عێراق حوسییەکانی یەمەن و حزبوڵای لوبنانی خستە لیستی تیرۆرەوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
رۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی عێراقی لە نوێترین ژمارەی خۆیدا، پۆلێنکردنی هەریەک لە گرووپی حوسییەکانی یەمەن و حزبوڵڵای لوبنانی لەنێو لیستی تیرۆردا بڵاوکردەوە.
ژمارە 4848ی رۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی عێراقی لەلایەن وەزارەتی دادی عێراق بڵاوکرایەوە، رێککەوتی 17ی تشرینی دووەمی 2025 لەسەرە، کە تێیدا پاڵپشت بە بڕیارەکانی لیژنەی سڕکردنی سامانی تیرۆریستان لە نووسینگەی ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، هەریەک لە بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای حوسییەکان لە یەمەن و حیزبوڵڵای لوبنان، خراونەتە لیستی تیرۆرەوە.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئەم نوێکردنەوەیە لە چوارچێوەی دیاریکردنی ئەو قەوارە و کەسانەدایە، کە رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و وشککردنی سەرچاوە داراییەکانیان دەیانگرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا، ناوی ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام، بۆ ئەحمەد حوسێن شەرع گۆڕدراوە.
موڕاد ساعیدی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییە لە وەزارەتی دادی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتی داد هیچ پەیوەندییەکی بە بڕیارەکانەوە نییە، بەڵکو ئەو بڕیارانەی لەلایەنە فەرمییەکانی دەوڵەت دەردەچن لە رۆژنامەی فەرمی بڵاودەکرێنەوە و دواتر دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەم گۆڕانکارییە لەسەر بنەمای بڕیاری لیژنەی سزاکانی سەر داعش و قاعیدە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کراوە.
ئەم هەنگاوەی بەغدا بە نوێترین رێکار دادەنرێت لە چوارچێوەی نوێکردنەوەی لیستەکانی تیرۆر و جێبەجێکردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
لە یەکەمین کاردانەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-12-2025 مستەفا سەنەد، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق و بەربژێری سەرکەوتوو لە هەڵبژاردنی 2025ی پەرلەمانی عێراق کە نزیکە لە حەشدی شەعبی لە پۆستێکدا لە پەیجی فەیسبووکی خۆیدا رەخنەی تووندی لەو بڕیارە گرتووە و دەڵێت، "بەداخەوە عێراق حووسییەکان و حیزبوڵڵای وەک رێکخراوی تیرۆریستی پۆلێن دەکات، کەچی ترەمپ بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەربژێر دەکات. ئەمە شەرمەزارییە بۆ ئێوە و هەڵوێستێکی ئابڕووبەرانەیە کە زۆر لە وڵاتانی عەرەبیش کاری وایان نەکردووە. دەرکەوت وتارەکەی سوودانیش (محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق) پێش دوو ساڵ لە لووتکەی عەرەبی، هەمووی تەنیا قسەی رووت و بێ کردار بووە (وەک بڵقی سەر ئاو بوو)."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوڕێیەتی و یەکێک بووە لەو کەسانەی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بەربژێری کردووە.
ترەمپ راشیگەیاند، سەری سوڕماوە لە بڕیارەکەی سوودانی و چاوەڕوانی ئەو جۆرە بڕیارەی لە عێراق نەکردووە، هاوکات سوپاس و پێزانینی خۆیشی بۆ سوودانی دەربڕی.
