ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیجیی و نێودەوڵەتی CSIS لە واشنتن، ژمارەیەک وێنەی نوێی مانگە دەستکردەکانی بڵاو کردووەتەوە کە  دەریدەخەن ئێران بە شێوەیەکی فراوان، لە شاخێکی باشووری دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز، سەرقاڵی دروستکردنی تونێل و ژێرزەمینیە.  دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەم 2025، ناوەندە ئەمەریکییەکە، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووتەوە و هاوپێچ ژمارەیەک وێنەی مانگە دەستکردەکانی لەگەڵدایە، کە نیشانی دەدەن ئێران، بەشێوەیەکی فراوان خەریکی دروستکردنی ژێرزمین و تونێلە لە شاخی "کولەنگ گاز"، لە باشووری دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز. بەمەش گومان لە خێرکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی لێ دەکرێت. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، وادیارە ئێران بە نیازە ناوەندی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ شوێنێکی بەهێزتر و پارێزراوتر بگوێزێتەوە، کە بۆمبارانکردنی لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە ئاسان نەبێت. ئەم هەنگاوەی ئێران لە کاتێکدایە لێکگەیشتنی نافەرمیی نێوان واشنتن و تاران دەربارەی سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم، بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەچێت و هاوکات گرژییە هەرێمییەکان لە کەنداو و  لوبنان و دەریای سوور زیادیان کردووە، ئەمانەش پرسی دۆسییەی ئەتۆمیی ئێرانیان لە جاران ئاڵۆزتر کردووە. ئەم هەنگاوەی ئێران، بووتە جێگەی پرسیاری ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە نیاز و پلانە ئەتۆمییەکانی ئێران، پسپۆران، لایانوایە، دروستکردنی دامەزراوەیەکی گەورە لە قووڵایی ئەو شاخەدا، گوڕانێکە لە پلانی ئێران لە پرۆژە ئەتۆمییە چاودێری کراوەکەیدا بۆ پرۆژەیەکی پارێزراوی سەخت، کە وا دەکات ئێران بتوانێت چالاکیییە ئەتۆمییەکانی دوور لە چاوی چاودێران یان وێرانکردنی، گەشە پێ بدات.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ڕایگەیاند لەگەڵ تورکیا بۆ فرۆشتنی 20 فڕۆکەی جەنگیی یورۆفایتەر بە بەهای نزیکەی 11 ملیار دۆلارە ڕێککەوتوون. دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد. دوای کۆبوونەوەکە ستارمەر ڕایگەیاند: لەگەڵ تورکیا بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی یورۆفایتەر بە بەهای 10 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بۆ ماوەی 10 ساڵ واژۆ کردووە، دەشڵێت: ئەمە ڕێککەوتنێکی زۆر گرنگە، چونکە بۆ ماوەی ئەو هەموو ساڵە ئەو فڕۆکە جەنگیانە دروست دەکەین، بەمەش دەستی کار لە بەریتانیا زیاد دەکات. وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا لەو بارەوە ئاماژەی داوە، ڕێککەوتنەکە لە 20 فڕۆکەی یورۆفایتەر پێکدێت، کە دەبێتە گەورەترین ڕێککەوتنی فڕۆکەی جەنگی، ڕاشیگەیاند، ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی تواناکانی تورکیا و هێزی ناتۆ لە ناوچەکەدا پتەوتر دەکات. ئەردۆغان پێشوازیی لە ڕێککەوتنی نوێی هاوکاریی بەرگری لەگەڵ بەریتانیا کرد و دوای واژۆکردنەکە گوتی: "ئێمە ئەم ڕێککەوتنە وەک هێمایەکی نوێی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان دوو هاوپەیمانە نزیکەکە دەبینین. ئاژانسی فرانس پرێسی لەم بارەوە بڵاوی کردووەتەوە، تورکیا دەیەوێت هێزی ئاسمانیی خۆی نوێ بکاتەوە و هەوڵی کڕینی 40 فڕۆکەی جەنگیی ئەورووپا بە هاوبەشی لەلایەن بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ئیسپانیاوە دەدات. ئاژانسەکە لە زاری بەرپرسێکی تورک ڕایگەیاندووە، بەریتانیا ئەمڕۆ ژمارەیەک فڕۆکە ڕادەستی تورکیا دەکات، بەبێ ئەوەی ژمارەکەیان ئاشکرا بکات و بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە فەرەنسییە پێ دەچێت دوو فڕۆکە بێت. واشنتن لە ساڵی 2019دا، بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگریی مووشەکیی ڕووسیی S-400، ئەنقەرەی لە پرۆگرامی فڕۆکەی جەنگیی F-35 دوور خستەوە. هەروەها چەند مانگێک لەمەوبەر سەرۆکی تورکیا سەردانی واشنتنی کرد و به‌ مەبەستی کڕینی فڕۆکەی جەنگیی F-35 لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆبووەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک.

حیکمەت هیجری، رابەری رۆحی تائیفەی دروزەکانی سوریا دەڵێت: مافی چارەی خۆنوسین بۆ خەڵکی سوەیدا مافێکی رەهایەو پاشگەزبونەوەی نییە. هیجری لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی "سکای نیوز عەرەبی" جەختیكردەوە: تێڕوانینيان لەسەر بنەمای سەربەخۆیی تەواوە بۆ پارێزگای سوەیدا. ئاشكراشیكرد: ژمارەی رفێندراوەکانيان (600) کەسی تێپەڕاندووە کە لەنێویاندا ژن هەیەو حکومەت لە دیمەشق بەربەست بۆ هەر دانوستانێک دروست دەکات پەیوەست بێت بەوان. ئاماژەی بەوەشکرد: حکومەت لە دیمەشق هێشتا پابەند نەبووە بە چۆڵکردنی گوندە زیانلێکەوتووەکان و پێداگری لەسەر شێواندنی راستییەکان دەکات. دواین لێدوانی رابەری دروزەكان لە كاتێكدایە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتیکردەوە، هێزەکانی وڵاتەكەی لە باشوری سوریا و دەوروبەری "جبل الشیخ" كە کۆنترۆڵیان کردووە دەمێننەوە. ئاماژەی بەوەشدا: ئامانج لێی گەیشتنە بە رێككەوتن  لەگەڵ رژێمی سوریا سەبارەت بە داماڵینی چەك لە باشوری رۆژئاوای سوریا و پاراستنی دروزەکان.

هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان دوای بڕیاری تەڤگەری ئازادی بۆ کشانەوەی هێزەکانی، بانگەوازییان لە دەوڵەت کرد، دەستبەجێ هەنگاوی سیاسی و یاسایی بنێت.  سەبارەت بە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی تەڤگەری ئازادی کورد لە تورکیا و دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەکە، هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان لە هۆتێل هیڵتۆنی ئەنقەرە ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە. باقرخان لە بەشێکى ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەدا،  ڕایگەیاند لە سەردەمێکدان کە دەتوانێ مێژووی تورکیا بگۆڕێت و گوتی: "ئەم ساتەوەختە بە ڕەنجی هەموو ئەوانەی دیموکراسییان دەوێت و ژیان دەپارێزن بەدیهات. دوای ڕێپێوانێکی دوورودرێژ بە هیوایەکی زۆرەوە گەیشتوینەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە. دوێنێ پێشهاتێکی مێژوویی ڕوویدا، بێگومان لەناکاو نەگەیشتینە ئەم قۆناغە. لە ١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا بەڕێز باخچەلی لەژێر چەتری پەرلەماندا سڵاویکرد. ئەوی تر لە ٢٧ـی شوبات بوو. دەنگ لە ئیمراڵییەوە بەرزبووەوە، ڕێڕەوی ئەو شەڕوپێکدادانانەی گۆڕی کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە بەردەوامە. بانگەوازکەی بەڕێز ئۆجالان لە پەکەکە، تەنها بانگەوازێک نەبوو؛ بوو بە ساتێکی یەکلاکەرەوە و بەشداری مێژوو بوو. هەروەها دوێنێ ساتەوەختێکی مێژوویی بوو، هاووڵاتیانمان بوون بە گەواهیدەری هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە و مانادار. پەکەکە پێشتر بڕیاری دا بوو کۆتایی بەوکارانە دەهێنێت کە بە ناویەوە دەکرێن، دوێنێش ڕایگەیاند لە گۆڕەپانی تورکیا دەکشێتەوە. بەمشێوەیەش بە هەموو جیهانی گوت، پێداگرن لە چارەسەری و ئاشتی. ئەم هەنگاوە لە هەمانکاتدا بردنەوەی سەدەی پێشمانە. سەدەی بیستەم لەم خاکە سەدەی شەڕ، ئازار، لەدەستدان و فرمێسک بوو. سەدەی بیست و یەک پێویستی بە سەدەی ئاشتی، خوشک-برایەتی، یەکسانی، ئاییندەی هاوبەش و کۆمارێکی دیموکراتیک هەیە. مێژوو ئەم دەرفەتەمان پێدەبەخشێت؛ نابێت ئەم دەرفەتە لەدەست بدەین." لە بەردەوامی قسەکانییدا باقرخان گوتی: "ئەگەر بتوانین ئەم پرۆسەیە بە ڕاستی بەڕێوەببەین؛ تورکیا نموونەیەک بە جیهان دەدات کە پرسەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر دەکرێن، ئەمەش هیوا بە مرۆڤایەتی دەبەخشێت و داهاتوو ڕۆشن دەکاتەوە. هەروەها دەربازی قۆناغێکی دیکەی یەکلاکەرەوە و گرنگ دەبین. واتە کاتی ئەوە هاتووە هەنگاوی یاسایی، سیاسی و گواستنەوە بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی بنرێت. ئەم قۆناغە سەختە بەڵام ماناداریشە. دەبێت پرۆسەکە بە ماف، بە ئازادی بەرەو پێش بچێت. پێویستە زمانی سیاسەت و دیموکراسی بەهێز بکرێت. دەبێت یاسا بنەمای ئاشتی و دادپەروەری داهاتوو بێت. هەم بڕیارەکەی دوێنێ کە ڕاگەیەندرا هەم لە هەنگاوەکانی دیکەدا، ڕۆڵی ئیرادەی بەڕێز ئۆجالان زۆر مەزنە و دیدگای ئاشتییەکەی ڕێگەی بۆ ئەمە کردۆتەوە. تەنانەت لە سەختترین بارودۆخیشدا هەڵوێستی وی هەمیشە لەگەڵ چارەسەری سیاسی بووە. تەنانەت لەم قۆناغەی پێی گەیشتووین، هەوڵدان، دووربینی، پێداگری و ڕۆڵی بەڕێز ئۆجالان لە بنیاتنانی ئاشتییدا یەکلاکەرەوەیە. بۆ ئەم پڕۆسەیە نەک تەنها لایەنێک بەڵکو دەوڵەت، دەسەڵاتدار، بیرۆکراسی ئەمنی، سیستەمی دادوەری و بەرپرسیارن. دەبێت هەموو لایەک دەستیان بخەنە ژێر بەردەکەوە. پێویستە هەمووان بەپێی ئیرادەی ئاشتی مامەڵە بکەن. کاردانەوە و گوتاری نەرێنی ڕابردوو پێویستە وەلا بنرێت، هۆشیاری و زمانی داهاتووی دیموکراسی بە بنەما وەربگیرێت. نەک هەستکردن بە دوژمنایەتی بەڵکو هەستکردن بە هاوڵاتیبوون، نەک پێناسەی هەڕەشە بەڵکو پێناسەی ماف دەبێت بکرێت." تولای حاتەم ئۆغوللاری ئاماژەی بەوەدا گەواهیدەری ساتەوەختێکی مێژوویی بووە و گوتی: "ئەم ساتە شتێکی ئاسان نییە، بەڵکو بەرهەمی ئیرادەیەکی بەهێزە کە دەیان ساڵە بەردەوامە و بەرهەمی ئەو ڕەنجەیە. ئێستا دەربازی قۆناغێکی نوێ دەبین. ئەرکی ئێستامان ئەوەیە کە بە وردی و قووڵی لەم زەمینەیە بکۆڵینەوە و پێکەوە تورکیایەکی دیموکراتیک بنیات بنێین. بێگومان دامەزراندنی کۆمار شتێکی زۆر گرنگ و بەنرخە، بەڵام کۆمارێکی دیموکراتیک نەبوو. هەربۆیە پرسی دیموکراتیزەکردنی تورکیای چارەسەر نەکرد. سەد ساڵە پرسی مەزن ئەزموون دەکەین. ئیدی ئەم وڵاتە ئارامی نەماوە سەد ساڵی دیکە ئازار بچێژێت و لە نادادیدا بژی. بۆ ئەوەی دادپەروەری و یاسا لە سەدەی دووەمی کۆماردا پەرەی پێبدرێت، بۆ نەهێشتنی نایەکسانی و تاجداراکردنی کۆمار بە دیموکراسی، ئەرکێکی مێژوویی دەکەوێتە ئەستۆی هەموومان. ئەگەر بە درووستی بخوێنینەوە، ئەو هەنگاوە مێژووییانەی لە یەک ساڵدا گیراونەتەبەر، دەرفەتی مەزنی بۆ کۆمار دەڕەخسێنن کە لە سەدەی دووەمدا دیموکراتیک ببێت. بنیاتنانی ئاشتی بە تێگەی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک، کلیلی کردنەوەی دەرگای کۆمارێکی دیموکراتیکە. ئەم پرۆسەیە تەنها سیاسی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی گۆڕانی کەلتووری و کۆمەڵایەتییە. پێویستە لەگەڵ گۆڕینی هۆشیاری و کۆمەڵگە پێکەوە ئاشتی و دیموکراتیزەکردن بنیات بنێین. بانگەوازمان بۆ ڕۆشنبیران، ئەکادیمییەکان و نووسەرانی تورکیا هەیە؛ وەک ئەگەرێکی بەرپرسیارێتی لە بەرانبەر کۆمەڵگەکانی تورکیا؛ سەرەڕای نیگەرانی و گومانەکان، خاوەندارێتی کردن لە ئاشتی زۆر بەنرخە. بانگەوازمان بۆ ژنان و دایکان؛ ترسناکترین برینی شەڕتان لە دڵتاندا ئەزموون کردووە و پێویستە وەک ژنان بنیاتنەری سەرەکی ئاشتی بین. بانگەوازمان بۆ گەنجان؛ زۆرترین باجتان داوە و لەو باوەڕداین ئەوەی لە تواناتان هەیە خاوەندارێتی لە ئاشتی دەکەن. بنیاتنانی ئاشتی زۆرترین ئەرکی لەسەر ئێوەیە. بانگەوازمان بۆ دەوڵەت و دەسەڵاتداری؛ لەگەڵ قۆناغی نوێی پرۆسەکەدا زۆر گرنگە بە خێرایی هەنگاوی سیاسی و یاسایی بنرێت بۆ پێشکەوتنی پرۆسەکە. جارێکی دیکە دووبارەی دەکەینەوە؛ کۆمەڵگە چاوەڕوانی لە ئیدارەی وڵات و پەرلەمان هەیە. دەبێت ئیدی دەنگی کۆمەڵگە ببیسترێت."

موقتەدا سەدر، ڕێبەری رەوتی سەدر لەعێراق ئاشكرایكرد، بەهیچ جۆرێک بەشداری لەپرۆسەی هەڵبژاردنێک ناکەم گەندەڵکارانی تێدابێت. موقتەدا سەدر جەخت لەسەر بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردن دەکاتەوە و کەسانێک تۆمەتبار دەکات بەوەی هەوڵ دەدەن گومان بخەنە سەر بەردەوامیی بایکۆتەکەیان و ئاماژەی بەوەشدا، خەونێکى بینیوە، لێکدانەوەی وایە محەممەد سادق سەدریی باوکیشی لەگەڵ بڕیاری بایکۆتەکەیدایە. رۆژی دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، نووسینێکی لەبارەی بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە. موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوە دا، بەشێکی زۆر لە شوێنکەوتووانی ئێستا و پێشووی محەممەد سادق سەدری باوکی, سەرکۆنەى بوونی جیاوازیی هەڵوێستی سیاسیی دەکەن، بەتایبەت بەشدارینەکردنیان لە هەڵبژاردنی پێشوو و هەروەها بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی ئێستا. سەرۆکى رەوتی نیشتمانیی شیعە باس لەوە دەکات، خەونێکی بینیوە و تیایدا پێشنوێژی بۆ ژمارەیەک نوێژخوێنان کردووە و هەندێکیان رووی قیبلەیان جیاواز بووە، ئەمەش دەشێت ئەو خەونە وا لێکبدرێتەوە باوکی رەزامەندە بە بڕیاری بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنێکدا کە بە گوتەی ئەو، "گەندەڵکاران تیایدا بەشدارن". موقتەدا سەدر دەڵێت: "هەروەها ئەو خەونە ئاماژەیە بۆ جیاوازی لەنێوان شوێنکەوتووانی ئێستا و پێشووی محەممەد سادق سەدر، لەگەڵ بۆچوون و تێڕوانینەکانی کە لە نەزانی بێت یان بە مەبەست بێت." لە 4ـی تەممووزی 2025، موقتەدا سەدر، بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رەتکردەوە و بەشداریکردنی بەستەوە بە هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و رادەستکردنی چەک بە دەوڵەت. لەو نووسینەدا موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەداوە، هەندێک هەوڵدەدەن گومان دروست بکەن لەبارەى بەردەوامبوونیان بۆ بایکۆتی هەڵبژاردن و بە "درۆزن" ناویان دەبات.   بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025، بکرێت، رەوتی نیشتمانیی شیعە بڕیاریداوە بەشداریی نەکات و هەر ئەندامێکیشی بەربژێر بووبێت بۆ ئەو هەڵبژاردنە، لە ریزەکانی دووری خستنەوە.

میدیاى فه‌رمیى ئیسرائیل ئاشكرایكرد، سوپاى وڵاته‌كه‌ى لە 24 کاتژمێری ڕابردودا ژماره‌یه‌ك هێرشی یه‌ك له‌دواى یه‌كى ئەنجامداوه‌و به‌هۆیه‌وه‌ سەرکردە دیارەکانی حزبوڵڵای لەلوبنان کردوەتە ئامانج. باس له‌وه‌شكراوه‌، لەدوای ڕێککەوتنی ئاگربەست لەمانگی 11ی ساڵی ڕابردوەوە، سوپای ئیسرائیل دەستی لەهێرشکردنەسەر ئامانجەکانی حزبوڵڵاو کادیرەکانی هەڵنەگرتوەو لەهێرشەکانی بۆسەر باشوری لوبنان بەردەوامە. کەناڵی 14ی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، بەشی هەواڵگریی بەوردی چاودێریی گۆڕانکارییەکانی لوبنان دەکات‌و ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوامدەبن، تائەوکاتەی حزبوڵڵا هەڕەشە لەسنوری باکورو هاوڵاتییانی ئیسرائیل بکات. کەناڵە ئیسرائیلیه‌كه‌ نوسیویه‌تى، "لەماوەی ڕابردودا چوار کردەی جیاوازی سه‌ربازیى لەچوار شوێنی جیاواز لەناو لوبنان ئەنجامدراون، کە بونەتە هۆی کوژرانی پێنج چەکداری حزبوڵڵا، ئەمەش لەچوارچێوەی هەوڵێکدایە بۆ ڕێگریکردن لەدوبارە بونیادنانەوەی توانا سەربازییەکانی حزبوڵڵا لەباشور". هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه‌، "دیارترین ئەوکەسانەی کوژران بریتین له‌زەین ئەلعابدین حوسێن فەتونی، كه‌ سەرکردەی یەکەی دژە زرێپۆش بوه‌ لەهێزی ڕەزوانی سەر بەحزبوڵڵا، محەممەد ئەکرەم عەرەبیە یەکێک لەسەرکردەکانی هێزی تایبەتی ڕەزوان". له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ ئیسرائیل باسى له‌وه‌كردوه‌، "عەرەبییە هەوڵی زۆری بۆ دوبارە نۆژەنکردنەوەی تواناکانی شەڕکردنی حزبوڵڵاداوەو بەشداریی لەهەوڵی چاککردنەوەی ژێرخانەکەیدا کردوە، لەئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لەناوچەی قلیعە لەباشوری لوبنان کوژرا". ئه‌وه‌ش باسكراوه‌، "عەبد مەحمود ئەلسەید-یش كوژراوه‌ لەناوچەی ناقورە، کە لەهەفتەکانی ڕابردودا ناوەندێکی سەرەکی چالاکییەکانی حزبوڵڵا بوە، عەلی حوسێن موسەوی، لەبیقاع کوژراوه‌و تۆمەتباره‌ بەوەی قاچاخچی چەک بوە لەحزبوڵڵاو بازرگانی چەک‌و قاچاخچی کەرەستەی شەڕ بوە لەڕیزەکانی حزبوڵڵادا، تێوەگلاوە لەکڕینی چەک‌و گواستنەوەیان لەسوریاوە بۆ لوبنان‌و ڕۆڵێکی گرنگی هەبوە لەکارەکانی بونیادنانەوەو چەکدارکردنی حزبوڵڵادا".

دوای بڕیاری کۆمپانیای "تورکش ئێرڵاین" بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی، کۆمپانیایەکی دیکەی تورکی بە ناوی "ئەی جێت" (AJet) ڕایگەیاند، لە مانگی کانوونی یەکەمەوە گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەستپێدەکات. کۆمپانیای "ئەی جێت" لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ڕۆژی 2ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵەوە، یەکەم گەشتی نێوان ئیستانبوڵ و سلێمانی ئەنجام دەدات. بەپێی خشتەی گەشتەکانی کۆمپانیاکە، هەفتانە چوار گەشتی هاتن و چوون لە فڕۆکەخانەی سەبیحە گۆکچەن لە ئیستانبوڵەوە بۆ سلێمانی ئەنجام دەدرێت، کە دەکەونە ڕۆژانی (شەممە، یەکشەممە، سێشەممە، چوارشەممە). ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، حکومەتی تورکیا کایەی ئاسمانیی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا کردەوە. لەسەر بنەمای ئەو بڕیارەش، کۆمپانیای "تورکش ئێرڵاین" ڕایگەیاندبوو کە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە گەشتەکانی دەستپێدەکاتەوە.

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، 19 هەزار هاووڵاتی عێراقی لە کەمپی هۆلی سووریاوە گەڕاندەوە. وەزارەتەکە ئاشکرای کرد، ئەم گەڕاوانە لە ژن و منداڵ و گەنج و بەساڵاچوو پێکدێن، لە چوارچێوەی پرۆگرامێکی چاکسازیی ورد دا بوون بۆ ئامادەکردنەوەیان بۆ تێکەڵبوونەوە بە کۆمەڵگە، و جەختیشی کردەوە توانیویانە ڕێگری لە دروستبوونی هەر گرژییەک لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەکانیان بکەنەوە. عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتەکە، ڕایگەیاند لە ساڵی 2021وە و لەسەر بڕیاری حکوومەتی عێراق، پرۆسەی گواستنەوەی خێزانەکان لە 29 گەشتدا ئەنجامدراوە. گوتیشی: ئەم هەنگاوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کراوە. بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، پێشتر نزیکەی 31 هەزار و 500 هاووڵاتی عێراقی لەو کەمپەدا بوون. گوتەبێژەکە ڕوونیکردەوە گەڕاوەکان دوای پشکنینی ئەمنیی ورد، دەگوازرێنەوە بۆ "سەنتەری ئەمەل". لەو ناوەندەدا، بەپێی فۆرمێکی هەڵسەنگاندنی سەرەتایی کە ئاستی کاریگەریی ئایدیۆلۆژیای توندڕەوی دیاری دەکات، دابەش دەکرێن. دواتر، بەرنامەی چاکسازیی تایبەت بۆ هەر گروپێکی تەمەنی جیاواز (منداڵان، گەنجان، ژنان) جێبەجێ دەکرێت. گوتەبێژەکە دووپاتیکردەوە، 78 بەرنامەی جۆراوجۆری چاکسازی جێبەجێ کراون. ئەم بەرنامانە لەلایەن دامەزراوە حکوومییەکان، زانکۆکانی عێراق (وەک بەغدا و نەینەوا)، و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن. تیمی پسپۆڕی دەروونی و ئەفسەرانی ئەمنیی ڕاهێنراو، سەرپەرشتی ئامادەکاریی فیکری و دەروونی گەڕاوەکان دەکەن. گوتیشی: یەکێک لە خاڵە هەرە دیارەکانی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە، ڕێگریکردن بووە لە دروستبوونی هەر جۆرە پێکدادان و گرژییەک لەنێوان گەڕاوەکان و خەڵکی ناوچەکەدا، کە ئەمەش لە ڕێگەی بەرنامەکانی ئاشتەوایی نیشتمانییەوە مسۆگەر کراوە.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: ئیسرائیل دیدگای خۆی بۆ هێزە نێودەوڵەتییەکان روون کردووەتەوە سەبارەت بە قبوڵنەكردنی ئەو وڵاتانەی هێزیان هەبێت لە كەرتی غەززە، ئەمریکاش لەمەدا هاوهەڵوێستمانە. ناتانیاهۆ، لە دەستپێكی کۆبونەوەی ئەمڕۆی حكومەتدا رایگەیاند: ئێمە ئاسایشی خۆمان کۆنتڕۆڵ دەکەین، بۆ هێزە نێودەوڵەتییەکانیشمان  رونكردووەتەوە، ئیسرائیل دیاری دەکات کە کام هێزانە قبوڵ ناکرێن ئامادەبونیان هەبێت لە غەززە، ئێمە بەم شێوەیە مامەڵە دەکەین و بەردەوامیش دەبین. وتیشی: بێگومان ئەمە لەلایەن ئەمریکاوە قبوڵکراوە، وەک ئەوەی لە چەند ڕۆژی رابردوودا نوێنەرە باڵاکانی ئاماژەیان پێكردووە. ناتانیاهۆ جەختی لەوەشکردەوە: سیاسەتی ئەمنی ئیسرائیل لە دەستی خۆیدایە، بەهێزی خۆی بەرگری لە خۆی دەکات و بەردەوام دەبێت لە کۆنترۆڵکردنی چارەنوسی خۆی. پێشتر نوسینگەی ناتانیاهۆ هاتنە ناوەوەی هێزەکانی تورکیا بۆ ناو غەززە رەتکردەوە، لە چوارچێوەی پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە. پلانەکەی ترەمپ بریتی بوو لە بەشداریکردنی تورکیا لە هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی کەرتی وێرانکراوی غەززە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، جەختی لە گرنگی پابەندبوونی ئیسرائیل و حەماس بە ڕێککەوتنی نێوانیان بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی ئاشتی کردەوە. ترەمپ ڕایگەیاند "پێویستە حەماس بە زووترین کات تەرمی بارمتەکان، بەتایبەتی تەرمی دوو سەربازی ئەمەریکی کە لای حەماس ماوەتەوە، ڕادەست بکاتەوە." ناوبراو مۆڵەتی 48 کاتژمێری دایە حەماس و ڕوونیکردەوە، ئەگەر پابەند نەبن، ئەمەریکا و وڵاتانی نێوەندگیر لە پرۆسەی ئاشتی غەززە بژاردەی دیکەیان دەبێت. ئاماژەی بەوەش دا "هەرچەندە گەیشتن بە هەندێک لە تەرمەکان ئاسان نییە، بەڵام حەماس دەتوانێت ئەو تەرمانەی ئێستا لەژێر دەستیدایە بیانگەڕێنێتەوە، ئەگەر نا، ئەوا واتای ئەوەیە کە حەماس بابەتەکەی بە دانانی چەکەوە بەستووەتەوە." سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد، پێشتر هەڵوێستی دادپەروەرانەی خۆیان لەسەر ئەم پرسە ڕاگەیاندووە و بە وردی چاودێری بارودۆخەکە دەکات لە 48 کاتژمێری داهاتوودا. بەگوێرەی خاڵی چوارەمی پلانی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای ڕازیبوونی ئیسرائیل بە ئاگربەست، دەبێت حەماس لە ماوەی 72 کاتژمێردا هەموو بارمتەکان بگەڕێنێتەوە؛ بەڵام تا ئێستا حەماس تەرمی 16 بارمتەی کوژراو و 20 بارمتەی زیندووی ڕادەست کردووە، و تەرمی 13 بارمتەی دیکە ماوە. دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا، لە ئاگربەستی غەززەدا 59 وڵات بەشدارن، کە پێشتر هەرگیز ڕووداوێکی لەو شێوەیە نەبووە. ئێستا هەموویان دەیانەوێت ببنە بەشێک لە ڕێککەوتنی ئەبراهام، لەنێویاندا ئێرانیش هەیە. حەماس ڕایگەیاندووە، پابەندن بە ئاگربەستی غەززە و هەموو بارمتە زیندووەکانیان ڕادەستی ئیسرائیل کردووە، هەروەها ژمارەیەک لە تەرمی بارمتەکانیشیان داوەتە دەستی ڕێکخراوی خاچی سوور. حەماس جەختی لەوەش کردووەتەوە، بەردەوامن لە دۆزینەوەی تەرمی بارمتەکانی دیکە.

بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادیی دەڵێت: ده‌ستمانكرد به‌ هه‌نگاوی كشانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌مان له‌ توركیا كە له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ری مه‌ترسی پێكداداندان و زه‌مینه‌ له‌بارن بۆ ڕوودانی ئه‌گه‌ری نه‌خوازراو، راشیدەگەیەنێت: كشانه‌وه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ سنورییه‌كانی توركیاوه‌ به‌ره‌و هه‌رێمه‌كانی پاراستنی مەدیا ده‌كرێت. بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادیی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنورسیدا لە بناری قەندیل، هەنگاوێکی دیکەی مێژوویی لە چوارچێوەی بانگەوازی ٢٧ـی شووباتی عەبدوڵا ئۆجەلان و بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـی پەکەکە راگەیاندو، بەیاننامەی هەنگاوە لەلایەن سەبری ئۆك ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری كەجەكە و هەروەها بێژین دەرسیم ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری هەرێمی یەژاستاری سەرحەد، دەڤرین پالو فەرماندەی فەرمانداری هەپەگە بە بەشداری ٢٥ گەریلا خوێندرایەوە. دەقی بەیاننامەکە بەمشێوەیەیە: بۆ ڕای گشتیی دوای گه‌یشتنی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ ئاستی مه‌ترسی زۆر جدی له‌سه‌ر ئاینده‌ی كورد و توركیا، ساڵی ڕابردوو له‌سه‌ر بانگه‌وازییه‌كانی سه‌رۆككۆماری توركیا و سه‌رۆكی گشتی مەهەپە ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی و پاشان ڕێبه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجالان پرۆسه‌یه‌ك ده‌ستی پێكرد و ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش كه‌ به‌ بانگه‌وازی “ئاشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیک”ـی ڕێبه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجالان له‌ ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥ـدا به‌ ناسنامه‌ی خۆی گه‌یشت، به‌ قۆناخێكی تا دواڕاده‌ گرنگ و هه‌ستیاردا ده‌گوزه‌رێت. ئێمه‌ی لایه‌نی كورد له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی هه‌شت مانگی ڕابردوودا له‌سه‌ر بنچینه‌ی بانگه‌وازی ئاشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیک هه‌نگاوی گه‌وره‌ی مێژووییمان نا. دوابه‌دوای بانگه‌وازییه‌كه‌ و له‌ ڕۆژی ١ـی ئاداردا به‌ ئامانجی به‌رقه‌راركردنی زه‌مینه‌یه‌كی ئارام و ئاسووده‌ بۆ گفتوگۆكردن ئاگربه‌ستمان ڕاگه‌یاند. ڕێبه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجالان به‌ ڕێبازی گونجاو ئاراسته‌ی نیشاندا و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش پەکەکە له‌ ڕۆژانی ٥-٧ـی ئایاردا، ١٢ـیە‌مین كۆنگره‌ی خۆی سازدا و بڕیارماندا به‌ كۆتاییهێنان به‌ هه‌بوونی ڕێكخراوه‌یی پەکەکە و ستراتیژییه‌تی تێكۆشانی چه‌كداری و ئه‌و بڕیاره‌شمان له‌سه‌ر زیاد كرد كه‌ ته‌نیا به‌ سه‌رپه‌رشتی ڕاسته‌وخۆیانه‌ی ڕێبه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجالان ده‌توانرێت پراكتیزه‌ بكرێن. دوای دوو مانگ و له‌ ١١ـی ته‌مووزدا، دوای بانگه‌وازی به‌دیمه‌نی ڕێبه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجالان گرووپی ئاشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیک کە له‌ ٣٠ كه‌س پێكهاتبوو و به‌ پێشه‌نگایه‌تی هاوسه‌رۆكی كۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری کەجەکە به‌سێ هۆزات، له‌ مه‌راسیمێكدا چه‌كه‌كانیان سووتاند و به‌ ڕوونی و كرداریی هه‌ڵوێست و به‌ بڕیارداریمانەوە له‌ كۆتاییهێنان به‌ تێكۆشانی چه‌كداری سه‌لماند. ئه‌م هه‌نگاوه‌ مێژووییانه‌ی لایه‌نی كورد كه‌ به‌ پێشه‌نگایه‌تی ڕێبه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجالان و پەکەکە ئه‌نجامی دان، كاریگه‌رییه‌كی قوڵی له‌ كه‌شوهه‌وای سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی توركیا كرد و گیان و ئیراده‌یه‌كی نوێی له‌ بواری ئاشتی و دیموكراتیزه‌بووندا خسته‌ڕوو. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ بوێرانه‌ و فیداكارانه‌یه‌ی كورد كه‌ هه‌میشه‌ لایه‌نگری ئاشتی و دیموكراسی و ئازادیی بووه‌، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی توركیاش پێشوازییه‌كی گه‌رمی لێكرا. سه‌ره‌ڕای هه‌ڵوێسته‌ ناته‌واوه‌كانی لایه‌نی به‌رامبه‌ر، ڕێبه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجالان و بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی كوردستان به‌ ئامانجی وه‌لاوه‌نانی هه‌موو ئه‌و مه‌ترسییه‌ سه‌ختانه‌ی به‌رۆكی كورد و توركیای گرتووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت بناخه‌ی ژیانی ئازادی، دیموكراتیک و برایه‌تی سه‌ده‌ی داهاتوو دابنرێت و پرۆسه‌ی ئاشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی به‌ قۆناخی دووه‌م بگه‌یه‌ندرێت، له‌ هه‌وڵی هه‌نگاوی نوێی كردارییدایه‌. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا و له‌سه‌ر بنچینه‌ی به‌رنامه‌ و بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ی ١٢ و به‌ ده‌ستووری ڕێبه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجالان ده‌ستمانكرد به‌ هه‌نگاوی كشانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌مان له‌ توركیا له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ری مه‌ترسی پێكداداندان و زه‌مینه‌ له‌بارن بۆ ڕوودانی ئه‌گه‌ری نه‌خوازراو. كشانه‌وه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی توركیاوه‌ به‌ره‌و هه‌رێمه‌كانی پاراستنی مەدیا ده‌كرێت و به‌شێك له‌و گرووپانه‌ی گه‌یشتوون به‌ هه‌رێمه‌كانی پاراستنی مەدیا ئێستاكه‌ لێره‌ ئاماده‌ن و به‌شدارن له‌م کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەدا. هاوكات له‌و سه‌نگه‌رانه‌ی ناوچه‌ سنوورییه‌كانیشدا كه‌ ئه‌گه‌ری پێكدانان و هه‌ر ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراویان له‌سه‌ره‌، ڕێوشوێنی هاوشێوه‌ و سازه‌ندانه‌ گیراونه‌ته‌به‌ر. بێگومان پراكتیك ده‌بێته‌ نیشانده‌ری ئاستی كاریگه‌ری ئه‌م هه‌نگاوانه‌مان. به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه‌ كردارییانه‌شمان جارێكی تر به‌بڕیاربوون و هه‌ڵوێستی ڕوونمان سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ی ١٢ ده‌سه‌لمێنێت. زۆر ڕوون و ئاشكرایه‌ كه‌ ئێمه‌ پابه‌ندین به‌ بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ی ١٢ـوە‌ و به‌بڕیاریشین له‌ جێبه‌جێكردنی دا. به‌ڵام بۆ جێبه‌جێكردنییان پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ ئه‌و هه‌نگاوه‌ یاسایی و سیاسییانه‌ی پرۆسه‌كه‌ بنرێن كه‌ مه‌رجی بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ی ١٢ـی پەکەکە بوون. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پێویسته‌ یاسای ڕاگوزەری تایبه‌ت به ‌پەکەکە به‌ بنچینه‌ وه‌ربگیردرێت و بۆ به‌شداریكردن له‌ سیاسه‌تی دیموكراتییانه‌ش ده‌ستبه‌جێ یاساكانی په‌یوه‌ست به‌ ئازادی پێویست و ئه‌نتیگراسیۆنی دیموكراتی ده‌ربكرێن. بانگه‌وازییه‌كه‌مان بۆ تێكڕای گه‌له‌كه‌مانه‌ به‌تایبه‌تیش ژنان و گه‌نجان. ڕۆژ؛ ڕۆژی چاوه‌ڕوانیكردن نییه‌، ڕۆژی تێكۆشانی ڕێكخراوه‌ییه‌ بۆ به‌دیهێنانی ژیانی ئازادی و دیموكراسی. هه‌ر بۆیه‌ هه‌ر كه‌سێك خۆی له‌م ژیانه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ پێویسته‌ له‌ ئاستی هه‌ڵمه‌تی سه‌رتاسه‌ریدا بۆ سه‌ركه‌وتنی “پرۆسه‌ی ئاشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی” تێبكۆشێت. مانیفێستی ئاشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیک مسۆگه‌ر سه‌رده‌كه‌وێت.

ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت بەڕێوەبەر و مامۆستای قوتابخانەیەک لە شاری جوانڕۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی گوتنەوەی سروودێک لە یادی هەڵەبجە لەلایەن قوتابییانی قوتابخانەکەوە، سزا دران. "زەیتوون کەهزادی"، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتایی کچانەی فیردەوسی لە شاری جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشان، بەهۆی خوێندنەوەی سروودی شۆڕشگێڕی "ڕێی خەبات" لەلایەن گرووپێک لە کچە قوتابییەکانی ئەو قوتابخانەیە، لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بانگ کراوە و لە پۆستەکەی دوورخرایەوە. کچە قوتابییەکان ئەم سروودەیان لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێکدا بەبۆنەی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە خوێندبوو. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، "زەیتوون کەهزادی"، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتایی کچانەی فیردەوسی لە شاری جوانڕۆ، پاش چەندین جار بانگران و لێپرسینەوە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە و مانگانە بڕێک لە مووچەکەی لەلایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەکانەوە کەم دەکرێتەوە. بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، "زەیتوون کەهزادی" لە بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە دوورخراوەتەوە و ئێستا وەک مامۆستا لە هەمان قوتابخانەدا وانە دەڵێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسانی پەروەردە و فێرکردن هەموو مانگێک نزیکەی چوار ملیۆن تمەن لە مووچەکەی کەم دەکەنەوە. ئەو سەرچاوەیە لەدرێژەدا وتی، لە قۆناغەکانی یەکەمدا، بڕیاری دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دوورخستنەوەی تەواوی "زەیتوون کەهزادی" بوو لە سیستەمی پەروەردە و فێرکردن، بەڵام پاش پێداچوونەوە، ئەم بڕیارە گۆڕانکاری بەسەردا هات و لە کۆتاییدا بوو بە دوورخستنەوەی لە پۆستی بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەکە. شایانی باسە کە ژمارەیەک لە کچە قوتابییەکانی قوتابخانەی سەرەتایی فیردەوسی لە جوانڕۆ، زستانی ڕابردوو لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێکدا بەبۆنەی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە و بە هاوکاری یەکێک لە مامۆستاکانیان بە ناوی "مێهری خوسرەوی زادە"، سروودی شۆڕشگێڕی و ئازادیخوازانەی "ڕێی خەباتمان"یان پێکەوە خوێند. سروودی "ڕێی خەبات" یەکێکە لە سروودە ئازادیخوازانەکانە  کە پەیامێکی خۆڕاگری، یەکێتی و هیوای داهاتوویەکی دادپەروەرانە دەگەیەنێت و هەمیشە وەک هێمایەک بۆ بەرخۆدان و ناسنامەی فەرهەنگی کۆمەڵگەی کوردی ئەژمار دەکرێت. جێبەجێکردنی ئەم سروودە لەلایەن دەزگا حکوومییەکانی ئێرانەوە بە کاردانەوەی ئەمنی و گوشار خستنە سەر مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان لەقەڵەم دراوە.

کۆشکی سپی فشارێکی زۆر دەخاتە سەر کۆنگرێس بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانەی لەسەر سووریا ماوەتەوە، کە یاسای قەیسەر توندترین سزایە بەسەر سووریادا سەپێنراوە. پێگەی ئەلمۆنیتۆر بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، بەفەرمانێک زۆرینەی سزاکانی سەر سووریای هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام توندترین سزاکان کە سووریایان لە ئابووری جیهان دابڕاندووە، ئەو سزایانەن کە بە پێی یاسای قەیسەر دەرکراون و پێویستیان بە کۆنگرێس هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکان. 'یاسای قەیسەر' یاسایەکی ئەمەریکایە کە سزای بەسەر حکوومەتی سووریا و بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری ڕژێمی پێشووی سووریادا سەپاندبوو، بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تاوانەکانی جەنگ، هەروەها ئامانجی یاساکە سزادانی هەر کەسێک و لایەنێکە کە مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی سووریا بکات، سزاکەش زیاتر کەرتەکانی وزە و بیناسازی دەگرێتەوە کە لە مانگی کانوونی یەکەمی 2019 واژۆ کراوە و لە مانگی حوزەیرانی 2020 چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەرپرسێکی باڵای کۆنگرێس بە ئەلمۆنیۆری گوت: بەرپرسانی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، بەتەواوی بۆ کۆنگرێس ڕوونکردووەتەوە، کە هەڵوێستی فەرمی ئیدارەکە هەڵوەشاندنەوەی تەواوی سزاکان و یاسای قەیسەرە. سەرچاوەیەکی دیکە لە کۆنگرێس ڕایگەیاند، تۆم باراک، نێردەی ئەمەریکا بۆ سووریا پەیوەندی بە یاسادانەرانی باڵای کۆمارییەکان کردووە و داوای لێکردوون پاڵپشتیی لە هەڵوەشاندنەوەی یاساکە بکەن.  بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر، هەوڵەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی سزاکان یاسادانەرانی هەردوو حزبی کۆماریی و دیموکراتەکانی یەکخستووە، کە سیناتۆر جین شاهین، لەبەری دیموکراتەکان و جۆ ویڵسنی کۆمارییەکان سەرکردایەتی هەوڵەکانی هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەر دەکەن. لە واشنتن هەندێک ڕێکخراوی لایەنگری ئیسرائیل هەن، داوای مانەوەی سزاکانی سەر سووریا دەکەن کە بە مەترسییەکی ئەگەری بۆ سەر ئیسرائیل و پێکهاتەکانی عەلەویی و دروزەکان دەزانن.

بەپێی زانیارییەکان، بڕیار وایە سبەینێ گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا هەنگاوێکی دیکەی مێژوویی بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بنێن. لەو بارەیەوە گەریلاکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاندراوێک بۆ ڕای گشتیی بڵاودەکەنەوە. ڕۆژی ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥،  بەڕێز عەبدولا ئۆجەلان  بانگەوازێکی مێژوویی بە ناونیشانی 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' کرد، پاشان لە چوارچێوەی ئەو بانگەوازییەدا، پەکەکە لە ٥ بۆ ٧ـی ئایار، کۆنگرەی ١٢ـیەمینی خۆی ئەنجام دا و چەندین بڕیاری گرنگی بۆ ڕەخساندنی زەمینەی پرۆسەی ئاشتی پراکتیزە کرد. هەروەها لە ١١ـی تەممووز، گرووپێکی ٣٠ کەسی گەریلا بە پێشەنگایەتی بەسێ هۆزات، وەک نیشاندانی نیازپاکییەک بۆ پرۆسەی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە مەراسێمێکی سیمبولیکدا لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری سلێمانی، چەکەکانیان سووتاند.

بڕیارە مانگى ئازارى ساڵی داهاتوو، بۆ یەکەمجار لە مێژووی فەڕەنسادا، پرۆسەی دادگاییکردن پەیوەست بە دۆسیەی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان بەڕێوەبچێت. دادگاییکردنەکە لە دادگای تاوانەکانی پاریس لەنێوان 16 بۆ 20ی ئازاردا ئەنجام دەدرێت. تۆمەتباری سەرەکی لەم دۆسیەیەدا جیهادییەکی فەڕەنسییە بە ناوی (سەبری سەید)، کە لەدایکبووی ساڵی 1984ی شاری تولوزە. سەید بەبێ ئامادەبوونی خۆی دادگایی دەکرێت، چونکە پێدەچێت لە ساڵی 2018 لە سووریا کوژرابێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی فەرمی لەسەر مردنی، دادگا بڕیاری داوە پرۆسەکە بەردەوام بێت. تۆمەتەکان: کۆمەڵکوژی و تاوانی دژە مرۆڤایەتی بەپێی بڕیاری دادوەرانی لێکۆڵینەوە، سەبری سەید بەم تاوانانەی خوارەوە تۆمەتبار کراوە: تاوانی کۆمەڵکوژی و دژە مرۆڤایەتی: بە تایبەتی دژی چوار ژنی ئێزدی و حەوت منداڵەکەیان. کڕین و فرۆشتنی مرۆڤ: لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ناوبراو ژمارەیەک ژن و منداڵی ئێزدیی کڕیوە بۆ ئەندامانی داعش بە مەبەستی بەکارهێنانیان بۆ کاری سێکسی. مامەڵەی نامرۆڤانە: ژنە قوربانییەکان شایەتییان داوە کە خۆیان و منداڵەکانیان لە نان و ئاو بێبەش کراون، بەردەوام ڕووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی بوونەتەوە و وەک "کاڵای سێکسی" مامەڵەیان لەگەڵ کراوە. کلیمانس بیکتارت، پارێزەری ژنە ئێزدییەکان، ڕایگەیاندووە کە بریکارەکانی (قوربانییەکان) بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئەم دادگاییە دەکەن و هیواخوازن لە ڕێگەی دادگای فەڕەنساوە گوێیان لێبگیرێت و دادپەروەری بۆیان بەدیبێت. جگە لە دۆسیەی سەبری سەید، بڕیارە دوو کەسی دیکەش بە هەمان تۆمەت دادگایی بکرێن: (عەبدولناسر بن یوسف): بەرپرسێکی باڵای داعش بووە و ئەویش بە مردوو دادەنرێت. (سۆنیا مەجەری): هاوژینی پێشووی ناوبراوە و ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ فەڕەنسا. دادگاییکردنی سۆنیا مەجەری، کە چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی 2027 بێت، دەبێتە یەکەم دادگایی کەسێکی فەڕەنسی کە خۆی ئامادەبێت و بە تۆمەتی کۆمەڵکوژی ڕووبەڕووی سزای زیندانیی هەتاهەتایی ببێتەوە.