ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بە سەرپەرشتی یاریدەدەرێکی وەزیری وزە لە حکومەتی کاتى سوریا و شێخێک ڕۆژانە دەست بەسەر هەزار و 500 بەرمیل نەوتدا دەگرن و دەیان هەزار دۆلاریان دەستکەوێت و بۆ ئەو کەسە کاریگەرانەی کە بەرپرسیارن لەم کارانە. بەپێى ئەو ڕاپۆرتەى کە ڕوانگەی سوری خستویەتیەڕوو ئەو نەوتەى ڕۆژانە لەلایەن ئەوکەسانەوە دەستى بەسەردا دەگیرێت، لە هیچ تۆمارێکى فەرمی فەرمانگەو وەزارەتەکاتى حکومەتی کاتى سوریادا نە نەوتەکە نە بڕى پارەکەى تۆمار ناکرێت.  ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئەو بڕە نەوتە لەڕێگەی تانکەری تایبەتەوە دەگوازرێنەوە بۆ ناوچەی "ئەلحەرقات" لە شارۆچکەی تارهین لە باکووری حەلەب، لەوێ بە ڕێگەی سەرەتایی بۆ بەرهەمهێنانی بەنزین و گازۆیل دووبارە تێکەڵ دەکرێنەوە. بەپێى زانیاریەکانى سەرچاوەکانى ناو ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکە، ئەم ئۆپەراسیۆنى دەستبەراگرتنەى نەوت بەسەرپەرشتی یاریدەدەرێکی وەزیری وزە لە حکومەتی ئینتقالی دەکرێت. پاشان ئەو بڕە بەرهەم هێنراوە بە شێوەیەکی نایاسایی ئازاد دەکرێن بۆ بازاڕە ناوخۆییەکان، ئەمەش قازانجی دارایی بەدەست دەهێنێت کە ڕۆژانە بە دەیان هەزار دۆلار بۆ ئەو کەسە کاریگەرانەی کە بەرپرسیارن لەم کارانە. سەرچاوەکە ناوی یاریدەدەرەکەی ئاشکرا نەکردووە، هەروەها ئەو شوێنانەی دەرهێنانی نەوتیشی ئاشکرا نەکردووە کە لەلایەن ئەو کەسانەوە دەبرێت.

یەکەم دانپێدانانى عەجاج، ئەو تۆمەتبارەی بە جەلادەکەى نوگرەسەلمان ناسراوە، بڵاوکرایەوە. عەجاج ئەحمەد حەردان وتوویەتی: برسیکردنمان وەک چەکێک بەکارهێناوە، کە کاریگەرییەکەی زۆر لە بۆردومانی سەربازی زیاتر بوو، سێ یەکی ئەو کەسانەی دەستگیرکرابوون لە ماوەی 10 مانگدا گیانیان لەدەستداوە. عەبدولکەریم عەبد فازڵ، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق رایگەیاندووە: پرۆسەی دەستگیرکردنی عەجاج دوای لێکۆڵینەوەی فراوان و دانپێدانانی ژمارەیەک ئەفسەری پێشوو بووە، عەجاج دەستی درێژی رژێمی بەعس بووە لە جێبەجێکردنی چەندین تاوانی راگواستنی زۆرەملێ و دەستگیرکردن و کۆمەڵکوژی. عەجاج باسى لە ئەشکەنجەدانى زیندانیان کردووە و دانی بەوەدا ناوە لە ماوەی 10 مانگدا نزیکەی دوو هەزار زیندانیی کوردی لەژێر ئەشکەنجەدا کوشتووە. رۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمیی عێراق چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەم تۆمەتبارە ئەنجامداوە و گوتویەتی، کاتێک لە ساڵى 1989 بووەتە بەڕێوەبەرى زیندانیی نوگرەسەلمان، 400 دەستگیرکراوى عەرەبی لێ بووە، لەبری ئەو زیندانییە عەرەبانە، نزیکەى سێ هەزار کوردى هەولێر و سلێمانى، بۆ نوگرە سەلمان گوازراونەتەوە. پێش وەرگرتنی ئەم پۆستەش، عەجاج لە ئیدارەی ئەمنی هەولێر و چەند ناوچەیەکی دیکەی عێراق کاری کردووە. عەجاج دانی بەوەدا ناوە لە نوگرەسەلمان سیاسەتى، دەستدرێژی، برسێتى و ئەشکەنجەی دەروونى و جەستەییان بەکارهێناوە، وەکو چەکێک بۆ کۆمەڵکوژکردنیان، بەجۆرێک ئازاری زیندانیانیان داوە، لە ماوەى 10 مانگدا دوو لەسەر سێ، واتە دوو هەزار زیندانی گیانیان لەدەستداوە. عەجاج ئەحمەد حەردان عوبێدى، لە پارێزگاى سەڵاحەدین لەدایکبووە، لە دواى رووخانى رژێمى بەعسەوە لەلایەن خێزانەکەیەوە و لەژێر ناوى جیاوازدا شاردراوەتەوە. ئەم تۆمەتبارە سەرەتاى ئەم مانگە لەلایەن دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى عێراقەوە دەستگیرکرا، دەسەڵاتى دادوەریی عێراقیش سەرقاڵى کۆکردنەوەى شایەتحاڵ و سکاڵاکارانى تاوانەکانى عەجاجن، لە هەرێمى کوردستانیش سێ شوێن بۆ وەرگرتنى سکاڵا لەسەر تاوانەکانی ئامادەکران.

سەرچاوە باڵاکانی سوریا لە چوارچێوەی دەسەڵاتی کاتى بە ماڵپەڕی عەرەبیەنێتیان  ئاشکرایان کردووە ئەحمەد شەرع سەرۆکى سوریا بە نیازە بەم زووانە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی گەل پەسەند بکات. هەروەها پێشبینی دەکەن هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتەش دوابخات کە بڕیارە لە ١٥-٢٠ی ئەیلولى داهاتوو بەڕێوەبچێت. لە کۆتایی مانگی تەمموزدا، شەرع نەخشەڕێگەى کۆتایی سیستەمی هەڵبژاردنی کاتی بۆ ئەنجوومەنی گەلی سوریا وەرگرت، کە چەندین هەموارکردنەوەی وردەکارییەکانی لەخۆگرتبوو، دیارترینیان زیادکردنی ژمارەی کورسییەکان بوو لە ١٥٠ کورسییەوە بۆ ٢١٠ کورسی. بڕیارە لە نێوان رۆژانی 15 بۆ 20 مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل پەرلەمان لە سوریا بەڕێوەبچێت و ژمارەی ئەندامانی 210 پەرلەمانتار دەبێت، بەبڕیاری ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا 140ـیان لەلایەن دەستەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانەوە هەڵدەبژێردرێن، بەڵام 70ـیان راستەوخۆ لەلایەن شەرعەوە دیاری دەکرێن. سەرچاوە سوورییەکان، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی عەرەبیە کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکەن، هۆکارى بڕیارەکەى شەرع بۆ ئەوەدەگەڕێننەوە کە ڕووداوو گرژیەکانى ناوچەی سوەیدا بەردەوامە، هەروەها ناکۆکی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە بەشێکی بەرچاو لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریای کۆنترۆڵکردوە گەڕاندەوە، ئەمانە وایکردوە بیرلەدواخستنى بکەنەوە. بڕیارە سیستمە نوێیەکە گەرەنتی بەشداریکردنی 20%ی ژنانی سوریا لەو ئەنجومەنە بکات، بەپێی سیستمی هەڵبژاردنی کاتی، ئاماژەیە بۆ کاراکردنی ڕۆڵی ژنانی سوریا لە داڕشتنی دەوڵەتی هاوچەرخدا. لەدوو ڕۆژى ڕابردوودا هاوسەرۆکی پارتی سوریای داهاتوو رایگەیاند، هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی مانگی داهاتوو، یاسایی نییە، چونکە نوێنەری هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی سوریا لەخۆناگرێت. کەوسەر دۆکۆ بە ئاژانسی هاوارنیوزی گوتووە، هەڵبژاردنەکانی پێشوی سەردەمی رژێمی سوریا بە شێوەیەکی فەرمی بوون، بەڵام  رەنگدانەوەی ئیرادەی جەماوەر نەبوون، هەڵبژاردنی داهاتووش لەو بازنەیە دەرناچێت و نابێتە سەکۆیەکی راستەقینە بۆ بڕیاردان.

هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و کۆتاییهێنان بە دەیان ساڵ لە پێکدادانی  چەکداری، چوونەتە قۆناغێکی نوێوە.  لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کۆمیسیۆنی "دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانی" کە لە نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان پێکدێت، چەندان کۆبوونەوەی گرنگی ئەنجام داوە. دوێنێ سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، میوانداریی ماهینوور گۆکتاش، وەزیری کاروباری خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و نوێنەرانی کۆمەڵەی کەسوکاری شەهیدان و قوربانییانی سەربازی و پۆلیسی کرد. نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە گوتاری دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا جەختیکردەوە، ئەم قۆناغە "مێژووییە" و نابێت وەک دانوستان یان سازش سەیر بکرێت. کورتوڵموش ئاماژەی بەوەدا، ئەم هەنگاوە نوێیە دەرفەتێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی یاسادا و دوور لە توندوتیژی. لەلایەن خۆیەوە، ماهینوور گۆکتاش ڕایگەیاند "دیموکراسی بەبێ برایەتی و لەسەر بنەمایەکی پتەو دانامەزرێت." عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە کۆجائێلی، پێیوایە کە پرسی کورد دەبێت لەسەر بنەمای مافە یەکسانەکان چارەسەر بکرێت و گوێگرتن لە داواکارییەکانی "دایکانی ئاشتی" زۆر گرنگە. گەرگەرلیئۆغڵو لە لێدوانێکدا ڕاگەیاند: "لەم خاکەدا ئازار و مەینەتی زۆر بینراوە. کاتی ئەوە هاتووە کە هەردوولا، تورک و کورد، لە یەکتری تێبگەن و هەنگاو بۆ ئایندەیەکی هاوبەش بنێن. تەنها کورد نامرێت، تورکیش دەمرێت، چ گەریلا بێت یان سەرباز. بۆیە گوێگرتن لە دایکان زۆر گرنگە." هەروەها، ئیدریس شاهین، پەرلەمانتاری پارتی 'دەڤا' لە ئەنقەرە، ئاماژەی بەوەدا، نابێت ئەم هەوڵانە ببنە هۆی ڕکابەری و پێویستە گوێ لە هەموو لایەنەکان بگیرێت. شاهین باسی لە لێدوانەکانی عەلی باباجان، سەرۆکی پارتەکەی کرد سەبارەت بە ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان و گوتی: "گوێگرتن لە ئۆجەلان بۆ پرسی ڕێکخستنەوەی ڕێکخراوەکە گرنگە، بەڵام داواکارییەکانی هاووڵاتیان و دیداری سەرکردەکانی ڕێکخراوەکە دەبێت جیا بکرێنەوە." کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆن بەردەوام دەبن و بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئابی 2025، میوانداری "دایکانی ئاشتی" و "دایکانی شەممە" بکرێت. هەروەها نوێنەرانی کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤیش بانگهێشت دەکرێن.  دوای گوێگرتن لە هەموو لایەنەکان، کۆمیسیۆن ڕاپۆرتێک ئامادە دەکات و پێشکەشی پەرلەمانی دەکات بە مەبەستی داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی یاسایی بۆ پرۆسەی ئاشتی.

ئاژانسی هەواڵی سانای سوری بڵاویکردەوە، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا لە پاریس چاوی بە شاندێکی ئیسرائیلی کەوتووە و چەند تەوەرێکی گرنگیان تاوتوێ کردووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی سانا، شەیبانی لەگەڵ شاندە ئیسرائیلییەکە چەند تەوەرێکی گرنگیان تاوتوێ کردووە، لەنێویاندا دەستوەردانی دەرەکی بۆ کاروباری سوریا، پتەوکردنی سەقامگیری لە باشووری سوریا بەدیاریکراوی شاری سوەیدا و راگەیاندنی ئاگربەست لەو ناوچانە. یەکێکی دیکە لە تەوەرە گرنگەکان بریتی بووە لە کاراکردنەوەی رێککەوتنی 1974 کە تێیدا باس لە راگرتنی شەڕ کراوە لەنێوان سوریا و ئیسرائیل. ئاژانسی سانا باسی لەوە کردووە، ئەم کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکایە بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی سوریا و پارێزگاریکردن لە سەلامەتی و یەکڕیزی خاکەکەی.

نوسینگەی رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک ڕایدەگەیەنێت رەزامەندی محەمەد شیاع سودانی تەنها و تەنها تایبەتە بە جیاکردنەوەی فەرمانگەی کارەبای قەزای حەویجە لە فەرمانگەی گشتیی کارەبای کەرکوک. لەڕاگەیەندراوەکەى نوسینگەی رێبوار تەهادا ئەوەش هاتووە ئەگەر کەسانێک نیازیان هەبێت شوێنی دیکە بخەنە سەر ئەم بڕیارە، هەوڵەکانیان تەنها لەسەر کاغەز دەمێنێتەوە. هەروەها دەشڵێت: دەبوو شاخەوان عەبدوڵا، دەقی نووسراو و رەزامەندییەکەی سودانى بڵاوبکردایەتەوە، بۆ ئەوەی هیچ تەمومژ و لێکدانەوەیەکی هەڵە بۆ بابەتەکە دروست نەبێت. پێشتر شاخەوان عەبدوڵا جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق نوسراوێک بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوەکردبوو، بەپێی ئەم نوسراوە بێت شوان و لەیلان و سەرگەران ویایچی و تازەو پردێ وداقوق و دووبز خراونەتە سەر حەویجە. ئاماژەى بەوەشکردبوو، فێڵیان لەپارێزگارى کەرکوک کردووە و نوسراویان بۆ حەویجە پێکردووە کەچی ئەو شوێنانەیان خستوەتە سەر بەپیلانی وەزیرێک. ئەمە کارەساتە ….. شاخەوان عەبدوڵا جێگرێ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەپێی ئەم نوسراوە بێت شوان و لەیلان و سەرگەران ویایچی و تازەو پردێ وداقوق و دووبز خرایە سەر حەویجە ، بەپێ ئەم نورسراوە بێت ئیتر خانەوادەیەکی شەهیدی شوان و لەیلان و دووبزو پردێ و ئەوناوچانە ئەگەر پێویستیان بە عامودێک بێت دەبێت بچن داوا لە حەویجە بکەن بۆیان دابین بکات ، هەڵبەتە بۆ ئەم بابەتە زۆر نیگەران بوم و لەگەڵ بەریز زیاد وەزیری کارەبا قسەم کردو وتم لەسەرچی ئەساسێک ئەمەت کردوە ؟ سەرەتا ئاگادار نەبو دوای کەمێک پەیوەندی کردەوە توشی شۆکی کردم وتی دکتۆر خۆتان داواتان کردوە نوسراوێکی بۆناردم بەراستی پێم سەیر بو بینیم نوسراوێکی پارێزگا بەژمارە ٦٣٦ لەبەرواری ٢٠٢٥/٤/١٧ و بەئیمزای کاک ریبوار کراوە بۆ سەرۆک وەزیران و ئەویش هامشی کردوە لەوەشدا فێڵێکیان لەپارێزگار کردوە نوسراویان بۆ حەویجە پێ کردوە کەچی ئەو شوێنانەیان خستوەتە سەر بەپیلانی وەزیریک ، وتم دەبێت ئەو نوسراوە هەڵوەشێتەوە رەزامەندی دا بەڵام داوای کرد نوسراوێک بکرێت لەلایەن پارێزگارەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ، بۆیە کاک رێبوار هەتا ئەو ناوچانەش بەدەردی قائمقامی دووبزو داقوق و فەرمانگەی کشتوکاڵ نەچوە نوسراوێک بکەو باقی لەسەر من چونکە نەمێژوو نەخەڵکی ئەوناچانە رەحم ناکەن.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت لەماوەى هەفتەیەکدا بەشی فیدراڵی داهاتی نانەوتی هەرێم دیاری دەکات. ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیران لە دانیشتنی خۆیدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد. ئەنجومەن بڕیاریدا لەسەرەتادا ڕەزامەندی لەسەر نوێکردنەوەی بڕیارەکەی ژمارە (550)ی ساڵی 2025 بۆ دابینکردنی دارایی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیران. ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەوەشدەخاتەڕوو درێژە بە بڕیاری ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان دەدەین، لیژنەکان لە ماوەی هەفتەیەکدا راپۆرتی کۆتایی پێشکەش بکەن لە ماوەی هەفتەیەکدا بەشی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم دیاریبکرێت. مەرجەکانی حکومەتی عێراق ئەمانەن:  1. تەواوکردنی کارەکانی ئەو لیژنانەی لە بڕگەکانی (سێیەم و چوارەم)ـی بڕیارەکەدا هاتوون، بە مەرجێک هەریەکەیان کۆنووسێکی واژۆکراو لە ماوەی هەفتەیەکدا لە دەرچوونی ئەم بڕیارەوە، پێشکێش بە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی بکەن. 2. ئەو تیمەی کە بەپێی بڕگەی دووەم پێکهێنراوە، لە ماوەی هەفتەیەکدا کارەکانی تەواو بکات بە هەژمارکردنی پشکی گەنجینەی گشتیی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا و، هەولێر ئەو پشکە بداتەوە لەبری ئەو بڕە پارەیەی لە بڕگەی (دووەم/1)ی بڕیارەکەدا ئاماژەی پێکراوە. بە مەرجێک میکانیزمی هەژمارکردنەکە پەسەندکراوی وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بێت. 3. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی کوردستانی عێراق کار دەکەن، پابەند بکات بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو، بەپێی حوکمەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (550)ی ساڵی 2025.

حکومەتی عیراق بە مەرج رازی بووە موچەی مانگی شەشی موچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات. سەرچاوەیەکی باڵای ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە مەرج درا. سەرچاوەیەكی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕاگەیاند، كەمێك پێش ئێستا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە كۆی دەنگ بڕیاری خەرجكردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی دا. سەرچاوەكە ڕوونیشی كردەوە، بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە بە مەرجى ئەوەیە  داواکاریەکانى پێشووى جێبەجێبکرێت وەک ناردنی 120 ملیار و رادەستکردنی نەوت. ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕاگەیاندوە مووچەی مانگی شەشی وەک نیازپاکییەک دەنێێت و ئەم پارە ناردنە تەنها بۆ مووچەی مانگی شەشە. مەرجەکانی حکومەتی عیراق بۆ خەرجکردنی موچەی مانگی شەش:  لەماوەی 72 کاتژمێردا هەرێم گرفتەکانی لەگەڵ بەغداد لەبارەی داهاتی نانەوتی و کێشەی کۆمپانیا نەوتییەکان چارەسەر بکات.  حکومەتی هەرێم 120 ملیار دینار رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق بکات. كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم پابەند بن بە گرێبەستەكانیان و كۆسپەكانی بەردەم بەرهەمهێنانی نەوت لاببەن و بەپەلە دەست بە بەرهەمهێنان بكەنەوە بەو نرخەی كە حكومەتی عێراق بۆ بەرهەمهێنان دیاریكردووە كە 16 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك.  لەسەر ئەم بنەمایە پێشبینی دەكرێت رەوانەكردنی موچەی مانگی 6ی فەرمانبەرانی هەرێم بكەوێتە هەفتەی ئایندەوە.

سەرۆکی دەستەی بێسەروشوێنانی سوریا رایگەیاند، بەهۆی دەسەڵاتی ئەسەد و شەڕی ناوخۆیی زیاتر لە 300 هەزار کەس لە سوریا بێسەروشوێنبوون. محەمەد رەزا جەلخی سەرۆکی دەستەکە کە مانگی ئایاری ئەمساڵ لەلایەن حکومەتی سوریاوە پێکهێنراوە بە سانای گوتووە، بەگوێرەی خەمڵاندنەکانیان ژمارەی بێسەروشوێنبووەکان لەنێوان زیاتر لە 120 بۆ 300 هەزار کەسدایە و رەنگە لەو ژمارەیەش زیاتر بێت بەهۆی سەختی ژماردنیان. دەشڵێت، تەنها لە شەڕی ناوخۆی سوریادا لەدوای ساڵی 2011ەوە دەیان هەزار کەس دەستگیرکراون و بێسەروشوێنکراون، بەتایبەت داعش کە بەشێکی بەرفراوانی سوریا و عێراقی دراوسێی کۆنترۆڵکرد و پێشێلکاریی بەربڵاوی ئەنجامدا لەنێویاندا کوشتنی مەدەنییەکان. ئاماژەی بەوەشداوە، نەخشەیەکیان هەیە زیاتر لە 63 گۆڕی بەکۆمەڵی بەڵگەدار لە سوریا لەخۆدەگرێت.

لە کاتێکدا چەند جارێک پەرلەمانی عێراق هەوڵیداوە بۆ ئەنجامدانى دانیشتنێکی تەواو یاسایی بۆ دەرکردنی یاسای هێزەکانی حەشدى شەعبى، هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر و ئەندامی پێشەنگی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، نیازی خۆی بۆ چوونە ناو پەرلەمان بە جلوبەرگی حەشدەوە بۆ دەرکردنی یاساکە ڕاگەیاند، بەمەش پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن گەڕاوەتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم. هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدرو سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، هەڕەشەی ئەوە دەكات بە جلوبەرگی حەشدی شەعبیەوە بچێتە ناو پەرلەمانی عێراق بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاساکەيان. عامری، لە نوسینێكدا لەسەكۆی "ئێکس"، رایگەیاندووە: پەرلەمان لەبەردەم تاقیکردنەوەو ئاڵنگارییەكی مێژوویی گەورەدایە بۆ تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی، دوور لە هەر کاریگەرییەکی ناوخۆیی یان دەرەکی، جەختیشی کرد لەوەی، بە جل و بەرگی حەشدەوە دەچینە ناو پەرلەمان. سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕۆژی دووشەممە بڕیاریاندا دانیشتنێک ئەنجام بدەن بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک کە چەند ڕۆژێک بوو لە بەرنامەی کاردا بوون. ئەم دانیشتنە تەواوکەری بانگەوازەکەی عامری بوو بۆ دەرکردنی یاسای حەشدى شەعبى،  کە جۆرێکی نوێی کۆکردنەوە لەخۆدەگرێت: ئەندامانی پەرلەمانی شیعە کە جلوبەرگی فەرمی چەکدارانی هێزەکانی حەشدى شەعبیان لەبەردایە. هەڕەشەكانی عامری بە تێپەڕاندنی یاساكە کە خواستی بەشێک لە هێزەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیەو، پاڵپشتی هەڵوێستی گروپە چەکدارەکان دەکەن، کە دەستیان کردووەتەوە بە هەڕەشەکردن بۆ گەڕانەوە بۆ یەکێتی گۆڕەپانەكان (ئاماژیە بۆ هاوهەڵوێستیان لەگەڵ تاران و گروپە چەكدارەكانی لایەنگری ئێران لە ناوچەكە)،  بەتایبەتی دواى سەردانەكەی عەلی لاریجانی، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، پێدەچێت جگە لە قوڵکردنەوەی ناكۆكی  نێوان هێزەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە سیاسیەكانی عێراق بە گشتی، ناكۆكییەكانی واشنتۆن بەغدادیش قوڵتر بكاتەوە. پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی شیعە (180 پەرلەمانتاری شیعە لە کۆی 325 پەرلەمانتاری پێکهاتەکانی دیکە)، لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا نەیتوانیوە دانیشتنێکی نیسابی تەواو ئەنجام بدات بۆ پەسەندکردنی یاساکە.  ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دابەشبوونی شیعە لە نێوان ئەوانەی پشتگیری یاساکە دەکەن، کەمینەیەک و ئەوانەی کە پێیان باشە پەسەندکردنی دوابخەن لە ترسی بەریەککەوتن لەگەڵ ناپاکی ئەمریکا

ماڵپەری" بەغداد ئەلیەوم" لەزاری  سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویكردووەتەوە: ئەنجومەنی وەزیران لە میانی دانیشتنی خۆیدا، کە بڕیارە سبەی سێشەممە بەڕێوەبچێت، بڕیار لەبارەی پرسی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكردووە: ئەمڕۆ یان سبەی حکومەتی هەرێم داهاتە ناوخۆییەکانی رادەستی حکومەتی فیدراڵی دەکات. رونیشكردەوە: حكومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر داهاتە نانەوتییەکانی مانگی ئەیلولی داهاتوو. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک دانوستانی دارایی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمدایە، بۆ گرێدانی خەرجکردنی موچە بە ناردنى داهاتەکان بۆ خەزێنەی فیدراڵی، بەپێی بڕگەکانی یاسای بودجە. لەلایەکى دیکەوە بۆ چارسەرکردنی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمشەو شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگاتە بەغدا. سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بڕیارە ئەمشەو شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بگاتە بەغدا . شاندەکە بە سەرۆکایەتی دکتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دکتۆر ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و لە ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتوون، ئامانجی سەردانی ئەم شاندە چارەسەرکردنی پرسە داراییەکانی نێوان هەردوو حکومەتە، بەتایبەت مووچەی مانگی شەش و مانگەکانی دواتریش. شاندەکە سبەی سێشەممە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کۆدەبێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کەناڵى حەدەسی ڕاگەیاندوە، حەماس بە پێشنیازە نوێیەکە ڕازی بووە کە پێشکەشی کراوە بۆ ئاگربەست. ناوەڕۆکى پێشنیازە نوێیەکەى ئاگربەست لە غەززە بریتییە لە ئازادکردنی بارمتەکان بە چەند قۆناغێک (وەجبە) و کشانەوەی وردە وردەی سوپاى ئیسرائیل لە کەرتی غەززە. عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر و شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆک وەزیرانی قەتەر و وەزیری دەرەوەی قەتەر جەختیان لەسەر ئەوەکردەوە لەهەوڵە بەردەوامەکان کردەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکا، بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی دەستبەجێ لەغەززە.  هاوکات سەرچاوەیەکی حەماس بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاندووە کە بزووتنەوەکە بە پێشنیارێکی نوێ لە لایەن نێوەندگرانەوە ڕازی بووە. لە میانی دیدارەکەیاندا ڕۆژی دووشەممە، هەردوولا جەختیان لە گرنگی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بەپەلە و بێ بەربەست بۆ غەززە کردەوە، هاوکات لەگەڵ ئازادکردنی زیندانییەکان. ئەوان جەختیان لە ڕەتکردنەوەی یەکجارەکی خۆیان لە هەر جۆرە داگیرکردنەوەیەکی سەربازی لە کەرتی غەززە یان ئاوارەبوونی فەلەستینییەکان کردەوە. جەختیان لەوە کردەوە کە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین بە پایتەختی قودسی ڕۆژهەڵات، بەپێی بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان نوێنەرایەتی تاکە ڕێگەی گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا دەکات. هاوکات میسر داوای لە نوێنەرانى حەماس و گروپەکانی کردووە لە قاهیرە بمێننەوە تا ئەوکاتەى ڕێککەوتنەکە ئەنجامدەدرێت. پێشنیازەکە چارەسەری بەشەکی و گشتگیر لەگەڵ گەرەنتیەکانی ئەمریکا تێکەڵ دەکات - و هەموارکردنەوەکانی دوایین وەڵامی حەماس لەخۆدەگرێت. کەناڵی حەداس بڵاویکردەوە، ئەو پێشنیازە بۆ ئاگربەستی ٦٠ ڕۆژە لە غەززە کە خراوەتەڕوو، ئازادکردنی ١٠ بارمتەی زیندووی ئیسرائیلی و ١٨ بارمتەی کوژراو و هێنانە ناوەوەی هاوکارییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە لە ڕێگەی ڕێکخراوە مرۆییەکان و مانگی سوور و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لەخۆدەگرێت. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە لەو کاتەوە دەستپێدەکەن کە ئاگربەستەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەلایەکی دیکەوە، بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەی میسر ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، شاندەکانی فەلەستین و قەتەر لە وڵاتەکەیدان بۆ تاوتوێکردنی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە . ئەمەش لە میانی وتارەکەیدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لە دەرەوەی دیوی میسری دەروازەی سنووری ڕەفعەت لەگەڵ غەززە، لەگەڵ محەمەد مستەفا، سەرۆکوەزیرانی فەلەستین کە بۆ یەکەمجار بەشداری لە دەروازەکە کردبوو. عەبدولعەتی بە ئاماژە بەوەی کە دەسەڵاتدارانی داگیرکەری ئیسرائیل سنووردارکردن بۆ ئۆپەراسیۆنی لایەنی فەلەستینی دەروازەی سنووری ڕەفەح لەگەڵ کەرتی غەززە دەسەپێنن، جەختیشی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ لافاوکردنی غەززە بە هەموو هاوکارییە پێویستەکان بە مەرجێک ئاستەنگەکانی ئیسرائیل لاببرێن.

ڤۆڵۆدمیر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئەمشەو بۆ یەکەمجار دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی دوای ڕووبەڕووبوونەوەو توڕەبونە بەناوبانگەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە سەرەتای ئەمساڵدا، کە بووە هۆی پچڕانی پەیوەندییەکانیان. بەڵام ئەمجارەیان زێلێنسکی لانیکەم پێنج سەرۆکی دەوڵەت و حکومەتی ئەوروپی لەگەڵیان دەبێت، کە لە دەوری سەرۆکی ئۆکرانیا کۆبوونەتەوە بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی ترەمپ لەکاتێکدا پێدەچێت سەرۆک بە تامەزرۆییەوە ڕێککەوتنێکی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە ڕابگەیەنێت. زێلێنسکی لە کۆشکی سپی لە لایەن کۆمەڵێک سەرکردەی ئەوروپاوە دەبن، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، مارک ڕەوتە سکرتێری گشتی ناتۆ، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کییەر ستارمەر، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، فریدریش مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، ئەلێکساندەر ستوب سەرۆکی فینلاند. پێگەی ئاکسیۆسی ئەمریکی رایگەیاند، کۆشکی سپی پرسیاری لە ڤۆڵۆدمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین، کردووە ئاخۆ بۆ دیداری ئەمجارەی لەگەڵ ترەمپ قاتی فەرمی لەبەر دەکات یان نا، دوو راوێژکاری ترەمپیش دەڵێن، باشترە زێلینسکی قاتی فەرمی لەبەربکات. بەپێی هەواڵی میدیاکان، ئەگەری زۆرە ئەمجارە زێلێنسکی چاکەتێکی ڕەش لەبەر بکات - هەمان ئەو چاکەتەی کە لەبەری کردبوو کاتێک دۆناڵد ترەمپی بینى لە لوتکەی ناتۆ لە مانگی حوزەیرانى ڕابردوو. زێلینسکی چەند کاتژمێرێکە گەیشتووەتە واشنتن و بڕیارە ئەمشەو چاوی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بکەوێت کە ئەمە دووەمجارە لەمساڵدا لەگەڵ یەکدی لە کۆشکی سپی کۆببنەوە. کۆبوونەوەی جاری پێشوو، کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، قسەوباسی زۆری بەدوایخۆیدا هێنا، بەتایبەتی دوای ئەوەی رۆژنامەنووسێکی نزیک لە ترەمپ بە زێلینسکی گوت، “بۆچی قاتی فەرمیت لەبەر نییە چونکە بەشێکی زۆری خەڵكی ئەمریکا کێشەیان هەیە لەگەڵت کە رێزی کۆشکی سپی ناگریت؟” لە وەڵامدا زێلینسکی گوتی: رەنگە دوای ئەوەی جەنگ کۆتایی بێت قاتی فەرمی لەبەربکەم. ترەمپ خۆشی جلوبەرگی زێلینسکی بەدڵ نەبوو، هەربۆیە بە گاڵتەپێکردنێکەوە گوتی، “ئەمڕۆ چاک خۆی گۆڕیووە.” لە سەرەتای جەنگەوە لە شوباتی 2022، ڤۆلۆدمیر زێلینسکی قات و بۆینباخی بۆ هیچ بۆنەیەکی فەرمی لەبەر نەکردووە و بە ستایلێکی سەربازییەوە دەرکەوتووە، بەڵام لە لوتکەی ناتۆ لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە هۆڵەندا زێلینسکی بۆ یەکەمجار چاکەتێکی رەشی لەبەرکرد کە ستایلەکەی نزیکبوو لە ستایڵی قاتی فەرمی.

سێ چەکداری حکومەتی ڕاگوزەری سووریا: وەزارەتی بەرگریی ڕێنمایی کۆمەڵكوژکردنی درووزەکانیان کردین سێ چەکداری حکومەتی ڕاگوزەری سووریا، کە لەلایەن هێزە درووزییەکانەوە دەستگیرکراون دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و دەڵێن: وەزارەتی بەرگریی حکومەت ڕێنمایی کۆمەڵکوژکردنی دەرکردووە و ئێمەیش ئەو ڕێنماییانەمان جێبەجێ کرد. لە ١٣ـی تەممووزەوە لە شاری سووەیدا هێرشی هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە دژی پێکهاتەی درووزی دەستی پێکرد، لەو هێرشانەدا هەر لە دەستدرێژییەوە بیگرە تا کوشتن چەندین کردەوەی دژە مرۆڤایەتییانە لە دژی درووزەکان ئەنجام درا، هێرشەکە بەشێوەیەک بەرفراوان بوو کە هەموو سنووری سووەیدای گرتووە و تێیدا کۆمەڵکوژی ئەنجام درا. پێکهاتە درووزی لە بەرانبەر ئەو هێرشانەدا هێزی جەوهەری خۆیان درووستکرد و لە دژی هێرشی چەکداران و هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ڕاگوزەر وەستانەوە، لە ڕووبەڕووبوونەوەکاندا وێڕای کوشتنی چەندین چەکدار، بەشێک لە چەکدار و چەتەی هێرشکەر بە دیلی کەوتنە دەست هێزە درووزییەکان. هەریەکە لەو چەتانەش کە تەمەنێکی کەمیان هەیە بەناوەکانی، محەمەد عەبدوڵا عەلاوی کە لە ساڵی ٢٠٠٧ لەدایکبووە، مەحمود تەلال مەتر لە درعا و لە ساڵی ٢٠٠٩ لە دایکبووە کە سەر بە ئەندامی گرووپی ٦٢ـی سەر بە محەمەد جاسم “ئەبو عەمشە” بوون و بەدر محەمەد لە دایکبووی ساڵی ٢٠٠٨، سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا بووە و لە گرووپی سەیدا زەینەبی سەر بە ئەبو حاتم دۆمانی بووە. ئەو چەکدارانە لە دانپێدانانەکانیاندا باسیان لەوەکردووە، کۆمەڵکوژی و کردەوە توندوتیژییەکانی سەر درووزەکان لەسەر ڕێنمای وەزارەتی بەرگریی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا ئەنجام دراوە و پێمان وتراوە کە لە سووەیدا، ئەوەی هاتە بەردەممان بە منداڵ و گەورەوە بەبێ جیاوازی بیکووژین، کۆمەڵکوژییەکی تەواوەتی ئەنجامبدەین و ئێمەش ئەو ڕێنماییانەمان جێبەجێکرد. لە لینکەوە ڤیدیۆىدانپێدانانى ئەو چەکدارانە ببینە.. https://t.me/hawlatinews/27154

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئیرنا گوتی: گۆڕانکاریی لە جوگرافیای سیاسی لە ناوچەکەدا قبوڵ ناکەن، مەسعود پزشکیان سەرۆککۆمار لە گەشتەکەی بۆ ئەرمینیا باس لەو بابەتە دەکات. بە گوتەی عێراقچی، بەرپرسانی ئەرمینیا بەڵێنیان داوە رێگای نوێ بۆ بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا نەکەنەوە. عێراقچی جەختی کردەوە ئێران نایەوێت هیچ گۆڕانکارییەک لە جوگرافیای سیاسیی ناوچەکە رووبدات و هیچ هێزێکی بیانی لە ناوچەکە بوونی هەبێت. عێراقچی دەڵێت سیاسەتی ئێران لەو چوارچێوەیەی سێ بەرامبەر سێ داڕێژراوە، واتە سێ وڵاتی ناوچەی قەفقاز ئەرمینیا، ئازەربایجان و گورجستان، بەرامبەر  ئێران، تورکیا و روسیا، کە خاوەنی بەرژەوەندین لە ناوچەکە و نیگەرانیی هاوبەشیان هەیە.