رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریكی ئاشکرای دەكات، ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریا پلانی ئۆپراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوانی دژ بە هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پاڵپشتی تورکیا دادەڕێژێت، ئەمەریکاش ترسی هەیە لەوەی ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی ئەوەی سوریا زیاتر ناسەقامگیر بکات. بەگوێرەی رۆژنامەکە، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەوە کردووە، شەرع پلانی ئۆپەراسیۆنێکی فراوان و فرە ئاڕاستەی هەیە، بە پاڵپشتی سوپای تورکیا، لەدژی هێزەکانی سوریای دیموكرات لە گوندەواری رۆژهەڵاتی حەلەب و رەنگە لەڕێی ڕووباری فوراتەوە درێژببێتەوە بۆ باکووری رۆژهەڵاتی سوریا، بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمەریکا. رۆژنامەکە باسی لەوەكردووە، بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا نیگەرانن لەوەی هێرشێکی نوێی سەربازیی سوریا بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات ببێتە هۆی هەڵمەتێکی فراوانتر لە دژی ئەو هێزانە كە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی دەكرێن. ئاماژەی بەوەشکردووە، واشنتۆن هەڕەشەی کردووە ئەگەر دیمەشق بەردەوام بێت لە ئەنجامدانی هێرشێكی فراوانتر، سزاکانی یاسای قەیسەر بەسەر حکومەتی سوریادا دەسەپێنێتەوە. رۆژنامەکە ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ مەترسیداری دۆخەکە، هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا رۆژی هەینی گەیشتوونەتە شاری دێرحافر بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوبەشە سورییەکانیان کۆببنەوە، ئەوەش دواى چەند رۆژێک لە پێکدادانێكی خوێناوی.
کەمێک لەمەوبەر تۆم باراک، نیردەی تایبەتی ترەمپ بۆ سوریا، گەیشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەدایە. بەپێی زانیارییەکان، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدەش گەیشتووەتە هەولێر و دواتر لە بارەگای بارزانی لەگەڵ تۆم باراک کۆدەبێتەوە. بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا؛ گەیشتنە هەولێر. بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، هەر ئەمڕۆ، سەرۆک بارزانی لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کۆدەبێتەوە. چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا، ڕێککەوتنی 10ـی ئاداری نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، دۆخی سووریا و دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ بکرێن. ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، ئێوارەی ڕۆژی هەینی، 9ـی کانوونی دووەمی 2026، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان سەرۆک بارزانی و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆک ترەمپ بۆ کاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا ئەنجامدرا. لەم پەیوەندییەدا، هەردوولا بیروڕایان لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و سووریا بە گشتی ئاڵوگۆڕ کرد و تیشکیان خستە سەر گرنگیی هەماهەنگی و گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە، پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هێزە کوردییەکان و حکوومەتی سووریا نەمێنن و بارودۆخی ناوچە تێكچووەکان ئاسایی ببێتەوە. هەروەها جەخت لەسەر نانی هەنگاوی جدی کرایەوە بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و چەسپاندنی ئاشتی لە سووریا، تاوەکو ڕێگری لە زیاتر تێکچوونی دۆخی مرۆیی و ئەمنیی ناوچەکە بگیرێت. دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی چەندین هەنگاوی گرنگ و ستراتیژی بۆ پاراستنی ماف و دەستکەوتەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ناوە. هاوکات، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، چەندین جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان کۆبووەتەوە.
ئەحمەد شەرع، مەرسوومی ژمارە 13ـی ساڵی 2026ـی دەرکرد کە تێیدا جەخت دەکاتەوە هاووڵاتییانی کوردی سووریا بەشێکی سەرەکی و ڕەسەنی گەلی سووریان و ناسنامەی کولتووری و زمانی ئەوان بەشێکی دانەبڕاوە لە ناسنامەی نیشتمانیی سووریای یەکگرتوو. بە پشتبەستن بە ئەحکامەکانی ڕاگەیاندنی دەستووری و لەسەر بنەمای پێویستییەکانی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی و لەبەر ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی دەوڵەت لە بەهێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و چەسپاندنی مافە کولتووری و شارستانییەکانی هەموو هاووڵاتییانی سووریا، ئەم بڕیارانە دەرکرا. ماددەی 1: هاووڵاتییانی کوردی سووریا بەشێکی سەرەکی و ڕەسەنی گەلی سووریان، و ناسنامەی کولتووری و زمانی ئەوان بەشێکی دانەبڕاوە لە ناسنامەی نیشتمانیی سووریای یەکگرتوو. ماددەی 2: دەوڵەت پابەند دەبێت بە پاراستنی فرەچەشنیی کولتووری و زمانی و مافی هاووڵاتییانی کورد مسۆگەر دەکات لە زیندووکردنەوەی کەلەپوور و هونەرەکانیان و پەرەپێدانی زمانی دایکیان لە چوارچێوەی سەروەریی نیشتمانیدا. ماددەی 3: زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی دادەنرێت و ڕێگە دەدرێت بە وانەگوتنەوەی لە قوتابخانە حکوومی و تایبەتەکاندا لەو ناوچانەی کە کورد ڕێژەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانەکەی پێکدەهێنن، وەک بەشێک لە پڕۆگرامە بژاردەکان یان وەک چالاکییەکی کولتووری و پەروەردەیی. ماددەی 4: کارکردن بە هەموو ئەو یاسا و ڕێکارە نائاساییانەی کە دەرەنجامی سەرژمێری ساڵی 1962 بوون لە پارێزگای حەسەکە هەڵدەوەشێتەوە و ڕەگەزنامەی سووری دەدرێتە هەموو ئەو هاووڵاتییە کوردانەی کە لەسەر خاک و وڵاتی سووریا نیشتەجێن، بە "مەکتومولقەید"ەکانیشەوە (ئەوانەی ناویان لە تۆمارەکاندا نییە)، لەگەڵ یەکسانکردنی تەواویان لە ماف و ئەرکەکاندا. ماددەی 5: جەژنی "نەورۆز" وەک پشوویەکی فەرمیی (بە مووچەوە) لە سەرتاسەری سووریا دیاری دەکرێت، وەک جەژنێکی نیشتمانی کە گوزارشت لە بەهار و برایەتی دەکات. ماددەی 6: دامەزراوە ڕاگەیاندن و پەروەردەییەکانی دەوڵەت پابەند دەبن بە گرتنەبەری گوتارێکی نیشتمانیی گشتگیر و هەر جۆرە جیاکاری یان پەراوێزخستنێک لەسەر بنەمای ڕەگەزی یان زمانی بە یاسا قەدەغە دەکرێت، هەر کەسێک هانی فیتنەی نەتەوەیی بدات بەپێی یاسا کارپێکراوەکان سزا دەدرێت. ماددەی 7: وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرپرسن لە دەرکردنی ڕێنماییە جێبەجێکارییە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەحکامەکانی ئەم مەرسوومە، هەر لایەنەو بەپێی تایبەتمەندی خۆی. ماددەی 8: ئەم مەرسوومە لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاودەکرێتەوە و لە ڕێککەوتی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت. ئەحمەد شەرع، مەرسوومی ژمارە 13ـی ساڵی 2026ـی سەبارەت بە کورد دەکرد. پێشەکی مەرسومەکە؛ بە پشتبەستن بە ئەحکامەکانی راگەیاندنی دەستووری و لەبەر رۆڵ و بەرپرسیارێتی دەوڵەت لە بەهێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و چەسپاندنی مافە کولتووری و شارستانییەکانی هەموو هاوڵاتییانی سوریا، ئەم بڕیارانە دەرکرا. مەرسومەکە لە هەشت مادە پێکهاتووە، کە بریتین لە: 🔻 هاوڵاتییانی کوردی سوریا بەشێکی سەرەکی و رەسەنی گەلی سوریان. 🔻 دەوڵەت پابەند دەبێت بە پاراستنی فرەچەشنیی کلتووری و زمانی و مافی هاوڵاتییانی کورد مسۆگەر دەکات لە زیندووکردنەوەی کەلەپوور و هونەرەکانیان و پەرەپێدانی زمانی دایکیان لە چوارچێوەی سەروەریی نیشتمانیدا. 🔻 زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی دادەنرێت و رێگە دەدرێت بە وانەگوتنەوەی لە قوتابخانە حکومی و تایبەتەکاندا لەو ناوچانەی، کە کورد رێژەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانەکەی پێکدەهێنن. 🔻 کارکردن بە هەموو ئەو یاسا و رێکارە نائاساییانەی کە دەرەنجامی سەرژمێری ساڵی 1962 بوون لە پارێزگای حەسەکە هەڵدەوەشێتەوە و ڕەگەزنامەی سووری دەدرێتە هەموو ئەو هاووڵاتییە کوردانەی کە لەسەر خاک و وڵاتی سووریا نیشتەجێن، بە "مەکتومولقەید"ەکانیشەوە (ئەوانەی ناویان لە تۆمارەکاندا نییە)، لەگەڵ یەکسانکردنی تەواویان لە ماف و ئەرکەکاندا. 🔻 جەژنی "نەورۆز" وەک جەژنێکی نیشتمانی و پشوویەکی فەرمیی (بە مووچەوە) لە سەرتاسەری سوریا دیاری دەکرێت، کە گوزارشت لە بەهار و برایەتی دەکات. 🔻 دامەزراوە ڕاگەیاندن و پەروەردەییەکانی دەوڵەت پابەند دەبن بە گرتنەبەری گوتارێکی نیشتمانیی گشتگیر و هەر جۆرە جیاکاری یان پەراوێزخستنێک لەسەر بنەمای رەگەزی یان زمانی بە یاسا قەدەغە دەکرێت، هەر کەسێک هانی فیتنەی نەتەوەیی بدات بەپێی یاسا کارپێکراوەکان سزا دەدرێت. 🔻 وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرپرسن لە دەرکردنی ڕێنماییە جێبەجێکارییە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەحکامەکانی ئەم مەرسوومە، هەر لایەنە و بەپێی تایبەتمەندی خۆی. 🔻 ئەم مەرسوومە لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاودەکرێتەوە و لە ڕێککەوتی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت.
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ڕێگرتن لە هەڵگیرسانی ململانێیەکی سەربازیی بەرفراوان لە نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات، بڕیارە ڕۆژی شەممە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، لە شاری هەولێر لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆببێتەوە. هەینی، 16ـی کانوونی دووەمی 2026، چەند سەرچاوەیەک بە رۆژنامەی ئەلمۆنیتەریان ڕاگەیاند: سبەی لە شاری هەولێر، هەر یەکە لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆدەبێتەوە. بە گوێرەی سەرچاوەکە، کۆبوونەوەکەی نێوانیان بە نێوەندگیریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، هەروەها ئامانج لە کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی دۆخی سووریا و ڕێگەگرتنە لە پەرەسەندنی گرژیی زیاتر لە نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات.
مارک ساڤایا نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری جەنگ و بەرپرسێکی باڵای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ئیدارەی وڵاتەکەی، چەند وێنەنەکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: عێراق مەزن دەکەینەوە. مارک ساڤایا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئەمڕۆ هەینی 16ی کانوونی دووەمی 2026، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هەر یەک لە پێت هێگیسیس، وەزیری جەنگی ئەمەریکا و سباستیان گۆرکا، بەڕێوەبەری ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، چەند وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: لە کۆشکی سپی لەگەڵ وەزیری جەنگ و بەڕێوەبەری ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کۆبوومەوە و گفتوگۆمان لە بارەی ئەو باس و بابەتانە کرد لە سەردانی داهاتووم بۆ عێراق دێنە پێش، بۆ ئەوەی بڕیارێکی دروستیان لە بارەوە بدەم کە لە بەرژەوەندی و خزمەتی گەلی عێراق بن. ساڤایا لەکۆتایی پەیامەکەیدا نووسیویەتی "عێراق مەزن دەکەینەوە".
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەمپارتی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا دەڵێت: ئێمە لە هاکان فیدان تێناگەین وەزیری دەرەوەی تورکیایە یان سوریا. دوێنێ هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا وتى: بوونی هەسەدە لە رۆژئاوای رووباری فورات، لەوانەش دێرحافر و ناوچەکانی دیکە، کارێکی نایاساییە. ئەوەشى خستەڕوو، پێویستە هەسەدە لە زووترین کاتدا بڕیارەکانى رێککەوتننامەى 10ـى ئازار جێبەجێ بکات. وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی شەڕی گرووپەکانی سەر بە سوپای عەرەبی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە سووریا دەڵێ، "هەر لایەنێک بە ناوی هەسەدەوە دانوستاندن بکات، بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی قەندیل سەرناگرێت.'' لەبەرانبەر ئەو وتانەى فیدان، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند: دۆخی هێزەکانی سوریای دیموکرات بابەتێکی ناوخۆیی بۆ دەوڵەتی سوریایە نەک تورکیا وتیشى: “پەیوەندی بە تورکیاوە چییە؟ ئەوە پرسێکی سوریایە؛ با حکومەتی سوریا بڕیاری لەسەر بدات، تەنانەت دیمەشقیش دەیەوێت هێزەکانی سوریای دیموکرات چەکەکانیان بهێڵێتەوە، کەواتە بۆچی ئێمە لە تورکیە نیگەرانین لەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات چەکەکانیان دانەنێن؟ دەشڵێت: لە حەلەب هەوڵی دووبارەکردنەوەی هەڵەبجەیەکی نوێ درا و دەڵێ، هەرکەسێک بۆ غەززە بگری و بۆ حەلەب چەپڵە لێبدات، دووژمنێکی سەرسەختی کوردە.
ئامادەکردنی هاوڵاتی ئەو چاوپێکەوتنەی کە ئامانج لێی نەهێشتنی دووبەرەکی و هێورکردنەوەی گرژییەکان بوو لەنێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، دەرئەنجامەکەی رێک پێچەوانە دەرچوو چونکە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی راگوزەری سوریا، بێگوێدانە دۆخە هەستیارەکەی شەڕی حەلەب قسەی تووندی لەبارەی کوردەوە کردووە. ئیلی ناکۆزی، بەڕێوەبەری کەناڵی شەمس لەبارەی بڵاونەکردنەوەی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع نهێنی وردی درکاندووە و باسی لەوە کردووە، ئەحمەد شەرع زۆر بە تووندی باسی کوردی کردووە لەکاتێکدا ناکۆزی ویستوویەتی ئەحمەد شەرع جۆرە قسەیەک بکات دۆخی حەلەب هێور بکاتەوە کە شەڕێکی سەختی تێدا کرا و گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بوونە مەیدانی شەش رۆژی جەنگ و لەئەنجامدا گروپەکانی سەر بە دیمەشق هەردوو گەڕەکە کوردییەکەیان داگیرکرد، زیاتر لە 150 هەزار دانیشووی دوو گەڕەکەکەش ئاوارە بوون، ئەمە جگە لەوەی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب بەرخۆدانێکی مەزنی کرد و چەند ئەندامێکیان شەهید بوون، کە دیارترینیان فەرماندە زیاد حەلەب بوو. ئیلی ناکۆزی لەبارەی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ شەرع دەڵێت، "هەوڵمدا پەیامی کەمکردنەوەی توندوتیژی لە سەرۆک شەرع وەربگرم، بەڵام هەمیشە هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی هەسەدە زیاد دەکرد، لە لایەکی دیکەوە زۆر بە زیرەکی هاوسۆزی بۆ کورد دەربڕی، بەڵام هێرشکردنە سەر هێزەکانی هەسەدە هێرشێکی گەورە بوو. تەنانەت پێم گوت 'جەنابی سەرۆک، ئەمە هاوتایە لەگەڵ ڕاگەیاندنی شەڕ." ناکۆزی زیاتر باسی چاوپێکەوتنەی کرد و گوتی، "بە گشتی بۆچوونی من ئەوەیە کە بە دڵنیاییەوە ئەم قسانە گرژییەکانی سووریا یان هەولێر هێور ناکەنەوە، بە پێچەوانەوە هەستی کورد زیاتر جۆشدەدەن و دۆخێک دروست دەکەن کە ڕەنگە ببێتە هۆی خوێنڕشتن.". هەرچەندە چاوپێکەوتنەکە بەتەواوی بڵاونەکرایەوە، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایتییەکان لایەنەگرانی حکومەتی سوریا بەشێکی کورتیان بڵاوکردەوە کە تێیدا ئەحمەد شەرع باسی ئازایەتی کورد دەکات و دەڵێت، چەند جارێک بە مەزڵوم عەبدیم گوتووە رێککبکەوین. ناکۆزی باسی لەوە کردووە، رای گشتی لە هەولێر، کە بنکەی کەناڵەکەی لێیە، دژی چاوپێکەوتنەکە دروست بووە و لە ئەنجامدا کەناڵەکە لە سۆشیال میدیا ڕووبەڕووی هێرش و ڕەخنە بووەتەوە، ناکۆزی نیگەرانی خۆی دەربڕی کە چاوپێکەوتنەکە دەبێتە هۆی دووبەرەکی لە نێوان کوردەکاندا.
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئێران رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "ناوچەکە بەرگەی ململانێی سەربازیی نوێ ناگرێت". هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، "ناوچەکە بەرگەی ململانێی سەربازیی نوێ ناگرێت، بەتایبەتی لە سایەی ئاڵنگارییە ئابوورییەکانی ئێستا و دابەزینی نرخی نەوت. بۆیە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێک، بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران رەتدەکەینەوە". لەلایەکى دیکەوە لەسەروبەندی ئاڵۆزییە خێراکان و هەڕەشە ئەمنییەکانی ناوچەکە، حکومەتی عێراق هەڵوێستی فەرمی خۆی راگەیاند و جەختی کردەوە کە رێگە نادات خاکەکەی ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی تر. راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، عێراق سوورە لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی کە رێگری دەکات لە بەکارهێنانی "خاک، ئاسمان و ئاوە هەرێمییەکانی” وەک بنکەیەک بۆ ئەنجامدانی هەر هێرش و کارێکی سەربازی بۆ سەر هەر وڵاتێکی تر. حکومەتی عێراق داوای لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە دان بەخۆیاندا بگرن، پەنا ببەنە بەر زمانی دیالۆگ و رێگە دیپلۆماسییەکان نوعمان دەشڵێت: عێراق پابەندە بەوەی رێگە نەدات خاکەکەی ببێتە مەیدانی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ.
هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا ئەمڕۆ لەلێدوانێکیدا وتى: • بوونی هەسەدە لە رۆژئاوای رووباری فورات، لەوانەش دێرحافر و ناوچەکانی دیکە، کارێکی نایاساییە. •هیوادارین ناكۆكییەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران لەرێگەی دانوستانەوە چارەسەر بكرێن و دژی هەر چارەسەرێكی سەربازین. •بەردەوام دەبین لە دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەكان لەبارەی ئێران و ئەولەویەت دورخستنەوەی تێكچوونی سەقامگیرییە. •هەسەدە بووە بە بەربەست لەبەردەم سەقامگیری و هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەیی. •هێزەكانی (هەسەدە) لە سوریا دەبێت نیازپاكی نیشان بدەن و لە بازنەی توندوتیژی بچنە دەرەوە. •چەمكی هاوڵاتیبوونی دەستوریی سەقامگیریی لە سوریا بەهێز دەكات. 🔹دەبێت (هەسەدە) رێككەوتنی 10ی ئازار جێبەجێ بكات و خۆی نەدزێتەوە.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر دەڵێت: دۆخەكە زۆر سەخت و مەترسیدارە، تائێستا هەموو بەڵێنانەی شام بە كۆمەڵگەی نێودەڵەتی و ئەو شاندانەی داوە سەردان دەكەن، تەنها لە چوارچێوەی بەڵێندا ماوەتەوە، ئەوەی دەیكەن پێچەوانەی بەڵێنەكانیانەو كۆمەڵگەی خۆیان قڕ دەكەن. ئیلهام ئەحمەد لە پەیامێكدا دەڵێت: تەنها لە خێزانەكەی من لە شێخ مەقسود (7) كەس گیانی لە دەستداوە، كە لەناو پاسێكدا بوون و درۆنێك لێیداون و گیانیان لەدەستداوە، ماڵی خەڵكی تاڵان دەكەن، جیهان بێدەنگە لە ئاستی ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە ژنە شەڕڤانەكان دەكرێت كە جیهان قەرزاری ئەوانە. ئاماژە بەوەشدەكات: جیهان تائێستا هەڵوێستێكی روونی بەرامبەر ئەو داعشانەو بەرامبەر ئەو تاوانانەى ئەنجامدەدرێن، ئەگەر ئەمڕۆ هەڵوێستێكی توندیان بەرامبەر نەگیرێتەبەر ئەو شەڕ بۆ دەرەوە پەلدەكێشێت، جارێكی بیری توندڕەوی پەلدەكێشێتەوە بۆ وڵاتانی دەرەوە.
بە پێی راپۆرتی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو: لە سەرەتای خۆپیشاندانەكانی شارەكانی ئێران تا ئێستا (48) هاوڵاتی كورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران كوژراون. " گوڵاڵە مەحموودی ئازەر لە مەهاباد، زارا مورادی و سیاوەش شێرزاد هەردووکیان لە بۆکان، عرفان عەلیزادە لە لۆماری شاری سیروان و عەلی عەباسی لە گێەلان" پێنج هاووڵاتیی کورد لە تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەم شارە کوژراون. لەگەڵ ئەمانەدا، هەنگاو هەتا ئێستا توانیویە ناسنامەی ١٢ هاووڵاتیی کورد بریتین لە سێ ژن کە لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی تاران کوژراون. - گوڵاڵە (مریەم) مەحموودی ئازەر، هاووڵاتیی ٢٦ ساڵەی کورد و خەڵکی مەهاباد کە لەگەڵ هاوژینەکەی کە خەڵکی پاوە سەر بە پارێزگای کرماشانە لە تاران نیشتەجێ بوون، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان کوژراوە و تەرمی ناوبراو پاش گەڕانەوە بۆ مەهاباد لە کەشێکی تەواو ئەمنیی و لە بێدەنگی زۆرەملێ بە خاک ئەسپێردرا، سەرچاوەکانی هەنگاو جەختیان کردووەتەوە ناوی “ڕۆژین” کە خوشکی گوڵاڵەیە وەک گیان بەختکراو بە هەڵە بڵاو کراوەتەوە. - زارا مورادی هاووڵاتیی خەڵکی گوندی حەسار سەر بە بۆکان لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی تارانسەر لە ڕۆژئاوای تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان بۆ لای سەر و سینگی کوژراوە. زارا لە تاران سەرقاڵی کار ئارایشگەری بووە، بە پێی زانیارییە وەرگیراوەکانی هەنگاو، خاڵۆ و خاڵۆزای زارا هاوکات لەگەڵ زارا بە تەقەت چەکی ساچمەیی بە سەختی بریندار بوونە. ناوبراو خێزاندارە بووە و بەم تازەییانە ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو. - سیاوەش شێرزاد هاووڵاتیی تەمەن ٣٨ ساڵ و کورد و خەڵکی بۆکان، هاووڵاتییەکی دیکەیە کە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان کوژراوە و پاش دانەوە تەرمەکەی بە بنەماڵەکەیەوە بە هۆی گوشارە ئەمنییەکان و بە زۆرەملێ ڕێوڕەسمی بە خاک ئەسپاردنەکەی ناوبراو لە گوندی تازە قەڵا لە بۆکان بەڕێوە چووە. ناوبراو خێزاندار و باوکی دوو منداڵە. - عرفان عەلیزادە هاووڵاتیی کوردی ٢٤ ساڵەی خەڵکی لۆمار سەر بە شاری سیروانی پارێزگای ئیلام لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لە شاری وەرامین لە باشووری ڕۆژئاوای پارێزگای تاران بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان کوژراوە. - عەلی عەباسی هاووڵاتیی کورد و ١٨ ساڵە خەڵکی گێەلان سەر بە پارێزگای کرماشان کە لە تاران سەرقاڵی کار بووە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان لەم شارە کوژراوە، سەرچاوەکانی هەنگاو جەختیان کردووەتەوە کە فیشەکە جەنگییەکان لای ڕاسی لاپاڵ و گورچیلەی ناوبراوی پێکاوە و پاش گواستنەوەی عەلی بۆ نەخۆشخانە و تێپەڕینی چەند کاتژمێر گیانی خۆی لە دەست داوە. هەنگاو وەری گرتووە، تەرمی ئەم پێنج هاووڵاتییە پاش گەڕانی بنەماڵەکانیان لە نێوان سەدان تەرم لە ساردخانەکانی تاران وەرگیراونەتەوە. بە پشت بەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەتا ئێستا لانی کەم ٤٨ هاووڵاتیی کورد لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە کوژراون کە ١٢ کەس لەوان واتا ٢٥٪ی تەواویی هاووڵاتییانی کوردی گیانبەختکراو لە تاران کوژراون.
لە حاڵەتی هێرشی ئەمریکا، ئێران کوێ بەئامانج دەگرێت؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی. خۆپیشاندانەکانی ئێران تادێت فراوانتر دەبێت و ئەگەری هێرشی ئەمریکاش، بەپێی قسەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی وڵاتەکە، نزیکە، بەڵام من پێتان دەڵێم ئێران هێرش دەکاتە سەر کوێ ئەگەر واشنتن دەستوەردانی کرد. تاران کەوتووەتە خۆی و ترسێکی زۆری لە هێرشی ئەمریکا هەیە، هەربۆیە وڵاتانی دراوسێی ئاگادارکردووەتەوە هۆشداری بە واشنتن بدەن هێرش نەکات. بەگوێرەی ئاماری چەند رێکخراوێک، لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا نزیکەی سێ هەزار کەس کوژراون لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان، ترەمپیش داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن و دەست بەسەر دامەزراوەکانی حکومەتدا بگرن و یارمەتی لە رێگەیە. ترەمپ گوتیشی، وەڵامێکی تووندمان دەبێت بۆ بەرپرسانی ئێران ئەگەر بەردەوامبن لە کوشتنی خۆپیشاندەران. بەگوێرەی راپۆرتی میدیا ئەمریکییەکان، واشنتن چەند جۆرێکی جیاوازی هێرش و بۆردومان هەڵدەسەنگێنێت و پلانی هەمەجۆر خراوەتە بەردەم ترەمپ تا یەکێکیان هەڵبژێرێت. بەرپرسێکی ئێران کە ناوی نەهاتووە بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوتووە، تاران هەریەکە لە سعودیە، ئیمارات و تورکیای ئاگادارکردووەتەوە و پێی گوتوون مەهێڵن ئەمریکا هێرش بکات، ئەگەر نا هێرش دەکەینە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکانتان. ئەو بەرپرسە دەڵێت، پەیوەندی راستەوخۆی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی تایبەتی ترەمپ، بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانەوە هەڵپەسێردراوە. بەگوێرەی راپۆرتی میدیاکانی ئێران، عەلی لاریجانی، بەرپرسی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران قسەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قەتەر کردووە، عەباس عێراقچیش لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و عەبدوڵا بن زاهید ئەلنەهیان، وەزیری دەرەوەی ئیمارات، گفتوگۆی ئەنجامداوە. عێراقچی بە هاوتا ئیماراتییەکەی گوتووە، ئارامی گەڕاوەتە بۆ ئێران و خەڵکی ئێران سوورن لەسەر بەرگریکردن لە سەروەری و ئاسایشی وڵاتەکەیان لە دژی هەر دەستوەردانێکی دەرەکی. بەرپرسانی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن بە دروستکردنی "ئاژەوەگێڕی" و دەڵێن، لە پشت تووندوتیژییەکانی خۆپیشاندانەکانن و "تیرۆریستان"ـی سەر بەو دوو وڵاتە هێرشیان کردووەتە سەر هێزە ئەمنییەکان، مزگەوت و موڵکی گشتی. ئیسرائیلیش بەتەواوی چاودێری بارودۆخەکە دەکات و دەیەوێت بزانێت ترەمپ چی دەکات، چونکە سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی لە حکومەتی وڵاتەکە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، لە کۆبوونەوەی کابینەی ئاسایشی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، لەبارەی ئەگەرەکانی کەوتنی رژێمی ئێران و دەستوەردانی واشنتن ئاگادارکراوەتەوە.
