سەرۆکی ئەمریکا بڵاویکردەوە، مارک ساڤایای وەکو نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق دیاریکردووە. دەشڵێت، ئەو تێگەیشتنێکی باشی لە پەیوەندییەکانی واشنتن و بەغدادا هەیە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ نووسیویەتى: "خۆشحاڵم مارک ساڤایا وەکو نێردەی تایبەتمان بۆ خزمەتکردن لە کۆماری عێراق ڕادەگەیەنم". مارک ساڤایا وەبەرهێنەرێکی ئەمریکییە و ئەو هاودامەزرێنەر و بەرێوەبەری کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی حەشیشە لە ئەمریکا. ئەو هەروەها هاودامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای " Future Grow Solutions"ـە کە دەرمانی پزیشکی لە حەشیش دروست دەکات. سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت، "تێگەیشتنی قووڵی مارک لە پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا و ناوچەکە، یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئەمریکا"، هاوکات پیرۆزبایی ئەو پۆستە نوێیەی لە مارک کرد و جەختی لە ڕۆڵی سەرەکیی دەکاتەوە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا لە میشیگن و دەڵێت: "مارک یارمەتیدەر بووە بۆ دەستەبەرکردنی دەنگێکی پێوانەیی موسڵمانە ئەمریکییەکان لەو ویلایەتە"، کە ڕێژەیەکی زۆر موسڵمانی ئەمریکی تێدا دەژی. مارک ساڤایا یەکێکە لەو کەسانەی رۆڵێکی کاریگەری لە ئازادکردنی ئیلیزابێس تسورکۆڤدا هەبووە. ئەو بارمتەیەکی ئیسرائیلی بوو کە 9ی ئەیلوولی ئەم ساڵ دوای چەند ساڵێک لە بارمتەبوونی لەلای گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئازاد کرا. رۆژی 3ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، تسورکۆڤ لە ئێکسەکەیدا نووسی، "زۆر سوپاسگوزاری ئادەم بۆیلە، نێردەی تایبەت بۆ کاروباری بارمتەکان، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مارک ساڤایا و میک بیرگمان دەکەم بۆ ئەو هەوڵانەی دایان بۆ ئازادکردنم". سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "مارک کارەکتەرێکی سەرەکیی کەمپەینەکەم بوو لە میشیگن، کە تێیدا ئەو و کەسانی دیکەش هاوکاربوون لە بەدەستهێنانی دەنگی موسڵمانان (لەو ویلایەتەدا). پیرۆزە مارک!"
سەرۆکی ئەمریکا لەسەر چەکەکانی حەماس ڕایدەگەیەنێت بەڵێنیان دابوو چەک دابنێن، بەڵام ئەگەر ناچار بین لەڕێگەی خۆمانەوە یان بەپشتیوانی ئیسرائیل لەڕێگەى ئەوانەوە ئەو چەکانەیان پێدادەنێین. ڕۆژی یەکشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریدا لەوەی ئەمریکا دەتوانێت دەستوەردانێکی ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی ئیسرائیلەوە بکات بۆ چەکداماڵینی حەماس ئەگەر پابەند نەبێت بە بەڵێنەکەی بۆ داماڵینی چەک، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی "سەربازەکانی لەسەر زەوی جێگیر ناکات" لە فەلەستین و کەرتى غەززە. ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاند، ئیسرائیل ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕێککەوتنی ئاشتی، ئاماژەی بەوەشکرد، "هەر کە ئەوان (ئیسرائیل) ڕۆیشتن، حەماس حەوت کەسی لەسێدارەداوە، دواتر 30 کەسی دیکەیان لەسێدارەداوە"، بڕوای خۆی دەربڕی کە بزووتنەوەکە "رێککەوتنەکە پێشێل دەکات، ئێستاش ئەو کارە دەکەن". دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ چەک دانانی حەماس نییە، بەڵام پێویستە بە زوترین کات ئەو کارە ئەنجام بدەن. هاوکات لێپرسراوێکی سەربازی ئیسرائیل ئاشکرایکردووە، پێدەچێت تەلئەبیب بە لێدانی زیاتر بزووتنەوەکە بکاتە ئامانج، لە کاردانەوەی ئەوەی کە ئەمڕۆ حەماس پێشێلکاری لەرێککەوتنی ئاگربەست ئەنجامداوە. لەلایەکى دیکەوە، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، تاوەکو حەماس تەرمی هەموو بارمتەکان رادەست نەکاتەوە، دەروازەی رەفەح ناکرێتەوە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوو فەرمانیکردووە دەروازەی رەفەح تاوەکو ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە بە داخراوی بمێنێتەوە". نووسینگەکە گوتیشی: "کردنەوەی دەروازەکە لەسەر بنەمای ئەوە تاوتوێ دەکرێت، کە حەماس چۆن پابەندییەکانی بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان و تەرمی کۆچکردووان جێبەجێ دەکات و مەرجە رێککەوتن لەسەرکراوەکانی ئاگربەستەکە جێبەجێ دەکات" رێککەوتنەکە کە بە سەرپەرشتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کراوە، ئامانجی کۆتاییهێنانی یەکجارەکییە بە جەنگی غەززە. لەوەتەی ئاگربەستەکە دەستیپێکردووە، کە سێیەمین ئاگربەستە لەوەتەی شەڕ لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە هەڵگیرساوە، سەتان هەزار فەلەستینی گەڕاونەتەوە باکووری کەرتەکە بۆ ماڵەکانیان.
شاندێکی نووسینگەی ژنان لە کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێکانی، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئیلهام ئەحمەد ئەنجامدا، بارودۆخی مرۆیی کۆچبەران و هەوڵەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی بۆ مسۆگەرکردنی گەڕانەوەیەکی ئارام تاوتوێ کرا. نووسینگەی ژنان لە کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێکانی، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئیلهام ئەحمەد، ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە سیاسی و مرۆییەکانی پەیوەست بە دۆسیەی کۆچبەران، لەژێر ڕۆشنایی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی گۆڕەپانی سووریا و دیدارە یەک لە دوای یەکەکانی نێوان شاندەکانی دانوستان و دیمەشق. لەکاتی دیدارەکەدا، هەردوولا بارودۆخە سەختەکەی هەزاران کۆچبەریان خستەڕوو، کە زیاتر لە شەش ساڵە بەهۆی داگیرکردنی شارەکەیانەوە تێیدا دەژین، کە هێشتا ژمارەیەکی زۆریان لە کەمپ و قوتابخانەکاندا لە ناوچە جیاجیاکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نیشتەجێن. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان و پێشکەشکردنی پشتیوانیی مرۆیی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان کرایەوە. هەروەها، کۆبوونەوەکە ئاماژەی بە ڕێککەوتننامەی ١٠ ـی ئازار کرد، کە تێیدا مافی هەموو کۆچبەران بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان جێگیرکراوە، وەک پایەیەکی سەرەکیی هەر چارەسەرێکی سیاسیی گشتگیر و دادپەروەرانە لە سووریا، بەتایبەتی لەژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە سیاسییە چاوەڕوانکراوانەی کە ڕەنگە ڕێگە بۆ قۆناغێکی کاتیی نوێ خۆش بکەن. لەکاتی قسەکانیدا، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئیلهام ئەحمەد، جەختی لەوە کردەوە کە "مافی گەڕانەوە، مافێکی مرۆیی و یاساییە و سازشی لەسەر ناکرێت"، دووپاتیشیکردەوە کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی پرسی کۆچبەران لە پێشینەی کارەکانیدا دادەنێت و کاردەکات بۆ هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنە سیاسی و مافپەروەرەکان بۆ مسۆگەرکردنی گەڕانەوەیەکی ئارام و شکۆمەندانە بۆ هەموو خەڵکی سەرێکانی و گرێ سپی و سەرجەم ناوچە داگیرکراوەکان. هەروەها ئەندامانی نووسینگەی ژنان لە کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێکانی، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەو هەوڵانە دەربڕی کە لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانەوە بۆ پشتیوانیکردن لە دۆسیەی کۆچبەران دەدرێن، جەختیان لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی ژنانی کۆچبەر و پتەوکردنی ڕۆڵیان لە بەرگریکردن لە مافەکانی کۆمەڵگەکەیان و داواکردنی گەڕانەوەی هەموو خەڵکی شارەکەیان کردەوە. لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگی و کاری هاوبەش بۆ بەرگریکردن لە مافی گەڕانەوە و کاراکردنی ئەو بڕگانەی کە پەیوەستن بەم پرسەوە لە هەر ڕێککەوتنێکی سیاسیی داهاتوودا کردەوە، ئاماژەیان بەوەشدا کە گەڕانەوەی کۆچبەران بۆ سەرێکانی، هەنگاوێکی سەرەکییە بەرەو بەدیهێنانی دادپەروەری و سەقامگیری و بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراتیکی فرەلایەن کە مافی هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر بکات.
وەزیری دەرەوەی توركیا جەخت دەکاتەوە، دۆخی ئەمنی سوریا پرسی سەرەکی ئێمەیە و لە ئێستادا خەمی سەرەکی ئەوانە (تورکیا) پێشى وایە هەموو شتێک کە لەوێ روودەدات راستەوخۆ کاریگەری لەسەر یەکپارچەیی خاکەکەمان و ئاسایشی هاووڵاتییانمان هەیە. لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی" Ülke TV" توركی، ئەمڕۆ یەکشەممە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند: گەورەترین مەترسی ئێمە بەردەواميی فراوانخوازیی ئیسرائیلە لە سوریا، لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ ئەمریکییەکان چووینە گفتوگۆوە بۆ ئەوەی ئیسرائیل ناچار بکەین دەستبەرداری ئەمو سیاسەتە مەترسیدارە بێت کە دەیەوێت وڵاتانی دراوسێ بە لاوازی و دابەشبویی بهێڵێتەوە. ناوبراو لەبارەى رێککەوتنی 10ی ئازاری نێوان هێزەکانی سوریای دیموكرات و حکومەتی سوریا، دەڵێت: کشانەوەی دەستبەجێی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە ناوچە عەرەبیەكان لەخۆدەگرێت، ئەمە لە پێشینەی کارەکانمانە، ئەگەر هەیە چاوەڕوانی سەرهەڵدانی ململانێی زۆر مەترسیدار بکەین ئەگەر یەپەگە لە ناوچە عەرەبییەکان نەکشێتەوە. وەزیرى دەرەوەى تورکیا هەر لەو چاوپێکەوتنەدا هێما بۆ ئەوەشدەکات کە چاوەڕێن و دەبینین هەندێک گفتوگۆ بەردەوامە، بەڵام هێشتا تەواو نەبوون، پرسی تێکەڵکردنی چەکدارەکانیان لە سوپای سوریا لە گفتوگۆدایە. هەروەها پێشى وایە کە دەبینین یەپەگە هەڵوێستێكی توندڕەوانە پیادە دەكات، ئەمە لە بەرژەوەندی ئەوان نییە، دووپاتى ئەوەشى کردەوە کە ئەگەر رێککەوتنەکە شکستی هێنا، ئێمە لەم بابەتەدا هاوکاری راستەوخۆ لەگەڵ سوریادا دەکەین. لەبارەی پرسی گواستنەوەی دەیرەزوریش بۆ حکومەتی سوریا تا ئێستا رێککەوتن نەكراوە، پلانی ئەوە لە ئارادایە کە بەم نزیکانە کۆبونەوەی سێ قۆڵی ئەنجام بدرێت لە نێوان تورکیا و ئەمریکا و سوریا. وەزیرى دەرەوەى تورکیا واى وت. هاکان فیدان دەشلێت: یەپەگە هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ دەستبەرداربون لەو ئەندامانەی مەترسی لەسەر ئاسایشی تورکیا دروست دەکەن، لە نمونەی چەکدارانی پەکەکە کە لە تورکیا، عێراق، یان ئێرانەوە هاتوون، هیچ گەرەنتییەکیان نەداوە بۆ نەهێشتنی تونێل، سیستەمی موشەکی، یان ئەو ئەندامانەی تورکیا دەکەنە ئامانج.
دوای هەفتەیەک لە پێکدادانی توند لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات، کە بەسەختترین گرژیی نێوانیان دادەنرێت لەوەتەی تاڵیبان لە ساڵی 2021 دەسەڵاتی گرتووەتەوە دەست، پاکستان و تاڵیبانی ئەفغانستان، لەسەر ئاگربەست ڕێککەوتن. یەکشەممە، 19ـی تشرینی یەکەم 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ڕایگەیاند "ڕێککەوتنەکە لە دەوحە ڕاگەیەنەرا. خواجە محەممەد ئاسیف، وەزیری بەرگریی پاکستان، ئاگربەستەکەی پشتڕاست کردەوە. ئاسیف، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕیارە لە 25ـی تشرینی یەکەم لە ئەستەنبوڵ کۆبوونەوەی زیاتر بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی ئاگربەستەکە بەڕێوە بچێت." گفتوگۆکانی دەوحە بە نێوەندگیریی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر و بە پشتیوانیی تورکیا بەڕێوە چوون. ئامانج لە کۆبوونەوەکانی داهاتوو دڵنیابوونە لە بەردەوامیی ئاگربەستەکە و جێبەجێ کردنی. پێکدادانەکانی ئەم دواییە، کە بووە هۆی کوژرانی دەیان کەس و برینداربوونی سەدانی دیکە، بەهۆی زیادبوونی هێرشی چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی تەحریک تاڵیبانی پاکستان، بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی پاکستان لەسەر سنوور، دەستیان پێ کرد. ئیسلام ئاباد، جەخت لەوە دەکاتەوە ئەو چەکدارانە خاکی ئەفغانستان وەک پەناگە بەکاردەهێنن و لەوێوە هێرش دەکەنە سەرپاکستان و داوای لە کابول کردووە کۆنترۆڵیان بکات. بەڵام حکوومەتی تاڵیبان ڕەتی دەکاتەوە پەناگەی بۆ چەکداران دابین کردبێت و سوپای پاکستانی بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و داڵدەدانی چەکدارانی سەر بە داعش تۆمەتبار دەکات بۆ تێکدانی سەقامگیریی ئەفغانستان. گفتوگۆکانی دەوحە، بە بەشداریی وەزیری بەرگریی پاکستان خواجە محەممەد ئاسیف و هاوتا ئەفغانییەکەی، مەلا محەممەد یەعقوبەوە بەڕێوەچوون. گرژییەکان دوای هێرشێکی خۆکوژی، کە بووە هۆی کوژرانی حەوت سەربازی پاکستانی و برینداربوونی ١٣ی دیکە، پەرەیان سەند. هەینی، 17ـی تشرینی یەکەم 2025، میدیاکانی سەر بە تاڵیبانی ئەفغانستان ڕایانگەیاند، فڕۆکە پاکستانییەکان، ئۆتۆمبیلێکی یاریزانانی تیمی 'کریکێت'ی ئەفغانستانیان بۆمباران کردووە و لە ئەنجامدا هەشت یاریزانی نێودەوڵەتیی کوژراون. فیدراسیۆنی کریکێتی ئەفغانستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "لە سەرجەم پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکان دەکشێتەوە." لە ڕاگەیەنراوەکەی فیدراسیۆنی کریکێتی ئەفغانستاندا هاتووە "پاشنیوەڕۆی دوێنێ، هەینی، یاریزانانی تیمی کریکێتی ئەفغانستان، پاش بەشدارییان لە پێشبڕکێیەکی ناوخۆیی لەشاری شەرنە، بەرەو شاری ئەرگۆن دەگەڕانەوە کە لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی پاکستانەوە بۆمباران کران و لە ئەنجامدا هەشت یاریزانی نێودەوڵەتیی کوژران و چواری دیکەش بریندار بوون."
بەپێى ڕاپۆرتێکى ماڵپەرى ڕوانگەى سوریی بۆ مافەکانى مرۆڤ، هێزەکانى هاوپەیمانان و ئەمریکا کاروانێکی سەربازیی، کە پێکهاتبوو لە ٢٠ بارهەڵگر لە هەرێمی کوردستانەوە گواسترایەوە بۆ بنکەی قەسرەک لە ڕۆژئاواى کوردستان( باکووری پارێزگای حەسەکە)، کاروانەکە کەرەستەی سەربازیی و لۆجیستیی و سووتەمەنیی لەخۆ گرتبوو. گەیشتنی ئەم کاروانە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ بەهێزکردنی هەژموونی خۆی لە سووریا. هاوکات لە دووڕۆژى ڕابردوودا هێزەکانی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی لە ڕێگەی فڕۆکەی بارهەڵگری ئەمریکییەوە، چەکی بەرگریی ئاسمانی و مووشەک و سیستەمی ڕاداری پێشکەوتوو و کەرەستەی لۆجیستی لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە گواستەوە بۆ بنکەی قەسرەک لە باکووری حەسەکە، هەروەها دوو هەلیکۆپتەر و ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی یاوەریی ئەم فڕۆکە بارهەڵگرە بوون. هێزەکانى سوریاى دیموکرات – هەسەدە بەشێکن لە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژى داعش و ئەمریکا و هاوپەیمانان لەگەڵ گەیاندنى چەک و تەقەمەنى و پێویستى سەربازیدا بە هەسەدە، ئۆپراسیۆنى هاوبەش دژ بە داعش لە رؤژئاواى کوردستان ئەنجام دەدەن. لەباکوور و رۆژهەڵاتى سووریا 11 بنکەى سەرەکى و چەند بنکەیەکى لاوەکیى ئەمریکا و هێزەکانى هاوپەیمانان جێگیرکراون. هاوپەیمانان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا بە ٨٥ فڕۆکە، ٣٢١ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، چەک و کەرەستەی سەربازییان گواستووەتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان.
عەبدوڵا ئۆجەلان پەیامێکی بۆ کۆنفرانسی دایکانی ئاشتی نارد و وتی: لە هەمووی زیاتر لە دایکمەوە فێری ڕاستی ژیان و ئارامگرتن بووم، بەڵام لەوەش زیاتر هەڵوێستی ڕاستی سەربەرزانەم لە دایکمەوە وەگرت، لەسەر ئەم بنەمایە سڵاو لە هەموو دایکانی ئاشتی دەکەم و بە ناسنامەی ژنی ئازاد و هۆشمەندیتانەوە تێبکۆشن. ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتی دوای ١٢ ساڵ بە درووشمی “دایکان پێشەنگی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئاشتییەکی هەمیشەیین” سێیەمین کۆنفرانسی خۆی لە چاند ئامەد ئەنجام دەدات، لەگەڵ دایکانی ئاشتی، تەڤگەر ژنانی ئازاد (تەژەئا)، ڕێکخستنەکانی دەم پارتی و دەبەپەی شار و ناوچەکان، هاوسەرۆکانی شارەوانی، پەرلەمانتارانی دەم پارتی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشداری کۆنفرانسەکە بوون. لە هۆڵی کۆنفڕانسەکەدا پۆستەری ڕێبەر ئاپۆ و وێنەی دایکانی ئاشتی کە گیانیان لەدەستداوە هەڵواسراوە، کۆنفرانسەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت. لە کۆنفرانسەکەدا پەیامی ڕێبەر ئاپۆ کە بۆ کۆنفرانسەکە نێردراوە خوێندرایەوە، پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیەیە: ” لە هەمووی زیاتر لە دایکمەوە فێری ڕاستی ژیان و ئارامگرتن بووم، بەڵام لەوەش زیاتر هەڵوێستی ڕاستی سەربەرزانەم لە دایکمەوە وەگرت. سڵاو لە دایکانی ئاشتی دەکەم کە خاوەنی ئەم هەڵوێستە سەربەرز و شکۆمەندن و هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکەتان دەخوازم. هاوشانی ناسنامەی دایکبوون دەبێت بە ناسنامەی ژنی ئازاد و هۆشمەندیتانەوە تێبکۆشن. ژن چۆنی بوێت دەبێت بەو شێوەیە بژیت، بەڵام دەبێت بوێرییان بۆ ژیانێکی ئازاد هەبێت. ڕێزگرتنم لە ژنان لەسەر ڕەگەزی ‘دەبێت ئازادی بە بیرکردنەوە دەست پێبکات’ بنیاتناوە. ئێوە وەک دایکانی ئاشتی کە لە ڕیزی پێشەوە لە گۆڕەپانەکاندا بەرگری لە ئاشتی و بەرخۆدانی ئاشتی دەکەن، هەمیشە لە تێکۆشانی ئازادیی و ئاشتیمانیدا لە گۆڕەپانەکانی پێشەوەدا بەشداریتان کردووە. هەڵبەت وەک دایکان جێگەی ئێوە لە بەرخۆدانەکەماندا قسەی لەسەر ناکرێت، بەڵام من لەوباوەڕەدام کە دەبێت چوارچێوەی ژنبوون و دایکبوون بشكێنردێت کە کۆمەڵگەی نەریتی دەیسپەێنێت. دەبێت لەگەڵ ناسنامەی دایکبوون لە هەمانکاتدا بە ناسنامەی ژنی ئازاد و هۆشمەندیتانەوە تێکۆشان بکەن. ئەم جوگرافیایە کە بۆ یەکەمجار کۆمەڵگەی دایکسالاری تێیدا سەریهەڵدا، لە هەمانکاتدا شوێنی یەکەم ناکۆکی و پرسە کۆمەڵایەتییەکانە. بە کۆیلەکردنی ژن و بە کۆیلەکردنی کۆمەڵگە هاوشانی یەکتر دەڕۆن. بەپێچەوانەی تێگەیشتنی باو، کۆیلایەتی بە دەرکەوتنی دەوڵەتەوە دەستی پێنەکردووە، بەڵکو بە کۆیلەکردنی ژنان هاتووەتە گۆڕێ. ئەم ناکۆکی و پرسە کۆمەڵایەتییانەی کە ڕوویانداوە سەرچاوەی ئەو پرسانەن کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین. ڕێگەی دەربازبوون لەم پرسە پێکەوە بنیاتنانی ژیانێکی کۆمیناڵ و دیموکراتیکە. بانگەوازی ئێمە بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی، کە لە ٢٧ـی شووباتدا کردمان، ئەرک و بەپرسیارێتی دەخاتە ئەستۆی تەڤگەری ژنان و دیکانی ئاشتی. دەبێتە دەستپێکی سەردەمێکی نوێ. ڕێکخستنی ژیانێکی سۆسیالیستییانە لەسەر بنەمای کۆمیناڵی دیموکراتیک بە ئاشتی ڕێی تێچووە. لەسەر ئەم بنەمایە سڵاو لە هەموو دایکان دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم لە هەوڵەکانیاندا. عەبدوڵا ئۆجالان.”
سیبپان حەمۆ، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات دووپاتی کردەوە کەهەسەدە ئامادەیە بچێتە ناو سوپای نوێی سوریا کە بڕیارە پێکبهێنرێت، بەڵام تەنها ئەگەر یەکگرتنەکە لەسەر بنەمای بنەمایەک بێت کە ڕێز لە ناسنامەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و خەباتەکەی و قوربانیدانەکانی بگرێت و مافی هەموو پێکهاتەکانی سوریا بپارێزێت گەلی سوریا. لەمیانەى چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە، ئەو بەرپرسە حەمۆ تێڕوانینێکی گشتگیری لە دیدگای هێزەکان سەبارەت بە دانوستانە بەردەوامەکان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق خستەڕوو، باسی لە ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی یەکگرتن لە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥ کرد. هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە کە هێزێکی یەکگرتووی نەتەوەیی دەمێنێتەوە کە بەرگری لە هەموو سوورییەکان دەکات تا ئەو کاتەی سیستەمێکی دیموکراسی دادپەروەرانە بەدی دێت. سیبپان حەمۆ دەڵێت: ئێمە بەدوای یەکگرتن لە سوپای داهاتووی سوریادا دەگەڕێین، و پێمان وایە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بناغەی بنیاتنانی سوپای نیشتمانی نوێن. لە ڕاستیدا سوپایەکی نیشتمانی سوریا بەبێ بەشداری هێزەکانی (هەسەدە) دروست نابێت. لەم چوارچێوەیەدا ئامادەیی خۆمان بۆ پەیوەست بوون بە سوپای نوێ ڕاگەیاندووە و ئەمەش ئامانجی ستراتیژی ئێمەیە. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو لە ماوەی ڕابردوودا هێزەکانیان بە ڕێگریکردن یان خاوکردنەوەی پرۆسەی یەکگرتن تۆمەتبارکراون. ئەم تۆمەتانە بە تەواوی دوورن لە ڕاستییەوە و لەسەر بنەمای ڕاستییەکان دانەنراون، وتى: بەپێچەوانەوە ئێمە دەمانەوێت بچینە ناو سوپای نوێ، بەڵام هەندێک لایەن هەوڵدەدەن پرۆسەی یەکگرتن بەپێی دیدگا تەسکەکان لێکبدەنەوە کە بە دیل دەمێننەوە بۆ عەقڵیەتی دەسەڵاتی پێشوو. ئەو فەرماندەیەى هەسەدە لەبەشێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکەیدا هێما بۆ ئەوەدەکات سوریا بەبێ بەشداری هەمووان نابێتە زێدی هەمووان و ڕێگە نادەن دووبارەبوونەوەی ئەو سیاسەتە ئیستسنایانەی کە سوریاییەکان دەیان ساڵە بەدەستیەوە دەناڵێنن. وتیشى: ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە بوونی ئێمە لەناو سوپای سوریا پێشمەرجێکە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئێستا و پاراستنی هەموو پێکهاتەکان، بەڵام ئەم یەکگرتنە دەبێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و هاوبەشی یەکتر بێت نەک بەپێی دیدگای هەندێک لایەنی دیمەشق کە پلانەکانیان لەسەر بنەمای دوورخستنەوە و تەسفیەکردنە. جەختى کردەوە کە گفتوگۆکان بەردەوام دەبن، چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی گەلەکەمان وەک بنەمای هەر هەنگاوێک دەمێنێتەوە، دەشڵێت: تا ئەو کاتەی حکومەتی ئێستا ڕێوشوێنی ڕاستەقینە بۆ دڵنیاکردنەوەی پێکهاتەکانی سوریا نەگرێتەبەر، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزی بەرگری لە بوون و ژیان و ناسنامەی گەلەکەمان لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا دەمێنێتەوە. لە سەرەتای دامەزراندنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و دواتر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ەوە، هەزاران شەهیدمان کردە قوربانی بۆ بەرگریکردن لە گەلەکەمان و لە هەوڵی بنیاتنانی نیشتمانێکی هاوبەش بۆ هەموو سوورییەکان. ئێمە دەستکەوتی گەورەمان بەدەستهێناوە و بەردەوامیش دەبین لە بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر کە شایەنی قوربانیدانی گەلەکەمانە. ئەمڕۆ لە سایەی هێزەکانی (هەسەدە) لە ناوچەکانمان بە سەلامەتی و سەقامگیری دەژین، لە کاتێکدا باقی سوریا بەدەست ئاژاوەگێڕی و کوشتنی ڕۆژانە دەناڵێنێت.
لەڕاگەیەندراوێکیدا دەم پارتى، ڕایدەگەیەنێت دادگای سزا قورسەکانی ئاگری سزای ٦ ساڵ و ٤ مانگ زیندانی بەسەر پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان لە دیاربەکر بەردان ئۆزتورک دەرکردووە. دانیشتنی حوکمی ئەو دۆسیەیە، کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان کە لە ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن داواکاری گشتیی ئاگری دەستیپێکردبوو، دادگای باڵای تاوانەکانی ئاگری بەڕێوەچوو. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە بەردان ئۆزتورک، پەرلەمانتاری پارتی دیموکرات بۆ دیاربەکر ئامادەی دانیشتنەکە نەبوو، بەڵام پارێزەرەکەی ئامادەبوو. ئەو دادگایەی کە بڕیارەکەی لەسەر دۆسیەکە دەرکرد، بە تۆمەتی "یارمەتیدانی ڕێکخراوێک"، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی دیموکرات، بەردان ئۆزتورک، بە ٤ ساڵ و ٦ مانگ زیندان و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخراوێک" ساڵ و ١٠ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند. هاوکات سیری ساکیک پەرلەمانتاری دەم پارتى، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر کاردانەوەی نیشاندا و ڕایگەیاند: لە ئاگری سزای توندی 40، 30، 24 ساڵ بەسەر 16 هاوڕێماندا درا کە بوونەتە ویژدانی ئەم شارە، ساڵانێکە خەریکی سیاسەتی دیموکراسی بوون، هەمووان دەیانناسن و خۆشیان دەوێن و زۆربەیان بەساڵاچوو و نەخۆشن". یەکێک لەوانە بەردان ئۆزتورک پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتە، ئەمانە کەسانێکن کە چەکیان هەڵنەگرتووە، کەسانێکن کە بە بیر و قسەی خۆیان شەڕیان کردووە. دەشڵێت: ئایا بەم شێوەیە ئیرادەی پێکەوە ژیان و داهاتوویەکی هاوبەشمان بەدەست دەهێنین؟ لەلایەک قسەی ئاشتی و برایەتی و دەستووری نوێ بەرز دەکرێتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە سزای ئاوا توند دەدرێت بەو کەسانەی خەریکی سیاسەتن، چ تێگەیشتنێک لە دادپەروەری و لە چ ویژدانێکدا جێدەبێتەوە؟
میدیاکانى ڕؤژئاواى کوردستان بڵاویانکردەوە، لەدواین سەردانى پارێزەراندا بۆ ئیمرالى، ئۆجەلان ڕایگەیاندووە پێوەری هیوا هەنگاوێکە دەبێت دەوڵەت بیگرێتەبەر، ئەمە بابەتێکە کاریگەری لەسەر هەزاران کەس دادەنێت. گرنگە نییە چۆن هەڵسەنگاندنی بۆ بکەیت، دەبێت لا ببرێت. دەبێت بە شێوەیەکی یاسایی ئەنجام بدرێت." نووسینگەی یاسایی سەدە پەیوەست بە دیدارەکەی ١٣ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ کە لە ئیمراڵی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ و زیندانیانی دیکە ئەنجامیدا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و بەم شێوەیەیە: "لە ١٣ـی تشرینی یەکەمەی ٢٠٢٥دا لە گرتووخانەی دوورگەی ئیمراڵی وەک پارێزەر لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و موەکیلەکانی دیکەماندا دیدارمان ئەنجام دا. لە دیدارەکەدا دەربارەی هەلومەرجی موەکیلەکانمان و دۆخی یاساییان گفتوگۆمان کرد و زانیاریمان گۆڕییەوە. بەم بۆنەیەوە هەڵسەنگاندن و بۆچوونی لەسەر بونیاتنانی ئاشتی بۆ ڕای گشتی بڵاوبکەینەوە. لە دیدارەکەدا دۆخی یاسایی بەڕێز ئۆجالان، لە چوارچێوەی 'مافی هیوا'ـی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بووە مژارێکی گرنگی قسەکانمان. وەک دەزانرێت کۆمیتەی وەزیران ئەنجوومەنی ئەورووپا دوای کۆتا دانیشتنی ١٥-١٧ـی ئەیلوول جارێکی دیکە داوای لە تورکیا کرد مافی هیوا بە گوێرە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بە شیوەیەکی یاسایی چارەسەر بکات. لەسەر ئەم بنەمایە بەڕێز ئۆجالان دەستنیشانی کرد پێوەری هیوا 'مافی هیوا' زۆر گرنگ و بنەڕەتییە. بەڕێز ئۆجالان لەوبارەیەوە ئەمەی گوت: " پێوەری هیوا هەنگاوێکە دەبێت دەوڵەت بیگرێتەبەر. ئەمە بابەتێکە کاریگەری لەسەر هەزاران کەس دادەنێت. گرنگە نییە چۆن هەڵسەنگاندنی بۆ بکەیت، دەبێت لا ببرێت. دەبێت بە شێوەیەکی یاسایی ئەنجام بدرێت. سیاسەت و دادپەروەیش پێویستی بەمەیە."، بەم شێوەیە پێویستی یاسایی خستەڕوو. لە چوارچێوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ٢٧ـی شوباتدا ڕایگەیاند دەبێت هەموو باوەڕ و مەزهەبەکان بتوانن بە شێوەیەکی ئازاد گوزارشت لە خۆیان بکەن، هەروەها هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە گوزارشت لە نەتەوەی خۆی بکات و بە شێوەیەکی ئازاد بژی. ئاماژەی بەوەشدا دەبێت کورد بە شێوەیەکی یەکگرتوو لە نێو یاسادا جێگەی بکرێتەوە و گوتی، 'ئەمە جەوهەری ئاشتییە'. جەختی لەوەشکردەوە تا ئێستا کورد لە یاسادا بە نەبوون هەژمار کراوە، لە دەرەوەی یاسا جێهێڵراون، بەڵام دەبێت ئیدی یاسای ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک بنیات بنرێت. کاتێک دوورخستنەوەی لە یاسا و ڕاگرتنی فیکری و زیهنی هەڵسەنگاند، ئەمەی گوت، 'ژیان کاتێک ئازادبێت، مانادارە. پێشتریش ئەمەم گووتووە. ئەی ژیان یان بە ئازادانە ئەژیم، یان هیچ بە گرنگت نازانم. ئەمە درووشمی منە. سەرنجەکانی بەڕێز ئۆجالان دەزانرێت کە دەیگوت، لە بناغەی پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان نایەکسانی ژن و پیاو هەیە. ئاماژەی بەوەشدا چارەسەری ئەم نایەکسانییە لەڕێگەی پراکتیزەکردنی ژیانی ئازادی ژن و فکری سۆسیالیستییەوە دەبێت. هەروەها ڕاشیگەیاند لە نزیکەوە چاودێری خەباتەکانی ژنۆلۆژی دەکات، زۆر بە بەهای دەیبینێت و سڵاوی تایبەتی خۆی بۆ هەموو ژنە زیندانییەکان نارد. بانگهێشتی ئەو کەسانەی کرد کە دەیانەوێت لێی تێبگەن، بۆ قووڵکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەشداری پرۆسەکە بکەن. هەروەها جەختی لەوەشکردەوە کە کار بۆ ئازادی لە ڕووی بەرەپێشبردنەوە و جێبەجێکردنی پرۆسەکەوە گرنگە."
ئەردۆغان داوا لە پەرلەمانی توركیا بۆ ماوەی سێ ساڵی تر مۆڵەتی رەوانەكردنی هێز و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان درێژبكاتەوە. یاداشتەكە لەلایەن سەرۆكایەتی كۆماری توركیاوە بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیای پێشكەش بە پەرلەمان كراوە، داوا دەكات ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکان لە ناوخاكی عێراق و سوریا بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە درێژ بکرێتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە زیاتر لە ساڵێکە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەستیپێکردووە. لە یاداشتەکەدا سەرۆكایەتی توركیادا هاتووە: لە ناوچەکانی سنورییەكانی باشوری تورکیا هەڕەشەی تیرۆر بەردەوامەو سەقامگیریی هەمیشەیی مسۆگەر نەکراوە. راشیگەیاندووە: بەردەوامیی هەڕەشەی تیرۆرو نەبوونی سەقامگیرییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکانی لە ناوچە سنورییەکانی باشوری تورکیا، هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیمان دروست دەکات. لەبارەی سوریاشەوە ئاماژەی بەوەكردووە: پەیەدە و یەپەگە بەهۆی ئەجێندا جوداخوازییەکەیانەوە هیچ هەنگاوێک نانێن بۆ بەشداریکردن لە ئیدارەی ناوەندیی سوریادا و رێگری لە پێشکەوتنی پرۆسەی سەقامگیریی لەو وڵاتە دەکەن. هاوکات وەزارەتی بەرگریی تورکیا جەختی لەوە کردەوە، هەماهەنگییان لەگەڵ حکوومەتی ئێستای سووریا هەیە بۆ فەراهەمکردنی ئاسایشی ئەو وڵاتە.
بەپێى ڕاپۆرتى ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دەسەڵاتدارانى ئێران لەدووڕۆژى ڕابردوودا سزاى لەسێدارەدانى پێنج بەندکراوى کوردى لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان و کەرەج جێبەجێ کراوە، ئەو کەسانە پێشتر بەتۆمەتى جیاواز دادگایی کراون و سزاى لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە. دوو بەندکراەیان بەناوەکانی بیژەن قەهاری، خەڵکی شاباد و ئارەش مێهری خەڵکی کرماشانەو بەندکراوێکی دیکەشیان بەناوی شەهرام چنانی خەڵکی کرماشان ئاشکرا کرابووە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو بەندکراوەیان پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بە ئەنقەست» دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. سێ لەو بەندکراوانەش پێشتر بە تۆمەتی «دزیی چەکدارانە» سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا بوو، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەزیندانى کەرەج جێبەجێ کراوە. میدیاکانی سەر بەئێران لەسەر ئەو بابەتەنووسیویانە، دەستبەسەرکرانی ئەو سێ تۆمەتبارە پاش چەندین حاڵەتی دزیی چەکدارانە لە مانگی چوارى ساڵی ڕابردوو لە گەڕەکەکانی جیاوازی تاران و چەند شاری دیکەدا ڕوویداوە. لەم ڕاپۆرتانەدا بۆ پاکانەی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەم سێ کەسە هاتووە کە کردەوەکانی ئەم سێ بەندکراوە تۆمەتبارە بووەتە هۆکاری « پێکهێنانی ترس و شڵەژان و نائەمنی بۆ هاووڵاتییان..
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەسۆشیەیتد پرێس (Associated Press)، فەرماندەی سەرەکی کورد لە سوریا ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، حکومەتی سوریا و هێزی سەرەکی بە سەرۆکایەتی کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە بە شێوەیەکی مەبدەئی ڕێککەوتوون لەسەر پلانێک بۆ یەکخستنی ئەو هێزەی کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت وەک گروپێکی یەکگرتوو لە سوپای نیشتمانیدا. لێدوانەکانی مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە بە سەرکردایەتی کورد و ئەمریکا پاڵپشتی دەکرێن، لە چاوپێکەوتنێکدا پێنجشەممە لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس، پێدەچێت ئاماژە بێت بۆ پێشکەوتنێک دوای ئەوەی دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق بۆ چەند مانگێک لە دۆخێکی خراپدا بوو. عەبدی وتی: ئێستا هەردوولا لەسەر "میکانیزمێک" بۆ یەکگرتنەوە ڕێککەوتوون. ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە باسی ژمارەیەکی زۆر و دەیان هەزار سەرباز و هەروەها هەزاران هێزی ئاسایشی ناوخۆ دەکەین. ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەو هێزانە ناتوانن وەک کوتلە بچووکەکانی تر بە تاک بچنە ناو سوپای سوریاوە، بەڵکو وەکو پێکهاتەی سەربازیی گەورە پەیوەست دەبن کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی وەزارەتی بەرگری پێکهێنراون”. تەواوی لێدوانەکانی عەبدی لە چاوپێکەوتنەکەدا لە چەند خاڵێک خۆی دەبینییەوە کە ئەمانەن: - هەندێک نەرمی لە هەڵوێستی تورکیادا هەیە سەبارەت بە یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە سوپای سوریادا. - هێزەکانی سووریای دیموکرات و دیمەشق لەسەر میکانیزمێک بۆ تێکەڵکردنی هێزەکان لە سوپای سووریا ڕێککەوتوون. - دەیان هەزار لە هێزەكانی سووریای دیموکراتی دیموكرات و هەزاران هێزی ئاسایشی ناوخۆ لە ڕێککەوتنەکەدا بەشدار دەبن. - فەرماندە و ئەندامانی هێزەکانی سووریای دیموکرات پۆستی باڵاو گرنگ لە وەزارەتی بەرگری و فەرماندەیی سوپای سووریا وەردەگرن. - لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ کارکردن لەگەڵ وەزیری بەرگری و بەرپرسانی دیکەی سەربازی بۆ پەرەپێدانی میکانیزمی گونجاو. - ڕووداوەکانی سوەیدا و کەناراوەکانی سووریا هۆكاربوون لە دواکەوتنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ دیمەشق.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، کۆبوونەوەی حکومەت دەکات بۆ بڕیاردان لەسەر کشانەوەی ئیسرائیل لە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس، دوای ئەوەی بزووتنەوەکەیان بە پێشێلکردنی مەرجەکانی تۆمەتبار کرد. بەگوێرەی بڵاوکراوەیەکی ڕۆژنامەی یەدیۆس ئەهرۆنۆت، بەرپرسانی ئیسرائیل دواکەوتنی حەماس لە ڕادەستکردنی پاشماوەی ئەو بارمتانەی لە ناو کەرتی غەززە کوژراون ڕەتدەکەنەوە و ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو بیانووانەیان قبوڵ نەکردووە کە بزووتنەوەکە پێشکەشی کردووە. بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، ناتوانێت بگاتە ئەو ١٩ کەسەی کە ڕادەست نەکراونەتەوە، جەختی لەسەر پێویستی هەوڵ و کەرەستەی تایبەت بۆ دەرهێنانیان لە داروپەردووەکان کردووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، ئاژانسی هەواڵی عێراق (INA) ڕایگەیاند، لە هەنگاوێکدا کە ئامانجی دەستەبەرکردنی پێداویستییە گەشەسەندووەکانی وزەی وڵاتەکەیە، عێراق گرێبەستێکی واژۆکرد بۆ دروستکردنی وێستگەی کارەبای فاو کە بە غاز کاردەکات و توانای دروستکردنی ٣ هەزار مێگاواتی هەیە. بەپێی بڕگەکانی گرێبەستەکە و بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراقدا کۆمپانیای وەبەرهێنەر بەرپرسیارە لە دابینکردنی ئەو غازەی کە پێویستە بۆ بەڕێوەبردنی وێستگەی کارەبا.
