🔴 وەزارەتی پەروەردەی سوریا چەند رێنماییەکی تایبەت بە جێبەجێکردنی مەرسومی سەرۆکایەتی سوریا لەبارەی خوێندنی کوردی دەرکرد و تێیدا ئەم خاڵانە هاتووە: ♦️ لەماوەیەک کە زیاتر نەبێت لە شەش مانگ، پرۆگرامی خوێندن بە زمانی کوردی کوردی بۆ هەموو قۆناغەکان ئامادەبکرێت. ♦️ راهێنانی پەروەردەیی ئەنجامبدرێت بۆ ئەو کەسانەی وانەی زمانی کوردی دەڵێنەوە. ♦️ دابینکردنی کارمەندی شارەزا و پەروەردەیی بۆ وتنەوەی زمانی کوردی لەسەر میلاک یاخود لە دەرەوەی میلاک. ♦️ وانەی زمانی کوردی وانەیەکی بژاردە دەبێت و لە سەرجەم پۆلەکاندا هەفتانە دوو وانەی زمانی کوردی دەخوێندرێت. ♦️ وانەی زمانی کوردی کەوتن و دەرچوونی لەسەر نییە. ♦️ زمانی کوردی بە زمانێکی نیشتمانی هەژماردەکرێت و لە خوێندنگە حکومی و ئەهلییەکان لەو ناوچانەی کوردی زۆرینەیە رێگەپێدراوە. ♦️ پەروەردەی پارێزگاکان رادەسپێرین بەوەی ئەو خوێندنگایانە دیاریبکەن کە زمانی کوردییان تێدا دەخوێنرێت.

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرایکرد، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق لە کاتژمێر دووی بەرەبەیانیی ئەمڕۆوە هێرشی چڕیان بۆ سەر دوو شارەدێ لە باشووری کۆبانێ دەستپێکردووە و داواش لە وڵاتانی نێوەندگیر دەکات سنوورێک بۆ پەلامارەکانی سوپای عەرەبیی سووریا دابنێن. هێرشی چەتەکان بۆسەر گوندەکانی سنووری کۆبانێ بەردەوامە، لە ئەنجامی هێرەشەکاندا چوار مەدەنی بریندابوون کە یەکێکیان منداڵە، شەڕڤانان وەڵامی هێرشەکان دەدەنەوە و ژمارەیەکی زۆر لە تانک و ئۆتۆمبیلی سەربازییان تێکشاندووە. چەتەکانی دەوڵەتی تورک، داعش و هەتەشە وێڕای ئاگربەست لە دوێنێوە لە هێرش و بۆردوومانی چڕی گوندەکانی سنووری شاری کۆبانێدان کە گەمارۆدراوە. هەڵهاتنی چەتەکان و تێکشکاندنی چەندین ئۆتۆمبیلی سەربازیی لە گوندی چەلەبەی سەر بە خراب عشک هێرشی چەتەکان بە شەش تانک، چەندین زرێپۆش و ژمارەیەکی زۆر لە چەتە لە بەرەبەیانەوە درێژەی هەیە. وەڵامدانەوەی کەمەرشكێنی شەڕڤانان لە دژی هێرشەکان بەردەوامە و زیانێکی زۆری بە چەتەکان گەیاندووە، کە تەنها لە سنووری گوندی خراب عشك ٧ ئۆتۆمبیلی سەربازیی، ٢ تانک، ژمارەیەکی زۆر لە پانزەر و ئۆتۆمبیلێ دۆشکە لەسەریان تێکشکاندووە. هەروەها لە ئەنجامی وەڵامی کەمەرشكێنی شەڕڤانانەوە، چەتەکان جار بە دوای جار هەڵدێن. لە گوندی زێرکێی کۆبانێیش ٥ ئۆتۆمبیلی چەتەکان تێکشکێندران. ئەمەش لە کاتێکدایە شەڕ و پێکدادان لە گوندەکانی قاسییە و چەلەبە بە سەختی بەردەوامە. بۆردوومانی گوندی زەرکتکێ؛ ٤ مەدەنی بوونەتە قوربانی لە ئەنجامی هێرشی چەتەکان بۆسەر گوندی زەرکتکێی کۆبانێ، تا ئێستا چوار گوندنشین برینداربوون، کە یەکێکیان منداڵە.

خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕینی مووچەخۆرانی عێراق، ئەنجوومەنی وزاری ئابووریی فیدراڵی هێنایە دەنگ و رایگەیاند، پاشەکشەیان لە بڕیاری پێشووتری خۆیان نەکردووە، جەختی لەوەکردووەتەوە، مووچە و دەرماڵەی مووچەخۆران دەستکاری ناکرێت.  دووشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی وزاری ئابووریی عێراق، بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە، رایگەیاندووە، دووپاتی دەکەینەوە، لە بڕیاری پێشووماندا بڕیامان لەسەرداوە، بە هیچ شێوەیەک دەستکاری مووچە و دەرماڵەی مووچەخۆران ناکەین، هاوکات هیچ لێبڕینێک لە مووچە ناکرێت.  لە بەیاننامەیەکدا هاتووە، وەزارەتی دارایی داوای کردووە یەکەکانی خەرجکردن لیستی مووچەی تەواو پێشکەش بکەن، سەبارەت بە دانپێدانانی بڕوانامەی ئەکادیمی، بڕیارەکە ئەو کەسانەش ناگرێتەوە کە ڕەزامەندی پێویستیان بۆ خوێندن بەدەستهێناوە. دوای ئەوەی دەنگۆی بڕینی دەرماڵە و لێبڕین لە مووچە بڵاوکرایەوە، بە خێرایی کاردانەوەی هاووڵاتییانی لێکەوتەوە، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، چاودێری ئەو زانیارییانە دەکات، کە لە هەندێک سەکۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەربارەی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (40)ی ساڵی 2026 بڵاودەکرێنەوە. وەزارەتی دارایی ڕایگەیاندووە، پێویستە لەسەر هەموو یەکەکانی خەرجی (چ ئەوانەی بودجەیان ناوەندییە یان خۆژێن، چ قازانجکار بن یان زیانبەخش) ئەم هەنگاوانە بگرنە بەر؛ 1- ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی (میلاکی هەمیشەیی، گرێبەست و کرێکاری رۆژانە) بۆ فەرمانگەی ژمێریاری. 2- ئاگادارکردنەوەی فەرمانگەی ناوبراو لە بڕی بڕینە باجییەکان بۆ گەڕانەوەیان بۆ خەزینەی گشتیی دەوڵەت. 3- ناردنی پشکە خانەنشینییەکان بۆ سندوقی خانەنشینی فەرمانبەران بە ئامانجی زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان، چونکە ئەمە مافێکی یاساییە و هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو بەردەوام دەبێت. روونکردنەوە سەبارەت بە دەرماڵەی خزمەتی زانکۆیی وەزارەت چەند خاڵێکی گرنگ سەبارەت بە بڕگەی (7) لە بڕیاری ژمارە (40) ڕوون دەکاتەوە: 1- تەرخانکردن بۆ مامۆستایان: خەرجکردنی دەرماڵەی خزمەتی زانکۆیی بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی (خوێندنی باڵا، تەندروستیی و لایەنەکانی دیکە) تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بۆ وانەوتنەوە تەرخانکراون (متفرغ)، و پێدانی ئەم دەرماڵەیە بەو کەسانەی تەرخاننەکراون ڕادەگیرێت، ئەمەش جێبەجێکردنی دەقی یاسای خزمەتی زانکۆیی ژمارە (23)ی ساڵی 2008ە. 2- مافی کارگێڕی و تەکنیکییەکان: ئەم بڕیارە بە هیچ شێوەیەک دەستکاری دەرماڵەی خزمەتی زانکۆیی کارگێڕییەکان 75% و تەکنیکییەکان 100% ناکات کە لە یاساکەدا چەسپێنراوە، چونکە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ناتوانێت دەقە یاساییە کاراکان هەموار بکاتەوە. 3- بەردەوامی تەرخانکردنی دارایی: وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا، تەندروستیی، پەروەردە و هەر لایەنێکی دیکە کە یاساکە دەیانگرێتەوە، بەردەوامن لە جێبەجێکردنی یاساکە و بودجەی پێویستیان بۆ تەرخانکراوە. لای خۆیەوە وەزارەتی دارایی داوا لە هاووڵاتییان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات؛ ورد و وشیار بن لە گواستنەوەی هەواڵەکان و تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن، ئەم رێکارانە تەنیا بۆ ڕێکخستنی کارە داراییەکان و پاراستنی مافە یاسایی، خانەنشینی و باجییەکانە.

وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئامارە بەراییەکانی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی کانوونی دووەمی 2026 ڕاگەیاند، کە تێیدا داهاتەکەی 6 ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە. بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمی وەزارەتەکە، کە پشت بە ئامارەکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەبەستێت، کۆی گشتی هەناردەی نەوتی خاو (بە کۆندێنسێتیشەوە) لەو مانگەدا بڕی 107  ملیۆن و 651 هەزار و 61  بەرمیل بوە. داهاتی بەدەستهاتوو لەو بڕەش گەیشتووەتە 6 ملیار و 388  ملیۆن و 429  هەزار دۆلار. دەربارەی سەرچاوەی هەناردەکردنەکە، وەزارەتەکە وردەکارییەکانی بەم شێوەیە خستووەتەڕو: کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوور: 100  ملیۆن و 420  هەزار و 48  بەرمیل. هەرێمی کوردستان (لە ڕێگەی بەندەری جەیهان): 5  ملیۆن و 997  هەزار و 527  بەرمیل. هەروەها ئەو بڕەی هەناردە کراوە بۆ ئوردن بڕی 309 هەزارو 712 بەرمیل بوە وە بڕی هەناردەکراو لە کێڵگەی قەیارە: 923  هەزار و 774  بەرمیل بوە.

ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، ڕۆژى سێشەممەى بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار دیاریکرد و سبەیش پرسە ئابوورییەکان و بابەتى مووچە تاوتوێ دەکرێن. دانیشتنى تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار لە کاتژمێر 11:00ـى پێشنیوەڕۆ دەستپێدەکات و 18 بەربژێریش ڕکابەرى لەسەر پۆستەکە دەکەن، یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بە نزار ئامێدى و پارتى دیموکراتى کوردستان بە فوئاد حسێن دەچنە ناو پرۆسەکەوە. کارنامەى دانیشتنى سبەى دووشەممەش لە یەک بڕگە پێکهاتووە، ئەویش تاوتوێکردنى پرسە ئابوورییەکان و مووچەیە. دانیشتنەکە پاش ئەوە دێت لە کۆتاییەکانى ساڵى 2025، حکومەتەکەى محەممەد شیاع سوودانى هەوڵەکانى بۆ چاکسازى دارایى دەستپێکرد، بە ئامانجى کەمکردنەوەى خەرجییەکان و زیادکردنى داهات. هەر ئەمڕۆش ئەنجوومەنى نوێنەران ئاڵنگاری و پێشهاتەکانى سووریا و ڕەوشى سنوورەکانى تاوتوێکرد، جێگرى یەکەمى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەکات، هەنگاوى خێرا بنێن بۆ وەرگرتنەوەی ئەو هاوڵاتیانەیان کە چەکداری داعشبوون و ئێستا لە گرتووخانەکانی عێراق و سووریادابوون.

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، ئەو شەڕڤانانەی کە شەهید بوون و ئەوانەی کەوتوونەتە دەستیان و بە دیل گیراون [لای هێزەکانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا]، زۆریان بە مەیدانیی لەسێدارە دراون، واتە هەر کەسێک کە دەستگیر کرابێت، دەستبەجێ گولـلەباران کراوە.   ئیلهام ئەحمەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زۆر رووداوی لەو شێوە هەبووە کە هەر لە شوێنی دەستگیرکردن، شەڕڤانەکانیان گولـلەباران کردووە، لە تەبقە، رەققە و دێرەزوور هەبووە، زۆرترین دیمەنەکان لە رەققە و تەبقە دەرکەوتوون، هەندێکیش لە شێخ مەقسوود."   بە گوتەی هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئەوانەی گولـلەباران کراون بە سەدان شەڕڤان دەبن و ئاماژەی بەوەشکرد، "رەنگە هەموویان شەڕڤان نەبن، بەڵکو کەسانی سڤیلیشیان تێدایە، بۆ نموونە ئەوانەی شێخ مەقسوود." تاوەکو ئێستا دیارنییە چەند شەڕڤان بە دیل گیراون. ئیلهام ئەحمەد دەڵێت: "هێشتا ژمارەیان دیار نییە، چونکە ئێمە نازانین کێ بە دیلی کەوتووەتە دەستیان و کێش شەهید بووە، هێشتا ئەو ژمارەیەمان پێ نەگەیشتووە."

ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا) ئاماری نوێی قوربانییانی خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە ماوەی 28 رۆژدا کوژرانی 5459 کەس پشتڕاست کراوەتەوە؛ ئەمەش نزیکەی دوو هەزار و 400 کەس زیاترە لەو ئامارەی حکومەت بە فەرمی رایگەیاندووە.   ئەمڕۆ یەکشەممە 25-01-2026، ئاژانسی هرانا لە راپۆرتێکدا وردەکاریی زیانی گیانیی خۆپێشاندانەکانی بڵاوکردەوە، کە لە 28ی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە دەستیانپێکرد.   بەگوێرەی ئامارەکە، تاوەکو دوێنێ شەممە، کوژرانی 5459 کەس پشتڕاستکراوەتەوە، کە 60ـیان منداڵن و 208 کەسیشیان لە هێزە ئەمنییەکانن.   هەرانا ئاماژەی بەوەش کردووە، جیا لەو ژمارەیە، بەدواداچوون بۆ پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی 17 هەزار و 31 کەسی دیکە دەکرێت، کە هێشتا بەڵگەی تەواو لەبارەیانەوە کۆنەکراوەتەوە.   لەبارەی دۆخی بریندار و دەستگیرکراوەکان، ئاژانسەکە رایگەیاندووە برینی حەوت هەزار و 403 کەس لە خۆپێشاندەران سەختە.   هەروەها ئاژانسەکە ئاشکرای کردووە، تاوەکو ئێستا 40 هەزار و 887 خۆپێشاندەر لە شارە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون.   ئاماری حکومەت چییە؟   ئامارەکەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەکاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە 21ـی کانوونی دووەم، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ژمارەی قوربانییانی بە 3117 کەس راگەیاند.   بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەت، لەو ژمارەیە "دوو هەزار و 427ـیان خەڵکی بێتاوان و هێزە ئەمنییەکان بوون."   خۆپێشاندانەکان کە سەرەتا لەلایەن کاسبکارانی تارانەوە دژی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن دەستیپێکرد، دواتر پەرەی سەند و تووندوتیژی زۆری لێکەوتەوە.   بەگوێرەی ئامارەکانی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران، لە خۆپێشاندانەکاندا زیان بە 250 قوتابخانە، 300 مزگەوت، 90 مەڵبەندی زانستیی شیعە (حەوزەی عیلمییە)، 2221 ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان گەیشتووە.         

وەزارەتی بەرگریی سووریا، درێژکردنەوەی وادەی ئاگربەستی لەگەڵ هەسەدە بۆ ماوەی 15 ڕۆژی دیکە ڕایگەیاند. شەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی بەرگریی سووریا، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: بڕیاریان داوە وادەی ڕاگرتنی شەڕ و ئاگر بەست لە سەرجەم کەرت و میحوەرەکانی ئۆپەراسیۆنی سوپای عەرەبیی سووریادا بۆ ماوەی 15 ڕۆژی دیکە درێژ بکەنەوە. بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەت، ئەم بڕیارە لە کاتژمێر 11ـی ئەمشەوەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە. لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی بەرگری هۆکاری ئەم بڕیارەی ئاشکرا کردووە و ڕوونی کردووەتەوە، کە درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە بە مەبەستی پاڵپشتیکردن و کارئاسانییە بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنەی هێزەکانی ئەمریکا ئەنجامی دەدەن، کە تێیدا زیندانیانی داعش لە زیندانەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـەوە دەگوازنەوە بۆ ناو خاکی عێراق. کاتژمێر 8ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، ئاگربەستی چوار ڕۆژەی نێوان دیمەشق و هەسەدە بە فەرمی کۆتایی هات، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندبوو، تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نییە.  لە بەرانبەردا، ئاژانسی رۆیتەرز دوێنێ هەینی لە زاری سەرچاوەکانی ناو هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە بڵاوی کردبووەوە، کە ئەگەری هەیە ئەو مۆڵەتەی بۆ پێشکەشکردنی پلانی وردی تێکەڵکردنەوەی هێزەکانیان بە پێکهاتەی دەوڵەتی سووریا دیاری کراوە، درێژ بکرێتەوە. لە لایەکی دیکەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندبوو، پێویستە ئاگربەستی ئێستا لە سووریا بەردەوام بێت، بە تایبەتی لە کاتی گواستنەوەی زیندانیانی ڕێکخراوی داعش بۆ عێراق، چونکە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسییە ئەمنییەکان.

چوارچێوەی هەماهەنگی، بە زۆرینەی دەنگ، نووری مالیکی وەک کاندیدی فەرمی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاریی کرد و داوای لە پەرلەمان کرد بە پەلە کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەنجام بدات. شەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی (الإطار التنسيقي)، لە نووسینگی هادی عامری، بۆ دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە. چوارچێوەکە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: کە بە زۆرینەی دەنگ، نووری کامیل مالیکی وەک کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاریی کردووە. چوارچێوەی هەماهەنگی روونی کردووەتەوە، کە دیاریکردنی مالیکی وەک کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی، بە لەبەرچاوگرتنی "ئەزموونی سیاسی، ئیداری و ڕۆڵی ناوبراو لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا" بووە. لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، چوارچێوەی هەماهەنگی پابەندبوونی تەواوی خۆی بە ڕێکارە دەستوورییەکان دووپات کردووەتەوە و ئامادەیی نیشان داوە بۆ کارکردن لەگەڵ سەرجەم هێزە نیشتمانییەکان بە ئامانجی "پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز و کارا کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و پاراستنی ئاسایش و یەکڕیزیی عێراقی هەبێت." لە کۆتاییدا، چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە پەرلەمانی عێراق کردووە کە بە پێی وادە دەستوورییەکان، دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەنجام بدات، وەک هەنگاوێکی پێویست بۆ راسپاردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران.   نووری مالیکی کێیە؟ ناوی تەواو: نووری کەمال محەممەد حەسەن مالیکی. -لە 20ـی حوزەیرانی ساڵی 1950 لە پارێزگای کەربەلا لە دایکبووە. -هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە کۆلێژی "ئوسوڵ دین" لە بەغدا. -هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە زمانی عەرەبی لە زانکۆی سەڵاحەددین لە هەولێر. -لە ساڵی 1970 پەیوەندی بە حزبی دەعوەی ئیسلامییەوە کردووە. -لە ساڵی 1979 و دوای دەرچوونی سزای لەسێدارەدان بۆ ئەندامانی حزبی دەعوە لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە، عێراقی جێهێشتووە. سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایە لە ساڵی 2009ـەوە تا ئێستا.   پۆستە فەرمییەکانی نووری مالیکی -سەرۆک وەزیرانی عێراق/ خولی یەکەم (2006 - 2010). -سەرۆک وەزیرانی عێراق / خولی دووەم (2010 - 2014). -جێگری سەرۆک کۆماری عێراق (2014 - 2015) و (2016 - 2018).

میدیای فەرمی سووریا دەڵێت، وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری ئازادکردنی 126 ڕاگیراوی لە زیندانی ئەقتانی سەر بە پارێزگای ڕەققە دەرکرد، کە پێشتر ئەم زیندانە هەسەدە بەڕێوەی دەبرد و ڕاگیراوەکان بەتۆمەتی ئەندامییەتی داعش دەستگیرکرابوون. کەناڵی ئەلئیخباریەی سەر بە حکومەتی سووریا لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ،  126 ڕاگیراویان لە زیندانی ئەقتانی سەر بە پارێزگای ڕەققە ئازاد کردووە، سەرجەمی ئەوانەشی کە ئازاد کراون تەمەنیان لەخوار 18 ساڵەوە بووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیاری ئازادکردنی ئەو ڕاگیراوانە دوای تەواوبوونی ڕێکارە یاساییە پێویستەکان بووە بۆ یەکلاییکردنەوە دۆسیەی سەرجەم ڕاگیراوەکان. دوای شەش ڕۆژ لە پاراستنی زیندانەکە و بەهۆی گەمارۆدانیان لەلایەن هێزەکانی سەر بە دیمەشق، دوێنێ هەسەدە لە زیندانی ئەقتان کشایەوە و زیندانەکە کەوتە دەستی حکومەتی سووریا، ئەم زیندانە دوو هەزار ئەندامی داعشی تێدایە و بە یەکێک لە مەترسیدارترین زیندانەکان لە سووریا دادەنرێت.

ئەردۆغان باسی لەناوبردنی هەسەدە دەکات و دەڵێت، هەر کە لەناوچوو، هەموومان هەناسەیەکی ئارامی هەڵدەمژین.  

چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران کۆدەبێتەوە و سەرکردەیەک لە هاوپەیمانییەکە دەڵێت، کاندیدکردنی مالیکی تەنیا دەنگۆیە. بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات.  عەبدولڕەحمان جەزائیری، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، بە کوردستان24ی راگەیاند، کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە پرسی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق. جەزائیری جەختی کردەوە، تا ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاری نەکردووە. هەروەها هیچ کۆدەنگییەکیش لەسەر نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا نییە. بە گوتەی ئەو سەرکردەیە، "مالیکی داوای گەرەنتیی پاڵپشتی لە کورد، سوننە و شیعەکانی کردووە، بەڵام لایەنە سوننەکان رەتیان کردووەتەوە و ڤیتۆیان لەسەری هەیە. بۆیە هەر هەواڵێک دەربارەی کاندیدکردنی ناوبراو تەنیا دەنگۆیە و دوورە لە راستییەوە." لەلایەکی دیکەوە، عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، بۆ کوردستان24 پشتڕاستی کردەوە، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاساییە و تایبەتە بە تاوتوێکردنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق. لە ماوەی هەفتەکانی رابردوودا، جووڵە و گفتوگۆکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی چڕبوونەتەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران. لەم چوارچێوەیەدا، چەندان کۆبوونەوە ئەنجام دراون یان دواخراون بەهۆی ناکۆکی و وردەکاریی سیاسییەوە. سەرەتا چوار کاندید لە ئارادا بوون، کە محەممەد شیاع سوودانی بە بەهێزترین دادەنرا. بەڵام دواتر، محەممەد شیاع سوودانی لە کاندیدبوون کشایەوە و رێگەی بۆ نووری مالیکی خۆش کردووە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات، مالیکی رەزامەندیی زۆرینەی هێزەکانی ناو چوارچێوەکەی بەدەستهێناوە.  لەگەڵ ئەوەشدا، پرسی کاندیدکردنی مالیکی هێشتا بەربەستی لەپێشە، بەتایبەت لەلایەن لایەنە سوننەکانەوە کە نیگەرانییان هەیە. هاوکات، چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە لایەنە کوردییەکانیش کردووە، بە زووترین کات لەسەر یەک کاندیدی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار رێک بکەون، بۆ ئەوەی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت خێراتر بکرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداری لە دۆخی مرۆیی لە کۆبانێ دەدات و دەڵێت، بەهۆی گەمارۆی تووندەوە شارەکە گەیشتووەتە لێواری کارەساتێکی مرۆیی کە هەڕەشە لە ژیانی سەتان هەزار هاووڵاتیی مەدەنی دەکات. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر "بانگەوازێکی بەپەلەی" ئاراستەی رای گشتیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کردووە. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، کۆبانێ بە "هێمای بەرخۆدان و خۆڕاگری" وەسف دەکات و دەڵێت: "کۆبانێ هێڵی یەکەمی بەرگری بوو لە بەها مرۆییەکان و وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو کە رێڕەوی جەنگی دژی توندڕەویی گۆڕی؛ بۆیە بەئامانجگرتنی ئەمڕۆی، بەئامانجگرتنی راستەوخۆی ئیرادەی گەلانی ئازاد و ئەزموونی دیموکراتیکە." هەفتەیەکە کۆبانێ لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە گەمارۆ دراوە و رێگە نادرێت، خواردن، خواردنەوە و پێداویستیی پزیشکی بگاتە شارەکە. لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا داوا دەکرێت بەپەلە رێگەچازەیەک بدۆزرێتەوە و "رێڕەوی ئارام بکرێتەوە بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی و پزیشکی و چارەسەرکردنی برینداران بەبێ مەرج." بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقی دەخاتە ئەستۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و داوایان لێدەکات دەستبەجێ دەستوەردان بکەن بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی کانتۆنی جزیرێ. هاوکات، ستایشی "بەرخۆدانی جەماوەری" خەڵکی حەسەکە و جزیرێ دەکات و جەخت لە "پێویستیی بەهێزکردنی بەرخۆدانی جەماوەریی رەوا" دەکاتەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان. لە کۆتایی بانگەوازەکەدا هاتووە: "بێدەنگی لە ئاست ئەوەی روودەدات هاوبەشییکردنە لە تاوان و دەستوەردانی بەپەلە بەرپرسیارێتییەکی مرۆییە کە دواخستن هەڵناگرێت."

ئاژانسی هەواڵی  رۆیتەرز: واشنتۆن هەڕەشەی لە سیاسەتمەدارانی باڵای عێراق کردووە و بە ساندنی سزا بەسەر دەوڵەتی عێراقدا، لەنێویاندا داهاتە نەوتییە گرنگەکانی، ئەگەر ئەو گرووپە چەکدارانەی ئێران پشتیوانییان دەكات بەشداری لە حکومەتی داهاتوودا بكەن. *جۆشوا هاریس، بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد، لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی و سەرکردەى شیعەکان چەند جارێك ئەم هۆشدارییەی گەیاندووە، پەیامەكەش گەیەندراوەتە بەشێک لە سەرۆکی گرووپە پەیوەندیدارەکان بە ئێران. *وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاگەیاندووە، ئەمریکا پشتگیری لە سەروەری عێراق دەکات، ئەوەش بە هیچ شێوەیەک رۆڵێک بۆ میلیشیاکانی پاڵپشتیکراوی ئێران ناهێڵێتەوە کە هەوڵ بۆ بەرژەوەندییە پیسەكان دەکەن.  *لە نێو ئەو سیاسەتمەدارە باڵایانەی پەیامی هاریسیان پێگەیەندراوە، سودانی سەرۆک وەزیران، عەمار حەکیم و هادی عامری، سیاسەتمەدارانی شیعە و مەسرور بارزانیە. یەکێک لەو کەسانەی کە واشنتۆن ناڕەزایی بەرامبەری هەیە، عەدنان فەیحانە، ئەندامی گرووپی عەسائیبی ئەهلی هەقە کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمدا بە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا، ئەمریکا دژی دانانی فەیحان بووە بۆ ئەو پۆستە. *لە ئاماژەیەكدا بۆ ئەوەی فشارەکانی ئەمریكا سەركەوتوو بووە، قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسائیبی ئەهلی هەق، ئامادەیی خۆی بە ئەمریکییەکان گەیاندووە بۆ دوورخستنەوەی فەیحان لە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام فەیحان تا ئێستا لە پۆستەکەیدا ماوەتەوە. *سەرچاوەکان پێشتر بە ئاژانسی رۆیتەرزیان ڕاگەیاندبوو، عەسائیبی ئەهلی هەق گروپێکی سەرەکی بووە لە تۆڕێکی ئاڵۆزی قاچاخچێتی نەوت کە ساڵانە قازانجی لانیکەم یەک ملیار دۆلاری بۆ ئێران و هاوپەیمانەكانی لە عێراق هەیە. *خەزعەلی لە ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن واشنتۆنەوە سزای بەسەردا سەپێندرا بە تۆمەتی ئەوەی گروپەكەی رۆڵی هەبووە لە پێشێلکارییە جددیەکانی مافەکانی مرۆڤدا، کە پەیوەندی بە کوشتنی خۆپیشاندەرانەوە هەيە لەو ساڵەدا. *عێراق بەشێکی زۆری داهاتی فرۆشتنی هەناردەکردنی نەوتی لە هەژمارێکی بانکی ناوەندی عێراق لە بانکی یەدەگی فیدراڵی نیویۆرک هەڵگرتووە. *هەرچەندە ئەم پرسە پەیوەستە بە سەروەری دەوڵەتی عێراقە، بەڵام ئەم رێکخستنە کۆنترۆڵی کردەیی دەداتە ئەمریکا بەسەر سەرچاوەیەكی زۆر گرنگ كە هەڕەشە لە دەوڵەتی عێراق دەكات، ئەمەش وایکردووە بەغداد پشت بە نیازپاکی واشنتۆن ببەستێت. *وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارەکانی رۆیتەرزدا وتويەتی: هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لە ناوچەکەدا لەسەر بنەمای دڵنیابوونە لە پاراستنی سەروەری دەوڵەتەکان و تواناداركردنیان  لە بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی ئابوری هاوبەشەوە ئاسایش. هەنگاوی فشارخستنە سەر بەغداد لەڕێی ئەگەری راگرتنی دۆلار لە کاتێکدا روودەدات کە ئەمریکا دەستیكردووە بە  بازاڕکردنی نەوتی ڤەنزوێلا.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە رایگەیاند، ئاگربەستی نێوان هەسەدە و حکومەتی سوریا بۆ ماوەی مانگێک درێژکرایەوە. ئەمڕۆ ماوەی ئەو ئاگربەستە چوار رۆژییە کۆتایی دەهات کە هەفتەی رابردوو راگەیەندرا. حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەی ئەو ئاگربەستەی کە بڕیار بوو، کاتژمێر 08:00ـی ئەمشەو، (شەممە، 24ـی کانوونی دووەم)  کۆتایی پێبێت.  تاوەکو ئێستا هیچ راگەیێندراوێکی فەرمی لەلایەن هەردوو لایەنەوە دەرنەچووە، بەڵام سێ سەرچاوەی ئاگادار بە ئاژانسی 'فرانس پرێس'ـیان راگەیاندووە، ئاگربەستەکە لانیکەم بۆ ماوەی مانگێک درێژ دەکرێتەوە. سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە دیمەشق بە ئاژانسەکەی گوتووە، ئاگربەستەکە "بۆ ماوەیەک درێژکراوەتەوە لەوانەیە بگاتە مانگێک."  لەلایەن خۆیەوە، سەرچاوەیەکی کوردی ئاگادار لە دانوستانەکان بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە: "ماوەی ئاگربەستەکە درێژ دەکرێتەوە تاوەکو دەگەینە چارەسەرێکی سیاسی هەردوو لا رازی بکات." هاوکات لەگەڵ ئاگربەستەکە، ئەمریکا دەستی بە پرۆسەی گواستنەوەی زیندانییانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق کردووە. ژمارەی ئەو زیندانییانە بە نزیکەی 7,000 کەس مەزەندە دەکرێت. بەپێی گوتەی دوو بەرپرسی عێراقی، رۆژی چوارشەممە کاروانێکی 150 کەسی لە چەکدارانی داعش گەیشتوونەتە عێراق. ئەو کاروانە چەندان سەرکردەی دیاری رێکخراوەکە و چەکداری ئەوروپای تێدابووە و لە یەکێک لە زیندانەکانی حەسەکەوە گواستراونەتەوە. رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) رۆژی هەینی پێشبینی کرد لەنێو ئەو 7,000 کەسەدا، هاووڵاتیی سووری، عێراقی و بیانی هەبن، لەگەڵ نزیکەی 1,000 گەنج و مێردمنداڵ.