دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس" دژایەتیی خۆی بۆ دادگایکردنی بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەتۆمەتی گەندەڵی دەربڕى و رایگەیاند، ناتوانن لە ئاستی بەردەوامیدان بەو تۆمەتانە بێدەنگبن. ترەمپ، نووسیویەتی، نەتانیاهوو پاڵەوانی جەنگە و هاوکار و پشتیوانی ئەمریکا بووە بۆ دوورخستنەوەی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران و تۆمارکردنی سەرکەوتنی گەورە، بەڵام ئەو بە تۆمەتی بێ بنەما رووبەڕووی دادگا کراوەتەوە. ترەمپ، بۆچوونى وایە نەتانیاهوو ئێستا سەرقاڵی دانوستانە لەگەڵ حەماس بۆ گێڕانەوەی بارمتەکان لەبەرئەوە نابەجێیە لە هۆڵی دادگا بێت بۆ وەڵامدانەوەی تۆمەتی "بێ بنەما". سەرۆکی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە، پرۆسەی دادگایی نەتانیاهوو شەڕی سیاسییە و دەڵێت، ئەمریکا زیاتر لەهەر وڵاتێکی دیکە هاوکاریی دارایی پێشکەشی ئیسرائیل دەکات و دەیپارێزێت، لەبەرئەوە رازی نابن بەوەی بەرامبەر نەتانیاهوو ئەنجامدەدرێت. داواش دەکات، لێگەڕێن نەتانیاهوو کارەکانی خۆی بکات، لەبەرئەوەی زۆر کاری گرنگ ماوە و دەیانکات.
رۆژنامەى سۆزجوى تورکى بڵاویکردووەتەوە، ئەمساڵ کەمترین ژمارەى گەشتیار سەردانى شارە گەشتیارییەکانى تورکیایان کردووە، کە کەمترینە لەماوەى 30 ساڵى رابردوودا. رۆژنامەکە شارى گەشتیارى بۆدروومى بە نموونە هێناوەتەوە و نووسیویەتى، 30 رۆژى یەکەمى 90 رۆژى وەرزى گەشتیاریى ئەمساڵ، کە وەرزى گەرمایە، بە خراپترین شێوە دەستیپێکردووە، هۆتێل و خواردنگە و خانووە هاوینەکان چۆڵن، وەکو ئەوەى پارە نەمابێت، کەس روویان تێناکات. هەروەها دەڵێت، مانگى حوزەیرانى ئەمساڵ بەراورد بە هەمان مانگى ساڵى رابردوو، رێژەى گەشتیار لەسەدا 35 کەمیکردووە، ئەگەر بۆ ساڵێکی دیکەش بەوشێوەیە بەردەوامبێت، رەنگە هیچ دوکاندارێک لەو شارە نەمێنێت.
نوری مالیکی، سەرۆکی ئیتیلافی دەوڵەتی یاسا، دەڵێت: جەنگەکانی ئیسرائیل کە لە کەرتی غەززەوە بۆ لوبنان و پاشان سوریا و دواجار بۆ ئێران هات، عێراق بەدوورو پارێزراونابێت لێی. مالیکی لە وتارێکدا، کە بە بۆنەی هاتنی مانگی موحەڕەمەوە پێشکەشی کرد، جەختی لە پێویستی بەهێزبوونی عێراق کردەوە هاوشێوەی وڵاتانی دراوسێی. وتیشی: پێویستە پێداچوونەوەیەکی خێرا بکرێت، كە هەموو دامەزراوە و دەزگا ئەمنییەکان و سەربازییەکان بگرێتەوە، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی لە ئاستێکدا بین کە سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنی مسۆگەر بکات و سەروەری وڵات لە هەڕەشە دەرەکییەکان بپارێزێت. سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بە گرنگی زانی عێراق دەوڵەتێکی بەهێز بێت، خاوەنی هەموو ئامرازەکانی بەرگری لە سەروەری و گەلەکەی و پیرۆزییەکانی بێت، وەك ئاماژە پێدا، نەک لە پێناو شەڕدا، وەک سەردەمی رژێمی بەعس، بەڵکو بۆ پاراستنی سەروەری خۆمان و مافەکانمان و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق.
شاندە تەكنیەكیەكەی بعێراق گەڕایەوە بەغداد، شاندی هەرێم گەیشتنە بەغداد، بەغداد مانگانە داوای (150) ملیار دینار داهاتی ناوخۆ و رادەستكردنی (280) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەكات لەرێگای سۆمۆوە هەناردەبكرێت، لەبەرامبەردا بەغداد موچەی موچەخۆران و خەرجی كۆمپانیاكانی نەوت دەدات. ماوەی دوو رۆژ شاندێكی تەكنیكی حكومەتی عێراق لە هەرێمی كوردستان بوون لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم و وەزارەتی سامانەسروشتییەكان و سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و كۆمپانیاكانی نەوت كۆبوونەتەوە، شاندەكەی عێراق گەڕانەوە بەغداد، ئەمڕۆش شاندێكی وەزارەتی سامانەسروشتییەكانی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران گەیشتنە بەغداد و لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و سۆمۆ لە كۆبوونەوەدان و لە رێككەوتن نزیكن. بەپێى زانیاریەکان شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری سامانە سرووشتییەکان لە بەغدادن، وەزیری سامانەسروشتییەکان و وەزیری نەوت سبەینێ بۆ جاریی دووەم کۆدەبنەوە. ئەو شاندە تەکنیکییەی هاتبوونە هەرێمی کوردستان گەڕانەوە بەغداد، وەزارەتەکانی نەوت و سامانە سرووشتییەکان تەنها باسی هەناردەکردنەوەی نەوت دەکەن. بەپێی بەدواداچوونەكان: - حكومەتی عێراق داوای (50%)ی كۆی داهاتی ناوخۆ دەكات، داهاتی ناوخۆ بە (300) ملیار دینار خەمڵێندراوە، واتا مانگانە (150) ملیار دینار رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بكرێت. - رۆژانە هەرێمی كوردستان (280) هەزار بەرمیل نەوت لە رێگای سۆمۆوە هەناردە بكاتەوەو داهاتەكەی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەگەڕێتەوە. - لەبەرامبەردا لەماوەی ئەم هەفتەیەدا وەك نیەت باشی سەرەتا بەغداد موچەی مانگی ئایاری موچەخۆران دەدات و دوای رێككەوتنی تەواوەتیش موچەی مانگی حوزەیران خەرج دەكرێت. - بۆ هەر بەمیلێك بەغداد (16) دۆلار بۆ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێن خەرج دەكەن - هەرێم رۆژانە (280) هەزار بەرمیل رادەستی سۆمۆ دەكات، نرخی بەرمیلێك لە بازأرەكانی جیهان نزیكەی (65) دۆلارە، واتا رۆژانە داهاتی ئەو (280) هەزار بەرمیلە دەكاتە ( 18 ملیۆن و 200 هەزار) دۆلار، مانگانەش كە (8 ملیۆن و 400 هەزار) بەرمیل دەكات داهاتەكەی دەكاتە (546) ملیۆن دۆلار. - بۆ هەر بەرمیلێك (16) دۆلار بۆ كۆمپانیاكە خەرج دەكرێت واتا مانگانە (8 ملیۆن و 400 هەزار) بەرمیل دەكاتە ( 134 ملیۆن ) دۆلار، واتا حكومەتی عێراق لە (546) ملیۆن دۆلار (412 ملیۆن) دۆلاری مانگانەی بۆ دەمێنێتەوە. - خۆ ئەگەر ئەو (280) هەزار بەرمیلەی رۆژانە بە نرخی هەرێم بفرۆشرێت كە لە ئێستادا (33) دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك، ئەوا داهاتی مانگە دەكاتە (277) ملیۆن دۆلار، لەبەرامبەر (546) ملیۆن دۆلار ئەگەر لە رێگای سۆمۆوە بیفرۆشێت، واتا (269) ملیۆن دۆلار كەمتر دەیفرۆشێت.
دەسەڵاتدارانى ئێران لەدواى دەستپێکردنى شەڕەوە زیاتر لە ٧٠٠ کەسى وەک بریکارو سیخوڕى ئیسرائیل دەستگیرکرووەو هەنگاوەکانى لەناوخۆى وڵاتەکەى چڕکردوەتەوە بۆ بۆ پووچەڵکردنەوەی دزەکردنی ئیسرائیل. ئاژانسەکانى هەواڵ دەڵێن دوای شکستەکانی هەواڵگری لە شەڕی ١٢ ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل، ئێران سەرکوتێکی بەرفراوانی ناوخۆیی دەستپێکردوەو بە دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ و خێراترکردنى لەسێدارەدانەکان، ئەمەش ڕەخنەگران بە "مارێکی بریندار"یان چواندووە کە بۆ تۆڵەسەندنەوە هێرش دەکاتە سەر هەمووکەسێک. ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن کە پیاوان بە جل و بەرگی ڕەنگاوڕەنگى زیندانەوە دان بەوەدا دەنێن کە وەک سیخوڕی ئیسرائیل وەرگیراون، لەگەڵ ئەو چەکانەی کە گوایە پلانیان هەبووە بەکاریان بهێنن. شرۆڤەکاران دەڵێن پێدەچێت دانپێدانانەکان بە زۆرەملێ بێت و شیکاری وێنەکان لەلایەن چەند کەناڵێکەوە کراوە دەرکەوتوەە هێشتا هیچ شتێکى بەڵگەداریان نەدۆزیوەتەوە کە هیچ چەکێکی دروستکراوی ئیسرائیل لەنێو ئەو دەستبەسەرداگرتنانەی کە گوایە دەستبەسەرداگیراون. شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە نێوان شتەکانی تردا گورزێکی وێرانکەر بوو لە هەواڵگری ئێران. سوپای ئیسرائیل زانیاری وردی هەواڵگری لەسەر ژەنەڕاڵە پلە باڵاکان هەبوو، ڕێگەی پێدابوون بە سەرکەوتوویی لانیکەم ٢٩ کەسیان بکەنە ئامانج و بکوژرێن. دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل، مۆساد، وادیارە سەرکەوتوو بوو لە وەرگرتنی ژمارەیەکی زۆر لە ئێرانییەکان بۆ ئەوەی وەک بریکار لەسەر زەوی لە جێگیرکردنی مووشەکی ڕێنماییکراو و FPV خزمەت بکەن. لە ڕۆژانی دوای هێرشی سەرەتایی ئیسرائیل لە 13ی حوزەیران، دەسەڵاتدارانی ئێران چەندین وێنەی ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی جێهێڵراویان نیشاندا کە دوای بەکارهێنانیان لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا بەجێماوە. هەروەها وێنەی تەقەمەنی بەکارهێنراویان پیشاندا، لەنێویاندا کەیسی مووشەکی سپایک مەودا کورت کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دروستکراون، لەگەڵ ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بۆ گواستنەوەی ئەم مووشەکانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی بەکارهێنراون بۆ قووڵایی ئێران. هەروەها کارگەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کاتی ئیسرائیل لەناو وڵاتەکەدا – هەموو ئەمانە ئاشکرای دەکەن کە هەواڵگری ئیسرائیل سەرکەوتووانە ئێرانی بە شێوەیەکی بەرفراوان وەرگرتووە و دزەیان کردووەتە ناو ئێرانەوە. بەڵام دەزگای هەواڵگری ئێران تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوەیان نیشان نەداوە سەبارەت بەو چەکانەی کە بە تەواوی دەستیان بەسەردا گرتووە، پێش ئەوەی لەلایەن بریکارەکانی گوماناوی لە ناوخۆی ئێرانەوە جێگیر بکرێن. ڕێژیم لە تاران بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا ٧٠٠ کارمەندی ئیسرائیلی دەستگیرکردووە، کە زۆربەیان ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی لەسێدارەدانیان هەیە. بەپێی میدیاکانی ئێران، تۆمەتبارانی دەستگیرکراو تۆمەتبارن بە پلاندانان بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر، دروستکردنی بۆمب، سیخوڕیکردن بەسەر شوێنە سەربازییەکان و گواستنەوەی زانیاری بۆ ئیسرائیل.
کۆمپانیاکانی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ، ناسراو بە "ئەپیکور" دوو مەرج بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دادەنێت. ئەپیکور، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە راگەیەندراوێکدا گوتى "کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور خواستی خۆمان دووپات دەکەینەوە دەستبەجێ هەناردەى نەوت لە رێگەی بۆری عێراق-تورکیاوە دەستپێبکەینەوە". ئەپیکور لەمبارەیەوە مەرجى داناوە و دەڵێت "هەر کاتێک رێککەوتنێکی نووسراو بێتە ئاراوە". ئەپیکور، ئاماژەى بەوەشکردووە، چەند مانگێکە رێککەوتوون لەسەر هەماهەنگی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی کۆمپانیاى سۆمۆوە. کۆمەڵەکە، پێشنیازیش دەکات کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان شایستەى داراییان بەشێوەى نەختینە لەگەڵ گەیشتنى نەوتەکە بە بەندەرى جەیهانى تورکیا وەربگرن، دەشڵێت ئەم رێکخستنە دڵنیایی دەدات کە هەموو لایەنەکان مافەکانیان بە شەفافى و خێراترین شێوە لە چوارچێوەی مەرجەکانی گرێبەستەکاندا وەربگرن. پێشتر لەمبارەیەوە ناکۆکى لەنێوان ئەپیکور و وەزارەتى نەوتى عێراقدا هەبوو، بەجۆرێک ئەپیکور داواى دەکرد لەگەڵ بەرهەمهێنانى نەوتەکەدا شایستەى دارایى خۆیان وەربگرن، لەبەرامبەردا وەزارەتى نەوت داواى دەکرد پاش فرۆشتنى نەوتەکە لەلایەن سۆمۆوە ئینجا شایستە داراییەکانیان پێبدرێت. ئەپیکور لە هەشت کۆمپانیای بیانی بوارى نەوت پێکهاتووە و 60%ـی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنن، پاش راگرتنى هەناردەش ئێستا رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە ڕایگەیاند، هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هێزەکانی گەریلا زیادی کردووە، بەتایبەتی بە گازی کیمیایی و چەکی قەدەغەکراو و دەشڵێت: ئەگەر دوای ئەم ئۆپەراسیۆنی وەڵامدانەوە و ئاگادارکردنەوەیەمان، سوپای تورک بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی درێژە بە هێرشەکانی بدات، ئەوا وەڵامدانەوەی توندتر و کاریگەرترمان دەبێت. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک و وەڵامەکانی گەریلا لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. هەپەگە لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: لە یادی سەد ساڵەی شەهیدبوونی ڕێبەری گەورەی گەلەکەمان شێخ سەعید و هەڤاڵانیدا، کە بە ورە و ئیرادەیەکی زۆرەوە بۆ دۆزی ئازادیی کورد و کوردستان بەرەو پەتی سێدارە چوون، بە ڕێز و خۆشەویستی و سوپاسگوزارییەوە بەبیر دەهێنینەوە، ئێمە بە ڕێزەوە سڵاو لە دۆزی پیرۆزی بوون و ئازادیی کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا گەلی کورد بە قوربانیدانێکی زۆر بەڕێوەدەچێت، وەکو کەسانی فیدای ئەم دۆزە دڵسۆزی خۆمان دەردەبڕین. هەپەگە ئاماژەی بەوەشکردوە، تێکۆشانی ئازادیی نیو سەدەی تەڤگەری ئاپۆیی، بە واتای تۆڵەسەندنەوە شێخ سەعیدەکان دێت کە وتویەتی: “بە دڵنیاییەوە نەوەکانم تۆڵەی من دەکەنەوە” و ئەو شەهیدانەی کە هاوارەکانیان لە هەرچوار پارچەی کوردستاندا دەنگ دەداتەوە. باسی لەوەشکردوە، بە دڵنیاییەوە یەکێک لە نەوە هەرە بوێر و قارەمان و فیداییەکان کە شێخ سەعیدی بانگ دەکرد، هەڤاڵمان زیلان (زەینەب کناچی)ـە، کە لە ٣٠ـی حوزەیرانی ١٩٩٦دا چالاکیی فیدای ئەنجامدا، ئێمە پێشەنگی فیدایمان هەڤاڵ زیلان لە ٢٩ـەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ئەودا کە بۆ دۆزی ئازادیی لە هەمان کاتدا چووە ناو کاروانی شەهیدانەوە، بەبیر دەهێنینەوە و ڕۆژی فیدابوونی لە گەلی کورد پیرۆز دەکەین. هەروەها هەپەگە دەشڵێت: وەکو جەنگاورانی فیدای ئاپۆیی پەیوەستبوونمان بە بەڵێنەکانمان بۆ شەهید، گەل و ڕێبەرایەتی ڕادەگەیەنین، ڕایدەگەیەنین کە ئێمە بەبریارین هەتا مسۆگەرکردنی ئازادیی گەلەکەمان و ڕێبەرەکەمان گرێرداوی هێڵی شەهیدانین و بە ڕۆحی فیدای ئاپۆی تێکۆشانمان بڵندتر و بەردەوام دەکەین. هێرش بە چەکی قەدەغەکراو هەپەگە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ماوەی ئەم دوو هەفتەیەیی کۆتاییدا بە تایبەت لە هەرێمەکانی ڕۆژئاوای زاپ، دەشتاییەکانی نێوان ناوچەی ئامێدیی باشووری کوردستان و هەرێمی دێرەلۆک جوڵە و هەروەها لە دژی هێزەکانمان لە مەتینا هێرشەکانی سوپای تورک زۆر زیادیان کردووە. هەروەها باسی لەوەشکردوە، لە گوندی سێگرێی نزیکی ناوچەی ئامێدی و لە گۆڕەپانی گردی ئامێدیمان کە کەوتووەتە ژووری گوندی سێگرێ بە چەکی کیمیایی شەپۆلێکی هێرشی لەناوبردن لە دژی هێزەکانمان دەستپێکراوە، پێشتریش پەیوەست بەم بابەتەوە ڕاگەیاندراو و ئاگادارییمان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردبووەوە، بەڵام هێرشەکانی سوپای تورک لەو ناوچانە بێناوبڕ و زیاتر بوون، دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی بگات بە ئامانجەکانی زۆر زیاتر بە چەکی کیمیایی هێرشەکانی درێژ کردووەتەوە. هەپەگە باسی لەوەشکردوە، ئەوان لە ٢٤ و ٢٦ـی حوزەیراندا لەم ناوچەیە لە دژی هێرشەکانی سوپای تورک کە لەسەر بنەمای لەناوبردن دەیکات، ئۆپەراسیۆنی وەڵامدانەوەمیان ئەنجام دا. لە بەردەوامیدا راگەیەندراوەکەدا هەپەگە دەشڵێت: دووبارەی دەکەینەوە؛ هێزەکانمان پەیوەست بە پرۆسەی نوێوە کە لەلایەن ڕێبەر ئاپوە ڕاگەیاندراوە و گرێدراوی بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکەین، وێڕای ئەوەی تێکۆشانی چەکداری وەستێندراوە، بە تایبەت لە هەرێمی ئامێدی فەرماندەیی سوپای تورک بە سەختی و تەواوەتی چەکی کیمیایی وەک تاوانی جەنگ بەکاردەهێنێت کە لەلایەن یاسا نێونەتەوەییەکانەوە قەدەغەکراوە و لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا ئێمەیش لە ٢٤ و ٢٦ـێ حوزەیراندا مافی وەڵامدانەوەمانمان بەکارهێناوە، پەیوەست بە هەستیاری پرۆسەکەوە لە ئێستادا دیمەنی چالاکی بەفراوان و زیانەکانی سوپای تورک بڵاوناکەینەوە. ئاماژەی بەوەشکردوە، بەڵام دەمانەوێت ئەم شتە ڕوونکەینەوە؛ بەرپرسیاری زیانەکان و ئەم تابلۆیەیی فەرماندەیی سوپای تورکی لە هەرێم و زیهنیەتەکەی کە لە بەرامبەر هێزێکی دەستهەڵگرتوو لە چەک بە بەردەوامی چەکی کیمیایی و تەقەمەنی بەکاردەهێنێت کە زیانێکی مەزنی لێدەکەوێتەوە، پێویستە بزانرێت گەر دوای ئەم ئۆپەراسیۆنی وەڵامدانەوە و ئاگادارکردنەوەیەمان، سوپای تورک بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی درێژە بە هێرشەکانی بدات، ئەوا وەڵامدانەوەی توندتر و کاریگەرترمان دەبێت، ئاشکرایە ئەم هێرشە کە لەلایەن هەندێک بازنەوە بۆ بەرژوەندی تاکە کەسی ئەنجام دەدرێن، لە هەمان کاتدا پەیوەندیدار بە لەباربردنی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیکی کە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە پێشخراوە و بۆ هەموو گەلانی تورکیا دەستوەردانێکی هەستیارە، بەم هۆکارە خاوەنی مافین لە دژی ئەم هێرشە بێدەنگ نەبین، هێزی خۆمان بپارێزین و بە توندترین شێوە وەڵامی پێویست بدەین. هەپەگە سەبارەت بە وردەکاری هێرشەکانی سەر هێزەکانی بەم شێوەیە زانیاری ختووەتە ڕوو؛ لە نێوان ٢١-٢٦ـی حوزەیراندا، تونێلەکانی گەریلا لە گۆرەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ ٩ جار بە گازی کیمیایی و درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆردوومان کراون. ٢٧ـی حوزەیران تونێلەکانی گەریلا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، لە پێشدا بە تەقەمەنی وێرانکەر و دواتر بە گازی کیمیایی بە سەختی بۆردوومان کراون. لە نێوان ٢١-٢٦ـی حوزەیران تونێلەکانی گەریلا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی بێشیلی و دەرگەلێ لە هەرێمی مەتینا ١١ جار بە درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆردوومان کراون. لە نێوان ٢٠-٢٦ـی حوزەیراندا تونێلەکانی گەریلا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، ١٨ جار بە بلدۆزەر و حەفارەی کونکردن هەوڵی ڕووخاندنیان دراون. ٢٦ـی حوزەیران تونێلەکانی گەریلا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانێ دەرگەلێ لە هەرێمی مەتینا، ١٥ جار بە بلدۆزەر، شۆفڵ و حەفارەی کونکردن هەوڵی ڕووخاندنیان دراوە. لە نێوان ٢٠-٢٧ـی حوزەیران لە هەرێمی مەتینا گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی بێشیلی، سەری مەتینا، لە هەرێمی گارە گۆڕەپانەکانی گردی سیسەر، گردی ڕەشید، دێڕەشی، گرگاشێ، دەشتی کافیا، مژێ، گردی کون، گردی زەنگل، زێڤکێ، حەفتەباخ، سپیندارێ، سێدارێ، لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی، گردی بەهار، لە هەرێمی خواکوڕک گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی بەرێ زینێ بە چەکی قورس، تۆپ و هاوەن بە بەردەوامی بۆردوومان کران. لە کۆتایشدا هەپەگە سەبارەت بە شەهید بوونی سەرحەد جەیلا دەڵێت: وڵاتپارێزی قەدرگران، سەرحەد جەیلان لە ناوچەی بازیدی ئاگری وەک میوان هاتە لای هێزەکانمان، بەڵام لەوکاتەی لامان مایەوە بەهۆی گۆرانی دۆخی هەواوە و بەهۆی سەرهەڵدانەوەی هەندێک نەخۆشی پێشوویی خۆی، وێڕای هەموو هەوڵدانەکانمان نەتوانرا گیانی ڕزگار بکرێت و ژیانی لەدەستدا، لەبەرئەوەی سەرحەد جەیلان لەناو خەباتی وڵاتپارێزییدا گیانی لەدەستداوە، ئەو وەک شەهیدی تەڤگەری ئازادیی کوردستان پەسەند دەکەین و خەمگینی خۆمان دەربڕین، سەرەخۆشی خۆمان لە بنەماڵەی هێژای وڵاتپارێزمان سەرحەد جەیلان، خزم و کەسووکارەکەی و هەموو گەلی وڵاتپارێزمان دەکەین.
پێگەی بلومبێرگ بڵاویکردوەتەوە، ئیسرائیل تێچوی زیانەکانی لە شەڕی 12 رۆژی لەگەڵ ئێراندا بە سێ ملیار دۆلار خەمڵاندوە. شای ئاهارۆنۆڤیچ، بەڕێوەبەری گشتیی دەسەڵاتی باجی ئیسرائیل بە پێگەی بلومبێرگ ئەوەشی راگەیاندوە، ئیسرائیل گەورەترین ئاڵنگاری ئابوری روبەڕوبوەتەوە لە جەنگی لەگەڵ ئێراندا، کە پێشتر زیانێکی لەو شێوەیە لە مێژوی ئیسرائیلدا نەبوە. بانکی ئیسرائیل پێشبینی دەکات لەمساڵدا گەشەی ئابوری بەڕێژەی 3.5% بێت، هەرچەندە ڕەنگە ئەمە بەهۆی شەڕی ئەم دواییە کاریگەری لەسەر بێت. لە ماوەی شەڕی ١٢ رۆژەدا، ئابوری ئیسرائیل بە شێوەیەک وەستا، قوتابخانە و شوێنە بازرگانییەکان داخران جگە لە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، حکومەت قەرەبوی ئەو کۆمپانیایانە دەکاتەوە، کە وەزارەتی دارایی یەک ،لیار و 500 ملیۆن دۆلار خەمڵاندویەتی. ئیسرائیل لە 13ـی حوزەیران هێرشێکی سەرەتایی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی ئاراستەی ئێران کرد و دواتر ئێران وەڵامی هێرشەکانی دایەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ڕۆژی سێشەممە 25ی حوزەیران ئاگربەستی راگەیاند.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەردەوامبوون و مانەوەى ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان مەرجی پێشوەختە بۆ هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری ئاساییکردنەوەی لەگەڵ سوریا. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە دانپێدانانی دیمەشق بە سەروەری ئیسرائیل بەسەر جۆلاندا هەنگاوێکی پێویستە بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا. لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی عیبری i24NEWS، گیدۆن ساعر، وەزیرى دەرەوەى ئیسرائیل ڕوونیکردەوە: ئەگەر دەرفەت بدرێت بە ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی یان ئاساییکردنەوە لەگەڵ سوریا، لەکاتێکدا بەرزاییەکانی جۆلان لەژێر سەروەری ئیسرائیلدا بمێننەوە، ئەمە بە بۆچوونی من شتێکی ئەرێنییە بۆ داهاتووی ئیسرائیلییەکان. لێدوانەکانی ساعر هاوکاتە لەگەڵ ڕاپۆرتێکی هەمان کەناڵ، بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگاداری سوری، کە پێشبینی کردبوو بەر لە کۆتایی ساڵی 2025 ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی تەواو لە نێوان دیمەشق و تەلئەبیب بکرێت. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆکان تا ئێستاش بە سەرپەرشتى ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەردەوامن، بە هاندانی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، و لەسەر داوای ئەحمەد شەرعی سەرۆکی سوریا. بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ڕێککەوتنەکە بریتییە لە کشانەوەی وردە وردەی ئیسرائیل لەو خاکانەی سوریا کە دەستی بەسەردا گرتبوو دوای ئەوەی لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤دا هاتە ناو ناوچەی پارێزراوەوە، لەنێویاندا لوتکەی چیای حەرمون. بەرزاییەکانی جۆلان دەگۆڕدرێن بۆ "پارکی ئاشتی"، بەبێ ئەوەی بەڕوونی پرسی سەروەری کۆتایی بەسەریدا ڕوون بکرێتەوە.
سەدان هاوڵاتى و بەرپرسى حکومى و سەربازى لە تارانی پایتەختی ئێران ئامادەبوون لە مەراسیمى پرسەى فەرماندە سەربازییە باڵاکانی ئێران، زانایانی ئەتۆمی و خەڵکی مەدەنی کە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا کوژراون. ئامادەبووان دروشمی مەرگ بۆ ئیسرائیل، بۆ ئەمەریکا، مەرگ بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەوتەوە. زۆربەی ئەوانەی ئامادەبوون بە تەواوی جل و بەرگی ڕەشیان لەبەردا بوو، هەوڵیان دەدا دەست لەو تابوتانە بدەن کە لەسەر چەند بارهەڵگرێکی گەورەدا دانرابوون و بەدرێژایی کاروانەکە دەڕۆشتن. جەماوەرەى ئامادەبوو بەیعەتیان دەدایەوە بە ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی ئێران دا و بە دروشمی: ئەی ڕێبەری بەرز، ئێمە ئامادەین! پیاوێک کە بەشداریی کردبوو وتی: پەیامی من بۆ ترەمپ ئەوەیە: ان شاءاللە دەمری! چونکە هێرشت کردە سەر ئێران. دڵنیابن کە خەڵک بەم زووانە بە سڕینەوەی ترامپ و ئیسرائیل و ئەمریکا تۆڵەی خوێنی ئەو شەهیدانە دەکەنەوە. کێ دەنێژرێت؟ بەگوێرەی میدیاکانی سەر بە دەوڵەت، پرسەی ڕۆژی شەممە بۆ کۆی گشتی ٦٠ کەس بووە کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون. لەوانە حوسێن سەلامی کە وەک بەرپرسی باڵاى یەکەمى سپای پاسدارانى ئیسلامی بووە و یەکێک بووە لە پیاوە بەهێزەکانی ئێران، محەمەد باقری کە وەک سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران بووە، هەروەها ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی پێشووی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران. بەپێی ئەو وێنانەی کە میدیای دەوڵەتی ئێران بڵاویان کردۆتەوە، بەرپرسێکی باڵای سەربازی و سیاسی ئێرانی کە پێشتر وا بیردەکرایەوە مردووە، ڕۆژی شەممە لە پرسەیەکی دەوڵەتی بۆ ئەو کەسانە دەرکەوت کە لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیلدا کوژراون. عەلی شەمخانی، یاریدەدەری نزیکی ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، دوای لێدانە بێوێنەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ١٣ی حوزەیران، لەلایەن ئیسرائیل و میدیاکانی ئێرانەوە هەواڵی کوژرانی ڕاگەیەندرا. دواتر میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە شەمخانی هێشتا لە ژیاندایە، پەیامێکیان بۆ خامنەیی بڵاوکردەوە کە دەوترێت لە شەمخانییەوە کە نووسرابوو “من لە ژیاندام و ئامادەم خۆم بەخت بکەم”. ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، شەمخانی لە وێنەکاندا بینرا کە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئێران لە پرسەی بەکۆمەڵ لە تاران بڵاویان کردۆتەوە، پشتی بە دارێکی ڕۆیشتن بەستووە و چوار پیاوی دیکە لە لایەکەوە بووە.
دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی دادوەرانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، دەرگای بەڕووی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کردووەتەوە. محەمەد عەنوز ئەندامى لیژنەى یاسایی لە پەرلەمانى عێراق بە رۆژنامەی عەرەبی جەدیدی گوتووە، دەستلەکارکێشانەوەی ئەو دادوەرانە، کێشەى دەستووری و یاسایی دروستدەکات، لەبەرئەوەى دادگای فیدراڵی تاکە سەرچاوەى چارەسەرکردنى کێشە گەورەکانى عێراقە، ئەنجامی هەڵبژاردنیش هەر دەبێت لەلایەن ئەو دادگایەوە پەسەندبکرێت، بۆیە کێشەکانی دادگاکە کێشە بۆ هەڵبژاردن دروستدەکات. محەمەد عەنوز ئاماژەی بەوەشکردووە، لە یاسای تایبەت بە دادگای فیدراڵی، هیچ ئاماژەیەک بە دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی ئەندامانی دادگاکە نەکراوە، ئەوەش چارەسەرکردنی کێشەکەی ئاڵۆزتر کردووە. هاوکات سەرۆکی ناوەندی رەشید بۆ پەرەپێدان بە عەرەبی جەدیدی گوتووە، رەنگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوابخرێت تاوەکو ئەوکاتەی کێشەکانی دادگای فیدراڵی چارەسەردەکرێن و دادگاکە دووبارە پێکدەهێنرێتەوە.
چەند سەرچاوەیەکى میسر بەکەناڵى ئەلعەرەبییەیان ڕاگەیاندووە، ئەمریکا نێوەندگرانی ئاگادارکردووەتەوە کە لە ئێستادا فشار دەخاتە سەر بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی درێژخایەن لە غەززە. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ناوبژیوانان داوای کاتێکی دیاریکراویان کردووە بۆ ئاگربەست لە غەززە، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دانوستانەکانی غەززە دەستپێدەکاتەوە و لە هەفتەی دووەمی مانگی تەمموزدا بڕیاری کۆتایی دەدرێت. ناوبژیوانان داوایان کردووە کە ئەمریکا ئاگربەست لە غەززە بۆ ماوەی نزیکەی دوو هەفتە بسەپێنێت، هەروەها ئەمریکا پلانێک دابنێت بۆ چوونە ناوەوەی هاوکارییەکان بۆ غەززە لە ماوەی مانگی تەمموزدا. لەلایەکى دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ٣٠ ملیۆن دۆلاری وەک بودجە بۆ دامەزراوەی مرۆیی غەززە پەسەند کردووە، داوای لە وڵاتانی دیکەش کرد پشتیوانی ئەو ڕێکخراوە بکەن کە هاوکاری دەگەیەنێتە هاوڵاتیان لە کەرتی غەززە. تۆمی پیگۆت، جێگری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: ئەم پشتیوانییە دووپاتکردنەوەی زیاتری پابەندبوونی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە ناوچەکەدا. ئاژانسی ڕۆیتەرز لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بڵاویکردەوە، ئەمریکا 30 ملیۆن دۆلار دەداتە ئەو ڕێکخراوە فریاگوزارییە. واشنتۆن لە مێژە پشتیوانی لە دامەزراوەی مرۆیی غەززە دەکات لەڕووی دیپلۆماسییەوە، بەڵام ئەمە یەکەم بەشداری دارایی ئاشکرایە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە، کە کۆمپانیا تایبەتەکانی سەربازی و لۆجستی ئەمریکی بەکاردەهێنێت بۆ گواستنەوەی هاوکارییەکان بۆ ناوچەی فەلەستین بۆ دابەشکردن لە "شوێنە سەلامەتەکان".
رۆژنامەی "الشرق الاوسط" دەڵێت توڕەیی جەماوەریی لە پارێزگای سلێمانی لەهەرێمی کوردستان بەرەو هەڵکشان دەچێت، بەهۆی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بۆ دووەم مانگ لەسەریەک. لە چەند رۆژی رابردودا بانگەوازی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی جەماوەری بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران كرا، کە لە مانگی ئایاری رابردووەوە نەگەیشتووەتە دەست ئەو کەسانەی کە مافی خۆیانە، مانگی حوزەیرانیش لە کۆتایدایە، ئەوە لە كاتێكدایە هیچ ئاماژەیەكی خەرجكردنی مووچە لە ئارادانیە. بڕیاربوو رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، خۆپیشاندەران بڕژێنە سەر شەقامەکان، بەڵام دەسەڵاتدارانی سلێمانی رێوشوێنێكی ئەمنی توندیان گرتەبەرو رێگەیان نەدا ئەنجامبدرێت. رۆژنامەكە لە زاری سەرچاوەكانیەوە زانیویەتی: دەسەڵاتدارانی سلێمانی ژماریەكی بەرچاو لە چالاكوانان و مامۆستایان و ئەو كەسانەیان دەستگیركردووە كە داوای مووچەكانیان كردووە، هاوكات ئەو رۆژنامەنوسانەش دەستیگركراون كە هەوڵیانداوە رووماڵی خۆپیشاندانەكە بكەن. هەر لەو چوارچێوەیەدا، هێزە ئەمنیەكانی سلێمانی، عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی رەوتی هەڵوێست و ژمارەیەك پەرلەمانتاری تریان دەستگیركردووە، بەهۆی ئەو رەخنانەی ئاڕاستەی دەسەڵاتیان كردووە لەبەرامبەر قەیرانی مووچە. لەلایەکى دیکەوە ڕۆژنامەى ئەلعەرب جەدید ڕاپۆرتێکى لەسەر هەمان گرفت بڵاوکردوەتەوەو دەڵێت: دوو مانگە فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە و بەوەش بەشێکى زۆر لە بازاڕەکان چۆڵییان پێوەدیارە و هەمووان هاواریان لێهەستاوە. تەنها رێگەیەکی شارستانیانەى داواکاریی مافەکانی فەرمانبەران و مامۆستایانە بەڵام حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بری ئەوەى چارەسەرى کێشەکەیان بۆ بکات رێگرییان لە خۆپیشاندانی مەدەنییانەش کرد و نەیانهێشت رۆژى پێنج شەممە مامۆستایان کۆببنەوە، رۆژنامەى عەرەب ئاماژەى بەوەشکردووە هێورکردنەوەى شەقام بە دابینکردنى مووچە دەبێت نەک بە بڵاوکردنەوەى هێز و دەستگیرکردنى خۆپیشاندەران و میدیاکاران، بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە وابڕیارە بە نزیکترین کات لیژنەیەکى تایبەت لە بەغدادەوە بگەنە هەرێم تا لە بارەى کێشەى مووچەخۆرانەوە بگەنە بڕیارێکى دڵخۆشکەر. محەمەد عەنوز ئەندامى لیژنەى یاسایی لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ئەوەى کە لە دادگاى فیدراڵیی رویدا و ژمارەیەکی زۆر لە دادوەرەکانى پێکەوە دەستیانلەکارکێشایەوە کێشەى دەستووری و یاسایی دروستدەکات. گوتیشى دەستلەکارکێشانەوەکەیان لەکاتێکدایە کە تا دێت لە هەڵبژاردنی بڕیارلێدراو نزیکتر دەبینەوە و یەکێک لە مەرجەکانى سەرگرتن و تەواوی هەڵبژاردنەکانیش ئەوەیە دەبێت دادگاى فیدراڵی ئەنجامەکان پەسەندبکات. ئاماژەى بەوەشکردووە، لە یاساى ژمارە 30ـى ساڵی 2005 کە تایبەتە بە دادگاى فیدراڵی هیچ ئاماژەیەک بە دەستلەکارکێشانەوەى بە کۆمەڵی تێدا نەکراوە و ئەوەش هێندەى تر پرۆسەکەى قوڵترکردووە.
شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت:، لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا هەیە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەفتەی داهاتوو لەسەر پرسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەگەنە رێککەوتن. بە گوتەی شوان کەلاری، لە کۆبوونەوەی شەوی رابردووی شاندی تەکنیکیی هەردوو حکومەتدا، لێکتێگەیشتنی باش هەبووە و هەردوولا ئامانجیان ئەوەیە بگەنە رێککەوتنێک. گوتیشی، شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق دێنە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە و پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی تاوتوێ دەکەن. هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەن هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان بگەنە رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی کۆمپانیای سۆمۆوە. دەشڵێت، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت چارەسەر بکرێت راستەوخۆ کێشەی مووچەش چارەسەر دەبێت و بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەفتەی داهاتوو رێککەوتن دەکرێت و کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت. لەلایەکى دیکەوە سەرچاوەیەکی حکومی ئاگادار لە وردەکاری گفتوگۆكانی نێوان شاندەكەی بەغداد كە سەردانی هەولێری كردووە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم، ئاشكرایكردووە: له چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن به لێکتێگەیشتنێکی گشتگیر لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و رەوانەكردنی موچه، شاندێكی تەكنیكی، كە نوێنەری وەزارەتەكانی نەوت و دارایی عێراقی لەخۆگرتووە، لەگەڵ نوسینگەی سەرۆك وەزیران، گفتوگۆیەكی ئەرێنیان لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت ئەنجامداوەو، بڕیارە سبەینێ گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەری كۆمپانیا نەوتییە بیانیەكان بكەن.
عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، نامەیەکی بۆ کۆنفرانسی" 100 ساڵەی سەرهەڵدانی شێخ سەعید و بزووتنەوەی ئازادی" نارد و تێیدا باسی رۆڵی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و هاوڕێکانی لە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستانیدا دەکات. ئۆجەلان لە نامەکەدا دەڵێت، سەرهەڵدانی شێخ سەعید، کە خەبات بوو بۆ مانەوە، زیاتر بوو لە سەرهەڵدانێکی ناوچەیی و کاریگەرییەکی قوڵی لە بیرەوەریی گەلی کورددا دروستکرد. سەرهەڵدانەکە خەباتی کورد بوو، دژی ئەو هزرە سەپێنەرەی لەو کاتەدا هەبوو. دەقەکەی بەمشێوەیەیە: “بۆ کۆنفرانسی سەدساڵەی سەرهەڵدانی ١٩٢٥ کۆمەڵەی ئازادی، شێخ سەعید و هەڤاڵانی، بیر و بانگەوازی هاوبەش حەقیقەتێکی مێژوویی کە ئێمە لە کەسێتی شێخ سەعید دا باسی دەکەین، لە سەرهەڵدانێک یان لە سەرهەڵدێرێکی هەرێمی زیاترە. ئەم حەقیقەتە تێکۆشانێکی نەریتییە بۆ هەبوونێک کە لە یادەوەری هاوبەشی گەلی کورد دا شوێنەواری قووڵی جێهێشتووە. تێکۆشانی سەرهەڵدانی کۆمەڵگەی کوردە کە بە باوەڕیی، نەریت و ئیرادە دژی زیهنییەتی تاکپەرستی سەپێندراو دەرکەوت. شێخ سەعید وەک پێشەنگێک لە هەلومەرجی سەردەمی خۆییدا، بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتی لەئەستۆ گرت و دژی سیاسەتەکانی نکۆڵی کە ئیرادەی کوردایەتی بە ئامانج دەگرت، هەڵوێستی بەهێزی نیشان داوە. ئەم سەرهەڵدانە کە لە کەسێتی ئەودا مانادار دەبێت، بە تەنها هەڵوێستێکی سیاسیی نییە، هاوکات هەڵوێستێکی کۆمەڵایەتیشە. ئەم هەڵوێستە گوزارشتێکی مێژوویی دڵسۆزی کوردە بۆ حەقیقەتەکەی. سیاسەتی ناوەندیگەرای و تاک-شووناسی کە لە ساڵانی سەرەتای کۆماردا بەڕێوەبرا، ئامانجی ئەوەبوو گەلی کورد لە هەبوونی خۆی دابڕێت. شێخ سەعید وتی ‘ئێمە دادپەروەریمان دەویست، بەڵام ئێوە سزای لەسێدارەدنتان پێداین’ بەم وتنەی دژی ئەم سیاسەتە دەنگی گەلێکی بەرزکردەوە لە دژی سێدارە. ئەم قسەیە ڕوونترین و بەهێزترین نیشانەیە کە پێمان دەڵێت حەقیقەت لە دژی ستەم پاشەکشەکی نەکردووە. هەروەها ئەو قسەیەکی دیکەی کە دەڵێت، ‘بەڕێز دادوەر، کوا خۆ ئێمە دەچووین پێکەوە بەرخ بخۆین’ گوزارشتە لەو پیلانگێڕییەی ڕووبەرووی کرایەوە. ئەو قسەیەی دیکەی ‘بێگومان نەوەکانم تۆڵەم دەکەنەوە’ هیوای بەرخۆدانێکە کە ئەو بۆ نەوەکانی داهاتووی جێهێشتووە. خاڵێکی تر هەیە کە لێرەدا دەبێت لە بنەڕەتەوە هێڵکاری بۆ بکرێت: وەک هەر بەرخۆدانێکی مێژوویی، سەرهەڵدان بە سەرکردایەتی شێخ سەعید، هەلومەرجی سەردەمەکەشی لە خۆیدا هەڵگرتووە. بەستنەوەی ئەو سەرهەڵدانە بە تێکۆشانی ئازادیی ئەمڕۆوە، نەک بە ڕۆمانسیزەکردنی بەڵکو بە خستنەڕووی وانە بنەڕەتییەکانی و دووبارە بوونیادنانەوەی بەردەوامی مێژوویی بە درێژایی هێڵێکی ئازادیخوازانە و دیموکراسی، مومکینە. من ئەم نەریتەم کردووەتە بنەما بۆ گۆڕینی شۆڕشگێڕێتی کوردانەی ئازاد. ئەو تێکۆشانەی کە من بەڕێوەی دەبەم ئامانجی ئەوەیە کە میراتی بەرخۆدانی واتاداری ڕابردوو لەگەڵ سیستەمی دیموکراسی و فرەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی داهاتوودا کۆبکاتەوە. هێڵی شێخ سەعید کاتێک مانای ڕاستەقینەی خۆی بەدەست دەهێنێت کە لەگەڵ پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیکی ئەمڕۆدا یەکانگیر دەبێت. کوردبوونێکی ئازاد بە دڵسۆزی بۆ مێژوو و کولتوور و بەها ئەخلاقی-سیاسییەکانی گەل مومکینە. پێویستە گەلەکەمان لەم بابەتەدا هۆشیار بێت و ئەو میراتە پیرۆزە بپارێزێت کە ڕێبەرە مێژووییەکان لە دوای خۆیان بەجێیان هێشتووە. لەسەر ئەم بنەمایە، بە ڕێزەوە شێخ سەعید و هەڤاڵەکانی بەبیر دەهێنمەوە و جارێکی دیکە بڕیارداریی خۆم بۆ بەرزڕاگرتنی بەهاکانی تێکۆشان لەسەر ڕێگای ئازادی و ڕاستی دەردەبڕم، بە هیوای کۆنفڕانسێکی سەرکەوتوو، سڵاو لە هەموو بەشداربووان دەکەم. عەبدوڵا ئۆجالان ئیمرالی، حوزەیرانی ٢٠٢٥”