ئەمریكا هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابورى لە عێراق كردووە بە داهاتە نەوتییەكانيشەوە
20 كاتژمێر لەمەوپێش
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز: واشنتۆن هەڕەشەی لە سیاسەتمەدارانی باڵای عێراق کردووە و بە ساندنی سزا بەسەر دەوڵەتی عێراقدا، لەنێویاندا داهاتە نەوتییە گرنگەکانی، ئەگەر ئەو گرووپە چەکدارانەی ئێران پشتیوانییان دەكات بەشداری لە حکومەتی داهاتوودا بكەن.
*جۆشوا هاریس، بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد، لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی و سەرکردەى شیعەکان چەند جارێك ئەم هۆشدارییەی گەیاندووە، پەیامەكەش گەیەندراوەتە بەشێک لە سەرۆکی گرووپە پەیوەندیدارەکان بە ئێران.
*وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاگەیاندووە، ئەمریکا پشتگیری لە سەروەری عێراق دەکات، ئەوەش بە هیچ شێوەیەک رۆڵێک بۆ میلیشیاکانی پاڵپشتیکراوی ئێران ناهێڵێتەوە کە هەوڵ بۆ بەرژەوەندییە پیسەكان دەکەن.
*لە نێو ئەو سیاسەتمەدارە باڵایانەی پەیامی هاریسیان پێگەیەندراوە، سودانی سەرۆک وەزیران، عەمار حەکیم و هادی عامری، سیاسەتمەدارانی شیعە و مەسرور بارزانیە.
یەکێک لەو کەسانەی کە واشنتۆن ناڕەزایی بەرامبەری هەیە، عەدنان فەیحانە، ئەندامی گرووپی عەسائیبی ئەهلی هەقە کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمدا بە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا، ئەمریکا دژی دانانی فەیحان بووە بۆ ئەو پۆستە.
*لە ئاماژەیەكدا بۆ ئەوەی فشارەکانی ئەمریكا سەركەوتوو بووە، قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسائیبی ئەهلی هەق، ئامادەیی خۆی بە ئەمریکییەکان گەیاندووە بۆ دوورخستنەوەی فەیحان لە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام فەیحان تا ئێستا لە پۆستەکەیدا ماوەتەوە.
*سەرچاوەکان پێشتر بە ئاژانسی رۆیتەرزیان ڕاگەیاندبوو، عەسائیبی ئەهلی هەق گروپێکی سەرەکی بووە لە تۆڕێکی ئاڵۆزی قاچاخچێتی نەوت کە ساڵانە قازانجی لانیکەم یەک ملیار دۆلاری بۆ ئێران و هاوپەیمانەكانی لە عێراق هەیە.
*خەزعەلی لە ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن واشنتۆنەوە سزای بەسەردا سەپێندرا بە تۆمەتی ئەوەی گروپەكەی رۆڵی هەبووە لە پێشێلکارییە جددیەکانی مافەکانی مرۆڤدا، کە پەیوەندی بە کوشتنی خۆپیشاندەرانەوە هەيە لەو ساڵەدا.
*عێراق بەشێکی زۆری داهاتی فرۆشتنی هەناردەکردنی نەوتی لە هەژمارێکی بانکی ناوەندی عێراق لە بانکی یەدەگی فیدراڵی نیویۆرک هەڵگرتووە.
*هەرچەندە ئەم پرسە پەیوەستە بە سەروەری دەوڵەتی عێراقە، بەڵام ئەم رێکخستنە کۆنترۆڵی کردەیی دەداتە ئەمریکا بەسەر سەرچاوەیەكی زۆر گرنگ كە هەڕەشە لە دەوڵەتی عێراق دەكات، ئەمەش وایکردووە بەغداد پشت بە نیازپاکی واشنتۆن ببەستێت.
*وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارەکانی رۆیتەرزدا وتويەتی: هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لە ناوچەکەدا لەسەر بنەمای دڵنیابوونە لە پاراستنی سەروەری دەوڵەتەکان و تواناداركردنیان لە بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی ئابوری هاوبەشەوە ئاسایش.
هەنگاوی فشارخستنە سەر بەغداد لەڕێی ئەگەری راگرتنی دۆلار لە کاتێکدا روودەدات کە ئەمریکا دەستیكردووە بە بازاڕکردنی نەوتی ڤەنزوێلا.
