عێراقچى: ئەوەى ئەمریکییەکان داواى دەکەن ناوى دانوستاندن نییە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامێکی توند ئاراستەی واشنتن دەکات و ڕایدەگەیەنێت، تاران دەرگای دانوستانی دانەخستووە، بەڵام ئەوەی ئێستا ئەمریکییەکان داوای دەکەن ناوی دانوستان نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ سەپاندنی هەژموون و زاڵبوون بەسەر ئیرادەی ئێراندا.

 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وەڵامی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکای دایەوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئێران ئامادەی "دانوستانێکی مانادار"ـە. عێراقچی ڕەخنەی لە عەقڵییەتی ئیدارەی ئەمریکا گرت و ڕایگەیاند کە پێویستە واشنتن لە بیرکردنەوەی خۆبەزلزانین دووربکەوێتەوە و خۆی لە سەرووی یاسا و مافە نێودەوڵەتییەکانەوە نەبینێت، چونکە ئەو شێوازەی ئەوان داوای دەکەن پرۆسەی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو تەنیا خۆسەپاندنە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە مێژووی مامەڵەی نێوان هەردوو وڵات کرد و گوتی، هەموو جیهان شاهیدی ئەوەن کە چۆن ئێمە بە نیازپاکی دانوستانمان کرد، بەڵام ئەمریکا بڕیاری دا هێرش بکات و دیپلۆماسیەت لەناوببات. عێراقچی دووپاتی کردەوە کە وەڵامی ئێران بۆ ئەو هێرشانە هەمان سیاسەتی هەمیشەیی بووە کە بەرگریکردن و وەڵامدانەوەیە، دڵنیاییشی دا کە ئەمریکا لەو هەنگاوانەی دژی گەلی ئێران ناویەتی پەشیمان دەبێتەوە.

 لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، عێراقچی داوای لە ئەمریکا کرد واز لە فریودانی ڕای گشتیی جیهان بێنێت و ڕوو لە دیپلۆماسیی ڕاستەقینە بکات. بە گوتەی ناوبراو، درێژکردنی دەست بۆ ئاشتی و دیپلۆماسی بە مانای ناردنی بۆمب و مووشەک نایەت، بەڵکو دەبێت بە کردار نیازپاکی دەربخەن.
 
ئەم لێدوانانەی عێراقچی لە کاتێکدایە کە تاوەکو ئێستا هیچ ئاسۆیەک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان تاران و واشنتن بەدی ناکرێت. ئەمریکا مەرجی "سفری یۆرانیۆمی پیتێنراو"ی داناوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ، لە بەرامبەردا تاران ئەم مەرجە بە دەستوەردان لە سەروەریی وڵاتەکەی و "هێڵی سوور" وەسف دەکات و ڕەتیدەکاتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار