دەوڵەت باخچەلی: دەبێت تاوەکو 2026 پرۆسەی ئاشتی بێتەدی

کاتژمێرێک لەمەوپێش



سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) هێرشی تووند دەکاتە سەر جەهەپە و رایدەگەیێنێت، سەرکردایەتیی ئەو پارتە "ترسان بچنە ئیمراڵی و رایانکرد". باخچەلی دەشڵێت، ئامانجیان ئەوەیە لە ساڵی 2026ـەوە تووندوتیژی و چەک لە تورکیا کۆتایی پێبێت.

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (تورکگون)ـی نزیک لە پارتەکەی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-12-2025 بڵاوکراوەتەوە، هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی سیاسیی تورکیا و کارەکانی "کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری" لە پەرلەمانی تورکیا کرد.

باخچەلی بەتووندی رەخنەی لە هەڵوێستی جەهەپە گرت بەرامبەر بە سەردانی ئیمراڵی و پرۆسەی چارەسەری و گوتی: "کەی رێزیان لە گەل گرتووە، کە تەنیا هێزی کۆمارە؟ تەنانەت ترسان بچنە ئیمراڵیش، رایانکرد. بە وشەی ترسنۆکانە ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە رێکارەکان دەربڕی نەک ناوەڕۆک. لە پرۆسەی چارەسەری و چارەسەرکردنی گرنگترین کێشەی تورکیادا خۆیان دزییەوە."

سەبارەت بە ئاسۆی پرۆسەی چارەسەری، سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوە کرد، کارەکانی "کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" لە قۆناخی کۆتاییدایە و راپۆرتی قۆناخی گواستنەوە ئامادە دەکرێت.

باخچەلی گوتی: "ئیرادەی نیشتمانی راپەڕیوە. کات نەماوە و گەیشتووینەتە دوا قۆناخ. ئامانجمان ئەوەیە لە ساڵی 2026ـەوە بەدواوە تووندوتیژی و چەک بە تەواوی لە رۆژەڤی تورکیادا نەمێنێت."

باخچەلی باسی لەوە کرد، جەهەپە لە "شوێنێکی هەڵەی مێژوودا وەستاوە" و لە سێگۆشەی "سۆغوتئۆزو، ساراچخانە و سلیڤری" (3 S) گیری خواردووە، هەروەها داوای کرد لێکۆڵینەوە لە گومانەکانی گەندەڵی لەنێو ئەو پارتە بکرێت.
 
زیاتر لە ساڵێكە پرۆسەیەکی نوێ بۆ پرسی کورد لە تورکیا دەستیپێکردووە. رۆژی 21ـی تشرینی دووەم، کۆمیسیۆنی پەرلەمان بە دەنگدانی نهێنی بڕیاری دا سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بکات، بەڵام جەهەپە بەشداریی دەنگدانەکەی نەکرد و هیچ ئەندامێکی بۆ شاندەکە دیاری نەکرد.

رۆژی دووشەممە 24-11-2025، شاندێکی سێ کەسی پێکهاتوو لە (حوسێن یایمان لە ئاکپارتی، فەتی یڵدز لە مەهەپە و گولستان کڵچ کۆچیغیت لە دەم پارتی) لە ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە.

دوای دیدارەکە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، گفتوگۆی ورد کراوە سەبارەت بە "دانانی چەک، هەڵوەشاندنەوەی رێکخستن و جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار لە سووریا".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار