ماڵپەری تەسنیم: بەرەی مقاومە هێرشی نەکردووەتەوە سەر کۆرمۆر و ئەگەری تێوەگلانی تورکیا هەیە
44 خولەک لەمەوپێش
ماڵپەری"تەسنیم"ی نزیك لە سوپای پاسدارانی ئێران، راپۆرتێكی لەبارەی كردنە ئامانجی كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە سلێمانی بڵاوكردووەتەوەو تیایدا دەڵێت: هەر كاتێك ئەو كێڵگەیە بۆردومان دەكرێت پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی گروپەكانی مقاوەمەی عێراقی دەكرێت (مەبەستی میلیشیا شیعەكانە)، لەكاتێكدا گروپی هەماهەنگی مقاوەمە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بوونی هەر پەیوەندییەکی بە هێرشەکانەوە رەتکردووەتەوە، سەرچاوەكە بەناوی چاودێرانیشەوە رایگەیاندووە: ئەو تۆمەتانە بەمەبەستی دۆزینەوەی پاساوە بۆ بەهێزکردنی بوونی ئەمریکا لە باکوری عێراق.
ماڵپەرەكە لە بەشێكی تری راپۆڕتەكەدا دەڵێت: چەندین پێدراو ئاماژە بە ئەگەری تێوەگلانی تورکیا لە هێرشەکەدا دەکەن، نەک تەنها بە پشتبەستن بە بەڵگە تەکنیکییەكان، بەڵکو لە چوارچێوەی ململانێی هەژمونی تورکیا و ئیمارات لەسەر سەرچاوەکانی وزە و ڕێڕەوی بازرگانی لە ناوچەکەدا.
راشیدەگەیەنێت: ئەنكەرە کە بە وردی چاودێری فراوانبونی رۆڵی ئیمارات دەکات لە کەرتی وزەو گواستنەوەداو وا پێدەچێت تێكەڵكردنی كارتەكانی لەناوخۆی عێراق بەلاوە گرنگ بێت و ئەو پەیامە بنێرێت کە باڵابوونی هەژمونی ئیمارات لە سلێمانی بەبێ وەڵام تێناپەڕێت.
