عەلى ڕەزا دەلیرى، جێگری فەرماندەی پۆلیسی سیستان و بەلووچستان، دەلێت ئەو کەسانەى هێرشەتیرۆریستیەکەى داداگاى زاهدانیان ئەنجامداوە سەربە ئیسرائیلین و سیانیان کوژراون و ئەوانى دیکەمان دەستگیرکردوە. میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە، هێرشێکی چەکداری کراوەتەسەر دادگای زاهیدان لە هەرێمی سیستان و بلوجستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران و کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە. بەگوێرەى میدیای فەرمیی ئێران، هێرشەکە لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە بۆسەر باڵەخانەی دادگای زاهیدان ئەنجامدراوە. ئاماژە بەوەشکراوە، پاش رووداوەکە، هێزی ئەمنی و ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە بۆ بەهاناوەهاتنی قوربانییەکان. هاوکات پێگەی میزان، کە تایبەتە بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی هێرشەکەوە هەشت هاوڵاتی کوژراون و 13 کەسی دیکەش برینداربوون، لەناو ئەوانەشدا منداڵ و ژن هەیە. باسلەوەدەکات، ئەو ئامارانە سەرەتایین و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامیی هەیە. میدیای ئێران بڵاویکردووەتەوە، پێش هێرشەکە، دەنگی تەقینەوەیەک بیستراوە و دواتر دەستدڕێژی گولــلـە کراوە. هاوکات ئاژانسی میهر بڵاویکردووەتەوە، داوا لە هاوڵاتییان دەکرێت هیچ کۆبوونەوەیەک لە دەوروبەری دادگای زاهیدان ئەنجامنەدەن. بەگوێرەى ئاژانسەکە، داواکراوە رێگاکانی چوون و رۆیشتن بە ئاڕاستەی دادگاکە بە کراوەیی بهێڵرێتەوە، لەپێناو ئاسانکاریی هاتوچۆکردنی ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان و فریاگوزارییەکان. میدیای ئێران ئاماژەیبەوەکردووە، سێ لە چەکدارە هێرشبەرەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن. سوپای عەدل، کە گروپێکی بەرهەڵستکاری ئیسلامیی سوننەیە لە سیستان و بلۆجستان، بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی سەر دادگای زاهیدان راگەیاندووە. شاری زاهیدان دەکەوێتە پارێزگای سیستان و بەلوچستان و دانیشتووانەكەی سووننە نشینن، یەکێکە لەو شوێنانەی بەردەوام کێشەی ئەمنی هەیە، بەم هۆکارە بەردەوام شەڕ و گرژی و پێکدادانی تێیدا ڕوودەدات.

ئاژانسى تەنسیمى ئیرانى بڵاویکردەوە، چەند چەکدارێک هێرشیان کردوەتە سەر دادگای زاهیدان لەناوچەى سیستان و بەلوجستان و چونەتە ناوبیناکەوە بەئامانجى کوشتنى دادوەرى ئەو دادگایە، بەڵام ڕێگریان لێکراوەو چەکدارەکانیش تەقەیان کردوە بەناو ئەو کەسانەدا کە لە دەوروبەری شوێنەکەدا ئامادەبوون. ڕاپۆرتەکان ئەو ئاماژە بەوە دەکەن تائێستا پێنج کەس کوژراون و ١٣ کەسى دیکەش برینداربوون، تائێستا نازانرێت ئەوانەى کوژراون هێرشبەرەکانن یان هاوڵاتى مەدەنىن، هەروەها لەم ڕووداوەدا بەشێک لە هاووڵاتیان و ماڵ و موڵک و ماڵی ئەوانیش زیانیان بەرکەوتووە. کەمێک لەمەوبەریش لەبەیاننامەیەکدا سوپای عادل بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند. ئەو ئامارانەی سەبارەت بە ژمارەی کوژراوان و بریندارانی ئەم هێرشە خراوەتەڕوو، سەرەتایین و هێشتا بەدواداچوون دەکرێت و هۆکارەکانى ئەم ڕووداوە بەردەوامە.  

رۆژنامەی "الشرق" الاوسط" سەرچاوەیەکی کوردی کە بانگهێشتی کۆبونەوەکانی پاریس كرابوو لە نێوان حکومەتی سوریا و ئیدارەی خۆسەر، راگەیاندووە: هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە فەرمی سەرکردایەتی "هەسەدە"یان ئاگادارکردۆتەوە، کە وادەی كۆبونەوەكەی پاریس دواخراوە بۆ كاتێكی تر، ئەوەش لەسەر داوای حکومەتی سوریا بۆ دواخستنی، دوای ڕووداوە خوێناوییەکانی سوەیداو لاوازی ئەدای حکومەت و بێتوانایی لە کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و هەرەسهێنانی لە باشووری وڵات. ئەو سەرچاوەیە رونیشیکردووەتەوە: سەرکردایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پەیامی دیمەشەقی بە ئیدارەی خۆسەر گەیاندووە، کۆبونەوەی پاریس کە بڕیاربوو رۆژی هەینی دەستپێبکات، بەپەلە بڕیاری لەسەر دراوە، دوای کۆبونەوەکانی رۆژی 19ی ئەم مانگە لە عەممانی پایتەختی ئوردن، کە نێردەی ئەمەریکا، تۆم باراک و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە و ئەسعەد شەیبانی، دەرەوەی سوریای کۆکردەوە. ئاماژەی بەوەشكردووە: پێیان گەیاندین کە خێرایی دیاریکردنی وادەكەی لە بەرژەوەندی چارەسەرکردنی جیاوازییە هەڵپەسێردراوەکان و لێک نزیککردنەوەی دیدگاکان نییە، بەتایبەتی کە هەنگاوی کردەیی پێشکەوتوو لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی (١٠ی ئازار)ی رابردوودا رادەگەیەنرێت. لای خۆیەوە، بەسام سەعید ئیسحاق، سەرۆکی نێردەی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لە واشنتۆن، دیداری باراک و عەبدی لە عەممان بە راستکردنەوەی رەوتی دانوستانەکان وەسف کردووە، كە تیایدا رێککەوتون لەسەر دەستپێکردنەوەی گفتوگۆكان و تاوتوێكردنی خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکی. راشگەیاندووە، پاریس و واشنتۆن پابەندن بە بەردەوامیدان بە نێوەندگیری لەم گفتوگۆیەدا و پشتگیری لە سەرکەوتنی پرۆسەی دانوستانی ئاشتیانە دەکەن بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیرییەکی بەردەوام. سەبارەت بە هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنساش لەبارەی بە بەشداریی کورد لە پرۆسەی سیاسی سوریا، وتی:  پاریس بەشداری کورد لە پرۆسەی سیاسیدا بە پرسێكی پێویست دەزانێت، بەشدارێکی کاریگەریشە لە دانوستانە بەردەوامەکاندا، لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکایش، وتویەتی: باڵیۆز باراک رایگەیاندووە، ئەمریکا پەلە ناکات لە کشانەوە لە سوریا، هەروەها بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە جەنگی دژ بە داعش، هاوکات پاڵپشتی لە تێکەڵبون دەکات لەگەڵ دامودەزگاکانی دەوڵەتی داهاتووی سوریادا، بە شێوەیەک شایستەی قوربانیدانەکانی بێت.

وەیسی ئاکتاش، کە لە زیندانی ئیمراڵی بەندکرابوو، خەڵکی دیاربەکری باکووری کوردستانە، بەتۆمەتی دابەشکردنی خاکی تورکیا و ئەندامێتیی پەکەکە زیندانیی کرابوو. وەیسی ئاکتاش کە ماوەی ١٠ ساڵ لە زیندانی ئیمرالی بوو و ئازادکردنی بۆ ماوەی ساڵێک و سێ مانگ دواخرا، ئازاد کرا.   وەیسی ئاکتاش کە لە زیندانی ئاسایشی باڵای جۆری ئێف ئیمرالی زیندانی کرابوو، دوای ٣١ ساڵ و سێ مانگ ئازاد کرا. ئاکتاش دوای ئەوەی ٣٠ ساڵ زیندانی تەواو کرد، لە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٤ بە شێوەیەکی یاسایی سزای ٣٠ ساڵەکەی تەواو کرد، بەڵام ئازادکردنی ئاکتاش بە بڕیاری دەستەی کارگێڕی و بەدواداچوون بۆ ماوەی ساڵێک دواخرا.   دوای یەک ساڵ ئازادکردنی ئاکتاش بۆ سێ مانگی دیکە دواخرا. دوای دواخستنی ساڵێک و سێ مانگ، ئاکتاش لە ٢٥ی خاکەلێوە لە زیندانی ئیمرالی ئازاد کرا.   وەیسی ئاکتاش لە ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ مەهمەت سایت یڵدرم، عومەر حەیری کۆنار، چەتین ئەرکەش و نەسروڵڵا کوران، بۆ ئەرکی سکرتاریەت لە کاتی بەناو "پرۆسەی چارەسەرکردن" لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ بۆ زیندانی ئیمرالی گوازرایەوە زیندانی کریکالێ ، لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لەوێیە.  ئازادکردنى ئەو زیندانە لەکاتێکدایە، دوێنێ رۆژی 25ـی تەممووزی 2025 شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، لە گرتووخانەی ئیمراڵی، دیدارێکی سێ کاژێر و نیویمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامدا.   بیروبۆچوونمان لەبارەی ئەو دیدارانەوە ئاڵوگۆڕکرد کە لە رۆژانی رابردوودا وەک شاند لەگەڵ بەڕێزان سەرۆککۆمار، وەزیری داد و سەرکردەی پارتە سیاسییەکان ئەنجامماندابوو.  

دادگای تێکهەڵچونەوەى باڵاى فەرەنسا ڕۆژی هەینی بڕیاریدا کە ناتوانێت هۆکارێکى تایبەت نابینێت تا پارێزبەندی سەرۆکی دەوڵەتێک هەڵبگرێت و دەستگیرى بکات، بەم شێوەیە فەرمانی دەستگیرکردنی هەڵوەشاندەوە کە لەلایەن دادوەرەکانی لێکۆڵینەوە لە پاریس لە دژی بەشار ئەسەدی سەرۆکی لەکارلادراوی سوریا دەرچووبوو، بە تۆمەتی  ئەنجامدانى هێرشی کیمیایی لە ساڵی ٢٠١٣ لە کاتی شەڕی سوریادا کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار کەس. بەڵام لە کۆتایی دانیشتنێکی گشتیدا کە بەشێوەیەکی بێوێنە بە شێوەی ئۆنلاین پەخشکرا، سەرۆکی باڵاترین دەزگای دادوەری فەرەنسا، کریستۆف سۆلارد، ڕایگەیاند، بەو پێیەی بەشار دوای لەکارخستنی لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٤دا سەرۆک کۆماری فەرەنسا نەماوە، "ڕەنگە فەرمانی دەستگیرکردنی نوێ لە دژی دەرچووبێت یان دەربچێت" لە حاڵەتەکانی تاوانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی بەو هۆیەشەوە لێکۆڵینەوەی دادوەری لەسەری ڕەنگە بەردەوام بوون. لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣، دادگاکانی فەرەنسا فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ ئەسەد دەرکرد بە تۆمەتی هاوبەشی لە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ، لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو هێرشە کیمیاییانەی کە دەگەڕێندرێنەوە بۆ هێزەکانی سوریا لە سەردەمی دەسەڵاتەکەیدا. هێرشەکان لە ڕۆژانی ٤ و ٥ی ئابی ٢٠١٣ لەدەرعا و چەند شوێنێکى دیکە لە نزیک دیمەشق ڕوویانداوە و بەهۆیەوە ٤٥٠ کەس بریندار بوون. هێرشە هاوشێوەکان لە ٢١ی ئابدا ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواشیان لە نزیک دیمەشقیان کردە ئامانج و بەپێی ئامارێکی واشنتۆن و چالاکوانانی ئەو کاتە زیاتر لە هەزار کەس کوژران. ئەسەد تۆمەتبارە بە هاوبەشی لە تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لەم دۆسیەیەدا، هەرچەندە دەسەڵاتدارانی سوریا لەو کاتەدا ڕەتیکردەوە هیچ تێوەگلانێکیان لە هێرشە گازییەکاندا هەبێت و یاخیبووانی بە تاوانبار زانی. دەسەڵاتی دادوەری فەرەنسا بەپێی بنەمای "دەسەڵاتی دادوەری گشتگیر" مامەڵەی لەگەڵ دۆسیەکەدا کردووە، کە ڕێگە بە لێپێچینەوە لە تاوانە گەورەکان دەدات بەبێ گوێدانە ئەوەی لە کوێ ئەنجامدراون. دادوەرانی لێکۆڵینەوە لە یەکەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لە دادگای دادی پاریس لە ساڵی 2021ەوە بەدواداچوون بۆ زنجیرە فەرماندەییەکان دەکەن کە بووەتە هۆی هێرشە کیمیاییەکان، لە ئەنجامدا چوار فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەشار ئەسەد و ماهری برای فەرماندەی فیرقەی 4 و یەکەیەکی نوخبەی سوپای سوریا و دوو ئەفسەر بە ناوەکانی غەسان عەباس و... بەسام ئەلحەسەن. دوای دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن، دۆخی جیۆپۆلەتیکی گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە، ئەسەد لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و بەرەو ڕووسیا هەڵهات. بڕیارەکەی دادگای ڕۆژی هەینی گورزێکە بۆ ئەو چالاکوانانەی کە هیوایان خواستبوو دادگا پارێزبەندی سەرۆکایەتی هەڵبوەشێنێتەوە، بڕیارێک کە دەتوانێت لێکەوتەی دوور مەودای هەبێت بۆ سەرکردەکانی دیکە کە تۆمەتبارن بە دڕندەیی، بەپێی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس.

دۆناڵد ترەمپ حەماس تۆمەتبار دەکات بەوەی کە نایەوێ لەگەڵ ئیسرائیل لەسەر ئاگربەستی غەززە رێکبکەوێت، هاوکات ڕاگەیاندراوەکەى ماکرۆن سەبارەت بە دانپێدانانی دەوڵەتێکی فەلەستینی وتى: بێ مانایە و قسەکانی هیچ قورسایییەکیان نییە.  سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت، پێی وایە کە حەماس "دەڕووخێت."   قسەکانی ترەمپ رۆژێک دوای ئەوە دێن کە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گوتی، ئیدارەی واشنتن بڕیاری داوە شاندەکەی لە دانوستاندنەکانی تایبەت بە ئاگربەستی غەززە بکشێنێتەوە، دوای ئەوەی حەماس پێشنیازێکی خستەڕوو کە بە لایەوە پەسندکراو نەبوو.  بەشێک لەوتەو پەیامەکانى ترەمپ.. حەماس بەڕاستی نایەوێت بگەنە ڕێککەوتن. پێم وایە حەماس گۆشەگیری دەکرێت. ئێمە لە دانوستانەکانی غەززە کشاینەوە و ئەمەش جێگەی داخە. حەماس هیچ بەرژەوەندییەکی نییە لە ئەنجامدانی هیچ گرێبەستێک و دەبێت لەناوببرێت. حەماس دەزانێت دوای گەڕانەوەی ئەو هەموو بارمتە چی ڕوودەدات، هەر بۆیەش نایەوێت بگەنە ڕێککەوتن. حەماس نایەوێت بگەنە ڕێککەوتن و پێموایە دەیەوێت بمرن و دەبێت شەڕ ڕووبدات و حەماسیش لەناوبچێت. ئێمە بەشداریمان کردووە لە ئازادکردنی ژمارەیەکی زۆر لە بارمتەکان لە غەززە و پرۆسەی ئازادکردنی ئەو بارمتە ماونانەی کە لەلایەن حەماسەوە دەستیان بەسەردا گرتووە قورستر دەبێت. گەڕانەوەی ئەو بارمتە ماونانەی لە غەززە ئەستەمە، چونکە حەماس دەزانێت هیچ موزایەدەی نابێت. لەگەڵ نەتانیاهۆ قسەم کرد سەبارەت بە ناردنی هاوکاری بۆ غەززە، بەڵام ناچمە ناو وردەکارییەکان. بنەماڵەی زیندانییە ئیسرائیلییەکان داوایان لێکردم کە یارمەتیم بدەم بۆ گەڕاندنەوەی کوڕەکانیان، بە مردووەکانیشەوە، ئێمەش ئەوەمان کرد. ڕاگەیاندنی ماکرۆن سەبارەت بە دانپێدانانی دەوڵەتێکی فەلەستینی بێ مانایە و قسەکانی هیچ قورسایییەکیان نییە.

لە پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنێک بۆ پرۆسەی چارەسەری پێکهێنراوە و لە 51 ئەندام پێکدێت، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) زۆرترین ئەندامی هەیە.    رۆژی هەینی، 25ـی تەممووز، ژمارەی ئەندامانی پارتە سیاسییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان لە کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بڵاوکرایەوە و بەمشێوازە دابەشبوون:    - ئاکپارتی: 21 ئەندام  - جەهەپە : 10 ئەندام - دەم پارتی:4 ئەندام - مەهەپە:  4 ئەندام - ئیی پارتی: 3 ئەندام - یەنی یۆڵ: سێ ئەندام - 6 ئەندامی دیکە لە دەرەوەی پەرلەمان دەبن هاوکات، ئیی پارتی و DP بە فەرمی رایانگەیاندووە نابنە بەشێک لە کۆمیسیۆنەکە.   نوعمان كورتولموش سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، نامەیەکى ئاراستەی گروپ و حزبە سیاسییەکان کردووە. داوایکردوە تا کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارەی ٣١ی تەمموز ناوى ئەندامانى خۆیان بۆ کۆمسیۆنەکە پێشکەش بکەن. بەپێى میدیاکانى تورکیا، تا جەهەپە بەشدارى کۆمسیۆنەکەدەکات یان نا، ئۆزگور ئۆزێل سەرۆکی جەهەپە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە مەرج و بێ مەرج ئەندامان نانێرن. وتیشی: لە ڕۆژانی داهاتوودا هەموو ئەمانە دەبینین. "ئێمە هەڵوێستی خۆمان خستۆتە ڕوو، و گوێبیستی ئەوە دەبین کە سەرۆک دوای کارەکەی چی ئەنجام دەدات، دواتر بڕیاری خۆمان دەدەین". دوابەدوای ئەو هەنگاوە پێشبینیکراوەی سەرۆکی پەرلەمان، ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر ئەوەن کە کام لایەن ناوی خۆیان پێشکەش دەکەن. بڕیارە لە ماوەی نزیکەی هەفتەیەکدا لیژنەکە دامەزرێت و بە درێژایی مانگ کاربکات. دروستكردنی ئەم كۆمسیۆنە مەرجی سەرەكی (دەم پارتی)یە وەكو نوێنەری كورد لە توركیا؛ تایبەت بە چارەسەری دۆزی كوردو لابردنی بەربەستە یاساییەكان.  لەگەڵ دەركەوتنی سەرەتاكانی پێكهێنانی كۆمسیۆنەكە، ئەمڕۆ بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، وەفدی (دەم پارتی) بەرەو دورگەی ئیمرالی بەرێكەوت.

بڕیارە بەمزوانە لە پاریس؛ گەڕی گفتوگۆ لەنێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)و حكومەتی سوریا دەستپێدەكات بۆ جێبەجێكردنی تەواوەتی رێككەوتنی 10ی ئازار (رێككەوتنی مەزڵەم عەبدی و ئەحمەد شەرع) وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت، میوانداریی هەسەدە و حکومەتی سووریا دەکەن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی نێوانیان.   وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەشڵێت، ئەمریکا، فەرەنسا و سووریا رێککەوتن لە زووترین کاتدا گەڕێکی دانوستاندن لە پاریس لەنێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە بکرێت.   وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئاماژە بەوەش دەکات، هەوڵی جیددی بدرێت بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی قۆناخی راگوزەری سووریا و پاراستنی یەکڕیزی، سەقامگیری، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا. وەزارەتی دەرەوەی سوریاش لەبەیاننامەیەکیدا جەخت دەکاتەوە کە ڕێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی خولێکی ڕاوێژ لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات لە پاریس بە زووترین کات. لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دا، کۆبوونەوەکە بە "زۆر راشکاو و بەرهەمدار" وەسفکراوە و لە کاتێکی "هەستیار"دا بۆ سوریا ئەنجامدراوە.   لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەژێر رۆشنایی "گفتوگۆ و کەمکردنەوەی گرژییەکان"، فەرەنسا، ئەمریکا و سوریا لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی چەند خاڵێکی گرنگ رێککەوتوون، کە بریتین لە:     دەستپێکردنی هەوڵی خێرا و جددی بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی قۆناغی گواستنەوەی سیاسی و پاراستنی یەکێتی، سەقامگیری، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا. بەهێزکردنی هەماهەنگیی هاوبەش لە دژی تیرۆر بە هەموو شێوەکانییەوە و پتەوکردنی تواناکانی حکومەتی سوریا بۆ روبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان لە رێگەی دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە. پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی سوریا بۆ گواستنەوەی سیاسی و گەیشتن بە ئاشتەوایی نیشتمانی، بەتایبەتی لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا و سوەیدا. میوانداریکردنی گەڕی داهاتووی راوێژکاری لە پاریس لەنێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە نزیکترین کاتدا، سەبارەت بە جێبەجێکردنی تەواوەتی رێککەوتنی 10ی ئازار. پشتگیریکردن لە هەوڵەکان بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی توندوتیژییەکان و پێشوازیکردن لە ئەنجامی راپۆرتە شەفافەکان، لەنێویاندا راپۆرتی ئەم دواییەی لیژنەی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە توندوتیژییەکانی ناوچە کەنارییەکان. دڵنیابوونەوە لەوەی کە وڵاتانی دراوسێی سوریا هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی ئەو وڵاتە دروست نەکەن و لە بەرامبەردا، دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی سوریا بەوەی نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی، لەپێناو سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە.

  وەزارەتی نەوتى حکومەتى عێراق، ئەمڕۆ هەینی، ئاماری کۆتایی هەناردەکردنی نەوت و داهاتی بەدەست هاتووى بۆ مانگی حوزەیرانی ڕابردوو ڕاگەیاند کە بڕەکەى زیاتر لە  زیاتر لە شەش ملیار دۆلار بووە. وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کۆی گشتی هەناردەکردنی نەوت و داهاتی دەستکەوت بۆ مانگی حوزەیرانی ڕابردوو، بەپێی ئاماری کۆتایی کە لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی (سۆمۆ) دەرچووە بەمجۆرەیە. نەوتی خاو بڕی (98) ملیۆن و (882) هەزار و (613) بەرمیل بووە، لەگەڵ داهاتی زیاتر لە (6) ملیار و (698) ملیۆن و". (21) هەزار دۆلار. بەگوێرەی بەیاننامەکەى وەزارەتى نەوت، ئامارەکە ئەوەدەردەخات کە کۆی بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاو بۆ مانگی حوزەیران لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بڕی (97) ملیۆن و (718) هەزار و (994) بەرمیل بووە. هاوکات هەناردەکردنی کێڵگەی قەیارە (946) هەزار و (741) بەرمیل بووە، لەکاتێکدا بڕی هەناردەکراو بۆ ئوردن گەیشتووەتە (216) بەرمیل. هەزار و (878) بەرمیل.

دوابەدوای ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرفراوان لە بەرزاییەکانی چیای ئاویەر لە شاری سنە، کەسێک گیانى لەدەستداو لانیکەم شەش چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی سووتان و گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە. هەروەها ژمارەیەک خۆبەخشی دیکەش بەهۆی هەڵمژینی دوکەڵەوە برینداربوون و چارەسەر کران. بەپێى زانیاریەکانى رێکخراوى هەنگاو بۆ مافەکانى مرۆڤ، ڕایدەگەیەنێت ئێوارەى ڕابردوو ئاگرێکی بەرفراوان لە کێوی ئاویەری شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتەوە و بووە هۆی برینداربوونی شەش ژینگەدۆستی ئاگرکوژێنەوە. بەوتەى ئەو رێکخراوە بەهۆى سەختى برینى بریندارەکانەوە یەکێکیان بەناوى حەمید مورادی گیانی لەدەستدا و دۆخی تەندروستیی دوو برینداری دیکەش بە ناجێگیرى ماوەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان لە کاتی هەوڵەکانی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگری ئەبیدەر، ٦ چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی بە ناوەکانی موحسین حوسێنیپەناهی، حەمید مورادی، خەبات ئەمینی، چیاکۆ یوسفین نەژاد، ئاریاس سەلیمی، و سەید مستەفا هۆجباری، تووشی سوتان بوون. ڕەوشی جەستەیی دوو کەسیان بە ناوەکانی چیاکۆ یوسفین نەژاد و حەمید مورادی باس لەوە دەکرێت کە گوازراونەتەوە بۆ بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی کووسەر. ئەم ئاگرکەوتنەوەیە لە دەوروبەری کاتژمێر ١:٣٠ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ٢٠٢٥، لە ناوچەکانی پشت پارکی منداڵانەوە دەستی پێکردووە و بە خێرایی بۆ ناوچەکانی دەوروبەری شارۆچکەی زاگرۆس و حەسەن ئاباد بڵاوبووەتەوە. سەرەڕای بڵاوبوونەوەی خێرای ئاگرەکە، ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنتڕۆڵکردنی بە تەواوی لەلایەن هێزە گشتییەکان و چالاکانی ژینگەپارێزییەوە ئەنجامدرا.

فۆتۆگرافەرێک لە غەززە چیرۆکی چۆنیەتی گرتنی زنجیرەیەک وێنەی دڵتەزێنی گرتووە، کە منداڵێکی لاوازی نیشان دەدات بەخێرایی لەناو ڕاگەیاندنەکان بڵاوبویەوە. ئەحمەد عەرینی فۆتۆگرافەر، لەبارەى ئەو وێنەیەوە دەڵێت: دەیەوێت "برسێتییەکی تەواو بە سەرانسەرى جیهان نیشان بدات" کە کۆرپە و منداڵان لە کەرتی غەززە تووشی دەبن. ئەو دەڵێت کاتێک وێنەى ئەو مناڵەم گرتوە کەناوى( محمد زاکیرە) لەگەڵ دایکیدا بوو ئەوان ئاوارە بوون لە ماڵەکەیان لە باکووری غەززە، لەگەڵ دایکیدا لە چادرێکدان کە بەتەواوی ڕەوشیان خراپە، بەڕاستی و ئەم وێنەیەم گرتووە لەبەر ئەوەیە کە ویستم برسێتییەکی زۆر پیشانی باقی جیهان بدەم کە کۆرپە و منداڵان بەدەستیەوە دەناڵێنن لە کەرتی غەززەدا. ئەحمەد عەرینی فۆتۆگرافەر ئەوەش باسدەکات ئەبێت جیهان بارودۆخى برسێتی کۆرپە و منداڵان گەرە بزانن چۆنە، ئەو مناڵەو دەیانى دیکە هیچ شیرێکی نیە بیخۆن، نەخواردن نە هیچ ڤیتامینێکیشی وەرنەگرتووە و ئەگەر لە نزیکەوە سەیری وێنەکە بکەیت بۆت دەردەکەوێت کەلەبرى جل و بەرگیش کیسەیەکی نایلۆنی لەبەردایە. وێنەگرەکە دەلێێت: ئێستا غەززە بەهۆی نەبوونی هیچ هاوکارییەکی مرۆیی و نەبوونی هیچ دەرمانێک نرخەکان زۆر بەرزبۆتەوە خەڵکیان توشى شۆک کردووە، کەس لە غەززە توانای ئەم نرخانەى من ماوەیەکى زۆرم پێچووە تا ئەو وێنانەبگرم، چونکە دەبێت دوای هەر هێرش و بۆردومان و تەقەیەک دەبێت ماوەیەک بوەستیت و هەناسەم هەڵبمژیت تا بتوانیت بەردەوام بیت. محەممەد ئەو منداڵەى لەوێنەکەدا دەرکەوتووە لەگەڵ دایکیدا، تەمەن ساڵ و نیوێکە،  بەدەست بەدخۆراکییەکی زۆرەوە دەناڵێنێت کە زیانی بە مێشک و ماسولکەکانی گەیاندووە، دوای کوژرانی باوکی لە جەبەلیاوە ئاوارە بووە بۆ شاری غەززە لەگەڵ دایکیدا، جەستە ناسکەکەی چیرۆکی منداڵە برسیەکانی غەززە دەگێڕێتەوە. شارەزایانی جیهانی ئاسایشی خۆراک هێشتا دۆخی غەززەیان وەک برسێتی پۆلێن نەکردووە، بەڵام ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان داوە لەوەی برسێتی دروستکراوی مرۆڤ و بەکۆمەڵ. ئەوان ئیسرائیلیان تۆمەتبار کردووە کە کۆنترۆڵی هەموو ئەو پێداویستیانە دەکات کە دەچنە ناو خاکی فەلەستین، بەڵام ئەو وڵاتە بەرپرسیارێتی خۆی ڕەتکردووەتەوە.ئیسرائیل بزووتنەوەی حەماس بە هۆکاری هەر حاڵەتێکی بەدخۆراکی دەزانێت.

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی  ئێکس لەبارەی لێدوانەکەی سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت: پلانەکەی سەرۆکی فەرەنسا بۆ دانپێدانانی دەوڵەتی فەلەستینی رەتدەکەینەوە، چونکەبڕیارەکە تەنیا خزمەت بە بانگەشەکانی حەماس و رێگری لە ئاشتی دەکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. رۆژی پێنجشەممە، 24ی تەممووزی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "بڕیارمدا کە فەرەنسا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت وەکو پابەندییەکی مێژووییمان بە ئاشتییەکی بەردەوام و دادپەروەر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا".    سەرۆکی فەرەنسا دەشڵێت، "مانگی ئەیلوول لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارەکە رادەگەیێنم".    لە کۆی 193 وڵات، 143 وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە. رۆژی 29ی ئایاری 2024، نەرویج، ئیسپانیا و ئێرلەندا وەکو دوایین وڵات دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا نا.    سەرۆکی فەرەنسا لە نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، "پێویستە ئاگربەستی دەستبەجێ [لە غەززە] بکرێت، بارمتەکان ئازادبکرێن و هاوکاری مرۆییش بگەیێندرێتە غەززە. هەروەها، گرنگە کە دڵنیایی لە چەکداماڵینی حەماس، دابینکردنی ئاسایش و بنیاتنانەوەی غەززە بدرێت".    جەختی لەوەش کردەوە، گرنگە کە دەوڵەتی فەڵەستین بنیاتبنرێت، دڵنیایی لە سەرکەوتوویی بدرێت کە دەبێتە هۆی دابینکردنی ئاسایش بۆ هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، "هیچ بژاردەیەکی جێگرەوەش بۆ ئەو رێگەیە نییە".    لە کۆتایی نووسینەکەیدا سەرۆکی فەرەنسا گوتوویەتی، "فەرەنسییەکان ئاشتییان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەوێت. ئەمەش کەوتووەتەوە سەر ئێمە لەگەڵ ئیسرائیلییەکان، فەڵەستینییەکان و هاوبەشە ئەورووپی و نێودەوڵەتییەکانمان کە پیشانی بدەین دەکرێت بگەنە ئاشتی."    فەڵەستین لە دوو ناوچە پێکهاتووە، یەکێکیان کەرتی غەززە و ئەوەی دیکەش کەرتی رۆژئاوایە. کەرتی رۆژئاوا لە رووی ئیدارییەوە لەلایەن دەسەڵاتی فەڵەستینەوە بەڕێوەدەبرێت و ئەوەی دیکەش پێش جەنگ لەلایەن حەماسەوە بەڕێوەدەبرا. 

بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سوریا سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق بکەن و تاوتوێی ئەو پرسە سیاسی و ئابوورییانە بکەن کە نیگەرانی هاوبەشی نێوان هەر سێ وڵاتەکەن. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە، چەند پرسێک بەهەڵواسراوى لە نێوان بەغدا و دیمەشق ماوەتەوە. ئەمەش بەهۆی ئەو خۆڕاگرییەی لایەنە کاریگەرەکانی ناو هاوپەیمانی دەسەڵاتداری بەغدا کە چوارچێوەی هەماهەنگییە نیشانی دەدەن. جگە لەوەش حکومەت نیگەرانی هەیە لە سەرهەڵدانەوەی چالاکییەکانی داعش لە ناوچەکەدا، کە لە خاکی سوریاوە چالاکی دەکەن. ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە "هاکان فیدان وەزیری تورکیا و ئەسعەد شەیبانی وەزیری سوریا بەم نزیکانە سەردانی بەغدا دەکەن بۆ تەواوکردنی گفتوگۆ سیاسی و تەکنیکیەکان کە لەنێوان شاندە پەیوەندیدارەکان لە سێ پایتەخت ئەنجامدراون". ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لە بەغدا لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە، "چەند تەوەرێک تاوتوێ دەکرێت، لەوانە چۆنیەتی داڕشتنی سیاسەتی ئابووری و داڕشتنی لە شێوەی ڕێککەوتنی پرۆتۆکۆل، جگە لە گفتوگۆکردن لەسەر پرسە ئەمنی و سیاسییەکان، هەروەها هاوبەشیکردن لەسەر بنەمای بنەماکانی بەرژەوەندی هاوبەش، پاراستنی دراوسێیەتی، دەستەبەرکردنی سەقامگیری ئەمنی، و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی ئەندام". بەپێی ئاژانسی هەواڵی یەنی شەفەق، شاندێکی عێراقی کە لە بەرپرسان و نوێنەرانی دامەزراوە داراییەکان پێکهاتبوون، بەشدارییان لە دانوستان لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ و هەروەها لەگەڵ هاوتاکانیان لە تورکیا و سوریا کردووە، بۆ تاوتوێکردنی لابردنی سزاکانی پێشتر بەسەر سوریا و بەرزکردنەوەی هاوکارییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە. لە بەیاننامەیەکی گەنجینەی ئەمەریکادا هاتووە، واشنتۆن "ئامادەیە بۆ پاڵپشتیکردنی ئیدارەی نوێی سوریا لە بەهێزکردنی تواناکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆریستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانی لە عێراق و تورکیا". ڕۆژی 30ی حوزەیران دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیارێکی "مێژوویی" بۆ کۆتاییهێنان بە سزاکانی سەر سوریا دەرکرد، ئامانجی پاڵپشتیکردنی ڕێگای سەقامگیری و ئاشتی بوو.

  جەمیل بایك، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بە پێویستی دەزانێت هەلومەرجی ئازاد و کارکردن بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڕەخسێندرێت بۆ سەرخستنی پرۆسەى ئاشتى و دەڵێت: "وەک پەکەکە ئەو هەنگاوانەمان ناوە کە پێویست بووە، بۆیە داوا لە تورکیا ناکەین بڕیاری لێبوردنمان بۆ دەربکات، بەڵکوو داوای یاسای ئازاد و دیموکرات دەکەن بۆ هەموو گەلانی تورکیا". ڕۆژنامەی یەنی یەشام بەشی دووەمی ئەو چاوپێکەوتنەی بڵاو کردەوە کە لەگەڵ جەمیل بایك لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە و پێکهێنانی لیژنە پەرلەمانییەکەی تورکیا لەگەڵیدا ئەنجامی دابوو. بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەی جەمیل بایک لەم بەشەدا جەمیل بایک بە تایبەت سەرنجی خستەسەر ئەو تێگەیشتنەی کە دەوڵەت یان دەسەڵاتداری لەم پرۆسەیەدا دەیەوێت بیئافرێنێت و گوتی: "هەوڵدەدەن تێگەیشتنێکی لەو شێوە دابهێنن کە بێژن، 'لە دژی پەکەکە تێکۆشاین و لەناومان برد. ئیدی هیچ ڕێگەیەکی جیاواز لە پێش پەکەکەدا نەماوەتەوە، بۆیە ملکەچییان دەکەین.' پەکەکە تەڤگەرێکی شکستخواردوو نییە، بە پێچەوانەوە تەڤگەرێکی لەو شێوەیەیە کە گەیشتووەتە ئاستێکی نێونەتەوەیی. ڕێبەر ئاپۆ بووە بە هیوای ئەو هێزانەی لە جیهاندا لە دژی سەرمایەداری تێدەکۆشن. یانی لەمڕۆدا حەقیقەتێکی لەم شێوەیە هەیە، گرووپێکی بچووک ئەمڕۆ گەیشتووەتە ئاستی نێونەتەوەیی. گۆڕاوە بۆ تەڤگەرێک کە لەمڕۆدا لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێونەتەوەییدا هاوسەنگییەکان دەگۆڕێت، هاوسەنگی درووستەکات. بەبێ ڕێبەر ئاپۆ، بێ تەڤگەری ئاپۆیی، بێ کوردان، بێ ژنانی کورد ئیدی سیاسەت ناتوانێت خۆی بەڕێوەبەرێت. ئەم ڕوون و ڕەوانە. بۆیە هەموو ئەو قسە و باسوخواسەی دەسەڵات و دەورووبەرەکەی خواستیانە بیئافرێنن، هیچ و بێ مانایە. جەمیل بایک لە درێژەدا باسی لەوەدەکات حکومەتی ئاکەپە هەوڵدەدات بڵێت 'پلانڕێژی ئەم پرۆسەیەم کرد، هەنگاوەکان بە گوێرەی پلانەکانم بەڕێوەدەچێت' ژینگەیەک بئافرێنێت و گوتی، "هەوڵدەدەن بێژن، 'گوایە ڕێبەر ئاپۆ، پەکەکە ئەو هەنگاوی لەو جۆرە دەنێت، کە ئێمە ناچاری ئەو هەنگاوانەیان دەکەین'. بەڵام پێویستە ڕای گشتی زۆر باش ئاگاداری ئەمەبێت. هەموو ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا نراون بە دەستپێشخەری کەسی ڕێبەر ئاپۆ هەڵگیراون. تەڤگەریشمان بۆئەوەی هەنگاو و خواستەکانی ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ بکات، بووە پشتیوانی ڕێبەر ئاپۆ و دەستی بەهێز کرد. ئەوەی ئەنجام دراوە هەر ئەمەیە و هیچی دیکە. هەموو هەنگاوەکان یەکلایەنە گیراونەتەبەر. ئەو ژینگە و شێوە تێگەشەیشتنەی دەوڵەتی تورک خواستێتی بیئافرێنێت، دوورە لە ڕاستییەوە. ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەرمان هانگاویان ناو و گەیشتە ئاستێک. ئەو هەنگاوە یەکلایانانەی ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەرمان ناوێتی هەر ئەمانە بوون. بەرپرسیارێتی خۆمان لە پێش گەلاندا جێبەجێ کرد. جگە لەمەش بۆئەوەی پرۆسەکە پێشکەوێت دەبێت دەوڵەتی تورک، حکومەت هەنگاو بنێت. تاوەکو ئێستا هەنگاوێکی نەناوە. بەشێوەیەک لە شێوەکان کەمێک گۆشەگیرییان سوک کردووەتەوە، هەر ئەوەندەیە. لەبەرئەوەی گۆشەگیری درێژەی هەیە، ئیدی هەنگاوی نوێی لەم شێوەیە ناتوانرێت بنرێت. بۆئەوەی هەنگاوی نوێ بنرێت، دەبێت هەلومەرجی کارکردنی ڕێبەر ئاپۆ بگۆڕن و کۆتای بە سیستەمی ئیمراڵی بهێندرێت." جەمیل بایک پەیوەست بەو باسوخواسانەی لە نێو کۆمەڵگەدا دەکرێت گوایە پارتەکانی دەم پارتی، جەهەپە و ئاکەپە لە ڕێککەوتندان؟ ئەمەی گوت: "ئەوەی شتەکان دیاری دەکات کوردە، ئەمە ڕوونە. بۆ دەسەڵات و بۆ ئۆپۆزسیۆنیش. بەڵام کورد لە پێگەیەکی ئەوتۆدا نییە هەندێک لایەن بکاتە دەسەڵات و هەندێکیش لە دەسەڵات بخات. ئامانجی کوردان دیموکراتیزەکردنی تورکیایە. پێکهێنانی یاسای ئازادییە. نووسینەوەی دەستورێکی دیموکراتیکیییە بە گوێرەی خواستەکەی. ئەو پێگەیەیی کورد هەیەتەی پێگەیەکی وایە. ناوی دەنێین 'ڕێگەی سێهەم'. نە دەکەوێتە خزمەتی دەسەڵات و نە دەکەوێتە خزمەتی ئۆپۆزسیۆنەوە. وەک تەڤگەر ئەمە خەمەکەمانە. هەرگیز هەڵگری ئەو تێگەیشتنە نین هەندێک بکەینە دەسەڵاتدار. تێکۆشانمان بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیایە. بۆئەوەش دەمانەوێت ئەمە بە هێزی خاوەن ئامانجی دیموکراسی پێکبهێنن. پێویستە بەم شێوەیە ئامانجەکەمان لێکبدرێتەوە. ئێمە لە بەرەیەکدا نین. ناجوڵێینەوە تا ئەوەی هەندێک لایەن بکەینە دەسەڵاتدار. ئەو شتەیی تێیداین چییە؟ بێگومان دیموکراتیکبوونی تورکیایە. پێویستە هەنگاوە پێویستەکانی ئەمە بنرێت. کام لایەن لەم ڕووەوە هەوڵبدات ئێمە لەگەڵ ئەودا دەبین و تێکۆشانمان بۆ ئەو ئامانجەیە. مەراسیمە مێژووییەکەی گەریلا جەمیل بایک باسی لەوەکرد پێویستە زۆر بە درووستی لێکدانەوە بۆ بکرێت و ئەم هەڵسەنگاندنەی بۆ مەراسیمی چەک سووتاندنی 'گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' کرد: "سەرنج بدەین جیهان بەرەو بەرتەسکبوونەوە و بچووکبنەوە دەچێت، ناتۆ بچووک دەبێتەوە. بەراورد بە پێشوو پێ بە پێ ڕێژەی چەک زیاد بووە. لە جیهانێکی لەم شێوەیەداین. هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی ناوین چەک قسەدەکات، بووە بە نموونەی گۆمی خوێن، گۆڕانکاری کاریگەر لە ئارادایە. لە بارودۆخێکی لەم شێوەیەدا ئێمە چەکەکانمان سووتاند. بێگومان ئەمەش مانادارییەکی هەیە. بەم بۆنەیەوە ویستمان ئەم پەیامە بدەین؛ لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا کە جیهان بەرەو بچووکبوونەوە دەچێت، ناتۆ بەرەو بچووکبوونەوە دەچێت، لە ڕۆژهەڵاتی ناوین شەڕ ڕوودەدات، ئێمە چەکەکانمان سووتاند. ئەمە چ مانایەک دەگەیەنێت؟ بەو مانایە دێت 'ئێمە دەمانەوێت جیهان لە چەک ڕزگار بکەین'. هەروەها پەیامێکی دیکەشی هەیە؛ ڕابردوو، نەرێت، چاندی کوردی هەیە. نەورۆز هەیە. ئاگر.. ئێمە ڕۆڵەی ئاگرین. بە سووتاندنی چەکەکان بەڕوون و ئاشکرایی نیشانماندا کە دەمانەوێت سەردەمێکی نوێ بێنینە ئاراوە. نیشانی هەمووانماندا کە جارێکی تر نامانەوێت چەک هەڵبگرین، نامانەوێت بەردەوامی بە تێکۆشانی چەکداریی بدەین. واتا کە چەکانمان سووتاند، لەبەرئەوە کردمان. هەڤاڵ بەسێ و ئەوان چیان وت؟ وتیان، 'ئێمە دەمانەوێت بچینە تورکیا، بەشداریی لە سیاسەتی دیموکراتیک بکەین. ئێمە دەمانەوێت لە سیاسەتی دیموکراتیکدا تێبکۆشین. دەمانەوێت ئەم شێوازە لە سیاسەت پەرە پێ بدەین. بەڵام لەبەرئەوەی هەلومەرجەکانی، زەمینەکەی بوونی نییە، جارێکی تر دەگەڕێینەوە ئەو جێیەی لێی هاتووین'. ئەمانەمان بە ڕوون و ئاشکرا وتووە. لەئێستادا ئەگەر ئەو هەڤاڵانەی کە چەکەکانیان سووتاند بگەڕێنەوە تورکیا، هەموویان دەخەنە زیندانەوە. پراکتیکی گرووپەکانی ئاشتیی پێشوومان لەبەرچاوە. چۆن بچن؟ بۆئەوەی بتوانن بچن پێویستە یاساکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت. گۆڕانکاریی لە یاساکاندا نەکراوە. یاساکانی 'دژە تیرۆر' بەردەوامن. هێشتاش ژنێکی کورد لەبەرئەوەی لە ئیستەمبوڵ گوێی لە موزیکی کوردی گرتووە هێرشی دەکرێتە سەر. لەو هەلومەرجانەدا چۆن بچن؟ چیتر ناتوانن لەوێ بمێننەوە. ساڵانێک بە چەکەوە لە چیا مانەوە، تێکۆشان، ئەو کەسانە ئێستا چەکەکانی خۆیان دەسووتێنن. بە هەرحاڵ لە ناوەڕاستێکی لەو شێوەیەدا نامێنێتەوە. چی بکات؟ ئەگەر جارێکی تر بگەڕێتەوە ئەو شوێنەی لێی هاتووە، بێگومان پێویستی بە گەرەنتییە. لەبەرئەوەی بارودۆخێکی ئارام نییە. ئەگەر هاتبن لەبەرئەوە هاتوون. لەئێستادا ئەو هەڤاڵانە چەکەکانی خۆیان سووتاند و نایانەوێت جارێکی تر چەک هەڵبگرن. هەرخۆی ئێمەش وەکو تەڤگەر، بە ڕاستی نازانین ئەم هەڤاڵانە جارێکی تر چەک هەڵبگرنەوە. بێگومان ئەم هەڤاڵانە کێشەی ئەمنییان هەیە. ئێمە ئاساییشیان لە ئەستۆ دەگرین و پێکێ دەهێنین. ئەوان جارێکی تر چەک هەڵناگرن. چەکەکانیان سووتاند. ئیتر بێ چەکن. هەنگاوی پراکتیکیی ئەمەیان نا. وتیان، ئێمە چیتر چەک بەکارناهێنین. دەمانەوێت لە گۆڕەپانی سیاسەتی دیموکراتیکدا کاربکەین. ئەگەر ئێوە زەمینەی یاسایی ئەمە بسازێنن، ئێمە چیتر نامانەوێت چەک بەکاربهێنین. لەبەرئەوە ئەو هەڤاڵانە ئێستا لەنێو ئێمەدا لە ئاسایشدان و بێ چەکن." جەمیل بایک لەو چوارچێوەیەدا جەختی لەوەکردەوە، ویستێتی یاساکان گۆڕانکارییان بەسەردابێت.

هەپەگە ڕایگەیاند، لە ١٣بۆ ٢٣ـی تەممووز سوپای داگیرکەری تورک هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەردەوام بووە. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، سەبارەت بە ئاماری هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک بۆسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، ١٣، ١٧، ١٩ و ٢١ـی تەممووز لە هەرێمی مەتینا، تونێلەکانمان لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی بێشیلی و سەری مەتینا شەش جار بە درۆنی بۆمب هەڵگر بۆردوومان کراوە. هەروەها، ١٧، ١٨ و ٢١ـی تەممووز لە هەرێمی مەتینا، گۆڕەپانی بەرخۆدانی سەرێ مەتینا ٣٦٢ جار بە چەکی قورس، تۆپ و مو٣شەک بۆمبباران کراوە. ئاماژەیان بەوەشکردووە، ١٣، ١٧ و ١٩ـی تەمووز لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوا زاپ، گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی بەهار ١١ جار بە چەکی قورس، تۆپ و مووشەک بۆمبباران کراوە. ئەوەشخراوەتەڕوو، ٢٠ـی تەممووز لە هەرێمی مەتینا، بە چەکی کەسی وەڵامی داگیرکەران درایەوە کە هەوڵیان دەدا بپەڕنەوە بۆ تونێلی شەهید خەمگین لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی دەرگەلێ. لەپاش دەستوەردانەکانی هێزەکانمان داگیرکەران ناچاربوون بکشێنەوە. هەپەگە دەشڵێت:لە نێوان ١٣-٢٣ـی تەممووزدا لەکاتە جیاوازەکانی ڕۆژدا بە درۆن، فرۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشەکەر، فرۆکەی بێفڕۆکەوانی سیخووڕی لەسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، سیخوڕییان کرد و هێرشیان ئەنجام دا. هەروەها، لە نێوان ١٣-٢٣ـی تەممووزدا لە هەرێمەکانی زاپ، مەتینا و خواکوڕک بە ئامانجی داگیرکاری ڕێگە درووستکرا. هاوکات، لە نێوان ١٣-٢٣ـی تەمووزدا لە هەرێمەکانی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوا زاپ و مەتینا بانگەوازی خۆڕادەستکردن لە هێزەکانمان کرا. هەپەگە لەکۆتاییدا ڕایگەیاند، لە هەرێمی مەتینا بە تەکنیک وەڵامی هەوڵدانەکانی گەمارۆدان و هێرشی لەناوبردن لەسەر تونێلەکانمان درایەوە.