ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێت، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانمان، کۆبونەوەیەکی فەرمی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ جان نویل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئەنجامداوە، بە بەشداری رۆهڵات عەفرین، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر. لە كۆبونەوەكەدا باسیان لە رێگاو میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ی كانوونی دووەم کردووەو جەختیان لە پێویستی جێبەجێکردنی كردووە بەشێوەیەكی تەواوەتی. لەگەڵ گفتوگردن لەبارەی بەردەوامی هەوڵە هاوبەشەکان لە روبەڕوبوونەوەی داعش و زامنكردنی پاراستن و ئاسایشی دامەزراوەکانی دەستبەسەركردنی چەکدارانی داعش و کەسوکارەکانیان. هەر لەكۆبونەوەكەدا، باس لە گرنگی پاراستنی تایبەتمەندی ناوچە کوردییەكان و پاراستنی مافەکانی گەلی کورد لە سوریا کرا، وێڕای لە یەکخستنی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان بە هەموو وردەکارییەکانییەوە، بە یەکینەکانی پاراستنی ژنانیشەوە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە سەقامگیری و ئاسایشی سەرتاسەری ناوچەکە بکات. لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دووپات کردەووتەوە، جەختی لەسەر گرنگی ئەم قۆناغە کردەوە لە پتەوکردنی سەقامگیری و بەردەوامیی شەڕی دژی تیرۆر. هاوكات سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ی كانوونی دووەم بەردەوامبوونی هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئەو دامەزراوانەی کە چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان راگیراون دووپاتکردەوە. پێداگریشی لەسەر پێویستی گەڕانەوەی ئاوارەكان كردووە بۆ ناوچەكانی خۆیان بە تایبەت لە عەفرین و سەرێ كانی، لەگەڵ بەشداری چالاك لەسەر ئاستی نیشتمانی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی گشتگیر كە زامنی مافەكانی تەواوی پێكهاتەكانی گەلی سوریا بكات. فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ستایشی رۆڵی ئەرێنی فەرەنسای کردووە لەم قۆناغەدا، بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییەکانی لەسەر پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی ئاشتی و سەقامگیری.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، عەبدوڵا ئۆجەلان پەیامی ئاڕاستەی هێزەکانی هەسەدەو کارەکتەرە سیاسییە باڵاکانى هەرێمى کوردستان و هەروەها دەم پارتى کردووە. عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دوای دەستپێکردنی هێرشەکان بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانى حەلەب، هۆشداریدا لەوەی ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرێت و هێرشەکان بەردەوام بن، ڕەنگە شەڕێکى گەورەو خوێناوی سەرهەڵبدات. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پرۆسەیە بەردەوامبێت مەترسی ئەوەى هەیە بگۆڕێت بۆ شەڕی کورد-تورک-عەرەب. عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێکی ئاراستەی بەرپرسانى هێزەکانى سوریاى دیموکرات کردوە کە ئەم دۆخە تەنیا بە دانوستان و وتووێژ دەتوانرێت ڕابگیرێت. هەروەها باس لەوەش کرا کە ئەو پەیامێکی ناردووە کە ئەگەر ئیدارەی دیمەشق ڕوو لە دیموکراسی بکات و بە ئاشکرا بوونی کورد قبوڵ بکات و دان بە مافی نوێنەرایەتی سیاسی کورددا بنێت، ئەوا هەسەدە دەتوانێت بچێتە ناو "پرۆسەی دانوستانی دیموکراسی". جگە لەو پەیامە عەبدوڵڵا ئۆجالان پەیامی بۆ سەکردەى هێزە سیاسییە کوردییەکان بەتایبەتى (پارتى دیموکراتى کوردستان و کەجەکە)) ناردووە. لە پەیامەکاندا هۆشداریی داوە لەوەی کە مەترسییەکە زۆرە، هەر بۆیە داوای لێکردن لەسەر بنەمای یەکڕیزیی دیموکراتیک کۆنترۆڵی ڕۆژاڤا بکەن. ئاژانسى میزۆپۆتامیا
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی حزبی تەقەدومی دایەوە. لە چاوپێکەوتنێکدا حەلبوسی دەڵێت: ئەگەر ژیانیشمی لەسەر دانێم ناچمە هەولێر و دەبێت ئەو تێڕوانییە خۆبەزلزانییەم بگاتە ئاستی واقیع. پێشەوا هەورامانی لە وەڵامدا ئەمەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیووە: هەولێر پێشوازیت لێناکات. پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمى كوردستان، لە وەڵامی محمەد حەلبوسی سەرۆكی حزبی تەقەدوم-دا دەڵێت، هەولێر پێشوازی لە سەردانەکەتان ناکات، چونکە لێرە شوێنێک نییە بۆ كەسانێك چاكەیان لەبەرچاو نەبێت. هەورامانی لە سەكۆی "ئێكس" نوسیویەتی: تۆ نوێنەرایەتی ئەو ئایدۆلۆژیای شۆڤێنیستیە دەکەیت کە پێویستە لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ بكرێت لەسەر بۆ ئەو ملیۆنەها دۆلارەی لە ڕێگەی گەندەڵیەوە بەدەستت هێناوە، بە قۆستنەوەی خوێن و ئارەقەی گەلی عێراق، بەردەوامی بوونی کەسانی وەک ئێوە بەداخەوە ئەوە دووپات دەکاتەوە کە شۆڤێنیزم هێشتا لە عێراقدا هەڵنەوەریووە. پێویستە پەند و وانە لە مێژوووە وەربگریت؛ هەرێمی کوردستان بەرهەمی قوربانیدانێكی بێئەندازەیەو تۆ زۆر لەوە بێبایەخ تری سنورێک بۆ ئیرادەی دابنێیت. پێشتر حەلبوسی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند: هەرگیز سەردانی هەولێر ناكەم و پێویستە ئەو تێڕوانە خۆبەلزانیەش بگاتە ئاستێكی واقیعی.
محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی حزبی تەقدوم، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی دیجلە: * کێشەی ئێمە لە دەوڵەتی یاسا نییە، بەڵکو لەگەڵ کەسایەتی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکاندایە. * هەڵوێستی من بەرامبەر بە مالیکی پەیوەندی بە هەڵوێستی هەندێک لایەنەوە نییە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا. *مافی خۆمانە بۆچوونی خۆمان دەرببڕین لەسەر ئەوەی کێ دەبێت فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بێت، هەروەک چۆن ئەوان بۆچوونی خۆیان لەسەر سوننەکان دەردەبڕن. * ئەزموونی رابردوومان لەگەڵ مالیکی بۆ هەموو عێراقییەکان تاڵ بوو. * تەنانەت دوای ١٠ ساڵ لە کێشەکانی سەردەمی مالیکی رزگارمان نەبووە. * پێویستمان بە کەسایەتییەکە پەیوەندی لەگەڵ جیهان و دەوروبەری عەرەبی هەبێت، مالیکی کێشەی لەگەڵ هەموویان هەیە. *هەندێک لایەنی سوننە پێشتر داوای ڕاپەڕینیان لە دژی مالیکی دەکرد، ئێستا بەبێ پاساو پێشوازیی لێدەكەن. *یاسای لێبوردنمان داڕشت بەهۆی بوونی دەستگیركراوانی بێتاوان و هەواڵدەری نهێنی، ئەوە یادەوەریمانە لەگەڵ مالیکی. *تائێستا بودجەی ساڵی ٢٠١٤ وەک نموونە دەهێنینەوە، كە نەمازانی چۆن خەرجكرا لە سەردەمی مالیکیدا. *پەیامی ئەمریکییەکان پێش تویتەکەی ترەمپ ڕوون بوون. *ئەمریکییەکان پێش تویتەکەی ترەمپ ئاگاداریان کردینەوە کە خولی پێشووی مالیکی یادەوەرییەکی خراپە، کاندیدکردنی مالیکییان بە قبوڵنەکراو و هەڵە وەسفکرد. ٨ئەمریکییەکان هەستیان بە دەستوەردانی ئێران کردووە لە دانانی مالیکیدا. *ئەمریکییەکان وتیان بێدەنگ دەستەوسان ناوەستین و بە هەموو شێوەیەک دژایەتی کاندیدکردنی مالیکی دەبین. *تۆمەتباركردنم بەوەی کاریگەریم لەسەر ترەمپ هەیە جۆرێك لە خەیاڵ، ئەگەر کاریگەریم لە واشنتۆن هەبوایە، بەکارم دەهێنام بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان. *هەندێک لایەن فشاریان خستە سەر چوارچێوەی هەماهەنگی و هەڕەشەی بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسیان كرد، من هەڕەشەی بایکۆتکردنی پرۆسەی سیاسیم نەکردووە؛ بەڵكو رەتمکردەوە بەشداری حکومەتەکەی مالیکی بکەم. *ئەوانەی وەڵامی هەڵوێستی ئێمەیان دایەوە سوننەكانی مالیکین، بژاردەكانی شیعە ڕێز لێگیراون، بەڵام نابێت ململانێی هاوبەشەکانیان بکەن. *ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئاڕاستەی روبەڕوبوونەوەی ئەمریكا دە ڕوات، ئەوا هیچ کێشەیەک نییە لە دانانی مالیکی یان فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی بە سەرۆکوەزیران. *یەک وڵاتی عەرەبی و رۆژئاوایی پشتیوانی مالیکی ناکات، ئێران تاکە لایەنگری مالیکییە. *ئەمریکا وتی ئەگەر گوێ بە ئامۆژگارییەکانی نەدرێت، باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغداد دادەخات و دەچێتە هەولێر. 🔹ترسم لە تێوەگلانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە كە ئەنجامدەدرێت بە پاساوی نێوەندگیریی هەولێر لای واشنتۆن. 🔹بەدوور دەزانم کورد لەپشت تویتەکەی ترەمپەوە بێت؛ بەپێچەوانەوە ئەوان هانی گەڕاندنەوەی مالیکی دەدەن. 🔹بەدووری دەزانم بگەینە دانیشتنی راسپاردنی مالیکی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران. 🔹لەگەڵ شیعەکان ناوەستم دژی ترەمپ، ئەمە کارەساتاوی دەبێت.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، بڕیارە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا کاژمێر 10 بەیانی رۆژی هەینی لە مەسقەت بەڕێوەبچێت، سوپاسی برایانی عومان دەکەم کە هەموو شتێکی پێویستیان بۆ ئەو دانیشتنە رێکخستووە. ئەمشەو ئاژانسی هەواڵی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵوەشێنرانەوە. هاوکات هەر ئێستا بەرپرسێکی ئەمریکی پشتڕاستی کردەوە کە دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران رۆژی هەینی لە عومان بەڕێوە دەچێت.
پارێزگاری حەسەکە، نورەدین عیسا ئەحمەد لە پەیامەکەیدا بۆ خەڵکی ناوچەکە وتی: "ئێمە ئەم ڕۆژە لە تەواوی گەلەکەمان چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوە، بنەماڵەی شەهیدان، هەڤاڵانی بریندارمان و ئەوانەی لە سەنگەرەکاندان پیرۆز دەکەین." نورهدین عیسا ئهحمهد له سهرهتای شۆڕشی سوریاوه له بواری سهربازی و بهرگری له ناوچهكهدا كاریكردووه، یهكێك بووه له دامهزرێنهرانی هێزهكانی سوریای دیموكرات (ههسهده)، لە ئێستادا وەک پارێزگاری حەسەکە دەستبەکاربوو.. کلیک بکە بۆ بینینى ڤیدیۆکە. پارێزگار نورەدین ئەحمەد پەیامێکی دایە ڕاگەیاندنەکان و وتی: "ئێمە ئەم ساتە و ئەم کاتەی ئێستا تیایدا دەژین، لە هەموو خەڵکی ئامادەبوو، بنەماڵەی شەهیدان، هەڤاڵانی بریندارمان و ئەوانەی لە سەنگەرەکاندان پیرۆز دەکەین، ئەم دەستکەوتە لە هەمووان پیرۆز دەکەین. ئەمە یەکەم جارە پارێزگاری پارێزگای حەسەکە کەسێکی کورد بێت. ئەمەش بە ڕەنجی شەهیدان، وڵاتپارێزان و گەلەکەمان لە ناوەوە و دەرەوە هاتە دی، کە ساڵانێکە بۆ ئەم ڕۆژە تێکۆشانیان کردووە. ئێمە جارێکی دیکە ئەم ڕۆژە لە هەموو بنەماڵەی شەهیدان، گەلەکەمان، هەموو پێکهاتەکانی پارێزگای حەسەکە، بە کورد، عەرەب، سوریان، کریستیان و ئێزدییەکانییەوە پیرۆز دەکەین کە ١٤ ساڵە ڕەنجیان داوە. ئێمە لەسەر یەکێتی و هاوپشتیی پێکهاتەکان کار دەکەین. دەزگاکانمان بۆ خزمەتی گەل بەهێز دەکەین." دوای ئەوەی پارێزگار پەیامەکەی پێشکەش کرد، بەرەو شوێنی خۆی لە شارەکە بەڕێکەوت. نورەدین عیسا ئەندامی سەرکردایەتیی هێزەکانی سووریا دیموکرات بوو، پاش ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق، وەک بەربژێری پۆستی پارێزگاری حەسەکە بەربژێر کرا. ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی حەسەکە، پێشوازییان لە نورەدین عیسا کرد، پاش دەستبەکاربوونی وەک پارێزگاری حەسەکە.
رۆژنامەی جمهوریەتی توركی دەڵێت، پرۆسەی چارەسەری گەیشتووەتە خاڵی وەرچەرخانی یەكلاكەرەوە، فەتی یڵدز جێگری سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست مەهەپە لە لێدوانێكدا ئاشكرایكردووە، گەیشتوینەتە رێککەوتن لەسەر مافی هیوا(تایبەت بە ئازادكردنی عەبدوڵا ئۆجەلان ). ئەمڕۆ کاتژمێر ٢:٠٠ی پاشنیوەڕۆ لیژنەکەی پەرلەمانی توركیا بە سەرۆکایەتی نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان کۆبووەوە، کۆبوونەوەکە نزیکەی دوو کاتژمێر و نیوی خایاندووە، دوای کۆبوونەوەکە نوسینگەی سەرۆکی پەرلەمان لە راگەیەندراوێدا، ئاماژەی بەوەكردووە، ئامادەكردنی راپۆرتی تایبەت بە " تورکیا دوور لە تیرۆر" لە کۆبونەوەی لیژنەیەکە کۆتایی پێدەهێنرێت کە لە چەند رۆژی داهاتوودا بەڕێوەدەچێت و پێشکەشی سەرۆکی پەرلەمان دەكرێت. لایەنە سیاسییەکان لە چوارچێوەی لیژنەکانی خۆیاندا هەڵسەنگاندن بۆ ڕاپۆرتی کۆتایی دەکەن و دواتر راپۆرتەکە لەلایەن لیژنەی نیشتمانی بۆ هاودەنگی و برایەتی و دیموکراسی دەنگی لەسەر دەدرێت و رەوانەی سەرۆکی پەرلەمان دەكرێت. لای خۆیەوە، فەتی یەڵدز ئەندامی لیژنەكەی پەرلەمانى توركيا، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا کۆدەنگی لەسەر مافی هیوا هەبووە، بە رۆژنامەنوسانی وت، گەیشتوینەتە کۆدەنگی، ئەمەش دەخرێتە ناو راپۆرتەکەوە، بێگومان ناتوانین وەڵامی هەموو پرسیارەکان بدەینەوە، بەڵام هەفتەی داهاتوو راپۆرتەکە تەواو دەبێت، وەڵامی هەموو پرسیارەکانتان دەست دەكەوێت. جەختیشكرد لەوەی، گەیشتوینەتە کۆدەنگی لەسەر مافی هیوا، هیچ کێشەیەك نییە، ئەوەش لە راپۆرتەکەدا دەخرێتە ڕوو. لەكاتی پابەندبوون بە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا باسی مافی هیوا کراوە، ئەم راپۆرتە راسپاردەیەک لەخۆدەگرێت بۆ پابەندبوون بە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستوری
کەجەکە: لە ڕۆژئاوا ئاگربەست و ڕێککەوتنێک هەیە. بەڵام هێشتا دیار نییە ئاگربەست و ڕێککەوتنەکە درێژە دەکێشێت یان نا. تا ڕەوشی ڕۆژئاوا ڕوون دەبێتەوە و مافی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان مسۆگەردەبێت، پێویستە خاوەندارێتیکردن لە ڕۆژئاوا بەردەوام بێت. ڕاگەیاندراوی هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەم جۆرەیە: "لە کۆبوونەوەی ٤ـی کانوونی دووەم لەنێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و شاندی دیمەشقدا، ڕێککەوتنێکی گرنگ کرا، بەڵام وەزیری دەرەوەی دیمەشق دەستوەردانی کرد و بێ ئەوەی هیچ لێدوانێک بدرێت، کۆبوونەوەکە کۆتایی هات. لە ٥ـی کانوونی دووەم ئەمریکا و فەرەنسا و هەتەشە و تورکیا لە پاریس ڕێککەوتن. لە ـ٦ی کانوونی دووەم بە چەکی قورس هێرش کرایە سەر گەڕەکە کوردنشینەکان لە شاری حەلەب. لە بەرامبەر بەخشینی باشووری سووریا بە ئیسرائیل، پیلانگێڕییەێکی نێونەتەوەیی بۆ تەسفیەکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا- باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جێبەجێ کرا. هێرش بۆ نەهێشتنی ئەو سیستەمە کۆمەڵگەپارێز و دیموکراتیکە دەستی پێ کرد کە کوردانی سووریا لەگەڵ عەرەب و سریان و چەرکەز و تورکمان و گەلانی تر دایانمەزراندووە. ئەو هێزانەی دیموکراتیکبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندیی خۆیاندا نابینن، ئەم پیلانگێڕییەیان دژی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێکرد. هێرشی سەر دیموکراتیکبوون گۆڕا بۆ هێرشی سەر کورد. بەم شێوەیە، سیاسەتی کۆنتڕۆڵکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیسانەوە لەسەر بنەمای چارەسەرنەکردنی پرسی کورد کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. هێرشەکە تەنها لەسەر ڕۆژئاوا-باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نییە، بەڵکوو هێرشێکە بۆ سەر دەسکەوتە هاوبەشەکانی هەموو کوردان و گەلان. ئامانجی ئەم پیلانگێڕییە دەستپێکردنی شەڕی کورد و عەرەب بوو. بەڵام بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم فیتنەیە کە پیلانگێڕییەک بوو دژی گەلان، قەسەدە لە دێرەزۆر و ڕەقە و تەبقە کشایەوە. بەم شێوەیە ئەو هێزانەی دەیانویست شەڕی کورد و عەرەب دەستپێبکەن، ئامانجەکەیان نەپێکا. لە بەرانبەر هەتەشە و چەتە هاوکارەکانی کە دەوڵەتی تورک پشتیوانیان دەکات و دەیانەوێت سیستەمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک نەهێڵن و کوردان قڕبکەن؛ قەسەدە و گەلی ڕۆژئاوا دەستیان بە بەرخۆدان کرد. هێرشکەران لەسەر سنووری ڕۆژئاوای کوردستان وەستێنران. ئەم بەرخۆدانە داوای لە گەلی کوردستان و هێزە دیموکراتیەکان کرد کە وەک بەرخۆدانی کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٤ ڕاپەڕن، لە چوار بەشی کوردستان گەلی کورد و هێزە دیموکراتیکەکان بە ژمارەیەکی زۆرتر و بە ئیرادەیەکی گەورەتر لە ڕاپەڕینی ٢٠١٤، ڕاپەڕین. ئەم سەرهەڵدانە هێزێکی زۆری بە بەرخۆدانەکە بەخشی. ڕای گشتی دیموکراتیکی جیهان دژی ئەم هێرشە وەستایەوە کە هێرشێک بوو دژی دیموکراتیکبوون و دەسکەوتەکانی گەلی کورد. تەنانەت هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانەش ڕاپەڕین کە بەشداربوون لەم پیلانگێڕییە نێونەتەوەییەدا، فشاریان لە حکومەتەکانی خۆیان کرد و داوایان کرد هێرشەکان بوەستێنن. بەرخۆدانی قەسەدە و گەلی ڕۆژئاوا و ڕاپەڕینی گەلەکەمان لە چوار بەشی کوردستان و هێزەکانی دیموکراسی، وایکرد لە ٣٠ـی کانوونی دووەم ڕێککەوتنێک بکرێت. ڕێبەر ئاپۆ پێش ٤ـی کانوونی دووەم، لە چوارچێوەی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیکدا، پرۆژەیەکی چارەسەری پێشکەش بە ئیدارەی ڕۆژئاوا کرد، لەم چوارچێوەیەدا لە ٤ـی کانوونی دووەم ڕێککەوتنێک کرا. دوای ئەوەی ئەم پرۆژە چارەسەرییەی ڕێبەر ئاپۆ تێکدرا، ڕێبەر ئاپۆ هەوڵیدا بە هەر ڕێگەیەک بێت، ڕێککەوتنێک بۆ وەستاندنی شەڕ بخاتەڕوو. هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ و هۆکارەکانی تر، بە ڕێککەوتنی ٣٠ـی کانوونی دووەم گەیشتە ئەنجام. هاوشانی بەرخۆدانی شەڕڤانانی قەسەدە و یەپەگە و یەپەژە، گەلی ڕۆژئاوا بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان چەکیان هەڵگرت و ڕۆڵی گرنگیان گێڕا ڕێگرتن لە بەدیهاتنی ئامانجی هێزە قڕکەرەکان. شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا، ڕۆحی ئازادیخوازیی لەنێو کۆمەڵگەدا پتەوتر کرد و وایکرد بەرخۆدانی ئازادی شکست نەهێنێت. کوردەکان بە هەمووانیان نیشاندا کە بوونەتە نەتەوەیەکی دیموکراتیک لە چوار بەشی کوردستان و ئەورووپا گەلەکەمان بەشداریی سەفەربەرییان کرد کە لە ڕۆژئاوا ڕاگەیاندرا. گەلەکەمان لە هەموو شوێنێک بە یەکگرتوویی ڕاپەڕین. ئەم ڕاپەڕینە بەرئەنجامی بەرخۆدانی سەد ساڵە و ڕاستی شەڕی ئازادیی دەیان ساڵەی گەلێکە. ئەو تێکۆشانەی کە ئێمە بە قوربانیدانی مەزن لە چوار بەشی کوردستاندا لە چوارچێوەی هێڵی ڕێبەر ئاپۆدا بەڕێوەمان برد، بووە مایەی یەکبوونی گەلەکەمان، ئەم ڕۆحی یەکێتییە لە چالاکییەکانی خاوەندارێتیکردن لە ڕۆژئاوا بەوپەڕی بەهێزییەوە خۆی نیشاندا.
چەند کەس کوژران و چۆن ئینتەرنێت گەڕایەوە؟ ئامادەکردنی: هاوڵاتی بڵاوبوونەوەی لیستی فەرمیی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی یەکی حکوومەتی ئێران، شەپۆلێکی نوێی کاردانەوەی لە نێو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و میدیاکاندا بەدوای خۆیدا هێنا. ئێران دەڵێت، لە خۆپیشاندانەکاندا سێ هەزار و 117 کەس کوژراون کە زیاد لە دوو هەزاریان لە هێزە ئەمنییەکانن، بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەم ئامارە بە ناڕاست ناوزەد دەکەن و بە هەوڵێکی تارانی دەزانن بۆ شاردنەوەی ژمارەی راستەقینەی قوربانیان. ئاژانسی هەواڵی چالاکوانانی مافی مرۆڤ (هرانا، HRANA) ڕایگەیاند، تا 1ی شوباتی ٢٠٢٦، گیانلەدەستدانی شەش هەزار و ٨٤٢ کەسیان پشتڕاستکردووەتەوە و لێکۆڵینەوە لە حاڵەتی زیاتریش هێشتا بەردەوامە. لە لێکۆڵینەوەکانی کەناڵی "بی بی سی"دا هاتووە، بەشێک لە بنەماڵەکان ڕایانگەیاندووە، بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکان داوای بڕە پارەیەکی زۆریان لێ کراوە و لە هەندێک حاڵەتیشدا بە ئاشکرا پێدانەوەی تەرمەکانیان ڕەتکراوەتەوە، بۆ ئەوەی زانیاری وردتر لەسەر ژمارە و بڕی ئەو کوشتارە بەکۆمەڵانە بڵاو نەکرێتەوە. هەر لەو چوارچێوەیەدا، قەیرانی ئینتەرنێت وەک یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی ناوخۆی ئێران، هەڵایەکی گەورەی ناوەتەوە. دوای زیاتر لە سێ هەفتە لە سنووردارکردنی توندی ئینتەرنێت، لە ئێستادا هاوڵاتیان هەوڵدەدەن لە ڕێگەی بەکارهێنانی فلتەر شکێن و ئامرازە بەدیلەکانەوە پەیوەندی بە یەکتر و تۆڕە جیهانییەکانەوە بکەن. کۆمپانیای سایفۆن دەڵێت: ژمارەی بەکارهێنەرانی پەیوەستبوو لە ناوخۆی ئێرانەوە بە هاوکاری فلتەرشکێنی سایفۆن، گەیشتووەتە نزیکەی هەشت ملیۆن کەس و لانیکەم دوو ملیۆن کەسیش لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی کۆندۆیت “Conduit”ەوە دەستیان بە ئینتەرنێتی بێبەرامبەر گەیشتووە، کە پشت بە بەشداری بەکارهێنەران لە دەرەوەی وڵات دەبەستێت بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتی بێبەرامبەر، بەبێ ئەوەی پێویستی بە سێرڤەری ناوخۆیی هەبێت. لەسەر ئاستی دیپلۆماسیش، بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز وا بڕیارە ڕۆژی هەینی هەریەکە لە عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، لە هەوڵێکدا بۆ زیندووکردنەوەی دیپلۆماسیەتی نێوان هەردوو وڵات، لە ئەستەنبوڵ کۆببنەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، چەندین جار هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی بەرامبەر ئێران کردووە و لە نوێترین لێدوانیشیدا گوتی، بە هیوای ئەوەیە دانوستانەکانی رۆژی هەیینی بەرهەمدار بن، چونکە ئەگەر وا نەبن، ڕەنگە ڕووداوی خراپ ڕووبدات. لە ئێستادا گوتاری رژێمی ئێران بەرامبەر ئەمریکا گۆڕاوە و عەلی خامنەیی، رابەڕی باڵای وڵاتەکە رایگەیاند، ئەمجارە جەنگ هەڵبگیرسێت جەنگێکی هەرێمیی لێدەکەوێتەوە، ئەمەش بەو مانایەی کە وڵاتانی دراوسێی ئێران تێوەدەگلێن و ڕەنگە ئێران هێرشبکاتە سەر چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. عەبدولرەحیم موسەوی، سەرۆکئەرکانی سوپای ئێرانیش هەڕەشەی کرد و گوتی، لە جەنگی ئەمجارەدا ئێرانکی بەهێزتر دەبینن و ئاگری جەنگ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەسووتێنێت.
ناوەندى ڕاگەیاندنى هەسەدە ئەوەى ڕاگەیاند، لەچەند ڕۆژى ڕابردوودا لەکات و شوێنى جیاوازدا، هەشت شەڕڤانیان شەهیدبووەو گیانیان بەختکردوە لە بەرپەرچدانەوە و ڕێگریکردن له هێرشەکانى گروپە چەکدارەکانى دیمەشق. هەروەها ئەوەش دەخەڕوو پابەندی خۆمان دووپات دەکەینەوە کە شوێنپێیان بکەوین و بەردەوامی بە خۆڕاگریمان تا ئەو کاتەی کە بە خواستەکانی گەلەکەمان دەگەین ڕاگەیەندراوەکە.. ئێمه له هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) شەهیدبوونى هەشت شەڕڤانمان ڕادەگەیەنین کە گیانیان بەختکردوە لە بەرپەرچدانەوە و ڕێگریکردن له هێرشەکانى گروپە چەکدارەکانى دیمەشق لەو شوێن و کاتى جیاوازدا له باکور و ڕۆژهه ڵاتی سوریا گیانیان بەخشیوه. قوربانیدانی ئەو شەهیدانە بەرجەستەی ڕۆحی ڕاستەقینەی خۆڕاگرییە. ئەوان ئاڵاهەڵگری کەرامەت و بوون بوون، بەنرخترین کەلوپەلەکانیان پێشکەش دەکرد بۆ پاراستنی گەلەکەیان و دەستکەوتەکانیان. بەرخۆدانی قارەمانانەیان گوزارشت لە پابەندبوونی قووڵی ئەوانە بە هۆکارەکانی ئازادی و دادپەروەرییەوە دەکات و هیوای بنیاتنانی ئایندەیەکی باشتر بۆ هەمووان لە ژێر چەتری ئاسایش و ئاشتیدا بەرجەستە دەکەن. پابەندی خۆمان دووپات دەکەینەوە کە شوێنپێیان بکەوین و بەردەوامی بە خۆڕاگریمان تا ئەو کاتەی کە بە خواستەکانی گەلەکەمان دەگەین و چێژ لەو ئازادی و ئاسایشە وەربگرین کە قوربانییان لە پێناودا داوە.
ئامادەکردنی: هاوڵاتی بە پێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی ئەلعەرەبییە، دوای ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو لاپەڕەیەکی نوێ لەسەر گۆڕەپانی سوریا دەنووسرێتەوە، ئەمەش ئیسرائیلی زۆر توڕە کردووە. بە پێی ئەو سەرچاوانەی لە ڕاپۆرتەکەدا "بەبێ ناوهێنان" ئاماژەیان پێکراوە؛ تەلئەبیب واشنتۆنی ئاگادار کردووەتەوە کە ئاواتەخوازە سوریا ببێتە دەوڵەتێکی فیدراڵی، ئەمەش پێچەوانەی ڕێڕەوی ڕووداوەکانی ئێستایە. بەم پێیەش توڕەیی ئیسرائیل تەنیا لە پرسی کورددا سنووردار نییە؛ بەڵکو گەیشتووەتە ناوەندە کاریگەرەکانی ناو ئیدارەی ترەمپ. بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، حکومەتەکەی نەتانیاهۆ، تۆم باراکی باڵیۆزی ئەمریکا و نێردەی ترەمپ بۆ سوریا بە لایەنگری تەواوەتی لە هەڵوێستی تورکیا دەزانێت، کە بە دوای دەوڵەتێکی ناوەندگەراییدا دەگەڕێت لە سوریادا. بە ڕای چاودێرانیش ئیسرائیلییەکان جارێکی دیکە هاوتا ئەمریکییەکانیان ئاگادارکردووەتەوە کە بوونی سەربازی تورکیا لەسەر خاکی سوریا قبوڵ ناکەن و دەستبەرداری پاراستنی دروزەکان نابن بەتایبەت ئەوانەی لە باشووری سوریادان، ئەمەش لە کاتێکدایە زۆرینەی دروزەکان لە ڕۆژانی کۆتایی مانگی ڕابردوو و سەرەتای ئەم مانگەدا، خۆپیشاندانێکی جەماوەرییان سازکرد و تێیدا ئاڵای کوردستان و ئیسرائیل و وێنەی نەتانیاهۆیان بەرز کردبووە و داوای سەربەخۆییان دەکرد. لە هەوڵێکدا بۆ سەرلەنوێ پێداچوونەوە و سەیرکردنەوەی هەموو ئەو داواکاریانە، بڕیارە لە ماوەی دوو هەفتەدا لیژنەی هاوبەشی میکانیزمی سوریا و ئیسرائیل کۆببێتەوە. پێش ئەوەش ئیسرائیل واشنتۆنی ئاگادارکردەوە کشانەوە بۆ هێڵی جیابوونەوە لە بەرزاییەکانی جۆلان ڕەت دەکاتەوە؛ تا ئەو کاتەی متمانەی لەگەڵ دیمەشقدا بۆ دروست دەبێت. بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵیش، پێداگری ئەمریکا لە جاران زیاترە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سوریا و بەتایبەتیش بۆ ڕێگریکردن لە داعش و سەرلەنوێ خۆ ڕێکخستەوەیان. ئەمەش لە کاتێکدایە زۆرینەی چاودێران پێیانوایە ئەمریکا پشتی لە هاوپەیمانەکانی خۆی کردووە و لە پێناوی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی خۆیدا پشتگیریی لە دیمەشق و گروپە چەکدارەکان دەکات، بەبێ ئەوەی لێکەوتەکانی ئەو پشتیوانیکردنە ڕەچاو بکات لەسەر بارودۆخی سوریا و چارەنووسی پێکهاتەکانی، کە لەوپەڕی نائارامی و پشێویدا دەژین.
سەرۆکی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر لەگەڵ شاندێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) کۆبووەوە و باسی مافەکانی گەلی کوردیان لە سووریای نوێدا کرد. سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، 3-2-2026، ئەحمەد شەرع پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە کۆشکی گەل کرد. وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەحمەد شەرع "جەختی لە پابەندبوونی دەوڵەت کردەوە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی هاووڵاتییانی کورد لە چوارچێوەی دەستووردا". بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، "شاندەکەش پێشوازی لە فەرمانی سەرۆکایەتیی ژمارە 13 کرد و بە هەنگاوێکی گرنگی دانا بۆ بەهێزکردنی مافەکان و پاراستنی تایبەتمەندییە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان". شاندەکە دوێنێ دووشەممەش لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە. شاندەکە بە سەرۆکایەتیی محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنەسەکە و چەند ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسەیە. ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا، رۆژی هەینی 16-01-2026، فەرمانێکی دەرکرد و تێیدا دانی بەوەدا نا کە کورد "بەشێکی بنەڕەتی و رەسەنی گەلی سووریایە؛" هەروەها زمانی کوردیشی وەک "زمانێکی نیشتمانی" ناساند و رۆژی نەورۆزیشی لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا کردە پشووی فەرمی. لە فەرمانی ژمارە (13)ی ساڵی 2026دا، کە لەسەر بنەمای "بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی" دەرچووە، سەرۆکی سووریا جەختی لەوە کردووەتەوە، ناسنامەی کولتووری و زمانیی کورد "بەشێکی دانەبڕاوی ناسنامەی نیشتمانیی فرەڕەنگ و یەکگرتووی سووریایە." یەکێک لە گرنگترین بڕگەکانی فەرمانەکە، هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئاسەوارەکانی سەرژمێریی مشتومڕاویی ساڵی 1962ی پارێزگای حەسەکەیە، کە بەهۆیەوە سەدان هەزار کورد بێ وڵاتینامە کران. بەپێی فەرمانە نوێیەکە، وڵاتینامەی سووریا بە هەموو ئەو کوردانە دەدرێت کە لە سووریا نیشتەجێن، بە بێ-ناسنامەکانیشەوە.
لە چوارچێوەی رێککەوتنە دووقۆڵییەکەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی دیمەشق، ئەمڕۆ سێشەممە، 03ـی شوباتی 2026، هێزێکی وەزارەتی ناوخۆی سووریا چووە نێو قامشلۆ. هێزەکەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا کە لە 15 ئۆتۆمبێلی سەربازی و 125 ئەندام پێکهاتووە؛ بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی ناوخۆی قامشلۆی سەر بە هەسەدە، چوونەتە نێو شارەکە. وەک هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی هەر گرژی و ئاڵۆزییەک لە کاتی هاتنی هێزی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، لە کاتژمێر 06:00ـی بەیانیی ئەمڕۆوە، قەدەغەی گشتیی هاتوچۆ لە قامشلۆ و دەوروبەری راگەیەنراوە. شڤان عابد، نێردراوی کوردستان24 لە قامشلۆ رایگەیاند، لە کاتی پێشوازیکردنی لە هێزێکی سوپای سووریا لە قامشلۆ، شەڕڤانان ئاڵای کوردستانیان بەرزکردبووەوە و دروشمی بژی بەرخودانا ڕۆژئاوای کوردستانیان دەگوتەوە. گوتیشی: هیچ چەکێکی قورس لە نێو شار و دەوروبەر نابینرێت، هاوکات ئەمڕۆ هیچ رووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا نەبووەوە. ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، (02ـی شوبات)، هەر لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی راگەیەنراوە؛ هێزەکانی ناوخۆی سووریا چوونە نێو هەردوو شاری حەسەکە و کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان. مەروان عەلی، بەڕێوەبەری نوێی ئاسایشی حەسەکە (سەر بە دیمەشق) لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەنگاو بە هەنگاو هەموو بەندەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێن.
کەنداوی فارس و دورگەی خەرگ جارێکی دیکە لە لێواری مەترسی داگیرکاریدان! بۆچی بەشێک لە چاودێران ئەگەری دەستپێشخەری لە لایەن ئێرانەوە بە ئەگەرێکی کراوە دەبینن؟ ئامادەکردنی: هاوڵاتی بە چڕبوونەوەی ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانەش جێگیرکردنی کەشتیی فڕۆکە هەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن" و کەرەستەی پێشکەوتووی جەنگی لە ئاوەکانی نزیک ئێران، کەنداوی فارس جارێکی دیکە بووەتە یەکێک لە ناوەندە هەستیارەکانی دروستبوونی گرژیی لە نێوان تاران و واشنتۆندا. هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی مانۆڕی سەربازیی چەند ڕۆژەی هێزی ئاسمانی ئەمریکا و دەرکردنی هۆشداریی فڕۆکەوانی لە لایەن ئێرانەوە، سوپای پاسداران بەهەمان شێوە بەڕێوەچوونی مانۆڕی دەریایی لە گەرووی هورمز ڕاگەیاندووە؛ چونکە وای دەبینن ئەمریکا سەرنجی لەسەر ئەو ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە چڕکردووەتەوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران لەوانە؛ ڕۆژنامەکانی خوراسان و قودس و جەڤان و کەیهان و فەرهیختەگان، جێگیرکردنی نوێی هێزەکانی ئەمریکایان بە نیشانەی هەنگاونانێکی وردە وردە و هێواش بەرەو "گەمارۆدانی دەریایی ئێران" هەڵسەنگاندووە. بەگوێرەی ئەم دەزگا میدیاییانە، ئامانجی ستراتیژی لەو جۆرە گەمارۆدانە؛ دروستکردنی زۆرترین فشاری ئابوورییە، بەتایبەتی لە ڕێگەی سنووردارکردنی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانەوە، بەبێ ئەوەی ڕاگەیاندنی جەنگێکی دەستبەجێ و تەواوەتی بێت. لەم چوارچێوەیەشدا، دوورگەی خەرگ وەک گرنگترین تێرمیناڵی هەناردەکردنی نەوتی ئێران، جارێکی دیکە وەک دەرچەیەکی ستراتیژی لەبەرچاو گیراوە. محەممەد مەنان ڕەئیسی، نوێنەری شاری قوم لە پەرلەمانی ئێران، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسی (FDD) ڕایگەیاندووە، خەرگ یەکێکە لە بژاردە یەکەمین و ئەگەرییەکان لە سیناریۆ سەربازییەکانی ئەمریکادا. ئەمەش پیلانێکی لە مێژینەتر دەهێنێتەوە یاد کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٩ دوای داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران لە لایەن ئەمریکاوە پێشنیار کرا. بەپێی گێڕانەوەکان پیلانەکە لەسەر لێدانی هێڵی ژیانی و سەرەکیی ئابووریی ئێران بوو، کە لەلایەن دەریاوان جەیمس لیۆنەوە پێشنیارکرابوو، بەڵام بەهۆی نیگەرانییەکانی ئەوکاتەی ئەمریکا لەبارەی دەرئەنجامە کۆنترۆڵنەکراوەکانی جێبەجێکردنی پیلانەکەوە، پەردەپۆشکرا، بەڵام گرژیەکانی ئێستا دەریدەخەن وەک ماکێکی ستراتیژی لە یادەوەری ئەمریکادا ماوەتەوە! لە هەمان کاتدا بەشێک لە شرۆڤەکاران هۆشداری ئەوە دەدەن کە نیشاندانی هێزی سەربازیی ئەمریکا لە کەنداوی فارس، مەرج نییە بەو مانایە بێت کە گرژییەکە لەم جوگرافیایەدا سنووردار دەمێنێتەوە، بەڵکو ئەگەری سەرکێشانی بۆ ڕووبەرێکی فراوانتریش هەیە وەک تێوەگلانی عێراق. لە لایەکی دیکەشەوە هیچ گەرەنتییەک نییە کە ئێران خۆی لە گرتنەبەری هەنگاوی پێشوەختە بپارێزێت. چونکە لە وتاری هەینی هەفتەی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە ئیمام و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی لایەنگری حکومەت کەشتییە ئەمریکییەکانیان بە "تابوتی ملیاران دۆلار" ی وەسفکرد! ئەمەش گوزارشتێکە بە ڕای چاودێران ئاماژەیە بۆ ئامادەیی وەڵامدانەوەی توند و پێشوەختەی ئێران ئەگەر فشارەکان زیاتر چڕ ببنەوە لەسەری. لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، سەعید مەحمودی، مامۆستای یاسای نێودەوڵەتی و یاسای جەنگە دەریاییەکان لە زانکۆی ستۆکهۆڵم، جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەمارۆی دەریایی تەنها لە ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی فەرمی لە نێوان دوو وڵاتدا ڕەوایە، هەرچەندە لە ڕووی کردارییەوە ڕەچاوکردنی لایەنی دیبلۆماسی و پاراستنی هاوسەنگی هێز دەتوانێت وەڵامدانەوەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان سنووردار بکات و نەبنە ڕێگر لەبەردەم لایەنی هێرشبەردا. هەر بۆیە زۆرینەی چاودێران پێیانوایە؛ بە سەرنجدان لە پێگەی ستراتیژی ئێران لە گەرووی هورمز و بوونی هێزی سەربازی و ئەزموونەکانی ڕابردووی لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ لەشکرکێشی هێزی دەریایی ئەمریکادا؛ هاوشێوەی جەنگی مەنتیس لە نیسانی١٩٨٨دا، ئاسۆی ئەم گرژییەی ئێستا تەمومژاوییە و یەکلابوونەوەی زیاتر پەیوەستە بە چۆنیەتی هەڵسوکەوت و وەڵامدانەوەی هەردوولاوە بەرامبەر یەکتری، بۆیە ڕەوشەکە لە ئێستا هەروا بە نادڵنیایی و پڕ لە مەترسیی جددی دەمێنێتەوە.
