ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە ھێرشەکەی سەر کۆرمۆر راگەیەنرا
2 كاتژمێر لەمەوپێش
لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەڵێت: هێرشەکە بە دوو درۆن کراوە، "یەکێکیان کێڵگەکەی پێکا و ئەوی دیکەیان لە دەرەوەی کێڵگەکە کەوتووەتە خوارەوە، پاشماوەی هەردوو درۆنەکەش رەوانەی بەڵگەکانی تاوان کراون بەمەبەستی دەرهێنانی زانیارییەکانی نێو میمۆرییەکانیان."
هەروەها دەڵێت، ئەو دوو درۆنەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە، لە باشووری کێڵگەکەوە لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی قەزای خورماتوو هەڵدراون.
ئەمە یازدەیەمین هێرشە کە لە ناوچەی ئاماژەپێکراوەوە دەکرێتە سەر ئەم کێڵگەیە.
لیژنەکە گەیشتووەتە ناوی ئەنجامدەرانی هێرشەکە کە لە چەند هێزێکی لە یاسادەرچوون، بەشێکیان فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە و لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت.
دەقى ڕاگەیەندراو..
لەسەر بنەمای فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی،و لە پاش هێرشە ترسنۆکانەکەی سەر کێڵگەی نەوتی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی لە 26ی تشرینی دووەمی 2025، ئەو لیژنەیەی لێکۆڵینەوە کە بۆ دیاریکردنی چۆنێتی ئەم هێرشە تیرۆریستییە پێکهێنرا، ڕۆژی هەینی 28ی تشرینی دووەمی 2025, بە سەرۆکایەتی بەڕێز وەزیری ناوخۆ و ئەندامێتی بەڕێزان سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی و وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و بە پاڵپشتی لیژنەی تەکنیکی کە پێکهاتووە لە نوێنەرانی دەستەی حەشدی شەعبی و دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و فەرماندەیی بەرگری ئاسمانی و فەرماندەیی فڕۆکەوانی سوپا و بەڕێوەبەرایەتی تۆپخانە و بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی و بەڕێوەبەرایەتی ئەندازیاری سەربازی و بەڕێوەبەرایەتی تەقەمەنی و بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەی تاوان و بەڕێوبەرایەتی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەی تاوان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.
لیژنەەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرۆکایەتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەڕێز محەمەد شیاع سودانی ئەنجامەکانی خۆی خستەڕوو و بەرێزیان ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکەی پەسەند کرد کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
یەکەم:-
1- هێرشە ترسنۆکانەکە بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجام دراوە و دانەیەکیان بەر کێڵگەکە کەوتووە، ئەوی دیکەش لە دەرەوەی کێڵگەکە کەوتووەتە خوارەوە و پاشماوەی هەردوو فڕۆکەکە لەلایەن بەڵگەی تاوانەوە کۆکرایەوە بۆ شیکردنەوەی ئامێری میمۆری.
2. ئەو دوو فڕۆکەیەی کە هێرشەکەیان ئەنجامداوە لە دیوی باشووری کێڵگەکە بە تایبەتی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی قەزای دوز خورماتووەوە هەڵدراون.
3- ئەمە یازدەهەمین هێرشە ئەنجام بدرێت بۆ سەر ئەو کێڵگەیەی کە ئاماژەمان پێدا.
4- ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە دەستنیشانکراون، ئەوان کەسانی لە یاسا دەرچوون و هەندێکیان فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و لە ئێستادا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت.
5. دوای ناسینەوەی ناسنامەی تاوانباران، دەزگا ئەمنییەکان دەستیان کرد بە کۆکردنەوەی بەڵگەی تەکنیکی بەمەبەستی ڕادەست کردنی تاوانباران بە دادگا.
دووەم:-
لیژنەکە چەند ڕێکارێکی بۆ پاراستنی کێڵگەکە پێشنیار کرد، بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێی بکات، بەم شێوەیەی خوارەوە:
1- بڵاوکردنەوەی هێزی ئەمنی لە کەرتی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی سەڵاحەدین بۆ پڕکردنەوەی هەر بۆشایییەکی ئەمنی و پاراستنی هەماهەنگی نێوان دەزگا ئەمنی و هەواڵگری و یەکەکان و دەستەبەرکردنی فەرماندەیی یەکگرتوو.
2. ڕاسپاردنی هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و هێزەکانی حەشدی شەعبی، بۆ گۆڕینی فەرماندەکانی ئەو ناوچانە بە فەرماندی لێهاتوو.
3. پەرەپێدان و بەهێزکردنی کەناڵەکانی پەیوەندی هەواڵگری لە نێوان دەزگا هەواڵگرییە فیدراڵیەکان و هاوتاکانیان لە هەرێم.
4- وەزارەتی بەرگری بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ کێڵگەکە دابین بکات و پاراستنی دەستەبەر بکات.
5. سەپاندنی ڕێکاری توند بۆ بەکارهێنان و گواستنەوەی هەموو جۆرە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و تەنها بە ڕەزامەندی فەرمی لایەنە پەیوەندیدارەکان بێت.
6- ئاگەدارکردنەوەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک لەگەڵ دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان بۆ بەدواداچوون بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە.
کارەکانی ئەم لیژنەیە بەردەوامە تا دەستنیشان کردنی هەموو ئەو کەسانەی دەستیان لەم ڕووداوەدا هەبووە، کە سەروەری عێراق و سەرچاوە ئابوورییەکانی دەکاتە ئامانج، ئەمەش کردەوەیەکی تیرۆریستی ترسناکە و ئامانج لێی دروستکردنی بەربەست و دواخستنی هەوڵەکانی چەسپاندنی سەقامگیری ئەمنی و ئابوورییە و ئەم کردەوە تیرۆریستییە بێ سزادانی بکەرانی تێپەڕنابێت و ڕێوشوێنی یاسایی یەکلاکەرەوەی توندیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
•••••••
سەباح نوعمان
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان
3ی کانوونی یەکەمی 2025
