ئەردۆغان داوا لە پەرلەمانی توركیا بۆ ماوەی سێ ساڵی تر مۆڵەتی رەوانەكردنی هێز و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان درێژبكاتەوە. یاداشتەكە لەلایەن سەرۆكایەتی كۆماری توركیاوە بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیای پێشكەش بە پەرلەمان كراوە، داوا دەكات ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکان لە ناوخاكی عێراق و سوریا بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە درێژ بکرێتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە زیاتر لە ساڵێکە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەستیپێکردووە. لە یاداشتەکەدا سەرۆكایەتی توركیادا هاتووە: لە ناوچەکانی سنورییەكانی باشوری تورکیا هەڕەشەی تیرۆر بەردەوامەو سەقامگیریی هەمیشەیی مسۆگەر نەکراوە. راشیگەیاندووە: بەردەوامیی هەڕەشەی تیرۆرو نەبوونی سەقامگیرییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکانی لە ناوچە سنورییەکانی باشوری تورکیا، هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیمان دروست دەکات. لەبارەی سوریاشەوە ئاماژەی بەوەكردووە: پەیەدە و یەپەگە بەهۆی ئەجێندا جوداخوازییەکەیانەوە هیچ هەنگاوێک نانێن بۆ بەشداریکردن لە ئیدارەی ناوەندیی سوریادا و رێگری لە پێشکەوتنی پرۆسەی سەقامگیریی لەو وڵاتە دەکەن. هاوکات وەزارەتی بەرگریی تورکیا جەختی لەوە کردەوە، هەماهەنگییان لەگەڵ حکوومەتی ئێستای سووریا هەیە بۆ فەراهەمکردنی ئاسایشی ئەو وڵاتە.
بەپێى ڕاپۆرتى ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دەسەڵاتدارانى ئێران لەدووڕۆژى ڕابردوودا سزاى لەسێدارەدانى پێنج بەندکراوى کوردى لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان و کەرەج جێبەجێ کراوە، ئەو کەسانە پێشتر بەتۆمەتى جیاواز دادگایی کراون و سزاى لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە. دوو بەندکراەیان بەناوەکانی بیژەن قەهاری، خەڵکی شاباد و ئارەش مێهری خەڵکی کرماشانەو بەندکراوێکی دیکەشیان بەناوی شەهرام چنانی خەڵکی کرماشان ئاشکرا کرابووە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو بەندکراوەیان پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بە ئەنقەست» دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. سێ لەو بەندکراوانەش پێشتر بە تۆمەتی «دزیی چەکدارانە» سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا بوو، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەزیندانى کەرەج جێبەجێ کراوە. میدیاکانی سەر بەئێران لەسەر ئەو بابەتەنووسیویانە، دەستبەسەرکرانی ئەو سێ تۆمەتبارە پاش چەندین حاڵەتی دزیی چەکدارانە لە مانگی چوارى ساڵی ڕابردوو لە گەڕەکەکانی جیاوازی تاران و چەند شاری دیکەدا ڕوویداوە. لەم ڕاپۆرتانەدا بۆ پاکانەی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەم سێ کەسە هاتووە کە کردەوەکانی ئەم سێ بەندکراوە تۆمەتبارە بووەتە هۆکاری « پێکهێنانی ترس و شڵەژان و نائەمنی بۆ هاووڵاتییان..
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەسۆشیەیتد پرێس (Associated Press)، فەرماندەی سەرەکی کورد لە سوریا ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، حکومەتی سوریا و هێزی سەرەکی بە سەرۆکایەتی کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە بە شێوەیەکی مەبدەئی ڕێککەوتوون لەسەر پلانێک بۆ یەکخستنی ئەو هێزەی کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت وەک گروپێکی یەکگرتوو لە سوپای نیشتمانیدا. لێدوانەکانی مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە بە سەرکردایەتی کورد و ئەمریکا پاڵپشتی دەکرێن، لە چاوپێکەوتنێکدا پێنجشەممە لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس، پێدەچێت ئاماژە بێت بۆ پێشکەوتنێک دوای ئەوەی دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق بۆ چەند مانگێک لە دۆخێکی خراپدا بوو. عەبدی وتی: ئێستا هەردوولا لەسەر "میکانیزمێک" بۆ یەکگرتنەوە ڕێککەوتوون. ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە باسی ژمارەیەکی زۆر و دەیان هەزار سەرباز و هەروەها هەزاران هێزی ئاسایشی ناوخۆ دەکەین. ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەو هێزانە ناتوانن وەک کوتلە بچووکەکانی تر بە تاک بچنە ناو سوپای سوریاوە، بەڵکو وەکو پێکهاتەی سەربازیی گەورە پەیوەست دەبن کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی وەزارەتی بەرگری پێکهێنراون”. تەواوی لێدوانەکانی عەبدی لە چاوپێکەوتنەکەدا لە چەند خاڵێک خۆی دەبینییەوە کە ئەمانەن: - هەندێک نەرمی لە هەڵوێستی تورکیادا هەیە سەبارەت بە یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە سوپای سوریادا. - هێزەکانی سووریای دیموکرات و دیمەشق لەسەر میکانیزمێک بۆ تێکەڵکردنی هێزەکان لە سوپای سووریا ڕێککەوتوون. - دەیان هەزار لە هێزەكانی سووریای دیموکراتی دیموكرات و هەزاران هێزی ئاسایشی ناوخۆ لە ڕێککەوتنەکەدا بەشدار دەبن. - فەرماندە و ئەندامانی هێزەکانی سووریای دیموکرات پۆستی باڵاو گرنگ لە وەزارەتی بەرگری و فەرماندەیی سوپای سووریا وەردەگرن. - لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ کارکردن لەگەڵ وەزیری بەرگری و بەرپرسانی دیکەی سەربازی بۆ پەرەپێدانی میکانیزمی گونجاو. - ڕووداوەکانی سوەیدا و کەناراوەکانی سووریا هۆكاربوون لە دواکەوتنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ دیمەشق.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، کۆبوونەوەی حکومەت دەکات بۆ بڕیاردان لەسەر کشانەوەی ئیسرائیل لە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس، دوای ئەوەی بزووتنەوەکەیان بە پێشێلکردنی مەرجەکانی تۆمەتبار کرد. بەگوێرەی بڵاوکراوەیەکی ڕۆژنامەی یەدیۆس ئەهرۆنۆت، بەرپرسانی ئیسرائیل دواکەوتنی حەماس لە ڕادەستکردنی پاشماوەی ئەو بارمتانەی لە ناو کەرتی غەززە کوژراون ڕەتدەکەنەوە و ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو بیانووانەیان قبوڵ نەکردووە کە بزووتنەوەکە پێشکەشی کردووە. بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، ناتوانێت بگاتە ئەو ١٩ کەسەی کە ڕادەست نەکراونەتەوە، جەختی لەسەر پێویستی هەوڵ و کەرەستەی تایبەت بۆ دەرهێنانیان لە داروپەردووەکان کردووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، ئاژانسی هەواڵی عێراق (INA) ڕایگەیاند، لە هەنگاوێکدا کە ئامانجی دەستەبەرکردنی پێداویستییە گەشەسەندووەکانی وزەی وڵاتەکەیە، عێراق گرێبەستێکی واژۆکرد بۆ دروستکردنی وێستگەی کارەبای فاو کە بە غاز کاردەکات و توانای دروستکردنی ٣ هەزار مێگاواتی هەیە. بەپێی بڕگەکانی گرێبەستەکە و بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراقدا کۆمپانیای وەبەرهێنەر بەرپرسیارە لە دابینکردنی ئەو غازەی کە پێویستە بۆ بەڕێوەبردنی وێستگەی کارەبا.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بەڕێوە چوو، عێراق بۆ ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵبژێردرا. بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەم هەنگاوە باوەڕی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ڕۆڵی بنیاتنەر و هاوسەنگی عێراق لە پێشخستنی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤدا نیشان دەدات. لە کۆبوونەوەکەدا عێراق لە کۆی گشتی ١٨٨ ئەندامی دەنگدەر ١٧٥ دەنگی بەدەستهێناوە. عێراق پێشتر وەک ئەندامی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٩ هەڵبژێردرا، لەم خولەشادا بۆ جارێکی دیکە هەڵبژێردرایەوە.
کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، 400 بەربژێر بەهۆى سەرپێچى رێنماییەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن سزادراون. جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، لەسەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی سەرپێچیکردن لە رێنماییەکان، 400 بەربژێر سزادراون، لەو ژمارەیە 291 بەربژێرى پیاو و 49 بەربژێرى ژن بوون. گوتیشى "60 بەربژێرى دیکە بەر لە دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردن سزادراون". بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، حەوت هەزار و 768 بەربژێر پەسەندکراون، زیاتر لە 830 کەسیش لە بەربژێربوون دوورخراونەتەوە، کە بەگوتەى جومانە غەلاى زۆرینەیان بەهۆی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری و گەندەڵییەوە بووە. لەبارەى ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەران، باسى لەوەشکرد، ڕاهێنانی کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان بەردەوامە و تاوەکو کۆتایى ئەم مانگە بە سێ قۆناغ ڕاهێنان بەسەرجەم کارمەندەکان دەکەن کە ژمارەیان 230 هەزارە. ئامادەکارییەکان لە کاتێکدایە، 13 ڕۆژە بانگەشەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەستیپێکردووە و بڕیارە تاوەکو کاتژمێر حەوتى بەیانى ڕۆژى هەشتى تشرینى دووەمى ئەمساڵ بەردەوام بێت.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، تەقینەویەک لە نێوان شاری دێرەزوور و مەیادین ڕوویداوە و بە هۆیەوە سێ کەس کوژراون و نۆ کەسی دیکەش برینداربوون. ئەمڕۆ پێنج شەممە 16ی تشرینی یەکەمی 2025، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، بۆمبێکی چێنراو بە پاسێکی سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی سووریادا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە سێ ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی نەوت کوژارون و نۆ کەسی دیکەش برینداربوون. بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگە، تەقینەوەکە لە ڕێگەی نێوان هەردوو شاری دێرەزوور و مەیادین، نزیک گوندی سەعلۆ لە دەشتاییەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور ڕوویداوە، تا ئێستا ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا نەکراوە کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تەقینەوەکە، بەڵام گومان دەکرێت شانەیەکی نووستوی سەر بە داعش ئەو تاوانەیان ئەنجام دابێت. هەروەها باسی لەوەکردووە، دەستبەجێ هێز ئەمنییەکان و تیمەکانی فریاگوزاریی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام بە هۆی سەختی برینەکانیانەوە، پێشبینی دەکرێت ژمارەی کوژراوان زیاد بکات.
ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ داوای لە پەرلەمانی عێراق کرد پڕۆژە یاسای هەموارکراوی باری کەسیی ڕابگرێت، کە بەگوێرەی مەزهەبی جەعفەری داڕێژراوە ڕێکخراوەکە هۆشداریدا کە ئەم هەموارکردنە نوێیە یەکسانیی ژنان دەخاتە مەترسییەوە و وایان لێدەکات ببنە هاووڵاتی پلە دوو. دوای ئەوەی لە مانگی یەکی ئەمساڵ پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر هەمواری یاسای باری کەسیێتی دا، لە 27ـی ئاب پەرلەمانی عێراق حکومە شەرعییەکانی دیوانی وەقفی شیعی (لەسەر بنەمای فیقهی جەعفەری) بۆ هەمواری یاساکە پەسەند کرد. بەپێی ڕاپۆرتی هیومان ڕایتس وۆچ، یاساکە لە پرسی هاوسەرگیری، تەڵاق، میرات و مافی منداڵ لە دایک بۆ باوک، جیاوازی لە دژی ژنان دەکات و دەسەڵاتێکی فراوان بە پیاوان دەدات. سارا سەنبەر، توێژەر لە ڕهیومان ڕایتس وۆچ، ڕایگەیاند: "ئەم یاسایە جیاکاری دژی ژنان دەچەسپێنێت و پێگەی یاساییان دادەبەزێنێت، بۆیە دەبێت دەستبەجێ هەڵبوەشێنرێتەوە." بەگوێرەی هیومان ڕایتس وۆچ: ٠ یاساکە ڕێگە بە پیاوان دەدات بەبێ ڕەزامەندی یان ئاگاداریی ژنەکانیان، گرێبەستی هاوسەرگیری بگۆڕن بۆ ئەم یاسا نوێیە، هەروەها دەتوانن بەبێ ئاگادارکردنەوەی ژنەکانیان تەڵاقیان بدەن. دوای تەمەنی حەوت ساڵی، مافی گواستنەوەی منداڵ بە شێوەیەکی خۆکارانە بۆ باوک دەبێت، بەبێ گوێدانە بەرژەوەندیی منداڵەکە. ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: بەگوتەی دادوەرێک، یاساکە پێشێلکردنی دەستوورییە و مافەکان لەسەر بنەمای ئایین دەدات، نەک هاووڵڵاتیبوون، ئەمەش جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ژنانی مەزهەبە جیاوازەکاندا دروست دەکات. نادیە مەحموود، هاوبەشی دامەزرێنەری هاوپەیمانی ئامانی ژنان، ڕایگەیاند، یاساکە ژن بە هاووڵاتییەکی یەکسان دانانێت، بەڵکو بە شوێنکەوتەی پیاو و بەرپرسیار لە جێبەجێکردنی هەموو خواستیەکانی دادەنێت.
هێزەکانی کۆماندۆی سەر بەهەسەدە، بەهاوکارى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى، لەدوو ئۆپەراسیۆنی وردی ئەمنیدا توانیویانە دووشانەى گروپى داعش دەستگیربکەن و ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیشیان دەستبەسەرداگرتووە. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) لە میانی ئۆپەراسیۆنی یەکەمدا کە بە بەشداریی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامدراوە، شانەیەکی داعشیان لە گوندی ئەلبەریحە لە ناوچەی ئەلبوسەیرە لە لادێی دێرەزۆری ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر کردە ئامانج و تیرۆریستێکیان دەستگیرکردوەکە سەلمێندرا دەستی هەبووە لە ئەنجامدانی هێرشەکان دژی هێزەکانمان و خەڵکی مەدەنی ناوچەکە. هەر لەو ئۆپرسیۆنەدا هێزەکانی بەشدار توانیویانە دەست بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنی لەو تیرۆریستە دەستگیرکراوەدا بگرن. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە ئۆپەراسیۆنی دووەمیش لە گوندی ئەلسەبا لە ناوچەی ئەلبوسەیرە لە لادێی دێرەزۆر لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر ئەنجامدرا، کە هێزەکانمان شانەیەکی تیرۆریستی داعشیان هەڵوەشاندەوە و دوو ئەندامیان دەستگیرکردووە. دەشڵێن: ئەو دوو ئەندامە دەستگیرکراوە چەندین هێرشی تیرۆریستییان ئەنجامدابوو کە هێزەکانمان و کارمەندانی ئەمنی و خەڵکی مەدەنی ناوچەکەیان کردبووە ئامانج. هێزەکانمان هەوڵە بەردەوامەکانیان و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دووپات دەکەنەوە بۆ بنبڕکردنی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیەوە و وشککردنەوەی سەرچاوەى دارایی و ماددی و ڕێگریکردن لە هەر چالاکیەکی تیرۆریستی کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری هاوڵاتیانى ناوچەکە بکات.
ئاژانسى ڕۆیتەرز لەزارى ڕاوێژکاری باڵای حکومەتى ئەمریکاوە ڕایگەیاندووە، پارەی ئاوەدانکردنەوە ناچێتە ئەو ناوچانەی کە لەلایەن حەماسەوە کۆنترۆڵکراون و هیچ دەستێوەردانێک ناکات لەو پارەیەدا، هاوکات ئەوەش دەخاتەڕوو بەرنامەیەکیان هەیە پاداشت بدەنە ئەو کەسانەى کە هاوکارن لە دۆزینەوەو ناسینەوەى تەرمى ئیسرائیلییەکان لەکەرتى غەززەدا. ڕاوێژکاری باڵاکەى ئەمریکا ئەوەشى باسکردووە، لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززەدا سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا و ئێستا بەرەو قۆناغی دووەم دەڕۆن، وتیشى: ئێمە چووینە قۆناغی داهاتووی ڕێککەوتنی غەززەوە، گفتوگۆی زۆر ئەرێنی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە بۆ دەستەبەرکردنی گەیاندنی کاریگەرانەی هاوکاری بۆ خەڵکی غەززە. هەر لەو چاوپێکەوتنەى ئاژانسى رۆیتەرزدا، ئەو ڕاوێژکارە ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، پێکهێنانی هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی بۆ غەززە دەستیپێکردوەو دۆخەکە دوای دوو ساڵ لە شەڕی غەززە تا ئێستا لە ڕادەبەدەر هەستیار ماوەتەوە، وتیشى: هیچ کەسێک لە غەززە ناچار نابێت بچێتە دەرەوە، زۆرێک لە وڵاتان ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هێزی سەقامگیری لە غەززە دەربڕیوە، لەنێویاندا ئەندەنوسیا.
چالاکوانێکی ئایینی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری ئیستەنبوڵ تیرۆرکرا، کەسوکارەکای گومان دەکەن ئێران دەستی لە تیرۆرکردنەکە هەبێت و بەرپرسانی تورکیاش تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. مەسعود نەزەری، چالاکوانێکی ئایینی خەڵکی شاری جوانڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە لە شاری ئیستەنبوڵی تورکیا لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن چەند کەسێکەوە تەقەی لێکرا و بەهۆی سەختی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا. سەرچاوەیەک لە جوانڕۆوە بۆ ئاڤا پشتڕاستی کردووەتەوە کە مەسعود نەزەری نزیکەی دە ساڵ پێش ئێستا بەهۆی ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتی ئێران، ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەجێهێشتووە، دواتر چووەتە سووریا و پەیوەندی بە گرووپە چەکدارەکانەوە کردووە، بەڵام دوای ماوەیەک وازی لەو گرووپانە هێناوە و ڕووی کردووەتە ئیستەنبوڵی تورکیا. کەس و کاری مەسعود نەزەری گومان دەکەن کە کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی لە تیرۆرکردنی کوڕەکەیاندا هەبێت، بەپێی قسەکانیان، هێزە ئەمنییەکانی ئێران چەندین جار هەڕەشەیان لێ کردووە و بە شێوەیەکی بەردەوام چاودێرییان کردووە. تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکانی تورکیا هیچ ڕاگەیەندراوێکیان لەسەر ئەم ڕووداوە تیرۆرستییە بڵاو نەکردووەتەوە و لێکۆڵینەوەکان لەبارەی دۆزینەوەی بکوژان بەردەوامن.
دانوستانەکانی ڕووسیا و سوریا لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا دوای زیاتر لە دوو کاتژمێر کۆتایی هات، لە نێوان ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆک کۆماری سووریا و ڤلادیمێر پوتین هاوتا ڕووسیەکەی، ئەمە یەکەم سەردانی فەرمی سەرکردەیەکی سووریا بوو بۆ ڕووسیا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی لەکارخراو لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤، کۆبوونەوەکە لە هۆڵی سەوزی کۆشکی گەورەی کرێملین کاتژمێر ٢:١٥ی پاشنیوەڕۆ دەستیپێکرد بەکاتی مۆسکۆ. لە میانەی دیدارەکەدا سەرۆکی سووریا دووپاتی کردەوە کە سووریا هەوڵدەدات "پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕوسیادا ڕێکبخاتەوە"، هاوکات سەرۆکی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە کە مۆسکۆ حەز دەکات لە قۆناغی دوای جەنگ و ئاوەدانکردنەوەی سووریادا پاڵپشتی سوریا بکات. سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا ئاشکرای کرد کە دانوستانەکان باس لە پڕۆژەی تایبەت لە کەرتەکانی وزە، گواستنەوە، گەشتوگوزار، و تەندروستی کراوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە مۆسکۆ پێشنیاری کردووە بەشداری بکات لە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی سوریا کە لە سەردەمی سۆڤیەت دامەزراون و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی کەرتی وزە، هەروەها لیژنەیەکی هاوبەشمان پێک هێناوە بۆ پێشخستنی دەرهێنانی نەوت لە سووریا. جەختیشی لەوە کردەوە کە ڕووسیا هاوکاری لەگەڵ سووریا وەک هاوبەشێکی ستراتیژی درێژخایەن دەڕوانێت، هەروەها مۆسکۆ ئامادەیە بۆ بەشداری چالاکانە لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە و فراوانکردنی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا.
سەرچاوەیەك لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بەمیدیاکانى یەکێتى نیشتیمانى کوردستانى ڕاگەیاندووە هێڵی ئاسمانیی 'توركش ئێرلاین' سیستمی فرۆشتنی بلیتی گەشتی ئاسمانی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی چالاككرد و یەكەم گەشتی ئەو هێڵە بۆ سلێمانی، ڕۆژی 3ـی مانگی داهاتوو دیاریكراوە. ڕۆژى پێنج شەممەى ڕابردوو، (9ـی تشرینی یەکەمی 2025)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ئەنقەرە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی کۆماری تورکیا کۆبووەوە، و لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی و لەسەر رەزامەندی و راسپاردەی ئەردۆغان ئابڵووقەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵگیرا. دواتر لەڕاگەیەندراوێکیدا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆککۆماری تورکیای کرد و رایگەیاند: "ئهم بڕياره له چوارچێوهى پهيوهندييه پتهوهكانى ههرێمى كوردستان و كۆمارى توركيادا دێت كه دڵنياين يارمهتيدهر و هاوكار دهبێت بۆ برهودانى زياتر به هاريكاريى هاوبهش و له بهرژهوهنديى ههردوولا و بهتايبهتى له بهرژهوهنديى هاووڵاتيانماندا له سنوورى سلێمانى دهبێت". بۆ یەکەم جار تورکیا لە 3ـی نیسانی 2023، ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا داخست، بە پاساوی زیادبوونی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنوورەکە. رووداوەکە دوای ئەوە هات کە رۆژی دووشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2025، تورکیا راگرتنی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی درێژکردەوە.
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى بارەگاى بارزانى: رۆژی چوارشەممە 15ی تشرینی یەکەمی 2025 لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای (ئەنەکەسە) کرد کە پێکهاتبوو لە سکرتێری پارتە سیاسیەکانی ناو (ئەنەکەسە). لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە؛ لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و دوایین پێشهاتەکانی سوریا ئاڵوگۆڕ کرا. هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی وێرای ئاماژەدان بە دۆخی کورد لە سوریا جەختی لەسەر پێویستی یەکڕیزی لایەنە کوردەکانی سوریا کردەوە و هەروەها داواشی کرد لایەنە کوردییەکان بە ئاراستەی بەهێزترکردنی بنەماکانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و تەبایی بن لەگەڵ عەرەب و پێکهاتەکانی تری سوریا کار بکەن.
