بە باڵۆن مادەی هۆشبەر هێنراوەتە عێراق
3 كاتژمێر لەمەوپێش
هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق، لە سنووری ئەنبار 18 کیلۆ مادەی هۆشبەریان گرت کە قاچاخچییەکان هەوڵیان دابوو بە باڵۆن بیپەڕێننەوە.
هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لە رۆژئاوای ئەنبار ئەمڕۆ رایانگەیاند، بە سەرکەوتوویی رێگرییان لە قاچاخکردنی 18 کیلۆ مادەی هۆشبەر کردووە کە قاچاخچیەکان لەناو باڵۆنێکی هیلیۆمدا کۆیانکردبووەوە و خۆیان ئامادەکردبوو لەودیوی سنوورەکەوە هەڵیانبگرن.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرماندەیی پاسەوانی سنوور لە رۆژئاوای ئەنبار، یەکە ئەمنییەکان دوای چاودێریکردنی جووڵە گوماناویەکان لە نزیک سنوور، ئۆپەراسیۆنەکەیان ئاشکرا کردووە.
قاچاخچیەکان، بە مەبەستی ناردنی باڵۆنەکە بەسەر سنوورەوە بۆ قەزاکانی رۆژئاوای ناوچەکە، باڵۆنێکیان پڕکردبوو لە 98 پاکەتی جیاواز کە هەر پاکەتێک هەزار حەبی تێدابووە.
هێزەکە رایگەیاندووە، دەست بەسەر سەرجەم کەل و پەل و مادە هۆشبەرەکاندا گیراوە و "رێکاری یاسایی پێویست" لە دژی تۆمەتباران گیراوەتەبەر.
