رۆژنامەی "زەمان"ی توركی بڵاویكردەوە: بڕیارە سبەینێ، نومان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، نامە بۆ لایەنە سیاسییەکان بنێرێت و داوای دیاریكردنی ئەندامیان لێبكات، بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانیی كە ئەرکی دامەزراندنی بناغە یاساییەکانی یەکلاکردنەوەی كێشەی کورد و، تێکەڵکردنی ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان دەبێت لە کۆمەڵگادا. ئەمجارە پێکهێنانی لیژنەکە لەسەر بنەمای بڕیارێکی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەبێت، نەک بە یاسا، هاوشێوەی لیژنە تایبەتمەندەکانی دیکەی ئێستا، سەرۆکایەتی پەرلەمان چوارچێوەی کارکردنی لیژنەکە دیاری دەکات و، پێشبینی دەکرێت (٣٥) ئەندام لەخۆبگرێت. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) داوای پێکهێنانی ئەو لیژنەیەی کردبوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاش رایگەیاند، پێكهێنانی لیژنەكە لە سێ لایەنی پارتی داد و گەشەپێدان، پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست و پارتی یەکسانی گەل (پەیەدە) و پارتی دیموکرات (دەم پارتی) دەبێت. ئەو پارتانەی فراكسیۆنی پەرلەمانییان هەیە، بە پێنج نوێنەری بەشداری ئەم لیژنەیە دەکەن، ئەو پارتانەشی فراكسیۆنیان نییە، بە یەک نوێنەر بەشداری دەکەن، پێنج پەرلەمانتاریش لە سەربەخۆکان بە تیروپشک دیاری دەکرێن. ئەرکی لیژنەکە، پەرەپێدانی پێشنیازەکان دەبێت لەبارەی تێکەڵکردنی ئەندامانی پەكەكە کە چووەتە قۆناغی چەکداماڵین لەگەڵ کۆمەڵگا و، پێكهێنانی میکانیزمی کۆمەڵایەتی و یاسایی بۆ ئەو کەسانە. پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (هەدەپە)و پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن، داوای لیژنەیەکی سشپۆڕی هەمیشەیی دەکەن کە بەگوێرەی یاسا دامەزرابێت، نەک قەوارەیەکی سنوردار کە ئەرکی تەکنیکی هەبێت. لە بەرامبەردا هاوپەیمانی كۆماری دەسەڵاتدار، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، لیژنەکە تەنها لە قەوارەیەکدا سنوردار بكرێت، بەوپێیەی پەرە بە پێشنیازەكان دەدات. ئەندامانی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) پێشنیازیان کردووە، کە دەستپێشخەریی ئێستا بە "ئاشتی و دیموکراسی" ناوببرێت، کە گروپی دەسەڵاتدار بە "تورکیا بێ تیرۆر" ناوی دەبات، بەڵام بەرەی دەسەڵات، دژی هێنانە پێشەوەی وشەی "ئاشتی" بووە بۆ ناوی ئەم قۆناغە، بەهۆی نەبوونی جەنگەوە. لەم هەفتەیەدا شاندێکی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان سەردانی بۆ لای پارتە سیاسییەکان دەستپێدەکاتەوە، ئەوەش دوای داماڵینی چەک لەلایەن پەکەکەوە. شاندەکە کە پێکهاتووە لە پەروین بوڵدان، مدحەت سانکار و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، رۆژی چوارشەممە کاتژمێر (١٢:٠٠)ی نیوەڕۆ، لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە کۆدەبنەوە. دواتر شاندەکە کاتژمێر(٢:٠٠)ی پاشنیوەڕۆ لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست دەكات لە پەرلەمانی تورکیا .
وەزیری بەرگریی سوریا: ئاگربەست لە شاری سویدا ڕادەگەیەنین مورهەف ئەبو قەسرە وەزیری بەرگریی سوریا، ڕایدەگەیەنێت بۆ هەموو ئەو یەکانەی کە لە چوارچێوەی شاری سویدا ئەرکیان پێسپێردراوە ئاگربەستێکی تەواو ڕادەگەیەنین. کەمێک لەمەوبەر وەزیری بەرگریی سوریا ئەوەى خستەڕوو دوای ئەوەى ڕێککەوتینیان لەگەڵ کەسایەتیە ناودارەکانی شارەکە کردوە ئاگربەست ڕادەگەیەنن، وتیشى: بەو مەرجەی کە تەنها وەڵام ئەو سەرچاوانە بدەینەوە کە تەقە لەهێزەکانمان بکرێت و بەئامانج بگیرێن لەلایەن گروپە نایاساییەکانەوە. ئەم ئاگربەستە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانى ئەمڕۆ سێ شەممە، هێزەکانی حکومەتی سوریا چونە ناو پارێزگای سوەیدای زۆرینە دروز نشینەوە بەمەبەستى کۆتایی هێنان بەگرژییەکان. ماوەى سێ ڕۆژە لە چەند ناوچەیەی سوەیدا شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لەنێوان هێزەکانی حکومەتی دیمەشق و ئەنجومەنی سەربازیی دروزەکان دەستیپێکردووە. ئەنجومەنی روحانیی دروزەکان داوا دەکات گروپە چەکدارەکان هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری سوریا بکەن و خۆیان لە پێکدادان بە دووربگرن. ئەنجومەنی روحانی داوای دەستپێکردنی گفتوگۆ و دانوستانی راستەقینە و دادپەروەر لە حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع دەکات. لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێرشی کردووەتە سەر "چەند تانکێک لە ناوچەی گوندی سامیع لە ناوچەی سوەیدا لە باشووری سوریا". ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل، پێشتر ئەوەى دووپات کردەوە کە ئەو هێرشانەی سوپای سوریا لە باشووری سوریا ئەنجامیان داوە "هۆشدارییەکی ڕوونە بۆ ڕژێمی سوریا" بۆ ئەوەی دروزەکان نەکاتە ئامانج. ئیسرائیل پێشتر پشتڕاستی کردبووەوە کە دەستوەردان دەکات بۆ پاراستنی کەمینە دروزەکان ئەگەر هەڕەشەیان لێ بکرێت، هەروەها هۆشداریشی داوەتە دەسەڵاتدارانی سوریا لە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی لە ناوچەکانی باشووری وڵاتەکەی تەنیشت بەرزاییەکانی جۆلان کە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە.
وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى حکومەتى هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەیانی ئەمڕۆ لەڕێی درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە هێرشێکی تیرۆرستی كرایەسەر كێڵگەی نەوتی سەرسنگ و هیچ زیانێکى گیانى نەبووە. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی سەر كێڵگەی نەوتی سەرسنگ بڵاوکردەوە، تیایدا هاتووە: ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەتووندی ئیدانە و شەرمەزار دەکات. لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیای (HKN)ـی ئەمەریکی کە لەو کێڵگەیە کار دەکات، لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کردووە، بەهۆی هێرشەکە، بەرهەمهێنانی نەوتیان وەستاندووە و جەختی کردووەتەوە، هەموو ستافی کێڵگەکە سەلامەتن و تەنیا زیانی ماددی هەیە. بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، هێرشەکە کاتژمێر 7:00 ـی بەیانی بە کاتی کراوە و لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە کار بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە دەکەن و تاوەکو دڵنیا نەبنەوە بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێناکەنەوە. ئێوارەی دوێنێ دووشەممەش، 14ـی تەممووزی 2025، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە پارێزگای هەولێر کەوتنە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانییان نەبوو. نزیکەی کاتژمێر 2:20ـی بەرەبەیانیی هەمان ڕۆژیش (دووشەممە، 14ـی تەممووزی 2025) درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر تێکشکێندرا و خرایە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتەوە. دەقى ڕاگەیەندراوەکە ڕاگەیاندراوێک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە سەر لەبەیانی ئەمڕۆ رۆژی سێشەممە (15)ی تەمووزی 2025 لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرشێکی تیرۆرستی كرایە سەر كێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک . هێرشەکە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە. ئەم هێرشە دوای ئەو هێرشەی دوێنێ ئێوارەوە دێت کە لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی خۆرمەڵە لە پارێزگای هەولێر. وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەتووندی ئیدانە و شەرمەزار دەکات. وەزارەت سامانە سرووشتییەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان 15ی تەمووزی 2025
وەزارەتی بەرگریی سوریا ڕایدەگەیەنێت هێزەکانی سوپا ئەمڕۆ دەستیان کردووە بە جوڵە بەرەو سوەیدا، هاوکات قەدەغەی هاتووچۆی لەو پارێزگایە تا کاتێکى نادیار ڕاگەیەندراوە. ئاژانسى هەواڵیی سوریا (سانا)، بە پشتبەستن بە زانیاریەکانى هێزەکانی حکومەتی سوریا ڕۆژی سێشەممە بڵاویکردەوە قەدەغەی هاتووچۆیان لە شاری سویدا ڕاگەیاندوە، دوای ئەوەى لەسێ ڕۆژى ڕابردوودا تێکهەڵچوون و ڕوبەڕوبونەوەى قورس ڕویداوەو تائیستاش نزیکەی ١٠٠ کوژراوی لێکەوتەوە. فەریق ئەحمەد ئەلدەلاتی، فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی پارێزگای سویدا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "هێزەکانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری دەست بە چوونە ناو سەنتەری شاری سویدا دەکەن". سەرۆکایەتیی رووحانیی دروزەکانی سووریا، پێشوازیی لە چوونە ناوەوەی هێزەکانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکان و دابینکردنی ئاسایشی پارێزگای سوەیدا. لە بەیاننامەیەکدا، سەرۆکایەتیی رووحانیی دروزەکان، داوای لە سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی پارێزگای سوەیدا کردووە کە هاوکاریی هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ بکەن و دژایەتیی هاتنەناوەوەیان نەکەن، هەروەها چەکەکانیان رادەستی وەزارەت بکەن. جەختیش لەسەر پێویستیی دەستپێکردنی دیالۆگ لەگەڵ حکومەتی سووریا کراوەتەوە بۆ چارەسەرکردنی لێکەوتەکانی رووداوەکان و کاراکردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بە هاوکاریی خەڵکی پارێزگاکە. سێ رۆژە شەڕ و پێکدادان لە گوندەوارەکانی رۆژئاوای پارێزگای سوەیدا بەردەوامە. شەڕەکان لە دەوروبەری گوندی کەنناکر و لە شارۆچکەکانی ئەلسەعلە و ئەلمەزرەعە چڕبوونەتەوە، لەنێوان گرووپە دروزەکان و گرووپە چەکدارە دەشتەکییەکان (بەدەوی) لەلایەک و لەلایەکی دیکە رووبەڕووی یەکە سەربازییەکانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سووریا بوونەتەوە. بەپێی بەیاننامەکەی سەرۆکایەتیی رووحانیی دروزەکان، ئەم هەڵوێستە دوای ئەو رووداوە دڵتەزێنانە دێت کە لە رۆژانی رابردوودا پارێزگای سوەیدای گرتەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر قوربانی. ئەمەش لە پێناو رێگریکردن لە خوێنڕشتن و گێڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ پارێزگاکە و لە باوەڕبوون بەوەی کە بەدیهێنانی ئەمە "پێویستی بە سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتە بەسەر پارێزگاکەدا لە رێگەی دامەزراوە فەرمییەکانەوە، بەتایبەتی دامەزراوەی ئەمنی و سەربازی."
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، سوپا وەک پەیامێکی ڕوون و هۆشدارییەک بۆ ڕژێمی سوریا هێرشی کردە سەر ئامانجەکانی سوریا. کاتز لە هەژماری تایبەتى خۆى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس پەیامێکى بڵاوکردەوەو ڕایگەیاندووە، "هێرشەکانی ئیسرائیل پەیامێکی ڕوون و هۆشدارییەک بوون بۆ ڕژێمی سوریا، ڕێگە نادەین زیان بەوان بگات". ماوەى 48 کاتژمێرە لە پارێزگای سوەیدای سووریا شەڕو پێکدادان لەنێوان دروزەکان و هێزەئەمنیەکانى وەزارەتى ناوخۆى سوریا بەردەوامە، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوریی بۆ مافەکانى مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت بەهۆى ئەو پێکدادانانەوە تاوەکو ئێستاش ٧٠ کەس کوژراون، ئەو شەڕەش هێششتا دریژەى هەیە. ئەم لێدوانانەى وەزیرى بەرگریی دوای ئەوە دێت کە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێرشێکی کردۆتە ئامانج و ژمارەیەک تانکی لە گوندی سامیع لە پارێزگای سوەیدە لە باشووری سوریا ئەنجامداوە. سوپای ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە دووپاتی کردەوە کە ڕێگە نادات "مەترسی سەربازی" لە باشووری سووریا بوونی هەبێت، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک لە ئامانجکردنی تانکەکانی ئەو ناوچەیە، کە بەهۆی پێکدادانەکانەوە دەیان کوژراوی لێکەوتووەتەوە. ئەفیخاى ئەدرعى وتەبێژى سوپاى ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، سوپای ئیسرائیل پێشتر هێرشی کردووەتە سەر تانکەکان "لەکاتێکدا بەرەو ناوچەی سویدە دەڕۆیشتن"، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە "بوونی ئەو ئۆتۆمبێلانە لە باشووری سوریا دەتوانێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل". تایفەی دروز؛ ژمارەیان بە نزیکەی دوو ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت؛ زۆرترینیان نیشتەجێی پارێزگای سوەیدای باشووری سووریان کە ژمارەیان سەرووی 700 هەزار کەسە، لە لوبنان و ئیسرائیلیش هەن. دروز سەر بە ئایینە "باتنییەکان"ـن، کە هێشتا زۆر شت لەسەریان نازانرێت و بە کۆمەڵگەی داخراو ناسراون، باوەڕیان بە کتێبی "نامەکانی حیکمەت" هەیە کە بە گوتەی خۆیان "تەفسیرێكی باتنی" قورئانی پیرۆزە؛ بە گشتی دروزەکان لە مەزهەبی شیعەوە نزیکن. بەپێى ئەو ئامارانەى ڕوانگەى سوریى کۆیکردوەتەوە ژمارەى قوربانییەکان گەیشتوەتە ٧٠ کەس، کوژراوەکان لە دروزەکانی سوەیدا کە دوو منداڵ و ژنێکیان تێدایە، بەشێک لە کوژراوەکانیش لە هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگرین، هاوکات دەیان بریندار لەوشەڕەدا هەیە کەبەشێکیان ژن و منداڵن. ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ پشتڕاستی دەکاتەوە کە تۆمارى ڤیدیۆ و دەنگیی دەستکەوتووە کە ئەو دیمەن و دەنگە ناخۆشانەیان بەڵگەکردووە کەلەشەڕەکەدا ڕوویداوە، بەڵام بەهۆی ئەو ناوەڕۆکە مەترسیدارانەی کە تێیدایە، خۆی لە بڵاوکردنەوەیان دەپارێزێت، ئەمەش بەشدارە لە تێکدانی پەیکەری کۆمەڵایەتی سوریا و هاندانی ململانێی تائیفی و هەڵگیرسانی بڵێسەی ناتەبایی لە نێوان خەڵکی هەمان نەتەوەدا.
سەرچاوەیەکى ئاگادار ڕایدەگەیەنێت کاتژمێر نۆى ئەمشەو بە دوو فرۆكەی بێفركەوانی بۆمبڕێكراو هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە سنوری پارێزگای هەولێر. بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكان، یەكێك لە فرۆكەكەكان لە نزیک وێستگەی ئاوی کێڵگە نەوتیەكە کەوتووەتە خوارەوەو، تا ئێستا قەبارەی زیانەکانی دیاری نەکراوە. لەلایەکى دیکەوە دژەتیرۆری كوردستان (پارتی) بڵاویكردەوە: بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 14ی تەممووزی 2025، لە کاتژمێرەکانی 20:20 و 20:25، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە پارێزگای هەولێر کەوتنە خوارەوە، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە. سەرچاوەیەکی دیکە وتى: دواى ئەوەى دوو درۆنەکە لەلایەن هاوپەیمانانەوە خراونەتە خوارەوە، درۆنێکی دیکەش چووەتە ئاسمانی ناوچەکە و دواتر دیار نەماوە، پێدەچێت گەڕێندرابێتەوە شوێنی خۆی". تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە زیانە مادییەکانی هێرشەکە ئاشکرا نەکراون. سەرەڕای راوەستانى جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەڵام ناوبەناو بە درۆن هێرشدەکرێتە سەر ناوچە هەستیارەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان، ئەوەش ئەو راستییە رووندەکاتەوە کە سیستمى بەرگریی عێراق سفرە و ناتوانێت سنوور و سەروەرییەکانى وڵاتەکەى بپارێزێت. سەرچاوە ئەمنییەکان لەچەند رۆژى رابردوودا بڵاویانکردەوە هێرشى درۆنی بۆ سەر فڕۆکەخانە و شوێنە ئەمنى و سەربازییەکانى پارێزگاکانى هەولێر و سلێمانى لە هەرێمى کوردستان و کێڵگە نەوتییەکانى کەرکووک هەرچەندە زیانى گیانییان لێنەکەوتبێتەوە ئامانجەکەى تێکدانى ئاسایشى گشتییە. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە بەرپرسان باسیان لە پێکهێنانى لیژنەى لێکۆڵینەوە کردووە بۆئەوەى سەرچاوەى هێرشەکان بزانن بەڵام تا ئێستا خۆیان لە ناوهێنانى ئاراستەکاری درۆنەکان دەپارێزن.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند "لە پەسەندكردنی یاسای بودجەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند نەبووە بە رادەستكردنی تەواوی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان". محەمەد شیاع سودانی لەمیانەی چاوپێكەوتنێك لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت ئاماژەی بەوە كرد "هەروەها حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند نەبووە بە رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان و ئەوەش پێشێلكردنی یاسا و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵییە". سودانی دەشڵێت"هەربۆیە وەزارەتی دارایی عێراق ناتوانێت بەبێ پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ جۆرە بودجەیەك بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت". سودانی رەتیكردەوە ئەو بابەتانە سیاسی بن و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەو بابەتە بە تەواوەتی یاسایی و تەكنیكییە. روونیشیكردەوە هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان بەشێكن لە رۆڵەكانی گەلی عێراق و هیچ سەرۆكوەزیرانێك ناتوانێت پێشێلی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بكات. گوتیشی "بەهۆی پابەند نەبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و یاسای بودجە لەماوەكانی رابردوودا لە دەرەوەی پشكی هەرێمی كوردستان پارەمان خەرج دەكرد". لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەدا سودانی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئەوان هیچ نیازێكیان نییە بۆ كاركردن بۆ نەهێشتنی هەرێمی كوردستان و دەڵێت: هەرێمی كوردستان خاوەن قەوارەیەكی دەستوورییە و هەمووان رێزی لێدەگرین و پەرۆشین بۆ سەقامگیریی هەرێمی كوردستان، بە بەڵگەی ئەوەی ئێمە هاوكاربووین لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 8 بۆ 9 مانگ لەمەوبەر ئەنجامدرا و بودجەی پێویستمان بۆ دابینكرد. وتىشى: من بە شەخسی ، دوای هەڵبژاردن، گەشتێکم کرد بۆ سەردانی هەموو هێزە سیاسییە براوەکانی هەرێم، داوام لێکردن حکومەتێکی نوێ بۆ هەرێم پێکبهێنن، هەروەها پەرلەمان دەسەڵات و ئەرکەکانی لە چوارچێوەی دەستوردا جێبەجێ بکات.
بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوریی بۆ مافەکانى مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت پێکدادانەکان لە پارێزگای سوەیدای سووریا بەردەوامەو تاوەکو ئێستاش ٧٠ کەس کوژراون، ئەو شەڕە ماوەى 48 کاتژمێرە دریژەى هەیە. ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوریی بۆ مافەکانى مرۆڤ لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ئەوەى خستەڕوو ڕایدەگەیەنێت: پێکدادانەکان هێشتا بەردەوامەکان، وەزارەتی بەرگری دەستوەردانی کردوە، بەشێک لە چەکدارانی خێڵی بەدەوی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژیان بەکارهێناوە، ئەوانەی بەشداری شەڕەکە بوون جلوبەرگی ئەمنی و سەربازییان لەبەردا بووە. بەپێى ئەو ئامارانەى ڕوانگەى سوریى کۆیکردوەتەوە ژمارەى قوربانییەکان گەیشتوەتە ٧٠ کەس، کوژراوەکان لە دروزەکانی سوەیدا کە دوو منداڵ و ژنێکیان تێدایە، بەشێک لە کوژراوەکانیش لە هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگرین، هاوکات دەیان بریندار لەوشەڕەدا هەیە کەبەشێکیان ژن و منداڵن. ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ پشتڕاستی دەکاتەوە کە تۆمارى ڤیدیۆ و دەنگیی دەستکەوتووە کە ئەو دیمەن و دەنگە ناخۆشانەیان بەڵگەکردووە کەلەشەڕەکەدا ڕوویداوە، بەڵام بەهۆی ئەو ناوەڕۆکە مەترسیدارانەی کە تێیدایە، خۆی لە بڵاوکردنەوەیان دەپارێزێت، ئەمەش بەشدارە لە تێکدانی پەیکەری کۆمەڵایەتی سوریا و هاندانی ململانێی تائیفی و هەڵگیرسانی بڵێسەی ناتەبایی لە نێوان خەڵکی هەمان نەتەوەدا. رۆژی شەممەى ڕابردوو لەسەر رێگەی دیمەشق - سوەیدا، گەنجێکی دروز بە ناوی فەزڵوڵڵا دەوارە، لەلایەن گرووپێکی دەشتەکییەکانەوە دەڕفێنرێت و ئۆتۆمبێل و پارەی لێدەسێنن. بە گوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی سوەیدا، گەنجەکە بۆ ماوەی کاژێرێک دەستبەسەر بووە و رووبەڕووی سووکایەتی و جنێودان بووەتەوە. دواتر ئازاد کراوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ سوەیدا. ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی دروزەکان و ئەوانیش لە بەرامبەردا هەوڵی دەستگیرکردن و رفاندنی ئەندامانی هێزە دەشتەکییەکانیان دا و لە ئەنجامدا شەڕ سەریهەڵدا. رامی عەبدولڕەحمان گوتی، وەزارەتی بەرگریی سووریا هێزی پشتیوانیی بۆ سوەیدا ناردووە کە چەکی جۆراوجۆریان پێیە بۆ ئەوەی دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن و پشتیوانی ئەو بازگانە بکەن کە هێرشیان کراوەتە سەر. ڕوانگە بانگەوازی خۆی بۆ هەموو لایەنەکان دووپاتدەکاتەوە کە دەستبەجێ پەرەسەندنەکان ڕابگرن و عەقڵ و دیالۆگ لە باوەش بگرن بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی و یەکگرتوویی کۆمەڵگای سوریا.
بڕیارە ئەمشەو سەرکردەکانى چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان کۆببنەوە و پرسێکی گرنگی کۆبوونەوەکەش، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کێشەى موچەو گرژیەکانى نێوان هەولێرو بەغدایە. ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێت؛ ئەگەری هەیە بڕیارێک بدرێت، بەکاتی کیشەکان چارەسەر بکرێن. بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی، لە کۆبوونەوەی ئەمشەودا کۆمەڵێک پرسی ناوخۆیی و هەرێمی تاوتوێدەکرێن و پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی کۆبوونەوەکەیە و پرسەکانی دیکەش پەیوەستن بە بوونی تورکیا لەناو خاکی عێراق لەپاش چەکدانانی پەکەکە. باسی لەوەشکردووە، رێژەی ئاوی بەردراوە بۆ عێراق پرسێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیە. عومەر کۆچەر، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکەوە ڕاگەیاند، ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن، ئەمشەو چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیارێک بدات تاوەکو بەکاتی کێشەکان چارەسەر بکات. عومەر کۆچەر راشگەیاند، لە داهاتوویەکى نزیکدا بەغداد مووچەیەک بۆ هەرێمى کوردستان دەنێرێت، بەڵام چارەسەرەکانى کێشەى مووچە کاتین و تاوەکو ئێستا چارەسەرێکى بنەڕەتى بۆ کێشەکە نەدۆزراوەتەوە. گوتیشى، شەقامى شیعەی عێراق فشاریان لە سودانى کردووە،کە لەکاتێکدا نەوتى هەرێمى کوردستان بەقاچاخ دەبرێتە دەرەوە، ئەو چۆن پارەى نەوتى بەسڕە بۆ هەرێمى کوردستان دەنێرێت. هەر ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانى، و ئامادەبوونى بافڵ جەلال تاڵەبانی هەردوو مەکتەبى سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتى دیموکراتی کوردستان و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی هەردوو حیزب، لە پیرمام کۆدەبنەوە. لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێى هەنگاوەکانى پێکهێنانى کابینەى 10یەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان و کێشەکانى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ دەکرێت.
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوت لە کوردستان (ئەپیكۆر) لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت: بەخۆشحاڵییەوە، دانوستانەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق چڕتر بووەتەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراق- تورکیاوە. کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکۆرو نوێنەری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی دیکەی نەوت، کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق چالاکن، بەشدارییان لە کۆبونەوەیەکدا کرد لە 12ی تەمموزی 2025 لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق، تیایدا ئامادەییان دەربڕی بۆ دەستبەجێ دەستپێكردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراق_توركیاوە، دوای ئەنجامدانی رێککەوتنێكی پابەندکەر، كە دڵنیایی بدات بە پارەدانی هەناردەکردنی نەوت و بەجۆرێك گونجاوبێت لەگەڵ مەرجە گرێبەستییە هەنوکەیی و یاساییەکانی كۆمپانیاكان، هەروەها چارەسەرکردنی پاشەکەوتی پارە دواكەوتووەكانی كۆمپانیاكان. لە بەیاننامەكەی ئەپیكۆردا هاتووە: پێویستە هەموو پارەدانەکان بە خێرایی و شەفافانە بدرێن، بەجۆرێك كە لەلایەن كۆمپانیاكان و حکومەتی هەرێمەوە قبوڵکراو بێت، بەكاش یان لە ڕێگەی گواستنەوەی پشکی شایستەیان لە نەوت ئەنجام بدرێت. مایڵز كاكینز، وتەبێژی ئەپیكۆر رایگەیاندووە: كۆمپانیاكانی نەوت ئامادەن بۆ دەستپێكردنەوەی دەستبەجێی هەناردەی نەوت، دوای واژوكردنی رێككەوتنی نوسراو و رێزگرتن لەو گرێبەستانەیان كە یاسای نێودەوڵەتی ناوبژیوانی دەكات. ئاماژەی بەوەشكردووە: كۆمپانیانكان بەردەوام جەخیتانكردووەتەوە، لەسەر پابەندبون بە گرێبەستی هاوبەشکردنی بەرهەمهێنان لەگەڵ ئەندامەکانیان و، هەرگیز بەشدارییان لە هیچ کۆبونەوەیەکدا نەکردووە لەگەڵ هیچ لایەنێكی حکومی، کە ئاماژەیان بە پێچەوانەی ئەمە كردبێت. لەدوای دەستپێکی گفتوگۆکانی ئەم دواییانەی بەغدا و هەولێر بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت و چارەسەری کێشەی مووچە، یەکەمجارە ئەپیکور هەڵوێستی خۆی بە ئاشکرا رادەگەیێنێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی چارەسەرەکەی کە پێشکێشی بەغدای کردووە، لە ئەگەری بەشداریکردنی کۆمپانیا نەوتییەکان پێشنیازی رادەستکردنی 217 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی بە بەغدا کردووە. لە ئەگەری بەشدارنەبوونی کۆمپانیاکانیش لە رێککەوتنەکە، پێشنیازی ئەوەی کردووە 100 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەست بکات. حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای 65 هەزار بەرمیل نەوتیشی بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی کردووە.
وەزارەتی ناوخۆی سوریا، لە بەیاننامەیەکدا رایدەگەیەنێت، هێزەکانیان دەستوەردانی راستەوخۆ دەکەن لە سویدە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕاگرتنی پێکدادانەکان و سەپاندنی ئاسایش، ئاماژەیان بۆ کوژرانی دەیان کەس و برینداربونی زیاتر لە 100 کەسی دیکەش کردوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی ناوخۆی سوریا ڕایگەیاند، هێزەکانیان "دەستوەردانی ڕاستەوخۆ لە سویدە (باشوری سوریا) بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕاگرتنی پێکدادانەکان و سەپاندنی ئاسایش" دەستپێدەکەن، دوای ئەو پێکدادانە خوێناویانەی کە بەهۆیەوە دەیان کوژراو و نزیکەی 100 برینداری لێکەوتەوە. هەروەها ئامادەیی تەواویان دوپاتکردوەتەوە بۆ پشتیوانی لە هەر دەستپێشخەرییەک کە ئامانج لێی بەهێزکردنی ئاشتی مەدەنی و چاندنی گیانی هاوڵاتیبون بێت. وەزیری ناوخۆی سوریا ڕاشیدەگەیەێت جگە لە سەپاندنی ئاسایش و چالاککردنی ڕۆڵی دامەزراوەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی مەدەنی هیچ چارەسەرێک نییە. وەزارەتەکە بەڵێنیدا بەدواداچون بۆ روداوەکان دەکات و ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە ڕوداوەکان، دەدرێنە دادگا، تاوەکو دڵنیا دەبنەوە لەوەی ئەو جۆرە کارەساتانە دوبارە نەبنەوە، هەوەها بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و چەسپاندنی سەروەری یاسا. لە بەیاننامەکەدا، ئاماژەی بەوەشکراوە هێزی سەربازی زیاتریان ڕەوانەی ناوچەکە کردوە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکان و سەپاندنی ئاسایش. وەزارەتی ناوخۆی سوریا پشتڕاستی کردەوە کە بەپێی ئامارەسەرەتاییەکان، لانیکەم 30 کەس کوژراون و 100 کەسیش برینداربون، لە ئەنجامی پێکدادانی چەکداری لە نێوان گروپە سەربازییە ناوخۆییەکان و خێڵەکان لە گەڕەکی ئەلمەقوس لە شاری سویدە کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی لە دروزەکانن. ئەمە یەکەم نائارامییە کە ناوچەکە شاهیدی بێت لە دوای توندوتیژییەکانی نێوان چەکداران و هێزە ئەمنییەکان کە لە مانگەکانی نیسان و ئایاردا دەیان کەسی کوشت. پلاتفۆرمی هەواڵی ناوخۆیی سوەیدا 24 پێشتر بە پشتبەستن بە سەرچاوە پزیشکییەکان بڵاویکردبووەوە کە پێکدادانی چەکداری و ئاڵوگۆڕی تۆپباران سەریهەڵداوە و ئاماژەی بەوەدا کە ڕێگای نێودەوڵەتی دیمەشق- سوەیدە پچڕاوە.
ماڵپەڕی "بەغداد ئەلیەوم"، لەزاری سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادارەوە بڵاویكردووەتەوە: پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامی سیاسی بۆ ژمارەیەک سەرکردەی چوارچێوەی هەماهەنگی ناردووە، داوای لێکردون دەستوەردان بکەن و کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن. بەوتەی سەرچاوەكە، پارتی پەیامی بۆ نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، فالح فەیاز، بەرپرسی هێزەکانی حەشدی شەعبی ناردووە، تا رۆڵی نێوەندگیری ببینن لە چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم. راشیگەیاندووە: پەیامەکان دوای کۆبونەوەی پارتی هاتووە و داوای لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی كردووە، دەستوەردان بكەن و فشار بخنە سەر حکومەت، بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە ئابورییە کارەساتبارەی هەرێم پێیدا تێپەڕدەبێت. زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە لەكاتێكدایە، پێشتر بارەگای بارزانی رایگەیاند، لەسەر داوا و بەڵێنی لایەنە سیاسیەكانی عێراق و لەپێناو بەردەوامبونی گفتوگۆیەكی هێمنانە و رەچاوکردنی بارودۆخ و بەرژەوەندیی گشتی، پێمان باش بوو دوا دەرفەت بە حكومەتی عێراقی فیدراڵ لە بەغداد بدەین، بۆ ئەوەی رێگەیەک بۆ کۆتایهێنان بەم کێشەیە بدۆزنەوە.
وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق ڕایگەیاند، تا کۆتایی ساڵی ڕابردوو ژمارەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە وڵاتدا دوو هێندە زیادی کردووە، هەروەها دەشلێت هەوڵیان هەیە بۆ خێراکردنی خێرایی و گۆڕینی دیجیتاڵی و فراوانکردنی تۆڕی فایبەر ئۆپتیک لە بەغدا و پارێزگاکانى دیکە. وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "وەزارەتی پەیوەندییەکان ڕێژەی بەکارھێنەرانی ئینتەرنێت لە عێراقدا بەرزبوونەوەی پێوانەیی تۆمارکردووە و تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ گەیشتووەتە ٨٢.٩%ی دانیشتوانی عێراق، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٩دا تەنها ٤٤.٣% بووە، بەپێی داتا فەرمییەکانی دەستەى پەیوەندییەکانی نێودەوڵەتی (ITU)". ئاماژەی بەوەشکرد، "وەزارەت ستراتیژێکی تۆکمەی داڕشتووە بۆ خێراکردنی خێرایی گۆڕانکاری دیجیتاڵی و فراوانکردنی تۆڕی فایبەر ئۆپتیک لە بەغدا و پارێزگاکان، جگە لە پەرەپێدانی ژێرخانی دیجیتاڵی و هاندانی ژینگەیەکی کێبڕکێ و پاڵپشت لەنێوان پێشکەشکارانی خزمەتگوزاریدا"، بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA). وەزارەت پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە بۆ بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی گەشەپێدان و دەستپێکردنی دەستپێشخەری و پڕۆژەی زیاتری گەشەپێدان بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی گشتی و تایبەت بۆ دامەزراندنی بناغەکانی ژێرخانی پێشکەوتوو و یەکگرتوو کە دیدگای دیجیتاڵی عێراق بەرجەستە دەکات. وەزارەتەکە ئاماژەی بە بازدانەکانی چۆنایەتی بەرچاو کرد کە بەدەست هاتوون، کاریگەری ئەرێنی لەسەر کوالیتی خزمەتگوزارییەکان هەبووە و ژمارەی بەکارهێنەرانی لە ماوەیەکی کورتدا دوو هێندە کردووە بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، حەماس ڕێکەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکانی لە غەززە ڕەتکردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی تەلئەبیب پێشنیارەکەی ویتکۆف و هەموارکردنەوەی نێوەندگیرییەکان قبوڵکردوە. لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا نەتانیاهۆ ڕایگەیاند، بزووتنەوەی حەماس پابەندە بە ڕەتکردنەوەی هەر ڕێککەوتنێک و پێداگری لەسەر بەردەوامبوون لە بنیاتنانی هێزی سەربازی خۆی لە کەرتی غەززە، کە بە تەواوی بە قبوڵنەکراوی دەزانێت. ناتانیاهۆ وتی: حەماس پێشنیارەکانی ڕێککەوتنەکە ڕەتدەکاتەوە و پێداگری لەسەر مانەوە لە غەززە و دووبارە چەکدارکردنەوە دەکات و ئەمەش لای ئێمە قبوڵکراو نییە. ئاماژەى بەوەشدا بڕیارماندا بارمتەکان ئازاد بکەین، بەڵام پابەند دەبین بۆ له ناوبردنی تەواوی حەماس و ڕاگرتنی هەڕه شەکانی. لای خۆیەوە دکتۆر محەمەد ئەبو ئەلروب بەڕێوەبەری ناوەندی پەیوەندییەکانی حکومەتی فەلەستین بە کەناڵى ئەلعەرەبیەی ڕاگەیاندوە، ئەو چارەسەرانەی ئیسرائیل پێشنیاری کردووە ئامانجیان درێژکردنەوەی شەڕە. سەرچاوەکان ڕاگەیاندووە کە حەماس هەڵوێستی خۆی ڕوون کردووەتەوە و بوونی ئیسرائیل لەسەر میحوەری مۆراگ قبوڵ ناکات، هەروەها ناوبژیوانان هەوڵی دۆزینەوەی شێوازێکی یەکگرتوو دەدەن بۆ ئەوەی دانوستانەکان تێکنەچێت و بەردەوامبێت. ئەمەش لەکاتێکدایە ئیسرائیل "نەخشەی نوێی" بۆ دووبارە جێگیرکردنەوەی هێزەکانی لە غەززە پێشکەش کرد، لەوانەش کۆنترۆڵکردنی میحوەری مۆراگ و حەماسیش بە توندی ڕەتیکردەوە. لە نەخشەی "عەقەبە"دا هاتووە کە هێزەکانی ئیسرائیل زیاتر لە 40%ی کەرتی غەززە لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا دەمێننەوە، ئەمەش هەڵوێستێکە کە بزووتنەوەی فەلەستین ڕەتدەکاتەوە. سەرچاوەکان بە ئەلعەرەبییەیان ڕاگەیاندووە، حەماس هەڵوێستی خۆی ڕوون کردووەتەوە و بوونی ئیسرائیل لەسەر میحوەری مۆراگ قبوڵ ناکات. ناوبژیوانان هەوڵدەدەن فۆرمولەی یەکگرتوو بدۆزنەوە بۆ ئەوەی دانوستانەکان نەڕووخێن. هه مان سه ڕچاوه کان هه ڕوه ها ڕایانگه یاند که ناوبژیوانان چاوه ڕێی نه خشه ی نوێ له ئیسرائیل ده که ن سه باره ت به سه ڕله جێکردنه وه ی سوپا له ماوه ی 60 ڕۆژه ی ئاگربه ستدا. ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتژمێرەکانی داهاتوو زۆر گرنگ دەبن بۆ دڵنیابوون لە پێشکەوتنی ئەرێنی لە دانوستانەکاندا یان گەیشتن بە بنبەست.
ئیدارەى خۆسەر لە رۆژئاواى کوردستان، دووپاتى دەکاتەوە پابەندن بە ئامانجەکانی شۆڕشەکانی ١٥ی ئازار و ١٩ی تەمموز کە داوای دیموکراسی و دادپەروەری و ئازادی دەکەن و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیدا هەڵبژاردەی ستراتیژی ئێمەیە. ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان شاندی ئیدارەکە و حکومەتی کاتى لە سوریا ئەمرۆ یەکشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە. لەناوەڕۆکى ئەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان شاندی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و حکومەتی سوریا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حکومەتی ئەمریکا و فەرەنسا، هەنگاوێکی چارەنووسسازن بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی گفتوگۆی جددین لە سوریا، کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی سوریاوە لە مێژە بەدوایدا دەگەڕێین. ئیدارەى خۆسەر سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانەیان ئاراستەی هەردوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری فەرەنسا دەکەن بۆ ڕۆڵی بنیاتنەر و هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیری و ئاشتی و دیموکراسی لە سوریا. دەقی راگەیەندراوەكە: بۆ رایگشتیی دیدارەکانی ئەمدواییەی نێوان شاندێکی ئیدارەی خۆسەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریاو حکومەتی سوریا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حکومەتەكانی ئەمریکاو فەرەنسا، هەنگاوێکی چارەنوسسازن بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەكی جددی گفتوگۆی سوری- سوری، پرۆسەیەک کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی سوریاوە هەوڵمان بۆ داوە. لەم چوارچێوەیەدا، سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانەمان ئاڕاستەی هەریەكە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو کۆماری فەرەنسا دەکەین بۆ ڕۆڵی بنیاتنەر و هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیری و ئاشتی و دیموکراسی لە سوریا. دوای چەندین ساڵ لە ململانێ و دابڕان، دانیشتنی هێزەکانی سوریا لەسەر یەک مێز بۆ تاوتوێکردنی پرسە چارەنوسسازەکان بە شێوەیەکی جددی و شەفاف؛ دەستکەوتێکی سیاسی و مێژووییە. گەڕاندنەوەی متمانە لەنێوان ئەکتەرەکانی سوریا بووەتە پێویستییەکی نیشتمانی و تەنها لەڕێگەی گفتوگۆی بەرپرسیارانە دەتوانرێت تێپەڕێنرێت. کاتی ئەوە هاتووە کە لەم زمانە تێپەڕین کە هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی تەونی سوریاو قوڵکردنەوەی دابەشکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەکات. فرەچەشنی لە سوریادا مەترسی نییە بۆ سەر یەكێتییەكەی، بەڵکو سەرچاوەی هێزێکە کە دەبێت پارێزگاری لێبکرێت و بەهێز بکرێت. بناغەی بنیاتنانی دەوڵەت هاوبەشییە نەک دورخستنەوە. ئێمە بە ڕوونی و بێ دوودڵی رایدەگەیەنین کە یەکگرتوویی خاکی سوریا پرەنسیپێکی سازشی لەسەر ناكرێت و؛ پایەیەکی پتەوە لە دیدگای ئیدارەی خۆسەرو هەموو هێزە سیاسییەکانی پەیوەست بە ئێمە لە پرۆژەی گۆڕانکاری نیشتمانیدا. زیادەڕەوی لەم بابەتەدا تەنها خزمەت بەو کەسانە دەکات کە دەیانەوێت چانسی چارەسەری سیاسی تێکبدەن. ئەو داواکاریانەی ئەمڕۆ دەیخەینەڕوو- بۆ سیستەمێکی دیموکراسی فرەیی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، یەکسانی جێندەری و دەستورێک کە مافی هەموو پێکهاتەکان زامن بکات- شتێکی نوێ نین. بەڵکو كرۆكی ئەو شتانەن کە سورییەکان لە ساڵی 2011ەوە لەپێناویدا هاتنەسەر شەقام، رەتکردنەوەی ئەم داواکاریانەو ناوزەندكردنیان بە جیابوونەوە شێواندنی بە ئەنقەست ڕاستییەکانی خەباتی سوریایە دژ بە ستەمکاریی. دەیان ساڵە سوورییەکان بەدەست سیستەمێکی مەرکەزییەوە دەناڵێنن کە دەسەڵات و سەروەت و سامانی قۆرخ دەکردو ئیرادەی ناوخۆیی سەرکوت دەکرد و وڵاتەکەی بەرەو قەیرانی یەک لە دوای یەک رادەکێشا. ئەمڕۆ ئێمە ئاواتەخوازین هاوبەشی راستەقینە بین لە بنیاتنانی سوریایەکی نوێدا، سوریایەکی لامەرکەزیی کە هەموو گەلەکەی لە باوەش بگرێت و مافەکانیان بە یەکسانی دەستەبەر بکات. ئێمە پابەندین بە ئامانجی شۆڕشەکانی 15ی ئازار و 19ی تەمموز، بۆ دیموکراسی و دادپەروەری و ئازادی و؛ دووپاتی دەکەینەوە کە بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیدا بژاردەی ستراتیژیمانە. كاری جددی دەكەین بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی دانوستانەکان، هەروەها ئامادەیی تەواوی خۆمان بۆ تێکەڵبوون بە دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای دیموکراسی و بەشداریکردن لە داڕشتنی دەستورێکی نوێ کە ڕەنگدانەوەی خواستەکانی هەموو سورییەکان بێت، دەردەبڕین. بەم پێیە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین بەرپرسیارێتی نیشتمانی هەڵبگرن و گوتار رق و توند رەتبکەنەوە و ڕووبەڕووی هەموو هەوڵەکان ببنەوە بۆ ڕاکێشانی وڵات بۆ ناو ململانێی ناوخۆیی وێرانکەر. هەروەها داوا لە هەموو هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان دەکەین لەم قۆناغە هەستیارەدا یەکبگرن بۆ پاراستنی دیالۆگی سوریا لە هەوڵەکانی لەباربردن و بەدیهێنانی خواستەکانی گەلەکەمان بۆ دەوڵەتێکی دادپەروەر و دیموکراسی و مەدەنی. لەگەڵ ڕێز.. ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا