دادگای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ لەسەر دوو دۆسییەی تایبەت لەبارەی هەرێمی كوردستان كۆببویەوە، سكاڵای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی ڕەتکردەوە. ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ى مانگى حەوت، دانیشتنى دادگای فیدراڵی عێراق، لەبارەی دوو دۆسییەی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، یەكەمیان دۆسییەی داواكردنی هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، دووەمیشان دژی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سكاڵاكاران داوای هەڵوەشاندنەوەی خولی نوێی پەرلەمان دەکەن. لەدانیشتنەکەدا، دادگای فیدراڵی سکاڵای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی ڕەتکردەوە، عومەر گوڵپی یەکێک لەسکاڵاکارەکان لەوبارەیەوە وتى: دادگای فیدراڵی بە پاساوی ئەوەی سکاڵاکە لە پسپۆڕی ئەوان نییە رەتیکردەوە. سکاڵاکانی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن عومەر گوڵپی و فراکسیۆنی نەوەی نوێ تۆمارکرابوون. سكاڵای یەكەم لەلایەن عومەر گوڵپیەوە لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كراوە، داواكار داوای بڕیارێك بۆ پوچەڵكردنەوەی دانیشتنی یەكەم لە ١٢/٢/٢٠٢٤ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەكات. پێشتر عومەر گوڵپی، كە یەكێكە لە سكاڵاكارەكان لەوبارەیەوە ڕایگەیانجبوو پەرلەمان پەیڕەوی ناوخۆ و ئەركەكەی تەواو نەكرد و دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان ئەنجام نەدرا، وتى: بۆیە داوامانکرد بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بدرێت، هەروەها داوای گەڕاندنەوەی هەموو ئەو ئیمتیازە ماددییانەی، كە (٩٧) كاندیدی براوە بۆ پەرلەمان بەدەستیان هێناوە بەهۆی سوێند خواردنیانەوە، چونكە ئەمە دەوڵەمەندكردنێكی ناڕەوایە. ئەو سكاڵاكارە داواش دەكات كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق پابەند بكرێت، بۆ ئامادەكاری و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە زووترین كات. دوێنێش دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دوو سكاڵای لەبارەی نادەستوری بوونی گرێبەستەكانی ئەم دواییەی حكومەتی هەرێم لەكەرتی غاز لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان رەتكردەوە. سكاڵای یەكەم لەلایەن باسم غەنیمەش ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانەوە تۆماركرابوو لەسەر سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و وەزیری سامانە سروشتییەكان، كە تێیدا داواكرابوو دادگا بڕیار بدات لەسەر نادەستوری بوونی گرێبەستەكانی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان بۆ وەبەرهێنان لە كێڵگە غازییەكانی (میران و تۆپخانە و كوردەمیر) و پوچەڵكردنەوەیان، رێگریكردن لە هەرێم بۆ ئەنجامدانی هەر گرێبەستێك لە داهاتوودا بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد.
فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بەرەبەیانى ئەمڕۆ دووشەممە هێرشیان کردە سەر بەندەری حودەیدە لەڕۆژئاوای یەمەن. یسرائیل کاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند سوپا هێرشی کردە سەر ئامانجە تیرۆریستییەکانی گروپى حوسییەکان و ئێمە بە توندی ڕێگری دەکەین لە هەر هەوڵێک بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی حوسییەکان لە بەندەری حودەیدەو بە توندی لێى دەکەین، یاسای یەمەن هەمان یاسای تارانە. وەزیری بەرگری ئیسرائیل کاتز دوای هێرشەکە نووسیویەتی: ئێستا هێرش دەکاتە سەر ئامانجە تیرۆریستییەکانی حوسییەکان لە بەندەری حودەیدە، حوسییەکان باجی زۆر دەدەن بۆ تەقاندنی مووشەک بۆ سەر دەوڵەت، لە هەر کاتێکدا و لە هەر شوێنێکدا بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ پاراستنی دەوڵەتی ئیسرائیل. بەندەری حودەیدە بە درێژایی ئەو ماوەیە ئامانجێکی بەرچاوی ئیسرائیل بووە - بەڵام ڕەنگە هێرشێکی دیکە وێنەکە نەگۆڕێت. وادیارە ئەمە لێدوانێکی دیکەی ئیسرائیلە و لە ئێستادا هیچ زانیارییەک لەبارەی ئەوەی کە لە بەندەرەکەدا هێرش کراوەتە سەر، لەبەردەستدا نییە. هەینی ڕابردوو بەسەدان هاوڵاتی ئیسرائیلی چوونە ناو ناوچە پارێزراوەکان دوای هەڵدانی مووشەکێکی بالیستیک لە یەمەنەوە، بەڵام سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڕێگری لەو هێرشانەکردوە، فڕۆکەخانەی بن گوریون بۆ ماوەیەکی کاتی داخرا. سوپای ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە هێزەکانی یەمەن دژایەتی حوسییەکان دەستیان بەسەر بارێکی چەکدا گرتووە کە نزیکەی ٧٥٠ تۆن بووە، کە پێکهاتەکانی بۆ مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی دیکەی لەخۆگرتووە. بارەکە لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی ئێرانییەوە گەیشتووە - و هەموو کتێبی ڕێنماییەکانی کارکردن لە بارەکەدا بە زمانی فارسی نووسراون.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوەو باسیان لە هەڵبژاردن کردووە. نووسینگەى سەرۆکوەزیران، ڕایدەگەیەنێت سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان جەختیان لە هاوکاری نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان کردەوە، تاوتوێی ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆى کردەوە. نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئەوەدەخاتەڕوو محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە سەرۆکی پەرلەمان، مەحمود مەشهەدانی کردوە. ئاماژە بەوە دەکات "لە میانی کۆبوونەوەکەدا باسیان لە بارودۆخی گشتی وڵات کردووە، هەروەها جەختیان لەسەر هاوکاری دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان کردووەتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەت بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی ئامانجەکانی". هەروەها بەرنامەی حکومەتەکەی کە خزمەت بە هاووڵاتی دەکات، پشتگیری لە چاکسازی ئابووری و دارایی دەکات، و جێبەجێکردنی پلانەکانی گەشەپێدان بەرز دەکاتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، "لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە پێشهاتەکانی ناوچەکەدا کرا و جەخت لەسەر پێویستی یەکڕیزی هەموو هێزە سیاسییەکان کرایەوە بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جۆراوجۆرەکان و بەرزکردنەوەی بەردەوامیی ئاسایش و سەقامگیری عێراق". ئاماژەی بەوەشکرد، "هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئامادەکارییە بەردەوامەکان کرا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی یاسادانان لە وادەی خۆیدا لە تشرینی دووەمی داهاتوو، و دڵنیابوون لە سەرکەوتنیان بۆ ئەوەی ئەنجامەکانیان ڕەنگدانەوەی خواستی هاوڵاتیان بێت و هیواکانیان بۆ سەقامگیری و گەشەسەندنی زیاتر بەدیبهێنێت".
بەهۆی بەردەوامیی کەمیی ئاو و کارەبا و شەپۆلی گەرما، حکومەتی ئێران بڕیاریدا رۆژی چوارشەممە، لە تەواوی پارێزگای تاران بکرێتە پشووی فەرمی. فاتمە موهاجرانی گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، ئەم بڕیارە بەهۆی بەرزیی پلەکانی گەرما و پێویستیی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو و کارەبا دراوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئاوی بەنداوەکانی تاران گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی سەدەی رابردوودا. ئاژانسی ئیسنا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە قەبارەی ئاوی کۆکراوە لە بەنداوەکان تەنها گەیشتووەتە 14% و شارەزایانی ژینگەش هۆشدارییدەدەن کە کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکان دەتوانێت ببێتە هۆی کارەساتێکی نیشتمانی. بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی تارانیش پێشتر رایگەیاندبوو، پارێزگاکە رووبەڕووی وشکەساڵییەک بووەتەوە کە لە 57 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە، ئەم دۆخەش نیگەرانییەکی زۆری لەسەر ئاستی ئێران دروستکردووە. پێشتر ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکیشدا نووسیبووی: ئەو مەترسییە گەورەیەی کە ئێران لە ئێستادا ڕووبەڕووی بووەتەوە، کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکانی ئەو وڵاتەیە، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەى ئاو لە هەندێک شاردا. گاری لویس، نوێنەری نیشتەجێی پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێران بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە: "کەمی ئاو ئێستا بووەتە بەرچاوترین تەحەدای ئاسایشی مرۆیی لە ئێران". ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گۆڕانی کەشوهەوا لە کەرتی ئاودا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارینی ئەو وڵاتە بە ڕێژەی لەسەدا ١٠ و پلەی گەرما لە ئێران بە بەراورد بە دوو دەیەی ڕابردوو بە ڕێژەی ١.٥ پلە بەرزببێتەوە. ئەم دوو مەسەلەیە بە هۆکاری سەرەکی زیادبوونی بەهەڵمبوونی سەرچاوەکانی ئاو و کەمبوونەوەی ئاوی ڕژاو لە ئێران ڕاگەیەندراوە.
نەبیل مەرسومی، پسپۆڕی ئابوری عێراق، ڕایدەگەیەنێت شاندە تەكنیكیەكەی عێراق بەدواداچونەکانی لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان تەواو کردووە و گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕۆژانە تەنها (31)هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغداد بکات، لەبری ئەو (230)هەزار بەرمیلەی کە لە رێککەوتنەکەدا هاتووە. لە ڕاپۆرتی لیژنەکەدا هاتووە، بەهۆی هێرشی سەر کێڵگە نەوتییەکان، هەرێمی کوردستان تەنها توانای بەرهەمهێنانی 81 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە لە رۆژێکدا. بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد، (50)هەزار بەرمیل نەوتی بەرھەمھێنراو بۆ بەکارھێنانی ناوخۆ بەکاردێت، لە ئێستادا هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی كۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی نیشتمانی (سۆمۆ)وە دەتوانێت ڕۆژانە تەنها (31)هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات، لەبری ئەو (230)هەزار بەرمیلە. ئەمڕۆ وەزارەتی نەوتی عێراق راپۆرتێک دەنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکەیان بۆ روون دەكاتەوە. لەماوەی دوو مانگی رابردوودا هەرێمی کوردستان و کێڵگە نەوتییەکانی بە (58)فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراونەتە ئامانج، بەمەش کۆمپانیا نەوتییەکان ناچاربوون بەرهەمهێنانی نەوت لە زۆرێک لە کێڵگەکان رابگرن و بەرهەمهێنانی نەوت لەهەندێکی دیکە کەم بکەنەوە.
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی پێشوازیمانکرد لە ئاندرو بیزلی كونسوڵى گشتی بریتانیا لە هەرێمی کوردستان. لەدیدارێکدا گفتوگۆمانکرد لەبارەی دۆخی گشتی هەرێمی کوردستان و عێراق و پرسی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی، هەروەها بابەتی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەتایبەت کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم. رامانگەیاند کە دەبێت چیتر ململانێ سیاسیەکان تێکەڵ بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەکرێت، هەرێم و بەغدا بیر لە چارەسەری ریشەیی کێشەکان بکەنەوە و بگەنە رێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان بێت. هەر لەو دیدارەدا باسمان لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، کە پێویستە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردبێت دوور لەهەر دەستێوەردانێکی دەرەکی، لەپێناو باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان.
کەناڵى ١٢ى ئیسرائیل، لەزارى بەرپرسانى نووسینگەی سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆوە بڵاویکردەوە ناوبراو نەخۆشەو تووشی هەوکردنی ڕیخۆڵەبووە لەماڵەوە چارەسەر وەردەگرێت سێ ڕۆژ پشووى پێدراوە. سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل لەلایەن تیمێکى تاییەتەوە پشکنینی بۆ کراوەو دەرکەوتووە تووشی هەوکردنی ڕیخۆڵە بووە. بەپێى زانیاریەکان هەوکردنەکە بەهۆی خواردنی خۆراکی تێکچوو بووە و ئێستا باری تەندروستی باشە. تا ئێستا ناتانیاهۆ یاریدەدەری کەسی بۆ دانەنراوە و نووسینگەکەش دەڵێت: لە ماڵەوە بەردەوامە لە کارکردن. ئەمڕۆ یەکشەممە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە شەوى ڕابردوودا هەستی بەوە کردوە تەندروستی تێکچووە بنیامین ناتانیاهۆ دەسبەجێ لەلایەن پڕۆفیسۆر ئالۆن هێرشکۆ، بەڕێوەبەری بەشی پزیشکی ناوخۆ پشکنینی بۆ کراوە. هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو "دوای پشکنینی زیاتر، ڕەوشی سەرۆک وەزیران بە باشی دیاریکراوە، لەئێستاشدا چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت بە شلەی ناو خوێنبەر دوای وشکبوونەوەی لەشى، بەگوێرەی ڕێنماییەکانی پزیشکەکانی، سەرۆکی حکومەت بۆ ماوەی سێ ڕۆژی داهاتوو لە ماڵەوە پشوو دەدات و لەوێشەوە کاروباری دەوڵەت بەڕێوەدەبات". سەرۆکوەزیران مانگی ڕابردوو چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی شەڕى ئێران، تووشی نەخۆشییەک بوو و یەکێک لە ڕۆژەکانی دادگاییکردنی کورتکرایەوە . جگە لەوەش مانگی ڕابردوو لە ژێر ڕۆشنایی گەشتەکەی نەتانیاهۆ بۆ ئەمریکا پزیشکێکی پسپۆڕی دڵ یاوەری بووە لە هەموو گەشتەکانیدا بۆ ئەمریکا لە ئەیلوولی ٢٠٢٣ەوە. لەبەر ڕۆشنایی باری پزیشکی سەرۆک وەزیران، تەکنیکی ئامێری پەیسمەیکەریش لە دوو گەشتی دەرەوەی وڵات لەگەڵیدا بوو، هەروەها پزیشکێکی میزەڵدان یاوەری بوو لە یەکێک لە گەشتەکانی بۆ واشنتۆن، ئەمەش نزیکەی مانگێک دوای ئەوەی نەتانیاهۆ نەشتەرگەری پرۆستاتەکەی بۆ ئەنجامدرا.
ئاژانسی هەواڵی دیفاع پرێسی ئێرانى لەسەر زارى عەبدولڕەحیم موسەوی، سوپاسالاری ئێرانەوە ڕایگەیاند: ئێران شوێن و جۆرى ڕادارو بەرگری ئاسمانییەکانی گۆڕیوە، کە لە کاتی شەڕی ئیسرائیل زیانیان پێگەیشتووە لەمانگی ڕابردوودا. لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکانی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل زاڵ بوو بەسەر ئاسمانی ئێراندا و گورزێکی قورس و کوشندەى لە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێراندا، لە کاتێکدا هێزە چەکدارەکانی ئێران هێرشی یەک لە دوای یەک بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر خاکی ئیسرائیل هەڵدا. موسەوی ئەوەشى وت: بەشێک لە بەرگرییە ئاسمانییەکانمان زیانیان بەرکەوتوە، ئەمە شتێک نییە کە بتوانین بیشارینەوە، بەڵام هاوکارەکانمان بە سوود وەرگرتن لە سەرچاوە ناوخۆییەکان و گۆڕینیان بە سیستەمی پێشوەختە ڕێکخراو کە لە شوێنی گونجاودا هەڵگیرابوون بە مەبەستی پاراستنی ئاسمانی وڵات. پێش جەنگ ئێران جگە لە سیستەمی S-300ی دروستکراوی ڕووسیا، سیستەمی بەرگری ئاسمانی دوور مەودای باڤار-373ی دروستکراوی ناوخۆیی خۆی هەبوو. لە ڕاپۆرتەکەی دیفاع پرێسدا ئاماژە بە هیچ هاوردەکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی دروستکراوی دەرەوە بۆ ئێران لە چەند هەفتەی ڕابردوودا نەکراوە. دوابەدوای هێرشە سنووردارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کارگەکانی مووشەکی ئێران لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا، ئێران دواتر لە مانۆڕێکی سەربازیدا بەرگری ئاسمانی دروستکراوی ڕووسیای نمایشکرد بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە لە هێرشەکە چاک بووەتەوە. لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ڕێنمایی سوپای ئیسرائیلی کرد کە پلانی جێبەجێکردن لە دژی ئێران ئامادە بکەن، کە بریتییە لە پاراستنی باڵادەستی ئاسمانی، ڕێگریکردن لە پەرەپێدانی مووشەک و ڕێگریکردن لە چالاکییە ناوچەییەکانی ئێران. بەپێی زانیارییەکانی کاتز، پلانەکە ئامانجی دڵنیابوونە لەوەی ئیسرائیل دەتوانێت بە شێوەیەکی جووڵەیی وەڵامی هەڕەشەکانی داهاتوو بداتەوە. سەرچاوەیەکی ئەمنی کە قسەی لەگەڵ N12 کرد، هەروەها وتی ئۆپراسیۆنەکانی مۆساد لە ناوخۆی ئێراندا ڕۆڵێکی ناوەندییان لە داڕشتنی ناوچەی شەڕ و جێگیرکردنی تەقەمەنی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر و دامەزراندنی شوێنی هەڵدانی شاراوە لە دڵی ئێران بۆ سەرکوتکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکان گێڕاوە.
بەنوسراوێک و زۆرینەى دەنگ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەکارهێنانی مەرەکەبی بۆ ڕۆژی دەنگدان هەڵوەشاندەوە و دەڵێت بەکاریناهێنین و پێویست بەوە ناکات. جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی تەمموزی 2025 ڕاگەیاند، "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری دا بەکارهێنانی مەرەکەب لە رۆژی دەنگدان هەڵبوەشێنێتەوە". ئەوە لەکاتێکدایە لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا پێویست بوو دەنگدەر دوای دەنگدان پەنجەی بخاتە نێو مەرەکەبەوە. گوتەبێژی کۆمسیۆن هۆکاری ئەو بڕیارەی روونکردەوە و گوتی، کارتی بایۆمەتری دەنگدان سێ پەنجەمۆری لەخۆگرتووە، کە بریتن لە پەنجەمۆری زیندووی خودی دەنگدەرەکە، لەگەڵ ئەو پەنجەمۆرەی لەنێو کارتی بایۆمەتری هەیە، هەروەها ئەو پەنجەمۆرەشی لە ئامێرەکەدا هەڵگیراون، ئەمە وێڕی دانانی کامێرا کە گرێدراوە لەگەڵ ئامێری دەنگدانەکە لە رۆژی دەنگداندا. جومانە غەلای، گوتی: "بەم شێوەیە پێویست بە بەکارهێنانی مەرەکەب لە رۆژی دەنگداندا ناکات، چونکە ئامێری دەنگدان گەرەنتی مافی دەنگدەرانی دەستەبەرکردووە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا". لە عێراق نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە 21 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتر دەنگدانیان هەیە و دەتوانن دەنگبدەن، نزیکەی 8 ملیۆنی دیکە بەهۆی نەبوونی کارتی بایۆمەتری مافی دەنگدانیان نییە، چونکە مەرجی سەرەکی بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان بوونی کارتی بایۆمەترییە. بڕیارەی 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت.
سودانی و بەرهەم ساڵح کۆبونەوەو باسیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە کاتی خۆیدا و فەراهەمکردنی کەشوهەوای پێویست بۆ سەرکەوتنەکانیان دووپاتکردەوە. نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە، "محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق کردوە. ئاماژەی بەوەشکرد، "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی گشتی وڵات و پێشهاتەکانی ناوچەکە کرا، هەروەها گرنگی یەکخستنی هەڵوێست و گوتاری نیشتمانی بۆ پاراستنی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە سەرتاسەری وڵات، و بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە بۆ خزمەتکردنی هەموو عێراقییەکان. ئاماژه ی به وه شکرد، "هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە پلانە بەردەوامەکانی حکومەت بۆ پەرەپێدانی کەرتی ئابوری و گەشەپێدان و خزمەتگوزاری کرا، هەروەها جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەکاتی خۆیدا کرایەوە. هەروەها گرنگی دابینکردنی کەشوهەوای پێویست بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنیان و بەدیهێنانی بەشدارییەکی بەرفراوان تیایدا، هەروەها ئەنجامەکانیان گوزارشتێکی ڕاستەقینەی خواست و داواکارییەکانی گەلی عێراقە.
حکومەتی سووریا ئەمڕۆ یەکشەممە، جەختیکردەوە شەڕ لە شاری سوەیدا راگیراوە، ئەوەش دوای ئەوەی گرووپە دروزەکان کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکەیان راگەیاند و هێزەکانی حکومەتی سووریاش دووبارە جێگیرکرانەوە. نورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە تێلیگرامەوە رایگەیاند، "سەرجەم چەکدارانی هۆزەکان لە شاری سوەیدا چوونەتە دەرەوە و پێکدادانى ناو گەڕەکەکان راگیراوە". گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، دووپاتی کردەوە، "دەوڵەت بە هەموو دامودەزگا سیاسی و ئەمنییەکانییەوە، بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە سوەیدا، هێزە ئەمنییەکانیش هەموو تواناى خۆیان بۆ کۆتاییهێنان بە هێرش و شەڕ و گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ پارێزگاکە دەخەنەگەڕ". توندوتیژییەکانی نێوان دروز و بەدەوییە سوننەکان لە 13ـی تەمموزدا لە پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا سەریهەڵدا، بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بەهۆیەوە 940 کەس کوژراون. ئەحمەد شەرع، سەرۆکی راگوزەرى سووریا دوێنێ شەممە، ئاگربەستی راگەیاند و پابەندبوونى بە "پاراستنی کەمینەکان" و لێپرسینەوە لە "پێشێلکاران" لە هەر لایەنێکبن دووپاتکردەوە. ئەوەش دوای چەند کاتژمێرێک هات کە واشنتن رایگەیاند، سووریا و ئیسرائیل لەسەر ئاگربەست رێککەوتوون. شەرع، رۆژی سێشەممەى رابردوو هێزەکانی خۆی لە سوەیدا بڵاوەپێکرد، بەڵام پاش بۆردوومانی چەند ئامانجێکی حکومەت لە دیمەشق لەلایەن ئیسرائیلەوە، هێزەکانی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا لە سوەیدا کشانەوە.
نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە کۆبوونەوە و باسیان لە هەنگاوی دەستبەجێ بۆ گەڕاندنەوەی بۆ سەقامگیری ناوچەکە کردەوە. باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سووریا دەڵێت، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندی گشتیی هەسەدە باسیان لە هەنگاوی کرداری بۆ "سووریایەکی یەکگرتوو، ئاشتی، سەرکەوتن و داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ هەموو سووریاییەکان" کرد. باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سووریا دەشڵێت، هەردوو لا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی "کاتی یەکگرتووی ئێستایە." بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تۆم باراک "سوپاس"ی مەزڵووم عەبدی کردووە بۆ سەرکردایەتی ئەو و هاوئاهەنگی هەسەدە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. ئەمڕۆ تۆماس جەی باراک، باڵیۆزی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا لەگەڵ مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئێستای سوریا و پێویستی هەنگاوی بەپەلە بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیری. هه ڕوه ها هه نگاوی کرده یی به ڕه و یه کگرتن له سوریا یه کگرتوو بۆ ئاینده یه کی ئارام و خۆشگوزه ڕان و گشتگیر و سه قامگیر بۆ هه موو سوورییه کان تاووتوێ کرا. هاوڕابوون کاتی یەکگرتوویی ئێستایە. باڵیۆزەکە هەروەها سوپاسی ژەنەڕاڵ مەزلومی کرد بۆ سەرکردایەتییەکەی و هاوبەشی بەردەوامی هێزەکانی SDF لە بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سوریا.
وەزارەتی تەندروستی لە غەززە پشتڕاستی کردەوە کە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا ٩٨ فەلەستینی بە هۆی هێرش و تەقەی هێزەکانی ئیسرائیل کوژراون و ٥١١ کەسی دیکەش بریندار بوون. بەمەش ژمارەی کوژراوانی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە گەیشتە 58 هەزار و 765 شەهید و 140 هەزار و 485 بریندار. ئەمڕۆ ٦٥٢ ڕۆژە شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، بەردەوامەو قەیرانی برسێتی لە غەززە توندتر بوو، لە کاتێکدا سوپا بەردەوامە لە کۆمەڵکوژی دژی برسی و ئاوارە. سەرچاوەکان لە نەخۆشخانەکانى غه ززه ڕایانگەیاندووه تەنها لە بەرەبانى ئەمڕۆوه 70 فەلەستینی بەهۆی تەقەکانی سوپای ئیسرائیلەوە گیانیان له ده ستداوه ، له نێویاندا 36 کەسیان لەڕیزدا وەستابوون بۆ داوای هاوکارى. لە ڕووی سیاسییەوە، یەدیوت ئەهرۆنۆت لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل بیر لە ناردنی شاندێکی باڵا بۆ دەوحە دەکاتەوە بۆ خێراترکردنی دانوستانەکانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ حەماس سەبارەت بەو ڕێککەوتنە، ئەگەر بزووتنەوەکە ڕازی بێت لەسەر تاوتوێکردنی "کلیلەکانی" گۆڕینەوەی زیندانییە فەلەستینییەکان بۆ دەستگیرکراوەکانی ئیسرائیل. نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە غەززە دەژین، کە لە بارودۆخێکی مرۆیی سەختدان، بەهۆی ئەو گەمارۆیەی هێزەکانی ئیسرائیل لەکاتی دەستپێکردنی شەڕەکەوە خستوویەتییە سەریان بەتایبەت لەرووی کەمیی خۆراکەوە. ڕۆژی سێشەممە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە لە کۆتایی مانگی ئایارەوە ٨٧٥ حاڵەتی مردنی لەنێو کرێکارانی فریاگوزاریدا تۆمارکردووە، کە ٦٧٤ حاڵەتیان "نزیک ناوەندەکانی دامەزراوە مرۆییەکانی غەززە" بووە.
ڕۆژى دووشەممەى داهاتوو، پەرلەمانى عێراق کۆدەبێتەوە هێرشە درۆنییەکانى سەر هەرێمى کوردستان تاوتوێ دەکات، هاوکات بەدواداچوون بۆ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەى کوت دەکات. لەبەیاننامەیەکدا، ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو دانیشتنێکی نائاسایی بۆ تاوتوێکردنی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە کوت ئەنجام دەدات. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دانیشتنەکەدا گفتوگۆ لەبارەی هێرشە تیرۆریستییەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تەقینەوە بۆ سەر ژێرخانی هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێت. لە ئێوارەی دووشەممەی ئەم هەفتەیەوە هێرشکراوەتە سەر 5 کێڵگەی نەوت لە هەرێمی کوردستان: خورمەڵە، تاوکێ، سەرسنگ، باعەدرێ و پیشابوور. بەهۆی هێرشەکانەوە بەرهەمهێنانی 200 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە هەرێمی کوردستان راگیراوە. بەگوێرەی بەدواداچوونێک، لەم مانگەدا 18 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر باشووری کوردستان، لەو ژمارەیە 7ـیان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت بوون. هێرشە درۆنییەکان زیانی زۆریان بە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی 200 هەزار بەرمیلی نەوتی لە دەستداوە. کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رۆژی چوارشەممە لە رایگەیاند، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە، زۆربەی ئەندامانیان ناچار بوون بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان رابگرن.
دەیڤد بارنیا، سەرۆکی مۆساد سەردانی واشنتۆنی کرد و داوای هاوکاریی ئەو وڵاتەی کرد بۆ ئەوەی هەندێک وڵات ڕازى بکات تاوەکوو دانیشتوانى غەززەى بۆ بگوازنەوە. دوو سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە بە ماڵپەرى ئاکسیۆسی ئەمریکییان ڕاگەیاندووە، لەم هەفتەیەدا دەیڤید بارنیا، سەرۆکی مۆساد سەردانی واشنتۆنی کردووە و داوای هاوکاریی ئەمریکای کردووە بۆ ڕازیکردنی وڵاتان بۆ ئەوەى سەدان هەزار فەلەستینی لە غەززە ناوچەکە چۆڵ بکەن. بارنیا بە ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل لەگەڵ ئەسیوپیا، ئەندەنوسیا و لیبیا قسەی کردووە بۆ ئەوەى فەلەستینیەکانیان بۆ بگوزاننەوە، ئەمەش بەپێی ئاکسیۆس. ئەو دوو سەرچاوەیە ئەوەشیان زیاد کردوە کە لە میانی دیدارەکەدا بارنیا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەسیوپیا، ئەندەنوسیا و لیبیا ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ وەرگرتنی ژمارەیەکی زۆر لە فەلەستینیەکان، هەروەها پێشنیاریان کردووە کە ئەمریکا هانى زیاترى ئەو وڵاتانەبدات و هاوکارییان بۆ دابین بکات و یارمەتی ئیسرائیل بدات لەوڕووەوە بۆ ئەوەی ڕازییان بکات. سەرچاوەیەک ڕایگەیاندووە کە ویتکۆف پابەندبوونی خۆی بەو پێشنیازە دەرنەبڕیوە و ڕوون نییە کە ئایا ئەمریکا چالاکانە بەشداری ئەو پرسە دەکات یان نا. لە مانگی شوباتی ڕابردوودا، سەرۆکی ئەمەریکا ترەمپ پێشنیاری دوورخستنەوەی هەر دوو ملیۆن فەلەستینییەکەی لە غەززە کرد بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو خاکە، بەڵام کۆشکی سپی پاش ڕووبەڕووبوونەوەی دژایەتییەکی بەرچاوی وڵاتانی عەرەبی لەو بیرۆکەیە پاشەکشەی کردوەو لەو کاتەوە پلانەکە بەرەو پێشەوە نەچووە. کەناڵى ١٢ى ئیسرائیل ئەوەى خستوەتەڕوو گواستنەوەی فەلەستینییەکان لە غەززە پرسێکی زۆر ئاڵۆزو شێوێنراوە لەلایەن بەشێک لە وڵاتانەوە، لە کاتێکدا حکومەتی نەتانیاهۆ بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم جۆرە "کۆچکردنە" "خۆبەخشانە" دەبێت، شارەزایانی یاسایی لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەڵێن ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ لە ژێر بارودۆخی ئێستای کەرتی ئەمریکادا دەکرێت بە تاوانی جەنگ هەژمار بکرێت. هەفتەی ڕابردوو لە میانی خوانێکی ئێوارەدا لەگەڵ نەتانیاهۆ لە کۆشکی سپی، پرسیار لە ترەمپ کرا سەبارەت بەو پرسە بەڵام خۆی لە پرسیارەکە دوور خستەوە و بابەتەکەی ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد. ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل "زۆر لە نزیکەوە" لەگەڵ ئەمریکا کاردەکات بۆ دۆزینەوەی ئەو وڵاتانەی کە ڕازی دەبن بە وەرگرتنی فەلەستینیەکان لە غەززە، جەختیشیکردەوە "لە دۆزینەوەی چەند وڵاتێک نزیک دەبینەوە".