتن کە ئەوان پەرەیان پێ داوە، کۆمەڵگاکانی کلان کە ناوەندەکەیان ژن بوو، سەرکوت کرد و ژنانیان کردە کۆیلە. ئەمە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا شکانێکی هەرە قووڵە. لە هەمان کاتدا دژە-شۆڕشێکی گەورەیە کە هەموو پێشکەوتنەکانی شارستانیەتیی پێش خۆی دیاری کردووە.

شیکردنەوەی کاپیتالیزم لە پەر‌سێپکتیڤێکی مێژووییەوە ئاسۆی ئێمە زۆر بەرفراوان دەکات. ئەم سیستەمە نە تەنیا ناکۆکییەکانی ناوخۆیی لەناو کۆمەڵگادا گور (توند) دەکات، بەڵکو لە هەمان کاتدا بە پێشخستنی سیستەمی چەکی کیمیایی و ئەتۆمی کە دەتوانن هەسارەکە هەڵوەشێننەوە، بە پیسکردنی کەشوهەوا و بە تاڵانکردنی سەرچاوەکانی ژێرزەوی و سەرڕووی زەوی سروشت وێران دەکات و بەم شێوەیە کۆتایی بە مرۆڤایەتی دەهێنێت. لەناو ئەرکە بنەڕەتییە نێودەوڵەتییەکاندا دایە کە گرێدراو بەم ڕاستییە، شیکارییەکی کاپیتالیستی نوێ پێشکەش بە مرۆڤایەتی بکرێت.

دەبێت مێژووی بندەستان بە پەر‌سێپکتیڤی کۆمونەکان کە پێکهاتەیەکی خۆپاراستنە و لە چین لە پێشترە، لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش پەر‌سێپکتیڤێکی مێژوویی پێویستە کە ئێڵەکانی سەرەتا وەک دەستپێکی کۆمونەکان دەبینێت و دەگاتە ئەو چینەی کە ئێمە ئەمڕۆ پێی دەڵێین پرۆلیتاریا یان دەگاتە هەموو گەلانی بندەست.

لە سەر ئەم بنەمایە ئێمە دەڵێین کە مێژوو بە تێکۆشانی چینایەتی سنووردار نییە. ئەمەش لەخۆ دەگرێت و ڕاستترە کە مێژوو وەک پرۆسەی پەیوەندی و ململانێ لە نێوان پێشکەوتنی کۆمونال و پێشکەوتنی دژە-کۆمونالدا بخوێندرێتەوە کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی 30 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

من باوەڕم وایە کە کۆنفرانسەکەتان لەسەر بنەمای شیکارییە تیۆرییەکان کە من پێشکەشم کردوون، گفتوگۆی گرنگ پێش دەخات کە هاوکاری دەکات بۆ تێگەیشتنێکی نوێ بۆ بەرنامە و ڕێکخستنی سیاسی. ڕێبازی بنەڕەتی لەم پرۆسەیەدا ماتریالیزمی دیالێکتیکە. بەڵام، دەبێت ڕۆڵەکانی دیالێکتیکی کلاسیک تێپەڕێنرێن. دەبێت ئێمە ناکۆکییەکان نە وەک بەشێک کە یەکتر هەڵدەوەشێننەوە، بەڵکو وەک دیاردەی کۆمەڵایەتی کە یەکتر بەهێز دەکەن ببینین. چونکە بێ کۆمون دەوڵەت نییە، بێ بۆرژوازی پرۆلیتاریا نییە. بۆیە، دەبێت ئێمە ناکۆکییەکان نە بە زهنیەتێکی هەڵوەشێنەر، بەڵکو بە پەر‌سێپکتیڤێکی مێژوویی وەرچەرخێنەر دەستنیشان بکەین.

پێشکەوتنە زانستییەکانیش نیشانی دەدەن کە ڕێبازی دیالێکتیک هەتا ئەو کاتەی نەکرێتە ڕەها (موڵەق)، لە شیکاریی کۆمەڵایەتیدا ئامرازێکی کاریگەرە. لەم چوارچێوەیەدا، نوێکردنەوەی دیالێکتیکی کۆمون-دەوڵەت و چین-دەوڵەت پێویستە. تێکچوونی سۆسیالیزمی ڕاستەقینەی سەدەی ٢٠ەم لە شیکردنەوەی هەڵەی ئەم دیالێکتیکە مێژووییە دەرکەوت: هەرچەند سۆسیالیزمی دەوڵەتپارێز دەوڵەتی بەدەست هێنا، بەڵام لە کۆتاییدا لەبەرامبەر ئەو تێکچوو. بە بەستنەوەی مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکان بە دەوڵەتی نەتەوەییەوە، ئەو لەناو سنوورەکانی سیاسەتەکانی بۆرژوادا قەتیس ما. چەمکی "نەتەوە-دەوڵەتی پرۆلیتێر" جگە لە بەرهەمهێنانی زهنیەتی دەوڵەتپەرستی ئەنجامێکی دیکەی دروست نەکردووە.

من ئەم حەقیقەتەم بە شێوەیەکی ڕاست شیکار کرد و وتم: سۆسیالیزمی نەتەوە-دەوڵەتی مرۆڤ بەرەو تێکچوون دەبات، سۆسیالیزمی کۆمەڵگای دیموکراتیک مرۆڤ بەرەو سەرکەوتن دەبات. ئەمڕۆ کات کاتی ڕێپێوانە بەرەو ڕزگاریی دیموکراتیک لەسەر بنەمای سۆسیالیزمی دیموکراتیک.

من لەم ڕێگایەدا باوەڕم وایە کە ئێمە لە شوێنی دەوڵەت بە پەر‌سێپکتیڤی کۆماری دیموکراتیک، نەتەوەی دیموکراتیک و بە پارادیگمای کۆمەڵگای دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیک و ئازادیخوازی ژنان سەردەکەوین.

ئەم زهنیەتە بزوتنەوەکەمانی گەیاندووەتە نوێبوونەوەی ئایدۆلۆژی و سیاسی، دینامیزمی ڕێکخستنی و گەلپارێزی و ئەوی بەرەو بەرنامەیەکی سۆسیالیستی بردووە کە بتوانێت بۆ پێداویستییەکانی ئەم سەدەیە ببێتە وەڵام.

پەیوەندیی سۆسیالیزمی دیموکراتیک لەگەڵ دەوڵەت لە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریدا سەرلەنوێ فۆرم وەردەگرێت. من پەیوەندیی خۆم لەگەڵ دەوڵەت وەک پەیوەندییەکی دیموکراتیزەکردن پێناسە دەکەم. لە تێگەیشتنی کۆماری دیموکراتیکدا پێویست دەکات کە دەوڵەت نە وەک هێزێکی ئیلاهی لەسەر کۆمەڵگا بێت، بەڵکو لە چوارچێوەی پەیمانێکی دیموکراتیکدا لەگەڵ کۆمەڵگا کار بکات. بە ستراتیژیی سیاسیی دیموکراتیک، مومکینە کە لەناو دەوڵەتدا گۆڕان و وەرچەرخان دروست ببێت و کۆمەڵگا لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیک سەرلەنوێ بونیاد بنرێتەوە.

جێگیرکردنی ئەم ستراتیژییە لەسەر یاسا (حقوق)، بنەمایەکی ماییندە بۆ ئاشتی دروست دەکات. یاسا، وەک میکانیزمی پاراستن و هاوسەنگیی پەیوەندیی دیموکراتیک لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگادا ئامرازێکی چارەسەرییە کە پێشی لە توندوتیژی دەگرێت. لە هەمان کاتدا ئەو ڕۆڵێکیش دەبینێت لە دامەزراندنی بونیاد و مەشروعییەتی کۆماری دیموکراتیک و بونیادنانەوەی سیستەمی کۆمەڵایەتی.

یەکێک لە ئارگومێنتانەی کە من وەک ستراتیژییەکی بنەڕەتیی تێکۆشان پێشکەشم کرد، ئینتێگراسیۆنی (تێکەڵبوونی) دیموکراتیک و چەمکی یاسایی ئەو بوو. یاسای ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک، کە تێیدا یاسا لە ڕێگەی نۆرمی تاکەکەسی و گەردوونی و مافە بەکۆمەڵەکان (کۆلێکتیک) بۆ بەرژەوەندیی کۆمەڵگا سەرلەنوێ بونیاد دەنرێتەوە، دەبێت لەسەر سێ پرەنسیبی سەرەکی دابڕێژرێت:

یاسای هاوڵاتیبوونی ئازاد،
یاسای ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک،
یاساکانی ئازادی.

یاسای ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک هەم دەوڵەت وەردەچەرخێنێت بۆ دەوڵەتی نۆرمەکان (یاسا) و هەمیش هەبوونی بەدەستهاتووی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی دامەزراوەیی مسۆگەر دەکات و بەم شێوەیە ئازادیی خۆی بەدەست دەهێنێت. پرۆسەی 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک' کە من دەستم پێکرد، پرۆسەیەکی گفتوگۆیە. لە هەرێمێکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئەتنیسیتە، ئایین و مەزهەبی تێکەڵاوی لێیە، زۆر شت هەن کە بە گفتوگۆ و دانوستانی دیموکراتیک بەدەست دەهێنرێن. بە ڕاستی، من باوەڕم وایە کە سۆسیالیزمێکی واتادار جگە لە نزیکبوونەوەیەکی شۆڕشگێڕیی توندوتیژ، گونجاوترە کە خۆی وەک سیستەمێکی ئەرێنی (پۆزەتیڤ)ی بونیادنان و هەبوون ڕێک بخات و ئەمەش بە شێوازی گفتوگۆی دیموکراتیک پێک بهێنێت. زەحمەتە کە مرۆڤ باوەڕ بکات کە سۆسیالیزم بەبێ ئەوەی لەسەر گفتوگۆیەکی دیموکراتیکی بەرفراوان و قووڵ بونیاد بنرێت، ئەگەر بونیادیش بنرێت ماییندە بێت.

لینینیش وتوویەتی، 'سۆسیالیزم بەبێ دیموکراسییەکی بەرفراوان و پێشکەوتوو بونیاد نانرێت.'

بەم بیر و باوەڕەوە، من هیوادارم کە کۆبوونەوەکەمان بە سەرکەوتوویی تێپەڕێت و سڵاو و خۆشەویستیی هەڤاڵێتیی بێ کۆتاییم پێشکەش بە ئێوە دەکەم."
دەم پارتی لە ئەستەنبوڵ کۆنفرانسی” ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی نێودەوڵەتی” ساز دەکات.

پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، کۆنفرانسی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی نێودەوڵەتی لە ناوەندی جەم کاراجای باکرکۆی ئەستەنبووڵ ساز دەکات.
کۆنفرانسەکە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی سیاسی و یاسایی و چالاکوان بەشدار دەبن و لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک، کە دوای بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان، کە لە ٢٧ـی شووبات دەستی پێکرد، ئەزموونەکانی جیهان هەڵدەسەنگێندرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار