تەمومژ و ئاڵۆزی هێرشەکەی سوریا چییە؟ 

4 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەمریکا و سوریا دەیانەوێت ئەنجامدەری راستەقینەی هێرشەکە بشارنەوە؟

ئامادەکردنی هاوڵاتی 
لە هێرشەکەی تەدموری پارێزگای حومس حکومەتی سوریا دەیەوێت شتێک پەردەپۆش بکات، ئەویش ئەوەیە ئەو کەسەی هێرشەکەی کردووە ئەندامی ئاسایشی گشتیی سوریا نەبووە و ئەندامی داعش بووە.

لە هێرشەکەی تەدمور دوو سەربازی ئەمریکی و وەرگێڕێک کوژران، سێ سەربازی دیکەی ئەمریکی و دوو ئەندامی ئاسایشی گشتی سوریاش برینداربوون. هەر زوو حکومەتی سوریا لەرێی میدیای فەرمییەوە رایگەیاند، هێرشەکە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراوە. دوابەدوای ئەمە ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا کە بە سێنتکۆم ناسراوە رایگەیاند، هێرشەکە لەلایەن تاکە چەکدارێکی داعشەوە بووە. 

بەڵام ئاماژە و لێدوانی جیاواز هەیە دەیسەلمێنێت هێرشەکە لەلایەن ئەندامێکی ئاسایشی سوریاوە ئەنجامدراوە. یەکەم ئاماژە و لێدوان لە زاری گوتەبێژی وەزیری ناوخۆی سوریاوەیە بەناوی نورەدین ئەلبابا کاتێک سەرەتا گوتی، چەکدارێکی سەر بە داعش تەقەی لە دەروازەی بنکەیەکی سەربازیی کردووە. 

بەڵام دواتر لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی، چەکدارەکە ئەندامێکی ئاسایشی گشتی سوریا بووە لە بیابانی تەدمور، بەڵام هیچ پلەیەکی باڵای نەبووە. نورەدین ئەلبابا زیاتر قسەی کرد و باسی لەوە کرد، لەو بیابانەدا زیاتر لە پێنج هەزار کەس چوونەتە نێو ریزەکانی ئاسایشی گشتی سوریاوە و هەفتانە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.

ئەوەی سەیروسەمەرەیە ئەم قسەیەیەتی کاتێک گوتی، سێ رۆژ لەمەوبەر هەڵسەنگاندن بۆ هێرشکارەکە کراوە و گەیشتووین بەو دەرئەنجامەی کە رەنگە بیری توندڕەویی هەبێت، بۆیە چاوەڕێ بووین رۆژی یەکشەممە بڕیارێک لەبارەی دۆسیەکەیەوە بدرێت، بەڵام هێرشەکە لە رۆژی شەممە روویدا و شەممانیش رۆژی پشووە لە دەمودەزگا حکومییەکاندا.

هەر ئەمە نییە، بەڵکو ئاماژەیەکی دیکە نوسینێکی جۆو کێنت، بەڕیوەبەری ناوەندی دژەتیرۆری ئەمریکایە لە تۆڕی ئێکس کاتێک هێرشەکەی بە هێرشێکی "ناوخۆ" وەسف کرد، کە مەبەست لێی ئەوەیە هێرشکارەکە لەنێو خودی حکومەتی سوریادا بووە. 

ئاژانسی فرانس پرێسیش، لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی سوریاوە ئاشکرایکردووە، هێرشکارەکە ئەندامی ئاسایشی گشتی سوریا بووە و 10 مانگە دامەزراوە. تەنانەت روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ هەمان شتی پشتراستکردەوە و رایگەیاند، ئەو چەکدارە ئەندامی ئاسایشی گشتیی سوریا بووە.

هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی هێرشکارەکە سەر بە دەوڵەتی سوریایە، بەڵام دەگوترێت ئەمریکا بەجۆرێک دەیەوێت پەردەپۆشی بکات چونکە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ ئەوەی هەڕەشەی تووندی کرد، بەڵام رایگەیاند، هێرشەکە هێرشێکی داعش بووە دژی ئەمریکا و سوریا لە ناوچەیەکی مەترسیداری وڵاتەکە کە لەژیر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا نییە.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش هەمان شتی گوت و رایگەیاند، ئەو ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریادا نییە.
مانگی رابردوو ئەحمەد شەرع لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆبوویەوە و لەدوای ئەو سەردانەی شەرع، سوریا بە فەرمی چووە نێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش.

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، هێرشەکە لەکاتی کۆبوونەوەی ئەفسەرانی ئەمریکی و سوریدا بووە لە بنکەیەکی سەربازیی لە تەدموور. تۆم باراک، نێردەی ترەمپ بۆ سوریا باسی لەوە کرد هێرشێکی لەناکاو بووە بۆ سەر کاروانێکی چاودێریی هاوبەشی سوریا و ئەمریکا.

لەدوای ساڵێک لە رووخانی بەشار ئەسەد ئەمە یەکەم هێرشی لەوشێوەیەیە ئەنجامدرێت. ماوەی ساڵێکە واشنتن وەبەرهێنانیکی گەورە دەکات بۆ کرانەوەی سوریا بەرووی جیهاندا و ناساندنی ئەحمەد شەرع وەک کەسێکی دیمکراتخواز، ئەمە جگە لەوەی زۆربەی سزاکانی سەر وڵاتەکەی هەڵگرتووە. 

شارەزایان و چاودێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەخنەی ئەوە دەگرن ئەمریکا نایەوێت ئەحمەد شەرع لەم هێرشەدا تێوەبگلێت، بۆیە زۆربەی لێدوان و نووسینەکانی بەرپرسانی ئەمریکا، بە دۆناڵد ترەمپیشەوە، بەو ئاراستەیەیە کە هێرشەکە داعش ئەنجامیداوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار