سووریا، لە ساڵی نوێدا دراوی نوێ دەخاتە بازاڕەوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرۆکی بانکی ناوەندیی سووریا ئاشکرای کرد، لە دەسپێکی ساڵی نوێی 2026ـەوە، دراوی نوێی سووریا دەخرێتە بازاڕ، ڕاشیگەیاند، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دراوی کۆن بە دراوێ نوێ لە سەرجەم بانکەکان دەستپێدەکات.

پێنجشەممە 25ـی کانوونی یەکەمی 2025، عەبدولقادر ئەلحەسریە سەرۆکی بانکی ناوەندیی سووریا، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەیدا، لە 1ی کانوونی دووەمی 2026، دراوی نوێی سووریا دەخرێتە بازاڕەوە و پرۆسەی گۆڕینی دراوی کۆنیش دەستپێدەکات، ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆسەکە بە ئاسانی و ڕێکخراو دەبێت، میکانیزمەکانیشی بە ڕوونی و شەفافانە ڕوون دەکرێنەوە.

لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەداوە "پێشوازی لە دەرکردنی فەرمانی ژمارە 293ـی ساڵی 2025 دەکەن، سەبارەت بە چاپکردنی دراوی نوێی سووریا کە ئەمە قۆناغێکی سەرەکی نیشتمانییە هەروەها ڕەنگدانەوەی دەستپێکی قۆناغێکی نوێی ئابووری و دراوییە بۆ حکوومەت و گەلی سووریا".

باسی لەوەشکردووە، بە فەرمانی حکوومەتی سووریا دەسەڵاتی پێویست دراوە بە بانکی ناوەندی بۆ دیاریکردنی وادە و شوێنەکانی ئاڵوگۆڕکردن، بۆیە بە بڕیارێکی بانکی ناوەندی پەیڕەوی جێبەجێکردن دەردەچێت، بە گرنگیدانێکی بەهێز بە خزمەتکردنی هاووڵاتییان و ئاسانکاریی ڕێکارەکان لە سەرجەم ناوچەکان.

ئەلحەسریە ڕوونیشیکردەوە، دراوی نوێی سووریا هێمای سەروەری دارایی دوای ڕزگاری وڵاتەکەی لەسەر دەبێت، ئەمەش قۆناغێکی نوێیە کە لە ڕێگەی هاریکاریی بەکۆمەڵەوە بنیات نراوە و لەلایەن بانکی ناوەندی سووریاوە بەڕێوەدەبرێت.

بانکی ناوەندی سووریا، پێشتر لە 18ی کانوونی دووەمدا ڕوونیکردبووەوە کە لە کاتی خۆیدا سەرجەم وردەکارییەکانی دراوی نوێ ڕادەگەیەنێت، کاتێک هەموو ئامادەکاری و ڕێکخستنی پێویست تەواو بوو.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرجەم مامەڵەکانی بانکی وەکو پێشووتر بەردەوام دەبێت، بە بێ ئەوەی هیچ کاریگەرییەک لە سەر ئەو خزمەتگوزارییانە دروست بکات کە پێشکەش بە هاووڵاتییان و وەبەرهێنەران دەکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار