شاندی دەم پارتی دەچێتە ئیمراڵی
51 خولەک لەمەوپێش
شاندی ئیمراڵیی "دەم پارتی" بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، بەرەو دوورگەی ئیمراڵی بەڕێككەوتن.
بەپێی هەواڵی میدیاكانی باكوری كوردستان، شاندەكە پێكهاتوون لە پەروین بوڵدان جێگری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا ، پەرلەمانتار میدحەت سانجار و فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ پارێزەری نووسینگەی یاسایی سەدە.
ئەمە یەكەمین سەردانی شاندەكەیە دوای كۆبوونەوەی كۆمیسیۆنی "دیموكراسی، خوشك-برایەتی و یەكگرتنی نەتەوەیی" بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمراڵی.
شاندی كۆمسیۆن لە 24ـی تشرینی دووەمی 2025دا لە زیندانی ئاسایشی توندی جۆری ئێفی ئیمراڵی چاوی بە ئۆجەلان كەوت.
شاندەكە پێكهاتبوو لە گوڵستان كلچ كۆچیگیت، جێگری هاوسەرۆكانی دەم پارتی، فەتی یەڵدز، جێگری سەرۆكی گشتیی مەهەپە و لە ئاكەپەش حسێن یامان، بە هێلیكۆپتەر چوونە دوورگەی ئیمراڵی و چاویان بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە كەوت.
لە هەژدەیەمین كۆبونەوەی خۆیدا كە رۆژی هەینی (21ـی تشرینی دووەمی 2025) بەڕێوەچوو، كۆمیسیۆنی هاوپشتی برایەتی و دیموكراسی نیشتمانی لە پەرلەمانی توركیا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا شاندێكی كۆمسیۆنەكە بچنە دوورگەی ئیمرالی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان كۆببنەوە.
رۆژی (18ـی تشرینی دووەمی 2025)، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی پارتی نەتەوەیی توركیا (مەهەپە) لە كۆبونەوەی هەفتانەی فراكسیۆنی حیزبەكەی لە پەرلەمانی توركیا رایگەیاند: ئێستا كارەكانی كۆمسیۆنی پەرلەمانی گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی، كارەكانیان هیچ سوودێكی نییە ئەگەر نەچن بۆ ئیمرالی.
وتیشی: "ئەگەر كۆمسیۆنەكە كەسی دیاری نەكرد بۆ سەردانی ئیمرالی، دەتوانم سێ هاوڕێ لەگەڵ خۆم ببەم و بچم بۆ ئیمرالی بۆ كۆبونەوەی لەگەڵ ئۆجەلان".
دوای بڕیاری كشانەوەی پەكەكە لە چەند ناوچەیەكی باكوری كوردستان لە (26ـی تشرینی یەكەمی 2025) دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە پەیامێكی بڵاوكردەوە و پێشوازی لە كشانەوەی پەكەكە لە خاكی توركیا و باكوری كوردستان كرد، وتیشی "مەهەپە ئامادەیە بچێتە ئیمراڵی".
باخچەلی رایگەیاند: ئۆجەلان بەڵێنەكانی بردۆتەسەر و مەهەپەش ئامادەی چوونە ئیمراڵییە و دەبێت پەرلەمانتارانیش گوێی لێبگرن.
