تۆم باراک لەسەردانەكەیدا پەیامێكی توندی گەیاندووەتە عێراق
2 كاتژمێر لەمەوپێش
كەناڵی (الحدث) لەزاری سەرچاوەكانییەوە بڵاویكردووەتەوە، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا لە سەردانەكەیدا بۆ عێراق، پەیامی ویلایەتە یەكگرتووەكانی گەیاندووەتە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و هۆشداریداوە لەوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵای لوبنان نزیكەو پێویستە گروپە چەكدارەكانی خۆیان بەدوور بگرن و دەستوەردان نەكەن، بەپێچەوانەوە روبەڕوی گورزی توندی ئیسرائیل دەبنەوە.
بەوتەی سەرچاوەكە، باراک لە پەیامەکەیدا بە سودانی وتووە، ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئیسرائیل لە لوبنان بەردەوام دەبێت تا بەتەواوی چەكی حزبوڵا دادەماڵڕێت.
دوو ڕۆژ لەمەوبەر نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندبوو کە: محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە سوریا كردووە.
بەگوێرەی سەرچاوەكە، لە دیدارەکەیاندا باسیان لە رێگاكانی ئەو پرۆسەیە کردووە کە عێراق لە ڕێگەیەوە بتوانێت بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیری سوریاو ئاسایش و خۆشگوزەرانی و بوژانەوەی ئابوری، کە لە هەمان کاتدا سەقامگیری و خۆشگوزەرانی عێراق بەهێزتر بکات.
هاوكات بیروڕاش ئاڵوگۆڕكراوە سەبارەت بە رێگریکردن لە هەر پەرەسەندنێکی زیاتر لە ناوچەکە لەگەڵ پاڵپشتیکردنی رێڕەوی دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و دانانی ناوچەکە لەسەر ڕێگای هاوکاری و گەشەی ئابوری و سەقامگیری درێژخایەن، باراک جەختی لەو رۆڵە بونیادنەر و گرنگە کردووە کە عێراق دەتوانێت بیگێڕێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان.
